کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەرییەکانی شەهید قاسملوو لە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کوردستاندا

05:03 - 4 گەلاوێژ 2720

٢٢ی پووشپەڕ یەکێک لە ڕۆژە تاڵەکانی مێژووی کورد و حیزبی دێموکرا‌ت و نەتەوەی کوردە. ئەو ڕۆژەی کە  ٣١ ساڵ لەوە پێش خوێنی بەناحەق‌‌ڕژاوی شەهیدی مەزن دوکتور قاسملوو لە لایەن دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری وییەن، پێتەختی ئۆتریش ڕژایە سەر خاک و بەداخەوە حیزبی دێموکرات و گەلی کوردی لە زانایی و تواناییەکانی ئەو ڕێبەرە مەزنەمان بێبەش کرد. تواناییەک کە بە هۆیەوە کاریگەریی زۆری لەسەر حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد بە تایبەتی لەسەردەمی بوونیدا و تەنانەت دوای شەهید بوونیشی بەجێ‌هێشتوە. دیارە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کاتی دامەزرانیدا بە هۆی ڕێبەریی فیکری و سیاسیی پێشەوا قازی محەممەد حیزبێکی مودێرنی سیاسی کە هەڵگری بیرۆکەیەکی نەتەوەیی بوو دەستی بە تێکۆشانێکی نوێ کرد. ئەمە سەرەتای خەباتێکی نەتەوەیی بە شێوەی مودێرن بوو کە بە دروست کردنی حێزبێکی مودێرن و خاوەن بەرنامە و خاوەن‌فکری سەردەمیانە بۆ خەباتی نەتەوەیی لە لایەن پێشەوا قازی محەممەدوە گۆڕانێک بوو کە لەوسەردەمەدا بەسەر جۆری تێکۆشان و شۆڕش‌کردن بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکاندا هات. لە دوای شەهیدکرانی پێشەوا و هاوڕێیانی و لە ساڵانی دواتری دەستپێکردنەوەی خەباتی ڕێکخراوەیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەتاڵاییەکی زۆر لە نەبوونی ڕێبەریی حیزبدا دروست بوو. لەو کاتەدا کە دیار نەبوو کێ بەرپرسایەتیی بەڕێوەبردنی حیزبی لەسەر شانە، کۆمەڵێک لە کادر و ئەندامانی گەنجی حیزب دەرکەوتن کە لە نێویاندا ڕەحمان قاسملوو یەکێک بوو لەو کەسانەی کە زۆر زوو دەرکەوت دەتوانێ کاریگەریی باشی لەسەر داهاتووی حیزب هەبی. بوونی دوکتور قاسملوو لە کۆنفرانسی یەکەم لە ساڵی ١٣٣٤دا کە لە دەوروبەری مەهاباد دەگیرێ یەکەم دەرکەوتنی بەرچاوی ئەو دەبێ لە ئاستی بڕیارداندا. دیارە ئەم بەشدارییە دەری‌دەخا کە سەرەڕای کەمی تەمەنی ئەو کاتە کەسێکی ناسراو بووە لە نێو هاوڕێیانی تەشکیلاتی حیزبدا. ساڵەکانی دەیەی ٣٠ی شەمسی ساڵانێک بوو کە زۆرترین تێکۆشانی ئەندامانی حیزبی تێدا ئەنجام درا. هەر بەو پێیەش زۆرترین هێرش کرایە سەر ڕێکخراوەکانی حیزب و گرتن و زیندانی‌کردنی سەدان کەسی بە دواوە بوو. ئەو کات کاک ڕەحمان یەکێک بوو لەو کەسە چالاکانە کە ساڵی ١٣٣٧ مەجبوور دەبێ ئێران بەجێ بێڵێ و ڕوو لە باشووری کوردستان بکا. زۆری پێ ناچێ کە بە هۆی دروستبوونی کێشە لەنێو حیزبدا و بە تایبەت لە نێوان دوو کەسی دیاری ئەو سەردەمە دوکتور قاسملوو و ئەحمەد تۆفیق، دوکتور کوردستان بەجێ دێڵێ و دەچێتە ئورووپا و لەوێ درێژە بە خوێندن دەدا و دوکتورا لە ئابووریدا وەردەگرێ. ژیانی دوورەوڵاتیی دوکتور قاسملوو ماوەیەکی زۆر ناخایەنێ شایەد کەمتر لە ١٠ ساڵان کە بە سەردانێک دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا. لەوێ لە هەلومەرجێکدا کە شۆڕشی ئەیلوول لە باشوری کوردستان لەوپەڕی گەشەی خۆیدا بوو دێتەوە بەغدا و سەردانی باشووری کوردستانیش دەکا.  ڕەنگبێ ئەم سەردانەی ئەو سەرەتایەک بووبێ بۆدیتنی لە نزیکەوەی واقعییاتی بزووتنەوەی کورد و پێویستییەکانی خەبات کردن لە پێناو هەوڵدان بۆ ڕزگاریی نەتەوەی کورد. دوکتور قاسملوو دوای چەند دیدارێک لەگەڵ هاوڕێیانی حیزبی ئامادەیی خۆی دەردەبڕێ بۆ ئەوەی کە بەشداری کاری حیزبی بکات لەگەڵ هاوڕێیانی و لە یەکەم دەرفەتدا کە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڵدەکەوێت کە کۆنگرەی سێهەم بگرێ وەکوو سکرتێری حیزب هەڵیدەبژێرن. لە ڕاستیدا کاتی گەڕانەوەی دوکتور قاسملوو بۆ نێو حیزب یەکێک لە دەورانە پڕ کێشەکانی حێزبی دێموکرات بوو. دەورانێک بوو کە بەهۆی کێشەکانی دوای کۆنگرەی دوو کە لە باشووری کوردستان بەسترا و عەبدوڵا ئیسحاقی بوو بە سکرتێر، چەند جیابوونەوە لە حیزبی دێموکراتدا ڕووی دابوو. ئەم جیا بوونەوانە هەرکامەیان بە جۆرێک لاشەی لاوازی حیزبی دێموکراتی لاوازتر کرد، بەجۆرێک کە لە باشووری کوردستاندا بە چەند قۆڵ و گرووپ دابەش ببوون و هەر گرووپەی لە شوێنێک بە جۆریک خۆی گیرساندبۆوە. بەلام لەنێو ئەم کێشانەدا و بە دیتنی ئەم کێشانە دوکتور قاسملوو ئامادە دەبێ کە بێتەوە و حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕێک بخاتەوە. بێگومان دەبێ بڵێین هاتنەوەی دوکتور قاسملوو بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکی سکرتێری و ڕێبەری‌کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرەتایەک بوو بۆ گۆڕانکاریی قووڵی سیاسی و بەرنامەیی و بە ڕیکخراوکردنی کاری حیزبی، سەرەتایەک کە زۆر بە باشی دەستی پێ‌دەکا و هەتا ئێستاش ئێمە ئەم کاریگەرییانە دەبینین. دیارە هۆکاری کاریگەرییەکانی دوکتور قاسملوو لەو قۆناغەدا و دواتریش لەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ تواناییەکانی خۆی و دواتر هاوکاریی بەشێکی باش لە کادر و ئەندامانی حیزب کە لەو سەردەمەدا چالاک بوون. د. قاسملوو دیارە جگە لە ئاستی بەرزی خوێندەواری، بە دیتنی دنیایەکی نوێ و ناسینی خەڵک و بیروڕای جیاواز لە دنیای دوو جەمسەریدا