کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکرات و چەند پرسێک

02:11 - 25 گەلاوێژ 2720

هۆی درێژە کێشانی خەباتی حیزبی دێموکرات
حیزبی دێموکراتی کوردستان، ٧٥ سالە ئاڵاهەڵگری خەبات بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەی کورد لە نێو وڵاتی ئێرانە و بۆ دابینکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکا. مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەیەک ئەویش نەتەوەیەکی چەندین میلیۆنی کە خۆی ‌و نیشتمانەکەی بە سەر چەند وڵاتدا دابەش کراون، مافێکی ڕەوا‌ و ئامانجێکی دروست ‌و پیرۆزە. ئەم مافەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ نەتەوەکەی داوای دەکا ‌و ئەم ئامانجەی ‌ خەباتی بۆ دەکا، لە گەڵ پەسندکراوە جیهانییەکان نەک هەر هیچ دژایەتییەکیان نییە، بەڵکوو بە مافێکی بێ ئەملاوئەولای هەر نەتەوەیەک، دادەنرێن. نە شتێکی ناڕەوایان تێدایە‌ و نە زێدەڕۆیی. کە وایە ئەوە دروست یا نادروستبوونی ئامانجی خەباتەکە نییە کە بووە بە هۆی درێژبوونەوەی خەبات، بەڵکوو ئەوە زاڵبوونی دیکتاتۆری و حکوومەتی سەرکوتکەر‌ و دڕندە لە ئێران لە لایەک‌ و لە لایەکی دیکە هەلومەرجی دژواری خەباتی ئەم حیزبە ‌و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە وای کردوە ئەم خەباتە لە ماوەیەکی کورتدا نەگاتە ئاکام‌ و هەر وا درێژەی هەبێ. ئەگەر سەرنج بدەینە خەباتی نەتەوە‌ و چین و توێژەکانی دیکەی خەڵکی ئێران کە تەنانەت ئامانجی بچووکتریشیان لە ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەبووە، دەبینین ئەوانیش زۆریان خایاندوە‌ و کەمتر بە ئاکام گەیشتوون. گرنگترینی ئەو هۆیانەی وایان کردوە حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرەڕای درێژبوونەوەی خەباتەکەی بۆ ماوەی ٧٥ ساڵ، هەر وا درێژە بە ڕێگاکەی بدا، ئەمانەن: یەکەم، پەیبردن بە بێبەشیی نەتەوەی کورد لە سەرەتاییترین مافەکانی‌ و، دڵنیابوون لەو ڕاستییە کە ئەم نەتەوەیەش وەک نەتەوەکانی دیکە شایانی ئەوەیە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەبێ. دووهەم، پابەندبوون بە ریسالەت ‌و ئەرکێکی مێژوویی کە ئەم حیزبە هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە کەوتووەتە سەرشانی کە ئەویش بریتتە لە ڕزگار کردنی نەتەوەکەی کورد لەم بەشەی نیشتمانەکەی لە بندەستی و بێبەشی. سێهەم، وەفاداری بەو قوربانییە زۆرەی کە نەسلەکانی پێشوومان لەم حیزبەدا‌ و، هەروەها خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی خەباتی ئەم حیزبە ‌و لە پێناوی ئامانجەکانی ئەم حیزبە‌دا، پێشکەشیان کردوە. دەست هەڵگرتن لە خەبات‌ و بەردەوامنەبووبی ئەم حیزبە لە سەر ڕێگاکەی خۆی، بێ ئەوەی ئامانجەکانی هاتبێتە دی، یانی بە فیڕۆدانی ئەو قوربانی‌‌ و تێچووە زۆرەی حیزبی دێموکرات و گەلی کورد داویانە. چوارەم، درێژەی ژێردەستی و بێمافیی نەتەوەی کورد لە لایەن ڕێژیمەکانی ئێران لە لایەک ‌و لە لایەکی دیکەوە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە ئامانجەکان ‌و سیاسەتەکانی ئەم حیزبە ‌و خەباتەکەی، وایان کردوە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر ڕێگاکەی خۆی بەردەوام بێ‌ و هەمیشە زەمینەیەکی لە بار بۆ بەردەوامبوون لە سەر ڕێگاکەی خۆی، بەدی بکا.   