کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاوی داهاتووی سیاسەتی ترامپ بەرانبەر بە ئێران

05:00 - 4 گەلاوێژ 2720

هەنگاوی داهاتووی سیاسەتی ترامپ بەرانبەر بە ئێران
(بەشی یەکەم)   نەیشنال ڕیڤیۆ_فرێد فلایتز و: کەماڵ حەسەنپوور   بڕیاری سەرۆک‌کۆمار ترامپ لە مەڕ کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێک‌کەوتنی ئەتۆمیی ٢٠١٥، کە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما لەگەڵ ئێران واژۆی کردبوو وێ‌دەچێ سەرکەوتنێکی بەرچاو بێ. ئەو سەرکەوتنە بە چەند شێوە دەبینرێن: کشانەوە لە بەرجام ئێرانی تەریک خستوەتەوە و پێشی بە داهاتی مەلایان گرتوە کە خەرجی سپاکەیان، گەشە پێ‌دانی مووشەک و بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دەکرد. ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان کە لە ئاکامی کشانەوە لە بەرجام  دووبارە چەسپاونەتەوە پێش بە ڕێژیمی ئێران دەگرێ کە پشتگیریی تێرۆریستان و بەکرێ‌گیراوەکانی بکا و، لەوانەیە تاران ناچار بکا کە هێزەکانی لە سووریە بکشێنێتەوە. جگە لەوە، کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕێک‌کەوتنەکە ئیزن بە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەدا تا لە بارەی ڕێک‌کەوتنێکی نوێ کە سەرجەم هەڕەشەکانی ئێران دژی خۆرهەڵاتی ناڤین و دنیا بگرێتەوە، وتووێژ بکا. لە کاتێکدا کە ئێران ئێستا خۆ لە وتووێژ لە بارەی ڕێک‌کەوتنێکی نوێ دەبوێرێ، بەڵگەی زیاتر لە بارەی گزەی ئێران لە بەرجام کۆ دەکرێنەوە، جگە لەوە دەورێکی نوێ لە توندوتیژی بە پشتیوانیی ئێران بۆ ورووژاندنی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەدا دەستیان پێ‌کردوەتەوە کە بۆتە پاڵ‌پێوەنانی وڵاتانی ئورووپایی بەرەو نزیک بوونەوە لە هەڵوێستی ترامپ، کە سەردەمێک دڵەڕاوکێیان لەو بارەوە هەبوو. بە پێچەوانەی بەڵگەکان، ڕەخنەگرانی سەرۆک‌کۆمار پێداگرن کە کشانەوە لە بەرجام شکستی هێناوە. بەڵگەی ئەوان بۆ ئەو هەڵوێستە ئەوەیە کە تا ئێستا هیچ جووڵانەوەیەک بۆ دەستپێکی وتووێژ لە بارەی ڕێک‌کەوتنێکی باشتر دەستی پێ نەکردوە و ڕەفتارە شەڕخوازانەکەی ئێران دوای کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە بەرجام، خراپتر بووە. زۆر لە ڕەخنەگران، کە پێشتر داوای لێ‌بوردنیان لە مەلایان دەکرد، ئەو کارە بە شێوەی ئاشکراتر دەکەن و، ئیددیعا دەکەن کە ڕێژیم ڕێک‌کەوتنە ئەتۆمییەکەی بەڕێوە دەبرد و ترامپ بەوە تاوانبار دەکەن کە ئایەتوڵڵاکانی ورووژاندوە تا ئەوان دوای کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان، بەرنامە ئەتۆمییەکەیان پەرە پێ‌ بدەن. ئیددیعای ملکەچ بوونی ئێران بە ڕێک‌کەوتنی بەرجام هەڵە و ساختەیە. جگە لەوە، کاردانەوەی ڕێژیم، ئاسەواری چاوەڕوان‌کراوی بڕیاری ترامپە و نابێتە هۆی بێ‌ئێعیبار کردنی کشانەوەکە. بانگەشەی دۆناڵد ترامپ لە کاتی کەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری لە ٢٠١٦، کە ڕێک‌کەوتنی ٢٠١٥ “خراپترین مامەڵەیە”، ڕەنگ‌دانەوەی دژایەتیی توندی