![](/~hdk/kurdistan-kurd/ku/wp-content/uploads/2020/08/kameranaminawe.jpg)
سەدەی ٢٠ی زایینی سەدەی ململانێ و کێشەی توندی سیاسی لە ئاستی جیهان، لەنێو چوونی ئیمپراتورییەکان، تێکچوونی سنوورە فەرمییەکانی جیهانی و سەرهەڵدانی دەوڵەتە نەتەوەییەکانە. هەرچەند شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی هۆی سەرهەڵدان و دامەزرانی ژمارەیەکی زۆر لە دەوڵەتەکانی ئەمڕۆیی بوو، بەڵام سەرەڕای جێ باسبوونی کێشەی کورد لە ئاستی جیهاندا، مخابن بۆ کورد ئاکامێکی ئەرێنی واتە بە دەوڵەتبوونی بەدوادا نەبوو. سەرەڕای ئەوەش، ڕووداوەکانی کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی ئاستی بزووتنەوەی کوردی گەیاندە قۆناخێکی بەرزتر و، دامەزرانی حیزبە کوردستانییەکان ڕەنگ و شکڵێکی نوێ و ئەوڕۆیی بە خەباتی گەلی کورد دا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گەشەسەندنی بیری نەتەوایەتی لە نێو جەماوەی خەڵک و کۆکردنەوەی ئەوان بۆ خەباتێکی ئەمڕۆیانە لە پێناوی گەیشتن بە مافی نەتەوەیی گێڕا. دامەزراندنی یەکەمین کۆماری کوردستان لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویی لەژێر ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان یەکێک لە هەرە دەسکەوتە پیرۆزەکانی ئەم خەباتە و جێگای شانازییەکی مێژوویی بۆ گەلی کورد بە گشتیی و، حیزبی پێشەوا بە تایبەتییە.
ڕاگەیاندنی کۆماری سەربەخۆی کوردستان سەرەڕای ڕووخاندنی لە لایەن هێزەکانی سەرکوتکەری تاران ئاواتی مێژینەی کوردی هێنایە دی و، هەتا هەتایە ئەم ڕووداوە مێژووییە وەکو ئەستێرەیەکی گەش لە ئاسمانی کوردستاندا دەدرۆشێتەوە. دەربڕینی ئاوات و هیواکانی کورد واتە سەربەخۆیی کوردستان لە کاتی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆر بەجوانی لە شێعری “بژی دێموکرات”ی شاعیری نەمری کورد “هێمن”دا ڕەنگ دەداتەوە:
مزگێنیم دەیە دەگەی بە ئاوات
کوردە لە سایەی حیزبی دێموکرات
حیزبی دێموکرات تۆ دەدا نەجات
پیادەی ئەو، شاهی دوژمن دەکا مات
بژی دێموکرات بژی دێموکرات
(ڕەشەمەی ١٣٢٤)
ئەم خۆشییە لە ڕێبەندانی هەر ئەو ساڵەدا بە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە شێعری “ڕۆژی خۆشی”ـی هێمن بەوپەڕی خۆی دەگات:
ڕۆژی جێژن و خۆشییە، تێپەر بوو ڕۆژی دەرد و خەم
هات شنەی ڕەحمەت بە جارێک ڕایڕفاند و بردی تەم
دێ لە هەر لایک قاقای پێکەنینی کیژ و کوڕ
دێ لە هەر سووچێکی نەغمەی ساز و تار و زیل و بەم
گەرچی زستانە بەفر دایپۆشی ئەوڕۆ گشت وڵات
خاکی پاکی ئێمە خەمڵێوە وەکوو باخی ئیرەم
جێژنی ئیستقلالی کوردستانە، ڕۆژی شادییە
جێژنە پیرۆزە لە لاوی هاووڵاتیی خۆم دەکەم
(ڕێبەندانی ١٣٢٤)
نەمر سەید کامیل ئیمامی (ئاوات)یش هەستی خۆی لە پەسنی پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان وەکوو نزیک کەرەوەی ڕێگەی دووری کورد بەم چەشنە دەردەبڕێ:
