کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیاوازیی پەروەردەکردنی منداڵان لە وڵاتی ژاپـۆن

04:26 - 10 گەلاوێژ 2720

لەم سەردەمەدا، لە زیـرەکی و ڕەوشـت باشی و لە هەڵسوکەوتی دروسـتی کۆمەڵایەتیی منـداڵان، وەکوو نموونە ئاماژە بە بلـیمەتی و زیرەکیی منداڵانی ژاپـۆن دەکرێ. نهـێنیی سەرەکی لە پشت ئەم ڕاستییەش، بۆ پەروەردەکـردنێکی دروست و ڕێ‌نـمایی و ئاراستەکـردنێکی ڕاسـت و بـوونی پەیـڕەو و پـرۆگرامێکی تۆکمەی پەروەردەیی نوێ و بۆ سیستمێکی سەرکەوتووی بارهێنان لەم وڵاتە دەگەڕێتەوە. فێرکردن لە زمانی ژاپـۆنییـدا، لە دوو پیت پێک هاتـوە (كیو–ئیكۆ) واتاكانیشیان ئەمانە دەگەیەنن (كیـو) واتە چاو لە کاری کەسانی تر کردن، ئەمەش بنەمای فـێرکرنە. پیتی (ئیكـۆ) واتە پـەروەردەی منـداڵ. ئەم دوو پیـتە، گوزارشتن لە بنـەمای پـرۆسەی فـێرکردن لە ژاپـۆنـدا. ژاپۆنییەکان پەروەردەی منداڵان، لەگەڵ پێگەیانـدنی ڕووەک و درەختدا بەراورد دەکەن. وەکو چۆن ڕووەک پێویستی بە خواردن و ئاو دان و پەرچ‌کردن و خزمەت هەیە بۆ ئەوەی بـڕسكێ و پێـ بگات و بەر بـدات، پـەروەردەکرنی منـداڵانیش هەر بەم شێوەیەیە. ژاپـۆنییەکان لە فـێرکردنی منداڵەکانیان، تەنیا پشت بە قوتاب‌خـانە و بەو زانیارییانە نابەستن کە لە پەرتووکەکانی خوێندنی قوتاب‌خانەدا هەن، بەڵکوو فـێری زانیاریی گشتی و چەمکەکان و هەڵسوکەوت و ڕەفتاری پەسەنـدی کۆمەڵایەتی و ڕەوشتی جوان و ڕێز و خۆشەویستی و هـاوکاری و ماڵـ‌داری و کارکردن لە کارگـەکان و داهـێنانیان دەکەن؛ بۆ ئەوەی زیـرەک بن و بتوانن گەشە بە بەهـرەکانیان بدەن و پێش بکەون و، ببن بە مرۆڤی سوودبەخش بۆ خۆیان و بۆ کومەڵگاکەیان. ئامانجی سەرەکیی ژاپـۆنییەکان لە پەروەردەکردن و فێرکردنی منداڵەکانیان، ئەوەیە کە لە هەموو بوارەکانی ژیانـدا فـێر ببن و دا نـەمێنن. ژاپـۆنییەکان لە پەروەردە و فـێرکردنی منداڵەکانیانـدا، پەیڕەوی پرۆگرامێکی فـێرکردنی تەواو و بە یەکەوە بەستراو دەکەن. پشت بە ستراتێژییەکی پەروەردەیی بەهـێز دەبەستن. منداڵانی ژاپـۆن لە هەموو بوارەکاندا، لە میانەی بیـنـین و بەشـداری‌کردنی کرداری و بە تاقـی‌کردنەوەی زانیاری و بە یـارییەوە، زانستی گشتی فـێر دەبن و وەریان دەگرن، هەتا ئەوەی کە بە وشکی و تەڵـقـین و تـووتی ئاسایی و راڤـەکـردن  فـێریان دەبن. لە ژاپـۆندا، مامۆستاکان بە شێـوازێکی گـشتی و هەمیشەیی، لە قوتابییەکانیان دەگەڕێن و وا فـێریانـ دەکەن وا ڕایان ـدەهـێنن، کە پـشت بە تواناکـانی خۆیان ببەستن و بـیر و هـۆشی خۆیان بە کار بهـێنن، پێکەوە و بە هـاوڕایی، ئەو گـرفـت و کێشانەی دێنە سەر ڕێیان چارەسەریان بکەن؛ ئەمەش دەبێتە هۆی پێ‌گەیاندنی نەوەیەکی متمانە بە خۆی دا نەماو. شێوازی