کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو هۆکارانەی بوون بە هۆی دروست‌بوونی دەوڵەتی ئیسڕائیل

03:58 - 21 گەلاوێژ 2720

هەر کەسە و لە لای خۆیەوە و لە ڕوانگەی نەتەوەیی یان لە ڕوانگەی مەزهەبییەوە تاوتوێی کێشەی فەلەستین و ئیسڕائیل دەکا و، هەر کامیان بۆ پاساوی بۆچوونی خۆی لە شوێنێکەوە مێژوو دەست پێ دەکا و دەیکا بە بەڵگە بۆ بۆچوونەکەی. بەڵام پێویستە بۆ تێگەیشتن لە کێشەی ئیسڕائیل و فەلەستین نە پشت بە هەزاران ساڵ پێش ببەستین، نە بە ئەمری واقع و نە بە لایەنی مەزهەبی. ئەو ناوچەیە لە شوێنێک هەڵ‌ کەوتوە کە زۆربەی ئایینەکان لەوێوە سەریان هەڵ داوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین هەیە کێشەی ئایینی نییە، بەڵکوو کێشەی خاکە، کێشەی نەتەوەییە.
  کەی ئەو کێشەیە سەری هەڵ دا؟ ئەو کێشەیەی کە ئێستا پێی دەگوترێ کێشەی ئیسڕائیل و فەلەستین، لە دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆریی عوسمانییەوە بە ڕوونی سەری هەڵ داوە. لەبەر ئەەوی لە سەردەمی ئیمڕاتۆریی عوسمانییدا کە دەسەڵاتی بە سەر ئەو ناوچەیەدا هەبوو، کێشەیەکی ئەوتۆ لە نێوان جوولەکە و موسوڵمان و مەسیحییدا لە فەلەستین نەبوو و هەموویان لە پلەی یەکەم خۆیان بە شارۆمەندی عوسمانی زانیوە و لە پلەی دووهەمیش بە فەلەستینی. خزمایەتییان پێکەوە دروست دەکرد و لە نێو کۆڵان و شەقام و شار و گوندەکان تێکەڵ بوون و تەنانەت لە جێژنە ئایینییەکان و لە پرسەکاندا پێکەوە بەشدار دەبوون و دوو بەرەکی لە نێوانیاندا نەبوو.   چلۆن فەلەستین بوو بە کێشەیەکی نێوخۆیی، هەرێمی و نێونەتەوەیی؟ یەکەم: ڕێفۆرم و گۆڕان‌کاری لە نێو ئیمپڕاتۆریی عوسمانییدا جیهانی مۆدێڕن و نزیکایەتیی عوسمانییەکان لە ئورووپا ساڵانێک بوو سوڵتانە عوسمانییەکانی لە بارەی داهاتووی ئەو ئیمپڕاتۆرییە نیگەران کردبوو. ئەوەش وای کرد کە دەست بۆ هەندێک ڕێفۆرم و گۆڕان‌کاری ببەن. ئەو زنجیرە ڕێفۆرمە کە پێی دەگوترا تەنزیمات، کۆمەڵێک بەشی لە خۆ گرتبوو، وەکوو برۆکراسیی ئیداری، ڕۆژنامەگەری، بەشداریی هاووڵاتییان لە دەسەڵاتە هەرێمییەکان، پەروەردە و خوێندن و هتد. ئەوەش بوو بە هۆی گەشەیەکی بەهێز تا ئاستی تەقینەوە لە نێو چینی نێوەڕاستدا. هەر لەو ماوەیەدا، چەمک‌گەلێکی وەکوو ڕزگاری و ئازادی و یەکسانی هاتنە سەر زاری خەڵک. هەرچەندە ئیمپڕاتۆری هەوڵی زۆری دا شارۆمەندیی عوسمانی پێناسە بکاتەوە کە هەموو ئایین، نەتەوە، زاراوە و کولتوورە جیاوازەکان لە خۆ بگرێ، بەڵام ئەو ئامادەییەی نەبوو بەرەو ڕووی داواکارییە نوێیەکانی ژینگەی سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکی لە حاڵی گۆڕاندا بێتەوە.   