کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تایبەتمەندییەکانی ئۆتۆریتاریزم لەنێو ڕێژیمی سیاسیی ئێراندا

02:15 - 18 پووشپەڕ 2720

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لە نێوان ئۆتۆریتاریزم ‌و تۆتالیتاریزمدا
(تایبەتمەندییەکانی ئۆتۆریتاریزم لەنێو ڕێژیمی سیاسیی ئێراندا)   ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان، ڕێژیم‌گەلێکی ئاڵۆزن، لەبەر ئەوەی تایبەتمەندی ‌و توخمی مۆدێلە دژبە یەکەکان لە خۆیاندا کۆ دەکەنەوە. لە هەندێک ڕێژیمە نادێموکراتەکاندا، دۆزینەوەی سروشتی ڕێژیمەکە کارێکی دژوارە، چونکە تایبەتمەندیی ڕێژیمە جیاوازەکانی وەکوو دێموکراسی، ئۆتۆریتاریزم‌ و تۆتالیتاریزمی تێدا بەدی دەکرێ. ژوان لەنز پێی‌ وایە، دوو ڕەهەندی بنەڕەتی هەن بۆ پێناسە کردنی ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان. ڕەهەندی یەکەمیان، هەبوونی ئاستێکی سنووردارە لە پلۆرالیزم‌ و بێ‌مەیلی ‌و تەیار نەکردنی کۆمەڵگە بۆ بەشداریی سیاسی یان تەیار کردنێکی کۆنترۆڵ‌کراو ‌و نابەربڵاو. پلۆرالیزمی سنووردار بەو واتایەیە کە، ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی سنووردار و ئۆپۆزیسیۆنێکی نەرم لەسەر شەقام‌ و لە نێو میدیاکاندا هەڵ دەکەن. ئەو تایبەتمەندییە دەتوانێ لەگەڵ “سروشتی تا ڕادەیەک بێ‌سنووری پلۆرالیزمی سیاسیی دێمۆکراسییەکان تێکەڵ بکرێ‌ و تێگەیشتنی هەڵەی لێ بکرێ”. بەهۆی ئەو پلۆرالیزمە سنووردارەوەیە کە ئۆتۆریتاریزم لە سیستمی تاک‌حیزبی ‌و تۆتالیتەر جیا دەکرێتەوە، هەروەها لە پلۆرالیزم‌ و چەند حیزبییش کە تایبەتمەندیی دێموکراسییە جیا دەکرێتەوە. تۆتالیتاریزم دەیەوێ هەموو کۆمەڵگە لە پاوانی یەک ئایدۆلۆژییدا بێ، بەڵام ئۆتۆریتاریزم تەحەممولی هەندێک جیاوازیی ئایدۆلۆژیکی، ئایینی‌ و سیاسی دەکا. واتە چەندین حیزب‌ و گرووپی سیاسیی جیاواز دەتوانن چالاکی بکەن ‌و تەنانەت لە نێو دەسەڵاتی سیاسییشدا هەبن. بەڵام بە چەند هۆکارێک ئەو پلۆرالیزمە سنووردارە: یەکەم، ئازادیی گرووپە سیاسییەکان لە لایەن حکوومەتەوە هەندێک چوارچێوەی بۆ داندراوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە بوونی گرووپی ئۆپۆزیسیۆن یان سەندیکا ڕێگەی پێ‌دراوە، بەڵام چوارچێوەیەکی کار و چالاکییان بۆ دەستنیشان کراوە ‌و بەردەوام لەژێر چاودێریی‌دان. ئەو ڕێگە پێ‌دانەش بۆ ئەوەیە کە ناڕەزایەتییەکان لە کۆمەڵگەدا نەگەنە ئەوپەڕی خۆی کە ببن بە هێزێکی مەترسیداری دژبە دەسەڵات. هۆکاری دووهەمی سنوورداربوونی پلۆرالیزم ئەوەیە کە، هەرچەندە لەو ڕێژیمانەدا هەڵبژاردن هەیە بەڵام تەنیا بۆ پیشان‌دانی ڕوخسارێکی دێموکراتیکە، چونکە هەڵبژاردن کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دەسەڵاتدارانی پلە یەکەم نییە و تەنیا هەندێک ئاڵوگۆڕ لە پلەکانی خوارووتردا پێک دێنێ. هەڵبژاردن لە لایەن حیزبی دەسەڵاتدارەوە، یان موهەندیسی دەکرێ، یان ساختەکاری ‌و دەستێوەردان لە ژمارەی دەنگەکانیدا دەکرێ. پلۆرالیزم ‌و چەند حیزبی لە هەڵبژاردندا ڕووکەشانەیە‌ و زیاتر بۆ هێنانی خەڵکە بۆ سەر سندووقەکان. کەسی یەکەم دەیهەوێ بەردەوام ‌و بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ لە دەسەڵاتدا بێ، جا چ بە شێوەی دەستکاری‌ و ئاراستەکردنی هەڵبژاردن بێ، چ بە ڕادەست‌کردنی دەسەڵات بە جێگرەوە و میراتگرێکی کارتۆنی کە ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێ. هۆکاری سێهەمی سنوورداربوونی پلۆرالیزم، بەکار هێنانی هێزە بۆ کەم‌کردنەوە و سەرکوتی ناڕازییان، ئەو کاتەی کە دەبن بە کێشە بۆ سەر دەسەڵات. هەتا پرەنسیپەکانی بەشەرعی‌کردنی دێموکراتیک لە کۆمەڵگەدا زیاتر چوارچێوەدار بن، ئۆتۆریتاریزم خراپتر خۆی دەسەپێنێ ‌و بۆ پاراستن ‌و مانەوەی خۆی زیاتر کەلک لە هێز و لە توندوتیژی وەردەگرێ، چونکە ئەوە بەو مانایەیە کە ڕێژیمی ئۆتۆریتەر لە لایەن خەڵکەوە کەمتر پەسەند دەکرێ. بە گوتەی لەنز، شێوەی جیاواز لە پلۆرالیزمی سنووردار بوونیان هەیە، لەبەر ئەوەی جێگە و پێگەی گرووپەکان ‌و دامەزراوەکان بە پێی ڕێک‌خستنیان لە نێو سیستمدا جۆراوجۆرە. هێز و لایەنی کۆمەڵایەتی هەن کە کۆنترۆڵی بەشداریی خەڵک دەکەن ‌و ڕێکخراویش هەن کە ئاراستەیان دەکەن. لە هەندێک ڕێژیمی ئۆتۆریتەردا، دەوڵەت کۆمەڵێک گرووپی کۆمەڵایەتی ‌و دامەزراوە دروست دەکا یان ڕێگە بە هەندێک ڕێکخراو و دامەزراوە دەدا “لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی ئۆرگانیکدا لە پرۆسەی سیاسییدا بەشدار بن”. ڕەهەندی دووهەمی پێناسە‌کردنی ئۆتۆریتاریزم بە گوتەی لەنز، تەیارنەکردنی جەماوەرە. لە ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکاندا تەیارکردن و بەسیاسی‌کردنی خەڵک و کۆمەڵگە زۆر لاوازه و هەوڵ دەدەن نەزمی کۆمەڵایەتی بپارێزن. واتە بە پێچەوانەی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان، ئۆتۆریتەرەکان هەوڵ نادەن پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دەستکاری بکەن ‌و پڕۆژەی دروست‌کردنی مرۆڤی تازەیان نییە. ئەوەی‌کە نەزمی کۆمەڵایەتی وەک خۆی دەمێنێتەوە، پێوەندیی بە تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەو ڕێژیمانەوە هەیە، ئەویش نەبوون یان لاوازبوونی ئایدۆلۆژیایە. چونکە بەبێ هەبوونی ئایدۆلۆژیا تەیارکردنی جەماوەر کارێکی دژوارە. لەو ڕێژیمانەدا، لە جیاتی ئایدۆلۆژیا، جۆرێک لە مێنتاڵیتە بوونی هەیە، چونکە