کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هزری مرۆڤ‌تەوەر هەرگیز نامرێ

05:28 - 22 پووشپەڕ 2720

ڕێبەرانی گەورە تەنیا لە ژیاندا گەورە نین، بەڵکوو بە مردنیشیان هەر بە گەورەیی دەمێننەوە و بە میلیۆنان مرۆڤ دەبنە درێژەدەری ڕێبازەکەیان. دەبێ هۆکار و بەڵگەی عەینی هەبێ بۆ سەلماندنی ئەو ئیدعایە کە ئەو ڕێبەرانە بیرۆکە و هزریان دەبێتە ڕێبازی گەلی خۆیان یان بە واتایەکی دیکە جێی تێ‌ڕامان و هەڵوێستە گرتنە کە دەبێ هۆکار یان هۆکارەکان چ بن کە هزری ئەو مرۆڤ‌گەلە دەبێتە ڕووناکیی ڕێگای ڕزگاریی گەلێکی بن‌ دەست؟ بۆ وڵامی ئەو پرسیارگەلە، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە هێندێک نموونە بکەم لە نێو گەلان و نەتەوە بن‌دەستەکان کە بە هۆی پەراوێزخراوی و ستەمی سیاسییەوە، کەمتر ڕێبەرانی گەورە و بلیمەتیان لێ هەڵ‌دەکەوێ، بەڵام ئەوە واتای ئەو واقعیەتە ناگۆڕێ کە ئەو خەڵکانەش ڕێبەرانێکیان تێدا هەڵ‌ دەکەوێ کە ئەو خەڵک و نەتەوانە لە ستەم و زوڵم ڕزگار بکەن، وەک "مەهاتما گاندی" لە هێندوستان، "ماندێللا" لە ئافریقای باشوور و زۆری دیکە. کەسایەتی و ڕێبەرییەک کە مەبەستی ئەم وتارەیە، د. قاسملوو، سکرتێری گشتیی پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانە. د. قاسملوو یەکێک لە ڕێبەرانی سەدەی بیستەمە کە هەڵوێستە سیاسییەکانی، پراگماتیست بوونی، ئاشتی‌خواز بوونی و زۆر تایبەتمەندیی دیکەی، کە ئەو کەسایەتییە لە ڕێبەرانی دیکەی ئێرانی و کورد جیا دەکاتەوە. یەکەم ڕێبەری کورد کە بە شێوەی ڕێک‌خراو و مۆدێرن دەبێتە داهێنەری مانیفێستێک بۆ چارەسەری پرسی کورد لە  ئێران، پێشەوا قازی محەممەد بووە، کە ئەو ڕێبەرە و دەسکەوتە سیاسی و مێژووییەکەی واتە کۆماری کوردستان بە داخەوە وەک نەریتی بزووتنەوەکانی دیکەی کورد قوربانیی سات و سەودای زل‌هێزەکان دەبێ و کۆتایی بە تەمەنی سیاسیی دێنن. بەڵام قۆناغی گرنگ و چارەنووس‌ساز بۆ چالاکیی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ڕووخانی کۆماری کوردستانە. لەم وتارە هەوڵ دەدرێ ئاماژە بە چەند هەڵوێستی سیاسیی شوێن‌دانەر و   هەروەها باندۆری هزری د. قاسملوو لە سەر بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێ. ١- دانی فۆرمێکی مۆدێرن بە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن د. قاسملووەوە. ٢- جیا کردنەوەی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە حیزبی توودە. ٣- بنەمای دامەزرانی پێوەند یی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حکوومەتی ئەو کاتی عێراق. ٤- داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ٥- شەڕی ئێران و عێراق و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستان.   کاریگەریی د. قاسملوو پاش بە دەستەوە گرتنی ڕێبەریی ئەم حیزبە: بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد لە ٢٥ـی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٥، یەکەیەکی سیاسی لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان دادەمەزرێ، ئامانج لە دامەزرانی حیزبی دێموکرات چارەسەری پرسی کورد لە کوردستانی ئێران بووە. حیزبی دێموکرات چەند مانگ دوای پێکهاتنی توانی کۆماری کوردستان دابمەزرێنی کە تا ئەو کات یەکەم قەوارەی سیاسیی کورد بوو کە خاوەنی هەیئەتی وەزیران و چوارچێوەیەکی سیاسی بۆ ئیدارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. پاش ڕووخانی ئەو کۆمارە لە لایەن حەمەڕەزاشای پەهلەوییەوە، چالاکیی ئاشکرای ئەم حیزبە کۆتایی پێ دێ تا کودەتای ٢٨ـی گەلاوێژی ١٣٣٢ لە ئێران. کۆنفڕانسی سێهەم نوختە گۆڕانێکی گرنگی مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە لە زۆر بارەوە ئەم حیزبە بەرەو پێش دەبا. کاتێک لە کۆنفڕانسی سێهەم لە ساڵی ١٩٧١ د. قاسملوو دەبێتە سکرتێری حیزبی دێموکرات، ئەم حیزبە بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا دەبێتە خاوەن بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆ، واتە مانیفێستی تایبەت بە خۆی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران. هەروەها بۆ یەکەم جارە کە دروشمی تاکتیک و ستراتێژیی حیزبی دێموکرات دیاری دەکرێ، بە گشتی بەدەستەوە گرتنی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن د. قاسملووەوە، فۆرمێکی ئوسوولی و مۆدێرن بەم حیزبە دەدا. مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە لەم بارەوە لە کورتە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دەڵێ: "بەڕاستی تەنیا پاش هاوکاری لەگەڵ قاسملوو بوو کە ئێمە شتێکمان لە مانای دروستی حیزبایەتی و کاری ئوسوولیی حیزبی بەرچاو کەوت و کەم و زۆر فێری بووین."   ڕۆڵی د. قاسملوو لە جیا کردنەوەی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە حیزبی توودە   سەربەخۆیی سیاسی وەک ئەسڵێک لە مێژووی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان و حاکم بوونی فەزای پۆلیسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکان و ئەندامانی حیزبی دێموکرات بۆ درێژەدان بە چالاکیی خۆیان وەک لقی کوردستانی ڕێکخراوی توودەی ئێران لە قەڵەم دەدرێن. لە وەها حاڵەتێک‌دا ئەو چالاک و ئەندامانەی حیزبی دێموکرات کە لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری کوردستان، بۆ وەدی‌هێنانی مافی نەتەوەیی خەباتیان دەکرد، چیی دیکە لە چوارچێوەی سازمانی توودەدا ناتوانن درێژە بەو چالاکییە بدەن، چونکە سازمانی توودە هیچ باوەڕێکی بە پرسی نەتەوەیی نەبووە. دوو پرس دەبنە هۆکاری جیا کردنەوەی خەباتی  ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تەشكیلاتی توودە، کە دەبێ وەک یەکەم دەسکەوتی سیاسیی د. قاسملوو بۆ حیزبی دێموکرات لە قەڵەم بدرێ. ١- ڕوانگەی حیزبی توودە بۆ پرسی نەتەوەیی. ٢- لایەنی ئەمنیەتی و زاڵ‌ بوونی ساواکی شا بە سەر حیزبی توودەدا. شکستی ستراتێژیکی حیزبی توودە و لاوازی و خۆ ڕانەگریی ڕێبەرانی و بە تایبەتی گرنگی نەدان بە پرسی نەتەوەیی بوو بە هۆی ئەوەی کە بەشێکی بەرچاو لە کادر و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕوانگە و باوەڕەکانیان بە حیزبی توودەدا بچنەوە. جەلیل گادانی کادرێکی هەڵسووڕی حیزبی دێموکرات لەو ساڵانەدا دەڵێ: "ئەم دۆخەی حیزبی توودە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی، زۆر ناڕازی کردبوو." حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ مودیریەتی ئەم دۆخە و تاوتوێ کردنی هێندێک بابەتی نوێ کە لە پاش کودەتای ٢٨ـی گەلاوێژ بۆی هاتبوونە پێش، پێک‌هێنانی کۆبوونەوەیەک لە کادرە باڵاکانی بە پێویست زانی، ئەگەر چی لە هەل و مەرجی دژواری خەباتی نهێنییشدا بوون. بۆ ئەم مەبەستە لە