کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوژی ناڕەزایەتییە یا بێ‌دەسەڵاتییە؟

04:45 - 23 گەلاوێژ 2720

بەداخەوە خۆکوژی دیاردەیەکی جیهانییە و تەنیا پێوەندیی بە کوردستان و ئێرانەوە نییە. بەڵام لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم دیاردە دڵتەزێنە، ڕیشەیەکی قووڵ و زۆر دوورماوەی هەیە. ئەم دیاردە فرە ناخۆشە، لە ماوەی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە ئێراندا، کە پتر لە ٤٠ ساڵە  بوونی هەیە، زۆر بەرفراوان‌تر بووە، ئەوە لایەکە. هەڵسوکەوتی بیری سوننەتی و پڕ لە دەمارگرژی و ناکۆکی و ناعەداڵەتی و جیاوازی لە کۆمەڵگەی کوردستان لە لایەکی دیکەیە. نەبوونی پەروەردەی گونجاو و بێ‌بڕوایی زۆربەی مرۆڤە خۆکوژەکان بە خۆیان و ئاڵوگۆڕەکانی بەردەوام و دوورماوەی ئەرێنی (موسبەت)ـی ژیان و لاوازی وزەی نەرێنی (مەنفی) لە کردەوەیاندا، بەداخەوە سێ گۆشەی خوڵقێنەری ئەو دیاردە سامناکەن.

کاتێک کۆمەڵگەیەک  تاڕادەیەکی ڕێژەیی باش دەتوانێ ئارامی، گەشە و بڕوای پتری تێدا بۆ بەردەوامیی ژیان و بەرەو پێشچوون تێدا بێ، کە دوو مەسەلەی زۆر گرینگی تێدا ڕەچاو کرێن. یەکەم، یاسایەکی ئینسانی کە تا ڕادەیەکی زۆر هاوسەنگ و یەکسان لە ئارادا بێ و دوویەم، فەرهەنگی ئیجرایی یاسایی لە لایەن دەسەڵاتی بەرپرس و گەل ببن بە ڕەوشی ژیان لە نێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەدا.

لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم حەوتوویەدا، کرێکارێکی نەوت بە ناوی “عمران روشنی مقدم” لە ناوچەی هوێزە لە شوێنی کارەکەی، خۆی هەڵداوەسێ، لەبەر ئەوەی ژیانێکی زۆر ناخۆش و هەژارانەی هەبوو و بە بوونی گرانی، ئاوسانی بەردەوام و کەمیی حەقدەستەکان و زۆر کێشەی دیکە و داخوازی ٥٠٠ هەزار تمەن یارمەتی –هەتا وەرگرتنی مووچەی مانگانەی- بۆ خەرجی ژن و دوو منداڵەکەی، قبووڵ ناکرێ و بەداخەوە لەسەر کارەکەی خۆی هەڵداوەسێ. ژنێک و دوو منداڵی دیکە بێ‌سەرپەرست و بێ‌نان هێنەری ماڵ، بە هەزارانی لەو جۆرە زیاد دەبن. ئەو جۆرە خۆکوژێیە دڵتەزینە، هەم ناڕەزایەتییە، بە سیستمی دەسەڵاتدار و هەم بێ‌دەسەڵاتییە لە ئاست زوڵم و زۆری کارفەرما و یاساگەلی دژی کرێکاران و ژیان و گوزەرانی کۆڵەمەرگی لەژێر هێڵی هەژارییدا، لە ناوچەیەکی کە پڕ لە کانگەی نەوت و گازە!

-سایت، ایران پرس نیوز یکشنبە ٢٥ خرداد ١٣٩٩ (١٤ جوون ٢٠٢٠)-

خانمی شیرینی عیبادی، یاسا زان و خاوەنی خەڵاتی ئاشتیی جیهانیی نۆبێل و چالاکی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە وتارێکدا، لە سەر خۆکوژییە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم دواییە، دەنووسێ: “یەکێک لە هۆیەکانی خۆکوژییە زنجیرەییەکانی ئێستا بەشێکی زۆری بە هۆی نەداری و هەژارییە. هەواڵی نوێ ئەوەیە کە لە ساڵی ڕابردوودا، ٩١٩ کەس تەنیا بە خواردنی حەبی برنج خۆیان کوشتوە، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتریدا، ٤. ١١٪ زیادی کردوە.

