کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناگاتە دەریایە زنە

01:32 - 18 گەلاوێژ 2720

قسەکانی خامنەیی لە ڕۆژی جێژنی قورباندا بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی هەرە هەستیار و لە هەموو لایەکەوە قەیرانلێدراوی ئێران گرینگ بوون. لەو وتارەدا هەموو قسەکانی ناوبراو بە دەوری دوو تەوەری سەرەکیدا دەخولانەوە. یەکەمیان ئەوەی کۆماری ئیسلامی بۆیە گەمارۆی خراوەتە سەر هەتا دەست لە یارمەتیدانی ئەو میلیشیا و گرووپانە هەڵگرێ کە شەڕی نیابەتیی بۆ دەکەن. خامنەیی لەو بەشە لە قسەکانیدا نەیشاردەوە کە ڕێژیمەکەی سەرەڕای ئەو تەنگانەیەی کە لە سۆنگەی سزا سەپێندراوەکانەوە تووشی هاتوە، لەو یارمەتیدانە بەردەوامە و ئەوە داننانێکی گەورەی خامنەیی بەو ڕاستییە بوو کە بژیوی سەرەکیی زۆربەی هەرە زۆری گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە لە لایەن ڕێژیمەکەی ئەوەوە دابین دەکرێ. هەروەها نیشاندەری ئەم ڕاستییە بوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بارودۆخە قەیراناوییە هەر سەختەی ئێستای ئێرانیشدا، پێش هەموو شتێک لە خەمی میلیشیاکانی سەر بە خۆی‌دایە؛ دووهەم ئەوەی خەڵکی وڵاتیشی بە قەزا و قەدەر سپاردوە.
تەوەرە گرینگەکەی دیکەی قسەکانی خامنەیی لەو وتارەیدا، بابەتی پیشەسازیی مووشەکیی ڕێژیمەکەی بوو. ئەو گوتی ئامانجی ئەمریکا لە دانوستان لەگەڵ ئێران پێشگرتن بە چالاکیی مووشەکی و ئەتومیی ڕێژیمەکەیەتی. خامنەیی گوتی کاتێک ئێمە مووشەکمان نەبێ و واز لەو ئامانجانە هەڵگرین، ئیدی نامێنین و فەوتاوتن. ڕێبەری ڕێژیم لەو بەشە لە قسەکانیشدا دانی بەوە دانا کە ڕێژیمەکەی پتر لەوەی شەرعییەتی نێوخۆیی هەبێ و پشت بە توانا و هێزی لەبڕاننەهاتووی خەڵکی وڵات ببەستێ، هەموو هیواکانی لەسەر مووشەک و میلشیا ئەجنەبی و توانا سەربازییەکانی هەڵچنیوە. پرسیار ئەوەیە یەکەم کۆماری ئیسلامی کە لە ساڵدا بە میلیارد دۆلار یارمەتیی گرووپ و میلیشیا تێرۆریستییە بەکرێگیراوەکانی دەکا، ئاخۆ ئەو لایەنانە لە تەنگاناندا فریای دەکەون؟ هەروەها ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرییانەی کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا داڕمان و بوونە بەشێک لە مێژوو، مووشەک و جبەخانەی قورس و گرانیان نەبوو؟ هەروەها ڕێژیم بۆچی متمانەی بە خەڵکی خۆی نییە هەتا پشتی پێ ببەستێ و بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا لێی دڵنیا بێ؟ دروستکردنی میلیشیا لە وڵاتانی ناوچە و یارمەتیدان و تەیارکردنیان جۆرەها چەکی سووک و قورس و تێکنۆلۆژیی سەربازی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دوو مەبەستی سەرەکیی لەپشت بووە: یەکەمیان، ئیدۆلۆژیک و بۆ برەودان بە هێژمونیی شیعەگەری لە ناوچەیە کە خۆی لە چێ‌ کردنی هیلالی شیعەدا دەبینێتەوە. دووهەم، پشتێنەی ئەمنیەتی و بەکارهێنانی ئەو هێزانە بۆ گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیدا. لە سەرچاوە داراییەکانی وڵاتیشدا وەدیهاتنی ئەم بەشە لە ئامانجەکانی ڕێژیم پشکی شێری بۆ دیاری کراوە و ئەم یارمەتییە زەوەندە لە