زۆر لە ئەمریکاییەکان، بە تایبەتی کۆماری‌خوازەکان بوو. لە شێوەی داڕشتنەکەوە، نەخشەی ئۆباما ڕێگەی بە ئێران دەدا کە درێژە بە تەواو کردنی بەرنامەی تێکنۆلۆژیی پێوەندیدار بە چەکی ئەتۆمی، لە ڕێگەی ئاوەڵا هێشتنەوەی دەستی ئێران بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم، گەشە پێدانی سانتریفیووژی پێشکەوتوو بۆ پیتاندن و درێژە پێ‌دان بە کەلکوەرگرتن لە ڕێئاکتۆری ئاوی قورس، لە کاتی مانەوەی ڕێک‌کەوتنەکە دەدا. ڕەوایی ‌دانی تیمی ئۆباما بۆ ئیزن پێ‌دانی مەلاکان بۆ هێشتنەوەی بەرهەمهێنانی تێکنۆلۆژیی دروست‌کردنی چەکی ئەتۆمی، ئەوە بوو کە بەرجام گێزەرێکە کە ڕێژیم یەک ساڵ لە دروست‌کردنی چەکی ئەتۆمی دوور دەکاتەوە. بەڵام بنەماکانی پشکنین لە ڕێک‌کەوتنەکەدا هێندە لاواز بوون کە کاری ئێرانیان بۆ گزە کردن ئاسان کردبوو، باسی ئەوەش ناکەین کە زل‌هێزەکان و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی خۆیان لە جێ‌بەجێ‌کردنی ڕێک‌کەوتنەکە دەبوارد. بەڕیوەبەرایەتیی ترامپ نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بارەی گیروگرفتەکانی دیکەی ڕێک‌کەوتنەکە باس کردبوون. لاوازییەک کە بمانهەوێ وەک دەستپێک باسی بکەین ئەوە بوو کە ڕێک‌کەوتنەکە “کاتی کۆتایی” هەبوو، واتە ڕێگەی دەدا کە بەربەستە سەرەکییەکان لە ماوەی پێنج  تا هەشت ساڵ کۆتاییان بێ. کاربەدەستانی ئۆباما ئیددیعایان دەکرد کە ڕێک‌کەوتنەکە بەرنامەی مووشەکیی بالیستیکیی ئێران سنووردار دەکا. بە کردەوە، بەرجام نە وەک هیچ بەربەستێکی بۆ بەرنامەی مووشەکیی بالیستیکی ئێران دیاری نەکردبوو، بەڵکوو بڕیاری ٢٢٣١ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە پشگتیریی لە بەرجام کرد، لە ڕاستییدا ئابلۆقەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی دژی بەرنامەی مووشەکیی ئێران لاواز کرد. جگە لەوە، ڕێک‌کەوتنەکە شتی وای تێدا بوو کە مەلاکانی لە ڕوانگەی داراییەوە خاوەن توانایی دەکرد: سەرۆک‌کۆمار ترامپ زۆر جار هێرشی دەکردە سەر ڕێک‌کەوتنە ئەتۆمییەکە چونکە ١٥٠ میلیارد دۆلاری لە ڕێگەی سووک‌کردنی ئابلۆقەکانەوە و هەروەها ١.٧ میلیارد دۆلار پارەی نەغد کە وڵاتە یەکگرتووەکان دایەوە بە ئێران، کە ڕێبەرانی ئێران ئەو پارەیان بۆ بڕەو پێ‌دان بە بەرنامەی سەربازی، توانایی ئەتۆمی و هەوڵی جیاواز، لە نێویاندا تێرۆریزم بۆ ناسەقامگیرکردنی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست خەرج کرد. ڕێک‌کەوتنی ئێران هیچ بەربەستێکی بۆ لەغاو کردنی کرداری شەڕخوازانەی ئێران تێدا نەبوو.   جووت کردنی ئەوپەڕی زەخت لەگەڵ گونجاندن جێگرەوەی ترامپ بۆ بەرجام سیاسەتێکە بە ناوی “ئەو پەڕی زەخت”، ستراتێژییەکی توندوتۆڵی ئابلۆقەی ئابووریی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئاکاری شەڕەنگێزانە و تێک‌دەرانەی ئێران و ناچار کردنی بۆ وتووێژ لە بارەی ڕێک‌کەوتنێکی نوێ. ستراتێژییەکە هەروەها زیاد کردنی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەدا و ئامادەیی سەرۆک‌کۆمار بۆ کەلک‌وەرگرتن