هەر وەک لە ژمارەکانی پێشدا باس کرا و لە ژمارەکانی داهاتووشدا وەک زنجیرە باس بەرچاوتان دەکەوێ، لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی ناوی توێژینەوەیەکی “جین شارپ”، بیرمەندی ناوداری بواری خەباتی مەدەنی و ناتوندوتیژە. شارپ ساڵی ١٩٢٨ لە ئۆهایۆی ئامریکا لەدایک بووە، دوکتۆرای فەلسەفەی سیاسیی بووە و جیا لە مامۆستایەتی لە زانکۆکانی ئامریکا، بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر خەباتی ناتوندوتیژ سەردانی زۆر وڵاتی کردوە و تەنانەت زۆر جاریش بۆ پەروەردەکردنی خەڵک سەری لە وڵاتانی دیکتاتۆرلێدراو هەڵێناوە و لەوە گرینگتر لە چەند وڵاتێک خۆی گەیاندووەتە ریزی پێشەوەی ناڕازییان و تێکەڵ بە خەڵکی ئازادیخوازی ئەو وڵاتانە بووە. کاکڵی ئیدەکانی جین شارپ ئەوەیە کە ‘’دیکتاتۆرەکان هێزی سەرەکیی خۆیان لە گوێڕایەڵی و ملکەچیی خەڵکەوە وەدەست دێنن، ئەگەر خەڵک ئاوا ملکەچ و گوێڕایەڵی دەسەڵاتداران نەبن دەتوانن دیکتاتۆرەکان بە چۆکدا بێنن یا دەنا مەجبوور بە ئاڵوگۆڕیان بکەن.’’
لەم زنجیرە باسەدا باس لە بنەما فیکرییەکانی “جین شارپ” بۆ خەبات دژی دیکتاتۆری دەکرێ:
لە بەشی پێشووی ئەم تەوەرەدا باسمان لە مەترسییەکانی وتووێژ لەگەڵ دیکتاتۆر بۆسەر بەرژەوەندیی هێزە دێموکرات و ئازادیخوازەکان کردبوو. هەروەها تیشکمان خستبووە سەر باشی و بەربەستەکانی وتووێژ. باسمان لەوە کردبوو وتووێژ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەتا ئەو کاتەی کەلکی هەبێ، نابێ حاشای لێ بکرێ یا پشتگوێ بخرێ، بە وردییش لێکدانەوەمان بۆ ئەوە کردبوو کە لەسەر هەندێ بابەت ڕێکەوتن و سازان ناکرێ و تەنیا ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵات بە قازانجی ئازادیخوازان دەتوانێ ئە وجۆرەی کە شیاوە پارێزگاری لە جەوهەری بابەتە بنەڕەتییەکان بکا.
هەروەها تیشکمان خستبووە سەر ئەوەی کە لە هەندێک هاوکێشەدا پێشنیاری “ئاشتی” لە لایەن دیکاتۆرەوە بۆ هێزە خەباتکارەکان، پێشنیارێکی ڕیاکارانە و درۆیە، چونکە دیکتاتۆر ئەگەر بیهەوێ دەتوانێ لە یەک چرکەدا دەست لە شەڕ بەدژی وڵاتەکەی هەڵبگرێ و کۆتایی بە توندوتیژی بێ. هەروەها لە لایەکی دیکەوە لە هەلومەرجێکدا کە هێزە خەباتکارەکان بەهێزن و هێزەکانی دیکتاتۆر بەڕاستی مەترسییان لەسەرە، دیکتاتۆرەکان ڕەنگە هەوڵ بدەن بە پەنابردنە بەر وتووێژ ئەوەندەی بۆیان دەکرێ کات بکڕن؛ بەڵام لە هیچ کام لەم حاڵەتانەدا نابێ لایەنە ئازادیخواز و دێموکراتەکان بە دانیشتن لە سەر مێزی وتووێژ، یارمەتیدەری مەبەستەکانی دیکتاتۆر بن.
هەروەها ئەو ئاکامگیرییەمان کردبوو کە هێزە ئازادیخوازەکان دەبێ تەنیا ئەو کاتە بانگهێشتن بۆ وتووێژ قەبووڵ بکەن کە دیکتاتۆر بە تەوای بێهێز بووە و تەنیا داواکارییەک کە هەیەتی ئەوەیە کە ڕێگایەکی ئەمنی تا گەیشتن بە فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی هەبێ. یان تەنانەت ئەگەر وای دانێین وتووێژەکە بە باشییش دەچێتە پێشێ، ئەو کات دەبێ پرسیار بکەین؛ ئاکامەکەی چ جۆرە ئاشتییەک دەبێ؟ ئایا ژیان وگوزەرانی خەڵک باشتر لەو کاتە دەبێ کە ئازادیخوازەکان خەباتیان دەست پێکرد و لێی بەردەوام بوون.
لە بەشی دووهەم و کۆتایی ئەم تەوەرە لە باسەکانی “لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی” لەسەر مژاری “وتووێژ” دەپڕژێینە سەر ئەوەی کێن ئەو دیکتاتۆرانەی دەکرێ لەگەڵیان پێک بێین و هۆکارەکانی هیوادار بوون بە وتووێژ بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان چین؟
ئەو دیکتاتۆرانەی دەکرێ لەگەڵیان پێک بێی
دیکتاتۆرەکان ڕەنگە پاڵنەر و دنەدەری زۆر و جۆربەجۆریان بۆ پاوانکردنی دەسەڵات هەبێ؛ هێز، جێگە و پێگە، سەروەت و سامان، گۆڕینی شێوەی کۆمەڵگە و زۆر شتی هاوشێوە. دەبێ بزانین ئەگەر دیکتاتۆر واز لەو جێگە و پێگەیەی ئێستای بێنێ، هیچ کام لەو ئامانج و ئاواتانەی وەدی نایە، هەر بۆیە لە دانوستاندا هەوڵ دەدا ئامانجەکانی خۆی بپارێزێ.
سەرەڕای هەر وادە و بەڵێنێک کە دیکتاتۆرەکان لە کاتی ڕێکەوتننامەکە قەبووڵی دەکەن، نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە مەبەستی لەم بەڵێنانە ئەوەیە کە ئازادیخوازەکان بێنێتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، دەنا دیکتاتۆر هەر کات بیهەوێ بێئەوەی خۆی بە بەرعۆدە بزانێ، ڕووهەڵماڵاوانە ڕێکەوتننامەکان پێشێل دەکا.
ئەگەر دێموکراتەکان لە پێناو ڕاگرتنی زەبروزەنگ و سەرکوت، دەسەڵاتی دیکتاتۆر قەبووڵ بکەن کە خەباتی خۆیان ڕابگرن، بە ئەگەری زۆر تێیدا سەرکەوتوو نابن. ڕاگرتنی خەبات هیچ کات نەبووەتە هۆی کەمکردنەوەی زەبروزەنگ و سەرکوتەکان. دیکتاتۆر هەر ئەوەندە کە دژبەرانی نێوخۆیی و دەرەکیی کۆنترۆڵ کرد، لەوانەیە زۆر دڕندانەتر لە ڕابردوو دەست بە توندوتیژی بکاتەوە. نەمانی هێزی بەرگریی گەل زۆر جار ئەو هەست و هێزەی کە هۆکاری کەمکردنەوەی توندوتێژیەکانی دیکتاتۆر بوو، لە بەین دەبا. دیکتاتۆر لە کاتی وادا دەتوانێ بەدژی هەرکەس کە پێی خۆش بوو بجووڵێتەوە. هەروا کە “کریشنالال شریدهارانی” گوتویەتی: “دیکتاتۆر تەنیا لە بێتوانایی ئێمە لە بەرپەرچدانەوەدا، هێزی لێدانی ئێمە پەیدا دەکا.”
