کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کزبوونی هیلالی شیعە

02:20 - 18 پووشپەڕ 2720

لە ئیسلامدا ئایین‌زای شیعە بە کەمینە دادەنرێ، نزیکەی لە سەتا ١٥ی موسوڵمانان پەیڕەوی ئایین‌زای شیعەن کە زۆربەی هەرە زۆریان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی وڵاتانی عێراق، ئێران، سووریە، لوبنان، یەمەن، ئازەربایجان و بەحرەین، هەروەها بە ڕێژەیەکی کەمتر لە پاکستان و ئەفغانستان و هەندێک وڵاتی تر دەژین. ئەم ئایین‌زایە لە سەرەتای سەرهەڵ‌دانی هەتا ئەمڕۆ بێجگە لە چەند قۆناغێک، دەرفەتی حوکمڕانیی بەردەوامی نەبووە. لە وڵاتە شیعەکاندا دەسەڵاتێکی کەمیان هەبووە و ئەگەریش بووە وەک دەسەڵاتێکی ئایینی نەناسراون بۆ نموونە حکوومەتی بەعسی سووریە کە شیعە عەلەوییەکان لەسەر کار بوون بەڵام دەسەڵاتێکی ئایینی نەبووە، هەروەها عێراقی پاش ٢٠٠٣ـش هەر بەم شێوەیە، بەڵام لە بارەی ئێرانەوە بابەتەکە جیاوازە، هەر لە سەردەمی سەفەوییەوە و دواتریش دامەزرانی کۆماری ئیسلامی؛ ئەم دەرفەت و ئەزموونە بۆ ئێرانییە شیعەکان هەڵ‌کەوتوە.
شیعە و کارەکتەرەکانی بە درێژایی مێژوو خەونی بە یەکەوە بەستنەوە و یەکگرتوویی پەیڕەوانی ئایین‌زاکەیان و دامەزرانی ئیمپراتۆریی شیعەیان لە ناوچەکەدا هەبوە، هەتا چەند ساڵی ڕابردووش ئەمە هەر خەون و خولیایەک بوو، بەڵام دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کردەوە هەوڵی وەدی‌هاتنی ئەم خەونە لەمێژینەیەی شیعە بە ڕێبەرایەتیی ئەم ڕێژیمە دەدرێ و دراوە. دەتوانین بڵێین لە دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران هەتا ئێستا بە دوو  قۆناغ هەوڵی وەدی‌هاتنی ئەم ئامانجە لەمێژینەیەی شیعەکان دراوە. وەک بیرۆکەی کردەوەیی سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٩ی زایینی، خومەینی بێجگە لە پاوان‌کردنی مەرجەعیەتی ئایینی و ڕێبەریی سیاسی لە ئێران، خۆی بە ڕێبەری جیهانی ئیسلامی دەزانی و بانگەوازی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی بۆ دەرەوەی ئێران بە تایبەتی بۆ وڵاتانی دراوسێ لە سەرووی هەمووشیانەوە عێراق کە زۆربەی دانیشتووانی شیعەن، دەکرد. هۆکاری دواکەوتنی هەناردەکردنی شۆڕش لە لایەن خومینییەوە ئەوە بوو کە لە عێراق ڕێژیمێکی بەهێز لەسەر کار بوو، بێ‌گومان دەسەڵاتدارانی عێراق هەرچەندە ئایدیۆلۆژیی حکوومەتەکەیان ئیسلامی نەبوو، بەڵام خۆیان موسوڵمانی سوننە بوون، بۆیە هەر لە سەرەتاوە دژی ئەو پیلانەی ئێران وەستانەوە و نەیان‌هێشت ئێرانییەکان دزە بکەنە نێو عێراق و بەرنامەکانیان جێ‌بەجێ بکەن. یەکێک لە هۆکارەکانی شەڕی ئێران و عێراق کە هەشت ساڵی خایاند هەر ئەوە بوو. لە ماوەی ئەم شەڕەدا و داڵدەدانی بەرهەڵستکارە شیعەکانی ڕێژیمی عێراق لە لایەن ئێرانەوە، بوو بە دەرفەتێک کە بە کردەوە دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣، ڕێگە خۆش بوو بۆ کۆماری ئیسلامی کە بە خواست و ئارەزووی خۆی بگات و نفووز بکاتە نێو شیعەکانی عێراق و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە پەل باوێت.   