هاوینی ساڵی ١٣٣٤ بە بەشداریی نزیک بە بیست کەس لە چالاکانی حیزب لە گوندێکی دەوروبەری مەهاباد کۆبوونەوەکە بە شێوەی نهێنی پێک هات، لەو کۆبوونەوەیە کە پاشان ناویان لێ نا کۆنفڕانسی یەکەمی "حدک"، سەرەڕای دەست‌نیشان کردنی ئەرکە هەنووکەییەکان دوو بڕیاری گرنگیان دا. د. قاسملوو کە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوو دەڵێ: "بڕیارمان دا کە کۆتایی بە پێوەندی لەگەڵ حیزبی توودە بێنین و حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک حیزبێک کە خاوەن تەشکیلاتی سەربەخۆ بێ، جیا لە حیزبی توودە درێژە بە چالاکیی سیاسیی خۆی بدا. چونکە ڕامانی ئەوە بوو کە حیزبی توودە هەم لە سەر مەسەلەی " موسەدیق"ـە هەم لە سەر کودەتای ٢٨ـی گەلاوێژ چەوت ڕۆیشتوە. هەروەها نەزەرمان ئەوە بوو کە حیزبی توودە "پلیس‌زدە" بووە و هەر پێوەندییەک لەگەڵ حیزبی توودە لە تاران بگیردرێ؛ ئاکامی ئەوە دەبێ کە لە داوی پۆلیس بکەون."   بنەمای دامەزرانی پێوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حکوومەتی ئەو کاتی عێراق جوغرافیای کوردستان بە گشتی واتە لە چوارپارچەی کوردستان، بە جۆرێکە کە بەداخەوە کێشەی بۆ زۆرێک لە بزاڤە ڕزگاری‌خوازەکانی کورد لە مێژووی ئەو نەتەوەدا دروست کردوە. یان بە واتایەکی دیکە بەشێک لەو بزاڤگەلە بۆ درێژە دان بە چالاکیی خۆیان و خەباتی لەگەڵ ئەو حکوومەتەی کە کێشەی سیاسی و نەتەوەییان لەگەڵدا هەیە پێویستییان بە پشتی جەبهە هەبووە -وەک هەر بزاڤێکی ڕزگاری‌خوازانەی دیکە-، بەڵام بە داخەوە هەر بەو جۆرە کە ئاماژەمان پێی دا بە هۆی دابەش‌بوونی کورد لە نێوان چوار وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، لە قۆناغگەلێکدا هێندێک لە لایەنە کوردییەکان ناچار بوون ئیمتیاز بە حکوومەتەکانی دیکە بدەن کە بە ڕواڵەت  پشتی جەبهەی ئەو لایەنانە بووە، یان واز لە چالاکیی خۆیان بێنن و تەنانەت لە مێژووی بزووتنەوەی کوردیشدا هەیە، کە بزووتنەوەی نەتەوەیی پارچەیەک لە کوردستان فیدای سات و سەودای نێوان داگیرکەرانی کوردستان یان خیانەتی حکوومەتێکی داگیرکەری ئەم ناوچەیە بووە. هەر بۆیە بە گشتی  بۆ بزاڤی کورد ئەستەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین درێژە بە چالاکی و خەباتی خۆی بدا، بەبێ ئەوەی زەرەر لە سەربەخۆیی ئەو بزووتنەوانە بدا. بەڵام چالاکی و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەدژ حکوومەتی ناوەندیی ئێران بە بەڵگە و دێکومێنتەوە، هەرگیز بۆ جارێکیش بووبێ سەربەخۆیی خۆی فیدای پێوەندیی دوو لایەنە لەگەڵ هیچ کام لەو حکوومەتانە نەکردوە. بۆ زیاتر ڕاڤە و بەرچاوڕوونیی پێوەندیی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان و حکوومەتی ئەو کاتی عێراق، پێویست دەکا سەرەتا  ئاماژەیەک بە بنەمای چۆنیەتیی دامەزرانی پێوەندییەکەیان بدرێ. مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە لە کورتە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بەم جۆرە باسی دەکا: "هێندێ خاڵی هاوبەش لە نێوان حیزبی دێموکرات و حیزبی بەعسدا باس کرابوون وەک ئەوە کە هەر دوو حیزب خەباتی دژی ئێمپریالیستی دەکەن، هەروەها خۆیان بە دۆستی وڵاتانی سۆسیالیستی دەزانن، حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ خودموختاریی کوردستان تێ دەکۆشێ و حیزبی بەعسیش خودموختاری بۆ کوردستانی