کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەلێنی نەتەوەیی، ناسیۆنالیسم و وەرچەرخانەکانی گوتاری سیاسی حیزبی دێموکرات (دەورەی پەھلەوی)

01:29 - 25 گەلاوێژ 2720

پێشەکی
بە ھۆی جیاوازیی جۆراوجۆری نەتەوەیی، ئایینی و کولتووری لە ئێراندا، کۆمەڵگەی ئێران دەستەویەخەی ھێندێک کەلێنە. پاش سەرھەڵدانی مودێرنیتە لە ئێران کەلێنی سونەت-مۆدێرنیتە یەک لەو کەلێنە گرینگ وکاریگەرانە بووە کە لە بەستێنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێراندا بوونی ھەبووە، ئەگەرچی لە ئێراندا ھێندێک کەلێنی دیکەی وەک کەلێنی چینایەتی، کەلێنی نەوەکانو جنسیتی بوونی ھەبووە بەڵام ھیچ کام لەوانە تا ھاتنە ئارای مۆدێرنیتە، نەبوونەتە ھۆی پێکھاتنی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، چون بە قەولی مارکس، کۆمەڵگە بە دەوری ئەم کەلێنانەوە بە ھۆی نەبوونی خۆئاگایی کۆ نەبوونەتەوە، تا ببنە ھۆی پێکھاتنی قەیرانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. کەواتە کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەک نەبووە کە کەلێنە کۆمەڵایەتیەکان ببنە ھۆکاری پرسی سیاسی. بەڵام وەک ڕیچارد کاتم دەڵێ ئێرانی چەند نەتەوەیی ئەو بەستێنەی بۆ ئامادەیە تا بە ھۆی ھەبوونی چەند پێکهاتەی جیاواز و جۆراوجۆری نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبیەوە کەلێنی لەم جۆرە ساز بێت و ئەم کەلێنانە قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بخوڵقێنن. ھاتنە سەر کاری حکوومەتی پەھلەوی و بڕیاری ڕەزا شا بۆ مۆدێڕن کردنی ئێران و پێکهاتنی گوتارێکی سیاسیی مۆدێرن خوازانە، کە ناسیۆنالیزمی کەوناراخواز لە دالە ھەرە گرینگەکانی ئەم گوتارە بوو، حەولی بۆ ھاوشێوە کردنی ئێران دەدا. ئەگەرچی لە کورت خایەندا بە کەلک وەرگرتن لە زەبر و زەنگ، ڕەزا شا توانی ڕواڵەتێکی ھاوشێوەی خولیاکانی خۆی لە ئێران ساز بکات، بەڵام لە درێژ ماوەدا و بە ھەڵوەشانەوەی دەسەڵاتە زۆرەملیەکەی و لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەند، ھێندێک داواکاری، گروپ، ڕێکخراوە و قەیران بە شێوەیەکی گشتی بە دەوری کەلێنی نەتەوەییەوە پێک ھاتن، بە جۆرێک کە گوتاری زاڵی ڕەزاشا ئەویتری سەرەکیان بوو. ئەم بابەتانە حیکایەتی لە قووڵ‌بوونەوەی کەلێنی نەتەوەیی دەکرد کە ڕەزاشا پێی‌وابوو بە سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوە سازیە زۆرەملیە ناسیۆنالیستییەکەی خۆی دەیسڕێتەوە. کۆماری کوردستان و ئازەربایجان بەرھەمی ئەم دۆخە بوون. دوای ھەرەسهێنانی ئەم کۆمارانە و زاڵبوونەوەی دەسەڵاتی ناوەند بە سەر ئەم ناوچانەدا، سیاسەتی ڕەزا شا لە سەر بنەمای ناسیۆنالیسمی قەومی کەوناراخواز بە توندوتیژییەکی زۆرەوە لە لایەن پادشای نوێوە پەیڕەو کرا. ئەم سیاسەتە؛ قووڵ‌بوونەوەی کەلێنی نەتەوەیی لێ کەوتەوە، جگە لە قۆناغێک، کە سیاسەتی ناسیۆنالیستیی قەومخوازانەی محەمەد ڕەزا جێی بۆ ناسیۆنالیزمی لیبراڵی محەمەدی موسەدیق بەجێ ھێشت کە بەشداری پێکهاتەکان لە قۆناغێکی تایبەتی لێ کەوتەوە. ھاوکات لەگەڵ گۆڕانی گوتاری سیاسی ناوەند، گۆڕانکاری لە گوتاری سیاسی کوردیشدا بە دی دەکرێ و بە نیسبەت ھەر گۆڕانێک لە ناوەند گۆڕانێک لە گوتاری سیاسی کورددا ڕوو دەدا. ئەم وتارە بە پشتبەستن بە تێئۆری لێکدانەوەی گوتاری لاکلاو مۆفە حەول دەدا گۆڕانکاریەکانی گوتاری سیاسی کورد لێک بداتەوە. لە ڕاستیدا ئەم وتارە دەیهەوێ کاریگەرییەکانی ناسیۆنالیزمی ناوەند لە سەر پێکهاتن و گۆڕانی، ناسیۆنالیزمی کورد و لە ئاکام دا گوتارە سیاسیەکەی لێک بداتەوە.   زەمینەکانی پێکهاتنی یەکەم گوتاری سیاسی کورد ڕووداوەکانی خەرمانانی ١٣٢٠ و ئازاد بوونی ھێزە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاکامی ھەرەسهێنانی دەسەڵاتی ناوەند دوای تەبعیدی ڕەزا شا، بووە ھۆی نیوە ئاشکرا بوونی کۆمەڵەی “ژ ک” کە لە ساڵی ١٣١٧ەوە تا ئەو کات بە شێوەیەکی نهێنی کاری دەکرد. کۆمەڵەیەک کە دواتر بووە بەردی بناغەی حیزبی دێموکرات کە لە سەر بنەمای خولیا و ئامانجەکانی “ژ ک” دامەزرا. لە ڕاستیدا ئەگەرچی بیرۆکەی ناسیۆنالیزم لە بزووتنەوەی سمکۆوە بە کاریگەریی ناسیۆنالیزمی باکووری کوردستان یەکەمین بناغەکانی داندرابوو، بەڵام ئەم شێوە ڕوانینە بە پێکهاتنی کۆمەڵەی “ژ ک” قەوراەیەکی نوێی بە خۆوە گرت. پێگەی کۆمەڵایەتی٢ی “ژ ک” چینی ناوینی شاریی کوردستان بوو، کە دواتر بوو بە پێگەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات (نادری، ١٣٩٤، ٤٠-٣٦)  دوای شۆڕشی سمایل ئاغای سمکۆ ئەم بزوتنەوەیە گرینگترین بزووتنەوەی سیاسیی کوردی ڕۆژھەڵات بوو کە بووە بەردی بناغەی یەکەمین حیزبی سیاسی کورد لەم بەشەی کوردستاندا. حیزبێک کە بۆ چەند دەیەیە ئەکتەری سەرەکیی سیاسەتی کوردستانە. حیزبێک کە لە دەورەی پەھلەویدا وەک گرینگترین نیشانەی کەلێنی نەتەوەیی باس دەکرێ و نوێنەرایەتیی گوتاری سیاسیی کوردی بە ئەستۆوە بووە، بە شێوەیەک کە گۆڕانکاری لە ڕوانگەی ئەم حیزبەدا گوتاری سیاسیی کوردیشی بە گشتی گۆڕیوە.   ١.