کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خواستی دادپەروەری لەهەمبەر مافی مرۆڤ

04:27 - 4 گەلاوێژ 2720

دادپەروەریی دابەشکارانە گریمانە ئەوەیە کە تاکی ئاوەزمەند دەخوازێ بە ئامانجەکانی خۆی شاد بێ و بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە کەڵک لە باشترین کەرەسە وەربگرێ. بە لایەکەی تردا ڕەوشی زاڵ بەسەر ئەم دۆخە جۆرێکە کە تاکەکان هیچ ڕێگە چارەیەکیان جگە لە پاراستی ئینساف نییە، چوونکە لە پشت پەردەی نەزانینەوەن و ئاگایان لە دواڕۆژ و بەرژەوەندی خۆیانەوە نییە. بەپێێ ڕەوشی یەکەم کە بنەمایەکی تێدا دەستنیشان دەکرێ، دەتوانین ڕزامەندی و نەبوونی ڕزامەندیی خۆت ڕێک دەگەڵ مەرجی وەرگرتنی ڕەوشی یەکەم ڕابگەیەنین. ئەم کەسانە ئاکارین، واتە بە ئینسافن و تەماح دە یەکتر ناکەن و باشترین کەرەسە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەکار دێنن. ئەو ڕێککەوتنەی لەم ڕەوشەدا وەدەست دێ، دادپەروەرانەیە. لەم دۆخەدا، تاکی ئاوەزمەند ڕێگەچارەیەکی تر جگە لە ڕێککەوتن لەسەر بنەمای دادپەروەری کە پێشتر شرۆڤەمان کردوە، نییە. چونکە لە ڕێگەی ڕێککەوتن لەسەر ئەم دوو بنەمایەیە کە لە دژوارترین دۆخدا، بەرگری دەکا.   خواستی دادپەروەری لەهەمبەر مافی مرۆڤ: مرۆڤی ژیر و ئاگا لە ڕەوشی یەکەمین، لە سنووری مافمەندی سیاسی-سڤیل لەسەر دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین و ئازادیی تاکەکەسی لە بەستێنی مافی ئابووری-کۆمەڵایەتی، بۆ دابینکردنی ژیانی مرۆڤ بۆ هەموولایەک ڕێک دەکەوێ. لە ڕاستیدا بابەتی سەرەکیی یەکەم و دووهەمی دادپەروەری بێجگە لە پاراستنی ئەم دوو مافە نییە. بەڵام لە پێوەندی دەگەڵ پێوەندیی ئەم دوو مافە لەتەک مافی مرۆڤ دەتوانین بڵێین کە مافی دیاریکردنی چارەنووس و ئازادیی تاکەکەسی دەتوانێ سەرجەم مافی مەدەنی-سیاسیی باسکراو لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ لەخۆ بگرێ. لە ڕەوشی یەکەمین لە پشت پەردەی نەزانی بە پێویستی ڕێککەوتنێکی گریمانەیی سنووردار کردنی لە ڕادەبەدەری ئازادییەکانە. کەوابوو سیستەمی دادپەروەرانە ئەو شێوازەیە کە لانیکەمی ئیمکانی ئازادییەکان و مافی سەرەکیی مەدەنی-سیاسی دەدرێتە شارۆمەندان. ماف و ئازادیگەلی وەک ئازادیی بەیان، ڕادەبڕین، بیرکردنەوە، ئازادیی ئایین، ئازادیی گردبوونەوە و ئازادییە کەسییەکانی تر. دابینکردنی ژیانی ئینسان، لەبەرچاوگرتن و بەڕێوەبەریی ئازادی لە بازاری کار، سامان و بەرهەمهێنان و دابەشکردنی داهات کە کاکڵەی بنەمای دووهەمی دادپەروەرییە. مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و مافی هەبوونی تەندروستی کە هەموو کەسێک دەبێ ئەمانەی هەبن، لەخۆ دەگرێ و لە بەستێنی مافی بەکۆمەڵی ئاشتی، ژینگەی پاک و ژیانی مرۆڤی گەشەکردوو لە کەرەسەی ژیانی کۆمەڵایەتیی سالم دێتە ناسین کە هەموو نەتەوەیەک دەبێ هەیبێ. کەوابوو ئەم مافانە جگە لەوەیکە لە بنەمای دووهەمی دادپەروەری ئاکامگیری دەکرێ، وەک ئەو دەستە لەو خاڵانەی دەتوانین بژمێردرێن کە، مرۆڤەکان ئەگە خۆیان لە ڕەوشی یەکەم دابنێن ڕێکەوتنی لەسەر دەکەن. چونکە لەم ڕەوشەدا خەڵک و گەلانی جیهان ئاگاداری جێگە و پێگەی خۆیان نین. هەربۆیە، هەوڵ دەدەن لەسەر هیندێک بنەما دەگەڵ یەکتر ڕێک بکەون کە بەرژەوەندییەکانیان لە خراپترین حاڵەتیشدا دەپارێزێ. کەوابوو هەرتاکێک و نەتەوەیەک شیمانەی ئەوە دەکا کە ئەگە لە خراپترین دۆخ لە بواری ڕادەی گەشە، ئاسایش و ئاشتی هەڵکەوێ، ڕێککەوتن لەسەر ئەم بنەمایانەی کە باقی خەڵک و گەلانی تری دنیا ئەرکدار دەکا بە بەرهەمهێنانی ئاشتی، گەشەی ئابووری و ژینگەیی بۆ هەموولایەک، زۆر ژیرانە و مەعقوڵ دەبێ. بە ئاوایەکی تر لە بەستێنی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و لە پانتایی مافگەلی وەک مافی ئاشتی و شتی لەم چەشنەیە، پێویستیی ڕێککەوتنی گریمانەیی بۆ دابینکردنی ژیانێکی ساغ و مرۆیی بۆ هەموو ئینسانەکان بێت کە تێیدا ویستی گشت بنیامەکان لە ڕووی خواردن، دەرمان و ساخلەمی. خوێندن، سەرپەنا، ژینگەی خاوێن و بەتاڵ لەم چەشنەیە دابین بکرێن. بەپێێ ئەم بنەمایە ئازادییە تاکی و داهات و ئابووری کێبرکێی و ئازاد کە سەرجەم نێوەڕۆکی بنەمای یەکەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەوڵەتەکان و یاسای بابەتییانە بە مەبەستی دابینکردنی ئامانجی باسکراو، مافی خۆتێوەردان و نەزمی بازاری کار، سامان و بەرهەم‌هێنانیان هەبێ و لە ڕێگەی ماڵیات بە جۆرێک لە دابەشکاریی سەروەت و سامان بە مەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی و بەرابەریی ژیانی مرۆڤ دەستێوەردان بکا، ئەمە ئەو شتەیە کە دەکرێ ناوی دادپەروەریی دابەشکارانەی لەسەر دابنێین. بە کورت و بە پوختی ئەوەی لەم بەشانەدا باسمان کردوە، تیۆریی دادپەروەری وەک ئینساف لە ڕاستیدا تیۆرییەکە لە بەستێنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دادپەروەری دابەشکارانە. دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەم تیۆرییەدا پێداگرە لەسەر بەرابەری و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ کە لە چوارچێوەی بناخەی یەکەمی دادپەروەری دەکرێ بەیانی بکەی، دادپەروەریی دابەشکارانە جەخت دەکاتەوە بۆ دابینکردنی ژیانێکی لەبار و ڕێکوپێک بۆ سەرجەم بەشەرییەت کە نێوەڕۆک و مژاری سەرەکیی بنەمای دووهەمی دادپەروەری بوو.