دووهەم: داگیرکاریی ڕۆژئاوایی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە، وڵاتانی وەکوو بریتانیا و فەڕانسە بە شێوەی فەرمی هەوڵیان دا ڕاستەوخۆ دەست بخەنە نێو کاروباری سیاسی و نێوخۆیی ئیمپڕاتۆریی عوسمانییەوە. ئەو دوو وڵاتە پشتیوانییان لە دانیشتووانی عەڕەب، مەسیحی و جوولەکەکان و پێکهاتەکانی دیکەی ئیمپڕاتۆری دەکرد و بەڵێنیان پێ دەدان کە دەوڵەتی سەربەخۆیان بۆ دروست دەکەن. بۆ نموونە لە ماوەی شەڕی یەکەمی جیهانییدا کۆمیسیۆنێری بریتانی بە ناوی “مەک ماهۆن” بە نهێنی چاوپێ‌کەوتنی لەگەڵ “حوسێن بن عەلی”، حاکمی مەککە و مەدینە کردبوو و ڕێک کەوتبوون کە ئەگەر عەرەبەکان لە شەڕ لەگەڵ ئیمپراتۆرییدا، پشتیوانیی بریتانییەکان بکەن لەدژی عوسمانییەکان، ئەوە لە بەرامبەردا پشت‌گیریی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی عەرەبی بە ڕێبەرایەتیی هاشمییەکان دەکەن کە هەموو ناوچە عەرەبییەکان بگرێتە خۆ بە فەلەستینیشەوە. دوا بە دوای ئەوە شۆڕشی عەرەبەکان بە ڕێبەرایەتیی “حوسێن بن فەیسەل” و “لاورێنسی بریتانی” (ناسراو بە لاورێنسی عەرەبی) سەر کەوت و بریتانیا بەشی زۆری ناوچە عەرەبەکانی لە دەست ئیمپڕاتۆریی عوسمانی هێنایە دەرەوە و خستییە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. بەڵام بریتانییەکان تەنیا بەڵێنیان بە عەرەبەکان نەدابوو دەوڵەتیان بۆ دروست بکەن بەڵکوو بەڵێنیان بە جوولەکەکانیش دابوو. لە ساڵی ١٩١٧دا، وەزیری دەرەوەی بریتانیا، “لۆرد ئارتور بالفۆڕ”، بە فەرمی ڕای‌گەیاند کە پشت‌گیری لە دروست‌کردنی دەوڵەتێکی جوولەکە لە فەلەستین دەکەن. سێهەمین بەڵێنیی ڕۆژئاواییەکانیش ڕێک‌کەوتنی “سایکس-پیکۆ” بوو کە هەندێک هەرێمی دیکەی بە تەواوی لە ئیمپڕاتۆریی عوسمانی دابڕی و بە ناوچە عەرەبییەکانییەوە لکاند. لەو ڕێک‌کەوتنەدا هیچ گرنگییەک بە دانیشتووانی کوردی ئەو ناوچانە نەدرا، لەبەر ئەوەی بەڵێنەکە بە عەرەبەکان درابوو کە یارمەتی‌دەریان بوون لەدژی عوسمانییەکان. بەشی هەرە زۆری کوردەکان تا ڕووخانی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی هەر لە بەرەی عوسمانییەکاندا بوون. لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بوو بێ کە هیچ گرنگییەک بە دانیشتووانی کوردی ئەو ناوچانە نەدراوە. دوای ڕێک‌کەوتنی سایکس-پیکۆ ناوچە عەرەبییەکان بەسەر بریتانیا و فەڕانسەدا دابەش کران، بەڵام بە پێی جاڕنامەی کۆمەڵەی نەتەوەکان نەدەبووایە لە ئێستادا سەربەخۆ بن، بە بیانووی ئەوەی ئامادەییان نییە. ناوچەکانی فەلەستین و ئۆردن و عێراق بوون بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بریتانیا. ساڵی ١٩٢١، بریتانیا هەرێمی ژێر دەسەڵاتی خۆی دووبارە دابەش کردەوە، ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئۆردنی کرد بە ئیمارەتێک لەژێر دەسەڵاتی برای فەیسەل بە ناوی “عەبدوڵڵا”. هەروەها بەشی ڕۆژئاوای ڕووبارەکەش بوو بە هەرێمی فەلەستین لەژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بریتانیا. ئەوە یەکەم جار بوو لە مێژوودا کە فەلەستین وەکوو پێکهاتەیەکی سیاسی دەست‌نیشان کرا. دوای شەڕی دووهەمی