پێشتر دیاردەی نێو زبڵ گەڕانمان دەبیست. بەڵام ئەم ڕۆژانە زۆر بوونی زبڵ خواردن دەبیسین. لەم ٤٠ ساڵەی دوای شۆڕش، ئاڵۆگۆڕە یەک لە دوای یەکەکان ڕوویان دا. خەڵکی هەژار هەژارتر بوون. کەسانێکی کە لە نێو زبڵدا، پێشتر ئاسن و شووشە و پلاستیکیان جیا دەکردەوە، ئێستا ڕوویان لە جیاکردنەوەی نان و بەرماوی خواردنەکانیش کردوە.

ئەو خۆکوژییانەی لە ئێران ڕوو دەدەن، دوو هۆی سەرەکییان هەیە. یەکەم، ئەوەیە کە، خەڵک بە خێرایی بەرەو جۆرێک لە هەژاری دەچن کە بۆ ئەو جۆرە هەژارییە ئامادە نین. لە نەکاو هەلومەرج دەگوڕێ و لە ماوەیەکی کەمدا، ژیانی باش بەرەو مام‌ناوەندی و خراپ و خراپ‌تر دەچێ. دوویەم، بێ ئومێدییە؛ گەلان ئومێدیان بە ئاڵوگۆڕ (تغییر) بۆ باشتربوونی وەزعەکە نییە.”

-سایت خبرنامەی گویا، شیرین عبادی “خودکشی نتیجەی ناامیدی از تغییر است”. ١٦ ژوئن ٢٠٢٠-

لە ئاماری ڕووداوە ناخۆشەکانی ڕۆژانە، حەوتووانە، مانگانە و ساڵانەدا، کەم وا هەیە لە خۆکوژی بە شێوەی جۆراوجۆر، ژنان و کچان، مێر منداڵان، لاوان و پیاوانی کوردی تێدا نەبێ. لە بەشێکی کامێنتێک لە سەر خۆکوژییەکانی ئەوم دواییەدا، نووسراوە: “کاتێک پەرە پێ‌دانی بێ‌ئاکام بە دەمارگرژیی مەزهەبی و تەبلیغاتی فەرهەنگی قین لە دڵی و تۆڵە لە گومەڵگەدا، پەرەی پێ‌درا و عەداڵت نەبوو و جیاوازی و هەڵاواردن (تبعیض) زۆر بوو، دەبنە هۆی داماویی ئەو کۆمەڵگەیە. چونکە بەشداران لە ناڕەزایەتییەکان، بە ئاکامێک ناگەن، کەسانێک تووشی خەمۆکی دەبن و هەوڵی خۆکوژی دەدەن. بەداخەوە لە کوردستان دەمارگرژیی نامووسی و چەند ژنی یەکێک لە هۆیەکانی خۆکوژیی ژنانن.

– سایت ایران پرس نیوز، ٢٥ خرداد ٩٩ (١٤ جون ٢٠٢٠)-

هەروەها، وتارێک لەژێر ناوی: “گۆڕانی خۆکوژییەکان بۆ ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵات”ـدا، لە زمانی کۆمەڵناس، محەممەد ڕەزا مەحبووب‌فەڕ، لە مەتڵەبێکی ڕۆژنامەی “جهان صنعت”ـدا، نووسراوە: “ئاماری خۆکوژییەکان لە ئێران هەتا ئێستا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩٨ـدا، لەگەڵ زیادبوونی ٢٣٪ی بەرەو ڕوویە کە پێناسە و نێوەرۆکیان مەترسیی‌دارتر بوون؛ و لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا، بە بەردوامی و بە شێوەی زنجیرەیی و بە دوای یەک (سریالی) لە ناوچەکانی ئێراندا، دەبینرێن.”

