کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی داگیرکەر بێدەنگیی کۆمەڵگە

01:22 - 18 گەلاوێژ 2720

پاوانخوازی نەخۆشییەکی دەروونییە کە هەموو جومگە و دەمارەکانی مرۆڤی پاوانخواز دەتەنێ. دەروون و مێشکی مرۆڤی پاوانخواز و تۆتالیتێر هەموو شتێک بەرەوخۆی هەڵ‌دەلووشی و تێربوونیشی بۆ نییە و چاویشی تەنیا سۆیەک دەخاتە بەر لووتی خۆی و مەودایەکی زیاتر و پانتر لە بیرۆکە و ڕوانینی خۆی نابینێ و حەزیش لە بینین و بیستنی بیری جیاواز ناکا.
ڕێژیم یان دەسەڵاتێکی پاوانخوازیش بە دڵنیاییەوە پێویستی بە کۆمەڵگەیەکی گوێڕایەڵی بێدەنگ و ترسەنۆک و کۆیلەیە بۆ بەردەوامبوون و بەرەوپێشچوونی ئامانج و ئاواتەکانی، هەربۆیە کەس یان کەسانی پاوانخواز کە بە هێمای دەسەڵات دادەنرێن، لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵی دەستەمۆکردنی کۆمەڵگەی ژیر دەسەڵاتی خۆیان دەدەن و لە هەموو بوارێکدا بەرنامە  وتاکتیک و ستراتیژییان بۆ کولکردن و کورتکردن و لە ئاکامیشدا وشکكکردنی ڕوانین و هزری ئازادیخوازی و مافخوازیی کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی خۆیانە، جا بە تایبەت ئەگەر ئەو کۆمەڵگە و جوغرافیایە داگیرکراو بێ، هەوڵەکان بۆ کۆیلەکردنیان چەند بەرابەر دەبێ. بێگومان هێزی تۆتالیتێر و پاوانخوازەکان کە بەردەوام ترسیان لە سێبەری خۆیشیان هەیە یاسای تایبەت بە خۆیان وەکوو سەرەتاییترین کۆت و بەند بەسەر خەڵکی ژێر دەسەڵاتیاندا دەسەپێنن و لە ڕیگای سیاسەتی دووبەرەکی‌نانەوە، دەستەمۆکردن بە پارە، پەروەردە، میدیا، هێز، ترس و تۆقاندن، کوشتن و یان بەهەر شێوەیەک کە بۆیان بگونجێ بۆ درێژکردن و مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا؛ سیستمیکی ڕاهێنانی ناڕاستەوخۆ بۆ کۆیلەکردن و بێدەنگ‌کردن دادەمەزرێنن، لەو لاشەوە هەر کۆمەڵگەیەکیش مرۆڤگەلی ژیر و زانا و ئازا و بلیمەتی تێ‌دایە کە بە هیچ شێوەیەک و لەژێر کاریگەریی هیچ هێزیک و زەبر و زەنگ و سەرکوت و کوشتن و هەڕەشە و تۆقاندنێکدا ئامادە نییە چۆک دابدا و لە بەرانبەر دەسەڵاتی سەرەڕۆ و داگیرکەردا دەوەستێتەوە ودەبێتە کێشە و مەترسی بۆ مانەوەی ئەو دەسەڵاتە، هەربۆیە هەولی کپ کردن و لە نێوبردنی ئەو کەسانە دەبێتە بەرنامەی سەرەکیی ئەو سیستمە و لە هەر سووچێکەوە کە هەست بە مەترسیی بکا بە گژیدا دەچێتەوە. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئەمەیە کە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا مرۆڤی ئازادیخواز و بوێر هەیە کە ئامادەیە هەر نرخێکیش بۆ ئازادی خۆی و کۆمەڵگەکەی بدا، بەڵام مێژوو پێمان دەڵی ئەگەر هەر کۆمەڵگەیەک یەکدەنگ و یەکگرتوو و هاوڕا نەبێ و هەر تاکێکی ئەو کۆمەڵگەیە دەردی ئەوی دیکە بە دەردی خۆی نەزانێ و دڵی بۆ ئازاری هاووڵاتییەکەی ڕانەچڵەکێ و لە ڕوانگەی ماف و ئازادییەوە زیان و قازانجی تاک زیان و قازانجی کۆمەڵگە نەبێ و بە پیچەوانەشەوە، ئەوە بۆ هەمیشە ژێردەست و کۆیلە دەمێنێتەوە و بەردەوامیش ئێش و ئازارەکانی زیاتر دەبێ تا دەگاتە فەوتان و لەنێوچوون. ئێمەی کورد لە مێژە خاکەکەمان داگیر کراوە و، هەوڵی سڕینەوەی بیر و باوەڕ و فەرهەنگ و نەریت و زمانمان دەدرێ و دەمێک ساڵە دەسەڵات کەوتووەتە دەسچن‌کردنی ڕۆڵەکانمان و بە تۆمەتی جیاجیا و لە ژێر پاساو و ناوی جیاوازدا هەموو بەڵا و چەکێکیان بەسەرماندا تاقی کردۆتەوە.  لە کۆمەلگە دا بڕەو بە خوگرتوویی و سڕکردنی لاوان دەدرێ و ئەوەندەی بۆیان کراوە نەخۆشیی دەروونی و جەستەییان بڵاو کردۆتەوە؛ ئەوەش کاریگەریی لەسەر بێدەنگی و بێ‌هەڵوێستی و ڕاهاتنی بەکۆمەڵ بەرانبەر بە پێشیلکردنی مافەکانمان بووە. هەر لەم سۆنگەیەشە کە هەواڵی شەهید بوون و لەسێدارەدرانی ڕۆڵەکانمان، خۆکوشتنیان، هەژاری و دەربەدەر بوونیان بۆتە دیاردەیەکی ئاسایی بۆ کۆمەڵگە. ئاشکرایە لە نیشتمانێکی داگیرکراودا ئەگەر نرخی خوێن و ئەشکەنجە و سووکایەتی و زیندان و لە سێدارەدانی ڕۆڵەکانی کورد تێچووی قورسی بۆ دەسەڵات هەبێ، ئەوان ناتوانن ئاوا بەئاسانی پەرە بە جینایەتەکانیان بدەن و ڕۆژانە بە شەهید کردن و دەسبەسەرکردن و لە سێدارەدانی ڕۆڵەکانمان شەوچرای خۆیان بڕازێننەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانیەوە ئەمە ڕوانگە و سیاسەتی بووە و، بەردەوام لەسەری ڕۆیشتوە و مانەوەی خۆیشی هەر لەوەدا دەبینێ. بە تایبەت ئێستا کە گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی و خۆری تەمەنی لە ئاوابوون‌دا دەبینێ، پیێ‌وایە بە ڕەشبگیر و ئێعدام و سەرکوتی زیاتر دەتوانێ چەند ئێوارەیەکی تر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە ئەوەیە کە گەلە مافخوراوەکەمان زیاتر پەرە بە هەڵوێستی گونجاو و بە کۆمەڵ بدا، لەسەر هەست بێ و بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک خۆی ڕێک بخا. پوختەی قسە ئەمەیە کە هەموو تاکێکی کورد دەبێ خۆی بە بەرپرسیار بزانێ لە ئاست هەر ڕووداوێکدا کە پێوەندی بە تاک و کۆمەڵگەی کوردی و کوردستانەوە هەیە.