کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرۆنا و کەمتەرخەمیی دەسەڵات

02:18 - 18 پووشپەڕ 2720

ماوەی زیاتر لە شەش مانگە نەخۆشیی کرۆنا بڵاو بۆتەوە و بۆتە هۆی مەرگی هەزاران کەس لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی دنیا و، لە هەمان کاتدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بوارەکانی ئابووری و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان داناوە و دەتوانین بڵێین هەتا ڕادەیەکی زۆریش گۆڕانی بەسەر شێوەی ژیانی مرۆڤدا هێناوە. زیانێکی زۆری بە کەرتە جیاوازەکانی ئابووری (گەشت، پیشەسازی، کشتوکاڵ، هاتوچۆ و …) گەیاندوە و، هەموو ئەوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبووە لەسەر توانای کڕینی تاک تاکی کۆمەڵ. لەم ماوەیەدا بۆمان دەرکەوتوە کرۆنا سنوور ناناسێ و سنووری هەموو وڵاتانی بەزاندوە؛ بەڵام ئاستی پێ‌ڕاگەیشتن و فریای خەڵک کەوتن لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازە.
ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە هێرشی ئەم پەتایە لە ئەماندا نەبووە و، بە پێی ئامارەکان لە دوای چین و ئەمریکا و ئیتالیا ناوی لە پلەی سێ و چواری تووشبوون و ئاستی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە لە نێو وڵاتانی دنیادا دێ. بە پێی ئامارە فەرمییەکان ڕێژەی گیان‌‌لەدەسچوو لە دە هەزار کەس تێ‌پەڕیوە. هەرچەند وەکی باسمان کرد بڵاوبوونەوەی پەتای کرۆنا بە هۆی تێک‌چڕژاویی پێوەندییە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی جیهان، بە ئاسانی هەموو سنوورەکانی بڕیوە؛ بەڵام ڕادەی هەست بە بەرپرسایەتیی دەوڵەتان جیاوازە و، ئەمەش لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامییدا بە تەواوی هەست پێ دەکرێ. بەو مانایە کە بێ‌مەسئوولییەتیی دامودەزگای کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی کرۆناوە دەرکەوت و بووە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتر و خێرای لە ئاستی ئێراندا. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە بەردەستدا هەیە کۆماری ئیسلامی دەیتوانی پێش بە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە بگرێ، بەڵام بە هۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و خیبرەگانی ڕێبەرییەوە بێ‌دەنگیی لێ هێنا و، هەر ئەمەش پەرەسەندنی بڵاوبوونەوەکەی لێ کەوتەوە. دوای ئەوەش بە هۆی ناکارامەیی دەزگای تەندروستیی کۆماری ئیسلامی قووڵایی کارەساتەکە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر خۆی دەرخست. لەگەڵ ئەوەدا کە کادری دەرمانیی کەرتی تەندروستی بە هەموو توانای خۆیانەوە هاتنە مەیدان، بەڵام بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی دەرمانی و پێ‌ڕانەگەیشتن و گرینگی نەدان، زەحمەت و ماندوو بوونی کادری دەرمانی و دوکتورەکان دادی ئەو نەخۆشییەی نەدا و بەداخەوە ئەوانیش لە تووش بوون بەو پەتایە پارێزراو نەبوون. ئەم کارەساتە لە حاڵێکدا لە ئێران ڕوو دەدا کە ئەم وڵاتە بە هۆی بوونی سەرچاوەی جۆراوجۆری زەوینی و ژێرزەوی وەک وڵاتێکی دەوڵەمەند دەناسرێ، بێجگە لەوەش لە بواری پزشکییدا خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەندە، بەڵام بە هۆی سیاسەتی هەڵە و دوژمنکارانەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و بە هەدەردانی سامانە مادی و مەعنەوییەکانی ئێران بۆ تەیارکردنی گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە و، ئابلۆقەکانی ئەمریکا وای کردوە بایەخی دراوی ئێران -بە چەشنێک دابەزێ کە لانی‌کەم لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا بێ‌وێنەیە- و، لە هەمان کاتدا بێ‌کاری، کەم‌بوونەوەی توانای کڕینی خەڵک –لەوانە کەرەسەی تەندروستی وەک دەمامک و مادەی دژە ڤیرووس- و … لە حاڵێکدا لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا دەوڵەتەکان بە پەلە ڕێکاری بەربەرەکانیی کرۆنایان لە سەرەوەی کارەکانی خۆیان داناوە. لە کاتی قەیرانەکاندا دەوڵەتەکان دەبێ زیاتر لە هەر کاتێکی تر بەرپرسایەتی لە ئەستۆ بگرن، زۆربەی