کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی قەیران

02:33 - 18 پووشپەڕ 2720

کۆماری ئیسلامی و قەیرانە جۆراوجۆرەکان وەک باس دەکرێ دووانەیەکی وێک‌چوون. وەها کە هەر کات باسی ئەو ڕێژیمە دەکرێ کۆمەڵە قەیرانێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە زەیندا ڕیز دەبەستن. لە تەواوی ساڵانی ڕابردوودا لە لایەک بە هۆی زاڵبوونی سیستمێکی دەسەڵاتداری تۆتالیتێرەوە کە هەمووانی لە نێوخۆیدا کۆ کردوەتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە بێ‌دەسەڵاتی و بێ‌بەرنامەیی دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکان لە ئوسوولگەرا و ئیسلاح‌تەڵەب و میانەڕەو، وای کردوە کە نە تەنیا نەتوانن هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری کێشەکانی خەڵک ببیننەوە، بەڵکوو دژایەتی‌کردنی یەکتر لە نێو نیزامەکەشیاندا کە زۆر جار وەک شەڕی زێڕنگەری باس دەکرێ، هەڵێنانی هەنگاوێکی بچووکیشی لەو پێناوەدا پەک خستوە. لەم نێوەدا ڕێبەرانی سەرەکیی نیزام کە زۆرتر خامنەیی و دەستوپێوەندییەکانی لە دەوری ڕێبەریی نیزامدا دەگرێتەوە، بە هۆکاری ئەم قەیران‌خو‌لقێنییە دەناسرێن. ئەمە جگە لە کۆمەڵە قەیرانێکی سیاسی نێودەوڵەتی کە ساڵانێکە بەرۆکی کۆماری ئیسلامیی گرتوە و، بە هۆی سەرکێشییەکانی ڕێبەرانی نیزام نە تەنیا سەرئێشەیەکی زۆری بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست کردوە بەڵکوو بەشێکە لە هۆکاری خراپتربوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی وەزعی نێوخۆی وڵات و ژیانی نالەباری هاووڵاتییانی ئێرانی. لەم نێوەدا کێبەرکێی سیاسیی ڕێبەرانی ڕێژیم لەگەڵ ئەمریکا لە هەمووان بەرچاوترە. کێبەرکێیەک کە نە تەنیا هیچ قازانجێکی بۆ خەڵکی ئێران نەبووە، بە پێچەوانە کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانیان داناوە.
زیاتر لە هەموو ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی ڕێژیم بووەتەوە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکایە لە سەریان. ئەگەرچی ئەم گەمارۆیانە کە ئابووریی ئێران و بە تایبەت سەرچاوە داراییەکانی ڕێژیمی کردوەتە ئامانج، بووەتە هۆی زۆربوونی بێ‌کاری و کەم‌دەرامەتی و گرانیی بایی پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک لە بازاڕدا، لەو لاوە دەستوباڵی ڕێبەرانی پشتیوانی تێرۆریزمی لە پێشکەش‌کردنی بەستەی میلیۆن دۆلاری بە گرووپە تێرۆریستییەکان بەستوە. … نەبوونی ئیمکاناتی ماڵی بۆ دابین‌کردنی پێویستییەکانی ئەم گرووپانە لاوازیی ئەوانی بە دواوە بووە، زیاتر لەو ڕادەیەش فشارە سیاسی و نیزامییەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیلی هاوپەیمانی لە ناوچەدا تووشی گرفتی گەورەی کردوون. وەها کە بەرەبەرە نائومێد بن لەوەی کە لە جیاتی درێژەپێ‌دان بە ستراتێژیی پەرەپێ‌دان بە نفووزی سیاسی، تەنانەت بتوانن دەسەڵاتەکەی خۆیشیان بپارێزن. لێدانی پەیتاپەیتای هێزەکانی سپای پاسداران لە لایەن ئیسڕائیلەوە بەبێ ئەوەی توانای بەرگری کردنیان هەبێ یا بتوانن ناڕەزایەتییەک دەرببڕن، نە تەنیا بڕستی لێ‌بڕیون بەڵکوو بەرەبەرە جێ پێی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە لەق دەکا و بە دوور نابینرێ تەنانەت گۆڕانی دەسەڵاتیش لەو وڵاتە بە دووی خۆیدا بێنێ. لە یەمەنیش سەرەڕای بەردەوامیی پشتیوانی لە میلیشیا حووسییەکان و گەیاندنی چەک بۆ درێژەدان بە شەڕی