کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مان و مەوجوودییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان

01:24 - 25 گەلاوێژ 2720

ڕازی مانەوەی حیزبێک کە نزیک بە تەواوی تەمەنی ٧٥ ساڵەی خۆی لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا ژیابێ و ئێستا هەروا جێی هیوا و خاوەن پێگە لە نێو خەڵک و نیشتمانی خۆیدا بێت، دەبێ چ بێت؟ حیزبی دێموکراتی کوردستان کە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ (١٣٩٩)، یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی خۆی جێژن دەگرێ، زیاتر لە ٧٠ ساڵ لە تەمەنی لە دەرەوە و دوور لەو شوێنەی لێی دامەزرا تێپەڕاندوە و هەر ئێستاش ئەم ڕەوتە لە دووربوون لە ژینگەی ئەسڵیی خۆی هەروا درێژەی هەیە. ئەم حیزبە کە بۆ ماوەی زیاتر لە  حەوت دەیە لە تێکۆشان و خەباتی، ڕێبەرایەتییەکەی لە دەرەوەی وڵات بووە و هەیە، ئێستاش سەرەڕای گەلێک کەمایەسیی دەروون تەشکیلاتی کە هەیبووە و هەیەتی، لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستاندا هەروا جێی متمانە و هیوایە. هەر ئەم پێگە بەرز و متمانە پێکراوە، ئەم حیزبەی لە نێو کۆڕ و کۆمەڵی کوردستانی، ئێرانی و جیهانیشدا بە ئێعتبار و خاوەن کەسایەتیی تایبەتی خۆی هێشتۆتەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بوون و وجوودی، بەرهەمی وڵامدانەوە بە هەلومەرجێکی مێژوویی تایبەت بە بەشێک لە خاکی کوردستان بوو، بە هۆکاری مەعریفەیەکی تێکەڵ بە ئەقڵییەتێکی مودێرن کە پێشەوای مەزن، قازی محەممەد وەک کەسی یەکەمی ئەم حیزبە نوێنەرایەتیی دەکرد، توانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورددا پێک بهێنێ. بنیاتنانی ڕەوتێکی نوێ لە خەباتی نەتەوایەتی لە سەر ئەساسی دوو کۆڵەکەی “پلانمەندکردنی بزووتنەوە” و “بەخشینی کەسایەتیی بە کۆمەڵگە”، ئەو جەهانبینییە سیاسی و فکرییەیە کە مانای وجوودیی حیزبی دێموکرات لە جووڵانەوەکانی پێش خۆی جیا دەکاتەوە. ڕاگەیاندنی “کۆماری کوردستان” هەر دوای چەند مانگ لە دامەزرانی حیزب و داڕشتنی قەوارەی سیاسی و تەشکیلاتیی ئەم دەسەڵاتە لە شێوەی دانانی کابینەی وەزیران، سەرکۆمار و وەزارەتخانە و….هتد، نیشانی دا کە کورد لەمەوبەولا دەیهەوێ بە پڕۆژەوە قسە لە ویست و داخوازییەکان و ئامانجەکانی بکا. حیزبی دێموکرات وەک دامەزرێنەری کۆماری کوردستان کە پێشەواکەی ئەرکی سەرکۆماریی ئەم سیستەمە سیاسی و بەڕێوەبەرییەی کەوتۆتە سەر شان، سەلماندی کە بە پشتبەستن بە تێفکرێنێکی خاوەن پلان، پێوەیە لە ڕێگای بە دامەزراوەییکردنی خەباتەوە، هەنگاو بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان بنێ. لە لایەکی دیکەوە بە هەستکردن بە “بۆشایی باوەڕبەخۆبوون”ی تاکەکانی کۆمەڵگە کە لە ڕەوتێکی دورودرێژی تاریخیدا، سیاسەتی سەرکوت و بە کەم‌سەیردنی نەتەوەی بان‌دەست بەسەر کوردیدا سەپاندبوو، بنیاتناوەی کەسایەتیی کورد و خەباتەکەی پێویستییەکی هەرە زەرووری بوو. پاراستنی ئەم دەسکەوتە (کۆماری کوردستان)، پێویستیی بە درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی دەروەست بەرانبەر بە گەل و نیشتمان بوو کە بێگومان لە بابەتی “نەتەوەسازی‌“دا باسێکی گرینگ و ئەساسییە و ڕاستەوخۆ لە چێبوونی بەرژەوەندی گشتییەوە کەهەستێکی هاوبەش پێک دەهێنێ، شوێندانەرە. بۆ دروستبوونی ئەم دەروەستبوونە پێش هەموو شتێک دەبوا تاکەکانی کۆمەڵگە هەستیان بە کەسایەتیی خۆیان کردبا و ڕەمزێک هەبا کە هەستی باوەڕبەخۆبوون لە نێویاندا درووست بکا. بۆیە بەرزکردنەوەی “ئاڵای کوردستان” لە کۆماری کوردستاندا و بەڕێوەێوچوونی ڕێوڕەسمی تایبەت بەم دەسکەوتە مێژووییە لە چەند شارێکی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا بەوپەڕی گرێنگی‌پێدانەوە بەڕێوەچوون. بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، ڕاگەیاندنێکی ماناداری شوناسخوازانە بوو کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەروونیی لەسەر تاکی کورد و کۆمەڵگەی ئەو کاتی کوردستاندا دانا و هەستی باوەڕبەخۆبوونێکی نەتەوەیی بنیات نا. “بوون” بوو بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئینسانی کورد و کەسایەتیی بە تاکی کورد بەخشی. بەو مانەیە کە خەڵکی کوردستان لە ژێر ئەو ئاڵایەدا بە تەواوەتی هەستی بە بوونی خۆی – جیا لەویتر – کرد. هەر ئەوە بوو کە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا مهاباد و کۆماری کوردستان بوون بە جێی هیوا و هومێدی نەتەوەیەک بە ناوی کورد. لە پرۆسەی بنیاتناوەدا بە تایبەت کە لێرەدا ڕاستەوخۆ قسە لە ڕەوتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکی دارووخراو حاشالێکراوە، تێگەیشتن لە زەروورەت و پێویستیی “پارێزگاری”ی و “پاراستن” زۆر گرینگە. بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوکات لە گەڵ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، دامەزراندنی “سپای میللیی کوردستان” کە دواتر ناوی هێزی پێشمەرگەی لە سەر دادەنرێ، بە زەرووری دەزانێ. ئەم بەشە لە بزووتنەوەی کوردستان کە دواتر لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا جێ دەکەوێ، تا ئێستایشی لە گەڵ بێت، بەشێکە لە هۆوییەتی کورد و خەباتەکەی. پێشمەرگە بەشێکە لە ئەرزش و بەها نەتەوایەتییەکانی نەتەوەی کورد، پێشمەرگە و خەباتی پێشمەرگانە کە باڵێکی هەرە ئەساسی و جێی شانازیی بزووتنەوەکانی کوردستانە، ڕیشە و ماهییەتی بۆ تێفکرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کردەوەی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە. بوونی پێشمەرگە و دامەزرانی سپای میللیی کوردستان، متمانەیەکی نەتەوەیی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا درووست کرد و باوەڕی خەڵکی بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان قورس و قاییم کرد. پێشمەرگە بوو بەو هێزە متمانەپێکراوەی کە خەڵک وەک قودرەتێکی ڕزگاریدەر سەیری بکا. بۆیە هەر وەک شەهید دوکتور قاسملوو بە درووستی پێناسەی دەکا؛ “پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە”. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا هێزی پێشمەرگە توانی بە مەبەستی ئەم دەسکەوتە مێژوویە بۆ ماوەیەکی باش دژ بە هێزەکانی ڕێژیمی شا بەرەنگاری بکا و دواتریش و لە قۆناغەکانی دوای کۆماریشدا، هێزی پێشمەرگە بوو بە پارێزەری مان و مەوجوودیەتی میللەتەکەی و لەم پێناوەدا زۆرترین قوربانیی پێشکەش کرد. هەموو ئەو ڕەمز و سەمبوول و هێمایانەی کە ئەمڕۆ نەتەوەی کورد لە هەر چواربەشەکەی کوردستان و هەر کوردێک کە لە هەر کوێی ئەم گۆی زەوییە دەژی، شانازییان پێوە دەکا و بوونی خۆی وەک نەتەوەیەکی جیاواز بە کەسایەتیی جیاوازەوە پێناسە دەکا، لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان دروست کراون و بەرهەمی تێفکرین و جیهانبینیی ئەم حیزبەن کە بەخۆشییەوە ئەمڕۆ هەموویان بوونەتە بەشێک لە خەسڵەت و شناسنامەی نەتەوەی کورد. ئەگەر ٧٤ ساڵ پێش ئێستا لە شاری مهاباد و شارەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماردا، تەنیا بە هەزاران کورد لە رێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستاندا بەشدارییان دەکرد، ئێستا ئەم ئاڵایە بۆ میلیۆنان ئینسانی کورد و بۆ نەتەوەیەک ڕەمز و شوناسی نەتەوەییە. کۆماری کوردستان و سەرکۆمار پێشەوا قازی محەممەد، ئەمڕۆ بۆ هەموو ئینسانێکی کورد نەتەنیا یادەوەرەیەکی مێژوویی لەبیر نەکراوەن، بەڵکوو بۆ نەتەوەیەک بوونەتە هۆوییەت و بەهای نەتەوەیی. ئەوەی تا ئێرە بە نیسبەت داهێنان و دەسکەوتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە باس کرا، تەنیا بەرهەمی یەکساڵ لە خەبات و جیهانبینیی ئەم حیزبە بووە. ئەم حیزبە لە ماوەی تەمەنی ٧٥ ساڵی تەمەنی خۆیدا کە لە ئێران دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتدار بوون، سەرەڕای بڕینی قۆناغی زۆر سەخت و دژوار، لە زۆر بواردا خاوەنی دەسکەوت و داهێنان و، – لە هەموویان گرینگتر – بەردەوامبوون و درێژەدان بە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بووە. *** گوتاری میللی-دێموکراتیکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ یەکەم جار مەفهوومی “گوفتمان” (گوتار) لە بزووتنەوەی سیاسیی کورددا مانا پەیدا دەکات و سیاسەت و ڕێکاری خەباتکارانە لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی خاوەن پلان و بەرنامەدا لەسەر ئەساسی پێناسەیەکی دیاری مەعریفی و پراکتیکی، کە هەمان “گوتاری سیاسی‌“ـیە شکڵ دەگرێ. بە واتایەکی دیکە، حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی جووڵانەوە نەتەوایەتییەکانی دوو سەد ساڵی ڕابردوو لە کوردستان (لە میرنشینەکانەوە تا شۆڕشەکانی شێخ مەحموود لە باشوور و سمایل ئاغای سمکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) هەستی بە بۆشاییەک لە پلانمەندبوونی خەبات لە ڕووی “ویست” و “شێواز”ی تێکۆشان کرد و، بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە لە بزووتنەوەی سیاسیی کورددا، کارکردن لەسەر کەسایەتی بەخشین بە کورد (نەتەوە) و کۆمەڵگە (نیشتمان)ـی کردە ئامانجی خۆی. “سەروەری” و “گەورەیی نیشتمان” بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو بناغە فکری و مەعریفییە بوو کە توانی لەسەر ئەم ئەساسە بە هەڵگرتنی گوتارێکی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، ڕێڕەوێکی ڕوون بۆ بزووتنەوەی کورد دیاری بکات. گومانی تێدا نییە کە جووڵانەوەکانی کورد، ئەوانەی زۆر پێش لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەبوون، نێوەرۆک و ئامانجی