کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات لە چاوی منەوە

01:41 - 25 گەلاوێژ 2720

هەرچەند لە دنیادا زۆرم ڕق لە وشەی “من من”ە و خۆهەڵکێشانم هەر لە زاتدا نییە، بەڵام لەم تەنەمدا وەک شاعیرێکی ٦٤ ساڵەی ناسیۆنالیستی کورد دەمهەوێ بە “من من” باسی زەعفی خۆم بکەم. چون بۆ ئەوەش وشەی من بەکار دێت، من شاعیرم، بۆم نییە بە لایەنێکی سیاسییەوە خۆم پاوەن بکەم. وەک گۆرانیی حەسەن زیرەک هی هیچ حیزب و بەشێک لە کوردستان نییە، هی هەموو گەلە. چون من نە شاعیرێکی سیاسەتمەدارم، نە سیاسەتمەدارێکی شاعیر، بەڵام لەبەر گەورەیی شێعر هەموو سیاسەتمەدارانی زەمان حورمەتیان گرتووم و منیش ناسیومن. بەڵام حەقمان هەیە لایەنێ یان شارێکمان خۆش بوێ، ئەم “من”ە زەعفی خۆمە. ساڵی ١٣٤٨ چوومە سەقز بۆ درێژەدان بە دەرس خوێندن. قەتم سینەما نەدیتبوو، فارسیم باش نەدەزانی، لە فیلم حاڵی نەدەبووم، ڕۆژنامە و گۆڤارم هەر نەشدەزانی هەیە و بەکاری چی دێن، پەیکی مەدرەسە هەبوو، یەکەم پەیکیان لەوێ دامێ، کە خوێندمەوە زانیم دنیای دەرەوەی نووسراوەی نێو کتێبەکانی مەدرەسەش هەیە. ساڵی دواتر هاتمە شاری بۆکان لە ماڵی خزمێکمان وەک ئەندامی بنەماڵە درێژەم بە خوێندن دا. بوومە قوتابییەکی دەبیرستانی بە قەولی فارسی “چشم و گوش بستە”. دەتگوت بەرخێکم لە شیوێکی گورگاوی لە دایکم جێ‌ماوم. ئاواتی گەورەم ئەوە بوو مەدرەسە تەعتیل بێ و بچمەوە ساروقامیش – زێدەکەم –  لای دایک و بابم، چۆم و هاوڕێ و ماسیگرتن، پێم‌وابوو لەوبەری جەغەتۆوە دنیا تەواو دەبێ و لە بۆکان و سەقز بەولاوە شار نییە و عەجەمستان هەیە، بەڵام وڵاتی من نییە.
ئەو سەردەمە ڕەش و ئالۆزترین سەردەمی سیاسیی لە بنەماڵە و ئێران بوو، لە کاتێکدا من کوڕی مەلایەک بووم کە سەربازی باسەوادی دەورەی ڕەزاشا بوو. لە شەڕی عالەمیی دووهەمدا بە چاو هێرشی ئەرتەشی سووری دیتبوو. ئاغای دێیەکەمان. سەرهەنگ ئیبراهیمی سەلاح بوو کە ئەفسەری کۆماری کوردستان بوو لە ساڵی ١٣٢٤دا. باوکی دوکتور عەلی گەلاوێژ و مامۆستا حەسەن سەلاح سۆران بوو. یانی هیچ کەس نەی‌دەوێرا چکۆڵەترین باسی ڕوناکبیری نەتەوەیی بکا لە زانا و نەزان، نە معەلیم دەی‌وێرا هێندێ باسی وڵات بۆ قوتابیان بکا و بۆیان ڕوون بکاتەوە. ئەویش بەو هۆیە کاتێک من لە دایک بووم سێ ساڵ دوای سەرهەڵدانی موسەدیق بووە کە گەلی کورد لەسەر دوو تاقمی ئاغاخوا و توودە کە پێیان دەگوت “دوودە”، زۆر بیرەوەری خراپیان هەبوو. تەنانەت لەبەر تۆڵە ئەستاندنەوەی زاڵمانەی ئاغاوەت، شایان لە توودە خۆشتر دەویست. من کە چوومە مەدرەسە (ساڵی ١٣٤١) ئاغا نەمابوو. لە نێو دێهاتدا شا ئوستوورە بوو. چون ئاغا و ڕەعێتی لا بردبوو کە کارێکی یەکجار بەجێ بوو. مامۆستا سۆران ئەودەم شاعیر بوو، شێعری بە ڕۆژی ٦ی بەهمەندا هەڵگوت. منیش تا ساڵی ٥٤ هەر پێم‌وابوو شا گەورەترین دڵسۆزی من و گەلی ئێرانە. ساڵی ١٣٥٤ قوتابیی ئاخری ساڵی دەبیرستان بووم، دەبیری ئەدەبیاتەکەمان ئاغای ڕەشیدی ئازادیخا بوو، مەوزووعێکی ئینشای پێداین بەو چشنە ” از صمد چە میدانید!؟”، مەبەستی سەمەدی بێهرەنگی بوو. منیش کە لە ڕیزی قوتابیە باشەکانی کلاسدا بووم، هەر ناویشیم نەبیستبوو، هەر تەقەم لەسەرەوە دەهات. لە پەنامەوە هاوکلاسێکم کە هەم باسەواد و هەم زرینگ بوو و هەم بابیشی ئیمام جومعەی زەمانی شا بوو – شوکر ئێستا دوکتورە و دەرمانسازە – پێم گوت؛ سەمەد کێیە؟! بە دزییەوە بەچپەوە گوتی؛ ئائا ماڵتە، چۆن سەمەد ناناسی؟، سەمەد بێهرەنگی. لەپڕ بەکرە قزڵجی کە برازای مامۆستا حەسەنی قزڵجی بوو، بە دەنگی بەرز گوتی؛ ئاغای ئازادیخا! “صمد خودکشی کرد؟” – ئەودەم وابوو، دەبوو لەگەڵ دەبیرەکان بە فارسی قسە بکرێ –  ئاغای ئازادیخاش بە لاتاو و زانایی و حەڕافی و سوخەنوەریی هەمیشەیی کوتی؛ “نخیر عزیزم، خودکشیش کردند!”. لەو کاتەوە بڵێسەی ئاگری ڕووناکبیری لەو سەردەمەدا لە دڵمدا هەڵگیرسا. چون موحسین و بەکرە بۆیان شەرح دام سەمەد کە لە مامۆستایانی باشی تورک بووە، کۆمۆنیست بووە و  کتێبی “ماهی سیاه کوچولو” و “کندوکاو در مسائل تربیتی ایران”ی هەیە و قاچاغن. شا دەستووری بە ئەفسەرێکی خۆی داوە لە چۆمی “ئاراس‌”دا خنکاندوویانە. دەنگۆیەکیش هەیە گوایە خۆی مەلێی نەزانیوە و خنکاوە. کە من باوەڕم بەمەیان نەکرد تا لەو ساڵانەی دواییدا ئەفسەرەکان مابوون و بەپیری ددانیان بەوە دانا کە بۆخۆی خنکابوو، چونکی مەلەی نەزانیبوو. بەڵام ئیدی من شا و ئەرتەشم لەبەر چاو بوون بە ڕمووزنەیەک و سەمەدم لێ بوو بە ئوستوورە و کۆمۆنیستم خۆش ویست. ساڵی ١٣٥٧ بە بۆنەی دەهەمین ساڵی نەمانی سەمەدی بێهرەنگی شێعرێکم دانا کە یەکەم شێعری چاپی من بوو لە گۆڤارێکی کۆمۆنیستی شاری سەقز چاپ کرا. نازانم گۆڤارەکە ناوی چی بوو. جا ئێوە نازانن کە شاعیرێک یەکەم شێعری چاپ کراوی خۆی کە بەبێ ئاگاداری لە گۆڤارێک چاپ دەکرێ و