کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم و تۆتالیتاریزم‌دا

01:24 - 18 گەلاوێژ 2720

(دوخی ئێستای حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی)
هەرچەندە لە ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکاندا هەندێک حیزب و ڕێکخراو کار و چالاکی دەکەن، بەڵام لە کردەوەدا، ئەوە حکوومەت و گرووپی دەسەڵاتدارن کە ڕێگەیان‌داوە ئەو حیزب و ڕێکخراوانە هەبن و هەر حکوومەتیشە کە مەرجەکانی مانەوەیان بۆ دیاری دەکا. لە ڕێژیمێکی دێمۆکراتدا، فرەڕەنگی لە فرەحیزبی گرینگترە، واتە گرینگ نییە چەند حیزب لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدارن، بەڵکوو گرینگ ئەویە تا چ ڕادەیەک حیزبەکان جیاوازییان لەگەڵ یەکتر هەیە. ژینگەی سیاسیی ئێران لەگەڵ کولتووری دێمۆکراسی لەسەر بنەمای فرەڕەنگی نامۆیە، لەبەر ئەوەی جیاوازیی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای فرەڕەنگی نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای جۆری ڕوانینیانە لە ئیسلام یان لە ئایدۆلۆژیای دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی. ژمارەیەکی زۆر حیزب و لایەن هاتونەتە کایەوە کە زۆربەیان کۆپیی یەکترن و لێک جیاکردنەوەیان زۆر دژوارە. هەربۆیە زۆر جار لە جیاتی حیزب، بە باڵ ناویان دەهێنرێ. لایەنە ڕاستەکان ڕیشەیان لە ڕوانینی خومەینیستی شیعەگەری‌دایە کە پێیان‌وایە دەبێ دەوڵەت بەتەواوی بچێتە ژێر حوکمی یاسا و ڕێسا ئایینییەکان. هەروەها پێیان‌وایە، دەبێ سیستەمی سیاسیی زیاتر لە هەر فاکتەرێکی دیکە پشت بە فاکتەری ئایینی ببەستێ. ئەو لایەنانە وەکوو “بناژۆخوازەکان” دەناسرێن. لایەنە چەپەکانیش کە وەکوو “میانەڕەوەکان” یان “گۆڕانخوازەکان” دەناسرێن، پێداگری لە سەر جێبەجێ‌کردنی دەستووری بنەڕەتیی ئێران بە مەبەستی باشتربوونی ژیانی سیاسی و ئابووریی هاوڵاتییان دەکەنەوە. میانەڕەوەکان زیاتر لە لایەن چینی نێوەڕاست‌، چینی خوارەوە، هیندێک کەسایەتی و لایەنی مەزهەبیی نێو پێکهاتەی سیاسی و هەروەها توێژی فەرمانبەری چینی نێوەڕاستەوە پشتیوانییان لێ‌دەکرێ. هەر دوو باڵ کە لە ژمارەیەکی زۆر حیزب و ڕێکخراو پێک‌هاتوون بەتوندی بەرگری لە کۆماری ئیسلامی دەکەن و لە بەرامبەر ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات کە خوازیاری گۆڕانکاریی بنەڕەتین، هاوهەڵوێستن. هیچ حیزب و ڕێکخراوێک لە نێوخۆی ئێران نییە کە بتوانێ دژایەتیی ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهـ  بکا. بناژووخوازەکان: لایەنە بناژۆخوازەکان یان پارێزکارەکان بە ژمارەیەک لە حیزب و بزووتنەوە و ڕێکخراوی سیاسی دەگوترێ کە یەکێک لە دوو باڵە سەرەکییەکەی سیستەمی سیاسیی ئێران لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ـەوە پێک دێنن. چەمکی بناژۆخواز یان پارێزکار ئاماژەیەکە بۆ ئەو حیزب و ڕێکخراوانە کە شوێنکەوتووی وەلی فەقیهن و بەرگری لە پڕەنسیپە ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن. باڵی بناژۆخواز لایەنگری دەوڵەتێکی بەتەواوی ئیسلامین کە لە لایەن خومەینییەوە پێناسە کراوە و دژی پلۆڕاڵیزم و فرەحیزبی