نەتەوایەتییان هەبووە و زۆربەیان لە خانەی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی میللەتی کورددا جێ دەگرن. بەڵام ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان توانی لەم پێوەندییەدا بیکا و جیاوازی دروست بکا، گشتاندنی بیر و باوەڕی نەتەوەیی لە هەموو ئاست و بوارێکی بزووتنەوەدا بوو. حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتاوە لە وێناکردنی “ئامانجەکان”ـی خۆیدا، بە ڕەخنەگرتن لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێو پێکهاتەکانی کۆمەڵی کوردەواری کە بەستراوە بە “عێل و عەشیرە” بوون و بە بەرفراوان نیشان‌دانی جیهانبینیی بزووتنەوە لەسەر ئەساسی “بەرژەوەندیی گشتی”، باس لە دوو مەفهوومی “سەروەری” و “گەورەیی نیشتمان” دەکا. ڕوون و ئاشکرایە کە لە حەوزەی سیاسەتدا قسەکردن لە مەفهوومی “سەروەری” پێویستیی بە پاشخانێک لە هێز، ئیرادە و باوەڕ بەخۆبوون هەیە کە بەداخەوە کورد بە هۆکارگەلی نێوخۆیی و دەرەکی، بە تایبەت لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەمەوە؛ دابەش‌بوونی کوردستان بە سەر چوار وڵاتدا و تێک‌شکانی یەک لەدوای یەکی جووڵانەوەکان، هیچ کام لەم ئیمتیازانەی بۆ نەمابوویەوە. بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند مانگ دوای دامەزرانی خۆی، بە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و تەشکیلی حکوومەتی میللیی کوردستان، بە کردوە لە کۆمەڵگەی کوردستان و لە ناخی ئینسانی کورد‌دا، مانایەکی تایبەت بە مەفهوومی “سەروەری” دەبەخشێ. لە سایەی خوێندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ چۆنیەتیی گەیاندنی ئەم نیشتمان و گەلە بە “سەروەری”ـیە کە ٧٥ ساڵ پێش لە ئێستا خەڵکی کوردستان لە هەر چوار بەشەکەی، بە شانازییەوە دەڕواننە دامەزرانی کۆماری کوردستان و بە شکۆوە لە ڕێوڕەسمەکانی “هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان” و پاراستنی ئەم دەسکەوتە میللییەدا بەشداری دەکەن. “گەورەیی نیشتمان” لە ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، قسەکردن لە کەلێنێکی مێژوویی بەژان و ئازارە کە کورد تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، ئارەزووی گەورە و گرانی لەسەر بنیات ناوە. کوردستان کە نازناو و پێناسەی “وڵات”ـی لێ زەوت کراوە، نیشتمانی نەتەوەی کوردە کە لە زەمەنێکی تەسکی مێژووییدا و لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ماوەی ١١ مانگ، ناو و قەوارەیەکی ڕەسمی وەک “وڵات”ـی پێ بەخشرا. ئێستاش دوای ٧٥ ساڵ لە دامەزرانی، “گەورەیی نیشتمان” بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو مەفهوومە پیرۆز و نەگۆڕەیە کە وەک بەشێک لە جەوهەر و ماهیەتی گوتاری حیزب چەسپاوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە کاریگەریی یەکلاکەرەوەی لەسەر ڕەوتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی هاوچەرخی کورد هەبووە، لەسەر ئاستی گوتاری سیاسییدا توانیویەتی گوتاری نەتەوەیی خۆی تێکەڵ بە کۆمەڵێک مەفهوومی مۆدێرن و جیهان‌ پەسەند بکات کە لە نەوعی خۆیدا داهێنەرانە بوون. جیا لەوەی کە بە پێی ناو و نێوەرۆکی “دێموکرات”بوونیشی بێ، ئەم حیزبە هەڵگری کۆمەڵێک بەها و موفهوومی مۆدێرنی وەک؛ دێموکراسی و سێکۆلاریزمە، بە دڕێژایی ئەم ٧٥ ساڵە، نە تەنیا بەرانبەر بە کۆمەڵێک ڕەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە شوێنەواری قووڵ و بەرچاویان لەسەر ژیان و خەبات و جیهانبینیی ئینسانەکان داناوە، کەمتەرخەم نەبووە، بەڵکوو کەوتۆتە ژێر کاریگەرییانەوە. ئیدئۆلۆگ نەبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو مانایە کە خاوەنی چوارچێوەیەکی سەخت و داخراوی فکری نەبووە و نییە، بۆتە هۆی ئەوەی ئەم حیزبە بە ئاسانی بتوانێ لە هێندێک بڕگەی تێکۆشان و خەباتی خۆیدا بکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕەوتێکی فکرییەوە. جا ئەم ڕەوتە هەندێک جار کوردستانی و ئێرانی بووە و هەندێک جاریش ناوچەیی و جیهانی. ئەم کارتێکەرییە لە ئاستی گوتار و تێفکریندا بۆ حیزبی دێموکرات لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی هەبووە. ئەگەر لە هەندێک بڕگەدا توانیویەتی بە پێکهێنانی ڕێفۆرمێک لە تێفکرین و خوێندنەوەیدا بۆ کۆمەڵێک بابەتی فکری و سیاسی لە ئاستی گوتاردا نوێ‌بوونەوە و دەسکەوتێک بۆخۆی دەستەبەر بکات، لە هەندێک بڕگەشدا ئەم کارتێکەرییانە لە ئاستی تەشکیلاتییدا ناکۆکیی نێوخۆیی و لە کۆتاییدا لێک‌ترازانیان لێ کەوتۆتەوە. هەر لەم پێوەندییەدا تایبەتمەندییەک لە حیزبی دێموکراتدا هەیە کە لانی‌کەم من وەک خۆم لە هیچ حیزبێکدا ئەوەم بەدی نەکردوە، ئەویش ئەوەیە کە؛ سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا حەوت جار ئەم حیزبە تیایدا