ڕووخانی ڕێژیمی سەدام دەستی ئێرانی ئاوەڵا کرد کە لە عێراقەوە دەست بکەن بە جێ‌بەجێ کردنی پیلان و بەرنامەکانی خۆیان، بە دوای باڵادەست‌ بوونی ئێران لە عێراقدا و دەستێوەردانی لە کاروباری سیاسیی ئەو وڵاتە و، بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و نیزامیی خۆی، دەکرێ بڵێین بە کردەوە دەستی بە جێ‌بەجێ کردنی خەونە لەمێژێنەکەی کە کۆ کردنەوەی هەموو شیعەی ناوچەکە بوو، کرد. ئەم کردەوەیەی ئێران نیگەرانیی وڵاتانی ناوچەکەی لێ‌کەوتەوە و، دەستەواژەیەکی سیاسیی نوێ هاتە کایەوە بە ناوی “هیلالی شیعە”.   هیلالی شیعە چییە، کوێ دەگرێتەوە؟ لە درێژەی خەونە لەمێژینەکەی ئێران، دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس لە عێراق و باڵادەستیی شیعەکانی ئەو وڵاتە و گەیشتنیان بۆ یەکەم جار بە دەسەڵاتی سیاسی، هەروەها دەست‌کراوەیی ئێران لە عێراق، کۆماری ئیسلامی، سپای پاسداران بە تایبەتی سپای قودسی ڕاسپارد کە لە ئێرانەوە ڕێگەیەکی وشکانی بکەنەوە بە عێراقدا تێ‌پەڕێ و بە سووریەدا بچێتەوە نێو خاکی لوبنان. بۆ یەکەم جار ساڵی ٢٠٠٤ “شا عەبدوڵڵا” شای ئۆردۆن زاراوەی هیلالی شیعەی بەکار هێنا، شا عەبدوڵڵا نیگەرانیی خۆی لەوە ڕاگەیاند کە حکوومەتێکی شیعەی لایەنگری ئێران لە عێراق دامەزراوە و ئێران خەریکە لەو ڕێگەیەوە پیلانەکانی خۆی جێ‌بەجێ دەکا، ئەگەر ئەو پیلانەی ئێران سەر بگرێ وڵاتانی ئێران، سووریە، عێراق و لوبنان بەیەکەوە بلکێن، هیلالێکی شیعە دروست دەبێ، بە دوای ئەوەدا نیگەرانیی سعوودیە و میسر و زۆر وڵاتی دیکەی ناوچەکەی بە شێوەی جۆراوجۆر لێ‌کەوتەوە. هیلالی شیعە ئەو وڵاتانە لە خۆ دەگرێ کە حەشیمەتێکی زۆری شیعە تێیدا دەژی؛ ئێران، عێراق، بەحرەین، لوبنان، ئازەربایجان، سووریە جاروبار ناوی یەمەنیش دەهێنرێ (هیلالی شیعە بە مانای هیلالی مانگە کە پاش پێکەوە لکاندنی ئەو وڵاتانە لە سەر نەخشە دەردەکەوێ). بێجگە لەو هۆکارانەی ئاماژەیان پێ‌کرا، ئێران هەوڵ دەدا شیعەی ناوچەکە بەیەکەوە ببەستێتەوە و، بیانکاتە جەمسەرێکی جوغرافی و جەماوەریی گەورە و خۆی ڕێبەرایەتییان بکا و ببنە بەرهەڵستکار و ڕکابەری وڵاتە سوننەکانی ناوچەکە لە سەرووی هەمووشیانەوە عەرەبستانی سعوودی. ئەمڕۆ لە جیهانی ئیسلامدا سعوودیە و ئێران ڕێبەرایەتیی هەر دوو باڵە ئیسلامییەکە دەکەن، ئێران ڕێبەرایەتیی بلۆکی شیعە، عەرەبستانیش ڕێبەرایەتیی سەرەکیی بلۆکی سوننە دەکا، هەرچەندە عەرەبستان لە ڕێبەرایەتییدا تەنیا نییە، بەڵام پێشڕەوی وڵاتانی دیکەیە. لە سەرەتادا هەوڵ و تەقەلای کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بەم خەونە دێرینەی زۆر کاریگەر نەبوو چونکە دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس و بە