کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی بەکردەوەی حیزبی دێموکرات لە خەباتی بەشەکانی دیکەی کوردستان

01:29 - 18 گەلاوێژ 2720

دامەزرانی کۆمەڵەی “ژ-ک” لە ٢٥ـی گەلاوێژی ١٣٢١ بە ئامانجی ڕزگاریی نەتەوەی کورد، بەردی بناغەی پێکهاتەیەکی نوێ لە خۆرهەڵاتی کوردستان بوو کە لە دوای ناوگۆڕین و بەربڵاوتربوونی ئەم ڕێکخراوە/ حیزبە، کاریگەریی زۆری بە سەر خەباتی نەتەوایەتیی ئەم بەشەی کوردستانەوە هەبوو. هەم ئامانجەکانی و هەمیش ئەوە کە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دەستپێکی چالاکییەکانی، کوردی بەشەکانی دیکە بەتایبەتی باشووری کوردستان تێیدا بەشدار بوون، نیشاندەری ڕۆحی بەرزی نەتەوایەتیی ئەم ڕێکخراوە سیاسییە بوو.
ئەم میراتە مەعنەوییە لە قۆناغی دواتریشدا ڕەنگی دایەوە و ئەم­جارە نەک بەنهێنی و لە ئاستێکی بەرتەسکدا، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەربڵاوتر و ڕێکخراوتریش. بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و چەند مانگێک دواتر، کۆماری کوردستان لەسەر دەستی ئەم حیزبە بەشداریی نوێنەرانێک لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و ئامادەیی بەرچاوی هێزەکانی بارزانی و ڕۆڵ‌گێڕانیان لە هەڵسووڕاندنی کاروبار بە تایبەتی لە بواری سپاییدا، لووتکەی ئەو هاوپێوەندییە نەتەوایەتییە بوو. بەشداریی بارزانییەکان لە کۆماردا بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان بێ­کێشە نەبوو. لە سەرەتای هاتنیانەوە سۆڤییەتەکان کە پشتیوانی کۆمار بوون پێیان وا بوو ئەوان سەر بە بریتانیان و ئەمەش بۆ حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی‌ محەممەد بێ‌تێچوو نەبوو. بەڵام پێشەوا بەبێ گوێدان بە نەزەری سۆڤییەتەکان باوەشی بۆ کردنەوە و دوای ڕووخانی کۆماریش لە وەڵامی دادگادا بە ڕاشکاوی ڕای‌گەیاند ئەوان لێرە میوان نەبوون و لە زێدی باب و باپیرانی خۆیاندا بوون. لە قۆناغەکانی دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و ئاوارە و پەڕیوەبوونی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و کادرە دیارەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نیشتەجێ‌بوونی بەشی هەرە زۆریان لە باشووری کوردستان، ژیانی سیاسیی ئەم تێکۆشەرانە گۆڕانی بە خۆوە بینی. خەباتیان هەر بەردەوام بوو، بەڵام ئەم­جار لە بەشێکی دیکەی کوردستان و بە دژایەتی لەگەڵ حکوومەتێکی دیکە. لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦١-١٩٧٥ شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکۆمەڵ بەشداری ئەو شۆڕشە بوون و لەم پێناوەدا شەهیدیشیان دا. بێجگە لەمەش ئەم تێکۆشەرانە لە خۆرهەڵاتی کوردستانەوە یارمەتیی ماددیی وەک پووڵ و جلوبەرگ و پێداویستیی دیکەیان کۆ دەکردەوە و دەیان‌گەیاندە دەستی سەرکردایەتیی شۆڕش. شتێکی دیکەش کە لێرەدا گرینگە ئاماژەی پێ بکرێ ڕۆڵی ڕووناکبیران و قەڵەم‌­بەدەستانی خۆرهەڵاتی بوو کە بە نووسین و شێعر و قەڵەمی خۆیان لە خزمەتی ئەم