کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگە جیاوازەکان

13:31 - 1 خەرمانان 2720

مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگە جیاوازەکان یەکەمین خاڵ لە باسی مافەکانی مرۆڤ، کە پێویستی بە بیرهێنانەوەیە ئەوەیە، تاکەکان کە لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا دەژین سەر بە شایستەیی سیستەمی حقووقیی جۆربەجۆرن؛ کە دەسەڵاتی بەسەر پێوەندیی کۆمەڵایەتیی ئەواندا هەیە و ماف و ئەرکی ئەوان دیاری دەکا. بە نێرینێکی تر مرۆڤەکان کۆمەڵیک مافی جۆراوجۆر لە بەستێنی هەمەڕەنگیان هەیە: لە مافی کەسی بگرە هەتا مافەکانی بنەماڵە و خێزان، مافی مەدەنی و... . کام یەک لەم مافانە بۆ پلە و پایەی مافی مرۆڤ بەرز دەکرێتەوە؟ ئایا سەرجەم ئەم مافانە وەک بەشێک لە مافەکانی مرۆڤ دەژمێردرێن؟ بەدڵنیایەوە شتی وانییە، چونکە بۆ میناک، مافی هەڵوەشاندنەوەی سەودا کە بە هۆکارگەلێک بە لایەنەکانی مامەلە دراوە، وەک بەشێک لە مافی مرۆڤ ناژمێردرێ. کەوابوو مڵک و پێوەری ئەوەیکە مافێک دەکەوێتە چوارچێوەی مافەکان مرۆڤ کامانەن؟ هاسانترین بەرسڤ بۆ ئەم پرسیارە، مافەکانی مرۆڤ ئەو دەستە لەو مافانەن کە ئینسان بەهۆی مرۆڤبوون و بەدەر لە ڕەوش و دۆخی بگۆڕی کۆمەڵایەتی یان ڕادەی لێهاتوویی و شیاوی تاکی ئەو، لێێ بەهرەمەندە. وڵامە گریمانەکە بەم جۆرەیە کە زنجیرەیەک لە نۆرم و بەهاکان، بنەما و مافێک هەیە کە لایەنی جیهانیبوونی هەیە. (جیهان‌داگرە) و سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگەی جیهانیش متمانەی پێدەکەن و دانیان پێداناوە، چوونکە هەموو مرۆڤێک لەبەر ئینسان بوونی خاوەن ماف گەلێکن کە هیچ حکومەت یان کۆمەڵگەیەک ناتوانێ دانیان پێدا نەنێ. هەربۆیە لە پێناسەی مافەکانی مرۆڤ گوتوویانە: مافی مرۆڤ بە مانای هەڤیازی (امتیاز) گشتییە کە هەموو تاکێکی ئینسانی خاوەنیەتی". ئەم پێناسەیە نەک هەر کێشەکە چارەسەر ناکا بەڵکوو گرفت و ناڕوونییەکان زیاتر دەکا. بۆ میناک، کامە ماف، خودی مرۆڤانەیە و کێ ئەوە دیاری دەکا؟ لەلایەکی تر ئایا دەکرێ مرۆڤ بەشێوەی دەرهەست و ئەبستراکت، سەربەخۆ لە کۆمەڵگە و ڕەوش و دۆخی کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئابووری ژینگەی ئەو، خاوەن ئەو مافە بێ؟  بۆچوونی پشت ئەستوور بە گرینگایەتی، ئاکار و جیهان‌داگری بەشێک لە توێژەران، مافەکانی مرۆڤ وەک مافێک دادەنێن کە خاوەن "گرینگایەتی"یە، مافێک کە ئەخلاقییە و مافگەلێک کە "جیهان‌داگرە"، کاتێک کە دەڵێین، مافێک وەها گرنگایەتییەکی هەیە کە بەشێکە لە مافەکانی مرۆڤ، مەبەستی ئێمە لە گرینگایەتی چییە؟ ئایا بایەخی ناخیی ئەو مافەیە؟ بایەخ و گرنگایەتی کەرەسەیی ئەوە؟ بایەخەکەی لە کۆمەڵە و نیشان دانی مافە؟ گرنگایەتی ئەو مافە لەم سۆنگەیەوەیە کە ئیتر لەبەرچاوگرتن ناتوانێ ئەو مافە بخاتە ژێر کاریگەریی خۆی؟ یان گرینگایەتییەکەی وەک کۆڵەکەیەکی پێکهاتەیی (ساختاری) لە سیستەمی ژیان بەختەوەر دەبێ؟ پەسنەکانی "ئاکاری" و "جیهان‌داگری"یش وشەگەلی تێک چڕژاون. چ شتێک دەبێتە هۆکاری ئەوەیکە مافێکی تایبەت، جیهان‌داگر، ئاکاری و گرنگی لێ بێ، کێ لەم بوارەیەوە بڕیار دەدا؟ بەڵام هیچکام لەم لێڵی و شاراوەییانە نابێتە هۆی شک و گومان تێخستن بۆ هەبوونی زنجیرەیەک ماف کە بۆ هەموو مرۆڤێک پێویست و زەروورییە. ئەوەیکە دیاروبەرچاوە، ژیانی تاکی ئینسانی لە چاخی ئاڵۆز و تێکچندراوی ئەمڕۆ، بەبێ هەبوونی ئەو مافانە جێبەجێ نابێ و سەرناگرێ، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە وڵامی زۆرێک لەو پرسیارانە و ناڕوونیانە بۆ چۆنیەتی بناخەی پاساوکاری فەلسەفی دەگەڕێتەوە. ئاخێزگەی مافی مرۆڤ پێشتر گوتمان کە "مافی مرۆڤ" زاراوەیەکی نوێیە، کەوابوو بە دڵنیایەوە دەتوانین بڵێین ئەم دەستەواژەیە لە ئۆلە نەریتی و ناسراوەکاندا نەبووە، بەم حاڵەش، تیۆلۆژی (الاهیات) ڕوانینێکی بۆ مافەکانی مرۆڤ هەیە کە لە ڕێسایەک سەرتر لە یاسای حکومەتەکان سەرچاوە دەگرێ، ئەویش سەرکانی خوایە. ئۆل، مەزنترین ئاخێزگە لە شرۆڤەی بناخەیی بوونی دین لە بۆچوونی مافەکانی مرۆڤ دەتوانین بڵێین لە هەموو ئایینەکان، مرۆڤ بوونەوەرێکی پڕبایەخ، مەزن و بە جۆرێک پیرۆز دێتە ناسین. لە ڕۆژگاری کەون (عهد عتیق) هاتوە کە، ئادەم لە "ئادگاری خوا" گووراوە و ئەمە یانی مرۆڤی بوونەوەر، مۆرکێکی خوایی لە نێوچاوان و تەوێڵی دراوە کە بایەخ و نرخی گەلێک گرانە. قورئانیش لەم بارەیەوە دەفەرموێ: "ئێمە بەڕاستی، مەزنایەتیمان بە مناڵەکانی ئادەم بەخشی". (ئایەتی٧٠ لە سووڕەتی ئەسرا). لە حیماسەی بێهاگاوادگیتا"ش (گرنگترین و ڕمزاویترین بەشی حیماسەتی هیندی ناسراو بە "ماهابهاراتا") هاتوە: "هەرکەس خواوەندی خۆی لە ناخی بوونەوەرێکی دیکەدا ببینێ کە بەبێ مەرگ و مردن لە نێو جیهانی لەنێوچووندا (فانی) بژی؛ هەر ئەوەیە کە بە حەقیقەت بینیویەتی." بۆچوونی هەموو دینەکان ئاوایە کە خوا مرۆڤی خەلق کردوە، بەشداری لە خوڵقاندن و ئافراندن، بەجیهانی بوونی بەشێک لە مافەکان کە بۆ سەرچاوەیەکی بانخۆزاو سەرچاوە دەگرێ دەگەڕێتەوە. ئەم مافانە ناتوانن بە هێزێکی داکشان یان بەرەونەمان هەروەها هێزی دنیایی، لە مرۆڤەکانی بستێنییەوە، ئەم چەمکە لە نەریتی جوولەکە، کریستیان و ئیسلام ژی یان تەنانەت لە ئۆلەکانی تریش کە خوا کۆڵەکە و بناخەیە دەبینرێ.