بە گوتەی لەنز، ئایدۆلۆژیا قایم، سیستماتیک، یۆتۆپیک‌ و گشتگیرە و بە شێوەیەکی لۆژیکی گەشەی پێ‌دراوە. بە پێچەوانەوە، مێنتاڵیتە شێوەی بیرکردنەوەیە و هەستێکی کەمتر سیستماتیک ‌و زیاتر ئامۆڕف‌ و بێ‌فۆڕم، کەمتر عەقڵانی ‌و زیاتر ئیحساسی ‌و عاتفییە. ئۆتۆریتاریزم نوێنەرایەتیی ڕێژیم‌گەلی جۆراوجۆر دەکا بەڵام یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان ئەوەیە کە خۆیان بە ڕێژیمێکی دێموکراتیک دادەنێن و هەوڵ دەدەن وێنەیەکی دێموکراتیک لە ڕێژیمەکەیان پیشان بدەن. یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئۆتۆریتاریزم کە لە لایەن زاڤیێ کرێتیێ‌ـوە توێژینەوەی لەسەر کراوە، “ئابووریی تاڵان‌کردن”ــە. بە پێی ئەو تایبەتمەندییە، ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان هەوڵی بەکەسی‌کردنی سەرچاوەکانی دارایی وڵات دەدەن، ئەویش لە بەرژەوەندیی تاکەکەسی، بنەماڵەیی، گرووپی‌ و هتد. لە بەشەکانی پێشوودا ئەم ئاکامەمان دەستەبەر کردبوو کە قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێوەرە سەرەکییەکانی دێموکراسیی تێدا نییە و بە شێوەیەکی قانوونی لە ڕیزی ڕێژیمە نادێموکراتیکەکاندا جێ دەگرێ. بەشێک لە توێژەران پێیان‌ وایە کە ڕێژیمی سیاسیی ئێران هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی ئۆتۆریتاریزمی تێ‌دایە، چونکە بە پێی قانوونی بنەڕەتی، جۆرێک لە پلۆرالیزمی سنووردار وەکوو دامەزراندنی گرووپی سیاسی ‌و ڕێکخراوی ناحکوومی ڕێگەی پێ‌دراوە. بە پێی مادەی ٢٦ـی قانوونی بنەڕەتیی ئێران، گرووپی سیاسی، ڕێکخراوی ناحکوومی، کەمینە ئایینیە “بەفەرمی ناسراوەکان”‌ ئازادن لەوەی ڕێکخراو دروست بکەن، بەو مەرجە کە لە پرەنسیپەکانی سەربەخۆیی، ئازادی، یەکیەتیی نەتەوەیی، بەها ئیسلامییەکان‌ و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی لا نەدەن. سێ خاڵی گرنگ سەبارەت بەو مادە قانوونییە جێی ئاماژەن: یەکەم، دامەزراندنی حیزب لەسەر بنەمای چینایەتی، واتە چەپ ‌و ڕاست یان لەسەر بنەمای نەتەوایەتی‌ و کەمینە ئێتنیکییەکان ئەستەمە، چونکە هەر دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧، هەموو ئەو حیزب‌ و ڕێکخراوە سیاسییە چەپ ‌و ڕاست ‌و نەتەوەییانەی بەر لە شۆڕشی ١٣٥٧ دامەزرابوون‌ و بەشدار بوون لە شۆڕشدا، لە لایەن دەوڵەتەوە بە نایاسایی لە قەڵەم دران‌ و ئەندامەکانیان زیندانی کران ‌و لەسێدارە دران. دووهەم، بە سەرنج‌دان بە مێژووی کۆماری ئیسلامی، هەموو ئەو گرووپە سیاسییانەی لە نێوخۆی ئێران ڕێگەیان پێ‌دراوە کاری سیاسی بکەن‌ و بەشدار بن لە کایە سیاسییەکاندا، بەسەر دوو دەستەی سیاسییدا دابەش دەبن، بناژۆخواز ‌و میانەڕەو. ئەوەش