بە کۆڵەبارێک لە تێگەیشتنی نوێ و ئەزموونەوە گەڕایەوە کوردستان. دوور کەوتنەوەی دوکتور لەو چەند ساڵەدا لە کوردستان و ژیانی لە دەرەوە ئاستی تێگەیشتوویی و فکریی ئەوی یەکجار بردبووە سەرێ. وەها کە جیاوازێکی یەکجار زۆر لە خوێندنەوەدا لە بیری دوکتور قاسملوو و ئەو هاوڕێیانەی کە ئەو سەردەمە لەو وڵاتانەدا دەژیان دەبیندران. جگە لەوەش تواناییەکی بەهێزی لە ڕێکخستنی پەیوەندییەکان بەدەست هێنابوو، هەر ئەو پەیوەندییانەی کە چەند ساڵ دواتر کاتێک لە دوای ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بەهۆی هجوومی لەشکری خومەینییەوە و شەڕ دەستی پێکرد، دیمان بە سازکردنی پێوەندی لەگەڵ حیزب و وڵاتانی ئورووپایی و ڕاکێشانی سەرنجی میدیاکانی دەرەوە و تەنانەت هێنانی ڕێکخراوە پزیشکییە جیهانییەکان بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی شەڕ و بریندارەکانی شەڕ لەکوردستان، ئەوەی کە دوکتور قاسملوو پێشتر چاندبووی بەرەبەرە کوردی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکرات دەیاندرووەوە. لە چوارچێوەی بیرکردنەوە سیاسییەکانیدا و لە نێو کوردەکاندا، دوکتور قاسملوو بە جیهانبینییەکی تایبەت بەخۆیەوە دەڕوانێتە مەسەلە سیاسییەکان. لە واقێعدا ئەوەی کە دەڵێن لە سیاسەتکردندا بیرکردنەوەی سیاسی دەبێ پاڵپشتێکت هەبێ لە جیهانبینیدا ئەو ئەوسەردەمە هەیبوو و دەیزانی دنیا بەرو کوێوە دەڕوا، جیاوازییەکان و کێبەرکێیەکانی جیهانی دەدی و کاریگەریی ئەم کێشە جیهانییانە لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی لە ئێراندا دەیدیتنەوە. هەر بۆیە بە پاڵپشتی ئەم جیهانبینییە بوو کە دوکتور قاسملوو توانی زاڵ بێ بەسەر داڕشتنەوەی سیاسەتی حیزب لە ئاست پێویستییەکانی ئەو سەردەمەدا. ئەگەر باس لە واقعبینیی لە سیاسەتدا دەکەین و دوکتور قاسملوو زۆر گرینگی پێ‌دەدا، مەبەست خۆ دوور خستنەوە لە دروشمدانی بێ نێوەرۆک بوو. ئەو پێی‌وابوو کە دروشم‌دان ئاسانە بەلام تو دەبێ دروشمێک بدەی کە هەمیشە مەجالی بەرەو پێشچوون و نزیکبوونەوەی تێدا ببینی. ئەو پێی‌وابوو سیاسەت هونەری مومکنە و ناکرێ تو سیاست وابکەی بڵیی هەموو شتێک یان هیچ. د. قاسملوو  باوەڕی وابوو ئەو کەسەی بەوجۆرە سیاسەت دەکا قەت بە نەتیجە ناگا. حیزبی ئێمە لە سەردەمی سکرتێریی دوکتور قاسملوودا شعاری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی بەرزکردەوە، بەڵام دوکتور قاسملوو باوەڕی وابوو کە ئەتۆ لەگەڵ ئەوەی شەڕ دەکەی دەتوانی وتووێژیش بکەی و ئەوە دەقیقەن لە کاتێکدا کە لە مەیدانێکی بەرفراوان لە کوردستاندا و لە شەڕێکی قورسدا بوو لەگەل کۆماری ئیسلامی. دوکتور قاسملوو دەڵێ لەگەڵ ئەوەی لە کۆماری ئیسلامیدا هیچ یەک لە داخوازییە بنەڕەتییەکانی ئێمە دەستەبەر نابن، بەڵام حیزبی دێموکرات وەکوو نوێنەری زۆربەی خەڵکی کوردستان هەرکات بە پێویستی بزانێ حەقی خۆیەتی لە پێناو گەیشتن بە داخوازییەکانی گەلی کورد لەگەڵ ئەم ڕێژیم یا ئەو ڕێژیمی دیکەدا وتووێژ بکا، چونکە ئێمە وتووێژ وەک بنەما بە شێوەیەک لە خەبات دەزانین. ئەمە خۆ دوور خستنەوەیە لە دروشم لە کاتێکدا کە تو دروشمی ڕووخان دەدەی بەڵام بەڵکوو لە پەنا ئەوەشدا بیر لەوە بکەیتەوە کە شەڕ تەنیا ڕێگە نییە بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانت بگەی. لەلایەکیترەوە ئەوەی دوکتور قاسملوو دەستی پێکرد و بە ئەنجامی گەیاند ڕێکخستنەوەی قەوارەی ڕێکخراوەیی حیزبی دێموکرات بوو. یەکەم کار کە دوکتور قاسملوو توانی لە حیزبی دێموکراتدا بە ئەنجامی بگەیەنێ قەوارەی ڕێکخراوەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بەپێی پێڕەوێکی نێوخۆیەکی تەواو سەردەدمیانە و پێشکەوتوو دامەزراندەوە. ئەم یاسا حیزبییە هەتا ئێستاش لەگەڵ ئەوەی گۆڕانکارییەکی کەم لە چەندین کۆنگرەی دوای کۆنگرەی سێهەمەوە بە سەریدا هاتبێ، ئەسڵ و ئەساسی ئەو پێڕەوە نێوخۆیەیە کە دوکتور قاسملوو دایڕشتوە بۆ ئەوەی کە قەوارەی ڕێکخراوەیی حیزبیی لەسەر ڕێک بخرێ؛ هەر لە جێگای خۆی ماوە. لە ڕاستیدا ئەو گرینگیی زۆر دەدا بە کاری ڕێکخراوەیی و ئەو ڕێکخراوی وەکوو حەڵقەی پەیوەندی نێوان حیزب و کۆمەڵانی خەڵک دەزانی پێی‌وابوو کە بەبێ دروستکردنی ئەم حەڵقەیە و بەبێ دروستکردنی ئەم پەیوەندییە کە تەنیا لە ڕێگەی بە ڕێکخراوکردنی کاری حیزبی و سازمانی حیزبییەوە دەکرت خەڵک ئنێرژییەکەی دەفەوتێ. خەڵک لە میداندا هەن و تێکۆشانیان هەیە، بەڵام پێی‌وابوو ئەگەر نەتوانین ئەم تێکۆشانە بە ڕێکخراو بکەین و نەتوانین بە شێوەی سازماندراو حەرەکەتی پێ بدەین ئەو حەرەکەتی خۆی دەکا، بەلام چونکی ڕێکخراو نەبووە ناتوانێ هەدەفمەند بێت و، دوژمن ڕاحەت دەتوانێ بە سەریدا زاڵ بێ و ئەو ئنێرژییانە بفەوتێنێ.  لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێن ئەمە تەنیا وەکوو سەرەتایەک لە دەسپێکی کاریگەرییەکانی دوکتور قاسملوو لەسەر حیزبی دێموکرات و کورد و بزووتنەوەی کورددا دەبێ بیبینین. بابەتێکی تر کە بە گرینگییەوە دەبێ چاوی لێ بکرێ ئەوەیە کە ئەگەر تا گەڕانەوەی دوکتور قاسملوو بۆ نێو حیزبی دێموکراتی کوردستان خەبات و شەڕ بۆ کورد و کوردایەتی بوو ئەگەر ئەو سەردەمەی کە باسی دەکەین زۆرتر بیر لەوە دەکراوە کە خەبات چەکە، شەڕە، بۆ کوردایەتییە و کەمتر چەمکە سیاسییەکان لە نێو بزووتنەوەی کورددا و لە نێو حیزبی دێموکرات