کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستان و ترسی ڕێژیم لە گڵکۆی شەهیدانمان

04:32 - 4 گەلاوێژ 2720

لەو وڵاتانەی کە هێشتا بۆ بەشێک لە تاوانەکان، سزای سێدارە هەیە، بەڕێوەچوونی ئەم سزایە وەک سەرجەم حوکمەکانی تر بەپێی ڕەوش و پرەنسیپێکە، کە ڕەچاو کراوە و بڕیاری لەسەر دراوە. لە ڕاستیدا ڕێسای جێبەجێ کردنی سزادان بۆ ڕوونبێژیی یاسا دەگەڕێتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە هزر و بۆچوونی یاسایی و مافمەندیی خۆی ڕێساگەلێکی بۆ شێوەی ڕوودانی تاوان (تۆمەت)، مافی تاوانبار (تۆمەتبار)، سەلماندنی تاوان و مافی سووچبار پێناسە کردوە. لەم باسەدا دەمانهەوێ، لە گۆشەنیگای یاسای سزادانەوە باسێکی کورت لە سزای سێدارەدان لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر تۆمەتبار (محارب و مفسد فی الارض)، هەروەها خوێندنەوەیەک بۆ مافی کەسی تاوانبار لە دەستپێکی تاوان هەتا سەلماندن و بەڕێوەبردنی حوکمەکەی بکەین.
ئەو خاڵە دەبێ لەبەرچاو بگرین کە یاسای تایبەت بە تاوانبارانی سیاسی بەپێی بڕیارنامەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە نێوان تۆمەتبارانی سیاسی و موحارەبین و موفسیدین تەوفیرێکی زۆر دادەنێ. هەرئەوە بەسە کە ئاماژە بە بڕگەی یەکەمی ئەو یاسایە بکەین کە دەڵێ: “ئەگەر بە هۆکاری چاکسازیی کاروباری وڵات، بە دژی بەڕێوەبردن و دامەزراوە سیاسییەکان یان سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ڕوو بدا، بەبێ ئەوەیکە ویستبی زیان بە بناخەی نیزام بگەیەنێ، ئەمە بە تاوانی سیاسی دادەنرێ.” لە بڕگەی دووهەمی ئەو یاسایەدا تاوانەکان باس کراون و لە بڕگەی پێنجدا سەلماندنی سیاسی‌بوونی تاوانبار بۆ دادگا یان ئەو دادسەرایە دەگەڕێتەوە کە دۆسییەکەی لەوێدا بەدواداچوونی بۆ دەکرێ. لە یاسای تاوانی سیاسیدا سزای ئێعدام بۆ سووچبارانی سیاسی لەبەرچاو نەگیراوە، بە ڕوانینێکی تر ئەو دەستە لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و هتد… کە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێ لە ڕیزی تاوانەکانی وەک شەڕکەرەکان (محاربین) و گەندەڵکاری سەر زەوی (مفسد فی الارض) دادەنرێن. حکومەت بە کەلک وەرگرتن لە بۆچوونی یاسایی خۆی و یاسا باوەکان دەستی قازییەکانی بۆ ناساندنی چالاکانی سیاسی لە چوارچێوەی “محاربە و مفسد فی الارض” بووندا ئاوەڵا کردوە. هەرچەند محارب و مفسد فی الارض پێناسەیەکی ڕوونیشیان بۆ نەکراوە، بەڵام دەسەڵات زۆر جار لە شێوەی دادگایی کردن و ڕەوتی لێپرسینەوەکان و جۆری بەڕێوەبردنی یاساکان وحوکمە داسەپاوەکانیشدا یاسا پێشێل دەکا و ڕێز لە یاسای خۆیشی ناگرێ، ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەموو وڵاتانی جیهان یاساکان ڕوحی وشیاری و ڕێگای پێوەندیی دادپەروەری و دێموکراسین. بەپێی ئەسڵی ٣٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کاتێک تاوانبار دەکەوێتە ژێر لێکۆڵینەوە و چاودێری، دەتوانێ داوا بکا پارێزەرەکەی لەوێ بەشدار بێ. بەڵام لە هیندێک لە تاوانەکان، تاوانبار پاش ماوەیەک لە لێپرسینەوەی هێشتا نەیتوانیوە وەکیلی خۆی ببینێ، یاسای جێبەجێکردنی سزاکانیش بە ڕاشکاوی لە بڕگەی ٤٨دا هێناویەتی کە، کاتێک تۆمەتبار دەگیرێ، دەتوانێ داوای پارێزەری خۆی بکا. هەروەها نەبوونی پارێزەر و ئیزن