ئەو کۆمەڵناسە هۆشداری بە کاربەدەستانی نیزام دەدا، کە: “ئەو خۆکوژیانە بە زوویی دەتوانن وەک ناڕەزایەتییەکانی ٩٦ و ٩٨ـیان لێ بێ و لە سەرانسەری وڵاتدا، بەربڵاوتر بن و بۆ پتربوونی توندوتیژییەکان بگوازرێنەوە.”

ڕۆژنامەی “آرمان‌” لە بابەتێکیدا، ئاماژەی بە قەیرانی دوای کۆرۆنا (پسا کرونا) کردوە و وەرزێکی نوێی داخوازییەکانی خەڵکی هێناوەتە گۆڕێ و نووسیویەتی: “هەلومەرجی وڵات زۆر هەستیار و تایبەتە. بێ‌شک ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی ئەو سەردەمە، ئێمەش دەگرێتەوە. ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە، کاتمان زۆر کەمە.”

لە بەشێکی دیکەی ئەم وتارەدا نووسراوە: “چەند ساڵ لەمەو پێش لێکۆڵینەوەیەک لە سەر ١٠٠ ژن کە خۆیان سووتاندبوو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئەهواز کرا. ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوە لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییدا، لە “فصلنامەی علمی پژوهشی زنان و فرهنگ” بڵاو بۆوە. حەڤدە هۆ بۆ هۆکارەکانی خۆسووتاندن نەخشی گرینگیان هەبوو یا لە پەراوێزی ئەوان دادەنران. هۆگەلی وەک: بە زۆر بە شوو دان، کێشەی بنەماڵەیی، بێکاریی پیاوەکان، جیاواز بوون، کێشە لەگەڵ پیاو، گیروگرفتی ئابووری و منداڵ نەبوون. بەڵام زۆرترین بەشی ئامارەکە یانی ٣٨٪ی ژنەکان ئامادە نەبوون هۆیەکانی خۆ سووتاندنی خۆیان باس بکەن. کێشەی بنەماڵەیی ٢٠٪ بوو.

لە مێژووی خۆسوتاندنەکاندا، کە تووڕەترین و دڵتەزێن‌ترین شێوەی خۆکوژییە. پتر لایەنی ناڕەزایەتی بەهێزترە. ژمارەیەک لە خۆسووتێنەران بە خەبات و بەربەرەکانی بەدژی زوڵم و زۆری و سەرەڕۆییش چاوی لێ دەکەن و تا ڕادەیەکی زۆر خۆخوازانە (داوتەڵەبانە) ئەو کارە دەکەن. ژمارەیک لە خۆسووتاندنەکان لە شەقامە قەرەباڵغەکان، لە بەر دەرگای دادگاکان یا نزیک لە پارلمانەکان، یا نزیک دەفتەری هەواڵدەرییەکان، لە مەیدانی ناوەندیی شارەکان، کراون. ئەو خۆسووتاندنانە کەم و زۆر ڕەنگ‌دانەوەی جیاوازیان لەنێو کۆمەڵگەکەیاندا، هەبووە.

بۆ وێنە “هوما دارابی”، دوکتوری پسپۆڕی منداڵان و دەروون دەرمانی لەدایک‌بووی تاران، لە ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی لەبەر ناڕازی بوون لە ڕووپۆشی زۆرەملێ (حجاب اجباری) لە مەیدانی تەجریشی تاران لە تەمەنی ٥٤ ساڵییدا، بەداخەوە خۆی سووتاند و ماڵاوایی لە ژیان کرد. ناوبراو ئەندامی حیزبی میللەتی ئێران و هاوحیزبیی داریووشی فرووهەر و پەروانە ئەسکەندەری (فرووهەر) بوو.