جیهانی کێشە لە نێوان عەرەب و جوولەکە و هەروەها لە نێوان میلیشیا جوولەکەکان و ئەرتەشی بریتانیا لە فەلەستین ڕووی لە بەرزبوونەوە بوو تا ئەو ڕادەیەی بریتانیا ڕای‌گەیاند کە واز لە فەلەستین دێنێ و چارەنووسی ئەو هەرێمە بە کۆمەڵەی نەتەوەکان دەسپێرێ کە ئەویش لە ٢٩ی نۆڤامبری ١٩٤٧، دەنگی لە سەر دابەش‌بوونی هەرێمی فەلەستین دا و بڕیار درا بەسەر دوو دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین و ئیسڕائیلدا دابەش بێ، بەڵام لە لایەن وڵاتانی عەرەبییەوە بە توندی ڕەت کرایەوە. هەر دوا بە دوای ئەوە گرژی و شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان جوولەکە و فەلەستینی بە شێوەیەکی خێرا بەرز بووەوە. ڕۆژی ١٥ی مەیی ١٩٤٨، بریتانیا بە تەواوی لە فەلەستین کشایەوە و ڕێبەرانی جوولەکە و زایۆنیست دەوڵەتی ئیسڕائیلیان ڕاگەیاند.   سێهەم: زایۆنیسم جوولەکەکان کۆن‌ترین دیاسپۆڕای مێژوویان هەیە و بە تەواوی جیهاندا بڵاو بوونەتەوە و بەردەوام لە شوێنی خۆیان دەر کراون. بزووتنەوە زایۆنیستییەکان هەمیشە هەوڵیان داوە شوێنێک بۆ دروست‌کردنی دەوڵەتێکی جوولەکە دەست‌نیشان بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. خاکی فەلەستین بۆ ئەوان لە هەر ڕوویەکەوە گرنگ‌ترین شوێن بووە. بزووتنەوەی زایۆنیستی لە ساڵی ١٨٨٢وەوە بۆ یەکەم جار دەستی پێ‌کرد و یەکەم شەپۆلی جوولەکە لە ئورووپاوە بەرەو فەلەستین کۆچیان کرد. ئەو کاتە فەلەستین بەشێک بوو لە ئیمپڕاتۆریی عوسمانی و پێکهاتەیەکی سیاسی نەبووە و جوولەکەکانیش بە مەبەستی سیاسی کۆچیان نەکردوە بۆ ئەوێ، بەڵکوو پێیان وا بووە شوێنێکی پیرۆزە. زایۆنیزم بزووتنەوەیەکی نەتەوەییە و کۆمەڵگەی ئایینیی جوولەکەکان دەکا بە پێناسەی نەتەوەیی. بزووتنەوەی زایۆنیستی لەژێر کاریگەریی بزووتنەوە نەتەوەییەکانی ئورووپا لە ماوەی سەدەی نۆزدەهەمدا سەری هەڵ دا. ڕۆژنامەوانێکی جوولەکەی ئۆتریشی بە ناوی تێئۆدۆر هێرزل (Theodor Herzl)، کە دوکتورای یاسای هەبووه، دێتە پاریس و وەکوو ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەیەکی ئۆتریشی کار دەکا. لەو سەروبەندەدا لە ساڵی ١٨٩٥ لە فەڕانسە کێشەیەک بە ناوی کێشەی دریفووز دروست بوو کە لەودا بە پێی پیلانێکی دەزگا سیخوڕییەکانی فەڕانسە گەورەترین ژێنێڕاڵی ئەرتەشی فەڕانسە کە جوولەکە بوو، بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ ئاڵمان دادگایی کرا و کۆمەڵگەی فەڕانسەی تا ئەمڕۆش بە سەر دوو بەرەدا دابەش کرد، بەرەی دژە جوولەکە و بەرەی لایەنگری جوولەکەکان. دوای ٤٠ ساڵ دەر کەوت کە دریفووز بێ‌تاوان بووە و، پیلانی دەزگای سیخوڕیی فەڕانسە بووە لە دژی جوولەکەکان. لەژێر کاریگەریی ئەو کێشەیەدا و هەست و سۆزی بۆ جوولەکەکان و دریفووز کە وەک خۆی جوولەکە بوو، هێرزل (ڕۆژنامەوانە ئۆتریشییەکە) ڕادیکاڵ‌تر دەبێ و دەچێتە ژێر کاریگەریی زایۆنیزم. ئەو کاتە جوولەکەکانی