کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر گەشەکردنی هەستی نەتەوەیی

13:29 - 1 خەرمانان 2720

ئەگەر بمانهەوێ ئەم باسە شی بکەینەوە وا باشە لەو ڕستەیەوە دەست پێ بکەین کە دەڵێن: "دروست‌بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێویستییەکی مێژوویی بوو"، ئەوە تەنیا دەربڕینێکی سادە نییە بەڵکوو ئەنجامی لێکدانەوەیەکی دروستە لەو هەلومەرجەی حیزبی دێموکراتی تێدا دروست بوو و لە هەمان کاتدا دەرخەری کاریگەریی ئەم حیزبە لە قۆستنەوەی هەلومەرجەکە بە قازانجی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد. با بزانین بۆچی پێک‌هێنانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێویستیی مێژوویی بووە و چۆن کاریگەریی هەبووە لە سەر گەشەی هەستی نەتەوەیی. ١- ئەو سەردەمەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بوونی خۆی لەسەر بنەمای کۆمەڵەی ژێکاڤ ڕاگەیاند و بە کردار هاتە مەیدانی سیاسیی کوردستان، سەردەمێک بوو کە دەسەڵاتی قاجار ماوەی نزیک بە ٢٠ ساڵ بوو بۆ پەهلەوی بە بیرێکی نوێ‌ترەوە گۆڕابوو. ڕێژیمی نوێ سیاسەتەکانی لە ڕاستای پێک‌هێنانی دەوڵەت-نەتەوە لەسەر بنەمای سڕینەوەی نەتەوەکانی دیکەی ئێران دانابوو و، ئەوە هۆکارێکی بەهێز بوو کە کەلێن بکەوێتە نێو دەسەڵاتی ناوەندی لەگەڵ گەلانی پێک‌هێنەری ئێران. قووڵ‌بوونەوەی ئەو کەلێنە و پارێزگاری لە شوناسی نەتەوەیی و لە هەمان کاتدا کارکردن بۆ وەدست هێنانەوەی مافە نەتەواتییەکان، پێویستی بە سازمان دان و ڕێک‌خستنێک هەبوو کە کاریگەریی هەبێ لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان و ئەو پێویستییە خۆی لە پێک‌هێنانی ڕێکخراوەیەکی سەردەمییانە لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا دیتەوە. واتە دامەزرانی ئەم حیزبە لەگەڵ پێویستییەکەی، پەرچەکردارێک بوو بەرامبەر بە هێژمۆنیی دەسەڵاتی ناوەند. بۆیە دەتوانین بڵێین دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەردەمدا نوختە گۆڕانێکی بەهێزە لە چۆنیەتیی پارێزگاریی شوناسی نەتەوەیی. ئەم حیزبە لە ماوەیەکی کورتدا توانی ساختارێکی دەوڵەتداری -هەرچەند لە ناوچەیەکی بەرتەسکدا- لەژێر ناوی کۆماری کوردستان دا بمەزرێنێ، بەڵام ناوبانگی وای کرد زۆر زوو ببێتە ڕوانگە و جێگای ئومێدی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان. هەر بۆیە دەتوانین بەشانازییەوە بڵێین لە مێژووی هاوچەرخماندا گوتاری حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە یەکەم گوتاری نەتەوەیی و دەسپێکی خەباتێکی هەمەلایەنەی نەتەوەیی دا دەندرێ. ٢- لەو سەردەمەدا دەنگی جووڵانەوە ئازادی‌خوازییەکانی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان سەرکوت کرابوون و، ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تاکی کورد دا نابوو. بۆیە سەر هەڵ‌دانی حیزبی دێموکرات لەو هەلومەرجەدا زۆر بە خێرایی لە نێو دڵی هەموو ئازدی‌خوازانی کوردستانی گەورەدا جێی خۆی کردەوە و، هەر زوو بیر و ئەندێشەی ئەم حیزبە بوو بە نموونە و وێنەیەکی کاریگەر لە پارچەکانی دیکەی کوردستان. بۆ زیاتر نیشان دانی کاریگەریی حیزبی دێموکرات لەم بارەوە، لە پێشدا پێناسەیەکمان بۆ چەمکی نەتەوە هەبێ. لە پێناسەیەکی گشتییدا، نەتەوە بەو دەستە لە مرۆڤەکان دەگوترێ کە خاوەنی خاک، زمان، کولتوور ومێژووی هاوبەشن. بە پێی ئەو پێناسەیە گەلی کورد یەک نەتەوەیە و حیزبی دێموکراتی کوردستانیش