شۆڕشەدا بوون، مامۆستایان هەژار و هێدی و هێمن لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق و چاپەمەنیی شۆڕشدا نەخشی کارا و بەرچاویان هەبووە و هاندەری ئەم خەباتە لەم بەشەی کوردستان بوون. بە هاتنی دوکتور قاسملوو و گونجاندنی ئەسڵی پشتیوانی لە خەباتی گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، ئەم ئەسڵە پتر چەسپا و بووە بەشێک لە ئامانجەکانی ئەم حیزبە. دوکتور قاسملوو یەکەم ڕێبەری گەلی کورد بوو کە بە ڕاشکاوی و بەبێ ترس و لەرز ڕایگەیاند کوردستان وڵاتێکی دابەش‌کراو و لەت‌کراوە، ئەگەریش ڕۆژێک لە ڕۆژان هەلی وەسەریەک خستنەوەی بۆ بڕەخسێ، ئەمە بە مانای جیایی و لەت‌کردنی هیچ وڵاتێک نیە؛ بەڵکوو یەک­کەوتنەوەی وڵاتێکی دابەشکراوە. هەتا باسی ڕۆڵ و نەخشی شەهید دوکتور قاسملوو لە سەر هاوپێوەندیی نەتەوایەتی بە مانا گشتگیرەکەی و هەوڵی ناوبراو لەم پێوەندییەدایە، لێرەدا دوو هەوڵی کرداریی جددیی دوکتور قاسملوو لە دەقی وتارێک لەژێر ناوی “نه‌خشی كاریگه‌ری دوكتۆر قاسملوو له‌ بووژاندنه‌وه‌ی حیزبی دێموكڕاتی كوردستاندا” لە نووسینی بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، کە لە ” كۆنفڕانسی یادی دوكتور قاسملوو”دا لە فەڕانسە پێشکەشیان کردوە؛ بە نموونە دێنم: “… نموونه‌ی هه‌ره‌ به‌رچاوی ئه‌م بواره‌ ، دواسه‌فه‌ری خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی بۆ به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و هه‌وڵی پێشگرتن له‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ بوو. له‌سه‌ر داوای كاك ئیدریس و ڕه‌زامه‌ندیی كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت، دوكتۆر قاسملوو له‌ هه‌موو ماوه‌ی مانه‌وه‌ی شاندی پارتیدا ده‌گه‌ڵ كاك ئیدریس له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا به‌شدار بوو. ته‌نانه‌ت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاك ئیدریس هه‌ستی به‌ نیگه‌رانی ده‌كرد دوكتۆر قاسملوو هه‌تا كه‌ركووكی ده‌گه‌ڵ چوو و ته‌نیا دوای ئه‌وه‌ی ئه‌وی ته‌سلیمی پێشمه‌رگه‌كانی پارتی كرده‌وه‌، بۆخۆی گه‌ڕایه‌وه‌ به‌غدا. له‌ دواهه‌وڵیشدا بۆ چاره‌سه‌ری گیروگرفت و ناكۆكییه‌كانی نێوان دوو لایه‌ن، لیژنه‌یه‌كی سێ‌كه‌سی دیاری كرا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌یه‌كی مامناوه‌ندی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركووك ئاماده‌ بكه‌ن. ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ بریتی بوون له‌: خوالێخۆشبوو “خوسره‌و تۆفیق” له‌ پارتی دێموكڕاتی كوردستان، “غانم عبدالجلیل” له‌ حیزبی به‌عس و دوكتۆر قاسملوو له‌ حیزبی دێموكڕاتی كوردستان. جێی ئاماژه‌یه‌ كه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ سێ ئاڵته‌ڕناتیڤی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ ئاماده‌ كرد و دای به‌ سه‌ركردایه‌تیی هه‌ر دوو لا. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچكامێكیان پێی ڕازی نه‌بوون و له‌ ئاكامدا شه‌ڕێك هه‌ڵگیرسایه‌وه‌ كه‌ زیانه‌كانی بۆ كوردستان و عێڕاق له‌ هه‌موو قۆناخه‌كانی شه‌ڕی نۆساڵه‌ی نێوان ئه‌م دوو هێزه‌ زیاتر بوون. تێكۆشانی دوكتۆر قاسملوو بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كورد ئه‌و چوارچێوه‌یه‌شی تێپه‌ڕاند و له‌ هه‌وڵێكی كوردستانیدا، ساڵی ١٩٧٧ به‌ كه‌لكوه‌رگرتن له‌ پێوه‌ندیی به‌رینی ده‌گه‌ڵ حیزب و ڕێكخراوه‌كانی هه‌ر چوار به‌شی كوردستان هه‌نگاوێكی مێژوویی هه‌ڵێنایه‌وه‌. ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو كه‌  به‌ ڕێكخستنی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ به‌شداریی به‌شێكی به‌رچاو له‌ هێزه‌ خه‌باتگێڕه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌یڕووتی پێته‌ختی لوبنان، به‌ردی بناخه‌ی پێكهێنانی هاوپێوه‌ندییه‌‌كی كوردستانیی دانا. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گه‌ڵاڵه‌ی به‌رنامه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی كه‌ دوكتۆر ئاماده‌ی كردبوو، په‌سند كرا و به‌رپرسایه‌تی درا به‌ حیزبی دێموكڕاتی كوردستان كه‌ له‌ماوه‌ی سێ مانگدا ڕێبه‌رایه‌تیی ئه‌و حیزبانه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی به‌یڕووت ئاماده‌ نه‌بوون ببینێ و وێڕای شیكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی په‌سندكراوی كۆبوونه‌وه‌ی به‌یڕووت، هه‌مووانیان بانگهێشتن بكا كه‌ له‌ دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی حیزبه‌ كوردستانییه‌كاندا به‌شدار بن و دوای وه‌رگرتنی بیروبۆچوونیان له‌سه‌ر گه‌ڵاڵه‌ی به‌رنامه‌كه،‌ هه‌موویان له‌سه‌ری ڕێك كه‌ون و بۆ یه‌كه‌م جار به‌ره‌یه‌كی كوردستانی به‌ به‌رنامه‌یه‌كی واقیعبینانه‌وه‌ دابمه‌زرێ. به‌داخه‌وه‌ ئاڵوگۆڕه‌كانی ناوچه‌ و به‌تایبه‌تی  ناكۆكیی نێوان هێندێ له‌ حیزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستان،بوونه‌ كۆسپی پێكهێنانی كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌م و به‌وجۆره‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ پیرۆزه‌ به‌ ناكامی مایه‌وه‌.” هەوڵەکانی دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکراتی کوردستان کە میراتی هزریی پێشەوا قازی محەممەد بوو، بە مانە کۆتایی پێ نەهات. لەگەڵ گۆڕانی ڕێژیم لە ئێران و شەڕفرۆشیی کۆماری ئیسلامی بە گەلی کورد و بەربەرەکانیی حیزبی دێموکرات، سەرەڕای سەختی و دژواریی زۆری ئەم قۆناغە لە خەبات بەڵام ئەم حیزبە هیچ کات لە یادی خوشک و برا کوردەکانی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان غافڵ نەبوو. لەگەڵ ئەوەی کە حیزبی دێموکرات بە هۆی چەندین هۆکاری سیاسی و ژێئۆپۆلیتیک پێوەندیی دەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق هەبوو، بەڵام لەم نزیک‌بوونە تەنیا بە مەبەستی چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵات کەلک وەر نەگیرا و ئەمەش لە ڕەوتی وتووێژەکانی لێژنەی نوێنەرایەتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و حکوومەتی بەعسدا بە باشی ڕەنگی دایەوە و، لێرەدا نەخشی دوکتور قاسملوو بۆ لێک‌­نزیک‌کردنەوەی ئەم لایەنانە لە هەمووان بەرچاوتر بوو. جێی ئاماژەیە دەرنەکەوتنی هیچ وێنە و فیلمێک لە نوێنەرانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتی عێراق لەو ساڵانەدا یەکێکی دیکە لە پرەنسیپ و ڕەوشتە بەرزەکانی ئەم حیزبەیە کە لایەنی ئەخلاق‌تەوەری لە سیاسەتدا لە خۆ دەگرێ. یارمەتیی بەرچاوی ماددیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان وەک نموونە لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە، خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەکانی ئەم حیزبە بە پێشمەرگە بریندارەکانی بەرەکانی شەڕ لە باشووری کوردستان نموونەیەکی دیکە لە کاریگەرییەکانی زاڵبوونی بیری نەتەوەیی بەسەر حیزبی دێموکراتەوەیە. لە کاتی کودەتای نیزامیی ١٩٨٠ لە تورکیە کە بە ڕێبەرایەتیی کەنعان ئێڤرێن کرا، حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی باکووری کوردستان بە تایبەت حیزبی سۆسیالیست کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری ئەرتەشی ئەم وڵاتە و بەشێکی زۆر لە ئەندامانیان لە ڕووی ناچاری تورکیەیان بەجێ هێشت و ڕوویان لە خۆرهەڵاتی کوردستان کرد، حیزبی دێموکراتی کوردستان بەپێی ئەخلاقی کوردپەروەرانە لە تەنیشت بنکە و بارەگاکانی خۆی لە ناوچە ڕزگارکراوەکاندا بارەگای بۆ دروست کردن و، لەژێر ئەم ئەمنیەتە پارێزراوەدا توانییان درێژە بە چالاکییە سیاسییەکانیان بدەن. ئەم نموونانە و زۆر نموونەی دیکەش سەرچاوە لەم خوێندنەوەیە دەگرن کە لە ئەدەبیاتی ئەم حیزبەدا هاتوون: “گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و کورد لە هەر شوێنێک بێت، ئەندامی یەک نەتەوەن.” نابێ ئەم ڕاستییەشمان لە بیر بچێ کە حیزبی دێموکرات بە درێژایی ئەم پتر لە حەوت دەیە و نیوە لە خەباتی خۆی، هیچ وەخت نەبووە چکۆلەترین زەبری لە خەباتی کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان دابێ و، ئەوانی نەکردۆتە سووتەمەنیی خەباتەکەی خۆی؛ هەر بۆیەش لەم بارەیەوە کارنامەیەکی زێڕین و ڕووسوورانەی لە خۆی بەجێ هێشتوە. وەک کۆتایی، ئەگەر ئێمە ئێستا دەبینین خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستان بە گیرانی عەبدوڵڵا ئوجالان بە لێشاو دەڕژێنە سەر شەقامەکان و تەنانەت شەهید دەدەن، ئەگەر بۆ یەکەمین جار بە زمانی مۆسیقا هەڵەبجە دەلاوێندرێتەوە و هاوار دەکەن بە تەنیا جێی مەهێڵن، ئەگەر بۆ ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان شایی دەگێڕن، ئەگەر یارمەتی بۆ شەنگال کۆ دەکەنەوە، ئەگەر لە کۆبانێ بەرخۆدان دەکەن، لەگەڵ عەفرین دەکەون، ئاواتی سەرکەوتنی گەریلا بە سەر سەربازەکانی ئەردۆغاندا دەخوازن؛ سەیر نییە و خۆڕسکیش نییە و هەمووی سەرچاوە لە بیرێکی نەتەوەیی قووڵ دەگرێ کە بە شانازییەوە مەکتەبی حیزبی دێموکرات بناغەداڕێژەری بووە و لەگەڵ ئەم هزرە بەرزە گۆش کراون.