کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات لە محەکی دواڕۆژی ئەرک و ڕەساڵەتی مێژوویی‌دا

01:31 - 18 گەلاوێژ 2720

بەرەو یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات
یەکێک لە دروشمە سەرنجڕاکێشەکانی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزب، کۆنگرەی ٧٠ ساڵ تێکۆشان -کە وەک لە ناوەکەی‌ڕا دیارە، لە حەفتاهەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانیدا بەڕیوەچوو- “حیزبی دوێنێ، حیزبی ئەمڕۆ و حیزبی سبەی” بوو. حیزبی دێموکرات وەک بەڕابردووترین حیزبی کوردستانی، ڕابردووەکەی دیارە و ئێستاشی مەعلوومە کە سەرەڕای زۆر کەمایەسی و گیروگرفت کە لە بواری جۆراوجۆردا هەیەتی، دیسان سەروگەردنی بەرزە باڵای لەنێو بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستاندا دیارە. کەوابوو ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە، نە گەڕانەوەیە بۆ قسەکردن لە “حیزبەکەی دوێنێ” و نە باسکردن لە “حیزبەکەی ئەمڕۆ”یە، بەڵکوو تێڕوانینێکە بۆ دواڕۆژی حیزبی دێموکرات، “حیزبەکەی سبەی”.   با لە پرسیارێکی گشتی بەڵام جەوهەرییەوە دەست پێ بکەین: بۆ ئەوەی حیزبی دێموکرات لە دواڕۆژی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستاندا بتوانێ ئەرک و ڕەساڵەتی مێژوویی خۆی بەڕێوە بەرێ و ببێتە ئەو حیزبەی کە هێز و دەسەڵاتی ئەوەی هەبێ، بەرنامەکانی جێبەجێ بکا، پێویستە چی بکا و چۆن حیزبێک بێت؟! وەڵامدانەوە بەم پرسیارە بەبێ گەڕانەوە بۆ تێگەیشتنێکی دروست لە هەلومەرجی سیاسی، دۆخی دەروون تەشکیلاتی و هێزی ئەم حیزبە لە هەموو ڕووەکانی؛ گوتاری سیاسی (تێفکرین و شێوازەکانی خەبات و هەڵوێست)، پێگەی جەماوەری (پشتیوانیی خەڵک) و هێزی پێشمەرگە (هێزی ئینسانی بۆ زاڵکردنی گوشار)، سەخت و دژوارە. لە دۆخی ئێستادا بە گەڕانەوە بۆ هەموو ئەم پارامێترانە، دەرکێکی دروست و واقعی پێمان دەڵێ کە بەداخەوە مەترسییەکی جیددی هەڕەشە لە داهاتووی ئەم حیزبە دەکا. بە مانایەکی ڕوون و سادە؛ حیزبی دێموکرات بە هۆی لێکترازان و دوو بەشبوونی ئێستای، نە هەلومەرجە سیاسییەکەی زۆر بۆ دڵخوازە، نە لە ڕووی تەشکیلاتییەوە یەکیەتیی و یەکگرتوویی هەیە، نە پێگە یەکدەست و تۆکمە جەماوەرییەی جارانی لێ وێنا دەکرێ و نە دەتوانێ ئەو هێزە ئینسانییەی خۆی لە شێوازی سەختدا بۆ گوشار خستنەسەر دەسەڵات بەکار بێنێت. کەوابوو وڵامی درووستی ئەم پرسیارە لە پڕکردنەوەی بۆشایی و کەمایەسییەکی بنەڕەتیی حیزبی دێموکراتەوە دەست پێ دەکا کە ئەویش؛ “وەسەریەکخستنەوە یان یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی ئەم حیزب”ەیە کە ئێستا بە سەر دوو “تەشکیلات”ی جیاواز بە ناوی “حدک” و “حدکا”‌دا دابەش بووە. پرسی یەکگرتنەوە لە ‌دا پێش ئەوەی بە پڕۆسەیەکی تەشکیلاتی دابندرێ، پێویستە وەک پرسێکی سیاسی – کۆمەڵایەتیی دەروون تەشکیلاتی و لە خانەی بە ڕەسمییەت ناسینی تێفکرینە جیاوازەکان و بەکارهێنانی توانا و پتانسێلە جۆراوجۆرەکان لە بەستێن و بواری جیاجیادا سەیری بکرێ. بۆ ئەوەی یەکیەتیی و یەکگرتووییەکی پایەداری دەروون تەشکیلاتی لە حیزبی دێموکراتدا بنیات بنرێ، پێویستە لەم حیزبەدا جیاوازییەکان لە جەغزێکی بەربەرینی نەتەوەیی و نیشتمانیدا مودیرییەت بکرێن