دەسەڵات گەیشتنی شیعە لە عێراق سپای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە نێو خاکی عێراق مانەوە، هەر بۆیە سپای قودس کە ئەرک‌دار کرابوو لە لایەن تارانەوە بە کردەوە ڕێگەی خاکی لە عێراق و سووریە بۆ لوبنان بکاتەوە نەیتوانی هیچ جموجۆڵێکی ئەوتۆ بکا و ئەو ستراتێژییە بە کردەوە بخاتە گەڕ، بە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا هەر جووڵەیەکی جێگای گومانی ئێرانی بەرپەرچ دەدایەوە. بەڵام دوای ئەوەی کە ساڵی ٢٠١١ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کشانەوە جموجۆڵەکانی سپای قودس بە فەرماندەیی “قاسم سولەیمانی” بە شێوەیەکی کارا و جددی دەستی پێ‌کرد، بە تایبەتی دوای دەرکەوتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ سپای قودسی ئێران لە ڕێگەی دەسەڵاتی شیعە لە عێراق شەرعیەتی ئەوەی وەرگرت وەک هێزێکی فریادڕەس لە نێو خاکی عێراقدا دژی داعش شەڕ بکا، ئەوە دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی پیلانەکانی خۆی بە ئاسانی جێ‌بەجێ بکا، هەرچی لە توانایدا بوو بۆ بەرژەوەندیی خۆی لە نێو عێراق و ناوچەکە لەو ماوەیەدا کردوویەتی. لە لایەکی دیکەوە ناکۆکییە درێژخایەنەکانی فەلەستین، ئیسڕائیل و پشتگیریی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی خۆی لە شیعەکانی لوبنان و بەشێکی جووڵانەوەی فەلەستین، هەروەها ناکۆکیی یەمەن، سعوودییە، پشتیوانی و هاوکاریی ڕێژیمی ئێران لە حووسییەکانی یەمەن، شەڕی سووریە و پشتیوانیی ماددی و نیزامیی کۆماری ئیسلامی لە بەشارئەسەد، هاوکات لەگەڵ ئەوەدا چەند هۆکار و فاکتەری گرینگی دیکەش هەیە کە دەتوانین ئاماژە بە دژایەتی کردن و دروشمی دژە ئیسڕائیلی و دژە ئەمریکایی ئێران و هێزە شیعەکان، سەرقاڵ بوونی هێزە هاوپەیمانەکان بە شەڕی ڕادیکاڵیزمی ئیسلامیی سوننە وەک قاعیدە، تاڵەبان، داعش، هەروەها شەڕی ئەفغانستان، عێراق و سووریە، بکەین. لە هەمووی گرینگتر ڕێکەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ١+٥ وای‌ کرد لە هەموو قۆناغە جیاجیاکان پەل‌هاویشتنی کۆماری ئیسلامی بۆ نێو خەڵک و ڕێکخراوە تاییفییە شیعەکان لە تەواوی ناوچەکەدا کەمتر ڕووبەڕووی بەربەست و ئاستەنگ ببێتەوە بگرە ڕەواییشی پێ‌ درا، بۆیە ڕێژیمی ئێران توانی بە کردەوە ڕۆڵی سیاسی و نیزامیی خۆی لە سەرجەم ئەو وڵاتانەدا بەرەو پێش ببا تا ئاستێک بەرپرسانی ئێرانی لە نوێژی هەینییدا باسی کەوتنە ژێر دەسەڵاتی سێ پێتەختی وڵاتانی عەرەبی (بەغدا، دەمشق و بەیرووت) دەکەن و، پێتەختی چوارەمیش کە سەنعایە زۆری نەماوە دەستی بەسەردا بگرن. هەروەها فەرماندەی سپای پاسداران “محەممەدعەلی جەعفەری” باسی ئەوە دەکا ٢٠٠ هەزار چەکدار لە عێراق و سووریە پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی دەکەن و خەریکە دروست بوونی هیلالی شیعە بەرەو کۆتایی دەچێ. هەموو ئەو دەسکەوت و فاکتەرانەی لەسەر