هاته دهر ئهوڕۆ له میحنهت میللهتی مهغدووری کورد
گهینه ئاوات و مهرامی خۆ ههموو ڕهنجووری کورد
بێکهس و بێ دهر بوو ئهمما تۆ گهیشتی، بوویه کهس
ههر بژی بۆ لاگریی مه، ئهی ڕهئیس جمهووری کورد
زۆر لهمێژ بوو کورد دهڕۆیشتن، نهگهینه ئارهزوو
تۆ نزیکت کردهوه بۆ ئێمه ڕێگهی دووری کورد
ئاوهدان و گوڵستان و بێ خهزانت کردهوه
بهو چلهی زستان و ڕێبهندانه خوار و ژووری کورد
(ڕێبەندانی ١٣٢٤)
سەبارەت بە شێوەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن نووسەران و لێکۆڵەرانی کورد و بیانی بە دۆست و دوژمنییەوە گەلێک کتێب و بابەت نووسراوە و، تیشک خراوەتە سەر گۆشە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسیی ئەم حیزبە بەتایبەتی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی. دوژمنان و نەیارانی کورد دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف و بە تایبەتی حیزبی دێمۆکرات وەکو بەرهەمی سیاسەتەکانی یەکیەتیی سۆڤییەت و هاتنی هێزی سپای سوور بۆ باکووری ڕۆژئاوای ئێران لە قەڵەم دەدەن و بەستێنی مێژوویی خەباتی گەلی کورد کەم ڕەنگ دەکەنەوە یاخود چاوپۆشی و حاشای لێ دەکەن. بێگومان هاتنی سپای یەکیەتیی سۆڤییەت و ئینگلیس بۆ ئێران و ڕووخان و دەرکردنی ڕەزاشا بوو بە هۆی کرانەوەی فەزای سیاسی نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکوو بۆ تەواوی خەڵکی ئێران و سەرهەڵدانی دەیان گرووپ و حیزبی سیاسی بە ڕاست و چەپیەوە. لەو سەردەمە ئاڵۆزەدا ئازادیخوازانی خەڵکی کوردیش توانیان لەم دەرفەتە کەڵک وەرگرن و لەسەرەتادا کۆمەڵەی ژێکاف و پاشان لەسەر قەوارەی ئەو، حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک بێنن.
هاتنی هیزەکانی هاوپەیمان لە خەرمانانی ١٣٢٠ی هەتاویی (ئاگوستی ١٩٤١) بۆ ئێران، تەسلیم بوونی سپای ئێران لە شەڕێکی سێ ڕۆژە و هەڵاتنی ئەفسەر و سەربازەکان و هەڵوەشانەوەی ئەم پێکهاتە سەرکووتکەرە لە پانتایی خاکی ئەم وڵاتەدا، دەست لەکار کێشانی ڕەزاشا لە ٢٥ی خەرمانان و دوورخستنەوەی بۆ دوڕگەی موریس و پاشان ژوهانسبورگ، بوو بە هۆی تێکشکانی فەزای سەرەرۆیی پاشایەتی، سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسی و نیزامی، بێدەسەڵاتیی تاران و گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە چنمانی هێزەکانی سیاسی لە ئێراندا. لە ماوەیەکی کورتدا بەشێکی بەرچاو لە هێز و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێران هاتنە نێو گۆڕەپانی سیاسەتی ئەم وڵاتە و دەسیان بە کار و چالاکیی سیاسی کرد. پێکهاتنی حیزب، سندیکا، ئازادی ڕۆژنامەنووسی و هتد، بوو بە هۆی بەشداریی تەواوی چین و توێژەکان لە ڕەوتی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێراندا.