گوتاری سیاسی شوناس خوازانەی حیزبی دێموکرات دوای تەبعیدی ڕەزا شا و شکستی حکومەتەکەی، بە ھۆی بەکارھێنانی سیاسەتەکانی بە مۆدێڕن کردنی ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی، بە کەلک وەرگرتن لەو پلانانەی کە پێکهێنەری گوتاری پەھلەویی یەکەم بوو، دۆخێک لە ئێران ھاتە ئاراوە کە ھاوکات لەگەڵ لاواز بوونی ناوەند، ھێندێک ھێزی سیاسیی نوێ لە ناوچە جیاوازیە نەتەوییەکاندا ھاتنە مەیدانەوە، کە کوردستان یەک لەو ناوچانە بوو. ئەگەرچی پێش ئەو قۆناغەش لە کوردستان بزووتنەوەی دیکە لە ئارادا بوون کە شۆڕشی سمکۆ گرینگترینی ئەم بزووتنەوانە بوون کە شکستی ھێنا. بەڵام ئەو قۆناغە نوێیە بە داگیرکردنی ئێران لە لایەن سۆڤیەت و بریتانیا و ساز بوونی  بۆشایی دەسەڵات ھاتە ئاراوە. ئەم بۆشاییە لە دەسەڵاتدا لە کاتێکدا ڕووی دا کە دوو دەیە بوو ڕەزاشا حەولی ساز کردنی دەوڵەت-نەتەوەی لە سەر بنەمای قەومی و ناسیۆنالیزمی کەوناراخوازدا  دەدا، بە بڕوای “ئیستین ڕۆکان” لە وەھا دۆخێکدا پێکهاتنی نیزامە سیاسیەکان ھاوکات دەبن لەگەڵ کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی و سیاسی، کە لەم نێوانەدا پێکهاتنی دەوڵەت-نەتەوە، کە یەک لە قۆناغە گرێنگەکانیەتی لەگەڵ کێشە و توند و تیژی زیاتر ڕووبەڕوو دەبێ  (Lipset and Rokkan, 1967, 42-4).  سەرەڕای ئەوە واتە جەخت کردن لە سەر ساز کردنی دەوڵەت-نەتەوە بەم شێوەیە، ساز بوونی ئەم بارودۆخە نوێیەش کە ئێرانی تێکەوتبوو، دەیتوانی بەستێنێکی گونجاو پێک بێنی، بۆ قووڵ بوونەوەی کەلێنی نەتەوەیی، کە “رووکان” جەخت لە سەر ئەم پێشهاتەیە لە قۆناغە ھەستیارە مێژوویەکاندا دەکا. کەواتە لەم کاتەدا بەپێی تێئۆریی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانی “ئیستین ڕووکان”، ھەل بۆ پێکهاتنی گوتارێکی سیاسی لە دەوری کەلێنی نەتەوەیی، فارس-کورد و جۆرێک ناسیۆنالیزمی قەومی کە لە دژایەتی لەگەڵ ناسیۆنالیسمی ئێرانی ڕەزاشادا بوو ڕەخسا. چون ھەم بارودۆخی مێژوویی بەھۆی بۆشایی دەسەڵات لەبار بوو ھەمیش ئەم گوتارە بە درێژی ساڵەکانی دەسەڵاتی ڕەزا شا خەریک بوو پێک دەھات. دەتوانین ئەم قۆناغە وەک سەرەتای شکڵ‌گرتنی گوتاری سیاسی کورد ناودێر بکەین. کە بۆ یەکەم جار بوو لە مێژووی سیاسیی کورددا بەم شێوەیە پێک دەھات، چون لەم قۆناغەدا ڕێبەریی سیاسی کورد لە ئەستۆی حیزبێکدا بوو کە پلان، ئەساسنامە و ڕێکاری بۆ بە بەڕێوە بردنی خولیا نەتەوەییەکانی گەلەکەی ھەبوو. حیزبێک کە لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤دا بە دەرکردنی بەیانییەیەک ئێعلام مەوجودیەتی کرد و بووە ڕێبەری سیاسیی کورد بە گوتارێکی سیاسی نەتەوەیی نوێوە. لە کاتێکدا کە بەشی ھەرە زۆری سیاسەتەکانی ڕەزاشا لە سەر بنەمای  ھاوشێوە کردنی کولتووری، ئیتنیکی و نەتەوەیی و سەپاندنی شێوە ڕوانینی خۆی و سەرکوتی ھێزە ناوەندنەخوازەکان بە پێداگری لەسەر گوتاری ناسیۆنالیزمی کەوناراخواز بۆ وەدی‌ھاتنی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی شکڵی گرتبوو، لە کوردستان حیزبی دێموکرات لە بەیانییەی ئێعلام مەوجودیەتی خۆیدا جەختی لە سەر مافی خودموختاری لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێران، پێکهاتنی ئەنجومەنە ئەیالەتیەکان لە سەر بنەمای یاسای بنەڕەتی و مافی خوێندن بە زمانی زگماکی (کوردی) دەکرد.(ایگلتۆن، ١٣٦١، ١٠٣). لە ڕاستیدا گوتاری سیاسیی کورد لە دژایەتی لەگەڵ گوتاری ناسیۆنالیستیی پەھلەوی، بە دوای شوناسێکی تایبەت، لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمێکی شوناسخوازانەدا بوو، کە ئەم شوناسە بە ھۆی ناسیۆنالیزمی ھاوشێوە سازی پەھلەوییەوە کەوتبووە بەر ھەڕەشەی لە نێوچوون. سیاسەتی «ئێرانیزاسیۆن»ی پەھلەویی یەکەم، کە پێش‌مەرجی، پێکهاتنی  دەوڵەت-نەتەوەیەکی مۆدێڕن بە ژمار دەھات، پشتی بە نزیک‌بوونەوەی ھەنگاو بە ھەنگاوی قەومی و نەتەوەیی و کەمایەتییە قەومی و ناوچەیی و مەزھەبیەکان نەبەستبوو. ئەم سیاسەتە لەسەر بنەمای سڕینەوەی قەومی و حاشا کردن لە جیاوازییەکان دامەزرابوو، ھەر بەم ھۆیەش کێشەی نێوان ئەم جیاوازییانە و دەوڵەتی ناوەندی لێ کەوتەوە.(آبراھامیان، ١٣٨٣، ٣٠١-٣٠٠) گوتاری سیاسیی کورد بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات، لە یەکەمین قۆناغی ژیانی سیاسی خۆیدا بە دەوری کەلێنی نەتەوەیی کە بە ھۆی ناسیۆنالیزمی کەوناراخوازی قەومی پەھلەوی یەکەمدا قوڵ ببۆوە، بە جومگە بەندی ھێندێک لە واتا و چەمکی گوتاریی، پێک ھات. ئەگەرچی لەم قۆناغەدا بۆ یەکەم جارە کە داواکاری «خودموختاری» لە سەر دەستی حیزبی دێموکرات دێتە نێو ئەدەبیاتی سیاسیی کوردەوە. بەڵام ئەم واتایە نەیدەتوانی لە دۆخێکدا کە شوناسە نەتەوەیی، زمانی و کولتوورییەکەی بە ھۆی پلانە ھاوشێوە‌سازییەکانی دەوڵەت-نەتەوە سازی پەھلەویەوە کەوتبووە بەر پەلامار، وەک دالی ناوەندی ئەم گوتارە بێتە ئەژمار. بەپێی سوخەنرانی و دیمانەکانی قازی محەممەد، سکرتێری حیزبی دێموکرات و سەرکۆماری دەوڵەتە ناوچەییە کوردییەکە و بەیانییە و ڕاگەیاندنەکانی حیزبی دێموکرات لەو سەردەمەدا، پێداگری لەسەر زمانی کوردی وەک خاڵێکی گرینگی پێک ھێنەری شوناسی نەتەوەیی دەردەکەوێ، کە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە دەتوانین سەرنج بدەینە ئەم بڕگانەی خوارەوە؛ – لە بڕگەی دووھەمی بڵاوکراوەی ئێعلام مەوجودیەتی حیزبی دێموکراتدا، ئاماژە بە «مافی خوێندن بە زمانی زگماکی» دەکرێ. – لە مەڕامنامەی حیزبی دێموکراتدا؛ جەخت لە سەر کوردی بوونی زمانی فەرمی دایرەکان و دەرکردنی بڵاڤۆکی «کوردستان» وەک ئۆرگانی ڕەسمیی حیزب و بڵاوکردنەوەی بابەت بە زمانی کوردی دەکرێ. – لە قەتعنامەی کۆتایی وتووێژەکانی حیزبی دێموکرات و فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجاندا؛ ئاماژە بە پەرەدان بە زمانەکانی کوردی و ئازەری لە ناوچە ژێر دەسەڵاتەکانی یەکتریدا دەکرێ. -لە ڕێکارنامەی حکوومەتی ناوچەیی کوردستاندا ئاماژە بە پێویستیی ھەڵگرتنی ناوە غەیرە کوردییەکان