کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگاوی داهاتووی سیاسەتی ترامپ بەرانبەر بە ئێران

01:06 - 18 گەلاوێژ 2720

(ئێران لە بەڵێنییەکانی پاشگەز دەبێتەوە)
(بەشی دووەم) نەیشنال ڕیڤیۆ–فرێد فلایتز و: کەماڵ حەسەنپوور   ئێران لە بەڵێنییەکانی پاشگەز دەبێتەوە     لاساریی ئێران بەرانبەر بە لێکۆڵینەوەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی لەسەر چالاکییە ئەتومییەکانی تاران تەنیا پێشێلکاریی سنووردانانەکانی بەرجام لە ساڵی ڕابردوودا نەبوو. لە مانگی مای ٢٠١٩، لە یەک ساڵەی کشانەوەی سەرۆککۆمار ترامپ لە بەرجام، ئێران ڕایگەیاند کە هەر ٦٠ ڕۆژ جارێک لە بەڵێنییەکانی لە بەرجام دەکشێتەوە. ڕێبەرانی ئێران هیوادار بوون ئەو هەنگاوانە زەخت بخەنە سەر وڵاتانی ئورووپا تا هاوکاریی ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان نەکەن و پێش بە ئاسەوارە ئیفلیج‌کەرەکانی سیاسەتی ترامپ بگرن. کەمێک دوای ئەو ڕاگەیاندنە، ئێران یەکەم هەنگاوی هەڵێنا و ئیجازەی دا کە کۆی ئۆرانیۆمی پیتێنراو و ئاوی قورس لە سنووری دیاریکراو تێ‌پەڕێ. لە ماوەی هەشت مانگی دواتر، ئێران سنوورەکانی سەر ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆمی پێشێل کردوە، بەرهەم‌هێنانی سانتریفیووژی پێشکەوتووی پەرە پێ‌داوە و دووبارە دەستی بە پیتاندن لە بنکە ژێرزەوییەکەی فۆردۆ کردۆتەوە. لە کۆتاییدا، لە ٤ی ژانوییەی ٢٠٢٠، ئێران ڕایگەیاند کە چیتر بەربەستەکانی دیاریکراو لە بەرجام بە هیچ شێوەیەک نابێتە هۆی سنووردار کردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. کشانەوەکانی هەنگاو بە هەنگاوی نەیتوانی وڵاتانی ئورووپا بۆ پاراستنی ئێران لە ئابلۆقەکانی ئەمریکا هان بدا. لە جیاتان، لە ژانوییەی ٢٠٢٠، بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان لەگەڵ کاربەدەستانی یەکیەتیی ئورووپا، پرۆسەیەکی چارەسەری ناکۆکیی بەرجامیان چالاک کرد کە لە تێئۆرییدا دەتوانێ ئابلۆقەی نێونەتەوەیی دژی ئێران چالاک بکاتەوە. بەڵام بە کردەوە، هۆی ئەو هەنگاوەی ڕێبەرانی ئورووپا بۆ ئەوە بوو کە ئێران ناچار بکەن کە بگەڕێتەوە بۆ ڕەچاو کردنی بەرجام. ژانوییەی ڕابردوو نیشانەیەکی دڵ‌خۆشکەر هەبوو کە لانی‌کەم ڕێبەرانی ئورووپا دەستیان بەوە کردبوو کە شتەکان وەک ترامپ سەیر بکەن. سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، بوریس جانسۆن، پێشنیاری کرد کە بەرجام جێگای خۆی بدا بە “ڕێککەوتنی ترامپ، ئەوە ئەو شتەیە کە ئێمە دەمانهەوێ بیبینین […] با پێکەوە کار بکەین بۆوەی بەرجام وەلا نێین و لەجیاتان ڕێک‌کەوتنی ترامپ جێبەجێ بکەین.”   ورووژاندنەکانی ئێران شکست دێنن     لە مانگی مای ٢٠١٩، ئێران دەستی بە هەڵمەتێکی دیکە بۆ زەخت خستنە سەر وڵاتە یەکگرتووەکان کرد تا ئابلۆقەکان کۆتایی پێ بێنێ و، وڵاتە یەکگرتووەکان و ئورووپا ناچار بکا کە پشتیوانی لە بەرجام بکەن. ئەم‌جار ڕێژیم دەستی کرد بە زنجیرەیەک ورووژاندنی توندوتیژانە دژی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و، بە شێوەیەک میزانی کردبوون کە ویستی خۆی لە بەرجام جێبەجێ بکا بێ‌ئەوەی کە مەترسیی تۆڵە کردنەوە لە لایەن هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانەوە ببێتە هۆی دەستپێکی شەڕێک. لە نێوان مانگەکانی مای و