دەیبینێ، چەندە خۆشە، یا دیتنی یەکەم کتێبی چاپی خۆی لەگەڵ هیچ شادییەک مقایسە ناکرێ، هەست بە شایی‌بەخۆیی و سەربەستی دەکا. ئەو شەوە لە سەقز بووم، لە خۆشیان تا بەیانی خەوم لێ‌نەکەوت. ئیدی منیش بوومە کۆمۆنیست، هەر کەس کۆمۆنیست نەبایە، پێم عەوام و بێسەواد و نەزان بوو. هەر لەو ساڵەدا (١٣٥٧) دوکتور عەلی گەلاوێژ لە ڕووسیەڕا دوای ٣٣ ساڵ هاتەوە. ئەودەم زانیم کە لە دەورەی کۆماردا جەنابی قازی محەممەد ناردوونی بۆ باکۆ بۆ تەحسیل و دوای ڕووخانی کۆمار ئەوان ماوەی ٣٣ ساڵ لە پشت چرای سووری شاهنشایی ڕاوەستاون تا چرای سەوزی شۆڕشی ئیسلامی ئیزنی پێدان و هاتنەوە. زۆر لە ئەزموونیان کەڵکیان وەرگرت و دوایی سەری هەمووانی کرد بە گێری ئاسیاودا. ئەوانیش واتە توودەییەکان بەتوندی دژی ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورد بوون، وەک حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە. ئەوە جەزای چاکەیان بوو ڕێژیمی تازە پێی‌ دانەوە. لە کۆمۆنیست پەشیمان بوومەوە، ڕێژیمی تازەشم لەبەرچاو کەوت. چون باوکم لەگەڵ دوکتور گەلاوێژ دۆستایەتیی دێرینی هەبوو، دوای ٣٣ ساڵ یەکتر دیتنەوە، ڕۆژێکی زۆر سەیروسەمەر بوو، باوکەم بە ئەدەبەوە بە دوکتور گەلاوێژی کوت؛ ئاغا عەلی خان! بەخوا توودە هیچ نییە، بریا دێموکراتەکەی خۆمان بایی. ئەو بە پێکەنینەوە بە سەراحەت گوتی: مەلا! بەخوا هەموویان لە ژێر باڵی ئێمەدان. من لەو مەجلیسەدا دانیشتبووم، وەک شاعیرێکی لایەنگری چریک، تەخمیسێکی شێعرە نایابەکەی مامۆستا هێمنم بۆ دوکتور گەلاوێژ خوێندەوە کە زۆری پێ‌خۆش بوو. بە شاعیری ناسیم و ئەو شێعرە و دوو وێنەی لێ‌وەرگرتم و لە نێو گۆڤاری لاوندا چاپی بکا، بەڵام لە دڵەوە خەریک بوو باوکیشم لەبەر چاو بکەوێ!! ئاخەر باوە من بە ٢٤ ساڵمە، بوومەتە معەلیم بۆ قەت باسی حیزب و شتی لەگەڵ نەکردووم. لەسەردەمی کۆمۆنیستیشمدا هێندەیان زەمی شەهیدی گەورە دوکتور قاسملوو کردبوو، ئەویشم خۆش نەدەویست. دەمگوت ئاغایە و هەواداری فێئۆدالەکانە. ئەم دوو عەیبە لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە لە شەهید دوکتور قاسملوو دەگیرا. لەبەر ئەوەی لای ئەوان عەوام و دێهاتی پلەی بەرز و کەسایەتیی لکەدار بکەن و بەم چەشنە لاوانی بە ڕواڵەت ڕووناکبیری وەک من و باسەواد و تەحسیلکەردەیان لە حیزبی دێموکرات دەڕەواندەوە. منیش باوەڕەم دەکرد، بەڵام هەر کات قسەیان