فەلەستین کە کەمینە بوون، هەستی زایۆنیستییان نەبوو و تەنیا خەریکی کاروباری ئایینی بوون. بەرە بەرە لەگەڵ هاتنی کۆچبەرە جوولەکە ئورووپاییەکان، هەستی نەتەوایەتی لە نێویاندا دروست دەبوو، لەبەر ئەوەی زۆربەیان خوێندەوار و لە چینی نێوەڕاست بوون. ساڵی ١٩١٤ و لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی ڕێژەی دانیشتووانی جوولەکە بوو بە ٦٠ هەزار کەس کە ٣٦ هەزار کەسیان ئەوانە بوون کە لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە چووبوونە ئەوێ. هەروەها ڕێژەی عەرەبە فەلەستینییەکانیش لەو کاتەدا ٦٨٣ هەزار کەس بوو. هاتنی بە لێشاوی جوولەکە و کڕینی زەویی عەرەبەکان بە نرخێکی زیاتر، دژایەتیی جووتیار و هەروەها ڕۆشنبیرانی فەلەستینیی لێ کەوتەوە و ڕاستەوخۆ بریتانیایان بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستی لە پشت ناردنی کۆچبەرە جوولەکەکان‌دایە. ساڵی ١٩٢٠ سندووقی نەتەوەیی یەهوود دەستی کرد بە کڕینی ڕێژەیەکی یەکجار زۆر زەوی و زار لەو خاوەن زەوییانە کە ون بوون و دیار نەبوو کێ خاوەنیانە. ئەوەش وای کرد کە لە زۆرێک لە ناوچەکان عەرەبەکان، خەڵک بە زۆر لە گوندەکان دەر بکرێن و بە تەواوی ببن بە گوند و ناوچەی جوولەکەکان. بەرەو پێش‌چوونی ناوچەی جوولەکە نشین بەردەوام بوو تا گەیشتە ئەوبەری دیواری پیرۆزی جوولەکەکان لە بەیتولموقەدەس یان ئۆرشەلیم. تەنانەت کۆمەڵێک کۆمپانیا لە ئورووپا دروست کران کە ئەرکی کڕینی زەوی و دۆزینەی پێش‌وەختەی کار بۆ جوولەکەکانیان گرت‌بووە ئەستۆ. لەو ماوەدا چەندین شەڕی خوێناوی لە نێوان جوولەکە و عەرەبەکان ڕووی دا و لە هەر دوو لا لێیان دەکوژرا. ساڵی ٢٠٠٢، هەموو وڵاتانی عەرەبی جگە لە لیبی، بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەی عەرەب و ئیسڕائیل، پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی کردەوە و پلانێکیان ڕاگەیاند کە لەودا داوای کشانەوەی ئیسڕائیل بۆ سنوورەکانی پێش شەڕی شەش ڕۆژە لە ساڵی ١٩٦٧ و دروست‌کردنی دەوڵەتێکی فەلەستینی دەکا کە پێتەختەکەی بەیتولموقەدەس یان ئۆرشەلیم بێ. ئەو پلانە ساڵی ٢٠٠٧ دووبارە لە لایەن ئەو وڵاتە عەرەبییانەوە پەسەند کرایەوە. ساڵی ٢٠٠٢ لە سەر پێشنیاری جۆرج بووش، سەرۆکی ئەمریکا، پلانێک لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکیەتیی ئورووپا، ئەمریکا و ڕووسیەوە پەسەند کرا کە داوای دروست‌کردنی دەوڵەتی فەلەستینی دەکا و چەندین قۆناغ لە خۆ دەگرێ. بەڵام ئەو پلانەش لە کردەوەدا بەرەو ڕووی کێشە بووەوە. لە نۆڤامبری ٢٠١٢وە لە سەر داوای “مەحموود عەباس″، سەرۆکی ڕێکخراوی فەتح، فەلەستین وەکوو ئەندامی چاودێر لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەر گیراوە.   