کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەبەست لە مافەکانی مرۆڤ چییە؟

01:03 - 18 گەلاوێژ 2720

ئەو کۆسپەی کە لە پێناسە کردنی نێوەڕۆکی مافەکانی مرۆڤ سەرچاوە دەگرێ بۆ لایەنی مانایی و چەمکیی “حقوق” دەگەڕێتەوە کە لە نێو فەیلەسووفان باس و خواستێکی زۆری لەسەر کراوە و دەکرێ. بە شێوەیەکی گشتی لەهەمبەر نێوەڕۆکی حقوق دوو بۆچوون هەیە: ئەو بۆچوونەی کە لەسەر خواست یان ئیرادە پێ دادەگرێ و بۆچوونێک کە تەکووزی دەکاتە سەر بەرژەوەندی و قازانج.
  مافەکانی مرۆڤ بە ڕوانینی خواست یان هەڵبژاردن لە بۆچوونی یەکەم کە داکۆکیکاری سەرەکیی فەیلسووفی هاوچەرخ “هێربێرت هارت”ە، بە مافی تاک زانراوە. بەپێێ ئەو بۆچوونە، ماف بریتییە لە ئەو دەسەڵاتەی کە یاسا بە تاکەکانی بەخشیوە هەتا کارێک بکەن یان نەیکەن، کەوابوو تاک دەتوانێ لەو مافەی کە هەیەتی واز بێنێ یان نەهێنێ. هیندێک لایەن ڕەخنە لەم بۆچوونە دەگرن، ئەوەیکە بەشێک لە مافی تاک وەک مافی ژیان ناکرێ وازی لێ‌بێنی یان بیبەخشییە کەسێکی تر، ئایا کەسێک دەتوانێ مافی ژیان کردن لەخۆی بستێنێ و یان دەسەڵاتی ژیانی خۆی بداتە دەست کەسێکی تر؟ ئایا ئەرکی لەبەرچاو گرتنی مافی ژیانی ئیتران بە ڕزامەندیی خاوەن ماف، لەنێو دەچێ؟ هیچ کەسێک ناتوانێ ئەوەیتر تەنانەت بە ڕزامەندیی خۆیشی، بکوژێ یان ئەشکەنجە بکا. لەلایەکی تر لەم بۆچوونەدا لە نێوانی مافی سوود و چێژ وەرگرتن (حق تمتع) و مافی تەواوەتی وەرگرتن (حق استیفاء) هیچ تەوفیرییەک بەدی ناکرێ. بەشێک لە مافەکان بەجۆرێکن کە خاوەنەکەی هێز و دەسەڵاتی ئەوەی نییە کە لە مافی ئیستیفا کەڵک وەرگرێ وەک مناڵان، کە داواکاری مافەکانیان لەسەر شانی دایک و باب یان سەرپەرستەکانیانە و مناڵان نازانن چۆناوچۆن کەڵک لە مافی “تەواو” وەرگرن. یان ئەمڕۆ باسی مافی ئاژەڵان، دارودرەخت و لێواری زەریاکان و… دەکرێ کە لە پێوەندی دەگەڵ ژینی هۆڤێتی ئێکۆلۆژی و ژینگە، گەشەی کردوە. ئاژەڵان، چیاکان و زەریاکان، لێرەوارەکان چ دەسەڵاتێکیان هەیە؟ لە باسی مافەکانی مرۆڤیش ئەمڕۆ باس لە مافی ناسراو بە “جیلی چوارەم” و مافی نەوەکانی داهاتوو دەکرێ کە دژایەتیی دەگەڵ ئەم بۆچوونە هەیە.   