کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێگەی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات

01:27 - 18 گەلاوێژ 2720

بە پێچەوانەی “دەوڵەت-نەتەوە” کە ناسیۆنالیزم یەکێک لە سەرەکیترین ژێرخانە پێکهێنەرەکانیەتی، لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، دەوڵەت ڕەهەندێکی سەروو نەتەوەی هەیە. دەوڵەتی نەتەوەیی لە گوتاری ئیسلامگەرای کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، لە چوارچێوەی ئیدئۆلۆژیی “ئیسلامی شیعی”ـیدا پێناسە دەکرێ. کۆمەڵگەی سیاسیی ڕەوا لەم ڕوانگەیەدا ئۆمەتە و دەوڵەتی ئیسلامییش بەرپرسیارە کە بەستێن و پێداویستیی پێویست بۆ ئەم کۆمەڵگەیە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیدا دەستەبەر بکا. کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەم بنەمایە پێوەندی و سیاسەتی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دەرەودا دادەڕێژێ.
ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرەڕای ئەوەی کە لە مادەی (١٥٤)ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جەخت لەسەر دەست‌تێوەرنەدان لە کاروباری دەوڵەتانی تر دەکرێ، بەڵام ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لە یاسای بنەڕەتیدا باس لە دەوڵەت یان دەوڵەتانی ئیسلامی ناکا و لە جێگەی ئەوە باس لە ئۆمەتی ئیسلامی _لە مادەی ١١_ و، هەموو موسوڵمانان و موستەزعەفانی جیهان _لە مادەی ٣_دا دەکا، کە ئەوەش بەو مانایەیە لە دارولئیسلامدا زیاتر لە دەوڵەتێک ڕەوایی نییە و بەکارهێنانی چەمکی دەوڵەت، تەنیا وڵاتانی نائیسلامی و ڕۆژئاوایی دەگرێتەوە. ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە نەتەوەکان بۆتە هۆی دروست‌بوونی کێشە و گرفت لە سیاسەتی دەرەوەی تاران لەگەڵ دەوڵەتانی تر و دەوڵەتانی ئیسلامی و نائیسلامی ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەست‌تێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی خۆیان و پێشێل‌کردنی سەرەوەری و بنەماکانی یاسای نێونەتەوەیی دەزانن. هەر وەک ئەوەی کە بەردەوام لە وڵاتانی یەمەن، سووریە، بەحرەین، عێراق و لوبنان، ئەفغانستان و هتد، دەبینرێ، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو “پاڵپشتییە” بە دادپەروەری‌خوازی و مرۆڤ‌دۆستی و بنەمای شەریعەتی ئیسلامی پێناسە دەکا. بۆ دەست‌ئاوەڵایی زیاتریش لەم پێوەندییەدا، لە مادەی ٣ـی یاسای بنەڕەتیدا “ڕێک‌خستنی سیاسەتی دەرەوەی وڵات لەسەر بنەمای پێوەرەکانی ئیسلام، بەرپرسیارەتیی برایانە بەرامبەر بە هەموو موسوڵمانان و پاڵپشتیی بەشخوراوانی جیهان” و هەروەها “بەڵێنی پاڵپشتیی نەتەوە بێ‌بەشەکان”، هاتوە. لەم پێوەندییەدا عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەڵێ: “بەرگری لە هەموو موسوڵمانانی جیهان و لە سەروو هەمووشیانەوە فەلەستینییەکان، بنەمای سەرەکی و نەگۆڕی سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە”. بەم پێیە کۆماری ئیسلامیی ئێران “بەختەوەریی مرۆڤ” لە هەموو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بە تایبەت مرۆڤە موسوڵمانەکان بە ئامانج و “ڕەسالەت”ـی سەرەکیی خۆی دەزانێ، ئەمەش لە کولتووری ئیسلامی شیعی‌ـیەوە سەرچاوە دەگرێ و هەوڵدانە بۆ “یەکگرتوویی و یەکدەست‌کردنی” ئۆمەتی ئیسلامی و بنیاتنانی حکوومەتێکی