لە کۆتاییدا، چارەسەری کێشەی فەلەستینییەکان و دەوڵەتی ئیسڕائیل لەگەڵ تێ‌پەڕینی کات، زەحمەت‌تر دەبێ، لە لایەکەوە، ئیسڕائیل بەبێ گوێ دان بە بەیاننامە نێونەتەوەییەکان کە داوای ڕاگرتنی دروست‌کردنی شارۆچکە نوێیەکان لەسەر خاکی فەلەستینییەکان دەکا، لە هاتنە پێشەوە و دابەش‌کردنی ناوچە عەرەب‌نشینەکان بەردەوامە، بە جۆرێک کە کاتی خۆی بیل کلینتۆن، سەرۆکی ئەمریکا وتی کە خاکی فەلەستین وەکوو پەنیری هولەندی کون کون بووە، کە لەودا فەلەستینییەکان بۆ چوونە شار و گۆندەکانیان ناچارن بە چەندین کون و تۆنێل و وێستگەی سەربازییدا تێ‌پەڕن. لە لایەکی دیکەوە، هەموو ئەو پلانانەی بۆ دروست‌کردنی دەوڵەتێکی فەلەستینی دەخرێنە ڕوو، هەموویان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەوڵەتی فەلەستینی نابێ هێزی سەربازیی چ لە زەوی و چ لە ئاسماندا هەبێ و دەبێ وڵاتێکی بێ‌چەک بێ. هەروەها دەست‌تێ‌وەردانی وڵاتانی وەکوو ئێران و تا ڕادەیەک تورکیەش کێشەکەی ئاڵۆزتر کردوە، چونکە ئەو دوو وڵاتە هەوڵ دەدەن کێشەی فەلەستین بە ئاقارێکی ئیدئۆلۆژیکییدا ببەن و بیکەن بە شەڕی نێوان موسوڵمان و جوولەکە. دوای بە دەسەڵات گەیشتنی هیتلێر لە ئاڵمان لە ساڵی ١٩٣٣ـدا و ژینۆسایدی جوولەکەکان لە لایەن نازییەکانەوە، ڕێژەی کۆچ‌کردن بەرەو فەلەستین خێراییەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی. لە لایەکی دیکەوە عەرەبە فەلەستینییەکان کەوتنە هەوڵی خۆ ڕێک‌خستن لە چوارچێوەی ڕێکخراوی سیاسی و نیزامییدا، بەڵام بە شێوەیەکی لاواز. لەگەڵ ئەوەشدا کە جوولەکەکان لە ڕووی چەکدارەوە ژمارەیان لە فەلەستینییەکان کەم‌تر بوو، باش‌تر ڕا هێنرابوون و چەکی باش‌تریان هەبوو. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی تا مانگی ئاوریلی ساڵی ١٩٤٨، تەواوی ئەو ناوچانە بهێننە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان کە لە پلانی پێشووی کۆمەڵی نەتەوەکان دیاری کرابوو. دوای ئەوە، جوولەکەکان بەوەشەوە نەوەستان و کەوتنە حاڵەتی هێرش بردن و تەواوی سنوورەکانیان تێ‌پەڕ کرد و دەوڵەتیان ڕاگەیاند. دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل، فەلەستینییەکان لە خەبات بۆ وەدەست هێنانەوەی خاکەکەیان بەردەوام بوون بەڵام یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە خاکەکەیان بەسەر چەندین ناوچەدا دابەش بووە کە لەسەر زەوی لێک دوورن و لە نێوانیاندا جوولەکە هەن و لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی ئیسڕائیل‌دان.   شەڕی شەش ڕۆژە لە ساڵی ١٩٦٧: ساڵی ١٩٦٧، ئیسڕائیل پەیوەست بوو بە بریتانیا و فەڕانسە لەدژی میسر بۆ پێش‌گرتن لە بە نەتەوەیی‌کردنی کاناڵی سوێز لە لایەن حکوومەتی میسرەوە کە پێش‌تر لەژێر کۆنترۆڵی بریتانیا و فەڕانسەدا بوو، هەروەها بۆ پێش‌گرتن لە هێرشی چەکدارانی فەلەستینی کە لە غەزەوە هێرشیان دەکردە سەر ئیسڕائیل. لەو شەڕەدا ئیسڕائیل توانی بچێتە نێو خاکی چەندین وڵاتی عەرەبی و توانی لە شەش ڕۆژدا سەحرای سینا و غەزەی ژێر کۆنترۆڵی میسر، گوڵان یان