بەو تێڕوانینە ڕوانیویەتی بۆ پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و، لە یەکەم بەیاننامەی حیزبدا خۆی وەک حیزبێکی نەتەوەیی دەناسێنێ و داوا لە خەڵکی کوردستان دەکا لە پێناوی بەدی‌هێنانی مافی ڕەوای نەتەوایەتییدا لە دەوری حیزب کۆ ببنەوە و فیداکاری بنوێنن. ئەو تێڕاونینە دوای تێ‌پەڕبوونی ٧٥ ساڵ، ئێستاش لە بەرنامەی حیزبدا لە فەسڵی شەشەم (پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٧)دا ڕەنگی داوەتەوە: "گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و کورد لە هەر شوێنێک بێت، بە ئەندامی یەک نەتەوە دەناسێ." لە هەمان کاتدا لە پێشەکیی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبدا، دابەش‌کردنی کوردستان دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و بێ‌بەش‌کردنی نەتەوەی کورد لە بوون بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە غەدرێکی مێژوویی و هۆکاری هەموو خوێن‌ڕشتنەکانی ئەم ناوچەیە دەزانێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لەسەرەتای دامەزرانیەوە بایەخی داوە بە پاراستنی خاکی کوردستان و هەوڵی داوە هەستی خۆشەویستیی خاک لە ناخی تاکی کورددا بە چەشنێک جێگیر بکا کە بۆ پاراستنی ئەو خاکە گیانی خۆی بەخت بکا (شانۆی دایکی نیشتمان لە سەردەمی کۆماری کوردستان). وێڕای گرینگی دان بە پاراستنی خاک، بایەخ بە زمانی کوردی وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی شوناسی نەتەوەیی دراوە، هەر بۆیە لە یەکەم هەنگاودا لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانەی کوردی، زمانی فەرمیی کۆمار لە ئیدارەکان و بلاڤۆکەکاندا کوردی بوو. حێزبی دێموکرات لەم ڕێگایەوە جگە لەوە ویستوویەتی کورد وەک نەتەوە لە نەتەوەی فارس جیا بکاتەوە، هەوڵی داوە زمانێکی ستانداردیش لە ڕێی دەسەڵات و ئیلزامی‌کردنی خۆیندن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کورد دروست بکا. هەروەها لەم پێوەندییەدا ڕا دەگەیەندرێ خوتبەی نوێژی هەینی بە کوردی بێ، ئەم هەوڵانە تەنیا تایبەت بە سەردەمی کۆمار نەبوو. لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، حیزبی دێموکرات کتێبی دەرسیی کوردیی چاپ کرد و مامۆستایانی شۆڕشی بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان دیاری کرد. ئەگەر لە قۆناغی کۆماری کوردستان تێ‌پەڕین کە حیزبی دێموکراتی کوردستان خولقێنەریەتی و ڕێبەرانی سەریان لەسەر ئامانجەکانی دانا، دەبینین دوای نەمانی کۆماریش، خەڵکی کوردستان بە پیر بانگەوازەکانی حیزبی دێموکراتەوە چوون و هەر زوو توانیویەتی بە پشتیوانیی خەڵک خۆی بگرێتەوە و دەست بە خەبات بکاتەوە. حیزبی دێموکرات لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە وەک دوژمنێکی سەرەکی سەیر کراوە و، هەوڵی لە نێو بردنی دراوە بەڵام هەر لە خەباتی خۆی بەردەوام بووە و؛ بە پاڵ‌پشتیی خەڵکی کوردستان چووەتە ئاستێکی بەربڵاوتریش و ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ویست و داواکاریی ئەم حیزبە هەمان ویست و داوای خەڵکەکەیەتی. جووڵانەوەی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ـی هەتاوی دەتوانێ نموونەیەکی دیکە بێ لە دژکردەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سیاسەتی تواندنەوەی کورد. ڕاستە ئەو جووڵانەوەیە تەنیا ١٨ مانگی خایاند، بەڵام کاریگەرییەکەی وەک تەکانێکی دیکەیە لە دوای کۆمار بۆ زیاتر