دەرچوون و نەبوونی سپای ئێران لە ئازەربایجان، کوردستان و خوزستان بەستێنی شیاوی بۆ کار و چالاکی هێزە نەتەوەییەکان و سەرهەڵدانەوەی بیری سەربەخۆیخوازیی لەم بەشانەدا ساز کرد. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(١) لە ٢٣ی ئەیاری ساڵی ١٣٢٢ بە بیروهزری سەربەخویخوازیی و چەپ لە لایەن ڕۆشنبیرانی ئەو کاتەی کوردستان کە زۆربەیان مەهابادی بوون پێک هات و “لە هاوینی ١٩٤٤دا پانتایی چالاکیی ئەم ڕێکخراوە نەهێنییە لە ماکۆوە هەتا کرماشانی لەخۆ گرت”(٢) و توانی خەڵکێکی زۆر لە ئازادیخوازانی کورد بەرەو خۆی ڕابکێشێ و ببێتە هۆی پەرە و گەشەسەندنی بیروهزری ناسیۆنالیستی و دادپەروەرانە لەنێو جەماوەری خەڵکی کورد. لە ساڵانی پاش ڕووخانی حکوومەتی ڕەزاشا کوردستان لە کردەوەدا لەژێر کۆنترۆلی کوردی ڕۆژهەڵات بوو. خاتوون ئەن لەمبتۆن کە لە لایەن باڵوێزی ئینگلیس لە ساڵی ١٩٤٤ سەفەری بۆ کوردستان کردبوو لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا باسی بوونی کوردە چەکدارەکان و نەبوونی ژاندارمە و پۆلیسی ئێران لە شار و گوندەکانی نێوان تەورێز و مەهاباد و تین و گوڕی سەربەخۆیخوازیی و هەستی بە هێزی نەتەوەیی کوردەکان دەکا.(٣) بە باوەڕی سێر ڕ. بوڵلارد، باڵوێزی بریتانیا لە تاران، قازی محەممەد، ناوهندی بزووتنەوەی سەربەخۆیی لە کوردستان” بووە.(٤)
لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤دا حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر قەوارە و بنەمای کۆمەڵەی ژێکاف و پاشگەزبوونەوەی کاتیی لە چەند خاڵێک وەکو سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی تەواوی کوردستان بەپێی ئاڵوگۆڕی بارودۆخی سیاسی ئەو کاتە پێک هات و، توانی بیروڕای بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان بە ئاغاوات، سەرۆک عەشیرە، وردەبۆرژوازی و هتد- یەوە بە تایبەت لە موکریان بەرەوخۆ ڕابکێشی. حیزبی دێموکراتی کوردستان دوو مانگ و چەند ڕۆژێک پاش دامەزرانی حکوومەتی ئازەربایجان سەرەڕای هاودەنگ نەبوونی فرقەی دێموکراتی ئازەربایجان و یەکیەتیی سۆڤیەت کە دەیانویست کوردستان وەکوو بەشێک لە حکوومەتی ئازەربایجان بە مافی نەتەوەیەکی کەمینە بێ، بەپێی هەبوونی ستراتێژیی نەتەوەیی و هەڵومەرجی ڕەخساو وەکوو: کەلک وەرگرتن لە دژبەریی حکومەتە زلهێزەکانی جیهانی واتە یەکیەتیی سۆڤییەتی و جیهانی ڕۆژئاوا، لاواز بوون و ناسەقامگیریی حکوومەتی ناوەندی و سپای ئێران، بە هێزبوونی بەرەی چەپ و ئازادیخواز لە گشت ئێران، دامەزرانی حکوومەتی میللیی ئازەربایجان لە ٢١ سەرماوەز، کۆکردنەوەی بەشێکی بەرچاو لە ئاغا و عەشیرەکان، و پشتبەستن بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان ئەم بوێرییە مێژووییەی بوو لە هەوەڵین دەرفەت و بێ فەوتاندنی کات، لە دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویدا لە چوارچرای مەهاباد بە بەشداربوونی خەڵکێکی بەرچاو، دامەزرانی کۆماری کوردستانی ڕاگەیەنێ. ئەمە بۆخۆی سەلمێنەری هەبوونی هەست و ستراتێژی نەتەوەیی هەروەها بوێری ڕێبەریی ئەم حیزبە لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە کاتی شیاو و لە پێناوی بە دەوڵەتبوونی کوردستانە.