ئینشعاب و لێک‌دابڕان ڕووی داوە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، لە هیچ کام لەم ئینشعاب و لێک‌دابڕانانەدا، ڕەوت یان جەریانێکی دیکە ساز نەبووە کە بتوانێ، بە خۆ دوورخستنەوە لە گوتار و تێفکرینی سیاسیی جیاواز لەو گوتار و تێفکرینە مێژووییە، درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی بدات. ئەگەریش شتی وا هەبووبێ (بە نموونە وەک پەیڕەوانی کۆنگرەی چوارەم کە لە ئەدەبیاتی حیزبدا بە تاقمی ٧ کەسی ناوی هاتووە)، ناچار بوون دوای ماوەیەک خۆ هەڵ‌وەشێننەوە. هەر ئەم تایبەتمەندییە لە گوتار و ڕێبازدایە کە هاوکات لەگەڵ لێک‌ترازانە تەشکیلاتییەکانی نێو حیزبدا دەسبەجێ یان چەند ساڵ دواتر، باس لە یەکگرتنەوە دەکرێ کە نموونەکانی چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا بەرچاون. “نەتەوەیی بوون”ی گوتاری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پێچەوانەی  ئیدیعایەک کە کەسانی خاوەن نەزەر لە حەوزەی ناسیۆنالیزمی کورددا باسی دەکەن، بە تەنیا پەرچەکردارێکی ڕووت بەرانبەر بە گوتاری شۆڤێنیزمی نەتەوەی باڵادەست نییە. “ڕەوایی” و “حەقانییەت”ـی بزووتنەوەی نەتەوەیەکی بێ‌بەش‌کراو لە ماف و ئازادییە ئینسانی و نەتەوەییەکانی کە لە بەرنامە و تێفکرینەکانی حیزبی دێموکراتدا ڕەنگی داوەتەوە، پێناسە و مانایەکی ئینسانی و مۆدێرنی بە شێوە تێفکرین و ڕوانگەی ئەم حیزبە بەخشیوە. بۆیە ئەم گوتارە وەک مانا و ماهیەتی خەباتی نەتەوەیەک مەفهوومی دێموکراتیک بە خۆوە دەگرێ. تەعریفی “میللی- دێموکراتیک”ی حیزب بۆ بزووتنەوەیەک کە خۆی بە ڕێبەری دەزانێ، ناتوانێ چاوبەستە هۆکاری وجوودیی خۆی تەنیا بۆ “بەرپەرچدانەوە”ی شۆڤێنیزمی نەتەوەی ئێرانی ببەستێتەوە و بێ‌ئەوەی بیر لە ڕەوایی و بەرحەق‌بوونی ئەم بزووتنەوە بکاتەوە، بە چەکێک بچێتە مەیدانی بەربەرەکانێوە کە سەدان ساڵە بۆ لە نێو بردنی بەکاری دەهێنن. بۆیە ڕاست لەو کاتەدا کە پێی وایە “لە هەلومەرجی ئێستادا مەترسیی گەورە، شۆڤێنیزمی مەزنی‌خوازیی ئێرانییە”، دژایەتیی خۆی لەگەڵ “ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگی کورد” کە “دیکتاتۆریی مەرکەزی و خەڵکی ئێران لێک جیا ناکاتەوە”، ڕادەگەیەنێ. ڕەنگ‌دانەوەی گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات لەسەر ڕەفتاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی نێو ڕیزەکانی ئەم حیزبە –بە کادری سیاسی و هێزی پێشمەرگەوە- کە تێکەڵێکە لە دوو مەفهوومی “ئیرادەی گەل” و “ئەخلاقی ئینسانی و شۆڕشگێڕانە” لە قۆناغی جۆراوجۆردا، کولتوورێکی پڕ لە بەها و ئەرزشی خەباتکارانەی دروست کردوە. ڕەفتاری ئینسانیی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ دیلەکانی شەڕ، ئاشتی‌خوازانەبوونی ماهیەتی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان، پشتیوانیی حیزبی دێموکرات لە بزووتنەوەی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەوڵدانی بەردەوامی بۆ یەک‌خستنەوەی نێو ماڵی کورد، بە تایبەت یەکگرتوویی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەتا دوایی، بەرهەمی ئەم گوتارە نەتەوەیی و دێموکراتیکە مێژووییەیە کە لە هەموو قۆناغەکاندا لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیی خەڵک و بزووتنەوە، سێبەری بەسەر هەڵوێست و تێفکرینی ڕێبەرایەتیی ئەم حیزبەدا زاڵ بووە. لە سەر ئاستی جۆری دیاری‌کردنی ڕەفتاری سیاسیی خەڵک بەرانبەر بە دەسەڵات، حیزب لە گوتاردا وێڕای پاراستنی ماهیەت و ئامانجی نەهایی بزووتنەوە، هەوڵی داوە لەسەر ئاستی دەرفەتەکان و بە مەبەستی بە جەماوەری کردنی بزووتنەوە، هێز و توانایی خەڵک لە بەستێنی جۆراوجۆردا وەجووڵە بخات و کۆمەڵگە لە دۆشدامان و پەسیڤ‌بوون‌ بپارێزێ. بۆیە هەمیشە پێی وا بووە “خەبات بۆ پێکهێنانی ئەو حکوومەتەی لە کوردستاندا داوای دەکەین و داخوازێکی درێژخایەنە، دەگەڵ خەبات بۆ جێ‌بەجێ کردنی هەندێک داخوازیی دیکە لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەدا هیچ ناتەبایی نییە و پێویستە ڕێز لە هەر هەوڵێکی گەورە و چووکەی خەڵک بگرین”. ئەوەی کە دوای ٧٥ ساڵ خەبات و تێکۆشان تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ، گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە نێو کۆمەڵی کوردەوارییدا زۆرترین لایەنگر و پشتیوانی هەیە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە، گوتاری ئەم حیزبە کە ڕیشەی لە واقعیاتی کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە، وڵام‌دەری هەست و شعووری بەرزی خەڵکی کوردستانە. *** بەخۆداچوونەوە و ڕێفۆرم وەک ماهییەتی وجوودیی حیزبی دێموکرات   “ڕادەی شۆڕشگێڕبوونی هەر حیزبێکی سیاسی لەوەڕا دەردەکەوێ کە چۆن سەیری ڕابردووی خۆی و بەتایبەت هەڵەکانی دەکا. حیزبی شۆڕشگێڕ نابێ لە لەوە بترسێ کە گوایا بە باسی هەڵەی ڕابردووی، دوژمن شاد دەبێ، یان لە ئێعتباری حیزبەکە کەم دەبێتەوە. بە پێچەوانە، پێ‌لێنان و ڕاستکردنەوەی هەڵە و چەوتییەکانی ڕابردوو، ناوبانگی حیزب لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا دەباتە سەرێ و جیددیبوون و بەرپرسبوونی حیزبەکە نیشان دەدا”. شەهید دوکتور قاسملوو   بیری بەخۆداچوونەوە و هەوڵدان بۆ ڕێفۆرم و نوێبوونەوە لە حیزبی دێموکراتدا لەگەڵ دامەزرانیدا بووە و بەردەوام بووە. ڕەوتی بەخۆداچوونەوە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەبات و تێکۆشانی حیزبدا لەوانەیە وەک یەک نەبووبێ و لە هێندێک بڕگەی زەمەنیی تەمەنی حیزبدا کەمڕەنگ و کاڵ بووبێ، بەڵام زۆری نەخایاندوە کە بە تەواوەتی هەست بە زەروورەتی کراوە. باسکردن لە ڕێفۆڕم و نوێبوونەوە لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کە بەشێکە لە ماهییەتی وجوودیی ئەم حیزبە، پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕەوتی مودێرنیزاسیۆن و نوێکردنەوەی جۆری سیاسەت و تێکۆشان لە ئاستی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستاندا هەیە. لە ڕەوتی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد‌دا، حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک یەکەم ڕێکخراوی سیاسیی کورد کە لە سەر بنەمایەکی دروست و ئوسوولی بە بەرنامە و جیهانبینی و تاکتیک و ئیستراتێژییەوە، دامەزرا، وەک دیاردەیەکی مودێرن لە ڕێبەریکردنی ئەم بزووتنەودا سەیر دەکرێ. بۆیە بەخۆداچوونەوە و هەوڵدان بۆ نوێبوونەوە بەشێکە لە ماهییەتی ئەم حیزبە. لە حیزبی دێموکراتدا بەخۆداچوونەوە و ڕەخنەگرتن لە هەڵە و کەم و کووڕییەکانی ڕابردو، نەتەنیا بە مانای ڕووخان و وەلانان و حاشالێکردنی ڕابردوو و بە کەمگرتن و سڕینەوەی هەوڵ و تێکۆشانی نەسڵەکانی ئەو سەردەمانە نییە، بەڵکوو هەستکردن بە زەروورەتێکی ڕێکخراوەیی، سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە بێ ئەوەی لە ڕوانگەی ئەرزشییەوە سەیری ڕابردوو بکرێ، حیزب خۆی بەرانبەر بە داهاتووی میللەتێک بە وڵامدەر و بەرپرسیار دەزانێ. بۆیە پێش هەموو شتێک لە باسی بەخۆداچوونەوە و نوێبوونەوە لە حیزبی دێموکراتدا، چەقین و مانەوە لە ڕابردووی ڕووداوەکان و تێفکرینەکان و بەگشتی، چەقبەستوویی ڕێگەپێنەدراوە. هەر خودی نەبوونی ئەم بەربەستە و ڕێگەدان بە ئازادبیرکردنەوە و پابەند بوون بە دێموکراسی کە بەشێکی دیکە لە ماهییەتی وجوودیی حیزبی دێموکراتی لەسەر بنیات نراوە، ئۆرگانیزمێکی زیندوو بەرهەم دەهێنێ کە تاکەکان تیایدا چاوکراوە و خاوەن ئیدەن و دەتوانن ئازادانە بیروبۆچوونی خۆیان دەرببڕن و هەوڵ بدەن لە سەر خستنی بۆچوونەکانیان‌ چالاک و هیوادار بن. هەوڵدان بۆ نوێبوونەوە و جێخستنی بیروبۆچوون و بەرنامەی تازەی سیاسی و ڕێکخراوەیی لە حیزبی دێموکراتدا، ئەنگیزە و هاندانێکی بەرزی ئۆڕگانیی لە پشتە کە لەم حیزبە‌دا وەک خەسڵەت و باوەڕێکی نەگۆڕ لە چوارچێوەی بەرزترین ئۆڕگانی حیزبیدا کە “کۆنگرە”یە، مەیل و هیوا بە ئاڵوگۆڕ لە هەموو ئاست و بەستێنەکا‌ندا بەهێز دەکا. لە کۆنگرەدا کە بە پێی ئەو ڕێوشوێنە دێموکراتیکانەی لە پێڕەوی نێوخۆی حیزبدا بۆ چۆنیەتیی بەستن و بەڕێوەبردنی کارەکانی دیاری کراوە، سەڵاحییەت و دەسەڵاتی ئەوە بە “زۆرینە”ی ئەندامانی خۆی دەدات – کە لە پرۆسەیەکی دێموکراتێکی هەڵبژاردندا و بە نوێنەرایەتیی تەواوی ئەندامانی حیزب تیایدا بەشدارن – لە هەر بوارێک‌دا کە بە پێویست و زەرووری بزانن، پێداچوونەوە و دواتر گۆڕانکاری و نوێگەرایی بکەن. بە پێی ئەو ئەرک و دەسەڵاتانەی لە پێڕەوی نێوخۆی حیزبدا بۆ کۆنگرە وەک بەرزترین ئۆڕگانی حیزب دیاری کراوە؛ دەکرێ پێداچوونەوە بە ڕوانین و تێفکرینەکانی ڕێبەریی حیزب و “ڕێبازی گشتی، ستراتێژی و تاکتیکی حیزب و بەرنامە و پێڕەو و ڕێبەریی حیزب‌دا بکرێ و، کۆنگرە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی دەسەڵاتی گۆڕانکاریی لە هەموو ئەوانەدا هەیە. بۆیە لە حیزبی دێموکراتدا نەتەنیا هیچ بەربەستێک بۆ پێداچوونەوە و گۆڕانکاری و نوێبوونەوە نییە، بەڵکوو بە شێوەی ئۆڕگانیش هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەم پرسە کراوە. بۆ باسکردن لە گرینگی‌پێدان بە پێداچوونەوە و ئەگەری هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی ڕێکخراوەیی و سیاسی لە لای حیزبی دێموکرات، تەنیا ئەوە بەسە کە چاوێک لە ژمارە و ئاکامی کۆنگرەکانی ئەم حیزبە بەتایبەت لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بکەین؛ – تەنیا لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا حیزبی دێموکرات ١٣ کۆنگرەی بەستووە (کۆنگرە چوار، لە ٣٠ ڕێبەندانی ١٣٥٨ تا کۆنگرەی ١٧ لە ١٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٨). بەشێک