بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ یەکەم جار مەفهوومی “گوفتمان” (گوتار) لە بزووتنەوەی سیاسیی کورددا مانا پەیدا دەکات و سیاسەت و ڕێکاری خەباتکارانە لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی خاوەن پلان و بەرنامەدا لەسەر ئەساسی پێناسەیەکی دیاری مەعریفی و پراکتیکی، کە هەمان “گوتاری سیاسی“ـیە شکڵ دەگرێ. بە واتایەکی دیکە، حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی جووڵانەوە نەتەوایەتییەکانی دوو سەد ساڵی ڕابردوو لە کوردستان (لە میرنشینەکانەوە تا شۆڕشەکانی شێخ مەحموود لە باشوور و سمایل ئاغای سمکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) هەستی بە بۆشاییەک لە پلانمەندبوونی خەبات لە ڕووی “ویست” و “شێواز”ی تێکۆشان کرد و، بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە لە بزووتنەوەی سیاسیی کورددا، کارکردن لەسەر کەسایەتی بەخشین بە کورد (نەتەوە) و کۆمەڵگە (نیشتمان)ـی کردە ئامانجی خۆی. “سەروەری” و “گەورەیی نیشتمان” بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو بناغە فکری و مەعریفییە بوو کە توانی لەسەر ئەم ئەساسە بە هەڵگرتنی گوتارێکی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، ڕێڕەوێکی ڕوون بۆ بزووتنەوەی کورد دیاری بکات.
گومانی تێدا نییە کە جووڵانەوەکانی کورد، ئەوانەی زۆر پێش لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەبوون، نێوەرۆک و ئامانجی نەتەوایەتییان هەبووە و زۆربەیان لە خانەی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی میللەتی کورددا جێ دەگرن. بەڵام ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان توانی لەم پێوەندییەدا بیکا و جیاوازی دروست بکا، گشتاندنی بیر و باوەڕی نەتەوەیی لە هەموو ئاست و بوارێکی بزووتنەوەدا بوو. حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتاوە لە وێناکردنی “ئامانجەکان”ـی خۆیدا، بە ڕەخنەگرتن لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێو پێکهاتەکانی کۆمەڵی کوردەواری کە بەستراوە بە “عێل و عەشیرە” بوون و بە بەرفراوان نیشاندانی جیهانبینیی بزووتنەوە لەسەر ئەساسی “بەرژەوەندیی گشتی”، باس لە دوو مەفهوومی “سەروەری” و “گەورەیی نیشتمان” دەکا.
ڕوون و ئاشکرایە کە لە حەوزەی سیاسەتدا قسەکردن لە مەفهوومی “سەروەری” پێویستیی بە پاشخانێک لە هێز، ئیرادە و باوەڕ بەخۆبوون هەیە کە بەداخەوە کورد بە هۆکارگەلی نێوخۆیی و دەرەکی، بە تایبەت لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەمەوە؛ دابەشبوونی کوردستان بە سەر چوار وڵاتدا و تێکشکانی یەک لەدوای یەکی جووڵانەوەکان، هیچ کام لەم ئیمتیازانەی بۆ نەمابوویەوە. بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند مانگ دوای دامەزرانی خۆی، بە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و تەشکیلی حکوومەتی میللیی کوردستان، بە کردوە لە کۆمەڵگەی کوردستان و لە ناخی ئینسانی کورددا، مانایەکی تایبەت بە مەفهوومی “سەروەری” دەبەخشێ. لە سایەی خوێندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ چۆنیەتیی گەیاندنی ئەم نیشتمان و گەلە بە “سەروەری”ـیە کە ٧٥ ساڵ پێش لە ئێستا خەڵکی کوردستان لە هەر چوار بەشەکەی، بە شانازییەوە دەڕواننە دامەزرانی کۆماری کوردستان و بە شکۆوە لە ڕێوڕەسمەکانی “هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان” و پاراستنی ئەم دەسکەوتە میللییەدا بەشداری دەکەن.
