کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتن لەژێر ناوی “شەرەف”ـدا

01:06 - 21 پووشپەڕ 2720

هەندێک چەمک لە کۆمەڵگەدا هەن کە بۆ بەرژەوەندیی گرووپ یان تاقمێک بوونەتە ئامراز و کۆمەڵگەیان پێ چەوساوەتەوە. یەکێک لەو چەمکانە چەمکی شەرەفە، لەم ماوەیەدا ڕۆژانە گوێ‌بیستی زۆرترین هەواڵی کوشتن لەژێر ناوی “شەرف‌پارێزی” و “گێڕانەوەی نامووس″، بووین.
لە حاڵیکدا کە دنیا لە گەشەسەندن‌دایە و هەموو هەوڵی ئەوەیە، مرۆڤایەتی بگەیەنێتە ئاستی بەرزی بایەخ و بەهاکانی خۆی، بەڵام بەداخەوە هەر وەک باس کرا ئێمە شاهیدی ڕوودانی ئەم ڕووداوە دڵ‌هەژێنانە دەبین؛ ڕاستی شەرەف چییە؟ ئەم وشەیە لە بنەڕەتدا بە واتای بەرزی وشوێنی بەرز دێ، بۆکەسی جوامێرو پایە بەرز، نازناوی شەریف بە کار دەبرێ. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا کەسێک بۆ گەیشتن بەو جوامێرییە دەبێ ژیان لە کەسانی دی زەوت بکا و دەستی بە خوێنی دەوروبەریەکانی سوور ببێ؟ جارێ با بزانین وشەی شەرەف ڕیشەکەی چۆنە؟ زۆرتر وشەی شەرەف بۆ ڕەگەزی پیاو بەکار هاتوە و ڕیشەکەشی عەرەبییە و، هەروەها بە مەبەستی ڕێز و بایەخە ئەخلاقییەکان بە کار هاتوە. بەڵام کاتێک باس لە بایەخە ئەخلاقییەکان دەکرێ کە شەرەفی پێ پێناسە کراوە و چاو لە کردەوەگەلێک دەکەی کە بە ناوی “شەرەف”ـەوە کراون ئەو جیاوازییە بە تەواوی خۆی دەنوێنێ؛ چۆنە لەژێر ناوی “شەرەف”ـدا کە بایەخێکی مرۆییە ژیان زەوت دەکرێ، ئەوە چ پاڵنەرێکە کە وا دەکا واتای هەقیقیی وشەکە قێزەون بکا؟ ئەوەی کە گۆمانی تێدا نییە ئەوەیە کە دەسەڵاتی داگیرکاری لە کوردستان ڕێگە خۆش‌کەرە بۆ کوشتن و لە نێو بردنی مرۆڤەکان جا بە هەر بیانوویەک بێ. بەڵام ئێمەی کورد لە حاڵێکدا کە دەبێ هەموو وزە و هەوڵمان لە جەغزی داکۆکی لە مافە ڕەواکانماندا بێ، کەچی لەژێر سایەی هەندێک داب و نەریتی هەڵە مافی تاک یان کۆمەڵێک پێشێل دەکەین. لەمێژە لەژێرسایەی نەریتی پیاوسالارانەدا هەزاران مرۆڤ لەژێر ناوی جۆراوجۆری ناوی “نامووس‌پەرستی” و تۆمەتی وەک “شۆردنەوەی شەرەف” ژیانیان لێ زەوت دەکرێ. ئەو یاسایانەی کە ژن وەک کەسی پلە دوو سەیر دەکا لە کۆمەڵگە و دەسەڵاتدا، وا دەکا زەرەرمەندی سەرەکی، ژنان بن. بەردەوام بوونی چەوساندنەوەی هەمە ڕۆژە بەرامبەر بە ژنان لە وڵاتانی چەوساوەدا، دەروازەیەکی کردوەتەوە بۆ ئەوەی ژنان هەندێک جار خۆیشیان ڕازی بن بەو دۆخەی بە سەریاندا سەپێنراوە. ئەم ڕازی بوونە ژنان لە بەرامبەر دەسەڵاتی سەرەوەی خۆیاندا زیاتر ملکەچ دەکا. لە سەرجەم کۆمەڵگە پێشکەوتوو شارەستانییەکاندا خۆشەویستیی نێوان کوڕوکچ شتێکی زۆرسادە و مافێکی ڕەوایە. بەڵام لە وڵاتانی دواکەوتوودا -بە تایبەت بۆ ڕەگەزی مێ- بۆتە مۆتەکە و بەڵایەک بۆیان و بەم بۆنەیەوە دەکوژرێن و بکوژانیشیان، هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ بنەما ئەخلاقییەکان و بەم شێوەیە پاساوی بۆ دەهێننەوە. بێ‌گومان ناکرێ هیچ جۆرە چاوەڕوانییەک هەبێ بۆ کەم‌کردنەوەى کوشتنی مرۆڤەکان لە سایەى دەسەڵات و دابونەریتە نەخوازراوەکان، چونکە دەسەڵات و سیستمێک کە باوەڕى بە مافى مرۆڤ و بە تایبەت ژن نەبێ، باوەڕى بە ئازادى و یەکسانیى نێوان ژنان و پیاوان نەبێ، هەرگیز ناتوانێ بەرگرى لە مافەکانى مرۆڤ بکا. دەسەڵاتێک کە گیانی خەڵکەکەی لە کاتی پەیداکردنی بژیوی ژیانیان زۆر بە سانایی بستێنێ، ناتوانێ ببێتە پارێزەرى ئازادیی مرۆڤەکان و ناتوانێ کوشتن لە پێناو “شەرەف”ـدا کەم بکاتەوە و بنەبڕى بکا؛ بەڵکوو ئەم ئەرکە دەکەوێتە سەر شانی خودی کۆمەڵگە. لەکاتێکدا ژن و پیاو هەر دووکیان مرۆڤن، پێویستە بەرگری و تێکۆشان بۆ هێنانە دیی ماف و ئازادی بۆ ژنان و پیاوان بە کردار بکەن و، گەشە بە بنەما و یاسا مرۆڤییەکان بدەن و پێداگری لەسەر چەسپاندنی یاساکانی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاواندا بکەن. ئەوەی کە جێگەی خۆشحاڵییە ئەوەیە کە لە زۆر شوێنی کوردستان بە تێکۆشانی هاوبەشی هەموو لایەک، هەوڵی چەسپاندنی یاسا و سیستمێکی شارستانی و ئازاد دەدرێ و، ئیدانەی کرداری کەسانی مرۆڤ‌کوژ و ژن‌کوژ دەکرێ و لە دادگای مرۆڤایەتییدا مەحکووم دەکرێن و، ئەو داب و نەریتانەش وا هاندەری خەڵکن بۆ پێڕەوی لە کردەوەی وا دژەمرۆییانە بە توندترین شێوە شەرمەزار دەکرێن. لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم بۆ کۆتایی هێنان بە کوشتنی ژنان و بە تایبەتی و پیاوانیش هەروەتر بە دەستی مرۆڤێکی تر؛ پێویستە هەموومان بە یەک‌دەنگییە و بە هزر و کردار و دروشمەکانمان دژی بوەستینەوە و، چیی تر نەهێڵین لەژێر هیچ ناو و بیانوو و پاساوێکدا گیانی مرۆڤێک بستێنرێ.