کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەخۆداچوونەوە و ڕێفۆرم وەک ماهییەتی وجوودیی حیزبی دێموکرات

05:16 - 4 گەلاوێژ 2720

ڕادەی شۆڕشگێڕبوونی هەر حیزبێکی سیاسی لەوەڕا دەردەکەوێ کە چۆن سەیری ڕابردووی خۆی و بەتایبەت هەڵەکانی دەکا. حیزبی شۆڕشگێڕ نابێ لە لەوە بترسێ کە گوایا بە باسی هەڵەی ڕابردووی، دوژمن شاد دەبێ، یان لە ئێعتباری حیزبەکە کەم دەبێتەوە. بە پێچەوانە، پێ‌لێنان و ڕاستکردنەوەی هەڵە و چەوتییەکانی ڕابردوو، ناوبانگی حیزب لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا دەباتە سەرێ و جیددیبوون و بەرپرسبوونی حیزبەکە نیشان دەدا”. شەهید دوکتور قاسملوو   بیری بەخۆداچوونەوە و هەوڵدان بۆ ڕێفۆرم و نوێبوونەوە لە حیزبی دێموکراتدا لەگەڵ دامەزرانیدا بووە و بەردەوام بووە. ڕەوتی بەخۆداچوونەوە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەبات و تێکۆشانی حیزبدا لەوانەیە وەک یەک نەبووبێ و لە هێندێک بڕگەی زەمەنیی تەمەنی حیزبدا کەمڕەنگ و کاڵ بووبێ، بەڵام زۆری نەخایاندوە کە بە تەواوەتی هەست بە زەروورەتی کراوە. باسکردن لە ڕێفۆڕم و نوێبوونەوە لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کە بەشێکە لە ماهییەتی وجوودیی ئەم حیزبە، پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕەوتی مودێرنیزاسیۆن و نوێکردنەوەی جۆری سیاسەت و تێکۆشان لە ئاستی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستاندا هەیە. لە ڕەوتی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد‌دا، حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک یەکەم ڕێکخراوی سیاسیی کورد کە لە سەر بنەمایەکی دروست و ئوسوولی بە بەرنامە و جیهانبینی و تاکتیک و ئیستراتێژییەوە، دامەزرا، وەک دیاردەیەکی مودێرن لە ڕێبەریکردنی ئەم بزووتنەودا سەیر دەکرێ. بۆیە بەخۆداچوونەوە و هەوڵدان بۆ نوێبوونەوە بەشێکە لە ماهییەتی ئەم حیزبە. لە حیزبی دێموکراتدا بەخۆداچوونەوە و ڕەخنەگرتن لە هەڵە و کەم و کووڕییەکانی ڕابردو، نەتەنیا بە مانای ڕووخان و وەلانان و حاشالێکردنی ڕابردوو و بە کەمگرتن و سڕینەوەی هەوڵ و تێکۆشانی نەسڵەکانی ئەو سەردەمانە نییە، بەڵکوو هەستکردن بە زەروورەتێکی ڕێکخراوەیی، سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە بێ ئەوەی لە ڕوانگەی ئەرزشییەوە سەیری ڕابردوو بکرێ، حیزب خۆی بەرانبەر بە داهاتووی میللەتێک بە وڵامدەر و بەرپرسیار دەزانێ. بۆیە پێش هەموو شتێک لە باسی بەخۆداچوونەوە و نوێبوونەوە لە حیزبی دێموکراتدا، چەقین و مانەوە لە ڕابردووی ڕووداوەکان و تێفکرینەکان و بەگشتی، چەقبەستوویی ڕێگەپێنەدراوە. هەر خودی نەبوونی ئەم بەربەستە و ڕێگەدان بە ئازادبیرکردنەوە و پابەند بوون بە دێموکراسی کە بەشێکی دیکە لە ماهییەتی وجوودیی حیزبی دێموکراتی لەسەر بنیات نراوە، ئۆرگانیزمێکی زیندوو بەرهەم دەهێنێ کە تاکەکان تیایدا چاوکراوە و خاوەن ئیدەن و دەتوانن ئازادانە بیروبۆچوونی خۆیان دەرببڕن و هەوڵ بدەن لە سەر خستنی بۆچوونەکانیان‌ چالاک و هیوادار بن. هەوڵدان بۆ نوێبوونەوە و جێخستنی بیروبۆچوون و بەرنامەی تازەی سیاسی و ڕێکخراوەیی لە حیزبی دێموکراتدا، ئەنگیزە و هاندانێکی بەرزی ئۆڕگانیی لە پشتە کە لەم حیزبە‌دا وەک خەسڵەت و باوەڕێکی نەگۆڕ لە چوارچێوەی