کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێموکراسی و خەڵک بۆ بەرێوەبەریی بەرپرسانە

02:07 - 22 گەلاوێژ 2720

بەشداری‌کردن لە سیاسەتی گشتگیر و هەمەلایەنەی بەڕێوەری لە وڵاتێکدا، پێویستی بە فەرهەنگی گشتییە. ئەو فەرهەنگە سەرەتا لە لایەن بەڕێوەبەرانی هەڵ‌بژێردراو و بەرپرسان و نووسینی یاسای دێموکراتیک لە لایەن پسپۆڕان و دیالۆگ‌کردن لە سەر پەسەند‌کردنەکەی دەست پێ ‌دەکا. دواتر ئەو یاسایەی زۆربەی خەڵک، دەنگی ئەرێنییان پێ‌ داوە، بەڕێوە دەچێ. لە ماوەی بەڕێوە چوونەکەیدا، بە پێوە زیاد‌کردنی کەموکووڕییەکان (موتەمم) یا تێبینی، تەکمیل دەکرێ. لە ڕەوتی کار پێ‌کردندا، فەرهەنگی دێموکراسی لە چوارچێوەی حیزب و ڕێکخراوەکاندا و بە شێوەی سەربەخۆش، دەتوانێ باشتر بچەسپێ. لەو بەستێنەدا، هەڵبژاردن دەورێکی زۆر سەرەکیی بۆ جێ‌بەجێ بوونی فەرهەنگی دێموکراتیک دەگێڕێ. هاوسەنگیی بنچینەیی فەرهەنگی دێموکراتیکی سەرکەوتووانەی ڕێژەیی لە ڕادەیەکی زۆر سەروودا، بەبێ جیاوازیی ڕێکخراوەیی و بیروبۆچوون و، یەکسانیی مرۆڤەکان بە هەموو جێندێر و ڕەگەزەکانەوە، بەبێ جیاوازیی ژنان و پیاوان، کوڕان و کچان –کە گەیشتبێتنە تەمەنی یاسایی-، پێک دێ، بۆیە مافی بەشداری و دەنگ‌دان بۆ ژنان و پیاوان بەبێ هەڵاواردن مافێکی سەرەکییە و، گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیکی لەم چەشنە بەبێ لە بەرچاو گرتنی ئەم ئەسڵانە کەمایەسیی زۆری دەبێ.

لە ئێراندا،  بۆ یەکەم جار لە حکوومەتی میللیی ئازەربایجان لە ١٣٢٤ (١٩٤٥)ـدا، مافی دەنگ‌دان بە ژنان درا. بەڵام بە داخەوە ئەو حکوومەتە و کۆماری کوردستان، بوون بە قوربانیی شەڕی نوێی سارد و ڕووخێن‌دران و ئیزنی بوون و گەشە‌کردنیان پێ نەدرا. بۆ جاری دووهەم، ساڵی ١٣٤١ (١٩٦٢)، مافی دەنگ‌دان بە ژنان و کچانی لاو –تەمەن ١٨ ساڵ- درا. بەڵام هەم زۆربەی هەرە زۆری ڕۆحانییەکان دژی بوون و هەم ئاستی خواری فەرهەنگ لە ئێراندا، بووە هۆی ئەوەی بە باشی بەڕێوە نەچێ و، هەر بۆیەش بەشداریی ژنان و کچان بە شێوەیەکی قووڵ ڕیشەی دا نەکوتا.

لە ماوەی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا، ژن پتر وەک ئامرازی دەنگ‌دان کەلکی لێ‌ وەرگیرا. بەشێکی زۆری ناهاوسەنگیی ژنان و پیاوان لە بەڕێوەبەریی دوای سیستمی پاشایەتی لە ئێراندا، هەم بۆ باوەڕی ئایینی دەگەڕیتەوە و هەم کێشە و ململانێی سوننەت و مۆدێرنیتەش لەم نێوەدا ڕۆڵ دەگێڕێ.

لە سەرەتای دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیەدا، هەموو دژبەرانی “یاسایی” و دەرەوەی “یاسا”ش، بە شێوەی جۆراوجۆری وەک هێرش، کوشتار، تێرۆر، زیندان، دوورخستنەوە و ئێعدام، لە مەیدانی ڕاستەوخۆی بەربەرەکانی وەلا نران یا پەراوێز خران.