جەولانی سووریە و هەروەها ڕۆژهەڵاتی شاری بەیتولموقەدەس یان ئۆرشەلیم و ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆردن کە لەژێر کۆنترۆڵی ئۆردندا بوون، بێنێتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. لەو شەڕەدا، هەموو وڵاتانی عەرەبی وەکوو، سعوودی، عێراق، مەراکش، ئەلجەزایر، سوودان، توونس، کوەیت و لیبی شەڕیان لەدژی ئیسڕائیل ڕاگەیاند و هێزیان ڕەوانەی شەڕ کرد، بەڵام لەو شەش ڕۆژەدا هەموویان شکستیان خوارد. دوای ئەو شەڕە ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەکە گۆڕان‌کاریی بەسەردا هات و جگە لە سەحرای سینا و غەزە کە لەژێر گوشاری ئەمریکا و سۆڤیەت، ئیسڕائیل لێیان کشایەوە، لە شوێنەکانی دیکە کە کۆنترۆڵی کردبوون، دامودەزگای نیزامیی لێ دامەزراندن و تا ئێستاش لەوێیە.   ڕێکخراوی بزووتنەوەی ئازادی‌خوازی فەلەستین: ساڵی ١٩٦٤ لە لایەن یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبەوە بە مەبەستی کۆنترۆڵ‌کردنی هەستی نەتەوایەتیی فەلەستینییەکان دامەزرا. شکستی وڵاتانی عەرەب لە شەڕی شەش ڕۆژەدا، لاوەکان و چالاکانی فەلەستینی تا ڕادەیەک لە وڵاتانی عەرەبی دوور کردەوە و هەوڵیان دەدا ئەو بزووتنەوەیە لە وڵاتانی عەرەبی دوور ڕا بگرن و سەربەخۆتری بکەن. بزووتنەوەی ئازادی‌خوازی فەلەستین لە چەندین ڕێکخراو بە ئیدئۆلۆژیی جیاوازەوە پێک هاتبوو. سەرۆکی ئەو بزووتنەوەیە “یاسر عەرەفات” بوو کە لە ڕێکخراوی فەتح بوو و تا مردنی لە ساڵی ٢٠٠٤ سەرۆکی بزووتنەوەی ئازادی‌خوازی فەلەستین بوو. هەتا کۆتایی ساڵەکانی ١٩٦٠ بزووتنەوەکە چالاکییەکانی لە ئۆردنەوە لەدژی ئیسڕائیل بەڕێوە دەبرد، بەڵام تێک‌هەڵچوون لەگەڵ ئەرتەشی ئۆردن لە ساڵی ١٩٧٠ و ١٩٧١ وای کرد کە لەوێ دەر بکرێ و بچێتە لوبنان. لە شەڕی نێوخۆی لوبنان ١٩٧٥، بزووتنەوەی ئازادی‌خوازی فەلەستین بێ‌لایەنیی خۆی نەپاراست و بوو بە لایەنێکی شەڕەکە. دوای هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢، بزووتنەوەی ئازادی‌خواز لەوێش دەر کرا و ناچار بوو بچێتە وڵاتی توونس. ساڵی ١٩٨٧ دانیشتووانی عەرەبی کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە لەدژی ئیسڕائیل ڕاپەڕین کە بە ئینتفازەی یەکەم ناسراوە و بوو بە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس کە ٢٠٠ کەسیان لە تەمەنی ژێر ١٦ ساڵ بوون. ئەو ڕاپەڕینە خۆڕسک بوو و پێوەندیی بە بزووتنەوەی ئازادی‌خوازی فەلەستین لە توونسەوە نەبوو. ساڵی ١٩٩٣ ڕێک‌کەوتنێک لە ئۆسلۆی نۆروێژ لە نێوان ئیسڕائیل و بزووتنەوەی ئازادی‌خوازی فەلەستین بە ڕێبەرایەتیی فەتح کرا، هەرچەندە بە جدی کاری لەسەر نەکرا و لە لایەن حەماسەوە دژایەتیی دەکرا، بەڵام ساڵی ١٩٩٤، بزووتنەوەکە لە هەندێک ناوچە دەسەڵاتێکی خۆ بەڕێوەبەریی دامەزراند. دووهەمین ڕاپەڕین لە ساڵی ٢٠٠٠ ڕووی دا و کوژراوی زۆر زیاتر لە ڕاپەڕینی یەکەمی لێ کەوتەوە.