لەسەر قوتابخانە و دایرەکان و دانانی ناو و نازناوی کوردی کراوە. (خوشحالی، ١٣٨٠، ٥٤-٣١) لە کاتێکدا «شا دەیویست بە داسەپاندنی زمانی فارسی وەک زمانێکی تایبەت و زۆرەملی لە کاروباری حکومەتی و ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن و کتێبەکاندا، بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕێ بە پەرەسەندن و مانی زمانی کوردی بگرێ» (انتصار، ١٣٩٠، ٦١) بەڵام زمانی کوردی لەم قۆناغەدا وەک یەکێک لە گرینگترین واتاکانی گوتاری سیاسیی کورد، خۆ دەنوێنێ و چەشنی چەمکێکی پێک‌هێنەری شوناس دەبێتە بنەڕتیترین واتای ئەم گوتارە، بەو ھۆیەی کە پەراوێز خستنی زمانی شوناسێکی نەتەوەیی دەتوانێ ببێتە ھۆی سڕینەوەی ئەم شوناسە، پێداگری لە سەر زمان بە ھەمان شێوە دەتوانێ ببێتە ھۆکاری پێکهاتنی شوناس. لە ڕاستیدا «دەسەڵاتدار بە تێگەیشتن لەو ڕاستییە کە سەلماندنی شوناسی زمانی ئەویتری بە مانای دان پێداھێنان بە بوونی ئەم پێکهاتەیەیە، حەول بۆ تێکدانی ئەم شوناسە زمانیە دەکا… نەتەوەیەک کە زمان وەک تاکە چەمکی مانا بەخش و ڕاگوێزەری کولتوور لە دەست بدات، ناچارە بە قەبووڵ کردنی زمانی ئەویتری، فەرھەنگی ئەویتری و ھەر لەم ڕێگایەوە شوناس و دەسەڵاتی ئەویتر»(رضایی، ١٣٨٥، ١٦٥-١٦٤) ھەرەسهێنانی کولتووری و زمانی و لە ئاکام دا ھەرەس ھێنانی شوناسێکی ئیتنیکی و نەتەوەیی ژێر ستەم لە دەورانی ئێستیعماری و تەنانەت لە دەورەی پاش ئێستیعماریشدا بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆر لە نەتەوە ژێردەستەکان لە ڕێی ململانێی زمانییەوە بەرگرییان لە شوناس و کیانی سیاسیی خۆیان کردوە. « دژکردەوە بە نیسبەت ھەڕەشەی نەتەوە و ھێزی باڵا دەست چ لە چوارچێوەی زمان و کولتوور و چ لە قەوارەی کێشەی سەربازیدا، بەردەوام بەشێکی لە مێژووی وڵاتانی بە خۆوە گرتوە، کە لە ئاکامدا یا بەرھەم‌ھاتنی بیری نوێ و پێکهاتنی گوتارێکی نوێی لێ کەوتۆتەوە یا بۆتە ھۆی مانەوەی زمان، شوناس و نیشتمانی نەتەوەی ژێر دەست».(ھەمان، ١٦٩) کەواتە لەو سەردەمەدا کە زمانی کوردی وەک زمانی پێکهاتەکانی دیکەی ئێران بە ھۆی پلانی دەوڵەت-نەتەوە سازی ڕەزاشاوە کەوتبووە ژێر گوشارەوە، زمان وەک چەمکێکی پێکهێنەری شوناس، لەنێو گوتاری سیاسیی کورددا خۆ دەنوێنێ و وەک دالی ناوەندی «گوتاری سیاسیی شوناسخوازیی حیزبی دێموکرات» واتاکانی دیکە بە دەوری خۆیدا جومگەبەندی دەکا. بە شێوەیەک کە بە پێکهاتنی کۆماری کوردستان، لە ڕێی نیزامی پەروەردەییەوە، بە کەڵک وەرگرتن لە گۆڤار و بڵاوکراوە و کتێبی پۆل، کۆمار حەولی بۆ پەرەدان و بە فەرمی کردنی ئەو زمانەدا. بە شێوەیەک کە ئەم ژێرخانە دواتر بووە کۆڵەکەی زمانی کوردی لە ژێر دەسەڵاتدارێتی ھەر دوو حکومەتی پەھلەوی و کۆماری ئیسلامیدا. ھەڵبەت ناسیۆنالیزمی قەومیی کورد کە لە دژایەتی لە گەڵ ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا شکڵی گرتبوو ھێندێک واتای دیکەی لە خۆی کۆ کردبۆوە کە بۆ یەکەم جار بوو دەھاتنە نێو ئەدەبیاتی سیاسی کوردەوە، کە گرینگترینیان “خودموختاری” بوو کە وەک داواکارییەکی گرینگ و سەرەکیی گوتاری شوناسخوازیی حیزبی دێموکرات ھاتە بەر باس و داواکردن. ھەر وەک لە بلاوکراوەی ڕاگەیاندنی پێکهاتنی حیزبی دێموکرات، وتووێژ و قسەکانی سکرتێر و سەرکۆمار دەردەکەوێ، ئەم خودموختارییە لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا داوا کراوە و خودموختاری و ئەنجومەنە ئیالەتییەکان وەک چەمکێکی یاسایی لەگەڵ واتای ئازادی، چەمکە سەرەکییەکانی ئەم گوتارە پێک دەھێنن، ئەم واتایانە لە چوارچێوەیەکی گوتاریی شوناسخوازانەدا جومگە بەندی دەکرێن و واتاکانی دیکەی وەک سەربەخۆیی خوازی و تێک دانی دەسەڵات و شکاندنی قەوارەی نیشتمانی ئێرانی دەخەنە لاوە. نمووداری ژمارە یەک   ٢. گوتاری سیاسیی بەشداری‌خوازیی حیزبی دێموکرات دوای ھەرەس‌ھێنانی کۆماری کوردستان و لە سێدارەدانی قازی محەممەد و ھاوڕێکانی، کەش و ھەوای مەھاباد و کوردستانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار میلیتاریزە و پۆلیسی کرا و ئەندام و ھەوادارانی حیزبی دێموکرات کەوتنە ژێر چاوەدێری و ڕاوەدوونانەوە. شارێک کە بە قەولی جان فوران «بە شاری کراوەیی سیاسی لە بەرامبەر کۆنترۆلی توندی حکومەتی ناوی دەھات»(فوران، ١٣٨٥، ٤١٥) دیسان کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی. بە پێچەوانەی ناوەند کە دوای خەرمانانی  ١٣٢٠ تا کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ دۆخێکی ئازادیی بە خۆیە دەدی و ئازادی ڕا دەربڕین، ئازادی سیاسی و چالاکیی حیزبە سیاسیەکان دەبیندرا، لە کوردستانی پاش ڕووخانی کۆمار لە ساڵی ١٣٢٥دا کەش و ھەوایەکی پۆلیسی و ئەمنی حاکم بوو و ئەڕتەش ببووە حاکمی ڕەھای کوردستان، سیاسەتی حکومەت بە نیسبەت کوردستان و بە تایبەت ناوچەی مەھاباد، سیاسەتی داگیرکاریی نیزامی بوو، واتە ئەم ناوچەیە بەتەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی ئەرتەشدا بوو، لێپرسراو و مەئمورێک کە دەھاتە ئەم دەڤەرە لە پلەی ناوین بۆ خوارێدا بوو.