کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی متمانە بە یەکتر بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی

05:17 - 4 گەلاوێژ 2720

کۆمەڵگەی ئێران لە ئێستادا سەختترین قۆناغەکانی ژیانی خۆی لە سەردەمی کۆماری ئیسلامییدا تێپەڕ دەکا. لەلایەک گوشارە ئابوورییەکان لەسۆنگەی سزا قورسە نێودەوڵەتییەکان، داڕمانی بایەخی دراوی نیشتمانی، بێکاری، هەژاریی لە ڕادەبەدەر، ئاوسان و ناکارامەیی حکوومەت لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەدا خەڵکی لە تەنگانەیەکی زۆر پەستاوتوە. لەولاش حکوومەت بە سەپاندنی کەشی ئەمنیەتیی قورس و فشاری زۆر بۆ سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەیەوێ بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بێ و پێش بە تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان بگرێ. درێژەی ئێعدامە سیاسییەکان و ڕەشبگیری چالاکانی مەدەنی و سیاسی و سەپاندنی سزای قورس و درێژخایەنی زیندان بەسەریان لە کوردستاندا و توندکردنی فشارەکان لەسەر جموجۆڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستی ئێران هەر بۆ ئەو مەبەستەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی‌وایە بردنە ژێر چەقۆی بەرژەوەندیی تاکەکانی کۆمەڵ، دروستکردنی ترس لەسەر ئەمنیەتی خۆیان و ترس لە زیان بۆ سەر خێزانەکانیان دەتوانێ پێش بە جموجۆڵ و سەربزێویی تاک و لە پانتایی گەورەتریشدا کۆمەڵگە بگرێ و، ئەوەش سیاسەتی هەمیشەیی دەسەڵات بووە کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا تەمەنی ڕێژیمەکەیانی پێ درێژ کردوەتەوە. کۆماری ئیسلامی پێی‌وایە کە سزای ئێعدام کۆمەڵگە چاوترسێن دەکا، هەروەها سزای زیندانیی درێژخایەنیش لە کات و ساڵە هەرە پڕبایەخ و زێڕینەکانی چالاکێکی سیاسی و مەدەنی – سەپاندنی ١٠ ساڵ زیندان بەسەر زارا محەمەدی بۆ نموونە_ تێچوویەکی قورسە بۆ وی، بۆیە ئەمە دەکاتە کەرەستەی ترس و تۆقاندن بۆ ڕاگرتن یان هەرنەبێ خاوکردنەوەی جووڵانەوە مەدەنی و ناڕەزایەتییەکان لە کۆمەڵگەدا. پوختەی مەبەست. لە ئێستادا سیاسەتی ڕێژیم لەو هاوکێشە ناوچەییەکاندا گەیوەتە بنبەست. شان‌وشکۆی ڕێژیم بەتایبەت دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی شکاوە و لەدوای ئەمە ڕێژیم لە پێگەی هێرشبەرییەوە بۆ نەرمی نواندن لە بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا دابەزیوە و نەک لە هەمبەر لێدانی هێز و بنکەکانی لە سووریە، تەنانەت لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکە ئەتومی و مووشەکییەکانی لە قووڵایی خاکی وڵاتەکەشیدا نەرمی دەنوێنێ؛ بەڵام بە چنگ و ددان هەوڵ دەدا لە نەبوونی مەشرووعییەت و قەیرانی کارامەییدا؛ ئوتوریتە و ئیقتداری ئەمنیەتی و نیزامیی خۆی لە نێوخۆدا و بەسەر خەڵکی وڵاتدا ڕاگرتبێ. لە بەرەی بەرامبەریشدا، خەڵک هەتا دێ هیوابڕاوتر دەبن، مەودای نێوان چینەکانی کۆمەڵگە بەهۆی بارودۆخی ئابووری زیاتر بووە، تەمای ئیسلاحخوازی هەناسەی لێ بڕاوە و متمانەی پێناکرێ، ئۆپۆزیسیۆنێکی سەراسەریش لە ئارادا نییە کە بتوانێ مودیرییەتی دۆخی ئێعترازی و سەرهەڵدانی نێوخۆ بکا. هێزەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆن بەهۆی نەبوونی واقعبینیی سیاسی لە دۆخی وڵات و ستراتیژیی فراوانبینی بۆ داهاتوو لەگەڵ هێزە کۆمەڵایەتی و ئیلیتەکانی کۆمەڵگە لەنێوخۆ کە دژبەری ڕێژیمیشن مەچ نین. لەو نێوەدا کۆرۆنا ئەگەر بۆ خەڵک تامی تاڵی مەرگ و مەینەتی بووە، بە شێوەی کاتییش بووبێ فریای ڕێژیم کەوتوە. ڕێژیم کە پێش کۆرۆنا قەیرانی مەشرووعییەتی خۆی بە ئێسک و پێستەوە هەست پێ دەکرد –سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە یەک لە دوای یەکەکان و بەشداریی ئێجگار کەمی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس بۆ نموونە- و قەیرانی کارامەیی لە ئیدارەکردنی وڵاتیش هیندەی دیکە لە پێ خستبوو؛ بە هاتنی کرۆنا و مودیرییەتی ئەم پەتایە لە بەرژەوەندیی خۆیدا هەناسەیەکی هاتەوە بەر. ڕێژیم هاوکات هەوڵ دەدا لە بەرامبەر گوشاری ڕۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا کە -لە ئەگەری هەلبژێرانەوەی تڕامپ لە هەڵبژاردنەکانی هاویندا بێگومان ئەم گوشارانە زیاتر دەبن- بە دروستکردنی هاوپەیمانیی درێژخایەن لەگەڵ چین و ڕووسیە هەم قورسایی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەر خۆی کەم کاتەوە، هەم لە نفووز و دەسەڵاتی ئەم دوو زلهێزە لە کەیسە ئەمنیەتییەکانی شووڕای ئەمنیەتدا بە قازانجی خۆی کەلک وەرگرێ. هەموو ئەوانە دەرخەری ڕاستییەکن کە بزووتنەوەی ئێعترازیی خەڵک لە نێوخۆی وڵات نابێ کۆشکی هیوای لەسەر کێشەکانی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی هەڵچنێ و دەبێ پشت بە خۆی ببەستێ. لێرەدایە کە ئەرکەکان دەستنیشان دەکرێن. ڕاستە کە خەڵک نایەوێ کۆڵ بدا و نایەوێ لە مافەکانی خۆی خۆش ببێ، بەڵام نەبوونی هاوپێوەندیی ئۆرگانیک لە نێوان چین و تویژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەدا کە هەموو قوربانیی ستەم و چەوسانەوەی کۆماری ئیسلامین؛ کەلێن و پەرتەوازەیی زۆری لە نێوانیاندا دروست کردوە. ئەم متمانەیە و ئەم هاوپێوەندییە پێویستە و ئیلیت و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان دەبێ دروستی بکەن. ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ڕوویەکی دیکەی ئەم بابەتەیە. کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا بنەمایەکی گرینگی کاریی خۆی لەسەر بێ‌متمانەیی ئۆپۆزیسیۆن بە یەکتری و لێکترازانیان داناوە. ڕێژیم دەزانێ لە سۆنگەی گەندەڵی و ناکارامەیی خۆیەوە شەرعییەتی نییە و ناتوانێ جێی متمانەی خەڵک بێ، بۆیە بەردەوام هەوڵ دەدا لە ڕێگەی ڕێگەگرتن لە کۆبوونەوەی هێز و توانای بەرهەڵستکارانەوە درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدا. بۆ ئەو مەبەستەش بوو کە زۆر تاوانی وەک تێرۆرەکانی ڤییەن و مێکونووسیان خوڵقاند. لێرەدایە کە ئۆپۆزیسیۆن دەبێ لە قۆناغی بێ‌متمانەیی بە یەکتر و پەڕش‌وبڵاوی تێپەڕێ و پێ بنێتە قۆناغی چالاکیی بەکردەوەی یەکگرتوو. ئۆپۆزیسیون دەبێ بیسەلمێنێ ئەگەر دەیەوێ ببێتە ئەلتەرناتیڤی ڕێژیم، کێشەی جەوهەریی لەگەڵ ڕوانگەکانی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت پرس و کێشەکانی کۆمەڵگە و تەواوەتیی وڵات هەیە، نەک هەر بەدیلێک بۆ دەسەڵات.