بەرگری _نەک وتووێژ_ بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لەو ناکۆکییانەی کە لەودا باس لە سەر بابەتە بنەڕەتیەکانە، باسی ژیانەکی و مان و نەمانە. بە گشتی دەبێ بەرگری تا وەدەرنانی دیکتاتۆر لە دەسەڵات درێژەی هەبێ. سەرکەوتن زۆر جار لە ڕێگای ڕێکەوتننامەی پاش وتووێژەوە وەدەست نایە، بەڵکوو لە ڕێگای کەلکوەرگرتنی ژیرانە لە باشترین و بەهێزترین کەرەستەکانی بەرنگارییەوەیە کە وەدی دێ.
باسەکەی ئێمە ئەوەیە کە خەباتی سیاسی یا خەباتی ناتوندوتیژ، بەهێزترین ئامرازی خەبات بۆ وەدەستهێنانی ئازادییە.
چ جۆرە ئاشتییەک؟
ئەگەر بڕیار بێ کە دێموکراتەکان و دیکتاتۆرەکان پێکەوە وتووێژ بکەن، لە بەر ئەو مەترسییانەی کە هەیە پێویست بە بیرکردنەوەی وردتر هەیە. هەر کەس کە کەلک لە وشەی ئاشتەوایی وەربگرێ، خۆ حەتمەن مەبەستی ئاشتی لەگەڵ ئازادی و دادوەری نییە.
گوێڕایەڵیی بێئەملا و ئەولا لە بەرامبەر زوڵم و زۆری و دەستەوەستانی و قەبووڵ کردنی دیکتاتۆرە زۆردارەکان کە بەدژی سەدان هەزار مرۆڤ تاوانیان کردوە، ئاشتی نییە. خۆ هیتلێریش ئیدیعای ئاشتیی دەکرد، ئاشتییەک کە مەبەست لێی گوێڕایەڵێی بێئەملا و ئەولا لە بەرامبەر ئیرادەی ئەو بوو. ئەو ئاشتییەی دیکتاتۆر باسی دەکا لە ئارامیی بەندیخانە و گۆڕستان زیاتر، شتێکی تر نییە.
زۆر مەترسیی دیکەش هەیە. ئەو وتووێژانەی بە نیەتی باشەوە دەستیان پێکردوە، جاری وایە لەسەر ئامانجەکان و تەنانەت لە خودی ڕەوتی وتووێژەکەشدا تووشی سەرلێشێوان دەبن. جگە لەوە وتووێژکەرانی لایەنگری دێموکراسی یا بیانییە نێوبژیوانەکانی پسپۆڕی وتووێژ کە قەبووڵیان کردوە یارمەتی بە ڕەوتی وتووێژەکە بکەن، لەوانەیە لە هەنگاوی یەکەمدا ڕەواییەکی ناوچەیی یا نێودەوڵەتی بدەنە دیکتاتۆر کە پێشتر بە چەند هۆکارێک وەکوو داگیرکردنی نایاسایی دەوڵەت و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و دڕندەییەکانی و … ئەو ڕەواییەی نەبووە.
دیکتاتۆرەکان بەبێ ئەم مەشرووعیەتە کە زۆریان پێویست پێیە، ناتوانن درێژە بە دەسەڵاتی بێسنووری خۆیان بدەن. نوێنەرانی ئاشتی نابێ ئەم مەشرووعیەتە بۆ دیکتاتۆرەکان دەستەبەر بکەن.
هۆکارەکانی هیواداربوون
هەروا کە پێشتر ئاماژەی پێکرا، ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن ڕەنگە لە بەر بێهیوایی لە خەباتی دێموکراتیک مل بۆ وتووێژ ڕاکێشن، بەڵام ئەم هەستی لاوازی و بێهیواییە دەکرێ ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ.