لەم کۆنگرانە لە دژوارترین دۆخی ئەمنیەتیدا بەستراون و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پیلانی درێژخایەن و هەزینەی قورس و گرانەوە هەوڵی تۆپباران و موشەکبارانکردنی داون. – بە چاوخشاندنێک بەسەر پەسەندکراوەکانی ئەم کۆنگرانەدا (ڕاپۆرت و بەرنامە و پێڕەو و بڕیارنامە و پەیامەکان) دەردەکەوێ کە ئەم حیزبە بەردەوام بەپێی زەروورەت لەسەر ئەساسی دەرک و خوێندنەوەی شەرایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لەسەر هەر چوار ئاستی جیهانی و ناوچەیی و ئیران و کوردستاندا گۆڕان لە ڕوانگە و تێفکرینیدا پێک هاتوە. ئەم گۆڕانکاریانە زۆر بەئاشکرا بە جۆری ڕوانینی ئەم حیزبەوە بەرانبەر بە جەمسەربەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان، ئامانجی دواڕۆژی حیزب کە بە هێنانە ئارای کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزمی دێموکراتیک بەرانبەر بە سوسیالیزمی مەوجوود بوومەلەرزەیەکی فکری و تەشکیلاتی لە حیزبدا پێک دێت، گۆڕینی دروشمی ستراتێژیی حیزب لە “دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان”ەوە بۆ “ فیدرالیزەکردن”ی ئێران و “دامەزرانی کۆماری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی فیدراڵ‌“دا و وەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئامانجی حیزب، دیارن. – دەستاودەستکردن و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات (بەڕێوەبەری) لە ئاستی ڕێبەری لە حیزبی دێموکراتدا کە بێ‌گومان بەشێکە لە خەسڵەتی نوێگەرایی لەم حیزبەدا تا ئێستایشی لەگەڵ بێ دیاردەیەکی ناوازە و بێ وێنەیە. ئەگەر چاوێک بە لیستی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب‌ کە لە کۆنگرەکاندا هەڵبژێردراون بخشێنین، ئەم ئیدیعایە بەتەواوی سەلمێندراوە کە کەم حیزبی کوردی و تەنانەت ناوچەیی هەیە کە بە ڕادەی حیزبی دێموکرات، گۆڕان لە ڕێبەرییەکەیدا پێک هاتبێ. هەر لە ماوەی ئەم چوار دەیەی ڕابردوودا جیا لەوەیکە بە دەیان کەس لە ئەندامانی ڕێبەریی ئەم حیزبە لە ئاکامی هەڵبژاردنی کۆنگرەکاندا جێگایان گۆڕدراوە، دوای شەهیدبوونی دوو سکرتێری ئەم حیزبە شەهیدان؛ دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی لە ئاستی کەسی یەکەمی حیزبیشدا چەند جارێک ئەم ئاڵوگۆڕە لە بەڕێوەبەریی حیزبدا ڕووی داوە کە هەر وەک ئاماژەی پێ کرا، ئەوە شانازییەکەی هەر بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە. تەنانەت لە سەر ئاستی کەسی یەکەمی حیزب کە سکرتێری حیزبە، ئەوە تەنیا حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە هەر ئێستا چەند کەس لە سکرتێرەکانی پێشووی لە پلەکانی دیکەی تەشکیلاتیدا لە ڕیزەکانی ئەم حیزبەدا تێکۆشانیان هەیە. بە دەیان کەس لە ئەندامانی دەفتەری سیاسی و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پێشوو هەن کە هەر هەموویان وەک کەسایەتیی بەرزی سیاسی لە ڕیزەکانی حیزب‌دا حزووریان هەیە و بەشێکن لە سەرمایەی ئەم حیزبە. *** گومانی تێدا نییە کە لە حیزبێکی وەک حیزبی دێموکراتدا، بەخۆداچوونەوە و نوێبوونەوە ناتوانێ تەنیا ببەسترێتەوە بە قەوارەیەکی ئۆڕگانیکی و نیزامی ڕێکخراوەیی ئەم حیزبە، چونکی لە کۆتاییدا ئەوە ئینسانەکانن کە قەوارەکان دادەڕێژن و بیچمی پێ‌دەبەخشن. کەوابوو جۆر و ماهییەتێک کە لە پشت ئەم پرسەوە هەیە و ئەقڵییەتێک کە بنیاتی ئەم ڕێبازە درووستە لە ڕێکخراوێکی سیاسی‌دا دادەنێ، بەشێکی هەرە ئەساسیی ئەم باسەیە. لێرەدایە کە ڕۆڵی ڕێبەری سیاسی و ڕێ‌پێشاندەر و پێشەوا دەردەکەوێ. بەخۆشییەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەم ڕووەوە خاوەنی پاشخان و سەرمایەیەکی گەورەی فکری و مەعریفییە کە لە ڕێبەرانییەوە بۆ ماوەتەوە کە بێگومان دوو ڕێبەری ناوداری کورد؛ پێشەوا قازی محەممەد و دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لەم پێوەندییەشدا ڕۆڵی بنەڕەتی و سەرەکییان گێڕاوە. بەڵام جیا لەوان، ناکرێ باس لەوانە نەکەین کە دوای ئەوان و دواتریش – بەتایبەت لە نەبوونی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی‌دا – هەرکام بە ڕادەی خۆیان لە پاراستنی ئەم خەسڵەتەدا ڕۆڵیان گێڕاوە. لە لایەکی دیکەوە، تێکڕای تێکۆشەرانی ئەم حیزبە کە بەپێی فەرهەنگێکی تایبەتی ڕێکخراوەیی – کە تێکەڵاوێکە لە “پڕەنسیپی دێموکراتیک” و “ئازادیی دەربڕینی بیروبۆچوون” – پەروەردە کراون، مەیل بە ڕەخنەگرتن و بەخۆداچوونەوە و هیواداربوون بە ئاڵۆگۆڕ و نوێبوونەوە، لە وجوودیان‌دا نەهادینە بووە. بۆیە بەخۆداچوونەوە و ڕێفۆرم لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا باوەڕێکی چەسپاوە و بۆتە بەشێک لە خەسڵەتی ڕێکخراوەیی ئەم حیزبە کە هەر وەک باس کرا بەرزترین ئۆرگانی حیزب (کۆنگرە) زامن و پشتیوانیەتی. *** حیزبی دێموکرات لە محەکی دواڕۆژی ئەرک و ڕەساڵەتی مێژوویی‌دا یەکێک لە دروشمە سەرنجڕاکێشەکانی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزب، کۆنگرەی ٧٠ ساڵ تێکۆشان -کە وەک لە ناوەکەی‌ڕا دیارە، لە حەفتاهەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانیدا بەڕیوەچوو- “حیزبی دوێنێ، حیزبی ئەمڕۆ و حیزبی سبەی” بوو. حیزبی دێموکرات وەک بەڕابردووترین حیزبی کوردستانی، ڕابردووەکەی دیارە و ئێستاشی مەعلوومە کە سەرەڕای زۆر کەمایەسی و گیروگرفت کە لە بواری جۆراوجۆردا هەیەتی، دیسان سەروگەردنی بەرزە باڵای لەنێو بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستاندا دیارە. کەوابوو ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە، نە گەڕانەوەیە بۆ قسەکردن لە “حیزبەکەی دوێنێ” و نە باسکردن لە “حیزبەکەی ئەمڕۆ”یە، بەڵکوو تێڕوانینێکە بۆ دواڕۆژی حیزبی دێموکرات، “حیزبەکەی سبەی”. با لە پرسیارێکی گشتی بەڵام جەوهەرییەوە دەست پێ بکەین: بۆ ئەوەی حیزبی دێموکرات لە دواڕۆژی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستاندا بتوانێ ئەرک و ڕەساڵەتی مێژوویی خۆی بەڕێوە بەرێ و ببێتە ئەو حیزبەی کە هێز و دەسەڵاتی ئەوەی هەبێ، بەرنامەکانی جێبەجێ بکا، پێویستە چی بکا و چۆن حیزبێک بێت؟! وەڵامدانەوە بەم پرسیارە بەبێ گەڕانەوە بۆ تێگەیشتنێکی دروست لە هەلومەرجی سیاسی، دۆخی دەروون تەشکیلاتی و هێزی ئەم حیزبە لە هەموو ڕووەکانی؛ گوتاری سیاسی (تێفکرین و شێوازەکانی خەبات و هەڵوێست)، پێگەی جەماوەری (پشتیوانیی خەڵک) و هێزی پێشمەرگە (هێزی ئینسانی بۆ زاڵکردنی گوشار)، سەخت و دژوارە. لە دۆخی ئێستادا بە گەڕانەوە بۆ هەموو ئەم پارامێترانە، دەرکێکی دروست و واقعی پێمان دەڵێ کە بەداخەوە مەترسییەکی جیددی هەڕەشە لە داهاتووی ئەم حیزبە دەکا. بە مانایەکی ڕوون و سادە؛ حیزبی دێموکرات بە هۆی لێکترازان و دوو بەشبوونی ئێستای، نە هەلومەرجە سیاسییەکەی زۆر بۆ دڵخوازە، نە لە ڕووی تەشکیلاتییەوە یەکیەتیی و یەکگرتوویی هەیە، نە پێگە یەکدەست و تۆکمە جەماوەرییەی جارانی لێ وێنا دەکرێ و نە دەتوانێ ئەو هێزە ئینسانییەی خۆی لە شێوازی سەختدا بۆ گوشار خستنەسەر دەسەڵات بەکار بێنێت. کەوابوو وڵامی درووستی ئەم پرسیارە لە پڕکردنەوەی بۆشایی و کەمایەسییەکی بنەڕەتیی حیزبی دێموکراتەوە دەست پێ دەکا کە ئەویش؛ “وەسەریەکخستنەوە یان یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی ئەم حیزب”ەیە کە ئێستا بە سەر دوو “تەشکیلات”ی جیاواز بە ناوی “حدک” و “حدکا”‌دا دابەش بووە. پرسی یەکگرتنەوە لە ‌دا پێش ئەوەی بە پڕۆسەیەکی تەشکیلاتی دابندرێ، پێویستە وەک پرسێکی سیاسی – کۆمەڵایەتیی دەروون تەشکیلاتی و لە خانەی بە ڕەسمییەت ناسینی تێفکرینە جیاوازەکان و بەکارهێنانی توانا و پتانسێلە جۆراوجۆرەکان لە بەستێن و بواری جیاجیادا سەیری بکرێ. بۆ ئەوەی یەکیەتیی و یەکگرتووییەکی پایەداری دەروون تەشکیلاتی لە حیزبی دێموکراتدا بنیات بنرێ، پێویستە لەم حیزبەدا جیاوازییەکان لە جەغزێکی بەربەرینی نەتەوەیی و نیشتمانیدا مودیرییەت بکرێن و چیدیکە وردە چەمکەکانی سەردەمی خێڵایەتی وەک ناوچەگەرایی و دەستەودەستەبازی و باندگەرایی، ئیدە و خولیای ڕقابەت و ڕکەبەرایەتیی تێکۆشەرانی حیزب – کە خەسڵەتی دنیای سیاسەتە – نەبەنەوە نێو “خولانەوەی نێو بازنە” بەرتەسک و پڕ لە خەسارەکەی میژوو. لەم پێوەندییەدا حیزب پێویستە بە پێداچوونەوە بە سیستمی بارهێنانی خۆی‌، تێکۆشەرانی لەسەر ئەساسی تێگەیشتن لە “بەرژەوەندیی گشتی” پەروەردە بکا. تەنیا تێگەیشتن لە بەرژەوەندیی گشتیی ڕێکخراوەییە کە دەتوانێ ڕۆحی یەکتر قبووڵکردن و لێبووردەیی لە حیزبدا پەرە پێ بدا. وێناکردنی ئەم جەغزە بەربەرینە لە تێکۆشان، جیاوازیی بیروبۆچوون و ڕکەبەرایەتیی دەروون تەشکیلاتی، ئاکامەکەی دەبێتە دوو شت کە تا ئێستا ئامیانی زۆرێک لە لێکترازانەکانی حیزب بوون؛ یەکەم ئەوەیکە بەرژەوەندییە تاکەکەسی و گرووپییەکان لە برەو دەکەون و دووهەم ئەوەیکە ڕکەبەرایەتییەکان نێوەرۆکێکی فکری – سیاسی بەخۆوە دەگرن کە بێگومان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیدا نەتەنیا مەترسیی لێکترازان و خەساریان لێ ناکرێ، بەڵکوو دەبێتە هۆی زێندوومانەوەی تەشکیلات و لە کۆتاییدا حیزب قازانجی لێ دەبینێ.   