ناچێتە خانەی چەند حیزبییەوە، بەڵکوو دەچێتە خانەی چەند باڵییەوە، چونکە لە سیستمێکی چەند حیزبییدا، ڕەنگاوڕەنگیی حیزبەکان لە زۆربوونی حیزبەکان گرینگ‌ترە. لە کۆماری ئیسلامییدا، هەر دوو دەستە لەسەر یەک هێڵی سیاسیین، ئەویش بڕوامەند بوون بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ‌و پێبەندبوونە بە ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ. زۆرینەی سەرکردەکانی هەر دوو دەستە، لە قایم‌کردنی بناغەکانی کۆماری ئیسلامییدا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە، ئەویش بە نرخی لە نێو چوون ‌و قەدەغەکردنی هەموو ئەو حیزب‌ و ڕێکخراوانەی ئامانج ‌و بیروبڕوای جیاوازییان هەبوو. سێهەم خاڵ سەبارەت بە مادەی ٢٦ـی قانوونی بنەڕەتی ئەوەیە کە، لەگەڵ ئەوەشدا کە هەموو ڕێکخراو‌ و گروپەکانی بەشداری کایەی سیاسی، بە هەر هۆکارێک پرەنسیپەکانی کۆماری ئیسلامییان پەسەند کردوە، بەڵام کار و چالاکییەکانیان لە لایەن هەندێک دامەزراوەی وەکوو شۆڕای نیگابانەوە سڕ کراوە. ئەوەش بەو واتایە دێ کە کێبەرکێ‌ و ململانێ سیاسییەکانی نێوان ئەو لایەنانە بایەخێکی ئەوتۆی نییە. (بۆ نموونە، لە هەڵبژاردنی ١٣٩٦ـی سەرکۆماری، لە نێوان ١٦٣٦ بەربژێر، تەنیا ٦ کەسیان لە لایەن شۆڕای نیگابانەوە ڕێگەیان پێ‌درا). بابەتێکی دیکەی بەرچاو لە سیستمی سیاسیی ئێراندا، سیستمی ئابوورییە کە لە لایەن هەندێک گرووپ‌ و ئەکتەری نادیارەوە پەکی خراوە. لەو سیستمە ئابوورییەدا، جگە لە کەرتی گشتی‌ و کەرتی تایبەت، کەرتێکی دیکە هەیە بە ناوی کەرتی سێنفی کە ڕێگە خۆش‌کەرە بۆ ئەوەی هەندێک کەس ‌و دامەزراوە خۆیان لەژێر ناو ‌و چالاکیی جیاوازەوە حەشار بدەن. لە سیستمی ئابووریی کۆماری ئیسلامییدا، کۆمەڵێک کۆمپانیا لە نێوان کەرتی گشتی ‌و کەرتی تایبەتدا لە هاتوچۆدان کە پێیان دەگوترێ “خصولتی”‌ و هەندێک کۆمەڵگەش هەن بە ناوی “شبه دولتی” (“شێوە دەوڵەتی”) کە لە شێوەی دەوڵەتێکی سێبەر دەیان ‌و سەدان کۆمپانیای جیاواز لە خۆ دەگرن ‌و زۆر لە کەرتی گشتی ‌و کەرتی تایبەت ‌و تەنانەت لە حکوومەتیش بەهێزترن‌ و حکوومەتیان لە بواری ئابوورییەوە پەک خستوە. کۆمەڵگە شێوە دەوڵەتییەکان کە گرێدراوی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیین، خۆیان لە هەر جۆرە کۆنترۆڵێکی حکوومەت بە تایبەت دانی ماڵیات دەدزنەوە. ئەوەش وای کردوە، گرووپێک بە سەرۆکایەتیی ڕێبەر، ئابووری‌ و سامانە گشتییەکانی خەڵکی ئێران لە بەرژەوەندیی خۆی‌ و بۆ مەبەستی تایبەت بە کار بێنێ؛ یان لە نێوەوەی ئێران بۆ کڕینی ڕەوایی سیاسی لە ڕێگەی مشتەری‌گەرییەوە، یان لە دەرەوەی ئێران بۆ هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی.   ***