پەرەگرتنی هەستی نەتەوایەتی و ئاشنابوونی تاکی کورد بە مافەکانی. لە بەرەبەری کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی پاشایەتی، حیزبی دێموکرات لە ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ـدا دوای چەندین ساڵ خەباتی نهێنی و ئاوارەیی تێکۆشانی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند، لە دوای ئەوە هێزی حیزبی دێموکرات لە کۆمەڵگەی کوردەوارییدا خۆی نواند و وەک یەکەم هێزی سیاسی، ڕێبەریی وەدەست خستنی مافەکانی خەڵکی کوردستانی کەوتە سەر شان و لەگەڵ ئەوەی دەبوو لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ بکەوێتە وتووێژەوە، لە کوردستانیش ئیدارەی بەشێکی بەرچاو لەم ناوچەیەی وە ئەستۆ گرتبوو. حیزبی دێموکرات لەو هەلومەرجەدا بە هەموو توانای خۆیەوە تێ دەکۆشا کە کوردستان تووشی شەڕ و ماڵ‌وێرانی نەبێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە، دوو سیاسەتی کوردستانی بوون و ئێرانی بوونی پێکەوە پێڕەو کردوە و بە ڕادەی پێویست هەوڵی داوە گرینگی بە دووکیان بدا. فەلسەفەی وجوودیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای کوردستانی بوون دامەزراوە، بەڵام بە دەرکی ئەو ڕاستییە کە خاکی کوردستان بێ‌ڕەزایەتی کوردان دابەش بووە، بەڵام بە ڕەچاو کردنی هەلومەرجی ناوچەیی، سیاسی و ئابووریی کوردستان؛ باش‌ترین ڕێگا چارەی پرسی کوردی لە بەشە جیاجیاکاندا زانیوە. بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی ٧٥ ساڵی ڕابردوودا پشتیوانیی ماددی و مەعنەویی خۆی لە بەشەکانی تری کوردستان درێغ نەکردوە و دەتوانین بە کورتی بڵێین بە هەر جۆرێک کە بۆی لوابێ لە بچووک‌ترین خۆشی و ناخۆشییەکانیاندا بەشدار بووە. لە هەمان کاتدا هەوڵی داوە وزە و هێزی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران.  

کۆمەڵێک لە دەسکەوتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە کورتی:

- دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پێک‌هێنانی کۆماری کوردستان لەسەر دەستی ئەو حیزبە بێجگە لەوە دەسکەوتێکی سیاسیی گرینگی جووڵانەوەی ڕزگاری‌خوازیی کورد بوو، لە هەمان کاتدا نیشان‌دەری گەشەی بیری ناسیۆنالیزمی کوردییش بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. - بەشداریی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان بە تایبەتی باشووری کوردستان لە کۆماری کوردستان و ڕۆڵ‌گێڕانیان لە ئیدارەی کوردستاندا، یەکێکی دیکە لە نیشانەکانی پەرەئەستاندنی هەستی نەتەوایەتیی گەلی کورد لەژێر کاریگەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. - حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە بایەخی زۆری داوە بە دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە و خوێندن بە زمانی کوردی بۆ توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بۆ نموونە: گۆڤاری هاواری نیشتمان بڵاوکراوەی بیری لاوان بوو، گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵان تایبەت کرابوو بە منداڵان (لای چەپی ئەو گۆڤارە نووسراوە بژی کورد و کوردستانی مەزن) و، گۆڤاری کوردستان کە لە دواییدا گۆڕا بۆ ڕۆژنامەی کوردستان، بڵاوکراوەی بیری حیزبی دێموکرات بوو و ئێستاش بەردەوامە. - پێک‌هاتنی حیزبی دێموکرات لەو سەردەمدا هۆکارێکی گرینگ بوو بۆ ئاشت‌کردنەوەی کۆمەڵگەی کوردەواری لەگەڵ یەکتر و لاوازبوونی ئینتیمای عەشیرەیی و