و چیدیکە وردە چەمکەکانی سەردەمی خێڵایەتی وەک ناوچەگەرایی و دەستەودەستەبازی و باندگەرایی، ئیدە و خولیای ڕقابەت و ڕکەبەرایەتیی تێکۆشەرانی حیزب – کە خەسڵەتی دنیای سیاسەتە – نەبەنەوە نێو “خولانەوەی نێو بازنە” بەرتەسک و پڕ لە خەسارەکەی میژوو. لەم پێوەندییەدا حیزب پێویستە بە پێداچوونەوە بە سیستمی بارهێنانی خۆی‌، تێکۆشەرانی لەسەر ئەساسی تێگەیشتن لە “بەرژەوەندیی گشتی” پەروەردە بکا. تەنیا تێگەیشتن لە بەرژەوەندیی گشتیی ڕێکخراوەییە کە دەتوانێ ڕۆحی یەکتر قبووڵکردن و لێبووردەیی لە حیزبدا پەرە پێ بدا. وێناکردنی ئەم جەغزە بەربەرینە لە تێکۆشان، جیاوازیی بیروبۆچوون و ڕکەبەرایەتیی دەروون تەشکیلاتی، ئاکامەکەی دەبێتە دوو شت کە تا ئێستا ئامیانی زۆرێک لە لێکترازانەکانی حیزب بوون؛ یەکەم ئەوەیکە بەرژەوەندییە تاکەکەسی و گرووپییەکان لە برەو دەکەون و دووهەم ئەوەیکە ڕکەبەرایەتییەکان نێوەرۆکێکی فکری – سیاسی بەخۆوە دەگرن کە بێگومان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیدا نەتەنیا مەترسیی لێکترازان و خەساریان لێ ناکرێ، بەڵکوو دەبێتە هۆی زێندوومانەوەی تەشکیلات و لە کۆتاییدا حیزب قازانجی لێ دەبینێ.   گۆڕانکاری لە تێڕوانین و گوتار و هەڵوێست گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە داهاتوودا ڕەوتێکی خێراتر بە خۆوە دەگرن. پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی کە هەر ئێستا خەریکە ڕوخسارێکی زۆر جیاوازتر لە جاران بە دنیا دەبەخشێ، لە هەموو بەستێنە سیاسی و ئابووری و ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتی و… هتد‌دا گۆڕانکاریی قوڵ پێک دێنێ. نیشتمان و نەتەوەی ئێمەش بێبەری لەم گۆڕانکاریانە نابن. بۆیە دەشێ زۆرێک لە ئەولەویەت و بەها و بایەخەکانیش گۆڕانیان بەسەردا بێ و نێوەڕۆک و مەسیری ویست و داخوازییەکانیش گۆڕانیان بەسەردا بێ. بۆیە حیزبێکی سیاسیی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەسەر پایە و بناغەی ویستی خەڵک دامەزراوە و لە پێناو ئەم ویستە‌دا ٧٥ ساڵە خەبات دەکا، پێویستە دەرکێکی درووستی لەم گۆڕانکاریانە هەبێ و بەبێ ئەوەی – وەک تا ئێستا نیشانی داوە – لە ڕابردووی خۆیدا چەق ببەستێ، بە ڕوانینێکی کراوەوە لە داهاتوو بڕوانێ. لە دواڕۆژی ئەو نیشتمان و میللەتەی کە حیزبی دێموکرات خەباتی بۆ دەکا، وێڕای ئەوەی هەستی و شعووری نەتەوەیی لە گەشە و پەرە ئەستاندنی زیاتر‌دا دەبێ، زۆرێک لە باوەڕ و بەها و ئەرزشە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت. کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی سەر ئەم گۆی زەوییە زیاتر لە هەمیشە بەدوای مەوقعیەتی ئینسانی و نەتەوەیی خۆیدا دەگەڕێ و چیدیکە ناتوانێ لە چوارچێوەی هۆوییەتێکی دیکەی جیا لە خۆی، عەودالی ویست و ئارەزووەکانی بێت. بۆیە بێ‌شک ئاستی چاوەڕوانی و داخوازییەکانی بەرەو سەر لە هەڵکشاندا دەبێ و بەدوای دەنگێکدا دەگەڕێ کە بتوانێ تینوێتیی خولیا و ئارەزووەکانی بشکێنێ. لێرەدایە کە چیدیکە بە تەنیایی مێژوو (ڕابردوو) ناتوانێ غروور و سەروەریی پێ ببەخشێ. لێرەدایە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک ڕەسالەتێکی مێژوویی کە هەڵی‌گرتوە، ئەگەر دەیهەوێ درێژە بەم ئەرکە