فـێرکردن و راهـێنانی منداڵان لە ژاپـۆندا، بە تەواوی جیاوازە لەگەڵ شـێوازی فێرکرنی منداڵان لە وڵاتانی تری جیهانـدا. ژاپۆنییەکان منداڵەکانیان وا پەروەردە دەکەن و ڕایان دەهێنن، کە ببن بە خاوەنی ئەقـڵيیەتێکی داهـێنانەی هاوچەرخ. هەردەم بیر لە داهـێنان و نوێ‌خوازی بکەنەوە، کە ئەمڕۆیـان لە دوێنـێ و، سبەینێـشیان لە ئەمڕۆیـان باش‌تر و پێشکەوتـووتـربێت. لە ژاپۆندا، شتێکی تر نییە کە لە فـێرکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان گرنگ‌تر بێت. ئەم دەستوورەشیان وای کـردوە، کە گەلی ژاپـۆن، جیاوازبێ لە گەلانی تری جیهان. گەلی ژاپـۆن بەوە ناسراوە، کە گەلێکی ڕێکوپـێکـن و لە هەموو بوارەکانـدا، چالاکـن و کارکردنیان پێ خۆشە و هـاوکاریی یەکتری دەکەن و هـۆگری تاقـی‌کردنەوە و داهێنان و نوێ‌خوازین و هەرگیز کات بە فيـڕۆ نادەن، ڕێـز لە مرۆڤ و یاسا دەگرن، ژینگەپـارێزن، نیشتمانەکەشیان زۆر خۆش دەوێ. ئەمانە و چەندین تایبەتمەندیی تر لە ژاپـۆنییەکانـدا هەن. ئەم خەسڵەتە جوان و ئەرێنییانەیان و پێشکەوتنیان لە هەموو بوارەکاندا، وای کـردوە کە گەلێ کەس جەخـت لەسەر ئەوە بکەنەوە، کە ژاپـۆن ئەستـێرەیەکی تـرە، نەک ئەم ئەستـێرەیەی کە ئێـمە لەسەریـدا دەژیـن. ژاپـۆنییەکان دەستووری پەروەردە و فـێرکردنیان، بە شکـۆیـەکی گەورەی نیـشـتمانیی وڵاتەکەیان دەزانن. پەیـڕەو و پـرۆگرامەکانی فـێرکردن و پەروەردەکردنیان بە شێوازێکی شارستانی داڕشتوە و بە کرداریش پەیڕەوی دەکەن و بە کاری دەهێنن. مامۆستاکانیان بە تازەتـرین ڕێبـازی فـێرکردن و وانە وتنەوە، قوتابییەکانیان فـێر دەکەن. هەر ئەمەشە وای کردوە، قوتابییانی ژاپۆن لە چاو قوتابییانی وڵاتانی تری جیهان، ئاستێکی زانیاریی باڵاتریان هەبێ. دەستووری فێرکردن و خۆێندنیشیان بە پێی قـۆناغەکان بەم جۆرەیە: ١ـ قوتاب‌خانەی سەرەتایی، ٦ ساڵه‌، له‌ پۆلی یه‌كه‌مه‌وه‌ تا پۆلی شه‌شه‌مە. ٢ـ قوتاب‌خانەی ناوەنـدی، ٣ ساڵە، لە پۆلی حەوتەوە بۆ پۆلی نۆیـەمە. ٣ـ قوتاب‌خانەی ئامادەیی، ٣ ساڵه‌، لە پۆلی دەیەمەوە بۆ پۆلی دوانـزەیەمە. ٤ـ خوێندنیش لە زانکـۆکانـدا ٤ ساڵه‌. منـداڵ لە تەمەنی ٦ ساڵانـدا دەچێ بۆ قـوتاب‌خـانە. رێـژەی منـداڵانی تۆمارکـراو لە قوتاب‌خانەی سەرەتایی و ناوەندی ١٠٠٪ە، واتە هیچ نەخوێندەوارێک لە ژاپۆندا نییە. خوێندن تا تەمەنی ١٥ ساڵان، واتە تا تەواوکردنی پـۆلی سێیەمی ناوەندی بە ناچارییە. لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییشەوە تا تەواوکـردنی پـۆلی سێیەمی ناوەنـدی نادەرچـوون (مانه‌وه‌) نییە و هەموو قوتابییەکان ئەوانەی ئاست نزمیش بن، دەر دەچەن و نامێننەوە. قـۆناغی قوتاب‌خانەی ئامادەیی بە ناچاری نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێـژەی قوتابییانی تۆمارکـراو لە قوتاب‌خـانە ئامادەییەکانی ژاپـۆنـدا، لە ٩٨٪ زیاتـرە. ماوەی خـوێنـدن لە کات‌ژمێـری ٨ـی به‌یانیـیه‌وه‌ بۆ ٤ی دوای نیـوەڕۆیە. لە قوتاب‌خانەدا، مامۆستاکان و قوتابییەکان، یەک جۆر خواردن دەخـۆن. هەموو ساڵێکیش خوێندن لە مانگی گوڵان (ئەپریل) دەست پێ دەکات. ڕۆژی کردنەوەی قوتاب‌خانە، لە ماڵان و لە قوتاب‌خانەکاندا، لای ژاپۆنییەکان وەکوو ڕۆژی جـەژنە وایە و، ڕێوڕەسمی تایبەت بە خۆی هەیە. قوتابییانی ژاپـۆنی سوودێکی زۆر لە تەکـنەلـۆژیای نوێ وەر دەگرن، لە زۆربـەی قوتاب‌خانەکانیاندا تـۆڕی ئینتەرنێت هـەیە و سوودێکی زۆری لێ وەر دەگـرن. سێ ساڵی یەکەمی قوتاب‌خانەی سەرەتایی، لە پێـناوی تاقـی‌کردنەوەی توانای زانستی قوتـابیی‌دایە، پێ‌داگرتنە لەسەر چانـدنی ڕەوشتی باش، ڕەفـتاری دروست، دڵ‌سۆزی، ژینگەپارێزی، کاری خۆ بەخـشانە؛ تا لە داهـاتوودا ببن بە بەشێک لە کەسایەتیی منداڵ. ژاپـۆنییەکان نەریتـێکـیشیان هـەیە، کە بەڕێـوەبەرەکانی فەرمان‌گەکان و قوتاب‌خانەکان، کە بۆ یەکەمین جار فەرمانبەرێکی تـازە، یا مامۆستایەکی تـازە دادەمەزرێـن، بەڕێـوەبەر دەچـێت بە پیرییەوە و لە بەردەم دەرگـای فەرمانگـەکەی یا قوتاب‌خانەکەیـدا، پێڵاوەکـانی ئەو فەرمان‌بەرە یا ئـەو مامۆستا تازەیە دەسڕێ، تا خاکـێتیی خـۆی پێشان بدات و نەفـسی خۆی بشکـێنـێت. قوتابییانی ژاپـۆن سەربەستیی تەواویان هـەیە، پشت بە تواناکانی خۆیان دەبەستن، بە زۆری بە پێ یا بە پاسکـیل دەچـن بۆ قـوتاب‌خـانە و دەگەڕێنەوە بۆ ماڵـەوە. لە قوتاب‌خانەکانی ژاپۆنـدا، مامۆستاکان ئەرکی ماڵەوە بە قوتابییان نادەن، هەموو ئەرک و ڕاهـێنانێک لە ناو پـۆلـدا جـێ‌بەجـێ دەکەن. هـەر چـوار قـوتابی دەکـرێنە گـرووپێک و پێکەوە و بە هـاوڕایی، ئەرک و ڕاهـێنانەکان جێ‌بەجێ دەکەن. قوتابییان تەوەری سەرەکیی وانەکانـن نەک مامۆستاکان؛ لە هەر پۆلێکـیشدا بیـست بۆ بیـست و پێـنج قوتـابی هەیە. مامۆستای ڕابەری پۆل، ساڵی دوو-سێ جار سەردانی خـێزانی هەر قـوتابییەک دەکا، بۆ دروست‌کـردنی پـردی پەیـوەنـدی و هـاوکاری لە نێـوان مـاڵ و قوتاب‌خـانەدا، بـۆ زانیـنی بارودۆخـی خـێزانی قوتابییەکـانیان. لە ژاپـۆندا، مامۆستا، پایـە و پێگـەیەکی بەرزی لە ناو کۆمەڵـدا هەیە و ڕێـزێکی تایبەتی لێ دەگـرن. ژیـان و گوزەرانی زۆر خۆشە و مووچەیەکی بەرز وەردەگـرێ. هەمووشیان لە دەرچـووانی زانکـۆکـانن. لە هەفـتەیەکـیشدا تەنیا ١٨ وانە دەڵـێنەوە، توانای وتنەوەی هەموو وانەکانیشیان هـەیە. جگە لەو وانانە نەبێـت کە پێویستییان بە مامۆستای پسپۆڕ هـەیە، وەکو وانـەی کـاری دەسـتی، ماڵـ‌داری، وەرزش و ڕاهـێنانی جەستەیی. دە هـۆکاری پێـشکەوتنی