ئیسلامی لەسەر بنەمای فیقهی شیعی و لەژێر چەتری کۆماری ئیسلامییدا. دەست‌تێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری وڵاتانی تر و هەناردەکردنی شۆڕش بۆ وڵاتانی ناوچە کاردانەوەی توندی ئەمریکا، ئیسڕائیل و وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و ڕۆژئاوای لێ ‌کەوتوەتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە وڵاتانی دەوروبەر بە تایبەت عێراقی بەرەو ڕووی هەڕەشە و مەترسیی دەست‌تێوەردانی خۆی کرد و، داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا -کە بە واتای هێرش‌کردنە سەر ئەو وڵاتە بوو- و هەروەها، پچڕانی پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیل و درانی باڵوێزخانەی ئەم وڵاتە بە فەلەستینییەکان و، دواتریش شەڕ و ئاژاوە نانەوە لە ڕێوڕەسمی حەجی ساڵی ٦٦ لە عەرەبستان؛ لەو نموونانەن کە نیشان دەدا ئەم ڕیژیمە بە بەرنامەوە بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی کە هەناردەکردنی شۆڕش و دزەکردن و دەست‌تێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکەیە، هەنگاوی ناوە و تا ئێستاش بەردەوامە. کۆی ئەم هەوڵانە و لە پەنا ئەمانەشدا بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی چەندین گەڵاڵەی تێرۆریستی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و بردنە ژێر مەترسیی ئەمنیەتی ئەم وڵاتانە -لە ڕێگەی ڕێکخراوە توندئاژۆ ئیسلامییەکانی سەر بە خۆی و لقی دەرەوەی سپای پاسداران- و، هەروەها پێداگر بوون لەسەر بەرەو پێش بردنی بەرنامەی ناوکی بە مەبەستی دەست‌ڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسڕائیل لەسەر نەخشەی جیهان؛ ئەم وڵاتەی وەک یەکێک لە گەورەترین هەڕەشە و مەترسییەکان نیشان دا. بۆیەش “جۆرج بووش” سەرۆک‌کۆماری پێشووی ئەمریکا بە حەق کۆماری ئیسلامی وەک ماکەی بشێوی ناو برد. لە لایەکی تریش پاڵپشتیی‌ ئەم ڕیژیمە لە بزووتنەوە توندڕەوەکان کە لە کۆمەڵگەی جیهانییدا بە تێرۆریست ناسراون، یەکێکی تر لە خاڵە ناکۆکییەکانی ئەم وڵاتانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامییە. بەڵام لە هەمان کاتدا کۆماری ئیسلامی کردەوەکانی ئەم گرووپانە بە تێرۆر نازانێ، بەڵکوو بە جەنگی پیرۆز دژی داگیرکەر پێناسەی دەکا. خامنەیی دەڵێ: “تێرۆریزم کردەوەیەکە کە کۆمەڵێک یان ڕێکخراو و دەوڵەتێک بیهەوێ بە تۆقاندن و کوشتن، ئامانجەکانی بێنێتە‌ دی”. بەم جۆرە دەیانهەوێ کردەوەکانی ئیسڕائیل و ئەمریکا و … دژی گرووپە توندڕەوەکان بە تێرۆر پێناسە بکەن، بەڵام چالاکیی بزووتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکان بە جیهاد دژی کوفر و زۆرداری و داگیرکاری بناسێنن. دەست‌تێوەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای دەستووری خۆی لە وڵاتانی ناوچەکەدا بە تایبەت دوای نەمانی ڕێژیمی بەعس لە عێراق و باڵادەست‌ بوونی لەم وڵاتەدا، چووە نێو قۆناغێکی جددیی کردارییەوە. بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و نیزامیی خۆی و دروست‌کردنی “هیلالی شیعە” و، لەمپەر دانان لە بەردەم ڕەوتی دێموکراتیزاسیۆنی عێراق، بشێوی و ئاڵۆزییەکی زۆری لێ‌ کەوتۆتەوە. ئەم ئاڵۆزییانەش بێ‌هۆ نییە چونکە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لەم چوارچێوەیەدا بۆتە هۆی ناسەقامگیر بوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەم وڵاتانە و دەوڵەتانی ئیسڕائیل و ئەمریکای لێ ‌کەوتووەتەوە. بەم پێیە -هەست‌کردن بەم مەترسییە- وا وێ‌دەچێ ئەم وڵاتانە لەسەر ئەو بڕوایە بن لانی‌کەم بە بێ‌دەست کردنی کۆماری ئیسلامی دەکرێ ئەم هەڕەشە و مەترسییە بەردەوامانە لەسەر جیهان و ناوچەکە بە تایبەتی کەم بکرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی کۆمەڵگەی جیهانی و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا ئەوەیە بە زەخت خستنە سەر کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی جۆراوجۆری وەک گەمارۆ ئابوورییەکان؛ کۆتایی بە تەڕاتێنی ئەم ڕێژیمە لە ناوچەدا بێنێ. هەر چەندە سیاسەتی ئاشکرای ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران لانی‌کەم لە دەربڕینە فەرمییەکاندا، گۆڕینی ڕەفتاری ئەم ڕێژیمەیە، بەڵام ئەو بەڵگانەی لەسەر ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی دەخرێنە ڕوو، لە ڕەوایی‌دان بە ڕووخانی ڕێژیم لە بیروڕای گشتییدا زۆر کاریگەر بوون. کوژرانی قاسم سولەیمانی وەک دیارترین کارەکتێری سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە لە لایەن ئەمریکاوە، گرژیی نێوان ئێران و وڵاتانی تر، ناڕەزایەتی‌دەربڕینی خەڵکی عێراق و لوبنان و ئاور تێبەردانی وێنەکانی قاسم سولەیمانی و خامنەیی، دەستووری هەڵ‌وەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و ئاوێتە بوونی بە ئەرتەشی عێراق، کەم‌بوونەوەی هێزی ماڵیی ڕێژیم و تێچووی زۆری پێ‌ڕاگەیشتن بەم هەمووە میلیشیایانە، بەرپەرچ‌دانەوەی سیاسەتەکانی لە لایەن وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیلەوە، هێرشی مووشەکیی ناوەناوەی ئەرتەشی ئیسڕائیل بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی سپای قودس لە سووریە و … نیشان لە دابەزینی هێز و کاریگەریی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدایە و، هاوکێشەکانی تا ڕادەیەک گۆڕیوە و کۆماری ئیسلامی وەک جاران ناتوانێ بنەما فکرییەکانی خۆی لە ناوچەدا پەرە پێبدا. بێجگە لەوەی کۆماری ئیسلامی بە دەسەڵاتێکی تەریک‌کەوتوو لە کۆمەڵگەی جیهانییدا دادەنرێ، لە نێوخۆی وڵاتیش بەرەو ڕووی کێشەی نەمانی زیاتری ڕەوایی و متمانە -بە تایبەت لە دوای خەزەڵوەری ٩٨، بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کرۆنا- لە لایەن خەڵکی وڵاتەکەی بووەتەوە. سیاسەتە دەرەکییە چەوتەکانی ئەم ڕێژیمە لەسەر بیروڕای گشتیی وڵاتیش کاریگەر بووە. ناکارامەیی بەرجام -لانی‌کەم لە بواری ئابوورییەوە-، گەمارۆ بەردەوامەکانی ئەمریکا، دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی فرۆشی نەوت وەک سەرەکیترین بنەمای ئابووریی ئەم وڵاتە، بێکاریی لە ڕادە بەدەری خەڵکی وڵات، نەهێشتنی ئازادییە تاکییەکان و سەرهەڵدانی بەربڵاوی ناڕەزایەتی و سەرکوتی بەردەوامی ناڕازییان، تەشەنەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی کرۆنا و بێ‌متمانەیی خەڵک بە ئامارە دەوڵەتییەکان و ناکارامەیی دەوڵەت لە بەرەو ڕوو بوونەوە لەگەڵ کێشەکان؛ بوونەتە هۆی ئەوەی پێگەی کۆماری ئیسلامی لەرزۆکتر لە جاران بێ و، ئەم سیاسەتانەی کۆماری ئیسلامی ڕەچاویان دەکا بەرەو ڕووی شکست بووەتەوە و گۆڕینی سیاسەتە سەرەکییەکانیش بۆ ئەم ڕێژیمە هێڵی سوورن و بەم شێوەیەش بەردەوام‌بوون ئەستەم دەنوێنێ.