مێژووییەی بدا، پێویستە شوناسێکی تۆختر بە گوتار و بیری نەتەوەیی خۆی ببەخشێ. زیندوو ڕاگرتنی بیری نەتەوەیی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستاندا کە بەشێک لە ئەرک و ڕەسالەتی ئەم حیزبە بووە، چیدیکە نابێ تەنیا لە چوارچێوەی بەستێنەکانی تێکۆشانی خۆیدا ڕوو بە کۆمەڵگە وێنا بکرێن، بەڵکوو “ئەم ڕۆح‌وەبەرنان”ە نەتەوەییە دەشێ بەتەواوی دەمارەکانی کۆمەڵگەدا ڕۆ بچێتە خوارێ. لەگەڵ ئەوەی چەند سالێکە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئاستی گوتاردا ئەمەی دەست پێ کردوە، بەڵام ئەم زەروورەتە پێویستی بە هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوە هەیە. حیزبی دێموکرات بۆ پاراستنی پێگەی جەماوەریی خۆی لە نێو کۆمەڵگەدا ئەگەر بە ڕوانینی تەشکیلاتییەوە لە سیاسەت و کۆمەڵگە و پێگەی خۆی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بڕوانێ -کە بەداخەوە لە ڕووی هەڵویستەوە نەیتوانیوە خۆی لەم تێڕوانینە دەرباز بکا- زۆر بەخێرایی ئیزۆلە و بێ‌شوێنەوار دەبێ. وەک لەمێژە لەم حیزبەدا وتراوە، مادام تەشکیلات ئامانج نییە، پێویستە حیزب پێگەی خۆی لەنێو خەڵک و کۆمەڵگەدا تەعریف بکا. بۆ ئەم مەبەستە ناکرێ بە مەیل و ئارەزووی تەشکیلاتی، قسە لە هەڵوێست و دواتر پشتیوانیی خەڵک بکرێ. بۆیە حیزبی دێموکرات کە قسە لە جەماوەری‌کردنی خەبات و وەگەڕخستنی چالاکیی نەتەوەیی لە هەموو توێیەکانی کۆمەڵگەدا دەکا، پێویستە خۆی لە داوی جۆرێک لە دەمارگرژیی سازماندراوی تەشکیلاتی ڕزگار بکا و جورئەت و جەسارەتێکی دیکە بە هەڵوێستەکانی ببەخشێت. بۆ ئەوەی حیزبی دێموکرات بتوانێ خۆی لەم دۆخە ڕزگار بکا پێویستە خۆی لە بارمتەی کۆمەڵێک تێبینیی ئەرزشی ڕزگار بکا و چیدیکە بایەخ و ئامانجە درێژخایەنەکان نەکاتە قوربانیی کۆمەڵێک ئامانجی چووکە و کورت‌خایەن. حیزبی دێموکرات بە کۆمەڵێک هۆکاری مێژوویی تا ئێستایشی لەگەڵ بێ لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بە بانتر لە حیزبێک سەیری دەکرێ. ئەم حیزبە بۆتە بەشێک لە باوەڕی سیاسیی خەڵکی کوردستان. بۆیە پرسەکانی پێوەندیدار بە حیزبی دێموکرات تەنیا ناکرێ وەک پرسەلێکی دەروون ڕێکخراوەیی سەیری بکرێ. ئاستی چاوەڕوانی و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان لەم حیزبە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن و دەری دەخەن کە تەنانەت کێشە دەروون تەشکیلاتییەکان و لێکترازانەکان و پرسی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب و زۆر پرس و بابەتی دیکەت تایبەت بەم حیزبە، ناکرێ تەنیا لە چوارچێوەی ویست و داخوازی تەشکیلاتیدا تاوتوێ بکرێن و بیندرێن و چارەسەر بکرێن. کەوابوو حیزبی دێموکرات میراتێکی نەتەوەیی بزووتنەوەی هاوچەرخی کوردە کە هەوڵدان بۆ پاراستن و بەهێزکردنی، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانیە. پاراستن و بەهێزبوونی حیزبی دێموکرات و بەردەوامبوونی لە بەجێگەیاندنی ئەرک و ڕەساڵەتە مێژووییەکانی خۆی لە داهاتوودا پیش هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە وەسەر یەکخستنەوەی تەواوی ئەم میراتە نەتەوەیی و نیشتمانییە کە هەمان پرسی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی ئەم حیزبەیە.