کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکەوتنی ژنان لە دەلاقەی مافەکانیانەوە

04:39 - 7 گەلاوێژ 2720

ژان ژاک ڕۆسۆ: “مرۆڤ سەربەست دێتە دنیا، کەچی لە هەموو جێگایەکدا دە نێو زنجیران‌دایە.” بەندی سێی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ: “هەموو کەسێک مافی ژیان و ئازادی و ئاسایشی هەیە.” مافەكانی مرۆڤ كۆمەڵێك تایبەتمەندی زامن‌كراو و سروشتیی هەر مرۆڤێكن، كە بە یاسا دەپارێزرێن و چە‌مکی مافی مرۆڤیش کۆمە‌ڵێک مافی پێکە‌وە گرێ‌دراون کە بە‌شێوە‌یە‌کی ئۆرگانیکی گرێدراوی مرۆڤن، مرۆڤ خاوە‌نی ئە‌م مافانە‌یە و  بۆی بووەتە ئامانج و هەمیشە هەوڵی بۆ بە‌دە‌ستھێنانیان داوە. لە دنیای ئەمڕۆدا بەشداری‌کردنی ژنان لە سیاسەتدا بۆتە پرسێکی گرینگ و لە لایەن چینی ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگەوە گرینگییەکی تایبەتی پێ دەدرێ. بەشداری نەکردنی ژنانی کۆمەڵگەیەک لە سیاسەتدا ڕادەی دواکەوتوویی و ناڕۆشنبیری ئەو کۆمەڵگەیە نیشان دەدا. بوونی ژنان لە کاروباری سیاسی و کەلک وەرگرتن لە بیر و بۆچوونیان، وڵات بەرەو یەکسانی و سەقامگیریی زیاتر دەبا، لە ئەگەری پەراوێز خستن و نەبوونی ژنان لە سیاسەتدا، بەڕێوەبردن و بڕیاردان لاسەنگ دەبێ، چونکە ژنان نیوەی کۆمەڵن و ناکرێ نیوەی کۆمەڵ غایب بێ لە بڕیار و بەڕێوەبردنی هەر وڵاتێکدا. بە درێژایی مێژوو و لە ھەر جێگەیەکی ئەم دنیایەدا ژنان کەم و زۆر بەشدارییان لە سیاسەتدا کردوە، بەڵام ڕۆڵی سەرەکیی ژنان لە سیاسەتدا بۆ دوای شۆڕشی فەڕانسە لە ساڵەکانی (١٧٨٩- ١٧٩٩) دەگەڕێتەوە. لە سەروبەندی شۆڕشدا ڕێکخراو گەلی تایبەت بە ژنان بۆ داکۆکی لە مافەکانیان دامەزرا و خوازیاری بەشداری‌کردنی ژنان لە سیاسەتدا بوون و ژنانێکی زۆریش لە دەوری ئەو ڕێکخراوانە کۆبوونەوە و لەگەڵ مافەکانی خۆیان ئاشنا کران، لایەنگران و خوازیارانی ئازادیی ژنان بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین دژی ھەڵاواردنی ڕەگەزی و ئەوەی کە ژن حەقی نەبوو بچێتە پارلمانەوە، نامەیەکی ناڕەزایەتییان بۆ پارلمان نووسی کە داواکاری ئەوە بوون ژن وەک نیوەی کۆمەڵگە ئەو حەقەی پێ بدرێ بچێتە پارلمان و داواکانیان بەرنە ئەوێوە. ھەوڵەکانی ژنانی چالاک و ماف‌خواز و دەور و ڕۆڵی ئەو ڕێکخراوانە کاریگەریی تایبەتی هەبوو لە سەر وڵاتانی دیکەی دنیا و لە پێش سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم، وردە وردە لە وڵاتانی دیکەی دنیا بزووتنەوەکانی تایبەت بە ژنان سەری ھەڵ‌دا و دەنگی یەکسانی‌خوازی ژنان بەرز بووەوە. بە جۆرێک کە یەکەم بزووتنەوەی ژنان لە بریتانیا بۆ دابین‌کردنی مافی سیاسیی ژنان لە ساڵی ١٨٥٦ سەری ھەڵ‌دا. ژنان لە ڕۆژئاوا بە گشتی لە سەرەتایی‌ترین مافەکانی خۆیان بێ‌بەش بوون و ھیچ ڕۆڵێکیان لە کاروباری حکوومەتییدا نەبوو. سەرھەڵ‌دانی بزووتنەوەکانی تایبەت بە ژنان و بزووتنەوەی فیمینیستی دەسپێکی سەرھەڵ‌دانی دژایەتی لەگەڵ ئەو ھەڵاواردنانە بوو کە لەدژی ژنان دەکرا. داوای سەرەکیی ئەو ژنانە ئەوە بوو وەک چۆن حەقی ژیانیان ھەیە حەقی ئەوەشیان هەبێ کە لە سیاسەتی وڵاتەکەیاندا بەشدار بن. چالاکییەکانی ژنانی جیھان بە گشتی و ھەوڵ و ماندوو بوونەکانیان بێ‌ئاکام نەبوو و پەلی هاویشت بەرەو وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست و تا ڕادەیەک ئێرانیشی گرتەوە. لە ئێران لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە بە تایبەت لە سەروبەندی مەشرووتەدا بزووتنەوەی ژنان سەری ھەڵ‌دا. کولتووری پیاو سالارانە و کۆمەڵگەی سوننەتیی