کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوانگە و هزری د. قاسملوو بۆ مافەکانی ژنان

05:12 - 4 گەلاوێژ 2720

لە مێژوودا هەر گەلێک خاوەنی کۆمەڵێک کەسایەتی و ڕێبەر و سەرکردەی بە توانا و کاریزما بووە، کە توانیویانە ڕۆڵ و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی خۆیان هەبێ و، هەوڵیان داوە و هەندێک جار توانیویشیانە خەڵک و وڵاتیان ڕزگار بکەن. شەهید دوکتور قاسملوو، یەکێک بوو لەو سەرکردانەی مێژووی نەتەوەکەمان کە نەخش و کاریگەریی لە ڕادە بەدەری لەسەر بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلەکەی هەبوو. ئەو ڕێبەرە مەزنەی نەتەوەکەمان دەور و کاریگەریی بەرچاوی هەبوو لە بەرەو پێش‌بردنی خەباتی گەلەکەی و ناساندنی خەباتەکەی بە دنیای دەرەوە. ئەوەی لەم بابەتەدا دەمانەوێ قسەی لە سەر بکەین، ڕوانگەی دوکتور قاسملوو لە مەڕ مافی ژنانە. دوکتور قاسملوو لەم بارەیەوە دەڵێ: “لە تێ‌کۆشانی حیزبی و سیاسیی ئێمەدا، دەبێ جێگەیەکی تایبەتی بدرێ بە ژنان، وەک دەزانن حیزبی ئێمە مافی بەرابەریی تەواو لەگەڵ پیاوان بۆ ژنان دادەنێ، بەڵام دانانی ماف لەگەڵ پیادە کردنی ئەو مافە لە کۆمەڵدا مەودایەکی زۆریان لە بەیندا هەیە، دەبێ ئەو مەودایە بەرە بەرە لە بەین بچێ، بە بیروڕای حیزبی ئێمە هەرچی ژنان لە کارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بەشدار بن، کۆمەڵ پێشکەوتووترە و بزووتنەوەکە پێشکەوتووترە و شانسی سەرکەوتنی نزیکترە.” ئەم وتانە نیشان لەوەیە حیزبی دێموکرات و خودی ڕێبەرەکەی چۆن و چەندە باوەڕیان بە مافی ژن و کاریگەریی ژن لە کۆمەڵگە و کار و تێ‌کۆشانی سیاسییدا هەبووە. د. قاسملوو لەو کاتەدا کە باس لە جێگە و پێگە و مافی بەرابەریی ژن و پیاو لە نێو حیزبەکەی و کۆمەڵگەدا بۆ ژنان دەکا، لە هەمان کاتیشدا واقعی کۆمەڵگەکەی دەبینێ و دەزانێ دانانی جێگەی تایبەتی و دانی ماف بە تەنیا هیچ کاریگەریی نابێ. بەڵکوو بۆ بە کردەیی‌کردنی پێویستی بە پەروەردە و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی هەیە. د. قاسملوو خۆی چ وەک شەخس و چ وەک ڕێبەری حیزبی دێموکرات باوەڕی قووڵی بە مافی ژن و تواناییەکانی ژن هەبوو، هەر ئەو باوەڕەشی وای کردبوو کە پشتیوان و ڕێ‌نوێنی ژنان بێ و هانیان بدا بۆ ئەوەی ماف و ئەرکی خۆیان بناسن و هەوڵی بۆ بدەن. ئەو ڕێبەرە مەزنەی نەتەوەکەمان پێی وابوو کە ژن دەبێ بۆ خۆی بێتە مەیدان و خەبات بکا لە پێناو بەدەست‌ هێنانی ئەو ماف و ئازادییانەی کە بە هۆی داب‌ونەریتی دواکەوتووانەی کۆمەڵگەی پیاوسالار و دەسەڵاتی زاڵ بە سەر گەلەکەماندا، لێ‌یان زەوت کراوە. بە بڕوای د. قاسملوو خەبات بۆ مافی ژن تەنانەت لە خەبات بۆ وەرگرتنی خودموختارییش درێژترە و دەبێ دوای وەرگرتنی خودموختارییش ئەو خەباتە بەردەوام بێ. هەر بۆیە و بە بەردەوامیی ڕێنوێنی ژنان و کچانی دەکرد کە سوور