پێ‌دەگوت، لە دڵەوە پێم ناخۆش بوو، دەمزانی پلە و پایەی ئەو بۆ ئەوە نابێ کەس جگە لە حەسوودی و غیبتەخواردن هیچی پێ بڵێ. لە وەتاغەکەی ماڵە مامۆستا سۆران -کە ئیستا ماڵی خۆمانە لە ساروقامیش- لە مەحزەری دوکتور عەلی گەلاوێژدا بەحس ساز بوو کە، ئایا مامۆستا شێخ عێزەدەین حوسێنی چاکی کرد دەنگی بە قانوونی ئەساسی نەدا یان خراپی کرد. دیارە دوکتور گەلاوێژ دژی مامۆستا بوو، دەیگوت دەبوو دەنگ بە قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامی بدرایە. دوکتور گەلاوێژ ڕووی لە من کرد و گوتی: ها کوڕی مەلا! تو دەڵێی چی، مامۆستا چاکی کرد دەنگی بە ڕێفراندۆم و قانوونی ئەساسی نەدا؟ منیش لە عیلمی سیاسەتی وەختدا کەڕەسەپانێکی دونبالەڕەو بووم، ئەوەی چەپەکانی کۆمۆنیست و چریک دەیانگوت بێ‌ئەوەی ماناکەی بزانم، دەمگوتەوە. ئەوان گوتبوویان، چون قانوونی ئەساسی ئەسڵی پێنجەکەی وڵایەتی فەقیهە، نابێ دەنگی پێ بدرێ. منیش هەر قانوونەکەم نەخوێندبۆوە، نەمدەزانی ویلایەتی فەقیهه چییە، چاو و گوێ بەستراوی بێ بنەمای سیاسی هەر شاعیر بووم. ئەوەی بیروبڕوام هەبێ بە شێعر دام دەنا و خەڵکیش پێیان خۆش بوو. چاپکراوەی پێش‌نووسی قانوونیش لە بازاردا دەفرۆشرا، جڵدی بە دوو تمەن بوو، من نەمکڕی بیخوێنمەوە، چون ڕقم لێی بوو. ڕقەکەش لەبەر ئەوە بوو کاتێک نوێنەریان بۆ پێش‌نووسینەوەی قانوونی ئەساسی هەڵدەبژارد، پارێزگای ئێمە واتا ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ) سێ نوێنەری هەبوو کە شەهید دوکتور قاسملوو بە ١١٤ هەزار دەنگ کەسی یەکەم بوو کە دەنگی پێدرا. کەچی کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ وەک برای چاک نەیهێشت بچێت و هەر لە هەوەڵەوە دژایەتیی لەگەڵ کورد دەست پێکرد. ئیدی هەر ئەودەم زانیم کە ئیسلامی سیاسی و کۆمۆنیست دوو شتن کە لەسەر بەرژەوەندی خۆیان هیچ دێموکراسییان تێدا نییە ڕەعایەتی ناکەن. ئیدی لەو ساڵەوە کە تاق و لۆق نوێژم دەکرد و ڕۆژووم دەگرت، وەلام نا و تەرکی کۆمۆنیستیشم کرد. ئەوجار چوومە لای کۆمەڵەوە کە جگە لە کۆمۆنیستی هێندێک بڕوای ناسیۆنالیستییان هەبوو. تاقمێکیان کە یەکجار سادق و دڵپاک و دڵسۆز بوون، بەڵام یەک یەکەشیان تێدابوو کە باش نەبوون. لە هێندێکیان زۆر قەڵس بووم، هەر هەلیان بۆ هەڵدەکەوت، جنێویان بە دوکتور قاسملوو، حیزبی دێموکرات و بارزانی دەدا. منیش هەرچەند مێژووم دەخوێندەوە بۆم دەردەکەوت