بڵاوبوونەوەو و پەل‌هاویشتنی ئێران ئاماژەیان پێ‌ کرا، بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر دەسەڵاتدارانی سوننەی ناوچەکە و، بەشێکیشی بۆ کارەکتەری قاسمی سولەیمانی وەک فەرماندەی سپای قودس دەگەڕێتەوە، لە ڕاستییدا قاسمی سولەیمانی کاریزمای ڕێک‌خستنی هیلالی شیعە بوو. دوای کوژرانی قاسمی سولەیمانی و چوونە فازێکی دیکەی کێشەکانی ئێران و ئەمریکا، هەروەها وشیار بوونەوەی وڵاتانی ناوچەکە و هەست بە مەترسی‌کردنیان لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵێک فاکتەری نێوخۆیی و ناوچەیی ئەو پرسیارەمان بۆ دروست دەکا، سەرەنجامی ئەم سیاسەتە بەرەو کوێیە؟ ئایا کۆماری ئیسلامی توانای درێژە دان بەم ستراتێژییەی هەیە؟ بێ‌گومان کێشەکانی ئێران و ئەمریکا چوونەتە قۆناغێکی دیکە و خەریکە شکڵ دەگرێ، تا ئەمڕۆ لە هەموو قۆناغەکاندا ئەمریکا بە هۆی دژایەتی‌کردنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە و دەستێوەردان و ئاڵۆزی سازکردنی کۆماری ئیسلامی و دژایەتیی هاوپەیمانەکانی لە ڕووی نیزامی، سیاسی و ئابوورییەوە ئێرانی وەک ئامانجێکی دوور یان نزیک پیشان داوە، بۆیە کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێک کە هەمیشە شەڕی لە بەر دەرگای ماڵی ڕاوەستابێ دژکردەوەی هەبووە، بۆ ئەوەش هەموو دۆست و هاوپەیمانەکانی خۆی لە عێراق، لوبنان، فەلەستین، یەمەن، سووریە و ئەفغانستان بەکار هێناوە و شەڕی ئەمریکای لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی پێ‌کردوون، هەتا ئەمڕۆ ئەوە گرینگترین فاکتەر بووە بۆ ئەوەی شەڕ نەگاتە نێوخۆی ئێران. بەڵام ئێستا وەک دەبینین سێناریۆی ناوچەکە خەریکە دەگۆڕدرێ، لە ڕوانگەی ئێرانەوە وڵاتی عێراق بەردی بناغەی ئەم نەخشە و پیلانەیە و سەرکەوتنیان لە عێراق بە واتای بەجێ ‌گەیاندنی گەورەترین هەنگاوی پیلانەکەیانە، کەچی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەم لە ناوچەکە و عێراق و لە لایەن ئەمریکاشەوە یارییەکە پێچەوانە بووەتەوە و خەریکە شەڕەکە ڕوو دەکاتە نێوخۆی ئێران، ماوەی چەند مانگێکە لە ناوەندی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی (عێراق) ئاڵۆزییەکی جددی هەیە و ناڕەزایەتی‌دەربڕانێکی زۆر ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بەدژی هێژمۆنیی ئێران لە عێراق و دەسەڵاتی شیعەی عێراق -کە نوقم بوونە لە گەندەڵی و بە تاڵان‌ بردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە- وەستاونەتەوە. نێو ماڵی شیعە لە عێراق خەریکە بەرەو لێک‌ترازان دەڕوا، دژایەتیی خۆپیشاندەرانی ناڕازی و ناکۆکیی نێو لایەنە شیعەکان، بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی و هەروەها کوژرانی قاسمی سولەیمانی، کاردانەوەی نیزامیی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی بۆ یەکەم جار بەدژی ئەمریکا و دواتر لە ڕێگەی