(صادق وزیری، ١٣٨٦، ٨١). ھیچ چەشنە چالاکییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو ناوچەیەدا بە دی نەدەکرا، تەنانەت لە مەجلیسی شازدەی شوڕای میللیدا کە ساڵی ١٣٢٨ کراوە، مەھاباد؛ ناوەندی کۆماری کوردستان، ھیچ نوێنەرێکی نەبوو. بەڵام ئەگەرچی لە کوردستان دوای ڕووخانی کۆمار دۆخێکی پۆلیسی زاڵ بوو و بڵاو بوونەوەی چالاکانی سیاسی ببووە ھۆی ئەوەیکە کەش‌وھەوای گەرم و گوڕی ساڵەکانی ٢٤ و ٢٥ ببێتە دۆخێکی سارد و سڕ و ناھومێدی باڵی بە سەر وڵاتدا کێشابوو، بەڵام بە گشتگیر بوونی چالاکیی محەممەدی موسەدیق لە ناوەند و سەرجەم ئێران و جەخت کردن لە سەر لیبرالیزم وەک بنەمای ناسیۆنالیزمی ئێرانی، کەش‌وھەوای کوردستانیش وردە وردە بەرەو جموجۆڵی سیاسی دەرۆیشت. «دوای ڕەزاشا لە ناوەند، جموجۆڵی کۆمەڵگە بووە ھۆی ئەوەیکە دەرفەتێکی ھەستیار  وە دەست ڕێبەرایەتیی ناسیۆنالیزمی لیبرال بکەوێ» (کاتم، ١٣٨٣، ٣٣٠). ئەم جۆرە لە ناسیۆنالیزم بەشداریی مەدەنیی ھەموو پێکهاتەکانی ئێرانی لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی مەشروتەوە خستبووە نێو بەرنامەکانی خۆیەوە، حەولی دەدا لە ڕێی مەجلیسی شوڕای میللی و ھەڵبژاردنی ئازادانەی نوێنەرانی ئەم مەجلیسە، گۆڤار و ڕۆژنامەی ئازاد و پەرەدان بە نیزامی حیزبی بە چالاکی ھێندێک حیزبی وەک؛ حیزبی ئێران، حیزبی تودە، حیزبی زەحمەتکێشان، هێزی سێهەم، حیزبی پان ئێرانیست و جیبهەی میللی،  قەوارەی دەسەڵاتێکی سیاسی بەشداریخواز بە خۆیەوە بگرێ و ڕووکارێکی تایبەت بەم قۆناغەی مێژووی ئێران بدا. ئەم بارودۆخە توانیبووی کار بکاتە سەر کوردستانیش، ھەڵبەت بەو ھۆیەی کە موسەدیق وەک ڕێبەری بەربەرەکانێ لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئینگلیس دەناسرا و سیاسەتی کوردیش لەسەر ئەساسی دژایەتی لەگەڵ ئێمپریالیزم دامەزرابوو، جموجۆڵی لایەنگرانە لە موسەدیق لە کوردستان دەستی پێکرد.«ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئێمپڕیالیزمی ئینگلیس، بۆ وەدەست ھێنانی مافی گەلانی ئێران، بە شێوەیەک پەرەی سەندبوو و قووڵ ببۆوە کە دەنگدانەوەکەی گەیشتبوە کوردستانیش، ڕۆژنامە چەپیەکان، مەبەست بلاوکراوە ئاشکراکانە، دەگەیشتنە کوردستان و نەخشێکی بەرچاویان لە وریاکردنەوەی کورد و ئامادە کردنیان بۆ بەشداری لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا دەگێڕا»(صادق وزیری، ١٣٨٦، ٧٩). وێڕای ئەوەیکە موسەدیق دژی لایحەکەی ڕەزم آرا بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنەکانی ئیالەتی و ولایەتی بوو و نەیهێشت لە مەجلیسی شازدەدا پەسەند بکرێ، بەڵام کورد ھەرگیز دەستی لە پشتیوانیی موسەدیق لە ھیچ قۆناغێکدا ھەڵنەگرت، ھۆکارەکەشی ئەوە بوو کە؛ «دەوڵەتی موسەدیق نوختە گۆڕانێک بوو لە سیاسەتی ئێراندا. چونکە ئەو حکوومەتە لەگەڵ ھەموو حکومەتەکانی پێشوو جیاوازییەکی ئەساسی ھەبوو. حکوومەتێک بوو کە بە پشتیوانیی خەڵک و بۆ چاەەسەر کردنی مەسەلەیەکی زۆر گرینگ وەک میللی کردنی نەوت ھاتبووە سەر کار و سیاسەتێکی میللی بەڕێوە دەبرد.» (قاسملو، ١٣٨١، ١٦٧) و « جۆری ناسیۆنالیزم و ئامانج و ڕوانگە دێموکڕاتیک و لیبڕالیەکەی موسەدیق و شێوەی حکوومەت کردنەکەی بە سەر خەڵکدا کە لە ڕێی ھەڵبژاردنەوە بوو،  جموجۆڵ و حەزی خستبوە نێو ڕووناکبیرانی کوردەوە»(انتصار، ۱۳۹۰، ۵۸). گرینگترین نموونەکانی بەشداریی کورد لە پرۆسەی سیاسی ئێران و پشتیوانی لە موسەدیق لەو سەردەمدا؛ یەکەم؛ بەشداری لە ڕاپرسی بۆ پشتیوانی لە موسەدیق بوو بە جۆرێک کە «لە مەھاباد لە نێو پێنج ھەزار دەنگدا تەنیا دوو دەنگ بۆ لایەنگری سەڵتەنەت کەوتبووە سندووقەوە»(مک داوال، ١٣٨٠، ٤٢٨) لە بانەش تەنیا دوو دەنگی ھاوشێوە ھەبوو. دووھەم؛ بەشداری لە ھەڵبژاردنی مەجلیسی ھەڤدەیەمدا بوو، «ئەوە یەکەم ھەڵبژاردن دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان بوو، کە ھێندێک پاڵێوراو لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە بەشداری ئەم ھەڵبژاردنە بوون،  لە  سەرەتاکانی ١٩٥٢دا بەڕێوە چوو، کە نوێنەرانی ئەم حیزبە بۆ وە دەست‌ھێنانی  زۆرینەی دەنگەکان بە ئاسانی سەرکەوتن»(انتصار، همان، ۵۹). ناسیونالیزمی لیبرالیی محەممەدی موسەدیق کە بەشداریی کۆمەڵانی خەڵکی وەک بنەمای دەسەڵاتداری خۆی دیاری کردبوو، توانی حیزبی دێموکرات و کورد تووشی وەرسووڕانی گوتاریی بکات، گوتارێک کە لە ساڵەکانی دوای ڕووخانی کۆمار، بە ھۆی فەزای پۆلیسی کوردستان خەریک بوو بەرەو جۆرێک ناسیۆنالیزمی ڕادیکاڵ دەڕۆی. ئەگەرچی بە ھۆی چالاکی نهێنیی حیزبی دێموکرات وەک تاکە ھێزی سیاسی کوردستان و کەم بوونی بڵاو کراوە و سوخەنڕانیەوە کاری دەرکێشانی واتا گوتارییەکان کارێکی دژوارە، بەڵام بە ھۆی ئەوەیکە لە چوارچێوەی لێکدانەوەی گوتاری “لاکلاو و مۆفەدا” جگە لە کردەوە گوتارییە زمانییەکان، کردەوە گوتاریە غەیرە زمانیەکانیش دەتوانن ببنە ماکی گوتار و چەشنی زمانی کردەوە، دالە گوتارییەکانی لێ دەرکێشیـن. لەم قۆناغەدا سیاسەتی کوردی بە بەشداری لە پرۆسەی گشتی و کەڵانی ئێران وەک بەشداری لە ڕێپێوانەکان بە پشتیوانی لە موسەدیق، بەشداری لە ڕاپرسی و ھەڵبژاردنی مەجلیس، بە کاریگەری وەرگرتن لە گوتاری ناسیۆنالیستی سەربەخۆیی خوازی موسەدیق لە سەر بنەمای سیاسەتی «ھاوسەنگی نەرێنی» و حەول بۆ نەتەوەیی کردنی نەوت و ئازادی لە ڕێی پەرەدان بە بڵاوکراوە و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانەوە، جیاواز لە کەشی گوتاریی سەردەمی کۆماری کوردستان، شکڵ دەگرێ. پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە لە ساڵەکانی دەسەڵاتدارێتی موسەدیقدا زۆرترین ھاوکاری لە نێوان حیزبی دێموکرات و حیزبی تودە وەک یەکێک لە کاریگەرترین حیزبەکانی ئەو ساڵانەی ئێراندا دەبیندرێ. گوتاری سیاسیی کورد لەم قۆناغەدا “بەشداری” وەک دالی ناوەندی ئەم گوتارە هەڵ‌دەبژێرێ و واتاکانی وەک ئازادی حیزب و دەربڕین، وێڕای زمانی کوردی کە دالی ناوەندی دەوری پێشوو بوو، دەبنە دالی خزی ئەم سەردەمە و خودمختاری وەک گرینگترین داواکاری کورد لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی مەشروتەدا و چەشنی دالێکی دیکەی ئەم گوتارە لە چوارچێوەی “کەشی گوتاریی” بەشداری دا جومگەبەندی دەکرێن.   