بن لە سەر داوای مافی خۆیان و، چاو لە دەستی کەسانی دیکە یان پیاوان نەبن. لەم بارەوە دەیکوت: “ئەرکی خوشکان گرانترە لە پیاوان، خوشکان دەبێ لە دوو بەرە و سەنگەردا خەبات بکەن، هەم بۆ ڕزگاریی گەلی کورد و هەم بۆ مافی خۆیان لە کۆمەڵگەدا، دیارە ئەم دوو ئەرکە پێکەوە زۆر دژوارن، بۆیەش خوشکان دەبێ پشوودرێژ بن و باوەڕیان بە خۆیان هەبێ و نەترسانە هەوڵ بدەن بۆ بەدەست‌ هێنانی مافەکانی خۆیان لە کۆمەڵگەدا”. هەروەها پێی وابوو، ژن پێویستە خۆیشی پەروەردە بکا، بۆ ئەوەی ئاگایانە خەبات بکا و داوای مافی نەتەوەیی و مرۆیی خۆی بکا . باوەڕمەندیی د. قاسملوو بە نیسبەت مافی ژنانەوە، تەنیا بە قسە و لە چوار‌چێوەی وتار و نووسراوەکانیدا ڕەنگی نەداوەتەوە، بەڵکوو ئەو ژن و کچە پێشمەرگانەی کە شوێنی کارکردنیان لە دوکتور قاسملوو نزیک بووە و ڕۆژانە چاویان پێی کەوتوە باسیان لەوە کردوە کە زۆر ڕێزی بۆ ژن دادەنا و باوەڕی بە مافی ژن هەبوو، ئەو باوەڕەشی هەر بە قسە نەبوو، بەڵکوو لە کار و کردەوەی ڕۆژانەی و هەڵسوکەوتی جوانیدا دەردەکەوت. د. قاسملوو کەسایەتییەکی نێودەوڵەتی، خوێندەوار و ڕۆشنبیر بوو، دەیزانی بەشداریی ژن لە کاری سیاسی و کۆمەڵایەتییدا چەندە گرینگە و چۆن دەتوانێ کاریگەریی هەبێ لە بنیات‌نان و بەرەو پێش‌چوونی کۆمەڵگە و، ئەگەر ژن مەجالی پێ ‌بدرێ توانای بەڕێوەبردنی کاری سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتی هەیە و تواناکانی کەمتر نییە لە پیاو. هەر لەم پێوەندییەدا و لە وتارێکدا کە لە ٨ـی مارسدا پێشکەشی کردوە، دەڵێ: “ڕاده‌ی‌ به‌شدار‌بوونی‌ ژنان له‌ هه‌موو بوارە‌كانی‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی ‌‌و سیاسییدا، نیشانه‌ی ڕاده‌ی‌ پێشكه‌وتوویی‌ ئەو کۆمەڵگەیەیە، ژنان نیوه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵن، هه‌رچی‌ كه‌م‌تر له‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵدا به‌شدار بن، ئه‌وه‌نده‌ كار ‌و تێ‌كۆشان ‌و خه‌للاقییه‌ت له‌ كۆمه‌ڵدا كه‌م‌تره‌ ‌و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش كۆمه‌ڵ‌ پاشكه‌وتووتره‌، بۆیه‌ ڕاده‌ی‌ به‌شداربوونی‌ ژنان له‌ هه‌موو بوارە‌كانی‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی ‌‌و سیاسییدا، نیشانه‌ی ڕاده‌ی‌ پێشكه‌وتوویی‌ هه‌ر کۆمەڵگەیەکە. ئه‌وه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی‌ شۆڕشگێڕانه‌شدا هه‌ر ڕاسته‌، هه‌رچی‌ ژنان به‌رین‌تر‌ و چالاك‌تر تێیدا به‌شدار بن، ئه‌وه‌نده‌ بزووتنه‌وەکە‌ پێشكه‌وتووانه‌تر ‌و سه‌ركه‌وتووترە.” هەر بۆیەش هەموو هەوڵی ئەوە بوو کە ژن بەشداریی کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و خەباتی نەتەوایەتی بکا، تا بتوانن پێکەوە و لەگەڵ پیاوان کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو پێشکەوتن و ڕزگاری بەرن.