“گەورەیی نیشتمان” لە ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، قسەکردن لە کەلێنێکی مێژوویی بەژان و ئازارە کە کورد تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، ئارەزووی گەورە و گرانی لەسەر بنیات ناوە. کوردستان کە نازناو و پێناسەی “وڵات”ـی لێ زەوت کراوە، نیشتمانی نەتەوەی کوردە کە لە زەمەنێکی تەسکی مێژووییدا و لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ماوەی ١١ مانگ، ناو و قەوارەیەکی ڕەسمی وەک “وڵات”ـی پێ بەخشرا. ئێستاش دوای ٧٥ ساڵ لە دامەزرانی، “گەورەیی نیشتمان” بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو مەفهوومە پیرۆز و نەگۆڕەیە کە وەک بەشێک لە جەوهەر و ماهیەتی گوتاری حیزب چەسپاوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان کە کاریگەریی یەکلاکەرەوەی لەسەر ڕەوتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی هاوچەرخی کورد هەبووە، لەسەر ئاستی گوتاری سیاسییدا توانیویەتی گوتاری نەتەوەیی خۆی تێکەڵ بە کۆمەڵێک مەفهوومی مۆدێرن و جیهان پەسەند بکات کە لە نەوعی خۆیدا داهێنەرانە بوون. جیا لەوەی کە بە پێی ناو و نێوەرۆکی “دێموکرات”بوونیشی بێ، ئەم حیزبە هەڵگری کۆمەڵێک بەها و موفهوومی مۆدێرنی وەک؛ دێموکراسی و سێکۆلاریزمە، بە دڕێژایی ئەم ٧٥ ساڵە، نە تەنیا بەرانبەر بە کۆمەڵێک ڕەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە شوێنەواری قووڵ و بەرچاویان لەسەر ژیان و خەبات و جیهانبینیی ئینسانەکان داناوە، کەمتەرخەم نەبووە، بەڵکوو کەوتۆتە ژێر کاریگەرییانەوە. ئیدئۆلۆگ نەبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو مانایە کە خاوەنی چوارچێوەیەکی سەخت و داخراوی فکری نەبووە و نییە، بۆتە هۆی ئەوەی ئەم حیزبە بە ئاسانی بتوانێ لە هێندێک بڕگەی تێکۆشان و خەباتی خۆیدا بکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕەوتێکی فکرییەوە. جا ئەم ڕەوتە هەندێک جار کوردستانی و ئێرانی بووە و هەندێک جاریش ناوچەیی و جیهانی. ئەم کارتێکەرییە لە ئاستی گوتار و تێفکریندا بۆ حیزبی دێموکرات لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی هەبووە. ئەگەر لە هەندێک بڕگەدا توانیویەتی بە پێکهێنانی ڕێفۆرمێک لە تێفکرین و خوێندنەوەیدا بۆ کۆمەڵێک بابەتی فکری و سیاسی لە ئاستی گوتاردا نوێبوونەوە و دەسکەوتێک بۆخۆی دەستەبەر بکات، لە هەندێک بڕگەشدا ئەم کارتێکەرییانە لە ئاستی تەشکیلاتییدا ناکۆکیی نێوخۆیی و لە کۆتاییدا لێکترازانیان لێ کەوتۆتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا تایبەتمەندییەک لە حیزبی دێموکراتدا هەیە کە لانیکەم من وەک خۆم لە هیچ حیزبێکدا ئەوەم بەدی نەکردوە، ئەویش ئەوەیە کە؛ سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا حەوت جار ئەم حیزبە تیایدا ئینشعاب و لێکدابڕان ڕووی داوە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، لە هیچ کام لەم ئینشعاب و لێکدابڕانانەدا، ڕەوت یان جەریانێکی دیکە ساز نەبووە کە بتوانێ، بە خۆ دوورخستنەوە لە گوتار و تێفکرینی سیاسیی جیاواز لەو گوتار و تێفکرینە مێژووییە، درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی بدات. ئەگەریش شتی وا هەبووبێ (بە نموونە وەک پەیڕەوانی کۆنگرەی چوارەم کە لە ئەدەبیاتی حیزبدا بە تاقمی ٧ کەسی ناوی هاتووە)، ناچار بوون دوای ماوەیەک خۆ هەڵوەشێننەوە. هەر ئەم تایبەتمەندییە لە گوتار و ڕێبازدایە کە هاوکات لەگەڵ لێکترازانە تەشکیلاتییەکانی نێو حیزبدا دەسبەجێ یان چەند ساڵ دواتر، باس لە یەکگرتنەوە دەکرێ کە نموونەکانی چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا بەرچاون.