دێسامبر، ڕێژیم مینی بۆ پاپۆڕی كاڵایان لە گەرووی هۆرموز دانا، ناسەرکەوتووانە هەوڵی دا دەست بەسەر پاپۆڕێکی نەوت‌هەڵگری بریتانیایی لە کەنداوی فارسدا بگرێ، زەرەر و زیانێکی زۆر بە دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانی سعوودی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەواندا بگەیەنێ و پشتگیریی میلیشیا شیعەکانی عێراقی کرد کە بە کاتیۆشا هێرشیان کردبووە سەر بنکە ئەمریکاییەکان لە عێراق. کاتێک کە سەرۆک‌کۆمار ترامپ لە تۆڵەکردنەوەی ئەو ئاکارانە شکستی هێنا، تاران لەوانەیە پێی وا بووبێ کە ستراتیژییەکەی خەریکە سەر دەکەوێ. بەڵام ئەوە هەموو لە کاتێکدا بوو کە وڵاتە یەکگرتووەکان کاری لەسەر وڵامێکی شیاو دەکرد. ڕێبەرانی ئێران هۆی دەستپێکی ئەو وڵامە لە ٢٧ـی دێسامبری ٢٠١٩ بوون، کاتێک کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە هێرشێکی مووشەکی لە عێراق، قۆنتەرات‌چییەکی ئەمریکاییان کوشت. دوو ڕۆژ دواتر، سەرۆک‌کۆمار ترامپ بڕیاری هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر هێزە بەکرێگیراوەکانی ئێراندا. ئێران لە ٣١ـی دێسامبر بە ناردنی هەزاران کەس لە پیاوانی میلیشیا بۆ سەر دەروازەی باڵوێزخانەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە بەغدا تۆڵەی کردەوە. میلیشیاکان چوونە نێو بینای دەرەوەی باڵوێزخانە و ئەوێیان وێران کرد بەڵام نەیان‌توانی لە دیواری باڵوێزخانەکەوە بچنە ژوورەوە. هێرشی بەکرێگیراوانی ئێران بۆ سەر خاکی سەربەخۆی ئەمریکا ئەو بیانووەی بۆ سەرۆک‌کۆمار ترامپ دەستەبەر کرد کە پێویستی بوو تا بتوانێ بە هەمان ڕێژە گرژییەکە بەرز بکاتەوە. لە هەنگاوێکدا کە ڕێژیمی ئێران و ناوچەکەی شۆک کرد، سەرۆک‌کۆمار لە ٥ـی ژانوییە، بڕیاری هێرشێکی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی، ژەنڕاڵێکی سپای قودس دەرکرد. کوشتنی سولەیمانی، فەرماندەیەکی کاریزماتیک و گەلێک خۆشەویستی میلیشیای شیعە کە بۆ ستراتێژیی ناوچەیی ڕێژیم لە لوبنان‌ڕا تا ئەفغانستان یەکلاکەرەوە بوو، ڕیبەریی ئێرانی پەشۆکاند و ئۆپەراسیۆنەکانی لە عێراق، سووریە و شوێنی دیکە ئیفلیج کرد. بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ بە ئاماژە بەوەی کە دەستی سولەیمانی لە پشت هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کوشتنی سەدان ئەمریکایی و هێزی هاوپەیمان لە عێراق، ئەفغانستان بووە و ئاشکرا کردنی ئەوە کە سولەیمانی بە تەمای هێرشی زیاتر بۆ سەر شارۆمەندانی ئەمریکا لە ناوچە بووە، ڕەوایی بە لە نێو بردنی سولەیمانی دا. ترامپ لە تویتێکدا پاریزگاریی لە بڕیارەکەی کرد و گوتی ئەگەر ئێران هێرشێکی دیکە بکاتە سەر کەسێک یا ئامانجێکی ئەمریکایی، وڵاتە یەکگرتووەکان خێرا وڵام دەداتەوە و “لەوانەیە لە ئاستێکی زۆر ناهاوسەنگدا.” لە ٧ـی ژانوییەی ٢٠٢٠، ئێران بەرپەرچی کوژرانی سولەیمانی بە هاویشتنی دوو دەرزەن مووشەک بۆ سەر بنکەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە عێراق دایەوە کە بووە هۆی بریندار بوونی ٦٤ کەس لە هێزەکانی ئەمریکایی. بەڵام لە ترسی ئەوەی کە ترامپی نائاسایی بە هێرشێکی بەربڵاو وڵامی ئێران بداتەوە، ڕێبەرانی ڕێژیم وێ‌دەچێ هەندێک هەنگاویان ڕەچاو کردبێ تا زەرەرەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان سنووردار