ژاپـۆن: ١ـ لە ژاپـۆندا، لە پۆلی یەکەم تا پۆلی شەشەم وانەیەک دەخوێنن بە ناوی “ڕێگا به‌ره‌و ڕه‌وشت”، قوتابییان لەم وانەیەدا فـێری ڕەوشت و هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵکـدا دەبن. ٢ـ لە ژاپـۆندا تا تەواوکردنی پۆلی سێیەمی ناوەندی، مانەوە نییه. چونکە ئامانجیان پەروەردەکردن و چانـدنی چەمکەکان و بنیادنانی کەسایەتیی قوتابییە، نەک بە تەنیا پەروەردە و فـێرکردنیان. ٣ـ ژاپـۆنییەکان سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەمەن‌ترین گـەلی جیهـانن، لە ماڵەکانیانـدا، خـزمەت‌کار و پەروەردەکاری منداڵانیان نییە. دایکان و باوکان بەرپـرسن لە مـاڵ و ماڵ‌ـداری و لە گۆش‌کردن و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان. ٤ـ منداڵانی ژاپـۆن، ڕۆژانە بۆ ماوەی پانزە خولەک لەگەڵ مامۆستاکانیاندا، پۆلەکانیان و قوتاب‌خـانەکانیان و تەوالێتەکانیان پاک دەکەنەوە، ئەمەش بووە بە هـۆی پێ‌گەیانـدنی نەوەیەکی ژاپـۆنیی خاکی و بە تەنگی پاک و خاوێنـییەوە دێـن. ٥ـ  منداڵان فـرشەی دان شوشتن لەگەڵ خۆیان بۆ قوتاب‌خانە دەبەن، لە دوای نان‌خـواردن لە قوتاب‌خانەدا، دانەکانیان دەشۆرن. فـێری ئەوە دەبن هەر لە منداڵییەوە پارێزگاری لە تەندروستی خۆیان بکەن. ٦ـ بەڕێوەبەری قوتاب‌خانە، بە نیو کات‌ژمێـر بەر لە قوتابییەکان هەمان ئەو خواردنە دەخوا کە لە قوتاب‌خانەدا بۆ قوتابییەکان و مامۆستایان ئامادە دەکـرێ. تا لە پاکی تەنـدروستی و لە دروستیی خواردنەکە دڵنـیا بێ، چونکە قوتابییەکانیان بە داهـاتووی ژاپـۆن دەزانـن، پێویستە کە پارێـزگارییان لێ بکەن. ٧ـ لە ژاپـۆندا، کرێکاری پاک‌کردنەوە بە ئه‌نـدازیـاری ته‌نـدروسـتی ناوی دەبەن، مووچـەیەکی بەرز وەردەگـرن، مانگانە ٥٠٠٠ بۆ ٨٠٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی وەردەگرن. پێش ئەوەی دای بـمەزرێنن، بە زارەکی و بە نووسین تاقـی دەکەنەوە. ٨ـ لە ژاپۆن، لە ناو شەمەندەفەرەکان و چێشت‌خانەکان و پاسەکان و شوێنە داخراوەکاندا، بە کار هـێنانی موبایـل (ته‌له‌فـۆن کردن) و وڵامدانەوە، قـه‌ده‌غـه‌یه‌؛ بە لایانەوە بێـ‌‌دەنگی وشەی ڕه‌وشـت دەگەیەنێ. ٩ـ گەر لە ژاپـۆنـدا بچـیت بۆ چـێشت‌خانەیەک یا کافـتریایەک یا مێزگـردێکی نان‌خـواردن، هەر کەسێک لە پێـویستیی خـۆی زیاتر خواردن ناکڕێ یا تێناکا، هیچ کەسێکیش خـواردن لە ناو قاپەکەیـدا بەجـێ ناهـێڵێ. ١٠ـ لە ژاپـۆندا، تێکڕای کاتی دواکەوتنی شەمەنـدەفەرەکان لە ماوەی ساڵـێکـدا تەنیا ٧ چـركه‌یه‌، چـونکە گەلـێکن نـرخ و گـرنگیی کـات دەزانـن، زۆر بە وردی بە تەنـگی چـرکەکان و خولەکەکـانەوە دێـن. * بۆ نـووسینی ئەم بابـەتە، سـوودم لە چەنـد سایتێکی ئینتەرنێت وەر گـرتوە.