لە هێزی سەربازی لە جوابی ورووژاندنەکانی ئێرانیش دەگرێتەوە. لە ٢٨ـی مانگی مای ٢٠١٨، وەزیری کاروباری دەرەوە مایک پۆمپێئۆ، لە وتارێکدا لە هەریتێج فاوندەیشن، لیستەی دوازدە داوای وڵاتە یەکگرتووەکانی بۆ ڕێک‌کەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران پێشکەش کرد کە لە نێویاندا دەکرێ ئاماژە بە دەست‌هەڵگرتن لە پیتاندنی ئۆرانیۆم و کۆتایی‌هێنان بە شەڕەنگێزی و ورووژاندنەکانی ئێران لە ناوچە بکرێ. ئەگەرچی وڵاتە یەکگرتووەکان هەرگیز ئەو داواکارییانەی وەلا نەناون، سەرۆک‌کۆمار لە چەند هەلی جیاواز باسی خۆ گونجاندن لە بارەی وتووێژ لەگەڵ ئێرانی کردوە. ئەوە قەبووڵ کردنی پلانی سەرۆک‌کۆماری فەڕانسە، ئێمانوئێل ماکرۆن، لە پاییزی ٢٠١٩ بۆ وتووێژی دوولایەنە لەگەڵ ئێران، هێندێک سنووردار کردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و هەڵگرتنی ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان، دەگرێتەوە. نەخشەی ماکرۆن لەبەر پێداگریی ئێران لەسەر هەڵگرتنی ئابلۆقەکان لە لایەن ترامپ پێش دەست‌پێ‌کردنی وتووێژەکان، شکستی هێنا. هەموو ڕاوێژکارەکانی ترامپ لە بارەی ئامادەیی ترامپ بۆ سازان لە بارەی دەست‌پێکی وتووێژ لەگەڵ ئێران بە گوێرەی پلانی ماکرۆن، کەیف‌خۆش نەبوون. ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی پێشوو، جان بۆڵتۆن بە توندی دژی سووک‌کردنی ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بەو شێوەیە بوو و دەڵێن ئەوە بووە هۆی جیا بوونەوەی بۆڵتۆن لە سێپتامبری ٢٠١٩. بە گشتی، ستراتێژیی ئەو پەڕی زەخت سەرکەوتوو بووە، ئەگەر چی ئێران لاسارانە خۆ لە بەشداری لە وتووێژ لە بارەی ڕێک‌کەوتنێک کە جێگرەوەی بەرجام بێ، دەبوێرێ. ئابووریی ئێران لەژێر زەختی بێ‌وێنەی ئابووری بە هۆی ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان ئازار دەچێژێ کە دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی دژی ڕێژیمی ئێران. ناڕەزایەتییەکان دژی دەوڵەتی ئێران بە هەمان شێوە لە عێراق، لوبنان و سووریە، کە ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆتە هۆی پێشگرتن بە دەست‌ڕاگەیشتنی تاران بە سەرچاوەی دارایی بۆ پشتگیریی تاران لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران و هاوپەیمانە سیاسییەکانی لەو وڵاتانە، بەڕێوە چوون. ئەوە بۆتە هۆی نەگەیشتنی پارە بە ئەندامانی حیزبوڵڵا، بەکرێ‌گیراوە تێرۆریستەکانی ئێران لە لوبنان.     پشت‌ڕاست‌کرانەوەی گزەی ئێران لە کاتێکدا کە دەمێکە ئێران بە گزە کردن لە ڕێک‌کەوتنی بەرجام تاوانبار دەکرا، ئاشکرا کردنەکانی ئیسڕائیل لە ٢٠١٨ هیچ گومانێکی لەو بارەوە نەهێشت. گرێ کوێرەی نێوان ڕێژیمی ئێران و کۆمەڵگەی نێوەنەتەوەیی لە بارەی گزەی ڕێژیم، ڕەوایی بە ڕەت‌کردنەوەی ڕێک‌کەوتنی ئەتۆمی لە لایەن سەرۆک‌کۆمار ترامپ دەدا. ڕاپۆرتی جێگەی متمانە لە بارەی گزەی ئێران پێش کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان پێشکەش کران. ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی تەتۆمی لە دێسامبری ٢٠١٥ پشت‌ڕاستی کردەوە کە ئێران لە پێشکەش‌کردنی بیلانی ورد و ڕاستگۆیانەی بەرنامەی ئەتۆمی شکستی هێناوە، کە بە گوێرەی بەرجام پێش‌مەرجێکە بۆ سووک‌کردنی ئابلۆقەکان. ڕێکخراوی هەواڵگریی ئاڵمان چەند ڕاپۆرتی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە بارەی هەوڵی نهێنیی ئێران بۆ وەدەست‌هێنانی ئامێری ئەتۆمی، کە پێشێل‌کاریی ڕێک‌کەوتنەکەیە، بڵاو کردۆتەوە. لە جوولای ٢٠١٧، سێناتۆران تێد کرووز، تام کاتن، مارک ڕۆبیۆ و دەیڤید پەردوو نامەیەکیان بۆ وەزیری کاروباری دەرەوە، ڕێکس تیلەرسۆن، نووسی و تێیدا ئاماژەیان بە “پێشێل‌کارییە بەردەوامەکانی ڕێک‌کەوتنەکە” لە لایەن ئێرانەوە کرد. لایەنگرانی بەرجام ئەو تاوانبار کردنانەیان ڕەت دەکردەوە و باسی ئەوەیان دەکرد کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی جار لە دوای جار ڕایان‌گەیاندوە کە ئێران بەرجامی جێ‌بەجێ کردوە. بەڵام، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ملکەچیی ئێرانی تەنیا بە گوێرەی بەرنامەی ئەتۆمیی ڕاگەیەنراو لە بنکەکانی کە سەربازی نین و زنجیرەی دابین‌کەرانی کەلوپەل کە پێشتر ڕاگەیەنرابوو، بەراورد دەکرد. ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی هەروەها خۆی لە داوای پشکنینی بنکە سەربازییەکان (کە تاران ڕای‌گەیاندبوو ئیزنی پشکنینیان نادا) دەبوارد، ئەگەرچی وێ‌دەچێ ئەوان شوێنی کاری نهێنی لەسەر چەکی ئەتۆمی بن. گزەی ئێران لە بەرجام لە بەهاری ٢٠١٨ بە شێوەی کۆتایی پێ‌هێنەر ئاشکرا کرا، کاتێک کە سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهۆ باسی دزینی ڕێژەیەکی زۆر بەڵگە لە بارەی پرۆگرامی نهێنیی چەکی ئەتۆمیی ئێران لە لایەن سیخوڕانی ئیسڕائیلی کرد. بەڵگەکان بە ناوی ئارشیوی ئەتۆمیی ئێران، سەلماندیان کە ئێران لە ٢٠١٥ بەرجامی بە درۆ کردن لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی لە بارەی چالاکییەکانی پێوەندیدار بە چەکی ئەتۆمی، پێشێل کردوە. بەڵگەکان ئاشکرایان کرد کە ئێران نەخشەکانی بۆ دروست‌کردنی پێنج كڵاوی مووشەکی ئەتۆمی لە پێگەیەکی نهێنیی ژێرزەوی لە بنکەی سەربازیی پارچین، شوێنێک کە پارچەکانی چەکی ئەتۆمی پەرە پێ دەدان، لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی شاردۆتەوە. خۆ بواردنی ئێران لە دانی زانیاری لە بارەی ئاسەواری گەردیلەی ئۆرانیۆم کە لە ئەمبارێکی تاران دۆزرابۆوە، بووە هۆی پەرە گرتنی گرژی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی و وڵاتانی ئورووپا. لە مانگی مارس، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی داوای لە ئێران کرد تا لە بارەی سەرچاوەی گردیلەکانی ئۆرانیۆم “دەست‌بەجێ و بە تەواوی هاوکاریی بکا” و ئیزنی دەست‌ڕاگەیشتن بە سێ شوێنی دیکەش بدەن کە لە بەڵگەکانی ئەتۆمیی ئێراندا ئاماژە بە چالاکیی ئەتۆمیی نەدرکاو لەوێ کرابوو. لە ئاوریل، ئێران کۆتایی بە هاوکاری لەگەڵ ئەو لێکۆڵینەوانە هێنا کە پێشێل‌کارییەکی ئاشکرای دیکەی بەرجامە. درێژەی هەیە