نمووداری ژمارە دوو   ٣.گوتاری سیاسی شوناس‌خوازانەی قەومیی حیزبی دێموکرات پاش کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ و ڕووخانی دەوڵەتی موسەدیق، ئەو ھیوایەی کە کورد بە سیاسەتە لیبرالی و بەشداری‌خوازانەکانی موسەدیقی بەستبوو لە نێو چوو. لە کوردستان بە شێوەیەکی توندتر ڕووبەڕووی لایەنگرانی موسەدیق بوونەوە و ھێندێک لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات کە لەو دەورەیەدا، بە شێوەیەکی نیوە ئاشکرا چالاکیان دەکرد، تووشی زیندان و ھەڵاتن ھاتن. «شا وێڕای بە دەسەڵات گەیشتنەوەی ھەموو نیشانەکانی بزووتنەوەی ڕزگاری‌خوازیی کوردی لە ژیانی سیاسی ئێران سڕییەوە»(مک داول، ١٣٨٠، ٣٢٨». ئەگەرچی داخرانی سیاسی لە ھەموو جێیەکی ئێراندا دەبیندرا بەڵام لە ناوچە نەتەوەییەکان بە تایبەت لە کوردستان، کە وەک پشتیوانی موسەدیق دەھاتنە ژمار، دۆخەکە جیاواز بوو.«حکومەت بۆ دڵنیا بوون لە سیاسەتەکانی ھاوشێوەسازی زمانی، کەسانی دەرەکی بۆ بەرپرسیارەتی ناوەندە پەروەردەییەکانی کوردستان دەنارد و بەو پێیە چالاکیی سیاسی و ئازادی لە کوردستان بەر تەسک بۆوە»(انتصار، ۱۳۹۰، ۶۱). گەڕانەوەی ئەم دۆخە لە ڕوانگەی کوردەوە داخرانی دەروازەکانی گۆڕان بوو، لەم قۆناغەدا حیزبی دێموکرات لە کۆنفرانسێکدا سیاسەتەکانی خۆی بەم شێوەیە دیاری کرد؛ ڕووخاندنی پاشایەتی، دامەزراندنی شوناسێکی کوردی لە قەوارەی دەوڵەتێکی کوردی ھەڵبژێردراوی خۆیدا و ڕزگار کردنی ھەموو کوردستان.(مک داول، ١٣٨٠، ٣٢٨). لە ڕاستیدا ئەم کۆنفرانسە کە بۆ تێکەڵ کردنەوەی دوو کومیتەی مەھاباد و سنە و دیاریکردنی سیاسەتەکانی نوێی حیزب پێک ھاتبوو، دەستپێکی گۆڕانێکی مەزن لە سیاسەتی بەشداری خوازانەوە بەرەو سیاسەتێکی دژە حکومەتی ڕادیکال بوو. حیزبی دێموکرات کە دوای کۆماری کوردستان گرینگترین و گەورەترین ئەزموونی بەشداریی خۆی لە پرۆسەی سیاسی ئێراندا ھەرچەند بە شێوەیەکی نیوە ئاشکرا  لە دەورەی موسەدیق دا، دیبوو، ئێستا بە نهێنی کردنەوەی چالاکییەکانی بە ھۆی داخرانی سەراسەری سیاسیی ئێران، بەرەو سیاسەتی ڕادیکاڵی ڕووخێنەرانە دەرۆیشت کە چارەی کێشەکانی خۆی لە بەشداری لە چوارچێوەی حکوومەتی سەقامگیردا نەدەدی بەڵکو تێکدانی ئەم قەوارەیەی بە ڕێگە چارەی گەیشتن بە داواکاریە نەتەوەیی و شوناس خوازانەکانی خۆی دەزانی. لە ڕاستیدا کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ و داخرانی دوبارەی کەش‌و‌ھەوای سیاسی ئێران بووە ھۆی قووڵ بوونەوەی کەلێنی نەتەوەیی و ڕادیکالیزە بوونی گوتاری سیاسی حیزبی دێموکرات کە بەستێنی بۆ خەباتی چەکداری ساڵەکانی ٤٨-٤٦خۆش کرد. «کومیتەی ئینقلابی»ی حیزبی دێموکرات بەرھەمی ئەو دۆخە و دژ کردەوەیەک بوو بە نیسبەت سیاسەتەکانی پەھلەویی دووھەم کە بە شێوەیەکی ئاشکرا شوناسی کوردی کە لە دەورەی کۆماردا پشوویەکی ھاتبۆوە بەر، خستبووە ژێر گوشارەوە. «کومیتەی ئینقلابی» حیزبی دێموکرات، شۆڕشی چەکداری کردبووە شێوازی خەباتی خۆی کە لە ماوەی دوو ساڵدا ھێندێک شەڕی چریکی لە سێ کوچکەی مەھاباد-بانە-سەردەشت، وەڕێ خست(کوچرا، ١٣٧٣، ٤٢٩) کە لە ئاکامدا ئەم بزووتنەوە چەکدارییە کە وەرسووڕانێک بوو لە گوتاری سیاسی کورددا،  سەرکوت کرا. لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغە دەست بردن بۆ چەک و شەڕی چریکیە کە بە پێچەوانەی دەورەکانی پێشوو ڕوودەدا، ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە تەنانەت لە سەردەمی کۆماردا کە ئەرتەش بەرەو مەهاباد بۆ خستنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی وەڕێ دەکەوێ، حیزبی دێموکرات دەست بۆ چەک نابا. دیارە وەک گوترا، توند بوونی زمانی ئەو حیزبە بە هۆی سیاسەتەکانی پەهلەویی دووهەم پاش کودەتای ٢٨ی گەلاوێژە، کە قووڵ بوونەوەی کەلێنی نەتەوەیی لێ دەکەوێتەوە و  لە ئاکامدا دەبینین  گوتاری سیاسی حیزبی دێموکرات گۆڕانی بە سەردا دێ. «ئەگەر نیزامی سیاسی دەسەڵاتدار سیاسەتێکی گونجاو پەیڕەو نەکا، کەلێنی شوناسی قەومی دەتوانێ بەستێنێکی باش بۆ جموجۆڵی توندوتیژخوازانە ساز بکا و لە وەها دۆخێکدا داواکارییە شوناسخوازانەکان بە ئاسانی دەتوانن بەرەو ئەم شێوە جموجۆڵانە بڕۆن».(ایوبی، ١٣٨٧، ٧٥) لەم قۆناغەشدا وەڵام نەدانەوەی حکوومەت، داخرانی زیاتری کەش‌وهەوای سیاسیی کوردستان و نەبوونی دەرفەت بۆ گەیاندنی داواکاریەکان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێ کردنیان، بووە هۆی قووڵ بوونەوەی کەلێنی نەتەوەیی، وەک یەکێک لە گرینگترین کەلێنەکانی شوناسی و شکڵ گرتنی خەباتی سیاسی لە چوارچیوەی “کومیتەی ئینقلابی” حیزبی دێموکرات و ڕادیکاڵ بوونی گوتاری سیاسیی کورد، کە دژکردەوەیەک بوو بە دۆخی زاڵ بە سەر کوردستاندا. لە تایبەتمەندیەکانی گوتاری سیاسیی کورد لەم قۆناغەدا؛ پێکهاتنی پەلە چریکیەکان و هێندێک شەڕی ناو بە ناو  لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان‌دایە، کە وەک “کردەوەیەکی گوتاریی نا زمانی” (عمل گفتمانی غیر زبانی) لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکڕات کە لە کۆنفڕانسی دووهەمی ئەم حیزبەدا؛ ڕووخانی پاشایەتی، دامەزراندنی شوناسێکی کوردی و ئازاد کردنی هەموو کوردستان، ناوی دێت، پێویستە لێکدانەوەی لە سەر بکرێ. هەڵبەت ئەم سیاسەتانە هێندێک بابەت و پرسن