بەرزترین ئۆڕگانی حیزبیدا کە “کۆنگرە”یە، مەیل و هیوا بە ئاڵوگۆڕ لە هەموو ئاست و بەستێنەکا‌ندا بەهێز دەکا. لە کۆنگرەدا کە بە پێی ئەو ڕێوشوێنە دێموکراتیکانەی لە پێڕەوی نێوخۆی حیزبدا بۆ چۆنیەتیی بەستن و بەڕێوەبردنی کارەکانی دیاری کراوە، سەڵاحییەت و دەسەڵاتی ئەوە بە “زۆرینە”ی ئەندامانی خۆی دەدات – کە لە پرۆسەیەکی دێموکراتێکی هەڵبژاردندا و بە نوێنەرایەتیی تەواوی ئەندامانی حیزب تیایدا بەشدارن – لە هەر بوارێک‌دا کە بە پێویست و زەرووری بزانن، پێداچوونەوە و دواتر گۆڕانکاری و نوێگەرایی بکەن. بە پێی ئەو ئەرک و دەسەڵاتانەی لە پێڕەوی نێوخۆی حیزبدا بۆ کۆنگرە وەک بەرزترین ئۆڕگانی حیزب دیاری کراوە؛ دەکرێ پێداچوونەوە بە ڕوانین و تێفکرینەکانی ڕێبەریی حیزب و “ڕێبازی گشتی، ستراتێژی و تاکتیکی حیزب و بەرنامە و پێڕەو و ڕێبەریی حیزب‌دا بکرێ و، کۆنگرە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی دەسەڵاتی گۆڕانکاریی لە هەموو ئەوانەدا هەیە. بۆیە لە حیزبی دێموکراتدا نەتەنیا هیچ بەربەستێک بۆ پێداچوونەوە و گۆڕانکاری و نوێبوونەوە نییە، بەڵکوو بە شێوەی ئۆڕگانیش هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەم پرسە کراوە. بۆ باسکردن لە گرینگی‌پێدان بە پێداچوونەوە و ئەگەری هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی ڕێکخراوەیی و سیاسی لە لای حیزبی دێموکرات، تەنیا ئەوە بەسە کە چاوێک لە ژمارە و ئاکامی کۆنگرەکانی ئەم حیزبە بەتایبەت لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بکەین؛ – تەنیا لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا حیزبی دێموکرات ١٣ کۆنگرەی بەستووە (کۆنگرە چوار، لە ٣٠ ڕێبەندانی ١٣٥٨ تا کۆنگرەی ١٧ لە ١٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٨). بەشێک لەم کۆنگرانە لە دژوارترین دۆخی ئەمنیەتیدا بەستراون و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پیلانی درێژخایەن و هەزینەی قورس و گرانەوە هەوڵی تۆپباران و موشەکبارانکردنی داون. – بە چاوخشاندنێک بەسەر پەسەندکراوەکانی ئەم کۆنگرانەدا (ڕاپۆرت و بەرنامە و پێڕەو و بڕیارنامە و پەیامەکان) دەردەکەوێ کە ئەم حیزبە بەردەوام بەپێی زەروورەت لەسەر ئەساسی دەرک و خوێندنەوەی شەرایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لەسەر هەر چوار ئاستی جیهانی و ناوچەیی و ئیران و کوردستاندا گۆڕان لە ڕوانگە و تێفکرینیدا پێک هاتوە. ئەم گۆڕانکاریانە زۆر بەئاشکرا بە جۆری ڕوانینی ئەم حیزبەوە بەرانبەر بە جەمسەربەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان، ئامانجی دواڕۆژی حیزب کە بە هێنانە ئارای کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزمی دێموکراتیک بەرانبەر بە سوسیالیزمی مەوجوود بوومەلەرزەیەکی فکری و تەشکیلاتی لە حیزبدا پێک دێت، گۆڕینی دروشمی ستراتێژیی حیزب لە “دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان”ەوە بۆ “ فیدرالیزەکردن”ی ئێران و “دامەزرانی کۆماری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی فیدراڵ‌“دا و وەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئامانجی حیزب، دیارن. – دەستاودەستکردن و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات (بەڕێوەبەری) لە ئاستی