“سەحەر خودایاری”، لیسانسی وەرگێڕیی ئینگلیسی و موهەندیسی کامپیوتێر، لەدایک‌بووی “درسلم چهارمحال و بختیاری” تەمەن ٢٩ ساڵە، لایەنگری تیمی فووتباڵی ئیستقلال بوو. لەبەر چوونی بۆ یاریگە (ستادیۆم) و چاولێ‌کردنی کێبەرکێ، گیرا و زیندانی کرا. دواتریش حوکمی ناڕەوایان بۆ بڕیەوە. سەحەر بە ناڕەزایەتی لەو کردەوە هەڵە و دژە ژنە، بەداخەوە خۆی سووتاند و لە ١٨ی خەرمانانی ١٣٩٨ـدا، گیانی دا. مەرگی ئەو کچە کە بە “دختر آبی” (کچی شین) ناوبانگی دەرکرد. ئەو کردەوە دڵتەزێنەی دژکردەوەی زۆری لە نێو، فووتباڵیست و باشگاکانی جیهان و ئێران، هونەرمەندانی سینەما، شانۆکاران و مووسیقی‌زانان، بەدژی  کۆماری ئیسلامیی لێ کەوتەوە.

“یوونس عەساکێر”، عەرەبی خووزستانی و دانشتووی خوڕڕەمشار لە ڕەشەمەی ١٣٩٣ـدا، بەهۆی دەست بەرسەردا گرتنی سندووقی میوە فرۆشییەکەی، لە بەرانبەر بینای شارەداریی ئەو شارە، خۆی سووتان و بەداخەوە گیانی لەدەست دا.

“زەکییە ئەڵکان”، خوێندکاری ساڵی شەشەمی پزشکی کچە کوردێک لە باکووری کوردستان، بە هۆی قەدەغەبوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی لە تورکیە، لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٧١ـی هەتاوی لە ئامەد (دیاربەکر) ئاگری نەورۆزی بە جەستەی خۆی کردەوە کە بەداخەوە گیانی فیدای ڕەوتی خەباتی ئازادیخوازی و ئازادبوونی دواتری نەرۆزی کوردەواری لە تورکیە کرد.

“یان پالاخ”، خوێندکاری مێژوو و ئابووریی سیاسیی زانستگەی کارلێفی چێک بوو، کە خۆی سووتاند و دوایی بە ژیانی هێنا. ئەو کردەوەیەی ناوبراو بوو بە هۆی سەرەتای دەست‌پێکی ڕووداوەکانی نەمانی سەرەڕۆیی، کە ناوی “پردە آهنین”>ی لەسەر دانرابوو.

“تاریق تەیب محەممەد بوعزیزی”، دەست‌فرۆشێکی ٣٧ ساڵەی توونێسی بوو، کە لە ١٧ی دێسامبری ٢٠١٠ لەدژی کردەوەی ڕاگیرانی کەلوپەلەکەی و بێ‌ڕێزی پێ‌کردنی کاربەدەستێکی شارەداری، لە بەرانبەر ئەو ئیدارەیە خۆی سووتاند. مەرگەکەی بوو بە هۆی دەست‌پێکی شۆڕشێک لە توونێسدا، کە لە ئاکامدا حکوومەتی ٢٣ ساڵەی “زین‌العابدین بن علی”، بە مێژوو سپێردرا.

-گوگل و ویکی پدیا، دانشنامەی آزاد-

***

“فاتمە کەریمی”، خوێندکاری خولی دوکتورای کۆمەڵناسی لە قوتابخانەی بەرزی زانستیی کۆمەڵ‌ناسیی پاریس، بڕاوی وایە: “هیچ کام لە دیاردەکان و کێشەکانی کۆمەڵایەتی ناتوانن یەک هۆیی بن و هۆیەکان بە یەک یا چەند دەلیلی تایبەت چووکە نیشان بدرێن.”