کە لە سەردەمی کۆماریشدا نە بە شێوەی تێئۆری و نە بە شێوەی کردەوەیی نەهاتە بەر باس و  پلانی حیزبی دێموکڕات و کۆماری کوردستان نەبوون. لەم سەردەمەشدا وەک سەردەمی کۆمار کە یەکەمین قۆناغی پێکهاتنی گوتاری سیاسی کورد بوو، جەخت لە سەر چەمکی شوناس دەکرێ، بەڵام وەک ئەو سەردەم زمانی کوردی چەشنی چەمکێکی شوناسی، زەق نابێتەوە، بەڵکو بابەتی ئیتنیک سەرەکیترین چەمکی ئەم گوتارەیە. چەمکێک کە پتر لە هەر واتا و دالێکی دیکە توانایی ساز کردنی خەباتی چەکداری هەیە و ئەگەر هەلی بۆ بڕەخسێ دەتوانێ کۆمەلانی خەڵک بێنێتە مەیدان، کە باشترین دۆخ بۆ ئەم بابەتە؛ بۆشایی دەسەڵات و لاوازیی ناوەندە، کە لەو سەردەمدا ئەم هەلە بۆ کومیتەی ئینقلابیی حیزبی دێموکڕات نەڕەخسا، چون محەمەد ڕەزا شا، پاش کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ، بناغەی دەسەڵاتێکی بەهێزی داڕشتبوو و هەر لە دوای هەرەس‌هێنانی کۆمارەوە سەرنجێکی زۆری ئەمنی دابووە کوردستان و ئیزنی هیچ جۆرە ڕێکخستنێکی لەم ناوچەیەدا نەدەدا. کەواتە گوتاری سیاسیی کورد لەم قۆناغەدا، شەڕی چریکی دەبێتە دالە ناوەندییەکەی و هێندێک چەمکی وەک ڕووخاندنی پاشایەتی و ئازادی هەموو کوردستان وەک دوو دالی نوێی گوتاریی و زمانی کوردی وەک گرینگترین چەمکی شوناسی، وێڕای هێندیک دالی دیکە کە لە گوتارەکانی پێشووشدا بوونیان هەبووە، لە چوارچێوەی گوتارێکی نەتەوە ویستی شوناسخوازانەدا جومگەبەندی دەکرێن و دەبنە پێکهێنەری ئەم گوتارە. دالی بەشداری وەک دالی ناوەندی قۆناغی پێشووی گوتاری سیاسی حیزبی دێموکرات دەخرێترە لاوە و ئەم واتا ڕادیکاڵە واتە شەڕی چریکی دەخرێتە جێی.   نمووداری ژمارە سێهەم   ٤.گوتاری سیاسیی شوناس‌خوازانەی بەشداری‌ویستی حیزبی دێموکڕات ئەگەرچی لە قۆناغە جیاوازەکاندا، گوتاری سیاسی حیزبی دێموکرات لە ژێر کاریگەری ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە بە مانای شیفتێکی ئەرێنی و کاریگەر نەبووە، بەڵکو بە ھۆی ئەوەیکە ئەم وەرچەرخانانە دژ کردەوەیەک بووە بەرامبەر  بارودۆخی زاڵ بە سەر ئێران و کوردستاندا، کەواتە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان لە چوارچێوەی ئەم گۆڕانکارییە گوتارییەدا هێندێک جار سەرکەوتوو نەبووە. گوشارەکان و دژوار کردنی دۆخی چالاکی سیاسی لە قۆناغێکدا و کرانەوەی ڕێژەیی کەش‌وھەوای سیاسی لە سەردەمێکی دیکەدا کە سەرچاوەی لە جۆری ناسیۆنالیزمی ناوەند دایە، بۆتە ھۆی گۆڕانکاری لە گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات لەو ساڵانەدا. دوای شکستی کومیتەی ئینقلابی حیزبی دێموکرات لە شەڕی چریکی دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی پەھلەوی کە ئەم کومیتەیە ڕووخاندنەکەی کردبووە ئامانجی سەرەکی خۆی، حیزبی دێموکرات وێڕای وەرچەرخانێکی گوتاریی، حەولی ڕێک خستنەوەی خۆی دەدا و ھێندێک پلانی دێموکراتیک کە پەسندی حیزبی سەردەمی کۆماری کوردستان بوو دەخاتەوە نێو گوتارە سیاسییەکەیەوە، لە ڕاستیدا شکستی بزووتنەوەی چریکی و پێشوازی نەکردنی جەماوەر  لەم جۆرەی خەبات لەو قۆناغەدا – بە پێچەوانەی قۆناغەکانی دواتر واتە لە ساڵەکانی یەکەمی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیدا خەباتی چەکداری پێشوازیەکی مەزنی جەماوەری لێ دەکرێ – ھۆکاری سەرەکیی ھەڵبژاردنی دروشم وشێوازێکی نوێ لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە بوو. «کەواتە لە ساڵی ١٣٥٠ەوە، دروشمی دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان وەرگیرا، ھەڵبژاردنی وەھا دروشمێک حەول بوو بۆ قەوارە بەخشین بە داواکارییەکانی کورد لە چوارچێوەیەکی گونجاودا بۆ ئێرانییەکان وکۆمەڵگەی نێونەتەوەیی»(رومانو، ١٣٨٨، ١١٠) ئەگەرچی خەبات دژ بە حکوومەتی پەھلەوی وەک گوتاری دژبەری گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات، قەوارەبەندی گوتاریی ئەم گوتارە پێک دێنێ، بەڵام ھەرگیز وەک قۆناغی پێشوو شەڕی چریکی بەشێک لە ڕەفتاری سیاسی ئەم حیزبەی پێک نەدەھێنا، لە ڕاستیدا لەم قۆناغەدا گوتاری سیاسی حیزب فۆرمێکی واقع‌بینانە و نێوانگیرتر بە خۆیەوە دەگرێ و خۆی لەچوارچێوەیەکدا جومگەبەندی دەکا کە ھەم کەشی دژایەتی ڕابگرێ و ھەم سەرنجێکی تایبەت دەداتە ئیمکانی وەرگرتنی کۆمەڵایەتی و ڕێک خستنیان لەم چوارچێوە گوتارییەدا. بە شێوەیەک کە ئەم گوتارە بە ڕاکێشانی سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە جەماوەر، بەرەوپیری شۆڕشی گەلانی ئێران لە ٥٧دا دەڕوا و بە ورووژاندنی بابەتی سەرنج‌ڕاکێشتر لە سەر بنەمای داواکارییەکانی کۆمەڵگەی کوردی، بەشێکی زۆری خەڵک لەگەڵ خۆی ھاوڕێ دەکا، بە چەشنێک کە پاش سەرکەوتنی شۆڕش، دەبێتە گەورەترین حیزبی سیاسی کوردستان و تەنانەت ناوچە نەتەوەییەکانی ئێران، بە پێگەیەکی مەزنی کۆمەڵایەتیەوە. لە دۆخێک دا کە کوردستان دەستەو یەخەی گەشەی ناھاوسەنگی پلانە گەشە تەوەرکانی محەمەد ڕەزا شا بوو، بەشێکی زۆر لەو لاوانەی کورد کە وێڵی کار بوون ڕوویان کردە ناوەند، ئەم کۆچە بە پێچەوانەی ناوچەکانی ناوەندی ئێران کە بووە ھۆی تێک چوونی شوناسی ناوچەییان، بە قازانجی شوناسی نەتەوەیی(سەراسەری)، لە کوردستان بووە ھۆی بە ھێز بوونی  شوناسی ئیتنیکی و تێگەیشتنێکی بە نیسبەت دوا کەوتوویی کوردستان لە  بەرامبەر ناوەند دا ساز کرد»(داول، ١٣٨١، ٤٣٩)، حیزبی دێموکرات لەو ساڵانەدا ببوە سێحەبی ڕێبەرایەتیەکی جیاواز کە وێڕای ئەوەیکە دەرکێکی دوروستی لە دۆخی سیاسی ئێران ھەبوو، گەرانەوەی بۆ دروشمە سەرەکییەکانی کۆماری کوردستان