بکەن: تاران ٩٠ خولەک پێش هێرشە مووشەکییەکەی دەوڵەتی عێراقی ئاگادار کردبۆوە و زۆربەی مووشەکەکان وێدەچوو بەئانقەست بۆ گەیشتنە ئامانج کورتیان هێنابێ (هێندێک لە کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان، لە نێویاندا وەزیری کاروباری دەرەوە مایک پۆمپێئۆ، لەگەڵ ئەو لێکدانەوە لە بارەی هێرشە موشەکییەکەی ئێران هاوڕا نین و پێیان وایە ئامانج لە هێرشەکە ئەوە بوو کە زەرەر بە بنکەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بگەیەنن و هێزە ئەمریکاییەکان بکوژن). سەرۆک کۆمار ترامپ، بە پێداگری لەسەر ئەو ڕاستییە کە ئەمریکایی لە هێرشە مووشەکییەکەدا نەکوژراون هەوڵی دا ئاستی گرژییەکان دابەزێنێ و تەنیا هێرشەکەی ئیدانە کرد و ئابلۆقەی زۆرتری سەپاندن. وڵاتە یەکگرتووەکان تۆڵەی هێرشی مووشەکیی بۆ سەر بنکەیەکی ئەو وڵاتە لە عێراق کە لە ١٢ی مارسی ٢٠٢٠ ڕووی دابوو و سەربازێکی بریتانیایی و دوو دانەی ئەمریکایی کوشتبوون، بە هێرش بۆ سەر پێنج ئەمباری چەکوچۆڵ لە بنکەکانی عێراقی کە لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەڕێوە دەچوون، کردەوە و، لە ٢٢ی ئاوریل، دوای ئەوەی کە بەلەمە چەکدارەکانی ئێران پاپۆڕەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانیان لە کەنداوی فارس جاڕز کرد، ترامپ ڕایگەیاند کە وڵاتە یەکگرتووەکان هەر پاپۆڕێکی ئێرانی کە لە داهاتوودا ئەو کارە بکا “دەکاتە ئامانج و لەنێوی دەبا.” بەڵام لە کۆتایی ئاوریل، ئێران هێندێک هەنگاوی بۆ هێنانە خواری ئاستی گرژییەکان لە بەرچاو گرتن، کە وێدەچێ نیگەرانی ئەوە بن کە ترامپ بەڵێنییەکەی بباتە سەر و جوابێکی سەربازیی ناهاوسەنگ لە جوابی هێرشی ئێران کە ببێتە هۆی کوژرانی سەربازێکی دیکەی ئەمریکا، بداتەوە. ئەو بە بەکرێگیراوەکانی ئەمر کرد کە دەست لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان هەڵگرن، پشتگیری لە سەرۆک وەزیرانی تازەی عێراق کە ئەمریکا پشتیوانیی لێ دەکا، کرد و پێشنیاری گۆڕینەوەی زنیدانییانی لەگەڵ ئەمریکا کرد. بە گوێرەی کاربەدەستانی ئیسڕائیل، ئێران بە هەمان شێوە دەستی بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریە کردوە. کاربەدەستانی ئێران ئەو ئیددیعایەیان ڕەت کردۆتەوە. ئاکارەکانی ڕێژیمی ئێران ڕەوایی بە ستراتێژیی ئەوپەڕی زەخت دەدەن و، بە لە بەرچاو گرتنی دۆخی کارەساتباری ئابووریی ئێران، پەتای کۆرۆنا و ڕێژەی بەربڵاوی ناڕەزایەتی لە نێوخۆ، تاران توانایی شەڕ لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان و زەرەری بەرچاو لە ژێرخانی ئابووریی نییە. سەرەڕای هێور کردنەوەی ئاشکرای دۆخەکە لە لایەن ئێران، بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ لە ٢٧ـی مەی ڕای‌گەیاند کە کۆتایی بە دوایین ڕیزپەڕەکانی ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان دژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دێنێ. ئەو ڕیزپەڕانە بۆ ئەوە بوون کە ئێرانییەکان هان بدا کە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان لە سەربازییەوە بۆ مەدەنی بگوازنەوە کە دەکرا بۆ چەکی ئەتۆمییش کەلکیان لێ وەربگیرێ.   