دیکتاتۆری تا سەر نییە. ئەو خەڵکەی کە لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکاندا دەژین نابێ هەروا بە لاوازی بمێننەوە و نابێ ڕێگا بە دیکتاتۆرەکانیش بدرێ هەر وا درێژە بە دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان بدەن. ئەرەستوو چەندین سەدە پێشتر گوتویەتی: “ئۆلیگارشی و حکوومەتە دیکتاتۆرەکان کەمترین تەمەنیان لە نێو سیستمەکانی دەسەڵاتدارییدا هەیە […] بەدرێژایی مێژوو حکوومەتە دیکتاتۆرەکان هیچ کات تەمەنێکی درێژیان نەبووە”.
دیکتاتۆرەکانی ئەم سەردەمەش خاڵی لاواز و کەلێنیان بۆ زەبر لێدان هەیە، دەکرێ بە قووڵکردنەوەی کەلێن و کەلەبەرەکان لە لاوازییەکانیان بدرێ و دەسەڵاتیان لە بەریەک هەڵتەکێنرێ.
مێژووی هاوچەرخ نیشانی داوە کە دیکتاتۆرەکان خاڵی لاوازیان بۆ زەربە لێدان هەیە و ڕوونی کردوەتەوە کە ئەم حکوومەتانە لەوانەیە لە ماوەیەکی کەمی زەمەنییدا بڕووخێن. تەنیا یەک دەیە (١٩٨٠ تا ١٩٩٠) بەس بوو کە دیکتاتۆریی کۆمۆنیستەکان لە ئاڵمانی ڕۆژهەڵات و لەهێستان بڕووخێن و ئەمە لە چێکۆسلۆڤاکی لە ساڵی ١٩٨٩ تەنیا چەند هەفتەیەکی خایاند. لە ئێلسالوادۆر و گواتمالا خەبات بەدژی دیکتاتۆرە سەربازییەکان کە بە تەواوی ئامادەی سەرکوت بوون، هەر کامیان تەنیا نزیکەی دوو هەفتەیان کات دەویست. ڕێژیمی بەهێز و پڕ چەکی شای ئێران ساڵی ١٩٧٩ لە ماوەی چەند مانگدا تێک ڕووخا. لە ١٩٨٦ـدا دیکتاتۆریی مارکۆ لە وڵاتی فیلیپین لە بەرامبەر فشاری خەڵکدا بەرگەی چەند مانگی نەگرت. دەوڵەتی ئەمریکا پاش دەرکەوتنی هێزی دژبەرانی مارکۆ بەپەلە وازی لە پشتیوانیی مارکۆ هێنا. لە ئاگۆستی ١٩٩١ لە سۆڤیەت هەوڵی کوودەتایەکی دواکەوتووانە، لە ماوەی چەند ڕۆژدا بە خەباتی سیاسیی خەڵک ڕاگیرا. دوای ئەوەش زۆرێک لەو دەنگدەرانەی کە ساڵەهای ساڵ ژێردەستەی سۆڤیەت بوون، تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژ، چەند هەفتە یا چەند مانگدا توانییان سەربەخۆیی خۆیان وەدەست بێنن.
ئەم باوەڕە سوننەتییەی کە پێی وایە ئامرازەکانی سەرکوت و توندوتیژی هەمیشە بە خێرایی کاری خۆیان دەکەن و ئامرازەکانی ناتوندوتیژی کاتێکی زۆریان بۆ سەرکەوتن پێویستە، بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە. هەرچەند کە ئاڵوگۆڕ لە ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگەدا کاتێکی زۆری دەوێ، بەڵام لە خەباتی ناتوندوتیژدا شەڕی ڕاستەقینە لەگەڵ دیکتاتۆر، بڕێک خێراتر ڕوو دەدا.
وتووێژ تاقە بژاردەی خۆپاراستن لە درێژە پێدانی شەڕێکی ماڵوێرانکەر لە لایەک و تەسلیم بوونی دیکتاتۆر لە لایەکی دیکەوە نییە. ئەو نموونانەی کە لێرە و لە بەشەکانی دیکە باس کرا دەرخەری ئەوەیە، بۆ کەسێک کە ئاشتی و ئازادیی پێکەوە دەوێ، بژاردەیەکی دیکەش هەیە؛ ئەویش خەباتی سیاسی.
***