کە خودموختاری بۆ کوردستان و دێموکراسی بۆ ئێران بوو کردبووە نەخشە ڕێگای خۆی، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە ئەزموونی ساڵەکانی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی ئێران لە دەورەی مەسەدیقدا، ھاوکاری لە گەڵ حیزبی تودە و شەڕی چریکیشی ھەبوو. کەواتە دەبوو گوتارێکی سیاسی نوێنەرایەتی بکا کە لە لایەکەوە ئیمکانی باس کردن لە چوارچێوەی ئێرانیدا ھەبێت، لە لایەکی دیکەوە  ئیمکانی ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵانی کوردستانی ھەبێ و هەروەها ئیمکانی ئەوەشی هەبێ کە شوناسی کوردی کە بە ھۆی گەشەی ناھاوسەنگ پڕ ڕەنگتر ببوو وەک چەمکێکی گرینگی ئەم گوتارە جومگەبەندی بکا. ئەوە لە کاتێک دابوو کەحیزبی دێموکرات وەک تاکە ھێزی سیاسیی کورد، دوای کۆنگرەی سێهەمی خۆی ئەو دروشمانەی بۆخۆی ھەڵبژارد کە بەستێنەکانی گەیشتن بە دۆخی شۆڕشگێڕانەی خۆش دەکرد و پتر لە ھەر قۆناغێکی دیکە چارەنووسی خۆی بە چارەنووسی گشتیی کۆمەڵانی ئێرانەوە گرێ دابۆوە. کەواتە لەو سەردەمەدا، گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات پێویست بوو ھەم جەخت بکاتە سەر ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و گوتارە شوناسخوازانەکەی، ھەم ئەوەیکە وەک سەردەمی موسەدیق بیر لە ھاوڕێیەتی لەگەڵ بزووتنەوەی سەراسەری ئێران بکاتەوە. جەختکردنەوەی دووبارە لە سەر دروشمی خودموختاری بۆ کوردستان و دێموکراسی بۆ ئێران، زیاد کردنی وشەی «ئێران» بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان و گەرانەوەی ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزب لە عێراق و ئورووپاوە بۆ ئێران و بڵاوبوونەەوەیان بە شارەکانی کوردستان و تاران دا(حەسەن‌زادە، ١٣٨١، ٢٥٤ و ٢٧٨)، بەشێک لەو کردەوە گوتاریانە بوون کە ھەوێنی گوتاری سیاسیی کوردیان لەو سەردەمەدا پێک دەھێنا. ئەگەرچی دروشمی ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی لە نیو ئەم گوتارەدا بوونی هەبوو بەڵام تەنانەت لە مانگەکانی کۆتایی تەمەنی ئەم حکوومەتەشدا شەڕی سەربازی و چریکی وەک قۆناغی پێشوو پێڕەو نەکرا. ھەروەک گوترا، بەھێز بوونی شوناسی کوردی بە ھۆی گەشەی خۆئاگایی گشتی کوردەوە کە بەرھەمی گۆڕانی کۆمەڵگەی ئێران و گەشەی شارنشینی و پێشکەوتی ڕێژەیی ئابووری و گەشەی ناھاوسەنگی کوردستان بە نیسبەت ناوەند و ناوچە ناوەندیەکانی ئێران بوو، داواکاری پێشکەوتن و گۆڕانی بارودۆخی ئابووری خەڵکی بۆ یەکەم جارکەوتە پلان و ئەدەبیاتی سیاسی کوردەوە. گەشەی شوناسی کوردی لە پێوەندی لەگەڵ چەمکی ئیتنیکدا نەبوو، بەڵکوو جۆرێک ھەست بە ھەڵاواردن بە نیسبەت ناوچەکانی دیکەی ئێران بوو، «ئەم خۆئاگاییە نوێیەی کورد، بە ھۆی سەرنجدان بە دواکەوتوویی کوردستان پەرەی ئەستاند»(مک داول، ١٣٨٠، ٤٣٩) بەو ھۆکارانە؛ گوتاری سیاسی حیزبی دێموکرات، لە چوارچێوەی ئەم دروشم و کردەوە گوتاریانە وھەستی ھەڵاوردنە دا پێک ھات. کەواتە شوناسی غەیری ئیتنیکی، ئەم چەمکە گوتاریەیە کە لەم قۆناغەدا وەک واتایەکی پادرادۆکسیکاڵ دەبێتە دالی ناوەندی کە لەئاکامی ھاوڕێیەتی لەگەڵ واتاگەلێکی وەک دێموکراسی بۆ ئێران، زیاد بوونی ناوی ئێران بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە کۆتاییدا بەشداری لە خەباتی سەراسەری دژ بە حکوومەتی پەھلەویدا مانا پەیدا دەکا و ئەو چەمکانە بە دەوری خۆیەوە جومگەبەندی دەکات.   نمووداری ژمارە چوارەم     ئاکام گۆڕانی ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە قاجارەوە بۆ پەھلەوی بەو ھۆیەی کە گۆڕانکارییەکی مەزن لە شێوەی دەسەڵاتدارێتیدا بوو، بووە ھۆی گۆڕانی بنەڕەتی بەستێنی کۆمەڵایەتی ئێران. ئەم گۆڕانکارییانە بە شێوەیەک ڕوویان دا، کە بووە ھۆی ڕوودانی ھێندێک گۆڕانی گەورە لە کوردستانیشدا. ناسیۆنالیزمی کەوناراخوازی قەومیی پەھلەوی کە ئەویتری خۆی لە جۆراوجۆری ئێراندا دەدی، باشترین ڕێگای گەیشتن بەئامانجەکانی خۆی بە سڕینەوەی ئەم جیاوازیە ئیتنیکی و نەتەوەییانە دەزانی. لە ڕاستیدا دەوڵەت-نەتەوە سازییەکەی ڕەزاشا لەسەر بنەمای ئاسیمیلاسیۆن و سڕینەوەی جیاوازییە ئیتنیکی و کولتووریەکان نە تەنیا نەیتوانی لە خزمەت ناسیۆنالیزمی دەوڵەوت‌سازدا بێ بەڵکو بووە ھۆی قووڵ‌بوونەووی کەلێنی نەتەوەیی وەک یەکێک لە کەلێنە شوناسیەکانی کۆمەڵایەتی. قووڵ‌بوونەوەی ئەم کەلێنە و پێکهاتنی حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی کوردی ناسیۆنالیست لە دەوری کەلێنی قەومی-نەتەوەیی، نیشانەی ناسەرکەوتو بوونی ئەم پرۆژەیە بوو. کە بە ساز بوونی ھەلومەرجی تایبەتیی دوای خەرمانانی ١٣٢٠ و ساز بوونی بۆشایی دەسەڵات، کوردستان ئەو ھەلەی بۆ ڕەخسا دژکردەوە نیشان بدا و بە دامەزرانی حیزبی دێموکرات و پاشان کۆماری کوردستان بناغەی یەکەم گوتاری سیاسیی کورد دژ بە گوتاری ناسیۆنالیستی کەونارا خوازی ڕەزاشا بە پێشەنگێتی دێموکرات داندرا.  