شەڕی سووریەوە هەتا دابینکردنی تێچووەکانی حیزبوڵڵا، حەماس، حەشدی شەعبی و حوسییەکانی یەمەن دەگرێتەوە کە بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تەنیا لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٢ هەتا ٢٠١٨ پتر لە ١٦ میلیارد دۆلار بووە. ئەگەر ئەمەش بە ئیدیعای وڵاتی “دوژمن” دابندرێ، لەگەڵ قسەکانی حیشمەتوڵلا فەلاحەت‌پیشە، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی میللی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیس هیچ ناکرێ کە دەڵێ هەتا ئێستا لە نێوان ٢٠ هەتا ٣٠ میلیارد دۆلاریان بە سووریە داوە. گەڕانەوەی ئێران بۆ لیستی ڕەشی FATF لەمساڵیشدا یەکێک لە هۆکارەکانی هەر بەردەوامیی ئێران لە یارمەتیدانی ئەم گرووپە تێرۆریستییانە بوو. بەڵام ئیستا لە کاتێکدا کە لەو دوازدە مەرجەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێرانی داناوە، حەوت مەرجیان پێوەندییان بە دەستوەردانەکانی ئێران لە ناوچەدا هەیە، ئاخۆ ئەو “مێحوەری مقاومەت”ـەی! کۆماری ئیسلامی لە توانایدا هەیە هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیی ئێران بگۆڕێ؟ گۆڕانکارییەکان لە ناوچە -کاتێک حەسەن نەسروڵڵا بە هەزار بیانوو خۆی لە شەڕ لەگەڵ ئیسرایل دەدزێتەوە، کاتێک تەنانەت لە شارە پیرۆزەکانی شیعە لە عێڕاق ئاڵای ئێران ئاگر دەدرێ و کاتێک لە سووریە ئیسڕائیل بە شێوەی سەربازی و ڕووسیەش لە فۆڕمی سیاسیدا تەنگیان بە کۆماری ئیسلامی هەڵچنیوە- پێچەوانەی مەیلی کۆماری ئیسلامی ڕوو دەدەن و پێمان دەڵێن:  “میحوەری مقاومەت”ـەکەی کۆماری ئیسلامییش کە کارتی هەرە گرینگی ڕێژیم بۆ سەر مێزی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا و ئورووپا بوو، ئیدی ئەو بڕشتەی نەماوە. بارودۆخەکە جۆرێکە کە ڕێژیم تەنانەت لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا کە لە نێوخۆی وڵاتیشدا دەکرێتە سەر دامودەزگا ئەمنیەتی و سەربازییەکانی مرتەقی لەخۆی بڕیوە. بەمجۆرە ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا لە نێوخۆی وڵاتیشدا لەگەڵ کڵپەی ناڕەزایەتییەکان بەرەو ڕوویە، تەنیا مووشەکەکانی بۆ دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەستێ و مەترسییەکانی شەڕ لەسەر خۆی پێ کەم بکاتەوە. بەڵام ڕێژیم باشتر لە هەر لایەنێکی دی دەزانێ کە مەترسیی سەرەکی خەڵکی وەزاڵەهاتووی وڵاتەکەی خۆیەتی کە تا ئێستا تەنیا بەهۆی زەبروزەنگی لەڕادەبەدەر و سەرکوتی خوێناوی کپی کردوون، بۆیە ئەو مووشەکانەشی دادی نادەن. ڕێژیمێک کە مەشروعییەتەکەی لە خەڵکی وڵاتەکەی وەرنەگرێ، ڕێژیمێک کە خۆی، سەرچاوەی نەهامەتی و ڕۆژڕەشییەکانی خەڵکەکەی بێ، ڕێژیمێک کە وەڵامی داوای ڕەوای لاوانی وڵاتەکەی بە فیشەک و ئاگر و پەتی ئێعدام بداتەوە؛ ڕێژیمێک کە تەنیا دیارییەکەی لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتدا هەژاری، بێکاری، برسیەتی، وێرانیی ئابووری و زەوتکردنی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی خەڵکەکەی بێ، ئەم ڕێژیمە هەر بەدەستی ئەو خەڵکە دەڕووخێ و هیچ هێزێکیش دەفریای ناگا.