کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لە نێوان ئۆتۆریتاریزم و تۆتالیتاریزمدا

05:14 - 4 گەلاوێژ 2720

(پلۆڕاڵیزمی سنووردار!) […]” تەنیا یەک حیزب، حیزبی خودا، حیزبوڵڵا” خومەینی، ١٧ی ئووتی ١٩٧٩، شاری قوم   ئامانجی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی: “یەک حیزب، حیزبی خودا” هەموو جارێک، کاتێک گوتارەکانی خومەینی لەسەر بابەتە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتر بەراورد دەکرێن، دەر دەکەوێ کە گوتارەکانی لەگەڵ یەکتر سازگار نین، بە تایبەت گوتارەکانی بەر لە شۆڕشی ١٣٥٧، لەبەر ئەوەی گوتارەکانی بەر لە شۆڕش زیاتر پۆپۆلیستی بوون، بۆ ئەوەی هەموو حیزب ‌و لایەن ‌و بزووتنەوە جیاوازەکان لە دەوری پڕۆژەی خۆی تەیار بکا. بەر لە شۆڕش، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ئاڵمانی ستێرن، خومەینی پشتیوانی لە کۆمارێکی پلۆڕالیستی دەکا کە لەسەر بنەمای دەنگی خەڵک بێ: پرسیار: ئێوە بانگەشەی دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی خۆتان لە ئێران دەکەن. ئایا ئەو دەوڵەتە لەسەر بنەمای ڕێژیمێکی پاڕلمانی لە شێوی ڕۆژئاوایی دادەمەزرێ یان جۆرێک لە حکوومەتی ئایینییە؟ هەروەها، ئایا دەتانهەوێ ڕۆڵی خۆتان ‌وەکوو سەرۆک بە هەڵبژاردنە گشتییەکان یەکلایی بکەنەوە؟ ئایا لەو دەوڵەتە ئیسلامییەدا، حیزبە سیاسییەکان، ڕۆژنامەکان ‌و بێ بڕواکان دەتوانن ئازادانە ناڕەزایەتیی خۆیان لە بەرامبەر سەرۆکی وڵات ‌و سیاسەتەکەی دەرببڕن؟ خومەینی: من نامهەوێ سەرۆکی وڵات بم. هەروەها، حکوومەت، حکوومەتێکی کۆماری دەبێ کە دەگەڕێتەوە بۆ دەنگی خەڵک‌ و یاساش یاسای ئیسلامە. حیزبەکان ئازادن دژایەتیی ئێمە یان هەر کەسێکی دیکە بکەن، بەو مەرجەی زیان بە وڵات نەگەیەنن. پرسیار: دەسەڵاتی ئێوە پشت بە چ هێزێکی سیاسی یان دامەزراوەیەکی دیکەی سەرەکییەوە دەبەستێ؟ بۆ نموونە، ئێوە پشت بە بەرەی نەتەوەیی یان مەزهەبییەکان دەبەستن؟ ئێوە پێشتر گوتووتانە کە شارەزایانی ئایینی‌و کەسانی‌تر دەبێ بچنە نێو کاروباری حکوومەتەوە، ئەو پڕەنسیپە هەر وەکوو پێشوو لە جێی خۆیەتی؟ خومەینی: من نەمگوتوە کەسانی ئایینی حکوومەت دەکەن. ڕۆڵی ئەوان شتێکی دیکەیە. ڕۆڵی ئەوان چاودێریی یاساکانە کە پەیوەندی بە میللەتەوە هەیە نەک حیزب. من حیساب لە سەر میللەت دەکەم‌ و هیچ  بەستراوەیی‌یەکی حیزبیم نییە.” (چاوپێکەوتن لەگەڵ گۆڤاری ئاڵمانی ستێرن لەسەر ئازادیی حیزبەکان لە کۆماری ئیسلامیدا، پاریس، ١٦ی ژانویەی ١٩٧٠) *** بە گوتەی خومەینی، دوو جۆرە حیزب لە جیهاندا هەن، “حیزبی خودایی” یان ئاسمانی ‌و “حیزبی شەیتانی”. حیزبە ئایینییەکان حیزبی ئاسمانین ‌و حیزبە نائایینیەکانیش حیزبی شەیتانین. حیزبی ئاسمانی، تەواوی ئەو کەسانە لە دەوری خۆیدا کۆ دەکاتەوە کە بۆ خودا خەبات دەکەن. مادەی ٢٦ی دەستووری بنەڕەتی، مافێکی مەرجداری بۆ دروستکردنی حیزب‌ و ڕێکخراو گرووپەکان دیاری کردوە. لە ماوەی چەند مانگێک بەر لە پەسند کردنی یاسای حیزبەکان لە پاڕلمان، نزیک بە ١٠٠ حیزب‌ و ڕێکخراو لە ئێران دامەزران، کە ئەوەش لەگەڵ پڕۆژەی تاک‌حیزبیی خومەینی ناتەبا بوو. لەگەڵ ئەوەدا کە خومەینی بەر لە سەرکەوتنی شۆڕش، بانگەشەی دروستکردنی حیزبێکی تاک ‌و ئاسمانی ‌و جیهانگیری دەکرد، کە جیاوازە لە حیزبەکانی سەر زەوی‌ و شێوە ڕۆژئاوایی، بەڵام دوو حەوتوو دوای سەرکەوتنی شۆڕش، خومەینی بڕیاری دامەزراندنی حیزبێک لە سەر زەوی ‌و لە شێوەی ڕۆژئاوایی دەدا بە ناوی “حیزبی کۆماری ئیسلامی”. ئامانجی سەرەکیی حیزبی کۆماری ئیسلامی، تێکەڵکردنی هێزە وەفادارەکانی شۆڕشی ئیسلامی ‌و ڕێکخستن ‌و دامەزراندنی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بوو لە بەرامبەر حیزبە لیبڕاڵ‌ و سێکۆلار ‌و میانەڕەوەکان. حیزبی کۆماری ئیسلامی هەوڵی دەدا تەواوی ئەو کەس‌ و لایەنە ئیسلامییانە لەنێو چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی‌ و دامەزراوەییدا کۆ بکاتەوە، چونکە لە ماوەی شۆڕشدا، کۆمەڵێکی زۆر تاقم ‌و گرووپی توندڕەو هاتنە کایەوە کە لەگەڵ ئەوەشدا هەموویان پشتگیریی خومەینییان دەکرد، بەڵام خومەینی پێی‌وابوو ئەگەر لە نێو ڕێکخراوێکدا ئۆرگانیزەیان نەکا، لە داهاتوودا دەبن بە ڕکەبەر‌ و هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتەکەی. ئەو حیزبە بە گرنگترین حیزب لە دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیدا دادەنرێ، چونکە زۆرینەی کەسایەتی‌ و گرووپە مەزهەبییەکان، لە ئەندام ‌و بەرپرسانی ئەو حیزبە بوون. لە نێو دامەزرێنەرانی حیزبی کۆماری ئیسلامی، کەسانێکی وەکوو: عەلی خامنەیی، عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، موحەممەد حوسێنی بەهەشتی، عەبدولکەریم موسەویی ئەردەبێڵی ‌و محەممەد جەواد باهونەر هەبوون. لە ماوەی دەیەی یەکەمی دوای شۆڕش، حیزبی کۆماری ئیسلامی توانی نزیک بە تەواوی گرووپ‌ و بزووتنەوە ئایینییەکان لەنێو خۆیدا بتوێنێتەوە. بەرپرسانی ئەو حیزبە، لە هەمان کاتدا، بەرپرسی باڵای دامەزراوە دەوڵەتییەکانیش بوون. پۆستی وەلی فەقیهـ ، سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێ‌کردن، سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانان‌ و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، هەموویان لە بەرپرسانی حیزبی کۆماری ئیسلامی بوون. ئامانجی سەرەکیی بەرپرسانی ئەو حیزبە، زیاتر لەوەی پڕۆژەیەکی ڕێکخراو لەنێو کۆمەڵگەدا بێ، هێنانە کایەی ڕێکخراوێکی جەماوەری بوو بە مەبەستی کۆکردنەوەی زۆرترین هێزی مرۆیی لە دەوری خۆیدا. بە گوتەی مورتەزا نەبەوی، وەزیری پێشووی پەیوەندییەکان (پۆست ‌و تێلێگراف‌ و تەلەیفوون)‌ و ئەندامی حیزبی کۆماری ئیسلامی، “لە سەرەتادا بە هۆی ناوی حیزبەوە، خەڵک وایدەزانی، هەر کەسێک کە لایەنگری کۆمار بێ دەبێ ئەندامی ئەو حیزبە بێ، هەر بۆیە پێشوازییەکی باشی لێکرا. خەڵکانێکی زۆر هاتن‌ و بوونە ئەندامی حیزب، لە نێویاندا، ئەندامانی لایەنەکانی دیکە”. ڕووداوێکی گرنگ لە مێژووی حیزبەکە، ڕووداوی ٧ی پووشپەڕی ١٣٦٠ بوو کە لەودا تەقینەوەیەکی بەهێز لە کۆبوونەوەی ئەو حیزبە ڕووی دا بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٧٠ بەرپرس ‌و ئەندامی ئەو حیزبە، لە نێویاندا، محەممەد حوسێن بەهەشتی، سکرتێری گشتیی حیزبەکە. دوای تەقینەوەکە، بێ ئەوەی لێکۆڵینەوەکان دەست پێبکەن، ڕێکخراوی موجاهیدین خەلق وەکوو بەرپرسیاری تەقینەوەکە تۆمەتبار کرا و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هەزاران کەس لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە بدرێن. ئەو ڕووداوە وایکرد کە کۆمەڵێک حیزب ‌و ڕێکخراو لە لایەن دەوڵەتەوە قەدەغە و وەکوو دوژمنی کۆماری ئیسلامی ناوزەد بکرێن. بە گوتەی ئەبولحەسەن بەنی‌سەدر، یەکەم سەرکۆماری ئێران، تەقاندنەوەی دەفتەری حیزبی کۆماری ئیسلامی لە لایەن خومەینییەوە ئەنجام درا، چونکە ئەو کردەوەیە بەشێک بوو لە پرۆسەی پاکتاوکردنی نێوحیزبی‌ و نێو دامەزراوە دەوڵەتییەکان، بە چەندین هۆکار: ١) لەگەڵ ئەوشدا کە کۆبوونەوەکە زۆر گرنگ بوو‌ و دەبوایە هەموو بەرپرسانی حیزب بەشدارییان تێدا کردبا، بەڵام ئەو ڕۆژە هیچکام لە کەسە نزیکەکانی خومەینی وەکوو کوڕەکەی (ئەحمەد)‌ و عەلی خامنەیی‌ و هاشمی ڕەفسەنجانی لەو کۆبوونەوە گرینگەدا بەشدار نەبوون. ٢) بە گوتەی فەرماندە باڵاکانی ئەرتەش(١)، قەبارەی تەقینەوەکە و شێوازی تەقاندنەوەکە لە بواری تەکنیکی‌ و ئەمنییەوە زۆر لەوە گەورەتر و ئالۆزتر بووە کە ڕێکخراوێک بتوانێ بە ئاسانی دزە بکاتە نێو بینایەکی لەو شێوە‌ و قەبارەیەکی هێندە گەورە لە تەقەمەنی لە دیوارەکانیدا بشارێتەوە و بیتەقێنێتەوە، هەر بۆیە تەنیا هێزێکی نیزامی دەوڵەتی ئەو کەرستە و ئامرازانەی لە بەردەست دایە تا کارێکی لەو شێوە ئەنجام بدا، ٣) ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن کۆنە ئەندامانی حیزبەکەوە درزیان کردۆتە دەرەوە‌ و هەندێکیان لە بیرەوەرییەکانیاندا ئاماژەیان پێ کردوە، دەریدەخەن کە موجاهیدینی خەڵق تەقینەوەکەی ئەنجام نەداوە، ٤) پەروەندەی ئەو ڕووداوە هیچکات لە لایەن دەوڵەتەوە بەدواداچوونی بۆ نەکرا، داخرا‌ و لە وەزارەتی داد ئاڕشیڤ کرا(٢)، ٥) بەر لەو ڕووداوە، بە پشتبەستن بە هەندێک زانیاری‌ و دەستکەوتنی هەندێک بەڵگە لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە میانەی بەبارمتە گرتنی ٥٦ دیپڵۆماتی ئەمریکی، خومەینی زانیبووی کە محەممەد حوسێن بەهەشتی، سکرتێری گشتیی حیزبی کۆماری ئیسلامی‌ و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لە لایەن حکوومەتی ئەمریکاوە پشتیوانی لێ دەکرێ بۆ ئەوەی ببێ بە ڕێبەری داهاتووی ئێران، چونکە پێیان‌وابووە کەسێکی زۆر لە خومەینی میانەڕەوترە. دوای ئەو ڕووداوە، پڕۆسەی قەدەغە کردن ‌و سڕینەوەی حیزبە سیاسییەکان بەردەوام بوو، بەتایبەت کە خومەینی سیستەمی چەندحیزبی پێ قەبووڵ نەدەکرا و هیچکاتیش بەشێک نەبووە لە پڕۆژە و پلانەکەی. خومەینی بۆ لەنێوبردنی ڕکەبەرەکانی خۆی، هەموو جۆرە تاکتیکێکی بەکار دەهێنا. هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە، هەوڵی‌ دا هەموو حیزبە سێکۆلارەکان لە نێو بەرێ. هاوکات کە دەسەڵاتەکانی بە هۆی ئەنجامەکانی ڕێفراندۆمەوە بەهێز دەبوون، گوتارەکانیشی لە دژی هەموو ئەو حیزب‌ و کەسایەتی ‌و ڕۆژنامانە توندتر دەبوون کە لەگەڵ ئایدۆلۆژییەکەی ناسازگار بوون‌ و ‌وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵاتی خۆی دەبینین. ئەو دەیزانی چلۆن هەستی خەڵک ببزوێنێ ‌و بێ‌بڕوا‌ و کۆمۆنیست‌ و ناسیۆنالیستەکان وەکوو خائین‌و  وڵاتفرۆش پێشانی خەڵک بدا کە دەیانهەوێ وڵاتی ئێران بە ڕۆژئاواییەکان بفرۆشن. چەند مانگ دوای شۆڕش، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە شاری قوم، خومەینی لە گوتارێکدا سیاسەتەکەی بەئاشکرا ڕاگەیاند :   […] “ ئێمە بەشێوەی شۆڕشگێڕانە هەڵسوکەوتمان نەکردوە، من پەشیمانم کە تووشی ئەو هەڵەیە بووم، کە ڕێگەم بە هەبوونی حیزبەکان‌ دا. ئەگەر ئێمە بە شێوەی شۆڕشگێرانە هەڵسوکەوتمان کردبا، ئەگەر ئێمە پێنووسی هەموو بڵاوکراوەکانمان شکاندبا و هەموو گۆڤارو بڵاوکراوە بەلاڕێداچووەکانمان داخستبا‌و بەرپرسەکانیانمان کێشابا دادگا و حیزبە بەلاڕێداچووەکانمان قەدەغە کردبا ‌و سەرۆکەکانیانمان بە سزای خۆیان گەیاندبا‌ و سێدارەکانمان لە مەیدانە گەورەکان بەرپا کردبا ‌و بەلاڕێداچووەکانمان دروێنە کردبا، ئەو زەحمەتیانە نەدەهاتنە پێش. […] (گوتاری خومەینی لە شاری قوم، ١٧ی ئووتی ١٩٧٩)   ڕۆژێک دوای ئەو گوتارە، ئەنجومەنی شۆڕش دەستی بە قەدەغەکردنی حیزب ‌و ڕێکخراو و ڕۆژنامەکان کرد. یەکەمجار لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و زۆرێک لە حیزب ‌و ڕێکخراوەکانی کوردستان قەدەغە کران. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بوو کە لە کوردستان لە سەر داوای حیزبە کوردییەکان، خەڵکانێکی زۆر ڕێفراندۆمیان بایکۆت کردبوو یان دەنگی “نەخێر”یان بە کۆماری ئیسلامی دابوو. ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ بە فەتوایەکی خومەینی، بەرپرس ‌و ئەندامانی حیزبە کورد‌ییەکان سزای مردنیان بۆ دەرچوو. هەرچەندە ئامارێکی بڕواپێکراو لە بەر دەستدا نییە، بەڵام بە پێی هەندێک سەرچاوە، لە پڕۆسەی لەنێو بردنی حیزبە کوردییەکاندا، نزیک بە ١٠ هەزار کەس کوژران کە ١٢٠٠ کەسیان زیندانیی سیاسی بوون ‌و لە سێدارە دران. دوای ڕاگەیاندنی سیاسەتی توندوتیژانەی خومەینی، بەردەوام هێرش دەکرایە سەر دەفتەری حیزب ‌و ڕێکخراوەکان لە سەرانسەری ئێران، ڕۆژنامەکان ڕادەگیران، دەرگای زانکۆکان دادەخرا ‌و هاوکات گرتن، زیندانیکردن ‌و لەسێدارەدانی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لێ کەوتەوە. ئەو سیاسەتە توندوتیژانەی کە خومەینی بەڕێوەی دەبرد و بە کۆمەڵێک گوتاری تۆقێنەری وەکوو “دوژمنانی خەڵک”،”دوژمنانی ئیسلام”‌و “دوژمنانی ئاسایشی نەتەوەیی”  وزەی پێ دەدرا، بووە هۆی دروستبوونی هەندێک دامەزراوەی وەکوو کۆمیتەکانی شۆڕش، گرووپەکانی حیزبوڵڵایی، سوپای پاسداران‌ و ڕێکخراوی بەسیج. ئەو دامەزراوانە کە لە لایەن دەوڵەتەوە بە مەبەستی سەقامگیرکردنی دۆخی وڵات پشتیوانیان لێ دەکرا، کەڵکیان لە هەموو جۆرە کەرستەو ئامرازێکی توندوتیژی وەردەگرت ‌و زۆربەی جار بە شێوەی کوێرکوێرانە خەڵکیان دەکردە ئامانج. شێوازە جۆراوجۆرەکانی سەرکوتی ناڕازیان تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە و لایەنگرە توندڕەوەکانی خومەینی کە ئەمڕۆ بە بناژووخواز دەناسرێن، تا ئێستاش بە شێوەی کوێرکوێرانە خەڵکانێکی ناسازگار لەگەڵ ئایدۆلۆژیی خۆیان دەکەنە ئامانج. لە گەلاوێژی ١٣٥٨ کە خومەینی گوتارە توندەکەی پێشکەش کرد، هەتا رەشەممەی ساڵی ١٣٦٠ کە پاڕڵمان دەستی بە گفتوگۆ لە سەر یاسای حیزبەکان کرد، ژمارەیەکی زۆر لە حیزب ‌و ڕێکخراو ‌و ڕۆژنامە قەدەغە کران. ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕی ١٣٦٠، یاسای حیزبەکان لە لایەن پاڕلمانەوە پەسند کرا، بەڵام یاساکە بە ڕێس او پڕەنسیپەکانی ئایدۆلۆژیای گرووپی دەسەڵاتدار چوارچێوەدار کرابوو. ئەو یاسایە چەندین بڕگەی تێدا هەن کە ئاسانکاری بۆ قەدەغەکردنی حیزب‌ و ڕێکخراوەکان دەکەن. بەپێی یاساکە، هەر حیزبێک بیهەوێ دابمەزرێ یان بیهەوێ لە ئێران درێژە بە کار و چالاکییەکانی بدا، دەبێ پەیڕەوی لە ١٠ مەرجی بنەڕەتی بکا. مەرجەکان بە جۆرێکن کە تەنیا لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی دەتوانن کاروچالاکیی حیزبی بکەن‌ و هیچ جۆرە حیزب ‌و ڕێکخراوێکی چەپ ‌و ڕاست ‌و سێکۆلار ناتوانن بوونیان هەبێ(٣). جێبەجێ‌کردنی ئەو یاسایە تا ئێستا لە ناڕوونی دایە، چونکە زۆرێک لە حیزب ‌و ڕێکخراوەکان بەبێ گوێدان بەو یاسایە لە لایەن حکوومەتەوە ڕێیان پێ‌ دەدرێ یان ڕێگرییان لێ دەکرێ کاروچالاکی بکەن. کاتێک ڕکەبەرە سیاسییەکانی خومەینی لەنێو بران، هەبوونی حیزبی کۆماری ئیسلامی چیتر پێویست نەبوو، چونکە هیچ حیزب ‌و لایەنێکی ئەوتۆ نەمابوو کە بتوانێ لە بەرامبەر حیزبی دەسەڵاتداردا ڕابوەستێ. هەر بۆیە بیر لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو حیزبە کرایەوە. بە گوێرەی ئەو نامەیەی لە لایەن خامەنەیی‌ و ڕەفسەنجانییەوە بۆ خومەینی نێردراوە، ئەو دوو کەسە پێیان‌وایە کە “ئامانجەکان وەدی هاتوون‌ و کۆماری ئیسلامی بە سەرکەوتوویی دامەزراوە و حیزب‌ و لایەنەکانی دیکە یان لەنێو براون یان پەڕاوێز خراون، بۆیە چیتر پێویست بە هەبوونی حیزبی کۆماری ئیسلامی ناکا”. چالاکییەکانی ئەو حیزبە لە سەرەتای جۆزەردانی بە شێوەی ڕەسمی ڕاگیران‌ و بەرپرسان ‌و ئەندامانی حیزبەکەش بەسەر چەندین ڕێکخراو‌ و دامەزراوەی‌تردا دابەش بوون. هەرچەندە حیزبی کۆماری ئیسلامی ‌وەکوو ڕێکخراوێک چالاکییەکانی ڕاگرت، بەڵام حیزبوڵڵا وەکوو دامەزراوەیەک هەروا هەیە ‌و دەیان‌ و سەدان حیزب‌و ڕێکخراو ‌و بزووتنەوە هەن کە هەرچەندە ناوی جۆراوجۆریان هەیە بەڵام خۆیان بە حیزبوڵڵایی دەزانن‌ و درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی خومەینین. ئەمڕۆ، لقەکانی حیزبوڵڵا نەک هەر لە ئێران، بەڵکوو لە چەندین وڵاتی دیکەش هەن کە یان سەر بە کۆماری ئیسلامیین یان هەمان ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی پەرە پێدەدەن.   *** بن‌نووس: ١)               ئەو کات سەرکۆمار بەرپرسی هێزە چەکدارەکان بوو، بەڵام ئێستا ڕێبەر جێگای گرتۆتەوە. لە کاتی تەقینەوەکەدا، بەنی سەدر سەرکۆمار نەمابوو ‌و لە سەر کار لادرابوو، بەڵام پەیوەندی بە فەرماندە باڵاکانی ئەرتەشەوە مابوو. ٢)               دۆسیەکە لە جیاتی ئەوەی بە دادگای شۆڕش بسپێردرێ، بە وەزارەتی داد سپێردرا. ٣)               مادەکانی ١٠، ١٥، ١٧‌و ٢٦ی قانوونی بنەڕەتیی ئێران