لایەنەکانی سەر بە ئێران و کاردانەوەی نیزامیی ئەمریکا بۆ ئەم هێرشانە و لێدوانی توندی بەرپرسانی ئەمریکایی لەمەڕ ئێران و، بەم دواییانەش هێنانی سیستمی بەرگریی مووشەکیی (پاتریۆت) بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، پەلە لە تەواوکردنی کونسولخانەی ئەمریکا لە هەولێر کە گەورەترین کونسولخانەیە، هەروەها توندکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی لەسەر ئێران، دەتوانین بڵێین بە جۆرێک گەمارۆدانی نیزامییش بە بڵاوە پێ‌کردنی هێزەکانی ئەمریکا لە چەند وڵاتی ناوچەکە و هێنانی ناوگانە شەڕکەرەکانی بۆ کەنداو؛ بەشێکن لەم گۆڕانانەی کە بەم دواییانە ڕوویان داوە. ئێران هەتا ئەمڕۆ توانیویەتی بە خەرج کردنی سەرمایەیەکی یەکجار زۆر و خەیاڵیی نیزامی، فکری، ئابووری لەو ڕێگایەدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی سەرقاڵ بکا. بەڵام ئەمڕۆ بە هۆی ئەم گەمارۆ ئابوورییە تاقەت پڕووکێنە پشتی چەماوەتەوە و تووشی داڕووخانی ئابووریی زۆر گەورە بووەتەوە، نەک ناتوانێ تێچووی شەڕە نییابەتییەکان دابین بکا، بەڵکوو بەرەو ئەوە دەڕوا توانای ئیدارەی خۆیشی نەمێنێ. لە لایەکی ترەوە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ بە هۆی ئەم بارودۆخەی کە بەسەر خەڵکیدا هێناوە گرفتی مەشرووعیەتی بۆ دروست بووە. ئەم ڕاستییەش لە دوایین هەڵبژاردنی مەجلیسدا ڕەنگی دایەوە، خەڵک بەشداریی چالاکانەیان لە هەڵبژاردندا نەکرد و بەو هەڵوێستەیان مەشرووعیەتی کۆماری ئیسلامییان بردە ژێر پرسیار. هاوکات کێشەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کۆنترۆڵ دەرچووە و بەرەو گۆشەگیر بوونی جیهانی دەڕوا. لەوانەیە کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران لە شەڕی نیزامی کەمتر نەبووبێ، بۆیە ئەستەمە ئێران بەم دۆخەی کە تێی‌کەوتوە بتوانێ ڕەوشی ئاڵۆزی ناوچەکە بەڕێوە بەرێ. لە ڕاستییدا هاوپەیمانەکانی ئێرانیش وەک گرووپە شیعەکان لە ناوچەکەدا بۆ یەکەم جارە بەم شێوەیە ڕووبەڕووی ئەمریکا و ئیسڕائیل و ڕۆژئاواییەکان دەبنەوە و ڕاستەوخۆ دەکرێنە ئامانج و  زەحمەتە بتوانن بەرگەی فشاری درێژخایەن بگرن. لە نێو شیعەکانیشدا بۆچوونی جیاواز و بەرژەوەندیی تایبەت هەیە، ئەوانیش یەک‌دەست نین، شەرت نییە تا سەر لەگەڵ پیلان و بەرنامەکانی کۆماری ئیسلامییدا بمێننەوە، ئێرانیش توانای مادی و دەرفەتی جارانیشی نییە، هەروەها دژایەتیی هێژمۆنیی ئێران لە نێو شیعەکاندا خەریکە گەشە دەکا، بە تایبەتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراق و لوبنان پێمان دەڵێن دوور نییە لە ئاڵۆزتر بوونی دۆخەکە درەنگ یان زوو دەنگ و ڕەنگی جیاواز دەر بکەون، بۆیە بە پشت‌بەستن بەو فاکتەرانە و کۆمەڵێک فاکتەری دیکەی نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی بە دووری نازانین ئاکامی هیلالی شیعە بەرەو لە نێو چوون و ئاوا بوون بچێ. ***