ئێران ڕوانینێکی زۆر جیاواز و پڕ لە هەڵاواردنی بە نیسبەت ژنەوە هەبوو، کە سەرەتا ژنان پێ‌بەندی سوننەت و کولتووری پیاوسالارانە بوون، بە جۆرێک تەنیا خۆیان لە چوار دیواریی ماڵدا دەدیتەوە و کارەکەیان تەنیا ڕاگەیشتن بە مێرد و منداڵەکانیان بوو و ئیمکانی ھیچ جۆرە چالاکییەکیان نەبوو. بەڵام لە دوای دامەزرانی قوتاب‌خانەکان و سەردانی زۆری دیپلۆماتە ڕۆژئاواییەکان و مانەوەیان لەم وڵاتە، بووە ھۆی ئەوەی ژنان گرینگی بە خوێندن بدەن و وردە وردە دەستیان کرد بە دەرس خوێندن و خۆیان لە دنیای دەرەوەی ماڵدا دیتەوە. بە گشتی بزووتنەوەکانی ژنان لە ئێران لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا و بە شێوەی گرووپی بچووک بچووک لە ژنانێکی خوێندەوار و لە چینی مام‌ناوەندی کۆمەڵگە پێک ‌ھات. جیاوازییەک کە بزووتنەوەکانی ژنان لە ئێران لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەیان بوو ئەوە بوو کە بزووتنەوەکانی ژنان لە ئێران خوازیاری ئەوە بوون ژنان لە کۆمەڵگەیەکی ئایینییدا پەروەردە بن، ئەوەش دەری‌خست کە ئایین کاریگەریی زۆری لەسەر ژنان لە ئێران داناوە، بەڵام بزووتنەوەکانی ژنانی ڕۆژئاوایی بزووتنەوەیەکی تەواو سیاسییانە و بە ئیدئۆلۆژییەکی فیمینیستانەوە بوو، ئەوان خوازیاری وەرگرتنی ھەموو مافەکانیان لە بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و …دا بوون. ئەو ھۆکارە خاڵێکی لاواز بوو کە ژنانی ئێران نەیان‌توانی بەرەو پێش‌چوونێکی ئەوتۆ بە خۆیانەوە ببینن.کەواتە دەتوانین بڵێین وەدەست هێنانی مافە سیاسییەکانی ژنان لە پلەی یەکەمدا پێوەندیی بە سیستمی سیاسی و یاسایی ئەو وڵاتەوە هەیە و لە پلەی دووەمدا پێوەندیی بە ئاستی وشیاریی ژنانی وڵات لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەت بواری سیاسییەوە هەیە. دامەزراوە حکوومەتی و ڕێکخراوە ناحکوومەتییەکان، بە درێژایی پەنجا ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەردەوام مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیان فەرامۆش کردوە، لە کاتێکدا ھەموو مافەکانی مرۆڤ پێکەوە بەستراون. چاودێری، سەپاندن و جێ‌بەجێ‌کردنی ئەم مافانە بە ڕادەیەکی کەم‌تر پێش‌خراوە بە بەراورد لەگەڵ مافە مەدەنی و سیاسییەکان، بە شێوەیەک ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان مافە مەدەنی و سیاسییەکان و سەرپێچی‌کردن لەم مافانە بە دژوارتر لە سەرپێچیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان سەیر دەکەن. ئەم مافانە لە بەڵگەنامە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکانی مافی مرۆڤ ناسراون و دەپارێزرێن. وڵاتانی ئەندام ڕێسایەکی یاساییان ھەیە بۆ ڕێزگرتن، پاراستن و دەستەبەرکردنی ئەم مافانە و لە ساڵی ٢٠١٣دا یاسایەکی بنەڕەتیی بۆ دانرا و کەوتە بواری جێ‌بەجێ‌کردنەوە. زەمینەی ژنان لە چوارچێوەی مافە کۆمەڵایەتییەکاندا بە پێی سیستمی وڵات دیاری دەکرێ، ئێمە ناتوانین پێگەی ژن لە ئێران لە ڕووی ئەو مافانەوە بە وڵاتێکی پێشکەوتوو کە یاسا تێیدا سەروەر بێ و بە یاسا مافەکانی مرۆڤی تێدا جێ کەوتبێ پێک بگرین.کەواتە دەتوانین بڵێین سیستمی یاسایی، سیاسی، دین، کۆمەڵگە، داب و نەریت پێکەوە بڕیار لەسەر پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا دەدەن، چونکە لە هەر وڵاتێک ئەگەر لە یاسای بنەڕەتییدا دەق هەبوو لە سەر مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ئەوا ڕاستەوخۆ سیستمی سیاسی تابعی دەبێ و ڕێگا خۆش‌کەر دەبێ بۆ سەپاندنی یاساکان و سزادانی سەرپێچی‌کاران.