ناوبراو بە ئاماژە بە جیاوازیی هۆیەکان لە لایەن چالاکانی کۆمەڵایەتییەوە، کۆمەڵ‌ناسان و دەروون‌ناسان بۆ پاڵنان بە خەڵکانێک بۆ خۆکوژی کە باسیان دەکەن و خراپ‌ترین و ناخۆش‌ترین جۆر، یانی خۆسووتاندن دەڵێ: “بێ‌شک لە کۆمەڵگەیەکی وەک: ئێران کە ساڵانێکە لەگەڵ کێشەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەرەو ڕوویە؛ هەژاری و موعتادی لە ئاکامە سەرەکییەکانی ئەو وەزعەن. لە لایەکی دیکە، سەرەڕای زیادبوونی دەست‌مایەی فەرهەنگیی ژنان لە ڕێگای دەست‌ڕاگەیشتن بە ئامووزش، کرانەوەی دنیای مەجازی بۆ ژنان و بوونی پتریان لە شوێنە گشتییەکان، ژنان لەگەڵ دنیایەک لە زانیاری و زانستی نوێ لە بارەی خۆیان و دنیای دەوروبەریان بەرەو ڕوو بوون. ئەوان لەگەڵ زۆربەی یاسا و نۆڕمەکانی پێشوو کەوتنە بەربەرەکانی. بەڵام، نیزام، سەرەڕای ئەو ئاڵوگۆڕانە، هەلومەرج، کۆمەڵگە، نیهادە ژێر کۆیەکانی، بە ڕاگرتنی وەزعی پێشوو بە پاڵپشتیی ناکۆکییەکانی پێشووتر، پێ داگرە. لە حالێکدا، کە ژنان چاویان لە ئێستا و داهاتوویە، دەسەڵات و ژیر کۆیەکەی وەک ڕابردوو هەڵسوکەوت دەکەن. نیهادی بنەماڵە پتر لە هەموو شوێنێک تووشی کێشەن و زۆرترین قوربانییش ژنانن […] چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە لە ڕەگەزی ژن -قبووڵی هەموو کێشەکان، توندوتیژی، سەختی و دژواری و ناڕەحەتییەکان لە چوارچێوەی بنەماڵەدا، بۆ درێژەدانی ژیانی ژن و مێردایەتی- و نەبوونی سیستم‌گەلی پشتیوانیی کارامە، پتر دەچنە چوارچێوەی مەترسیی خۆسووتاندن.”

“عەباس عەبدی”ـش کە بەشێک لە میدیاکانی نێوخۆیی وەک چالاکی سیاسی و ئاڵوگۆڕخواز ناوی دەبەن، لە ڕۆژنامەی “اعتماد”، مەتڵەبێکی لەژێر ناوی “انفعال خطرناک‌تر از اعتراض”ـدا، بە وەزعی لەرزۆکی دەسەڵات و تەپەسەری و سەرکوتی خامنەیی، ئاماژە دەکا و لە بەشێکیدا، دەنووسێ: “پێویستە بەردەوام دۆعا بکەین کە خەڵک ناڕەحەت بن و ناڕەزایەتی دەربڕن، نە ئەوەی کە، خۆیان بسووتێنن یا خۆیان هەڵاوەسن. ئەو کردەوە پەسیڤ (انفعال)ـیە خراپ‌ترە لە ناڕەزایەتی. ناڕەزایەتی نیشانەی زیندوو بوونی کۆمەڵگەیە، تەنانەت ئەگەر ناڕەزایەتییەکانیان ناڕاستیش بن. بەڵام خۆسووتاندن و خۆکوشتن دوایین هێڵ (بن بست)ـە کە  نائومێدی لە لایەن خەڵکە و ئاکامی ئەو ڕەفتارە مەترسیی‌دارترە.”

نابراو لە درێژەدا دەنووسێ: “ڕووداوەکان لە کرماشان و خووزستان -گیان لەدەست دانی پیرێژنێک لەژێر کەپرێک و خۆکوژیی کرێکارێکی سەنعەتی نەوت- دەری دەخەن تێگەیشتوویی لە نێوەرۆکی ئەو وەزعە مەترسیی‌دارەی کۆمەڵگە (وضعیت انفجاری جامعە) نییە و مودیرانی پارێزگەکان بە جێی ئەوەی نیگەرانی  ئەسڵ و ڕیشەی ئەو مەترسییانە بن، نیگەرانی ڕووداوە ڕوو لە زیادبوونەکان دان.”