هەنگاوەکانی داهاتوو بە لە بەرچاو گرتنی سەرکەوتوویی ستراتێژیی ئەوپەڕی زەخت، بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەبێ زەختەکە لەسەر تاران بپارێزێ و پشتیوانیی نێونەتەوەیی بۆ ئەو سیاسەتە دەستەبەر بکا. کۆشکی سپی مانگی ڕابردوو ئەو هەوڵەی بە زەخت خستنە سەر ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ درێژ کردنەوەی ئابلۆقەی گواستنەوەی چەکی ئاسایی بۆ ئێران کە مانگی ئۆکتۆبر کۆتایی دێ، دەست پێکرد. ئەگەر ڕووسیە و چین درێژکردنەوەی ئابلۆقەی گواستنەوەی چەکی ئاسایی ڤێتۆ بکەن، کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ گوتیان وڵاتە یەکگرتووەکان کەلک لە بڕیاری ژمارە ٢٢٣١ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ “گەڕاندنەوە”ی سەرجەم ئابلۆقەکانی بەرجام وەردەگرێ چونکە ئێران خۆ لە جێبەجێ کردنی بەڵێنییەکانی بەرجام دەبوێرێ. وڵاتانی ئورووپایی هێشتا لەسەر ئەوە ناکۆکن ئاخۆ وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانێ ئابلۆقەکان بگەڕێنێتەوە چونکە لە بەرجام هاتۆتە دەر. سیاسەتوانە ئەمریکاییەکان پێداگرن کە مێکانیزمی گەڕاندنەوە لە بڕیاری ٢٢٣١ـی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتوە نەوەک لە بەرجامدا و وڵاتە یەکگرتووەکان هێشتا لایەنێکی ئەو بڕیارەیە. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەو هەوڵەی وڵاتە یەکگرتووەکان شکست بێنێ، وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا ئەگەر ئێران لەبەر  تەشە دان بە توندوتیژی لە ساڵی ڕابردوودا و پێشێل‌کارییەکانی بەرجام وڵامدەر نەکەن، جارێکی دیکە دەکەونە دۆخێکی ناخۆشەوە. ئەو دۆخە ناخۆشە لەوانەیە ڕەوایی بە وڵاتە یەکگرتووەکان بدا تا زەخت بخاتە سەر ئورووپا بۆ هاوکاری‌کردنی سیاسەتی ئەوپەڕی زەخت و ئابلۆقەی خۆیان بەسەر ئێراندا بسەپێنن. وڵاتە یەکگرتووەکان ڕەوایی زۆرتری وەدەست هێنا، کاتێک ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە لە ٥ـی مانگی ژوئەن نیگەرانیی دەربڕی کە ئێران سەرجەم بەڵێنییەکانی بەرجام پێشێل دەکا و خۆ لە ئیزن دان بە پشکێنەرەکانی ئەو ئاژانسە بۆ سەردانی ئەو بنکانە دەبوێرێ کە لەوانەیە چالاکیی پێوەندیدار بە چەکی ئەتۆمی لەوێ بەڕێوە چووبن. دوای بڵاو بوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە، ترامپ گوتی ئێران دەبێ پەلە بکا بۆ “مامەڵەیەکی مەزن” لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و باسی ئەو ئەگەرەشی کرد کە ئەوان ئەگەر پێش هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماریی وتووێژ بکەن، مەرجی باشتریان گیر دەکەوێ. ئێران دەسبەجێ ئەو پێشنیارەی ڕەت کردەوە و وێدەچێ ئامادە بێ پێش هەڵێنانی هەنگاوێکی نوێ تا نۆڤامبر ڕاوەستێ. بەڵام زۆر وێدەچێ ئێران، سەرەڕای ئابلۆقە وێران‌کەرەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان دژی ئابوورییەکەی، کە پەتای کۆرۆنا بێ‌گومان خراپتری کردوە، لاسارانە خۆ لە وتووێژ لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان بپارێزێ و درێژە بە ئاکارە شەڕخوازانە و شێوێنەرەکانی بدا. سیاسەتی ئەوپەڕی زەخت باشترین وڵام بۆ ئەو لاسارییە و سەرجەم هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێرانە. لە دەوری دووهەم، سەرۆک‌کۆمار ترامپ دڵنیا دەبێ کە تا ئەو کاتەی ڕێبەرانی ئێران خۆ لە تێکەڵ‌ بوون لەگەڵ کۆڕی وڵاتانی خاوەن شارستانی ببوێرێ، درێژە بەو ستراتێژییە بدا.