ماڵوێرانکەری ئەو وڵاتە، بە هۆی کەم‌بوونەوەی یارمەتییەکانی ئێران و هاتنەخوارەوەی توانای ماڵی، لاوازبوونی بەرەبەرەی میلیشیا شیعەکان دەبیندرێ و وێ‌دەچێ لە داهاتوودا بە دوور لە دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی ڕێگە چارەیەک بۆ کێشەی نێوخۆی ئەو وڵاتە ببیندرێتەوە. بەرچاوتر لەو شوێنانە وڵاتی عێراقە لە لە ساڵی ٢٠٠٣ـی زایینی بەم لاوە بۆ کۆماری ئیسلامی بووەتە مەیدانی شەڕی یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئەمریکا لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی. شەڕێک کە ئەگەر بۆ ئەمریکا کوژرانی چەند سەت سەربازی بەدواوە بووە و ڕەنگ‌بێ بەدەست‌هێنانی پووڵ و ئیمتیازاتێکی زۆری بۆیان هەبووبێ، بەڵام بۆ ئێران خەرجێکی ماڵیی زۆری هەڵگرتوە و هەر لە ساڵی ڕابردوودا لە خۆپیشاندانی خەڵک لە شارە گەورەکانی عێراق بە تایبەت لە بەغدا و نەجەف کە دوو پێگەی سیاسی و ئایینیی گرینگی ئەو وڵاتەن، دەرکەوت کە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران نە تەنیا پووڵەکەشیان چووە بەڵکوو حەیا و نفووزیشیان لەوێ لەدەست داوە. ئێستا ئەوەی دەکەوێتە بەرچاو بەهێزبوونی پێگەی سیاسیی ئەمریکایە لە عێراقدا و پێ‌دەچێ لە داهاتوودا بەرتەسک کردنەوەی زیاتری جموجۆڵەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، ئەوەندەی دیکەش دەستی کۆماری ئیسلامی لە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتەدا کورت بکاتەوە. بەم جۆرە دەبینین ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە تەواوی ئەم ساڵانەدا بە تاڵان‌کردن و بە هەوانتە خەرج‌کردنی پووڵ و سامانی خەڵک و وڵات لە دەرەوەی سنوورەکان، نە تەنیا هیچ دەسکەوتێکیان بۆ خۆیان و خەڵک نەبووە بەڵکوو بە برسی ڕاگرتنی خەڵکی ئێران و سەپاندنی دواکەوتوویی بەسەر ئێراندا، تەنیا وێرانیی ئەو وڵاتانەی کە پشتیان بەوان بەستبوو کردە دیاری بۆ ئێرانییەکان و خەڵکی ئەو وڵاتانە. بەم جۆرە ئەگەر بیر لە قەیرانەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چارەسەرەکان دەکرێتەوە دەبێ پێش هەموو شتێک بیر لە سەرچاوەی قەیران‌خولقێنییەکان بکرێتەوە کە ئەویش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە. ڕێژیمێک کە وەک دەبیندرێ نە تەنیا لە نێو خەڵکی ناوچەدا پێگەیەکی نەماوە و هەموو بە سەرچاوەی نەهامەتییەکانی دەزانن بەڵکوو لە نێو خەڵکی ئێرانیشدا کەمترین جێگەیەک بۆ خۆی شک نابا کە بۆ داهاتوو دڵی پێ خۆش بکا. ئێستا ڕێبەرانی نیزام خۆیان ماون و بەشێک لە دەزگا سەرکوتکەرەکانیان کە پشتیوانیی خەڵکی ئێرانیشیان لەدەست داوە. خەڵک لە ئێراندا تەنیا بیر لە یەک ڕێگە دەکەنەوە بۆ ڕزگاربوون لە چنگ ئەو ستەم و بێ‌دادییەی لە ئێران و ناوچەدا بەڕێوە دەچێ، ئەویش نەمانی کۆماری ئیسلامییە. بێ‌گومان ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی خاوەن بڕیار لە چارەسەری کێشەکاندا بە وردی بڕواننە ڕوانینی خەڵکی ئێران دەزانن و دەتوانن، بە دوور لە بەرژەوەندی‌خوازیی تاک لایەنە و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی ئێران و ناوچە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا، هەوڵدان بۆ ئاڵوگۆڕێک لە ئێراندا بکەنە ئامانج و هەنگاوی بۆ هەڵێننەوە کە ئاشتی و پێوەندیی دۆستانە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەستەبەر بکا و ژیان و ئارامی بۆ ئێران و خەڵکەکەی بگێڕێتەوە.