لە بەشێک لە بەڵگە و نووسراوەکانی ڕابرت ڕۆسۆ، جێگیری کونسوولی ئەمریکا لە تەورێز و لێکۆڵینەکانی تورەج ئەتابکی و پڕۆفسۆر جەمیل حەسەنلی و هتد ئاماژە بە شێوەی هەڵسوکەوت و بیروڕای نوێنەرانی سیاسیی سۆڤییەت و فرقەی دێموکراتی ئازەربایجان لەگەڵ دێموکراتەکانی کوردستان کراوە. بۆ وێنە:
* ڕابرت ڕۆسۆ لە ڕاپۆرتێکدا بەم چەشنە باسی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میر جەعفەر پیشەوەری، سەرۆک وەزیرانی ئازەربایجان و بیروڕای ئەو سەبارەت بە قازی محەممەد وکوردستان دەکا: “… “لەهەر حاڵدا پیشەوەری لەو چاوپێکەوتنەی ئەم دوایەدا گوتی، بە ڕای ئەو قازی ‘پیاوێکی باشە’، دەربارەی مەسەلەی ‘کوردەکانی ئازەربایجان’یش ڕاوێژی لەگەڵ کردوە. سەرەڕای ئەوەش بە مەرجی ‘نەهێنی مانەوە’ ئەم خاڵەشی پێ زیاد کرد، جارێ پێیوانییە کوردەکان توانایی بەرێوەبردنی کارو باری خۆیان هەبێ و، دەیەوێ بە جێگای مەجلیسی میللی تەنیا ئەنجومەنێکی میللی لەژێر چاوەدێریی حکوومەتی تەورێز و، پێنج کورسی لە مەجلیسی ئازەربایجانیان پێ بدا.” لە ڕاپۆرتێکی دیکەش ڕۆسۆ دەنووسێ: “بە هۆی ئیدیعای حوکمڕەوایی کوردەکان بۆ تەواوی ناوچە سنوورییەکان لە مەهابادوە هەتا ماکۆ، هەروەها میاندواو، ورمێ و خۆی، ناکۆکی لە نێوان کورد و ئازەربایجانییە خودموختاریخوازەکان پەرەی گرتوە. ئازەبایجانییەکان دەیانەوێ خودموختاریی کوردەکان لە ژێر فەرمانی حکوومەتی تەورێز و لە چوارچێوەی ناوچەی مەهابادا قەتیس بمێنێتەوە.”(٥)
* تورەج ئەتابکی لە کتێبی”ئازەربایجان لە ئێرانی هاوچەرخدا” سەبارەت بە هەڵسوکەوتی دێموکراتەکانی ئازەربایجان لەگەڵ شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تەورێز ئاوا باس دەکا: “هەوەڵین هەنگاوێک کە کوردە دێموکراتەکان بۆ دەربڕینی ‘برایەتی’یان لەگەڵ دێموکراتە ئازەربایجانییە هاوبیرەکانیان هەڵگرت ناردنی شاندێک بۆ بەشداری لە جێژنی ‘تێکەڵبوونی’ حیزبی تودە لەگەڵ فرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بوو کە لە سێ سپتامبری ١٩٤٥(١٢ی خەرمانانی ١٣٢٤) لە تەورێز بەرێوە دەچوو. هەر لەو ڕۆژەدا شاندێکی دیکەشیان بە جیا بۆ بەشداری لە کردنەوەی فەرمیی مەجلیسی میللی ئازەربایجان نارد، شاندی کورد بە نارەحەتییەوە تێگەیشت لەگەڵ ئەوان نەک وەکوو شاندی ئەیالەتێکی دۆست و دراوسێ بەڵکوو وەکو نوێنەرانی بەشێک لە ئازەربایجان هەڵسوکەوت دەکرێ. دێموکراتەکانی کوردستان کە لەم کارەی دێموکراتەکانی ئازەربایجان ناڕازی بوون، دەستبەجێ پاش گەڕانەوەی شاندی کورد بۆ مەهاباد بەرەیەکی نوێ و بەهێزیان بۆ دامەزراندنی حکوومەتی خودموختاری کوردستان وەڕێ خست. بەم چەشنە، لە ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦(٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویی) بناغەی حکوومەتی خودموختاری کوردستان بە چەشنێکی فەرمی دارێشترا.(٦)
* بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پرۆفسۆر جەمیل حەسەنلی نووسەر و توێژەری ئازەربایجان لە کتێبی “ئازەربایجانی ئێران، دەستپێکی شەڕی سارد”، ڕێبەرانی فرقەی دێموکرات لە ١٦ی ژانویەی ساڵی ١٩٤٦ واتە ٤ ڕۆژ پێش ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە بابەتێک بە ناوی “ویستەکانی خەڵکی ئازەربایجان” لە ١٢ خاڵدا ویستە سەرەکییەکانی کۆنگرەی میللیی ئازەربایجانیان گەڵاڵە کردبوو. لە سەرەتای ئەم بابەتەدا هۆیەکانی گۆڕانی بیروباوەڕی ئەوان لە خودموختارییەوە بۆ سەربەخۆیی ئازەربایجانی ئێران و دامەزرانی وڵاتێکی سەربەخۆ بە ناوی کۆماری دێموکراتیکی ئازەربایجان شرۆڤە کراوە. لە خاڵی ١٢ی ئەم بەڵگەنامەیەدا باس لە لکاندنی بەشی ژێر دەسەڵاتی حیزبی دێموکراتی کورستان بە ناوی کوردستانی باکوور بەم کۆمارە بەم چەشنە گەڵاڵە کراوە: “ئەم نەخشەیە کوردستانی باکووریش لەخۆ دەگرێ. سنوورەکەی لە کاتی چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردستانی باکوور دیاریی دەکرێ.”
حەسەنلی هەروەها ئاماژە دەکا: لە سەرەتادا باقرۆڤ و پیشەوەری دژی خودموختاریی کوردستان بوون و پێیانوابوو کوردەکان دەبێ لە چوارچێوەی ئازەربایجاندا خودموختار بن. بەڵام دامەزرانی کۆماری کوردستان لەنێو ئێراندا بەشێک لە نەخشە ستراتیژییەکانیان لەم وڵاتە بوو. باقرۆڤ هەوڵی دەدا بە چەشنێک ئەم مەسەلەیە کۆنترۆل بکا. لە ٢٩ ژانویە لە تەورێزەوە ئیبراهیمۆڤ و حەسەنۆڤ لە نامەیەکدا بۆ باقرۆڤ دەنووسن: هاوکاریی نێوان کورد و ئازەرییەکان گەلێک ئاڵۆز بووە … زۆربەی سەرانی کورد باسی ئازادیی کوردەکان و پێکهێنانی کوردستانی گەورە دەکەن. لە ڕاستیدا ئەم کەسانە لایەنگری سیستمی فئێودالیسم و درێژەپێدانی ئەون. پاش ئەم نامەیە، بە فەرمانی باقرۆڤ “ناسر داداشۆڤ”، ئەندامی پێشووی وەزارتی نێوخۆ لەژێر عینوانی نوێنەری بازرگانی و “مەلیک ئەسلانۆڤ” بە ناوی سەرپەرەستی نەخۆشخانەی سۆڤییەت دەنێردرێنە مەهاباد تا بارودۆخەکە کۆنترۆل بکەن.(٧)
ڕاگەیاندنی حکوومەتی میللیی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان بوو بە هۆی تێکچوونی چنمانی سپایی و سیاسیی وڵاتانی داگیرکەری ئێران و؛ کوردستان و ئازەربایجان بوون بە خاڵی دەستپێکی شەڕی سارد. بەڵام یەکیەتیی سۆڤییەت سەرەڕای پشتیوانی قورس و قایمی خۆی لە ئازەربایجان بەردەوام بە دڕدۆنگیەوە سەیری حیزبی دیموکرات و کۆماری کوردستانی دەکرد کە زۆربەی ڕێبەرانی نەک کۆمۆنیست بەڵکوو کەسایەتیی ئایینی، ئاغا و سەرۆک عەشیرە واتە “دەرەبەگ و نوێنەرانی چینی چەوسێنەری کۆمەڵگە” بوون و، سەرۆک کۆمارەکەی سەرەڕای ئەوەی لایەنگر و دۆستی ئەوان بوو، بەڵام هاوکات سیاسەتێکی ڕاستبینانەی لە هەڵسوکەوت لەگەڵ حکوومەتەکانی تاران و تەورێز، هەروەها ئەمریکا و سۆڤییەت بەرێوە دەبرد و دەیویست هاوسەنگییەکی ڕاستبینانە لە بەرژوەندیی خەڵکی کورد لەگەڵ ئەم لایەنانە پێک بهێنێ و لەم پێوەندییەدا نەک دژایەتییەکی توندوتیژی لەگەڵ دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا نەدەکرد بەڵکوو بە پێی ڕاپۆرتەکانی جێگیری کونسوولی ئەمریکا خوازیاری هاوکاریی ئەوان بۆ دابینکردنی دێموکراسی ڕۆژئاوایی و گۆڕینی چەشنی دەسەڵات لە ئێران بوو.
لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی دوهێر، جێگری کونسوولی ئەمریکا بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، ڕێکەوتی ٢٦ی ئاوریلی ١٩٤٦(٦ی ئەیاری ١٣٢٥) باسی دیداری لەگەڵ قازی محەممەد و پێشوازیی پێشەوا لە بەکارهێنانی نفووز و دەسەڵاتی ئەمریکا بۆ گۆڕینی ئێران بۆ دێموکراسییەکی ڕاستەقینە و، پێشوازیی کوردەکان لە خۆتێهەڵقورتانی ئەمریکا لەم ڕەوتەدا کراوە. دوهێر لە ڕاپۆرتێکی دیکەش لە پازدەی ژانویە، واتە ١٥ی بەفرانباری ١٣٢٥ی هەتاوی دیسان ئاماژە بە ئەم مەسەلەیە دەکا و دەنووسێ: کوردەکان لە هۆگریی ئەمریکاییەکان لە کاروباری خۆیان پێشوازی دەکەن. ئەوپەڕی دڵخوازیی کوردەکان دێموکراسی لە چەشنی ئەمریکییە. دوهێر هەروەها لە ڕاپۆرتێک لە ١١ی ئۆکتۆبری ١٩٤٦ کە بۆ جۆرج وی ئالێن، باڵوێزی ئەمریکا لە تارانی ناردوە، لە پێوەندی لەگەڵ بەشکبوونی بەرپرسانی سۆڤییەت لە قازی محەممەد دەنووسێ: بەرپرسانی سۆڤییەت ئێستاکە بە هەڵسوکەوتی قازی محەممەد لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی زۆر گوماناوین و تەواوی ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سۆڤییەتەکان لە پشتگیریی خۆیان لە قازی پاشگەز بوونەتەوە و ڕوویان لە زێرۆبەگ کردوە.(٨)
پێشەوا لە بازنەی ململانێی وڵاتە زلهێزەکاندا سەرەڕای ئەوەی کە زۆرتر بەرەو سۆڤییەت دەشکاوە، بەڵام بەهۆی ڕاستبینیی سیاسی و قەتیس نەبوونی لە چوارچێوەیەکی تەسکی ئایدۆلۆژیک، هەوڵی دەدا لە هەر دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە ڕێگای پێوەندیی لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژئاواش کە کاریگەریی بەرچاویان لە تەواوی ڕەوتی سیاسیی دەوڵەتی ئێران هەبوو، کەلک وەربگرێ. تەنانەت ئەم حاڵەتە لە شێوەی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەوڵەتی تارانیش خۆی دەنواند و سیاسەتەکانی لە پێوەندیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوسەنگی هێزەکان لە ئاست ئێران و جیهاندا بوو. بە گشت دەتوانین بڵێن قازی محەممەد وەکو ڕێبەری حیزبی دامەزرێنەری یەکەمین کۆماری کوردستان کەسایەتیەکی ڕاستبین و پراگماتیست بوو. ئێمە ئەم چەشنە هەڵسوکەوتە لە گەڵ حکوومەتی تاران لە سێ قۆناخدا بەپێی بابەتەکانی ڕۆژنامەی کوردستان بە جووانی دەبینین:
- لە ٢٥ی گەلاوێژەوە هەتا ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی
- لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ وە هەتا ٣١ی بانەمەڕی ١٣٢٥ی هەتاوی
- لە ٣١ی بانەمەڕەوە هەتا هێرشی سپای ئێران لە ٢١ سەرماوەزی ١٣٢٥ هەتاوی بۆ ئازەربایجان و کوردستان