ڕێبەری لە حیزبی دێموکراتدا کە بێ‌گومان بەشێکە لە خەسڵەتی نوێگەرایی لەم حیزبەدا تا ئێستایشی لەگەڵ بێ دیاردەیەکی ناوازە و بێ وێنەیە. ئەگەر چاوێک بە لیستی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب‌ کە لە کۆنگرەکاندا هەڵبژێردراون بخشێنین، ئەم ئیدیعایە بەتەواوی سەلمێندراوە کە کەم حیزبی کوردی و تەنانەت ناوچەیی هەیە کە بە ڕادەی حیزبی دێموکرات، گۆڕان لە ڕێبەرییەکەیدا پێک هاتبێ. هەر لە ماوەی ئەم چوار دەیەی ڕابردوودا جیا لەوەیکە بە دەیان کەس لە ئەندامانی ڕێبەریی ئەم حیزبە لە ئاکامی هەڵبژاردنی کۆنگرەکاندا جێگایان گۆڕدراوە، دوای شەهیدبوونی دوو سکرتێری ئەم حیزبە شەهیدان؛ دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی لە ئاستی کەسی یەکەمی حیزبیشدا چەند جارێک ئەم ئاڵوگۆڕە لە بەڕێوەبەریی حیزبدا ڕووی داوە کە هەر وەک ئاماژەی پێ کرا، ئەوە شانازییەکەی هەر بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە. تەنانەت لە سەر ئاستی کەسی یەکەمی حیزب کە سکرتێری حیزبە، ئەوە تەنیا حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە هەر ئێستا چەند کەس لە سکرتێرەکانی پێشووی لە پلەکانی دیکەی تەشکیلاتیدا لە ڕیزەکانی ئەم حیزبەدا تێکۆشانیان هەیە. بە دەیان کەس لە ئەندامانی دەفتەری سیاسی و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پێشوو هەن کە هەر هەموویان وەک کەسایەتیی بەرزی سیاسی لە ڕیزەکانی حیزب‌دا حزووریان هەیە و بەشێکن لە سەرمایەی ئەم حیزبە. *** گومانی تێدا نییە کە لە حیزبێکی وەک حیزبی دێموکراتدا، بەخۆداچوونەوە و نوێبوونەوە ناتوانێ تەنیا ببەسترێتەوە بە قەوارەیەکی ئۆڕگانیکی و نیزامی ڕێکخراوەیی ئەم حیزبە، چونکی لە کۆتاییدا ئەوە ئینسانەکانن کە قەوارەکان دادەڕێژن و بیچمی پێ‌دەبەخشن. کەوابوو جۆر و ماهییەتێک کە لە پشت ئەم پرسەوە هەیە و ئەقڵییەتێک کە بنیاتی ئەم ڕێبازە درووستە لە ڕێکخراوێکی سیاسی‌دا دادەنێ، بەشێکی هەرە ئەساسیی ئەم باسەیە. لێرەدایە کە ڕۆڵی ڕێبەری سیاسی و ڕێ‌پێشاندەر و پێشەوا دەردەکەوێ. بەخۆشییەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەم ڕووەوە خاوەنی پاشخان و سەرمایەیەکی گەورەی فکری و مەعریفییە کە لە ڕێبەرانییەوە بۆ ماوەتەوە کە بێگومان دوو ڕێبەری ناوداری کورد؛ پێشەوا قازی محەممەد و دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لەم پێوەندییەشدا ڕۆڵی بنەڕەتی و سەرەکییان گێڕاوە. بەڵام جیا لەوان، ناکرێ باس لەوانە نەکەین کە دوای ئەوان و دواتریش – بەتایبەت لە نەبوونی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی‌دا – هەرکام بە ڕادەی خۆیان لە پاراستنی ئەم خەسڵەتەدا ڕۆڵیان گێڕاوە. لە لایەکی دیکەوە، تێکڕای تێکۆشەرانی ئەم حیزبە کە بەپێی فەرهەنگێکی تایبەتی ڕێکخراوەیی – کە تێکەڵاوێکە لە “پڕەنسیپی دێموکراتیک” و “ئازادیی دەربڕینی بیروبۆچوون” – پەروەردە کراون، مەیل بە ڕەخنەگرتن و بەخۆداچوونەوە و هیواداربوون بە ئاڵۆگۆڕ و نوێبوونەوە، لە وجوودیان‌دا نەهادینە بووە. بۆیە بەخۆداچوونەوە و ڕێفۆرم لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا باوەڕێکی چەسپاوە و بۆتە بەشێک لە خەسڵەتی ڕێکخراوەیی ئەم حیزبە کە هەر وەک باس کرا بەرزترین ئۆرگانی حیزب (کۆنگرە) زامن و پشتیوانیەتی.