دەوڵەتان بە دروست‌کردنی نەخۆشخانەی کاتیی تایبەت بە نەخۆشانی کرۆنا و، بانگهێشتی کەسانی خۆبەخش بۆ بەشی چاودێری و، دابین‌کردنی کەرەسەی هەناسەدان و دەرمانی پێویست و، قەرەنتینەی شار و گوند و، کەم‌کردنەوەی هاتوچۆ و هان‌دانی خەڵک بە مانەوە لە ماڵەکانیان؛ هەوڵیان دا بەرگری لە تەشەنەکردنی زیاتری ئەم نەخۆشییە و کەم‌کردنەوەی خەساری مرۆیی بکەن. بەڵام ئەوەی دەتوانێ جێگەی سەرنجی زیارتری ئەم نووسینە بێ، ئەوەیە کە ئەو دەوڵەتانە بە دەرکی ئەو راستییە کە خەڵک و ناوەندەکانی بازرگانی و پیشەسازی بە هۆی ڕێکارەکانی خۆپاریزی، زیانی مادیی زۆریان بەرکەوتوە و بۆ قەرەبووکردنەوە و یا یارمەتی‌دان بوودجەیەکی تایبەتیان بۆ خەڵکی خۆیان و ناوەندەکانی کار و خزمەتگوزاری لە وڵاتەکانیان دابین کردوە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا پێش سەرهەڵدان و پەرەگرتنی نەخۆشیی کرۆنا هەروەکی لە پێشدا گوترا، سیاسەتی هەڵەی هەناردەکردنی شۆڕش و دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان و خۆنەگونجان لەگەڵ نەزمی جیهانی، هۆکاری سەرەکی بوو بۆ داڕمانی ئابووریی ئەم وڵاتە و خولقانی قەیرانە نێوخۆییەکان و بە سەرهەڵدان و پەرەگرتنی پەتای کرۆنا و گرتنەبەری ڕێکاری قەرەنتینەی وڵاتان و پچڕانی ڕایەڵکەی بازرگانیی جیهانی، ڕاستەوخۆ و خێرا کاریگەرییە ئابوورییەکان لەسەر کۆمەڵگەی ئێران بەدەر کەوت و ئەوەندەی دیکە خەڵکی ئێرانی خستە ژێر قورسایی دابین نەکردنی پێویستیی ڕۆژانەیان. هەروەکی ئێران بە گشتی لە پەرەگرتن و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کرۆنا پلەی یەکەمی لە ناوچەکەدا بۆ خۆی دەستەبەر کرد، بەداخەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە چاو چڕیی حەشیمەت و پانتایی خاک لە نێو ئێراندا ئەگەر پلەی یەکەمی لە ئێران لە تووشبوون وەبەر نەکەوتبێ، لە ڕیزبەندی دووهەم‌ و لە دۆخی سووردا بەسەر دەبا. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ماوەی چل ساڵە بە چاوی ئەمنیەتییەوە دەڕواننە کوردستان و بە هەموو توانای مادی و مرۆییەوە هەوڵی پەراوێزخستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، سنە و ورمێ)ـیان داوە و بە هاتنی ئەم دۆخەش، ئەم بەشە لە ئێران لە بواری ئابووری و تەندروستی و پیشەسازییەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە چەند قات لە چاو پێشووتر زیادی کردوە. لە هیچ کام لە شارە گەورە و بچووکەکانی ئەو هەرێمە نەخۆشخانە و کەرەسەی دەرمانی بەو ڕادە لە بەردەستدا نییە کە بتوانێ دادی ئەو هەموو نەخۆشە بدا و، لە هەمان کاتدا بە هۆی هەژاری و دەستکورتی، خەڵک ڕێ‌نوێنییە تەندروستییەکان لە بەرچاو ناگرن و بۆ بژیوی ژیان ڕوو لە دەرەوەی ماڵەکانیان دەکەن و هەر ئەوە وای کردوە کە ئەو ڤیرووسە زۆر خێراتر لە پانتایی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاو بێتەوە و ببێتە هۆی نەخۆش کەوتن و مردنی سەدان کەس لە خەڵکی کوردستان. لەو هەلومەرجەدا خەڵکی کوردستان بە چاوی خۆیان بێ‌موبالاتی و کەمتەرخەمیی دەسەڵاتدارانی تاران دەرحەق بە خۆیان دەبینن، بۆیە لە گەڵ ئەو ڕاستییە کە وەزعیەتی بەڕێ‌چوونی ژیان لە ئێرانی ئێستادا گەلێک چەتوونە بەو حاڵەش خەڵکی کوردستان بە گشتی و ڕێکخراوە مەدەنی و کەسایەتیی زانستی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی ئەرکی قورسیان بۆ ڕۆشنگەری و ڕێ‌نمایی لە نێو کۆمەڵگەدا بۆ خۆپاریزی لە نەخۆشیی کرۆنا دەکەوێتە سەر شان و لە هەمان کاتدا یارمەتی دان و بە هاناوە چوونی هاونیشتمانییان لە بواری دابین‌کردنی پێداویستییەکانی ژیان کە فەرهەنگی جوان و جوامێریی کوردەوارییە لەو ئان و ساتەدا بەربەرینتر بکرێتەوە، بۆ ئەوە وەک هەموو جارێ کە نیشانتان داوە لە کاتی تووش‌بوونی نیشتمان بە کارەساتێکی خولقاوی دەستی سروشت یا مرۆڤ، پشت و پەنای یەکتر بوون و بەسەر کۆسپ و نەهامەتییەکاندا زاڵ بوون؛ ئەم جاریش پێویستە بە هاوکاری و هاوبیریی هەموو لایەک بەسەر ئەو تەنگەژەش کە بە هۆی کرۆنا و کەمتەرخەمیی دەسەڵات بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتوە، سەرکەوتن دەستەبەر بکرێ.