کە خەباتی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرەکانی پاک و سادقانەتربوو و پێم ناخۆش بوو. بۆیە بە دەنگێکی بەرز ئاوا وەڵامی دوکتور گەلاوێژم داوە؛ قوبان! قانوون ئەساسییەک کە ئەسڵی پێنجەمی ولایەتی فەقیهه بێ، بۆ دەنگدان نابێ. خودا شاهیدە نەشمدەزانی ئەو ڕستەیە کێ فێری کردووم، بەڵام دوکتور گەلاوێژ جوابێکی دامەوە تا ئێستاش وەک چەسپ بە مێشکمەوە نووساوە و لە گوێمدا دەنگ دەداتەوە، کوتی؛ “ئافەرین، ئافەرین وەڵڵا ئەم ئەسڵە خەتەرناکە، بەڵام خومەینی پیاوی چاکە، دژی ئیمپڕیالیستە، تا ئەو مابێ خەتەرناک نییە، دوای مەرگی ئەویش دەکرێ موتەمەمێک بۆ قانوونی ئەساسی دانرێ و ئەم ئەسڵەی لێ دەرهاوێن”. دوایە لە درێژەی وتەکانیدا گوتی؛ “بە ڕەحمانیشم کوت – مەبەستی شەهید دوکتور قاسملوو بوو – لەگەڵ مامۆستا شێخ عێزەدین بە قسەیان نەکردم، دەنا ئەم قەتعنامە ٢٤ مادەیەی کە ئەوان لە دەوڵەتی خۆمینیان دەویست، من ساڵی ١٣٢٥ بە دەستووی جەنابی قازی محەممەد بۆ کوڕی ڕەزاشا پەهلەویمان نووسی، هەر جوابیان نەداینەوە. چون خواستی ئێمە لە شای ئیمپریالیست و خواستی ئێمە لە دەوڵەتی تازەی خومەینی وەک ئەوە وایە وشترێک بکەیتە نێو قەفەسێکەوە، ئایا دەکرێ؟! ئەم دەوڵەتە بچووکانە ئەو ئازادییانە بە کورد هەر نادەن.” مەجلیس خاتیمەی هات، هاتینەوە ماڵێ، لە ڕێدا بە بابم کوت؛ ئەرێ بابە! تو بەڕاستی قازی محەممەد دەناسی؟ ئەی بۆچی تا ئێستا قەتت لە لای من باس نەکردوە؟ کوتی؛ “ڕۆڵە! من چۆن ئەو باسانەت فێر دەکەم، بە هەزار نووشتە نووسین و بەرات و سەرفترەی مەلایەتی تۆم کردوە بە دیپڵۆم و موعەلیم. هەر بزانن بیروڕات وایە دەرت دەکەن، نان و ئاویشمان نەدەبوو بیخۆین. ئا لە نێو ئەو مالەی خۆماندا برایم خانی ڕەحمەتی ٢٤ قەبزە تفەنگی بڕنۆی هێنا کە جەنابی قازی محەممەد و کۆمار لە سابلاغ پێیان دابوون بۆ خەڵکی ساروقامیش و دەوروبەر تا هێزی بەرگری دامەزرێنن. ڕۆژێک دواتر جەنابی برایم خان کە فەرماندەی هێزی پیشمەرگەی قازی محەممەد بوو، لە سابلاغ هاتەوە گوتی مەلا کوا تفەنگەکانت چ لێ‌کرد؟ عەرزم کرد؛ قوربان وەڵڵا جارێ هەر لە ماڵەوەیە. کوتی ئافەرین، ئافەرین دەنێرم بیانهێننەوە و دیسان دەیاننێرمەوە بۆ سابڵاغ. عەرزم کرد؛ بۆچی قوربان، ئاخێکی هەڵکێشا و گوتی؛ “مەلا کەڵەکی کورد سەر ناگرێ، کورد دەوڵەتی بۆ ساز نابێ، گەورە و چکۆڵەیان تێدا نییە. نامەیەکم دا بە دەستی پێشمەرگەیەک و گوتم ئەو کاغەزە بدە بە دەستی جەنابی قازی محەممەد، هەر لێم گەڕاوە گوتی بۆ خۆت بیبە، بۆ من سەربازی ئەرتەشی ڕەزاشام، دەستوورم پێ دەدەی! زانیم ئەمانە هەموویان “مەنن”، کەس “نیومەن”ی ناکا. دەوڵەتێك  گەورە و چکۆڵە نەزانێ بە هیچ نابێ، ئەو قانوونە بەڕێوە ناچێ، بەخوا تووشی هەزار گێچەڵ دەبین. ئیدی حەمە سەعید، ڕۆڵە! لەو ڕۆژەوە من باسی ڕێژیمی شام نەکردەوە. لە شەڕی ئاغا و ڕەعێتیی دەورەی موسەدیق هەر بێ غەم بووم، تا ئێستا کارم بە سیاسەت نییە. دەنا ڕاستت دەوێ کوڕم، “نان نانی گەنم و، حیزب، حیزبی دێموکرات”. دەتکوت فەڕشێکی کۆنم، تاڵە تاڵەکانم ڕیشاڵ بووە و سەر لە نوێ ڕستمیانەوە و چنیمیانەوە و بە کرێکی تازەتر ڕەنگام. مام هێمنم دیت، هەر حیزبی بوو، حەقیقی، هەر حیزبی خۆش دەویست، ئاوات بەتەواوی دێموکرات بوو، نووری ژێکافی بوو، بەڵام وەک زەبیحی بیری دەکردەوە، هێدی پارتی بوو. هەرچی پیاوی گەورە و دڵسۆزی سیاسیم دیت، پەیڕەوی ڕچەی قازی محەممەد و دوکتور قاسملوو بوون. بە تایبەت دوای شەهیدکرانی هەر دوو ڕێبەری حیزب، واتە دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی، ئیدی بەتەواوی سازمان و سیاسەتی دیکەم لەبەر چاو کەوتن. خۆم بە خاکی پای کەم سەوادترین پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات دەزانم کە سادقترین چەکدارن و فەقەت بۆ ڕزگاری گەلەکەی چەکی هەڵگرتوە و فێڵ و فەرتەنەی سیاسی فریوی نەداوە. وەک شاعیرێک بۆم نییە نەفی ئەو سازمانانەی دیکە بکەمەوە، چون هەر ڕێکخراوێک بۆ ئازادیی گەل شەهیدی دابێ لای من ڕیبازیان پیرۆزە و تەواوی شێعرەکانی من نابێتە دڵۆپێک خوێنی شەهیدانی ئەحزاب. بەڵام لە تفەنگم خۆشتر دەوێن. ئەو ڕۆژە دڵم لە سازمانەکان ناهۆمێد بوو کە شەڕی براکوژییان کرد و لەیەک هەڵپچڕان. بۆ منی شاعیر دوو لەت و سێ لەتبوونی هەر حیزبێک ناهۆمێد‌ییە بۆ ڕێگای سەرکەوتن، بەڵام ئەم ڕاستییە بە دڵ و شێعر و بە مێژوو و کردەوە و باوەر، دێموکراتەکانی ئێران و عێراق بەر لە هەموویان تا ئێستاش ڕۆڵێکی لە بەرچاو و هەمیشە دیاریان هەبووە. خودا بکا بە ئامانجی سەرەکیی خۆیان بگەن. لە بیری یەکگرتنەوەدا بن، نەک یەکگرتن بە ددان. پیرەکان بە خۆیاندا بێنەوە، لاوەکان لەخۆبایی نەبن. بە سواری شەپۆل نەگەیشتوونەتە ئەم پۆست و مەقامە، بەڵکوو لەژێر سایەی خوێنی شەهیداندا بووە، تۆخودا بە فیڕۆی مەدەن. سەرکەتووبن ئینشائەڵڵا.