و دێمۆکراسین، لە بەر ئەوەی پێیان‌وایە کە سەروەری تەنیا هی خودایە نەک هی خەڵک، کە ئەویش تەنیا لە لایەن وەلی فەقیهەوە نوێنەرایەتی دەکرێ. ئەندامان و لایەنگرانی گرووپە بناژۆخوازەکان بە شێوەی خۆڕسک لە چەشنی پۆلیسی ئەخلاق لەنێو کۆمەڵگەدا هەڵسوکەوت دەکەن و هێرش دەکەنە سەر هەر کەس و لایەنێک کە لەگەڵ ڕوانینی ئایدۆلۆژیکیی ئەوان سازگار نەبێ. زۆربەی دامەزراوە ئایینییەکان و دامەزراوە دەوڵەتییە هەڵنەبژێردراوەکان لە کۆنتڕۆڵی باڵی بناژۆخواز دان. دەسەڵاتیان زۆر لە دامەزراوە خەڵکی و هەڵبژێردراوەکان زیاترە و تەنانەت ئەوانن دیاری دەکەن کە کێ دەبێ لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێ. بناژۆخوازەکان لەنێو خۆیاندا بە سەر چەندین دەستەدا دابەش دەبن، بەڵام بە گشتی، لە سێ دەستەی سەرەکی پێک‌هاتوون: یەکەم دەستە، بناژۆخوازە پڕاگماتیکەکانن کە هەوڵ دەدەن لە ڕێگای کۆنتڕۆڵی دانیشتووان، ئابووریی ئێران بەرەو پێش ببەن. دووهەم دەستە، بناژۆخوازە نەریتییەکانن کە لایەنگری کۆنتڕۆڵی ئابووری و کۆنتڕۆڵی دانیشتووانی ئێرانن. سێهەم دەستەش، بناژۆخوازە توندڕەوەکانن کە دژی هەموو جۆرە ئازادی و کرانەوەیەکی ئابووری و سیاسین و لایەنگری ئەوەن کە دەبێ دەسەڵاتی خەڵک و دامەزراوە خەڵکییەکان سنووردار بکرێن. بناژۆخوازەکان بە گشتی، هەموو جۆرە سیاسەت و ڕێگا و ڕێکارێک دەگرنە بەر بۆ ئەوەی لە دێموکراسی دوور بکەونەوە و پێش بە هەر جۆرە بانگەشەیەک بۆ سێکۆلاریزم بگرن. هەر چەشنە ئازادییەک بۆ باڵی بناژۆخواز وەکوو مەترسی سەیر دەکرێ، چونکە لە سەر ئەو بڕوایەن کە دەوڵەتی یاسا، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادی بیروئەندێشە، ئازادی ڕۆژنامەنووسی و هەروەها پلۆڕاڵیزم و فرەڕەنگی دژایەتیی لەگەڵ کۆمەڵگەی موسوڵمانان هەیە.   میانەڕەوەکان یان گۆڕانخوازەکان: ئەو باڵە زۆر گرێدراوی ناوی محەممەد خاتەمی، سەرکۆماری پێشووی ئێران (١٣٧٦هەتا ١٣٨٤) و بزووتنەوەی ٢ی جۆزەردانە. بزووتنەوەی دووی جۆزەردان ئاماژەیەکە بۆ دەیان حیزب و لایەنی سیاسی کە خوازیاری هەندێک گۆڕانکاری لە ئێرانن. ناوی بزووتنەوەی ٢ی جۆزەردان و چەمکی گۆڕانخوازی لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ٢ی جۆزەردانی ١٣٧٦ـەوە هاتە کایەوە، کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی و لایەنەکانی نێو ئێران و تەنانەت دەرەوەی ئێرانیش پشتیوانییان لەو بەرنامانە کرد کە محەممەد خاتەمی وەکوو بەربژێری سەرکۆماری بۆ گۆڕانکاری لە ئێراندا بانگەشەی بۆ دەکردن. ئایدۆلۆژیای خاتەمی و بزووتنەوەی ٢ی جۆزەردان “دێمۆکراسیی ئیسلامی” بوو. دوای ئەوەی بزووتنەوەکە لە هەڵبژاردنەکانی ١٣٧٦دا سەرکەوتنی وەدەست هێنا و خاتەمی بووە سەرکۆماری ئێران، لە ساڵی ١٣٧٨دا بزووتنەوەکە توانی زۆرینەی کورسییەکانی مەجلیسیش مسۆگەر بکا و لە ساڵی ١٣٨١دا بۆ یەکەمجار توانی کورسییەکانی شۆڕای شاری تارانیش وەدەست بێنێ. بەو شێوەیە گۆڕانخوازەکان هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی خەڵکیان بە دەنگی خەڵک کۆنتڕۆڵ کرد. هەرچەندە سەرکۆمار و پاڕلمان بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردران، بەڵام