پێنەدان بۆ گرتنی وەکیل بۆ بەرپرسانی داد بە تاوان دادەنرێ. ئەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر هاووڵاتییەک کە لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە تۆمەتبار دەکرێ و بەدوایدا دەنێرن، بتوانێ لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش نەکرێ، هەروەها بوون و بەدواداچوونی پارێزەر لای تۆمەتبار ناچارەکییە و پێویست. لەم پێوەندییەدا، ئەو تاوانانەی سزاکەیان ستاندنی گیانی بنیادەم، پەڕاندنی ئەندامێکی جەستە و حوکمی زیندای دووروودرێژن، هیچ دادگایەک ناتوانێ بەبێ بوونی وەکیل حوکمیان لەسەر بدا. لە یاسای ڕێز گرتن لە ئازادییە مەشرووعەکان و پاراستنی مافی هاووڵاتی و بڕگەی (٣)‌شدا ئەوە هاتوە کە دەرفەتی کەلک وەرگرتن لە پارێزەر دەبێ هەبێ. لە یاسای جێبەجێکردنی سڤیلیش، مافی هەبوونی پارێزەر بەڕوونی لە بڕگەی ٣١ی ئەو یاسایەدا هاتوە. لە دەقەکانی نێودەوڵەتی کە مافی مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتییان ڕۆناوە، لە پەیماننامەی مافی مەدەنی و سیاسی بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لە دێری “داڵ” بڕگەی ١٤ ئاماژەی بە مافی هەبوونی پارێزەر کراوە. ئەم مافە وەک مافێکی ڕەوا بۆ سەرجەم خەڵکی دنیا بە ڕەوا زانراوە و وڵاتانی دنیا جگە لە دان پێدانانیان لە یاسا گشتگیر و جیهان‌شموولەکان هێناویتیانە نێو ڕێسا و یاسای نێوخۆی خۆیشیان و بە ڕێزەوە کەلکی لێ وەردەگرن. لە ڕەوتی کردەوەیی قۆناخەکانی دادگایی کردن بە تایبەت تۆمەتبارانی سیاسی و مەدەنی زۆرجار بینراوە کە مافی هەبوونی پاڕێزەریان پێ نەدراوە یان پارێزەرەکانیان تووشی کێشە و گرفت کردوون، با ئەوەش بڵێین کە بۆ چالاکانی سیاسی ئەو بەشەی پێی دەگوترێ “محارب و مفسد فی الارض”، تۆمەتبار دەبێ پارێزەری خۆی لە لیستی ئەو وەکیلانە هەڵبژێری کە دادگای شۆڕش بۆی داناون! ئەو پارێزەرانەش هەر هەموویان ئەو کەسانەن کە دەبێ ناوەندە ئەمنیەتییەکان پەسندیان کردبێتن و سەربەخۆییان هەتا ئەو جێگایەیە کە جەنابی قازی و کاکی ئیتلاعاتی پێی ڕازین! کاتێک کەسێک سزای سێدارەی بەسەردا دەسەپێ، لەبەر هەستیار بوونی بابەتەکە دەبێ زۆر زیاتر لە تاوانبارانی تر مافی تۆمەتبار بپارێزرێ، لە مافی هەبوونی پارێزەر بگرە هەتا چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی و پێوەندی تەلەفۆنی و مافی ناڕزایەتی‌دەربڕین؛ بەڵام بە لەبەر چاو گرتنی مێژووی سیستەمی داد لە ئێران هیچ کات ئەم خاڵانە ڕەچاو نەکران و تۆمەتبارانیش مافیان پێشێل و خوراوە. بەتایبەت لە پەروەندەی زیندانیانی سیاسیی کورددا، بەندکراوە سیاسییەکان لە چەند خولەکدا بە “محارب” دەناسرێن، لە حاڵێکدا ئەو تاوانە یەکێک لە قورسترین تاوانەکانی یاسایی کۆماری ئیسلامییە کە پرۆسەی سەلماندنی، بەڵگەمەندییەکی یەکجار زۆری پێویستە و، سەرنجدان بە پرۆتۆکۆلی ڕەوتی دادگەیی لەبەر هەستیار بوونی بابەتەکە، کاتێکی زۆر دەخایەنێ نەک چەند خولەکی بێبەزە! ڕوونە کە لێرەدا دەسەڵات دەیهەوێ هەرچۆنێک بێ گیانی ئەو کەسانە بستێنێ و باقی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردی پێ چاوترسێن بکا کە بەدوای مافی ڕەوای نەتەوەی کورددا خەبات دەکەن. هەر بەپێی قانوون کاتێک تۆمەتبار بە سێدارە، بەر لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی بخوازی کەسێک ببینێ، دەبێ ئەو کەسەی بۆ بێننە بەندیخانە و بیبینێ، بەڵام ئەو مافەش لە زۆربەی هەرە زۆری زیندانیانی سیاسیی کوردی مەحکوم بە ئێعدام زەوت کراوە. هەر بەپێی قانوون دوای بەڕێوەچوونی فەرمانی سێدارە و دڵنیابوون لە مردنی کەسەکە لەلایەن پزیشکی دادوەری یان پزیشکێکی جێی متمانە، مەیتەکە دەبێ بچێتەوە پزیشکی دادوەری هەتا لەوێوە بدرێتەوە بە بنەماڵەی کەسە ئێعدام کراوەکە. بەڵام هیچ زیندانییەکی سیاسیی کوردی ئێعدامکراو یان ئەو پێشمەرگانەی لە مەیدانی شەڕدا شەهید بوون و تەرمەکانیان کەوتۆتە دەست دوژمن، تەرمەکانیان شرت‌وگوم کراون و کەس نازانێ لە کوێ نێژراون؛ یان ئاخۆ بەپێی شەرعی ئیسلام و ئەو یاسایەی کە نیزام باوەڕی پێیەتی تەسلیم بە خاک کراون یا نا؟ هەر لەو ماوەیەدا چەند زیندانیی سیاسیی کورد ئێعدام کران کە نموونەی باشن بۆ ئەو باسە. “هیدایەت عەبدوڵاپوور”، یەک لەو ئێعدامکراوانە بە تۆمەتی هاوکاری دەگەڵ حیزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە درا. فایلی ئەو زیندانییە سیاسییە هەر لە دەستپێکەوە و ڕاگەیاندنی تاوان بەدژی هەتا ڕەوتی دادگایی و لێپرسینەوەی پڕە لە لێڵی و ناڕوونی و کێشەی یاسایی. دواجاریش بەبێ ڕاگەیاندنی پێشوەختە بە بنەماڵە و پارێزەرەکەی و نەدیتنی کەسوکار و تەنانەت ژن و مناڵەکەی، لەدار درا و تەرمەکەشیان شوێن‌بزر کرد. بەچاوخشاندنێکی کورت بۆ پەروەندەی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد دەردەکەوێ کە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و دەزگای دادی ڕێژیم بە شێوازێکی ڕقاوی و بوغز و غەرەزەوە هەڵسووکەوت دەگەڵ ئەم چالاکانە دەکا کە ئەمە هۆکارگەلی جۆراوجۆری هەیە لەلایەلی دیکەش بێتوو سیستەمی دادی دەسەڵاتدار، دادپەروەری تەنانەت بەو شێوەیەی کە بۆخۆی لەسەر کاغەزدا پێناسەی کردوە بگریتە بەر، خێرا ئاستی داواکاری و مافویستیی تاکەکان و نەتەوەکانی نیشتەجێ لە ئێران بەرزتر دەبێتەوە. ئەو پێناسە نەکردنەی ویست و داخوازی تاکەکان و گەلانی ئێران لە نەستی سیاسی و باوەڕی ڕێژیم بەجۆرێکە کە هیچ کات ویلایەتی فەقیـ دانی پێدا نانێ هەربۆیە هەمووکات لە دەرەوەی یاسا مامەڵەیان دەگەڵ دەکرێ. بۆ میناک بەڕێوەچوونی دادگا نافەرمییەکان، هەڕەشە و گوشار بۆ سەر پارێزەران و بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکان، دەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و هەروەها ڕەوتی دادگایی کردنیان ئەوەندە ئاوەڵا دەکاتەوە کە بە کردەوەی سەروویاسایی جەوی خەفەقان و تۆقێنەر بڵاو دەکەنەوە. هەموو ئەو نادادپەروەری و نایاساییانە دەگەڵ هەموو ئەو کارەسات و جینایەتانە تەنیا ڕێگای خۆدەرباز کردنە لە پرسی جدی و لەسەر حەقی خەڵکی کوردستان، ئەو ڕستەیە کە حکومەتە ناخەڵکییەکان تەنانەت لە تەرمی بێ‌گیان و چاوی خەڵکی مەدەنی و سیاسیش دەترسێن ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە. هەوڵدان بۆ نوقم کردنی سەرجەم چالاکییەکانی خەڵکی و ویستی نەتەوەیی-خەڵکی و خوڵقانی جەوێکی ئەمنیەتی و سەرکوت کەرانە بە بەراورد دەگەڵ باقی ناوچەکانی ئێران، دانانی بێدادگەکان بۆ ستاندنی ژیان ئەم شەبەنگە لە خەڵکی چالاک و بێ سەروشوێن کردنی جەنازەکانیان، هێمای هۆویەتی نامرۆڤانەی ڕێژیمی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ***