کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاژنەی ئاشیلی دیکتاتۆرەکان

01:25 - 18 گەلاوێژ 2720

دیکتاتۆرەکان هەندێ خاڵی لاوازیان هەیە*
دیکتاتۆرەکان بە زۆری وادەنوێنن لە شکان‌نەهاتوون. لەم حکوومەتانەدا پۆلیس و ڕێکخراوە سیخوڕی و هێزە سەربازییەکان و دەسبەسەرگە و گرتووخانەکان و تەنافی هەڵخراوی سێدارەکان هەرهەموویان لە لایەن کۆمەڵە کەسێکی خاوەن دەسەڵاتەوە بەڕێوە دەبرێن. سەرچاوە سروشتییەکان و سامانە نەتەوەییەکان و هێزی بەرهەمهێنانی وڵاتیش بە شێوەیەکی ملهوڕانە لە لایەن دیکتاتۆرەکانەوە پاوان دەکرێن و بۆ تێچووی ئامانج و مەبەستەکانی ئەوان خەرج دەکرێن. لە بەرانبەردا، دێموکراتەکانی ئۆپۆزیسیۆن زۆر لاواز و بێ‌هێز و نابووت دێنە بەرچاو. بیرکردنەوە لەو هێزە لە شکان‌نەهاتوویە لە بەرانبەر ئەم بێ‌هێزییەدا، هیچ هیوایەک بە هێزێکی بەکەلکی دژبەری دیکتاتۆر لە مێشکدا ناهێڵێتەوە. بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە.   دۆزینەوەی پاژنەی ئاشیل چیرۆکێکی کۆنی یوونانی لاوازیی پاڵەوانە خەیاڵییەکان بەباشی دەخاتە ڕوو. هیچ تیرێک کاری لە ئاشیل نەدەکرد و هیچ شمشێرێکیش نەیدەبڕی. چونکە دایکی بە منداڵی ئەوی لە ئاوی چۆمی ئەفسانەیی ‘ئاستیکس’ هەڵکێشا بوو، هەربۆیە لەشی لە هەموو شتێک پارێزراو بوو. بەڵام لەم نێوەدا کێشەیەک هەبوو. لەبەر ئەوەی دایکی ئاشیل بۆ هەڵکێشانی کۆرپەکەی لە ئاوی ئەو چۆمە سیحراوییەدا پاژنەکانی گرتبوو، ئاوەکە وە پاژنەی نەکەوتبوو. کاتێک ئاشیل گەورە بوو، هیچ چەکێکی دوژمنان کاری لێ‌نەدەکرد، بەڵام دواجار لە شەڕی تروادا، بە ڕێنوێنی کەسێک کە ئاگای لە شوێنی لاوازی ئاشیل بوو، یەکێک لە سەربازەکان تیرێکی بە پاژنەی ئاشیلەوە نا، ڕێک شوێنی لاوازی جەستەی. ئەم زەبرە بۆ ئاشیل کوشندە بوو. ئەورۆکە دەستەواژەی “پاژنەی ئاشیل” بە شوێنی هەستیار و لاوازی کەسەکان، پلان و بەرنامەی ڕێکخراوەکان دەگوترێ کە ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر، توانای بەرگریی نییە ودەڕمێ. ئەم چیرۆکە بۆ دیکتاتۆرەکانیش پڕ بە پێستیەتی. بۆیە دەکرێ بە سەر هەموو دیکتاتۆرەکاندا سەرکەوی، بەڵام ئەگەر خاڵی لاوازیان بدۆزیرێتەوە و کاری لە سەر بکرێ، ئەم سەرکەوتنە زۆر خێراتر و بە تێچووی کەمترەوە دەستەبەر دەبێ.   خاڵە لاوازەکانی دیکتاتۆرەکان لە خاڵی لاوازی دیکتاتۆراندا دەکرێ ئاماژە بەمانەی خوارەوە بکرێ: ١- لەوانەیە هاوکاری و یارمەتیی ئەو کەس و گرووپ و ڕێکخراوانەی بۆ کاروباری ڕێژیم پێویستن، کەم بکرێنەوە یان هەر نەمێنێ. ٢- لەوانەیە ئاکامی سیاسەتەکانی ڕابردووی ڕێژیم، توانایی وەرگرتن و دەکار کردنی سیاسەتە نوێیەکانی نەهێشتبێتەوە. ٣- لەوانەیە ڕێژیم وەها لە کاروباری ڕۆژانەدا چەقیبێ، ئیتر نەتوانێ بەخێرایی خۆی لەگەڵ دۆخی نوێدا بگونجێنێ. ٤- ئەو کەس و شوێنانەی کە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە هەنووکەییەکان تەرخان کراون، ڕەنگە ئامادەیی ئەوەیان نەبێ پێداویستیەکانی ئەوڕۆ جێبەجێ بکەن. ٥- کەسانی ژێردەستە ڕەنگە لە ترسی تووڕەیی بەرپرسانی سەرەوەی خۆیان نەوێرن زانیاریی ڕاست و دروست، کە بۆ بڕیاردان پێویستن، بدەنە دیکتاتۆرەکان. ٦- ڕەنگە ئیدئۆلۆژی و بیروباوەڕەکان کۆن ببن و ئەفسانە و سیمبۆلەکانی ڕێژیم پیرۆزیی خۆیان لە دەست دابێ. ٧- ئەگەر بیروباوەڕێکی بەهێز هاتبێتە ئاراوە و کار لە ڕوانگەی کەسەکان لە سەر حەقیقەت بکا، ڕەنگە ئیتر خەڵک هێندە کۆڵ بە بارودۆخ و پێویستیەکانی ڕۆژانەوە هەڵنەگرن. ٨- دابەزینی ئاست کارەکان و پێداگریی زۆر لە سەر برۆکراسی و کۆنترۆڵی زۆر، لەوانە سیاسەت و کاروبارەکانی ڕژیم لە کار بخا. ٩- لێکدژ بوونی ڕێکخراوە نێوخۆییەکان و تەنانەت دوژمنایەتیی نێوان کەسەکان لەوانەیە دەسەڵاتی دیکتاتۆر پەک بخا و لەبەر یەکی هەڵوەشێنێ. ١٠- ڕۆشنبیران و خوێندکاران لەوانەیە بەربەست وسەرکوتەکان و بەگشتی بارودۆخەکە قەبووڵ نەکەن. ١١- کۆمەڵانی خەڵک لەوانەیە بە تێپەڕینی کات ئیتر ڕێژیمیان بەلاوە گرینگ نەمێنێ و لێی وەگومان بکەون و تەنانەت لێی ببنە دوژمن. ١٢- لەوانەیە ناکۆکییە ناوچەییە نێوخۆییەکان و کەلێنە چینایەتی، فەرهەنگی و نەتەوەییەکان زۆر پەرەبستێنن. ١٣- قووچەکی دەسەڵات، واتە ڕیزبەندیی ڕێکوپێکی دەسەڵات لە سەرەوە بۆ خوارێ لە حکوومەتە دیکتاتۆرەکاندا هەمیشە ناسەقامگیرییەکی پێوە دیارە، جا لەوانە کەسانێک خواروبانیان پێ بکرێ یا هەر لابدرێن و کەسانێکی تر جێگایان بگرنەوە. ١٤- هەندێ بەش لە پۆلیس و هێزە چەکدارەکان ڕەنگە بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانیان بە پێچەوانەی ویستی دیکتاتۆر بجووڵێنەوە یا تەنانەت کوودەتا بکەن. ١٥- ئەگەر دیکتاتۆرییەک تازە دامەزرا بێ، بۆ سەقامگیریی ڕێژیمەکەی، پێویستی بە کاتە. ١٦- لەبەر ئەوەی کە هەموو بڕیارەکان لە حکوومەتە دیکتاتۆرەکاندا بە دەست کۆمەڵە کەسێکی کەمەوەیە، ئەگەری هەڵە لە دادوەرییەکان و سیاسەت و بەڕێوەبردنی کارەکاندا زۆر زۆرە. ١٧- ئەگەر ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە سەرهەڵدانی ئەو کێشانەی باس کرا، چاوەدێری و بڕیارەکان بڕێک لە ناوەند دوور بکاتەوە، ڕاستەوخۆ کۆنترۆڵی بە سەر کۆڵەکە و هێرەمەکانی ناوەندی دەسەڵاتەوە کەم و کەمتر دەبێتەوە.   هێرش بۆ سەر خاڵە لاوازەکانی دیکتاتۆرییەکان بە ئاگاداربوون لە سەر ئەو خاڵە لاوازانە کە لە سروشتی دیکتاتۆرەکان‌دایە، دژبەرەکانی دەبێ بە مەبەستی پێکهێنانی ئالوگۆڕی باش لە ڕێژیمەکەدا یان بە مەبەستی لەنێو بردنی یەکجارەکیی، هەوڵ بدەن ئەو خاڵە لاوازانە کە پاژنە ئاشیلی دیکتاتۆرە، هەرچی زیاتر لاواز بکەن. ئاکامەکە زۆر سادەیە: دیکتاتۆرەکان سەرەڕای ڕواڵەتی بەهێزیان، هەموویان لاوازیی خۆیان هەیە. بۆ وێنە، ناکارامەیی و بێ‌لیاقەتی نێوخۆیی، ڕکەبەریی کەسەکان، بێ‌کەڵک بوونی ڕێکخراوەکان و دژیەکیی نێوان دامودەزگا و ئیدارەکان. بە تێپەڕبوونی کات ئەم خاڵە لاوازانە بەرهەمهێنان و تواناییەکانی ڕێژیم دادەبەزێنێ و لە بەرانبەر هەرچەشنە ئاڵوگۆڕ و بەرخۆدانێک بێ‌هێز و لاوازی دەکا. هەر شتێک کە ڕێژیم بڕیاری لە سەر بدا مەرج نییە بەتەواوی جێبەجێ ببێ. بۆ وێنە چاکە بزانین، تەنانەت هەندێ جار فەرمانە ڕاستەوخۆکانی هیتلێریش جێبەجێ نەدەکرا. چونکە ئەو کەسانەی کە لە پلەی خوارەوەی دەسەڵاتدا بوون خۆیان لە فەرمانەکە دەبوارد. هەروا کە دیومانە جاری وایە تەنانەت ڕەنگە ڕێژیمێکی دیکتاتۆری خۆبەخۆ لێک‌هەڵوەشێتەوە. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە کە دیکتاتۆری دەکرێ بەبێ هیچ مەترسی و خەسارێک لەنێو بچێ. هەرچەشنە ڕەوتێکی ئازادیخوازانە خۆی لە خۆیدا مەترسی و ڕەنجی خۆی لە گەڵە و بۆ چوونەپێش پێویستیی بە کاتە. بێ گومان هیچ شتێک ناتوانێ گەرەنتیی سەرکەوتنی خێرا لە هەموو بارودۆخێکدا بکا، بەڵام هەندێ شێوازی خەبات کە خاڵە لاوازەکانی دیکتاتۆر دەکاتە ئامانج، شانسی زۆرتریان بۆ سەرکەوتن هەیە تا ئەوانەی کە لەو بوارەی دیکتاتۆر بەهێزە، شەڕی لەگەڵ دەکەن. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەم خەباتە دەبێ بە چ شێوەیەک بچێتە پێشێ؟   کەڵک وەرگرتن لە هێز وەک باسمان کرد بەرگریی چەکدارانە لە بەرانبەر دیکتاتۆردا لە جیاتی ئەوەی خاڵە لاوازەکەی بکاتە نیشانە، خاڵە بەهێزەکەی دەکاتە ئامانج. بە هەڵبژاردنی ململانێ لە بوارەکانی هێزی چەکدار، دابین‌کردنی چەکوچۆڵ، تیکنۆلۆژیی سەربازی و شتی لەوبابەتە، بزووتنەوە بەرگریکارەکان بەئاشکرا خۆیان دەخەنە بارودۆخێکی نالەبارەوە. دیکتاتۆرەکان لە هەموو ئەو بوارانەدا توانایی کۆکردنەوەی هێزی زیاتریان هەیە. مەترسییەکانی پشت‌بەستن بە هێزی بێگانە بۆ وەدەست‌هێنانی ئازادیمان پێشتر بەکورتی باس کرد. لە بەشی دووەمیشدا کێشەکانی پشتبەستن بە وتووێژمان وکوو رێگاچارەیەک بۆ دەرکردنی دیکتاتۆرەکان لێک‌دایەوە. کەواتە چ ڕێگایەک دەمێنێتەوە کە هێزە دێموکراتەکان تێیدا باڵا دست بن و هاوکاتیش بتوانن لاوازییەکانی دیکتاتۆر هەرچی زیاتر لاواز بکا. کامە جووڵەی تیکنیکی دەتوانێ ئەو هێزە سیاسییەی کە لە بەشی سێهەمدا باس کرا، پیشان بدا؟ بژاردەی لەبار بۆ جوابی ئەم پرسیارە خەباتی سیاسییە.   