خێڵەکی و بەهێزبوونی ئینتیمای نەتەوەیی. بە واتایەکی دیکە حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ یەکەم جار توانی عەشیرە و خێڵ و تایەفەکان لە دەوری کورد بوون کۆ بکاتەوە. - حیزبی دێموکراتی کوردستان لە فاکتەری هێزی چەکدار لە سەرەتای دامەزرانییەوە هەتا ئەمڕۆی لەگەڵدا بێ قەت غافڵ نەبووە، بە دوو هۆکار: یەکەم، بەرگری لە خاک و نیشتمان و دەسکەوتەکانی گەلی کورد. دووهەم، هێزی چەکدار فاکتەرێکی گرینگە لە پێک‌هێنانی کولتووری نەتەوەیی. سپای میللی لە گەشەی هەستی نەتەوایەتی و هۆگریی نیشتمانییدا لە نێو تاکەکانی کۆمەڵ ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێ. - حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ جیاکردنەوەی گەلی کورد لە گەلانی دیکە هەوڵی دا کوردیش بکاتە خاوەنی هێمای تایبەت بە خۆی، بۆیە بەم مەبەستە پێش لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، ئاڵای کوردستان (٢٦ـی سەرماوەزی ١٣٢٤) بۆ یەکەم جار بە ڕەسمی و لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بەرز دەکاتەوە و، لە ڕاستییدا ئەو ئاڵایە تەنیا ئاڵای حیزبی دێموکرات یا کۆماری کوردستان نەبوو بەڵکوو ئاڵای نەتەوایەتیی نەتەوەی کورد بوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان کە پێشتر لە کۆبوونەوەی ناسراو بە کۆبوونەوەی سێ سنوور لە نێوان نوێنەرانی ( کۆمەڵەی ژێکاف، حیزبی هیوا و نوێنەرانی کوردەکانی تورکیە و سووریە) بڕیاری لە سەر درابوو، کە ئێستاش لە باشووری کوردستان ئاڵای فەرمیی حکوومەتی هەرێمە. - حیزبی دێموکرات شێعری ئەی ڕەقیبی کردە سروودی نیشتمانی و ئێستا پاش ٧٥ ساڵ ئەو سروودە بۆتە سروودی نەتەوایەتیی گەلی کورد و، لە زۆربەی کوردستانی گەورەدا لە بۆنە و ڕێوڕەسمە سیاسی و نەتەوەییەکاندا هەم ئاڵا هەڵ‌ دەدرێ و هەم سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب دەخوێندرێ. - لە میژووی سەد ساڵی ڕابردوودا دەتوانین بە شانازییەوە بڵێین کە حیزبی دێموکراتی کوردستان نیشانەیەکی بەهێز بووە بۆ پێناسە کردنی خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەگەر حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی ئەو ٧٥ ساڵەدا بە هۆکاری جیاواز نەی‌توانیوە خەباتی ڕزگاری‌خوازیی نەتەوەیی بگەیەنێتە لووتکەی سەرکەوتن، بەڵام لە درێژەدانی خەبات پشوودرێژ بووە و هەر ئەو پشوودرێژییە لە درێژە پێ‌دان بە خەبات هۆکارێکی گرینگ بووە. - حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای ئەم هەمووە ساڵە ئێستاش هەر لەسەر ئەو ڕێبازەیە کە لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد بونیاد نرا و د. قاسملوو گەشەی پێ دا و د. شەرەفکەندی درێژەدەری بوو. گوتاری حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێستاش پێ‌داگری دەکا لە سەر یەکیەتیی نەتەوەیی، دانی سەنگ و قورسایی بە خەباتی مەدەنی، باوەڕمەند بوون بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد، ئامادە بوون بۆ پاریزگاری لە سەروەرییە نیشتمانییەکان، هان‌ دانی خەڵک بۆ پاریزگاری لە ژینگە و کولتوور و فەرهەنگی نەتەوەیی، بە کورتی هەر بابەتێک و ڕێکارێک کە بتوانێ هەست و سۆزی نەتەوایەتی پەرە پێ‌بدا و تاکی کورد لە ڕاستای بەرەو پێش چوونی خەبات بۆ وەدەست‌هێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی یەکگرتوو بکا، حیزبی دێموکراتی کوردستان پشتیوانی و پشتگیریی دەکا.