کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی ژنانی بێ‌سەرپەرست و بێ‌پشتیوان لە کۆمەڵگەی ئێراندا

00:42 - 25 گەلاوێژ 2720

بە پێی دوایین ئامارەکان، حەشیمەتی ئێران زیاتر لە ٨٣ میلیۆن کەسە کە ژنان نیوەی ئەو کۆمەڵگەیە پێک دێنن، زیاتر لە ١٠ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی ئێران لەو کچانە پێک دێ کە ژیانی هاوبەشیان پێک نەهێناوە و بەشێک لەو کەسانەن کە سەرپەرستیی بنەماڵەیان لە ئەستۆیە.
لە ئێران زیاتر پیاوان سەرپەرست و پشتیوانی ماڵن و ژنان پتر بە کاروباری ماڵداری و پەروەردەی منداڵەوە سەرقاڵن. ئەگەر پێناسەیەکی ژنانی سەرپەرست بکەین؛ بەو ژنانە دەوترێ کە هاوسەرەکانیان سەرباز، بێ‌سەروشوێن، موعتاد، بێكار، زیندانیین یان توانای کارکردنیان نییە و یاخود بە هەر هۆیەک و بیانوویەک بێ لایان نەماون. هەروەها؛ ــ ئەو کەسانەی کە لە ژیانی هاوبەش دابڕاون. ــ ئەو کچانەی ژیانی هاوبەشیان پێک نەهێناوە. ــ ئەو ژنانەی بەساڵاچوون و تەنیا دەژین و قورسایی باری ژیان دەکەوێتە سەر شانیان، وەک ژنانی سەرپەرست دەژمێردرێن. شایانی باسە کە ژمارەی ئافرەتانی کەم‌دەرەتان و بێ‌پشتیوان زۆر زیاتر لەوەیە کە لە ئامارەکاندا ئاماژەی پێ دەکرێ و لە ڕاگەیەنەکانەوە خراوەتە بەرچاو و لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا ئەو بنەماڵانەی کە ژن سەرپەرستییان دەکا بە نیسبەت پیاوان لەسەتا ٥٨ زیادی کردوە و زۆرترین هۆکارەکەشی تەڵاق بووە. یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی هەڵکشانی سەرپەرستیی ژنان لە بنەماڵەدا، دەگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی شیربەها، وامی هاوسەرگیری و منداڵ‌هاوسەری کە بە داخەوە دەبینین بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کچان لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە ڕێگە پێ‌دراون کە ژیانی هاوبەش پێک بهێنن و زۆربەی کات ئەو جۆرە ژیان پێک‌هێنانە هێندە ناخایەنێ و جیابوونەوەی لێ دەکەوێتەوە و زۆر جاریش دەبینین ئەو منداڵانانە لە تەمەنی ١٤ یان ١٥ ساڵییدا دەبنە دایک و بەخێوکردنی منداڵیش دەکەوێتە سەر شانیان؛ بەشێکیان بەهۆی نەبوونی ئەزموون، کەم تەمەنی و نەبوونی پێداویستییەکانی ژیان دەکەونە داوی کەسانی هەل‌پەرست و بەوەش دیاردە کۆمەڵایەتییەکان پەرە دەستێنن. تەمەنی نێونجیی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە لە ١٨ ساڵ بۆ ٦٠ ساڵە. گەورەترین کێشەی ژنانی بێ‌سەرپەرست لە ئێراندا، دۆخی ئابوورییە کە لەسەر ژیان و کەسایەتییان لە نێو کۆمەڵگەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆ دادەنێ و زۆربەیان تووشی گیروگرفتی ڕۆژانەی ژیان دەبن. ژنێک کە دایکی منداڵێک یان چەند منداڵ بێ، یان ئەرکی پێ‌ڕاگەیشتن بە نەخۆشێکی لە ئەستۆ بێ، زۆرترین گوشارەکانی ژیانی لە سەرە و دەبێ چەند هێندەی دیکە ڕەنج بکێشێ و لە جەستە و ڕۆحی خۆی زۆر زیاتر لە توانای کار بکێشێتەوە. زۆرن ئەو ژنانەی کە بۆ منداڵەکانیان دەبێ هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ئەرکی دایکایەتی بەجێ ‌دێنن، دەبێ ڕۆڵی باوکیش بگێڕن، هەروەها دابین‌کردنی پێداویستییەکانی ژیان، پەروەردەی منداڵان یان نرخی ژیان وایان لێ دەکا کە زیاتر هەوڵ بدەن کاریان دەست بکەوێ و بە هەر نرخێک بێ بژیوی ژیانیان دابین بکەن. لە هەمان کاتدا زۆربەی ئەو ژنانە بە هۆی نەبوونی ئەزموون و شارەزایی لە پیشەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێران و نەبوونی مەدرەکی پێویست بۆ دامەزران، کاریان دەست ناکەوێ یان ئەگەر بە ئەستەم کارێکی ئابڕوومەندانەیان دەست بکەوێ بە هەق‌دەستێکی کەمەوە شان دەدەنە بەر کارێکی قورس و تاقەت‌پڕووکێن، زۆربەی کاتیش ناتوانن پێداویستییەکانی ژیانی پێ دابین بکەن و لە باری دەروونییەوە تووشی کێشە و گرفت دەبن. بە پێی لێ‌کۆڵینەوەکان لەسەتا ٨٥ـی ئەو ژنانەی کە بەرپرسیارەتیی بنەماڵەیان لە ئەستۆیە خاوەن ماڵی خۆیان نین واتە کرێ‌نشینن و زۆر جاریش هەڵوەدای شەقام و کۆڵانەکانی شارەکانن. بە دەیان هۆکاری جیاوازەوە لە کۆمەڵگەی ئێران، بەشێکی بەرچاو لەو ژن و پیاوانە کە ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە دوای ماوەیەک لە یەکتر جیا دەبنەوە و هەر ئەوە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕادەی جیابوونەوەکان (تەڵاق) و زۆربوونی ئافرەتانی بێ‌سەرپەرست. زۆربەی ئەو ژنانەی کە کۆتایی بە ژیانی هاوبەش دێنن بە هۆکاری جیاوازەوە لە مارەیی و ماڵ و زۆربەی مافی دیاری‌کراوی خۆیان بێ‌بەش دەبن، بە تایبەتی ئەگەر خۆیان داوای جیابوونەوە بکەن، بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی هیچیان ناکەوێ. زۆرێک لەو ژنانە لەبەر ئەوەی‌کە بتوانن منداڵەکەیان بە سۆزی دایکانە پەروەردە بکەن، دەست لەو مافانەی خۆیان هەڵ‌دەگرن بۆ ئەوەی بتوانن مافی بەخێوکردنی منداڵەکانیان پێ بدرێ، بەڵام جاری وایە دوای ماوەیەک لەبەر بارودۆخی نالەباری ژیان و گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئەو دایکە بێ‌سەرپەرستانەی بەجێی وەرگرتنی هەقەکانیان، منداڵەکەیان وەرگرتوە، ئەو منداڵانە دەگەڕێننەوە بۆ لای باوکیان و لێرەشدا دیسان ئەو دایکانە ئەوەندەی دیکە تەنیا دەبن و لە نەبوونی منداڵەکانیان تووشی خەمۆکی و گۆشەگیری دەبن و، ئەو کارەی کە بە چەرمەسەری و ماندووبوونی لەڕادە بەدەر بژیوی ژیانی پێ دابین دەکەن لە دەستی دەدەن و هێزی کاریان نامێنێ و پەنا بۆ زۆر کاری نەشیاو دەبەن کە بە ویستی خۆیان نییە. زۆربەی ژنانی بێ‌پشتیوان و کەم‌دەرەتان، لە وەها دۆخێکدا ناچارن لەو شوێنانە نیشتەجێ بن کە لە باری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە زۆر دواکەوتوون و ئەوەش دەبێتە هۆی زیان و تێک‌چوونێکی زۆر لە باری دەروونییەوە کە کاریگەریی تاڵ و نەرێنیی لەسەر شێوەی ژیانیان و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان دادەنێ . بە گشتی داهات و بژیوی ژنان لە ئێران یەکێک لە گەورەترین کێشەکانە، بەڵام لە ئێستادا کێشە و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانیش بەرۆکی زۆربەی ئافرەتانی بێ‌پشتیوانی گرتوە و هەندێ جار باری قورسی ئەم دیاردانە، زۆر زیاترە لە بەش‌مەینەتی و کوێرەوەرییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان. جیا لەوانە، نەبوونی ئاسایش، ماددە هۆش‌بەرەکان، لەش‌فرۆشی، دزی و دەیان دیاردەی دیکە کە لە نەبوونی پشتیوانێک وەکوو بنەماڵە، هەروەها نەبوونی کار و پارەوە سەرچاوە دەگرێ و ئافرەت بە ناچاری تووشیان دەبن، هەر ئەوەش لەسەر منداڵەکانیان و چۆنیەتیی بارهێنانیان کاردانەوەی نەرێنیی دەبێ. لەوانە تاڵ‌تر و بەژان‌تر، دەستدرێژیی سێکسی و گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و دزی، زۆرترینی ئەو مەترسییانەن کە لە بەردەم ئەو توێژەدان و لە ئەگەری تووش‌بوونیان هەر ئەو هۆکارانە دەبنە هۆی داڕمان و شکانیان لە نێو کۆمەڵگەدا و بەرەبەرە پەراوێز دەخرێن و تەریک دەکەونەوە.