عێراقی بە فەرمی ناسیوە." پاشان هەر لەو نووسینەدا هاتوە، حیزبی دێموکراتی کوردستان هەم دۆستی حیزبی بەعسی عەرەبە و هەمیش دۆستی پارتی دێموکراتی کوردستانە. بەڵام ئەگەر ڕۆژێک ئەو دوو دۆستەمان نێوانیان تێک بچێ حیزبی دێموکرات دۆستایەتیی هیچ کامیان بۆ ئەوەی دیکە وەلا نانێ. ئەو جۆرە بنەما دانانە بۆ پێوەندی لەگەڵ حکوومەتێک کە بۆ خۆیشی پرسی کوردی هەبووە، دەبێتە ئەسڵێک لە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تا ئێستاشی لەگەڵ بێ وەک میراتێک بۆ ئەم حیزبە ماوە و تەنانەت بۆ جارێکیش حیزبی دێموکرات بە پێی ئەو بەڵگانەی کە پاش ڕووخانی حکوومەتی سەدام بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بوون، نەچووەتە ژێر باری هیچ داخوازییەکی ئەو حکوومەتەوە کە سەربەخۆ بوونی حیزبی دێموکرات بباتە ژێرپرسیار. داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئامریکا لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڵوێستە لۆژیکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان تەنیا هیی قوناغی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران نین، بەڵکوو دوای هاتنە سەر کاری ئەم ڕێژیمە ئیسلامییەش بە پێی بەڵگە مێژووییەکان حیزبی دێموکراتی کوردستان سەربەخۆیی سیاسیی خۆی پاراستوە. پاش هاتنە سەر کاری خومەینی هاوبیرەکانی کە جگە لەو پێناسەیە کە بۆ خۆیان لە بیرۆکەی دینیی خۆیانیان دەکرد، لە دەرەوەی ئەو بازنەیە، هەموو کەسیان بە دوژمنی خۆیان دەزانی و بۆ پێش بردنی بیرۆکەی توندڕەوانەی خۆیان هەموو عورف و عادەتێکی باویان لەژێر پێ دەنا. بۆ نموونە لە ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ کۆمەڵێک کە ناوی " خوێندکارانی موسوڵمانی پێڕەوی خەتی ئیمام"ـیان لەسەر خۆیان دانابوو، پەلاماریان بردە سەر سفارەتی ئەمریکا لە تاران و هەموو کارمەندەکانیان بە بارمەتە گرت. زۆر لایەن و ڕێکخراو هەبوون کە ئەو کات ئەو کردەوەی ڕێژیمیان وەک دژایەتیی "ئێمپریالیزم" لا پەسەند بوو و شانازییان پێوە دەکرد تەنانەت بە پێی بەڵگە مێژووییەکان هێندێک لەو ڕێکخراوانە ئەندام یان لایەنگریان لە نێو "خوێندکارانی موسوڵمانی پێڕەوی خەتی ئیمام" هەبوو. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕاگەیاندنێکدا بە فەرمی هەڵوێستی خۆی بەم جۆرە دەر دەبڕێ: "ئەو هەنگاوەی ڕێژیمی ئیسلامی بە شتێکی پێچەوانەی ڕێوشوێن و یاسا نێونەتەوەییەکان دەزانێ و مەحکوومی دەکا. حیزبی ئێمە ئەو کارەی بە هەوڵ و تەقەلایەک بۆ بە لاڕێدا بردنی بیروڕای خەڵکی ئێران لە مەسەلە بنەڕەتییەکان دەزانێ و بە هیچ جۆر فریوی ئەو فەزایەی نەخوارد کە پڕوپاگەندەچییەکانی ڕێژیم پێکیان هێنابوو." شەڕی ئێران و عێراق و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتێک کە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی واتە ئینقلاب دەکرێ پێک دێ، لۆژیکی ئەوەیە کە ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، دۆخی ئاڵۆزی نێوخۆی وڵات ڕێک بکا و هەروەها پێوەندییەکی دروستیش لەگەڵ دراوسێکانیدا ساز بکا. بەڵام پێچەوانەی ئەو لە پاش ئینقلابی ١٣٥٧ لە ئێراندا دەبینرێ. لە نێوخۆ هەموو دەنگ و ڕەنگێکی جیاواز سەرکوت دەکرێ و هیچ فەزایەکی کراوە بۆ چالاکیی ڕێکخراوە سیاسییەکان نامێنێ. ئەو جۆرە هەڵسوکەوتەی خومەینی و هاوبیرانی دەچێتە چوارچێوەی ئەو پێناسەیەی کە بۆ خۆیان بۆ ئینقلاب کردبوویان واتە ناردنە دەرەوەی شۆڕش یان "صدور انقلاب". ئەڵبەت ناردنە دەرەوی شۆڕش زیاتر بۆ ئەو مەبەستە بووە کە ڕێژیم توانایی بەڕێوەبردنی وڵاتی نەبووە، چونکە زۆربەی زۆری بەڕێوەبەرانی وەک کەسانی خودی و نزیک بە بیرۆکەی خومەینی لە قەڵەم دەدران و، تا پێش ئینقلاب وەک مەلا و ئاخوند لە حەوزە عێلمییەکاندا خەریکی خوێندنی بابەتی دینی بوون، نەک ئەوەی کە بۆ ئیدارەی وڵات ئامادە کرابن؛ لە وەها حاڵەتێکیشدا  دیارە کە قەیران لە نێوخۆ دروست دەکرێ. ڕێژیمی ئیسلامی بۆ داپۆشینی ئەو گشتە قەیرانە کە لە نێوخۆ لەگەڵیان بەرەو ڕوو ببوو، سیاسەتی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی وەک یەکێک لە سیاسەتە ئەسڵییەکانی خۆی لە بەرنامەی کاریدا گونجاندبوو. یەکەم وڵات کە خومەینی و هاوبیرەکانی دەیان‌هەویست شۆڕشی سەرتاسەریی تێدا وەڕێ بخەن، عێراق بوو. زۆرێک لە لایەنگرانی خومەینی و تەنانەت خۆیشی جواب کردنی خومەینی لە عێراقیان لە ساڵی ١٣٥٧ـی هەتاوی وەک دوژمنایەتییەکی گەورەی عێراق دەرحەق ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەقەڵەم دەدا و لە هەوڵی تۆڵە ئەستاندنەوەدا بوون. زۆرجار خومەینی و و هاوبیرەکانی باسی پێویستیی ڕزگار کردنی عێراق و ڕووخاندنی ڕێژیمی بەعسیان دەکرد و بە ئاشکرا خومەینی ئەرتەشی عێراق و شیعەکانی ئەم وڵاتەی هان دەدا دژبە سەدام حوسێن ڕاپەڕن. هەمووی ئەمانە پێوەندیی نێوان ئێران و عیراقیان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبرد تا ئەوەی کە کار گەیشتە جێگایەک، سەدام حوسێن لە بەرچاوی بیروڕای گشتی و لە بەرامبەر دووربینەکانی تەلەڤزیۆندا ڕێکەوتن‌نامەی ساڵی ١٩٧٥ـی ئەلجەزایری دادڕی و یەک‌ لایەنە ئەو ڕێک‌کەوتن‌نامەیەی هەڵ‌وەشاندەوە.   حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند ڕۆژ دوای هەڵ‌گیرسانی شەڕی ئێران و عێراق لە پەیامێکی فەرمییدا دەستدرێژیی دەوڵەتی ئەو کاتی عێراق بۆ سەر وڵاتی ئێران مەحکووم دەکا و، بە ئاشکرا هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێ، کە ئەگەر "دەوڵەتی ناوەندیی ئێران داخوازییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردستان بە فەرمی بناسێ، حیزبی ئێمە ئامادەیە تەواوی هێزی خۆی بۆ بەرەنگار بوونەوەی پەلاماری ئەرتەشی عێراق وەکار بخا. کومیتەی ناوەندی هەر لەو کاتەشدا ئاشکرای کرد کە پەلاماری عێراق بۆ سەر ئێران تا ڕادەیەکی زۆر بەرهەمی سیاسەتی چەوتی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییە کە هەمیشە باسی ناردنە دەرەوەی شۆڕشیان کردوە." ئەو چەند بابەت و هەڵوێستە سیاسییانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە ئاماژەیان پێ درا بەشێکی کەم لە هەڵوێستە گشتییەکانی ئەم حیزبەیە کە لە ماوەی خەباتی خۆیدا وەک حیزبێکی دەروەست ڕەچاوی کردوون و وەک ئەسڵێک لە خەباتی ئەم حیزبە لە قەڵەم دەدرێ. ئەو هەڵوێستە سیاسی و لۆژیکیانە کە حیزبی دێموکرات لە سەردەمی سکرتێریی د. قاسملوودا گرتوویە، زیاتر بەرهەم و شوێن‌دانەریی ڕێبەریی د. قاسملوو بووە. وەها هەڵوێست و جۆری خەبات بە دژی ڕێژیم و دەروەست بوون لە هەمبەر خەڵکی کوردستان و تەنانەت پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، دەبێتە هێڵی جیاکردنەوەی بیر و هزری د. قاسملووی نەمر و حیزبی دێموکراتی کوردستان.