گۆڕانکاری لە تێڕوانین و گوتار و هەڵوێست گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە داهاتوودا ڕەوتێکی خێراتر بە خۆوە دەگرن. پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی کە هەر ئێستا خەریکە ڕوخسارێکی زۆر جیاوازتر لە جاران بە دنیا دەبەخشێ، لە هەموو بەستێنە سیاسی و ئابووری و ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتی و… هتد‌دا گۆڕانکاریی قوڵ پێک دێنێ. نیشتمان و نەتەوەی ئێمەش بێبەری لەم گۆڕانکاریانە نابن. بۆیە دەشێ زۆرێک لە ئەولەویەت و بەها و بایەخەکانیش گۆڕانیان بەسەردا بێ و نێوەڕۆک و مەسیری ویست و داخوازییەکانیش گۆڕانیان بەسەردا بێ. بۆیە حیزبێکی سیاسیی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەسەر پایە و بناغەی ویستی خەڵک دامەزراوە و لە پێناو ئەم ویستە‌دا ٧٥ ساڵە خەبات دەکا، پێویستە دەرکێکی درووستی لەم گۆڕانکاریانە هەبێ و بەبێ ئەوەی – وەک تا ئێستا نیشانی داوە – لە ڕابردووی خۆیدا چەق ببەستێ، بە ڕوانینێکی کراوەوە لە داهاتوو بڕوانێ. لە دواڕۆژی ئەو نیشتمان و میللەتەی کە حیزبی دێموکرات خەباتی بۆ دەکا، وێڕای ئەوەی هەستی و شعووری نەتەوەیی لە گەشە و پەرە ئەستاندنی زیاتر‌دا دەبێ، زۆرێک لە باوەڕ و بەها و ئەرزشە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت. کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی سەر ئەم گۆی زەوییە زیاتر لە هەمیشە بەدوای مەوقعیەتی ئینسانی و نەتەوەیی خۆیدا دەگەڕێ و چیدیکە ناتوانێ لە چوارچێوەی هۆوییەتێکی دیکەی جیا لە خۆی، عەودالی ویست و ئارەزووەکانی بێت. بۆیە بێ‌شک ئاستی چاوەڕوانی و داخوازییەکانی بەرەو سەر لە هەڵکشاندا دەبێ و بەدوای دەنگێکدا دەگەڕێ کە بتوانێ تینوێتیی خولیا و ئارەزووەکانی بشکێنێ. لێرەدایە کە چیدیکە بە تەنیایی مێژوو (ڕابردوو) ناتوانێ غروور و سەروەریی پێ ببەخشێ. لێرەدایە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک ڕەسالەتێکی مێژوویی کە هەڵی‌گرتوە، ئەگەر دەیهەوێ درێژە بەم ئەرکە مێژووییەی بدا، پێویستە شوناسێکی تۆختر بە گوتار و بیری نەتەوەیی خۆی ببەخشێ. زیندوو ڕاگرتنی بیری نەتەوەیی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستاندا کە بەشێک لە ئەرک و ڕەسالەتی ئەم حیزبە بووە، چیدیکە نابێ تەنیا لە چوارچێوەی بەستێنەکانی تێکۆشانی خۆیدا ڕوو بە کۆمەڵگە وێنا بکرێن، بەڵکوو “ئەم ڕۆح‌وەبەرنان”ە نەتەوەییە دەشێ بەتەواوی دەمارەکانی کۆمەڵگەدا ڕۆ بچێتە خوارێ. لەگەڵ ئەوەی چەند سالێکە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئاستی گوتاردا ئەمەی دەست پێ کردوە، بەڵام ئەم زەروورەتە پێویستی بە هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوە هەیە. حیزبی دێموکرات بۆ پاراستنی پێگەی جەماوەریی خۆی لە نێو کۆمەڵگەدا ئەگەر بە ڕوانینی تەشکیلاتییەوە لە سیاسەت و کۆمەڵگە و پێگەی خۆی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بڕوانێ -کە بەداخەوە لە ڕووی هەڵویستەوە نەیتوانیوە خۆی لەم تێڕوانینە دەرباز بکا- زۆر بەخێرایی ئیزۆلە و بێ‌شوێنەوار دەبێ. وەک لەمێژە لەم حیزبەدا وتراوە، مادام تەشکیلات ئامانج نییە، پێویستە حیزب پێگەی خۆی لەنێو خەڵک و کۆمەڵگەدا تەعریف بکا. بۆ ئەم مەبەستە ناکرێ بە مەیل و ئارەزووی تەشکیلاتی، قسە لە هەڵوێست و دواتر پشتیوانیی خەڵک بکرێ. بۆیە حیزبی دێموکرات کە قسە لە جەماوەری‌کردنی خەبات و وەگەڕخستنی چالاکیی نەتەوەیی لە هەموو توێیەکانی کۆمەڵگەدا دەکا، پێویستە خۆی لە داوی جۆرێک لە دەمارگرژیی سازماندراوی تەشکیلاتی ڕزگار بکا و جورئەت و جەسارەتێکی دیکە بە هەڵوێستەکانی ببەخشێت. بۆ ئەوەی حیزبی دێموکرات بتوانێ خۆی لەم دۆخە ڕزگار بکا پێویستە خۆی لە بارمتەی کۆمەڵێک تێبینیی ئەرزشی ڕزگار بکا و چیدیکە بایەخ و ئامانجە درێژخایەنەکان نەکاتە قوربانیی کۆمەڵێک ئامانجی چووکە و کورت‌خایەن. حیزبی دێموکرات بە کۆمەڵێک هۆکاری مێژوویی تا ئێستایشی لەگەڵ بێ لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بە بانتر لە حیزبێک سەیری دەکرێ. ئەم حیزبە بۆتە بەشێک لە باوەڕی سیاسیی خەڵکی کوردستان. بۆیە پرسەکانی پێوەندیدار بە حیزبی دێموکرات تەنیا ناکرێ وەک پرسەلێکی دەروون ڕێکخراوەیی سەیری بکرێ. ئاستی چاوەڕوانی و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان لەم حیزبە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن و دەری دەخەن کە تەنانەت کێشە دەروون تەشکیلاتییەکان و لێکترازانەکان و پرسی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب و زۆر پرس و بابەتی دیکەت تایبەت بەم حیزبە، ناکرێ تەنیا لە چوارچێوەی ویست و داخوازی تەشکیلاتیدا تاوتوێ بکرێن و بیندرێن و چارەسەر بکرێن. کەوابوو حیزبی دێموکرات میراتێکی نەتەوەیی بزووتنەوەی هاوچەرخی کوردە کە هەوڵدان بۆ پاراستن و بەهێزکردنی، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانیە. پاراستن و بەهێزبوونی حیزبی دێموکرات و بەردەوامبوونی لە بەجێگەیاندنی ئەرک و ڕەساڵەتە مێژووییەکانی خۆی لە داهاتوودا پیش هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە وەسەر یەکخستنەوەی تەواوی ئەم میراتە نەتەوەیی و نیشتمانییە کە هەمان پرسی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی ئەم حیزبەیە.