و لە نێو بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا باس دەکرا. دوو دستەواژەی دێموکراسی و ئازادی کە زۆر گرینگ بوون لە ڕێگەی بیرۆکەکانی دوکتور قاسملوووە هاتنەوە نێو ئەدەبیاتی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە و ڕەنگ و بۆی زیاتری دا بە سیاسەتەکانی حیزب. بیری دێموکراسیخوازی و ئازادی لەسەردەمی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستانیشدا بەشێک بووە لە ڕێبازی سیاسیی حیزب، بەڵام ئەگەر لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و ئیعدامی پێشەوا قازی محەممەد بە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بچینەوە هەتا ئەو سەردەمەی کە کۆنفراسی سێ و دواتر کۆنگرەی سێ بە حزووری دوکتور قاسملوو دەگیرێ، دەبینین زۆر زۆر کەم ئەهەمییەت دراوە بەم دستەواژانە و ڕەنگ بێ تەنیا وەکوو وشەیەک لەسەر زاران بووبێ، بەڵام دوکتور قاسملوو مەسەلەی دێموکراسی و ئازادی دەکاتە بابەتێک بۆ شیکاری، بابەتێک بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ سیاسەت، و لە واقیعدا بە بەشێک لە سیاسەتی حیزبی دێموکرات چاوی لێ دەکرا. دەبینین لە زۆربەی وتار و نووسینەکانی دوکتورقاسملوودا باس لە دێموکراسی و ئازادی بەشێک لە باسە گرینگەکانی ئەون. جێی سەرنجە کە دەبینین هەر لەو سەردەمەدا نووسین و بڵاوکردنەوەی بیر و سیاسەتەکانی حیزب بڕەو پەیدا دەکاتەوە و بە بەردەوامی چاپەمەنییەکانی حیزب دەگەنە دەست ئەندامانی حیزب و لە ڕێگەی ئەوانەوە لە نێو خەڵکدا بڵاو دەکرانەوە. بە کورتی و بە گشتی باس لە کاریگەرییەکانی شەهید دوکتور قاسملوو کارێکی ئاسان نییە و ناکرێ بە چەند دێڕ لە هەر بابەتێک ئەو باسە کورت بکرێتەوە. بەڵام دەکرێ بڵێین ئەوەی دوکتور قاسملووی کردووەتە ڕێبەرێکی سیاسی بو جیلەکانی دوای خۆی دەگەڕێتەوە بۆ، دیتنی ڕاستییەکانی سەردەمی خۆی و قووڵیی بیرکردنەوەی لە داڕشتنی سیاسەتدا و واقێعبینی، هەم لە دەرکی هەلومەرجەکاندا و هەم بەو پێیە دروشم‌دان و بەرنامەڕێژی، هەست پێکردنی دروست لە بوون و بەکارهێنانی هێزی خەڵک وەک تەنیا پشتیوانی بەهێزی هەر بزووتنەوەیەکی نیشتمانی و ئازادیخوازانە و هاندانی حیزب بۆ ڕێکخستنی هەرچی زیاتر و باشتری ئەم هێزە لەبڕان نەهاتووه، هەوڵدانی جیددی بۆ بە ڕێکخراوکردنی هێز و پتانسییەلی شۆڕشگێڕیی خەڵک، دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ دنیای دەرەوە بە مەبەستی دروستکردنی پاڵپشتی سیاسی لە بزووتنەوەی کورد و گەلێک تایبەتمەندیی بەرزی ڕێبەری کردنە کە لە وجوودی ئەودا دەبیندران و لە پاش خۆیشی وەک میراتێک بۆ سیاسەتوانان و دێموکراتەکانی بەجێ‌هێشتوە.