هەرچەند لەنێو زۆربەی هەرە زۆری بەند و ماددەکانی یاسای کۆماری ئیسلامییدا، دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهی زاڵ بوو، بەڵام دیسان لە بەشی “مافی گەل”ـدا و، لە بەشی شۆڕاکان، جێی هەڵبژێرانی بێ‌جیاوازیی ژن و پیاو تا ڕادەیەک هەبوو. بۆیە دوای ٢٠ ساڵ هەڵپەساردنی هەڵبژاردنی شۆڕاکان، ڕێژەی ژنان لە بەڕێوەبەریی گەڕەک، شار و گوندەکاندا، بە هەموو کەند و کۆسپەکانییەوە زۆر و بەرچاو بوون.

کۆمەڵگەی ئێران بە هۆی دەسەڵاتی ئایینی و پرسە جیاوازەکانی کولتووری و سیستمی پیاوسالاری، دابەش‌کردنی نایەکسانی ئەرکەکان کە ژنان لە نێو ماڵ، کاری وەک کابانی نێوماڵ و بەخێوکردن و گەورەکردنی منداڵی پێ‌ دەسپێردرێ و پیاوەکانیش کارەکانی دەرەوی ماڵ و خۆ پێ‌گەیاندن و گەشەکردنیان، بۆ مسۆگەر دەکرێ. هەر لەبەر ئەوە ژنان و کچان لەبەر زۆریی بەربەستەکان، بە ڕاشکاوی ناتوانن لە کایە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕینی چارەنووسی خۆیان و سیاسەتدا، بەشداری بکەن. بە خۆشحاڵییەوە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، نەخشی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە خەڵکییەکان لە نێوخۆی ئێران –لە نەبوونی ڕێکخراوە سیاسییەکاندا-، پڕڕنگ‌تر و دیارتر بووە، چونکە زیادبوونی ڕۆڵی ڕێکخراوەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕانێکی بەرچاویان بەسەر ئەو سیستمەدا هێنا.

سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانە لە کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەرزبوونەوەی ئاستی شعوور و تێگەیشتنی سیاسی و چوونە سەرێی ئاستی خوێندەواریی ژنان لە بوارە جواروجۆرەکاندا، وای کردوە کە ویستی ژنان بۆ بەشداری‌کردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، زیاتر بێ. ھەر ئەوەش بۆتە ھۆی ئەوەی کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کێشەی جددی‌تر لە پێشوو بەرەو ڕوو بێتەوە، بۆیە گوشاری زۆرتر بۆ ژنان و کچانی چالاکی مەدەنی، ژینگەپارێزی، ڕۆژنامەنووس، هەواڵنێر و وێژوانانی زمانی دایک، دێنێ، زیندانییان دەکا، یا حوکمی ناڕەوای درێژخایەنیان بە سەردا، دەسەپێنێ.

لەو سیستمە پتر ئایینییەدا، متمانە بە تواناکانی ژن لە بواری سیاسی و مودیریەتدا زۆر کەمە. ئەگەر سەرنج بدەینە دەنگ و ڕەنگی ئەو ڕێژیمە دژە ژنە، لە ڕێکلام و فیلمە سینەماییەکانیشدا، ژن تەنیا وەک دایکێکی باش یان هاوسەرێکی دڵسۆز، یا خوشکێکی کارەکەری نێو ماڵ، نیشان دەدرێ کە لە خزمەت پیاودایە. زۆر کەم  ژن وەک بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو یان پارلمانتارێکی بە توانا یا مودیرێکی ژیر و وریا نیشان دەدا.

لە ئەزموونی ماوەی پێشوو و تا ئێستا، لە کۆنترۆڵی کۆرۆنا لە وڵاتانی فینلاند، نیووزیلەند، ئاڵمان و هتددا، چەندین لێکۆڵینەوەی دیکەش کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو کراوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ژنان لە نێو ئەو کۆمەڵگەیەدا، دەتوانن ڕۆڵی زۆر باش لە ئیدارە کردنی قەیرانە زۆر ئاستەمە نێوخۆییەکانی وڵاتەکەیان و جیهاندا بگێڕن.

ژنان و کچانیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هێنانەدیی ویست و داخوازییەکانیان کە یەکێک لەوان بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەریی‌دایە، هەوڵی بەرچاویان داوە. تەنیا بوونی سیستمێکی دێموکراتیک و پەرەدان بە فەرهەنگی دێموکراسی و جێگیرکردنی لە کۆمەڵگە و ئیزن دان بە هەموو تواناکان بێ‌جیاوازیی ڕەگەزی و، ئیزن دان بە گەشەی تواناکان، چارەسەری بەشی هەرە زۆری کەموکووڕییەکانی کۆمەڵگە لە ئێران‌دایە.