تایبەتمەندییەکانی خەباتی سیاسی بریتییە لەمانەی خوارەوە: – خەباتی سیاسی قەبووڵ ناکا ئاکامی خەباتەکە بەو شێوازانەی کە دیکتاتۆر دەیگرێتە بەر، دیاری بکرێ. – بەرەنگاریی خەباتی سیاسی بۆ ڕێژیم ئاستەمە. – خەباتی سیاسی بە شێوەیەکی تایبەتی و دیاریکراو دەتوانێ لاوازییەکانی دیکتاتۆر خراپتر بکا و سەرچاوەکانی هێزی لێ بستێنێتەوە. – خەباتی سیاسی دەکرێ پانتاییەکی بەرفراوان بگرێتەوە و لە هەمان کاتیشدا لە سەر بابەتێکی دیاریکراو چڕ بکرێتەوە. – خەباتی سیاسی لە کردەوەدا دیکتاتۆر تووشی هەڵە دەکا. – خەباتی سیاسی دەتوانێ بە شێوەیەکی کاریگەر خەڵک و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوە جۆربەجۆرەکان بە شێوەیەکی یەکگرتوو بە مەبەستی کۆتایی‌هێنان بە دەسەڵاتی دڕندانەی کۆمەڵە کەسێکی دیاریکراو، لە دەوری یەکتر کۆ بکاتەوە. – خەباتی سیاسی دەتوانێ بە شێوەیەکی باش و شوێندانەر دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا دابەش بکا کە ئەمە خۆی کۆمەڵگە لە دێموکراسی نزیک دەکاتەوە.   شێوازی کاری خەباتی ناتوندوتیژ خەباتی سیاسییش هەروەکوو هێزی سەربازی دەکرێ بۆ گەیشتن بە ئامانجی جۆراوجۆر کەڵکی لێ وەربگیرێ. ئەم ئامانجانە دەکرێ لە چەندین لاوە بەشێوەی بەربڵاو بە مەبەستی مەجبوور کردنی لایەنی بەرانبەر بۆ دەرکردنی هەندێ بڕیاری تایبەت و پێکهێنانی بەستێنێک بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان یان تەنانەت لێک‌هەڵوەشانی ڕێژیم پۆلێن‌بەندی بکرێ. بەهەرحاڵ خەباتی سیاسی بە هەندێ شێواز کار دەکا کە جیاوازن لە توندوتیژی. ئەگەرچی ئامانجی هەر دوو شێوازەکە بە ڕەوتی خەباتەکەوە بەستراوە بەڵام ڕێگا و شێوازەکانیان زۆر لە یەکتر جیاوازە و دەسکەوتەکانیشیان جیاوازە. شێواز و ئاکامی ململانێیە توندوتیژەکان کە هەموومان دەیزانین. چەکەکان بۆ ترساندن و لێدان و کوشتن و وێران‌کردن کەڵکی لێ‌ وەردەگیرێ. خەباتی ناتوندوتیژ زۆر پێچەڵپێچتر لە شێوازەکانی توندوتیژە و، چەندین شێوازی جۆربەجۆری هەیە. بە پێچەوانەی شێوازەکانی توندوتیژ خەباتی ناتوندوتیژ لە رێگای شەڕی دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەوە کە لایەن خەڵکەوە و ڕێکخراوەکانەوە کەڵکی لێ‌ وەردەگیرێ، دەچێتە پێشێ. ئەم چەکانە، ناڕەزایەتییەکان، مانگرتنەکان، هاوکاری‌نەکردنەکان، و بایکۆت‌کردنەکان و بێ‌مەیلیەکان و هێزە خەڵکییەکانیان پێ دەگوترێ. وەک ئاماژەی پێکرا: هەموو دەوڵەتەکان تا ئەو کاتە دەتوانن درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن کە هێزی خۆیان لە ڕێگای هاوکاری و گوێڕایەڵیی خەڵک و رێکخراوەکانەوە دابین بکەن. خەباتی سیاسی بە پێچەوانەی توندوتیژ، شێوازێکی لەبار و تایبەتە بۆ لێک جیا کردنەوە و لێ‌سەندنەوەی ئەم سەرچاوانە لە دەوڵەت.