– سایت، ایران پرس نیوز،سە شنبە ٢٧ خرداد ماە ١٣٩٩/ ١٦- ٠٦- ٢٠٢٠-

ئەو مەترسییانەی لە نێوخۆی ئێران ئاماژەیان پێ دەکەن تا ڕادەیەکی زۆر دروستن. بەڵام ئەوە دیوێکی ڕووداوەکانە. دیوەکەی دیکەی ڕووداوەکان لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بەشی زۆری پتر لە چڵ (٤٠) ساڵ خوێنڕێژی و چاودێریی ئەمنیەتی و دەسەڵاتی نیزامیی شاراوە و بە چاوی دوژمن چاولێکردنی گەلی کورد و شەڕ داسەپاندن و “آتش بە اختیار”یی دژی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان، ئێعدامەکان بە تاک و بە کۆ و بانگ‌کردنی خەڵک بە بەردەوامی بۆ ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکان، پارازیت سازی و کێشەی مەهوارەکان، بۆ بەرگری‌کردن لە گەیشتنی زانیارییە ڕاستەکان، بەهۆی کێشەی بەردەوامی ئینترنێتی و هتدەوەیە.

فەرهەنگ‌سازیی پێشمەرگە پەروەری و پێشمەرگانە ژیان کردن و مان بۆ خەبات دژی داگیرکاران، زۆر گرینگە کە بە شێوەی جۆراوجۆر ڕێژیمی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامی پێشی پێ دەگرێ. چونکە ئەو فەرهەنگ و کردەوەیە دەتوانێ بە ئیمکاناتی کەم هەم خۆڕاگری دروست بکا و هەم کۆمەڵگە بە زیندوویی و توانایی بەردەوام ڕاگرێ. ژنان و کچان بە ڕەهەندی جۆراوجۆری خەبات و تێکۆشان ئاشنا دەبن. پیاوەکان و کوڕەکان لەو بەستێنەدا، هەم وانەی یەکسانی و هاوسەنگیی ئینسانی ڕەچاو دەکەن و هەموو پێکەوە، هەرکەس بە پێی توانایی و زانایی خۆی بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییە لە بەرچاو نەگیراوەکانیان –سەرەڕای هەموو کێشە و گرفتەکانی ژیان و گوزەران- دەکەن بە بەشێک لە هەڵسوکەوتەکانیان. ئەوکات نائومێدی بۆ ئومێدەواری دەگوازرێتەوە، بێ‌دەسەڵاتی و کەم تواناییەکان کز دەبن. بڕوا بە خۆ بوون و هاوکاری و پشتیوانیی ئەرێنی زیاد دەکەن. فەرهەنگی ڕزگاری‌خوازی و ئازادی‌ویستی پتر بڕەو پەیدا دەکەن و دوژمن‌شکێن دەبن. دەکرێ بە بەخۆدا چوونەوە لە سەردەمی کۆرۆنادا و، تێ‌پەڕین لەم وەزعە ئاستەمە، گۆڕانێکی قووڵ بۆ دنیایەکی جیاواز هەوڵ‌گەلی جددی‌تریان بۆ بدرێ.

دەسەڵاتی نگریس کە شەقامەکان و زیندانەکانی خوێناوی کردوە، هەزاران کەسی لە زیندانەکاندا، بە بارمتە گرتوە، ترسی لە سەرهەڵ‌دادەنەکان زۆرترە. بۆیە پێویستە کە وێڕای کار لەسەر خۆ کردنی هەرکەس و بەرپرس دەرکەوتن لە مان و ژیان -بە هەموو کەم و کووڕییەکان- بەرگی نوێیان لە بەر کرێ. شێوەی خۆسووتاندنی دڵتەزێن، یا گیان لە خۆ ئەستاندن، تووڕ هەڵدرێ. وزە و تواناکان بۆ بەرهەم‌هێنان و خۆ پەروەردەیی و هاتنە نێو ڕیزی تێکۆشەران بە نهێنی و ئاشکرا، لە هەموو ڕەهەندەکان، بۆ هەموو وەرزەکان ڕەچاو کرێ. ئەو بەشە ئەرێنییانەی ئاماژەیان پێ کرا، دەتوانن کۆدەکانی، مان و ژیان و خەباتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بن.