حیزبی دێموکرات، هێزی پێشمەرگە و  بەرگریی چەکدارانە بەرگری چەکدارانە لە خەڵکی کوردستان و هەبوونی هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی خەباتی ئەو خەڵکە، لە مێژووی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا جێگایەکی دیار و شایانی هەڵوێستە لەسەر کردنی هەیە. دەکرێ خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانی پێشمەرگەکانی حیزب لە سێ قۆناغی جیاواز (کۆماری کوردستان، بەرگریی چەکدارانە لە بەرامبەر هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و پێشمەرگە لە سەردەمی ئێستا)دا بەم‌جۆرە باس بکەین: بەرگریی چەکدارانە لە گەلی کورد لە بەرامبەر هێرشی دوژمنانی ئەو گەلە‌ و پاراستنی دەسکەوتەکانی خەباتی خەڵکی کوردستان، یەک لەو خاڵە هاوبەشانەیە کە پێشمەرگە لە هەر کام لەو قۆناغانەدا، هەڵگریان بووە. خاڵێکی هاوبەشی دیکەی پێشمەرگە لە هەمووی ئەو قۆناغانە‌دا، ئەوە بووە کە هەر تەنیا هێزێکی چەکدار نەبووە بەڵکوو مرۆڤێکی بە بیروباوەڕ بووە کە نەک بۆ پلە‌ و پایە و سامان، بەڵکوو بۆ بردنە پێشی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەی، تێکۆشاوە. هەر وەها پێشمەرگە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی بووە کە وایان کردوە لە نێو نەتەوەکەی دا ڕێز و خۆشەویستییەکی تایبەتی هەبێ. قبووڵی ماندوویی بێسنوور، لە خۆبردوویی‌ و خەڵکدۆستی ‌و فیداکاری‌ و ڕێزدانان بۆ خەڵک‌ و بوونی ڕەوشتی بەرز‌ و هەڵسوکەوتی جوان لەو تایبەتمەندییانەن کە پێشمەرگەی هەموو قۆناغ ‌و سەردەمەکانی پێ دەناسرێتەوە. بەڵام ئەگەر بمانەوێ باس لە خاڵە جیاوازەکان بکەین، پێویستە بەر لە هەر خاڵێک ئاماژە بە کاریگەریی قۆناغ و سەردەمەکان لەسەر هێزی پێشمەرگە لە ڕووی پێکهاتە، لە ڕووی بیرکردنەوە و ڕوانین، لە ڕووی ئامادەیی بۆ بەشداری لە شێوە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا بکەین. بۆ وێنە هێزی پێشمەرگە لە سەردەمی کۆماردا، هیزێکی تەواو پیاوانە بووە‌ و ژنانی پێشمەرگە لەو ڕۆژگارەدا نابینین. پێکهاتەی هێزی پێشمەرگە بە زۆریی خەڵکی لادێ بوون ‌و کەمتر وەک تاک بەڵکوو زیاتر وەک بەشێک لە عەشیرەتێک ‌و لەژێر ئەمری سەرۆک عەشیرەت ‌و ئاغای گوندەکەی خۆیاندا، بوون بە پێشمەرگە. ژمارەیەکی زۆر کەمیان خوێندەوار بوون‌ و خوێندەوارییەکەشیان لە ئاستێکی نزمدا بووە، بەڵام پێشمەرگەی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، تێکەڵاوێک بووە لە خەڵکی لادێ و شار. ژنان بەرە بەرە دێنە نێو ڕیزی پێشمەرگە. ئاستی خوێندەواری ‌و ژمارەی خوێندەوار لە نێو هێزی پێشمەرگە‌دا، ئاڵوگۆڕی بەرچاوی تێدا پێک دێ. مەیدانی تێکۆشانی پێشمەرگەش زۆر بەربڵاو دەبێ‌ و لە سەرووترین ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا خوارووترین ناوچەکان، واتە هەر چوار پارێزگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە. جۆری کەرەستە‌ و چەکیش کە لەو سەردەمەدا پێشمەرگە شەڕی پێ دەکا، زۆر جیاوازە لە چەک و کەرەستەی سەردەمی کۆماری کوردستان. جیاوازییەکی دیکە کە لە نێوان نەسلی ئەمڕۆی پێشمەرگە و نەسلەکانی پێشوودا هەیە، ئەوەیە کە نەسلی دەیەی ٦٠‌ و٧٠ی هەتاوی لە نەسلەکانی ئیستا، پشوودرێژتر‌ و خۆڕاگرتر بوون، لەگەڵ ئەوەی پتر لە نەسلەکانی ئێستا لە شەڕ و تێکهەڵچووندا بوون، پتر لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو بوون‌ و هەلومەرجی پێشمەرگایەتییەکان سەختتر بوو، بەڵام زۆر بە زەحمەت دەستیان لە پێشمەرگایەتی هەڵ دەگرت‌ و پتر لە سەنگەر و لە ڕیزی پێشمەرگە‌دا دەمانەوە.   حیزبی دێموکراتی کوردستان حیزبێکی شۆڕشگێڕ یا ڕیفۆرمخواز؟ حێزبی دێموکرات مێژوویەکی لێوڕێژ لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی هەیە. بەڵام بە سەرنجدان بە هەلومەرجی سەردەمی ئێستا و جۆری تێکۆشانی حیزب لە ئێستادا زۆر جار ئەو پرسیارە بەرەوڕووی حیزب دەبێتەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان خۆی بە حیزبێکی شۆڕشگێڕ دەزانێ یا حیزبێکی ڕیفۆرمخواز؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەبێ بگوترێ: حیزبی دێموکراتی کوردستان هەم خاوەنی ئامانجی شۆڕشگێڕانەیە، هەم لە زۆربەی قۆناغ‌ و سەردەمەکانی تەمەنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆیدا، شێوە و شێوازی شۆڕشگێڕانەی بۆ خەبات و تێکۆشان گرتووەتە بەر. ئەو ئامانجانەی ئەم حیزبە خەباتی بۆ کردوون، زۆر لەوە گەورەتر بوون کە لە چوارچێوەی دوو ڕێژیمی شایەتی‌ و کۆماری ئیسلامیدا ئیمکانی وەدیهاتنیان هەبێ. هەر کاتێکیش ئەو ئامانجانە وەدی بێن، گۆڕانی بنەڕەتی لە ژیانی سیاسیی خەڵکی کوردستاندا پێک دێنن. هەر بۆیە دەتوانین بە ئامانجی شۆڕشگێڕانەیان ناو بەرین. شێوازەکانی خەباتی ئەم حیزبەش، شۆڕشگێرانە بوون. ڕاوەستان بە دژی سیاسەتەکانی دوو ڕێژیمی شایەتی ‌و کۆماری ئیسلامی ‌و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمە ناوەندییەکان ‌و بە چەک ‌و خەباتی چەکداری، بەرەنگاربوونەوەی هێڕش‌ و پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەکانی ئێران، بە شێوازی شۆڕشگێڕانە دێنە ئەژمار کە دیارە هەڵبژاردنی ئەم جۆر‌ و شێوازانەی بەرەنگاری‌ و خەبات، بە سەر ئەم حیزبەدا داسەپاون، ئەگینا هەر کات مەجالی سوود وەرگرتن لە شێوازەکانی هێمنانە بووبێ، ئەم حیزبە پێشوازیی لێ کردوە. بەڵام شۆڕشگێڕبوونی حیزبی دێموکرات هیچ کات نەبووە بە هۆی دژایەتیی ئەم حیزبە لەگەڵ پەنابردنی خەڵک بۆ خستنە ڕووی داخوازیی ڕێفۆرمخوازانە‌ و سوود وەرگرتن لە شیوازی هێمنانەی خەبات و تێکۆشان. هەر حەرەکەتێک ‌و بزووتنەوەیەکی ڕیفۆرمخوازانە لە ئێران‌ و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵ دابێ، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە جیاتی ڕەتکردنەوە‌ و دژایەتیکردنی، هەوڵی داوە هەم ڕەخنەی لێ بگرێ هەم خەڵک بۆ بەشداری تێداکردن ‌و بەرەوپێشبردن‌ و ڕادیکاڵتر کردنی، هان بدا.   پێکەوە بەرەوپێشبردنی دوو سیاسەتی کوردستانیبوون و ئێرانیبوون حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە کۆنەوە، دوو سیاسەتی شانبەشانی یەک بردووەتە پێش‌ و هەوڵی داوە بە ڕادەی پێویست گرنگی بە هەر دوویان بدا‌ و یەکیان بۆ ئەوی دیکە وەلا نەنێ. لە لایەکەوە خۆی وەک حیزبێکی کوردستانی ‌و، خەباتی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی وەک بەشێک لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بۆ ڕزگاری لە بندەستی پێناسە کردوە. هەر بۆیەش هیچ کات لە سیاسەتی پشتیوانی لە خەباتی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە‌ و پێوەندیی دۆستانە لە گەڵ هیزە سیاسییەکانیان غافڵ نەبووە. لە لایەکی دیکەوە، چونکە ڕووی داخوازەکانی ئەم حیزبە ‌و خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران بووە‌ و دروشمی ستراتیژیکی ئەم حیزبە پێوەندیی بە وڵاتی ئێرانەوە هەبووە، تێ کۆشاوە لەگەڵ هێزە ئازادیخوازەکانی ئێران ‌و لەگەڵ بزووتنەوە سەرانسەرییەکانی ئەو وڵاتە، پێوەندیی دۆستانەی هەبێ و لەگەڵ گەلانی ئێران لە خەبات بە دژی دیکتاتۆری و سەرەڕۆییدا، هاوخەبات بێ.   ڕوانینی حیزب بۆ بوونی پەیڕەوانی ئایین ‌و ئایینزای جیاواز لەکوردستان حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە، حیزبی هەموو نەتەوەی کورد بووە. ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە لە هەر چین‌ و توێژێک یا لە هەر ئایین‌ و ئایینزایەک بووبن، بە هەر دیالێکت‌‌ و زاراوەیەک قسەیان کردبێ، بەو مەرجەی ئامادە بووبن لە ڕیزەکانی ئەم حیزبە‌دا بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەیان لە بندەستی و بێمافی خەبات بکەن، حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە خۆشحاڵییەوە باوەشی بۆ کردوونەوە. لە ڕاستیدا هەموو ئایین‌ و ئایینزاکان، لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە ڕێزیان لێ نراوە‌ و، بێڕێزی بە هەر کامیان، لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پێشی پێ گیراوە. پەیڕەوانی ئایینێک یا ئایینزایەک، لە وانی‌تر هەڵناوێردراون، یەکیان لەوانی دیکە پتر بایەخی پێ نەدراوە، یا پەیڕەوی کردن لە ئایینێک ‌و بە پێچەوانەیشەوە نەبوونی باوەڕی ئایینی، نەبووە بە هۆی بەدەستهێنانی ئیمتیاز. بە کورتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەو بڕوایەدایە کە جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی، یا جۆراوجۆریی دیالێکت، ڕاستییەک‌ و تایبەتمەندییەکی کۆمەڵگەی کوردە‌ و دەبێ ڕێگە نەدرێ هیچ پێكهاتەیەک لە هەوڵی سڕینەوەی ئەوانی دیکە دابێ. هەمووانیش دەبێ بە جیاوازییەکانیانەوە لە سەر ئامانج و داخوازە نەتەوەیی و گشتییەکان، یەکگرتوو‌و  و هاوخەبات بن.   ئەرکی حیزب و ئەرکی خەڵک لە ڕەوتی خەباتدا ئەرکی حیزبێکی سیاسیی پێشڕەو، ڕێبەری کردنی خەباتی خەڵک لە ڕووی سیاسی‌ و، ڕێکخستنی خەبات ‌و تێکۆشانی ئەوان تا گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو خەڵکەیە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی لە مێژووی خۆیدا لەگەڵ کەم‌وکوڕی‌ و لاوازیی جۆراوجۆر‌ و ڕەخنەی جیددی بەرەوڕوو بووە، بەڵام لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی کەمتەر خەم نەبووە. خوێندنەوە‌ و لێکدانەوەی واقیعبینانەی داوای خەڵکی کوردستان ‌و فۆرمۆڵەکردنی ئەو داوایانە لە بەرنامەکەی خۆیدا، گرتنەبەری سیاسەت‌  و هەڵوێستی دروست لە قۆناغ ‌و سەردەمە جیاوازەکان، درێغ نەکردن لە قوربانیدان‌ و شێلگیربوون لە سەر خەبات‌ و تێکۆشان بۆ ماوەی ٧٥ ساڵ‌، کاری سیاسی بە ئاراستەی پێکهێنانی یەکگرتوویی‌ و کۆدەنگی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان بەرامبەر دەسەڵاتی ناوەندی، وەدەستهێنانی متمانە ‌و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان ئەو ڕۆڵ‌ و ئەرکەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان جێبەجێی کردوە. دیارە ڕۆل‌ و ئەرکێکیش کە دەکەوێتە سەر خەڵک، هەوڵدان‌ و تێکۆشانە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە کە ئەم حیزبە ‌و ڕۆڵەکانی خەڵکی کوردستان لە ڕیزەکانی ئەو حیزبەدا، ٧٥ ساڵە خەباتی بۆ دەکەن. ئەرکی خەڵک قۆستنەوەی ئەو هەل‌ و دەرفەتانەیە کە بۆ خستنەڕووی داخوازەکانی خۆیان بۆیان دێتە پێش. نابێ پێیان‌وابێ خەباتکردن تەنیا ئەرکی حیزبی دێموکرات و ئەندامەکانیەتی و ئەوانیش دەبێ لە دوورەوە بینەر‌ و تەماشاچیی ڕووداوەکان بن، بە پێچەوانەوە دەبێ ئەوان بۆ خۆیان چەقی خەبات‌ و بەرخۆدان بن. هاوکات پێویستە پشتیوان‌ و چاوەدێڕیی خەبات‌ و سیاسەتەکانی ئەم حیزبە بن کە بە نوێنەر‌ و ڕێبەری داواکانی خۆیانی دەزانن. بە هەموو تواناوە‌ و لە هەموو ڕوویەکەوە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی بکەن، هاوکاری تێکۆشەرانی بن، کاتێکیش پێویست بوو پێشنیاری پێ بکەن، ڕەخنەی لێ بگرن و وای لێ بکەن حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو ئامرازە کاریگەرە بێ کە دەتوانێ خەباتی ئەوان لە پێناوی دیموکراسی و مافی دیاریکردنی چارەنووس بە ئاکامی دڵخواز بگەیەنێ.   حیزبی دێموکرات، حیزبێک هی ڕابردوو، حیزبێک بۆ داهاتوو سوارچاک و دیارترین ئەکتەری مێژووی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک سەدەی ڕابردوودا، حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە. لە دامەزرانی “کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان” کە ئەم حیزبە درێژەی هەمان ڕێچکەیە، نزیک بە ٨٠ ساڵە حیزبی دێموکراتی کوردستان، بۆ ماوەی ٤ دەیە تاقە هێزی مەیدانەکە و دواتریش هێزی سەرەکیی گۆڕەپانی خەبات بۆ مافەکانی نەتەوەی کورد لە ئێراندا بووە. کۆماری کوردستان کە بە گرنگترین و گەورەترین ڕووداوی سیاسیی کورد لەم بەشەی کوردستان و تەنانەت لە ئاستی هەموو کوردستان لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا دادەنرێ، مێژوو بە ناوی ئەم حیزبەوە تۆماری کردوە. ٤٠ حیزبی دێموکرات پشکی شێری لەو ٤٠ ساڵ  خۆڕاگری و خەبات و بەربەرەکانیی خوێناوی لە کوردستان بەرامبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە. ئەم حیزبە زۆرترین کاریگەرییشی هەبووە لەسەر گەشە کردنی ناسیونالیزمی کورد لە ئێران و شۆڕبوونەوەی خەبات و باوەڕی نەتەوەیی بۆ جوگرافیایەکی هەرچی بەرینتر و بۆ نێو چین و توێژی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. جگە لەمەش ناسرانی پرسی کوردی ڕۆژهەڵات بە کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی، قەرزداری تێکۆشانی دیپڵۆماسیی حیزبی دێموکرات بەتایبەتی ڕێبەری شەهیدی ئەو حیزبە، دوکتور قاسملوویە. بەڵام حیزبی دێموکرات، حیزبێک نییە تایبەت بە ڕابردوو، حیزبێکە بۆ داهاتووش. خاوەنی داهاتووشە. چونکە پرسێک و ئامانجێک کە خەباتی بۆ دەکا،  هەروا پرس و ئامانجی نەتەوەی کورد لە ئێرانە. ئەم حیزبە بۆ دوای چارەسەری پرسی نەتەوەییش بەرنامەی هەیە. وێرای ئەمانە، مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانیدان، ڕێبەرانێکی شەهید کە کۆمەڵگە وەک ڕەمز و هێمای خەبات و پرسی رەوای خۆی وەری گرتوون، چەند هەزار شەهیدی سەنگەر و بەرەجۆراوجۆرەکانی خەبات، ئیعتیبارێکی  نەتەوەیی، ناوچەیی و جیهانی کە ئەم حیزبە بە دەستی هێناوە، سەرمایەکانی حیزبی دێموکرات بۆ مانەوە و بەردەوامی و گەشە  لە داهاتوو دان. دیارە بەو مەرجەی ئەم حیزبە یەکیەتیی خۆی وەدەست بێنێتەوە،  لاوازییەکانی ڕابردووی خۆی  چارەسەر بکا و خۆی بۆ خەبات لە قۆناغ و سەردەمێکی نوێدا لە هەموو بارێکەوە ئامادە بکا.