“نەتەوەیی بوون”ـی گوتاری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پێچەوانەی ئیدیعایەک کە کەسانی خاوەن نەزەر لە حەوزەی ناسیۆنالیزمی کورددا باسی دەکەن، بە تەنیا پەرچەکردارێکی ڕووت بەرانبەر بە گوتاری شۆڤێنیزمی نەتەوەی باڵادەست نییە. “ڕەوایی” و “حەقانییەت”ـی بزووتنەوەی نەتەوەیەکی بێبەشکراو لە ماف و ئازادییە ئینسانی و نەتەوەییەکانی کە لە بەرنامە و تێفکرینەکانی حیزبی دێموکراتدا ڕەنگی داوەتەوە، پێناسە و مانایەکی ئینسانی و مۆدێرنی بە شێوە تێفکرین و ڕوانگەی ئەم حیزبە بەخشیوە. بۆیە ئەم گوتارە وەک مانا و ماهیەتی خەباتی نەتەوەیەک مەفهوومی دێموکراتیک بە خۆوە دەگرێ. تەعریفی “میللی-دێموکراتیک”ـی حیزب بۆ بزووتنەوەیەک کە خۆی بە ڕێبەری دەزانێ، ناتوانێ چاوبەستە هۆکاری وجوودیی خۆی تەنیا بۆ “بەرپەرچدانەوە”ی شۆڤێنیزمی نەتەوەی ئێرانی ببەستێتەوە و بێئەوەی بیر لە ڕەوایی و بەرحەقبوونی ئەم بزووتنەوە بکاتەوە، بە چەکێک بچێتە مەیدانی بەربەرەکانێوە کە سەدان ساڵە بۆ لە نێو بردنی بەکاری دەهێنن. بۆیە ڕاست لەو کاتەدا کە پێی وایە “لە هەلومەرجی ئێستادا مەترسیی گەورە، شۆڤێنیزمی مەزنیخوازیی ئێرانییە”، دژایەتیی خۆی لەگەڵ “ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگی کورد” کە “دیکتاتۆریی مەرکەزی و خەڵکی ئێران لێک جیا ناکاتەوە”، ڕادەگەیەنێ.
ڕەنگدانەوەی گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات لەسەر ڕەفتاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی نێو ڕیزەکانی ئەم حیزبە –بە کادری سیاسی و هێزی پێشمەرگەوە- کە تێکەڵێکە لە دوو مەفهوومی “ئیرادەی گەل” و “ئەخلاقی ئینسانی و شۆڕشگێڕانە” لە قۆناغی جۆراوجۆردا، کولتوورێکی پڕ لە بەها و ئەرزشی خەباتکارانەی دروست کردوە. ڕەفتاری ئینسانیی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ دیلەکانی شەڕ، ئاشتیخوازانەبوونی ماهیەتی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان، پشتیوانیی حیزبی دێموکرات لە بزووتنەوەی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەوڵدانی بەردەوامی بۆ یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، بە تایبەت یەکگرتوویی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەتا دوایی، بەرهەمی ئەم گوتارە نەتەوەیی و دێموکراتیکە مێژووییەیە کە لە هەموو قۆناغەکاندا لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیی خەڵک و بزووتنەوە، سێبەری بەسەر هەڵوێست و تێفکرینی ڕێبەرایەتیی ئەم حیزبەدا زاڵ بووە.
لە سەر ئاستی جۆری دیاریکردنی ڕەفتاری سیاسیی خەڵک بەرانبەر بە دەسەڵات، حیزب لە گوتاردا وێڕای پاراستنی ماهیەت و ئامانجی نەهایی بزووتنەوە، هەوڵی داوە لەسەر ئاستی دەرفەتەکان و بە مەبەستی بە جەماوەری کردنی بزووتنەوە، هێز و توانایی خەڵک لە بەستێنی جۆراوجۆردا وەجووڵە بخات و کۆمەڵگە لە دۆشدامان و پەسیڤبوون بپارێزێ. بۆیە هەمیشە پێی وا بووە “خەبات بۆ پێکهێنانی ئەو حکوومەتەی لە کوردستاندا داوای دەکەین و داخوازێکی درێژخایەنە، دەگەڵ خەبات بۆ جێبەجێ کردنی هەندێک داخوازیی دیکە لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەدا هیچ ناتەبایی نییە و پێویستە ڕێز لە هەر هەوڵێکی گەورە و چووکەی خەڵک بگرین”.
ئەوەی کە دوای ٧٥ ساڵ خەبات و تێکۆشان تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ، گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە نێو کۆمەڵی کوردەوارییدا زۆرترین لایەنگر و پشتیوانی هەیە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە، گوتاری ئەم حیزبە کە ڕیشەی لە واقعیاتی کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە، وڵامدەری هەست و شعووری بەرزی خەڵکی کوردستانە.