لە کردەوەدا هیچکامیان دەسەڵاتی ئەوەیان نەبوو گۆڕانکاریی بنەڕەتی دروست بکەن، چونکە هەم سەرکۆمار و هەم پاڕلمان بە بێ گرنگیدان بە دەنگی خەڵک، لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی‌دان و گۆڕانکاری لە قانوونی بنەڕەتی تەنیا لە دەسەڵاتی ڕێبەردایە. سەعید حەجاریان، لە تێئۆریسیەنەکانی بزووتنەوەی ٢ی جۆزەردان، ساڵی ٢٠٠٣ ڕایگەیاند، “بزووتنەوەی گۆڕانخوازی مرد، بژی بزووتنەوەی گۆڕانخوازی” (ئەو ڕستەیە، ئیلهامی لەو ڕستە بەناوبانگە فەڕانسیە وەرگرتوە کە دەڵێ “پاشا مرد، بژی پاشا”، واتا پاشا لە دوو جەستەی فیزیکی و ڕوحی پێک‌هاتووە، جەستەی فیزیکی مرد بەڵام جەستەی ڕوحی کە ڕێگا و ڕێبازەکەیەتی، هەر زیندووە). هەندێک لە شارەزایانی سیاسی پێیان‌وایە کە گۆڕانخوازی لە ئێران بوو بە قوربانیی سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردن. کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێ‌کردن لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانخوازی، ئەو زەینییەتەی لە لای زۆرێک لە خەڵکی ئێران دروست کرد کە گۆڕانخوازەکانیش بەشێکن لەو سیستەمە و لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ بناژۆخوازەکان نییە. زۆرینەی کەسایەتییە گۆڕانخوازەکان یان میانەڕەوەکان، وەکوو محەممەد خاتەمی، میر حوسێن مووسەوی، حەسەن ڕووحانی، ڕۆڵی سەرەکییان لە بە مەزهەبی‌کردنی ڕۆخساری کۆمەڵگە و گونجاندنی سیاسەت و ڕێکارە زۆرەملێیەکانی بە ئایدۆلۆژی‌کردنی وڵاتدا بووە. سیستەمی حیزبی لە ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکاندا دەتوانێ لەسەر کاغەز یان بە ڕواڵەت وەکوو تاک‌حیزبی لە ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان بێ، بەڵام لە واقعدا لێک جیاوازن. سیستەمی حیزبی لە ئێرانی دوای ساڵی ١٣٥٧، سیستەمێکی چەند حیزبی بەو چەشنە نییە کە لە دێمۆکراسیدا هەیە، هەر بۆیە ئەوەی لە ئێران هەیە، مۆدێلێکی تایبەتە لە باڵبەندی یان باڵباڵێن، لەبەر ئەوەی هەمووی ئەو حیزب و لایەنە سەرکییانەی ئێران کە لە پڕۆسەی سیاسیدا بەشدارن، سەر بە یەک هێڵن، ئەویش ئایدۆلۆژیای دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامییە. ژمارەیەکی زۆر لە ڕێبەرانی ئەو لایەنانە، هەم بناژۆخواز و هەم میانەڕەو تا ئێستاش خۆیان بە درێژەدەری ڕێبازی خومەینی و بەشێکیان هەروا خۆیان بە حیزبوڵڵایی دەزانن. واتە یەک ئایدۆلۆژیای سەرەکی کە بەسەر چەندین حیزب و لایەندا دابەش بووە، بەشێکیان توندڕەو و بەشێکیان میانەڕەو کە لە ئەنجامدا یەک ئامانجی سەرەکییان هەیە. جگە لە دوو باڵی بناژۆخوازو میانەڕەو کە لە ژمارەیەکی زۆر حیزب و لایەن پێک‌هاتوون، هیچ حیزب و لایەنێکیتر لە دەرەوەی ئەو دوو باڵە و بە بێ ڕەزامەندیی لایەنە دەسەڵاتدارەکانی ئەو دوو باڵە، ڕێگە بە دامەزرانی نادرێ یان دوای ماوەیەک پێش بە کاروچالاکییەکانی دەگیرێ. جگە لە باڵبەندی، بابەتێکیتر کە شایانی باسە ئەوەیە کە بە لانیکەمەوە، هێڵێکی خزمایەتی لە نێوان بەرپرسانی سیاسیی ئێراندا هەیە، هەر لە وەلی فەقیهەوە بگرە تا دەگاتە کارمەندێکی ئاسایی.  

کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێران

گەشەی سیاسی و پشتیوانی لە کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ یەکەمجار لە لایەن محەممەد خاتەمییەوە لە میانەی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ساڵی ١٣٧٦ بانگەشەی بۆ کرا. حکوومەتی خاتەمی هەوڵی دا هەلێک بڕەخسێنێ  بۆ گەشەی سیاسی و ئابووری لە ئێراندا. دروشمەکانی خاتەمی زیاتر ئەوانە بوون: بەشداریی زیاتری خەڵک لە حکوومەتدا، فراوانکردنی ئازدی ڕۆژنامەنووسی و پشتیوانی لە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بە مەبەستی بچووککردنەوەی بازنەی دەسەڵاتەکانی حکوومەت و ڕێگەدان بە کاری کۆمەڵایەتی و سیاسیی هاوڵاتییان و ئەکتەرە ناحکوومییەکان.  هەرچەندە حکوومەتی خاتەمی هەندێک ئاسانکاری بۆ بڵاوکراوە و ڕۆژنامەکان کرد‌، بازنەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی بچووکتر کردەوە‌، لایەنە سیاسییەکانی نێو ئێران کەمێک بازنەی ئازادییەکانیان گەورەتر بوویەوە و لە هەندێک بواردا ڕەخنەیان لە دەسەڵات دەگرت، بەڵام ئەوانە هیچییان ئێرانیان بەرەو گەشەی سیاسی نەبرد، چونکە قانوونی بنەڕەتی و یاسا و ڕێساکانی ئێران زیاتر لەوەی لە خزمەت گەشەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئازادیی هاوڵاتییاندا بن، لە خزمەت پیرۆز کردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراوە ئایینییەکان و وەلی فەقیهـ دان. کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران، ئەکتەرێکی پەڕاوێزخراو یان باشترە بڵێین پەکخراوە، لەبەر ئەوەی دەوڵەت هەوڵ دەدا بە پاڵپشتییەکانی لەو ڕێکخراوە و دامەزراوانەی کە لاینگری لە دەوڵەت دەکەن یان لە لایەن خۆیەوە دامەزراون، ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی کەم بکاتەوە. لە لایەک، قەدەغە کردن، سنووردار کردن و دەستبەسەر کردنی چالاکانی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و لە لایەکی دیکەوە، دروست‌کردنی ڕێکخراوی مەدەنیی سەر بە دەوڵەت و ڕێکخستنەوەی دووبارەی هەندێک ڕێکخراوی مەدەنی بەو جۆرە کە خۆی دەیهەوێ، نیشاندەری ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران چوارچێوەدار کراوە و لە زۆر بواردا وەکوو کەرستەیەک بەکار دەهێنرێ. واتە بەشێکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە جیاتی ئەوەی بڵندگۆی توێژەکانی کۆمەڵگە بێ و ڕووی لە دەوڵەت بێ، بە پێچەوانەوە، بڵندگۆی دەوڵەتە ڕوو لە توێژەکانی کۆمەڵگە. یەکێک لەو سیاسەتانە کە دەوڵەت لە بەرامبەر سەندیکاکاندا پەیڕەوی لێ‌دەکا، سنووردار کردنیانە لە چوارچێوەیەکی جوغرافیی بچووکدا، بۆ ئەوەی لە هێز و کاریگەرییان کەم بێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە، سەندیکاکان ڕۆڵی سەرتاسەری یان نیشتمانیان لێ ئەستێندراوەتەوە، چونکە ئیتر هیچ پەیوەندییەک لە نێوان لقەکانی سەندیکا لە پارێزگا جیاوازەکاندا نەماوە و هەر پارێزگایەک دەبێ سەندیکای تایبەت بەخۆی هەبێ و ناوەکەشی لانیکەم کەمێک جیاواز بێ. بۆ نموونە سەندیکای مامۆستایانی تاران لە بواری ڕێکخستنەوە، هیچ پەیوەندییەکی بە سەندیکای مامۆستایانی ئیسفەهانەوە نەماوە و ڕێکخستنەکەی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری خۆیەتی. ئەگەری ئەوە هەیە لە داهاتوودا لەوەش زیاتر سنووردار بکرێن و چوارچێوەی چالاکییەکانیان لە سنووری پارێزگاوە ببێ بە سنووری شار. سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، ناوەندی شارۆمەندیی ژنان، سەندیکای مامۆستایان و سەندیکای کرێکارانی کۆمپانیای یەکەی لێخوڕینی ئۆتۆبوس، لە گرنگترین سەندیکاکانی ئێرانن کە بازنەی چالاکییەکانیان لە سەرانسەرییەوە سنووردار کراوە بۆ پارێزگاکان. دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٣٨٨ لە دژی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێران، بەشێکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەرەوڕووی سەرکوتێکی زۆر بوونەوە و بە شێوەیەکی پلاندار لە لایەن حکوومەتەوە خرانە پەڕاوێزەوە. ئەو ڕێکخراوانەی کە ڕێگەیان پێدراوە کاروچالاکی بکەن، ئەوانەن کە لە لایەن حکوومەتەوە سنووریان بۆ دیاری کراوە و لەو چوارچێوەدا کار دەکەن کە حکوومەت بۆی دیاری کردوون.