مافەکانی مرۆڤ بە ڕوانینی بەرژەوەندی و قازانج لە بۆچوونی دووهەم کە سەرەتا لە نێرینی “بێنتام” دەست پێدەکا و ئێستاش زانایانی وەک “لیۆنز″، “مەک کورمیک”،”ڕاز″، “کەمپڵ” و …پشتیوانی لەم بۆچوونە دەکەن، ئامانجی ماف نەک پشتیوانی لە هێز و دەسەڵات و خواستی تاکە، بەڵکوو پاراستنی هیندێک بەرژەوەندی و قازانجە کە دەبێ بیدرێتێ. بە ڕوانینێکی تر، ماف کۆمەڵێک بەرژەوەندین کە لایەنی ڕیکوپێک کردنی پێوەندییەکان، بۆ تاکەکان دەستەبەر دەکا، بۆ میناک “A” کاتێک خاوەنی مافە کە لە بەجێگەیاندنی ئەرکی پێسپێردراو، قازانج دەکا و یان “A” کاتێک دەتوانێ مافێکی هەبیت کە بەرژەوەندی و قازانجەکەی پێشتر بۆی دیار کرابێ و لەبەرامبەر ئەرک و بەڵێنی بۆ ئەوانیتریش لەبەرچاو بگیرێ، ئەم بۆچوونە کەمتر ڕەخنەی لێ‌گیراوە بەڵام کێشەیەک کە هەیتی ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکان بۆ لایەنی ماف دەگەڕێتەوە نەک ڕێک وەک ئەو. بە ڕوانینێکی دی، بەرژەوەندیی تاکەکان بۆ لایەنی حقوقی دەگەرێتەوە کە بۆیان لەبەرچاو گیراوە. سەرەتا دەبێ مافێک بۆ تاکەکان دابندرێ و ئەمجارە قازانجەکەشی زەمانەت بکرێ. هەڵبەت لەسەر مافی ئاژەڵان و سروشت هەمیسان ئەم پرسیارە دەگوورێ، خاوەندارانی ئەو جۆرە مافانە، دەبێ چ بەرژەوەندییەکیان هەبێ؟ بۆ ڕێکخستنی پێوەندییەکانی خەڵک و پاراستنی نەزم لە کۆمەڵگە، مافی دانراو، بۆ هەموو کەسێک ئیمتیازاتێک لەهەمبەر ئیتران دەنراوە و تواناییەکی تایبەتی پێ‌دەدرێ کە پێی دەگوترێ “ماف” و کۆیەکەشی دەبێتە “مافەکان” و مافەکانی تاکی-شی پێ دەگوترێ. ماف بریتییە لە” هێزێک کە لەلایەن یاساوە دەدرێتە تاک”. هەروەک دەبینرێ ئەم پێناسانە کەم‌وزۆر لە بۆچوونی یەکەم وەرگیراون. لێرەدا لەبەر قازانجی باسەکەمان یەکێک لە شرۆڤەکانی ناسراو لەمەڕ نێوەڕۆکی حقوق کە لە سەرەتای سەدەی بیستەم ڕۆنراوە و زۆریش کەڵکی لێ‌وەرگیراوە و بەڵگەمەند بووە و دەتوانین بڵێین خاڵی دەسپێکی لێکدانەوەکانی دواترە، بە کورتی باس دەکەین. ڕستەی “A، مافی خۆیەتی کارێک بکا”، ڕەنگبێ بۆ بەیانی بیرۆکەگەلی جۆراوجۆر بەکاربێت، دەبێ چەمکی حقوق بە پێوەری “دەرەوست” و دژبەرەکان”ی پێناسە بکرێ. ئەو ڕستەیەی سەرەوە ڕەنگبێ بەو مانایە بێ کە، “بێ” خاوەن ئەرکێکە بەوەی کە بهێڵیت “A” کارێک بکات، بەجۆرێک کە “A” داوایەکی لەسەر “B” هەبێ کە ئەرکەکەی پێشێل نەکا. لێرەدا مافی “A”، هاوڕێ و دەرەوستی ئەرکی “B”یە. هەروەها دەکرێ ڕستەی سەرەوە بەو مانایە بێ کە،”A” لە ئەنجامی ئەو کارەدا بە کردن و نەکردنی ئازادە. لێرەدا، مافی پێدراو سەرنجی دەدرێتێ و کارمان بەوەی نییە کە “B” دەبێ چ بکا. ئەو مەبەستەمان لە ماف، بە “هەڤیازی”(امتیاز) ناسراوە و هەڵبەت هیندێکیش پێیان باشە بڵێن “ئازادی”. هەمیسان ماف بە مانای “هێز″یش بەکار دێت، بۆ میناک خاوەن مڵک دەتوانێ مڵکی خۆی بیفرۆشێ یان بە ڕەهنی بدا و هەرچی دەیکا؛ ئەمە هێز و دەسەlاتی ئەو کەسەیە کە مافی خۆیەتی.