کەواتە لە دەورەی پەھلەوییەکاندا و وەک دژکردەوە بە نیسبەت ناسیۆنالیزمێک کە سەرچاوەی شێوە ڕوانینیان بۆ جیاوازییەکانی ئێران بوو، کەلێنی قەومی یا نەتەوەیی بەردەوام زیندوو بووە و لە بەستێنی سیاسیی ئێراندا بۆتە ھۆی پێکهاتنی قەیران و کێشە، کە دامەزرانی حیزبی دێموکرات و درێژە بە چالاکی و گۆرانی گوتارەکەی بەرھەمی ئەم بارودۆخەیە. وەک باس کرا لە سەرەتای دامەزرانی حیزبی دێموکراتەوە تا شۆڕشی گەلانی ئێران لە ٥٧دا، گوتاری سیاسیی کورد چوار قۆناغی بە خۆیەوە دیتووە کە بە کاریگەری لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شێوە ڕوانینی دەسەڵاتدارانی ئێران گۆڕانی بە سەردا ھاتوە. دیارە لە سەرجەمی ئەم قۆناغانەدا، ناسیۆنالیزم وەک ڕۆحی گوتاری سیاسی، ھەڵبەت لە دژ کردەوە بە نیسبەت جۆری ناسیۆنالیزمی ناوەنددا بوونی ھەیە و لە ھەرسەردەمێک دا تایبەت مەندی  خۆی دەبەخشێ بە گوتاری سیاسی حیزبی دێموکرات. دیارە گوتارەکان بە نیسبەت بارودۆخ و ھەلومەرج وپێداویستی کۆمەڵگە دێنە مەیدانەوە و گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکراتیش بەپێی زەرورەتە مێژووییەکەی و لە دژایەتی لەگەڵ گوتاری سیاسی ناوەنددا ھاتۆتە ساحەی سیاسییەوە و لە دژایەتی لەگەڵ واتا و دالەکانی ئەم گوتارە دژبەرە، گۆرانی بەسەردا ھاتوە یا شکڵی گرتوە. لە ڕاستیدا گوتاری سیاسی حیزبی دێموکرات و لە ئاکامدا گوتاری سیاسی کورد گوتارێکی دژکردەوەییە و لە وەڵامی گوتاری ناوەنددا خۆی ڕێک خستوە و بە گۆڕانی ئەو گوتارە گۆرانی پێدا ھاتوە. جگە لە قۆناغی چوارەم، واتە قۆناغی کۆتایی کە گوتاری سیاسیی دێموکرات هاوڕێ لەگەڵ سەراسەری ئێران بەرەو پیری شۆڕشێک دەچن کە ئاکامەکەی ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتییە، لەم قۆناغەدا وێڕای ئەوەیکە لە ناوەند و بە تایبەت لە مانگەکانی ئاخردا چاکسازی بەڕێوەیە و چاوەڕوان دەکرێ کە حیزبی دێموکرات بۆ وەڵامی ئەم چاکسازیە گوتارێکی نەرم بە کار بێنێ، بەڵام ئەو شتە ڕوو نادا و بڕیاری ڕووخانی پاشایەتی ھەر لە ئارادایە و حیزبی دێموکرات بە شێوەیەکی کردەوەیی گوتارەکەی خۆی بە سەر کۆمەڵگەی کوردیدا زاڵ دەکا، بە چەشنێک کە پاش ڕووخانی ئەم حکوومەتەش ئەم گوتارە وێڕای ئەوەیکە حیزب و لایەنی دیکەش دێنە مەیدانی سیاسەتی کوردیەوە، بەڵام ھەر زاڵ دەمێنێتەوە و ئەو لایەنە نوێیانە نەخشی وردە گوتاری سیاسیی کورد لە دەورانی کۆماری ئێسلامیدا دەگێڕن، کە تا ئێستاش ئەم دۆخە وەک خۆی ماوەتەوە. ***     سەرچاوەکان    کوردی قاسملوو، عەبدولڕەحمان و عەبدوڵا حەسەنزادە. (١٣٨١)، کورتە مێژووی حیزبی دێموکراتی ئێران.  فارسی آبراهامیان، یرواند. (1383). ایران بین دو انقلاب. ترجمەی احمد گل محمدی و محمد ابراهیم فتاحی. چاپ دهم. تهران: نشر نی. -احمدی، قاسم. (1387) جامعه شناسی تاریخی حزب دموکرات کردستان ایران. تهران: فصلنامەی ڕوژڤف شمارە 8و9و10. -انتصار، نادر. (1390). سیاست کردها در خاورمیانه. ترجمۀ عرفان قانعی فرد. تهران: نشر علم. -ایگلتون، ویلیام. (1361). جمهوری 1946 کردستان. ترجمەی محمد صمدی. مهاباد: انتشارات سیدیان. – ایوبی، حجت الله. (1387). شکاف های قومی و خشونت در پیکارهای سیاسی. تهران: فصلنامەی مطالعات ڕاهبردی. دورۀ اول، شمارۀ 23 -رضایی، یونس.(1385). زبان عرصەی هویت زایی و هویت زدایی. مریوان: فصلنامەی زریبار. سال دهم، شمارۀ 60. -رومانو، دیوید.(1388). چالش های هویت جویی کردی و حکومت های ایران(از قاجاریه تا خاتمی)، ترجمەی منصور ساعی. تهران: فصلنامۀ ڕوژف، شمارۀ 11 و 12و 13. -کوچرا، کریس،(1373). جنبش ملی کرد. ترجمەی ابراهیم یونسی. تهران: انتشارات نگاه. -فوران، جان. مقاومت شکننده. (1385). ترجمه احمد تدین. تهران: مؤسسەی خدمات فرهنگی ڕسا. -فرقانی، محمد مهدی. (1381) تحول گفتمان توسعۀ سیاسی در ایران از مشروطه تا خاتمی. تهران: فصلنامەی علوم اجتماعی، شمارۀ 17. -مک داول، دیوید. (1380). تاریخ معاصر کرد، ترجمەی ابراهیم یونسی. تهران: انتشارات پانیذ. – نادری، محمود.(1394). حزب دموکرات کردستان ایران. تهران: مؤسسەی مطالعات و پژوهشهای سیاسی   ئینگلیزی   -Lipset, S. M., & Stien, R. (1967). Party Systems and Voter Allignment. New York, US: Free Press.  Cleavage or gap  Class gap  Generation gap  Gender gap  Social gaps  Richard Cottam, Nationalism in Iran, ناسیونالیسم باستانگرای قومی  Discourse analysis  Ernesto Laclau(1935-2014) & Chantal Mouffe(1943)  Stein Rokkan (1921-1979)      ئیستین ڕووکان پێی وایە کە کەلێنی نەتەوەیی یا قەومی یەک لەو کەلێنانەیە کە ئەو تواناییەی هەیە کێشەی سیاسی لە سەر ساز بێت و ئەم کەلێنە ڕاست لە کاتە هەستیارە مێژوویەکاندا ئەم کێشەیە دەخوڵقێنێ، سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەت-نەتەوە سازیش دەتوانێ بەستێنێکی گونجاو بۆ قووڵ بوونەوەی ئەم کەلێنە پێک بێنێ، بە تایبەت کە ئەگەر ئەم پرۆژەیە لە سەر بنەمای هاوڵاتی مەدەنی دا نەکرێ کە لە سەردەمی پەهلەوی و دواتریش دەوڵەت نەتەوەسازی لە سەر ئەساسی نەتەوەی باڵادەست و بێ لە بەر چاو گرتنی مافی هاووڵاتی، پێکهاتەکانی دیکە حەولی بۆ دراوە.  لە یاسای بنەڕەتی مەشرووتەی ئێران لە ئەسڵەکانی ٩٣-٩١ دا  ئەم ئەسڵە بە فەرمی ناسراوە  مفصل بندی  دال مرکزی  دیگری  حاشیە ڕانی  ناسیونالیسم لیبرالی یا مدنی  لە هاوینی ساڵی ١٣٢٩دا تیمسار ڕەزم ئارا لایحەی ساز بوونی ئەنجومەنە ئیالەتیەکانی بردە مەجلیس کە موسەدیق یەک لە موخالفانی ئەم لایحەیە بوو کە پەسەند نەکرا.  یەک لەو کەسانەی کە پاڵێوراوی حیزب بوو، سارمەدینی سادق وەزیری بۆ مەهاباد بوو، کە وێڕای ئەوەیکە دەنگی زۆربەی خەڵکی مەهابادی هێناوە حکوومەتی نیزامی مەهاباد ئیزنی نەدا بچێتە مەجلیس و کەسێکی دیکەیان دەست نیشان کرد.  اعمال گفتمانی زبانی  اعمال گفتمانی غیر زبانی  موازنه منفی: بنەمای سیاسەتی دەرەکی محەمەدی موسەدیق بوو کە دواتر بوو بە ماکی “جنبش عدم تعهد” کە پێک هاتبوو لەو وڵاتانەی کە سەر بە هیچ باڵیكی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە نەبوون.  مشارکت  دال شناور  فضای گفتمانی