کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و ئاشتی و پڕەنسیپە جیهانگیرەکان لە کولتووری سیاسیی حیزبی دێموکراتدا

13:26 - 1 خەرمانان 2720

لە مەرامنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا زۆر بەڕوونی ئامانج و خولیا و، هاوکات پلان و بەرنامەکانی دامەزرێنەرانی ئەم حیزبە فۆرمولە کراون. لەم مەرامنامەیەدا وەدیهێنانی مافەکانی کورد و پارێزگاری کردن لەو مافانە بە ئامانجی بنەڕەتیی حیزبی دێموکرات داندراوە. لەو مەرامنامەیەدا زۆر بەڕوونی  هاتوە کە حیزب هیچ دوژمنایەتی و ناکۆکییەکی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی نییە و دەخوازێ لە ڕێگەی هێمنانەوە مافە سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە ئێراندا وەدی بێن و دێموکراسی هەم لە کوردستان و هەم لە ئێراندا سەقامگیر ببێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە درێژایی مێژووی خۆی ئەم پڕەنسیپە پێشکەوتووانەیەی ئاوێتە بە باوەڕی بەرگری لە ناسنامەی نەتەوایەتی لەبەرامبەر هەر مەترسی و هەڕەشەیەک کردوە. "هێمن"، شاعیری میللیی کۆماری کوردستان و ئەندامی پێشووی ڕێبەریی ئەم حیزبە ڕاست لە کاتێکدا کە سوپای جەهل و تاریکی هێرشی هێناوەتە سەر کوردستان و خۆی گوتەنی "قەڵتوبڕی خستە سنە"،  بەمجۆرە ئەم پرەنسیپەی حیزب لەتوێی شێعرێکدا دادەڕێژێ: "لاشەڕم، کوا بەدفەڕم، ئەمما لەسەر مافی ڕەوام دەست و چەک، ئیمان و هیوا و هەستی ئاورینم دەوێ  بۆ نەجاتی ئەم گەلە کۆیلە و هەژار و بێکەسە گیانی پاک و بیری تیژ و ڕێگە ناسینم دەوێ ئارەزوومە هەرچی ئینسانە بەئازادی بژی چۆن گەلی داماو و دیل و مات و خەمگینم دەوێ؟" حیزبی دێموكراتی كوردستان هەر لە بەردی بناغەوە، سیاسه‌ته‌كانی خۆی له‌سه‌ر بنەمای چەند پرسێکی جەوهەری دانا، وەک خەبات و تێکۆشان لەپێناو مافی نەتەوایەتی، داکۆکی لە دێموکراسی، پێکەوەژیانی هێمنانە و لەسەروودا بوونی بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵک لە هەر حاڵەت و بارودۆخێکدا. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی ٧٥ ساڵ تەمەنی خۆیدا ئێستاش پێوانه‌ی سەرەکیی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانە به‌تایبه‌تیی. لە هەموو ئەو ماوەیەدا حیزبی دێموكڕاتی كوردستان هه‌ر ده‌رفه‌تێكی قۆستۆتەوە كه‌ به‌ قازانجی نه‌ته‌وه‌ی كورد بووە و لە هەموو هاوکێشە و پێوەندییەکانی لەگەڵ هێزە کوردستانی، ئێرانی، ناوچەیی و جیهانییەکانیشدا پرسی كورد و بەرژەوەندییەکانی دەوری بنەڕەتیی گێڕاوە. باوەڕ بە وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێران و پڕەنسیپ و بایەخە مرۆییە جیهانییەکان لە ڕەوتی خەبات لەدژی دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامییدا تێچووی زۆر قورسی بۆ حیزب بووە. لە ئێعدام‌کرانی پێشەوای دامەزرێنەری، لە تێرۆری ڕێبەرانی شوێندانەری، لە کۆمەڵکوژیی خەڵکەکەی و شەهید بوونی هەزاران پێشمەرگەی جەنگاوەری؛ بەڵام ئەم حیزبە لە هیچ بڕگەیەکی مێژووی بریندار و خوێناویی خۆیدا قەت نەیویست تیڕۆڕ به‌ تیڕۆڕ وەڵام بداتەوە، زیندانییەک بخاتە ژێر ئەشکەنجەوە و، دیلێکی شەڕ ئێعدام بکا. حیزبی دێموكڕاتی كوردستان بە مووشەک لێی درا، بەڵام وازی له‌ پرەنسیپی ڕێگاچاره‌ی ئاشتیخوازانه‌ بۆ پرسی كورد له‌ ئێران نەهێنا و نەیهێشت ڕێژیم باوەڕ بە بایەخ و مەرامە جیهانگیرەکانی لەدەست دەربێنێ. حیزبی دێموکرات ئەگەر لەسەر  بنەمای جەوهەری باوەڕەکانی -بەرژەوەندیی گشتیی خەڵک و چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد- هەر کاتیک هەلی وتووێژ ڕه‌خساوه‌، بە دانوستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندی هەوڵی داوە مافەکانی خه‌ڵکی کورستان دەستەبەر بن و شەڕ و نائارامی و ماڵوێرانی لە خەڵک دوور خاتەوە. بەڵام هەرکات دەسەڵات ویستوویه‌تی به‌ زه‌بری هێز کوردستان داگیر و خه‌ڵك سه‌رکوت بکا، به‌ خەباتی پێشمه‌رگانە‌ و بەرگریی چەکدارانە داکۆکیی لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان کردوە و بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی خه‌ڵكی کوردستانی به‌هێز و، مەتەرێزی به‌رگری لە خاک و نیشتمانی ئاوەدان ڕاگرتوە. هاوکات زەبری وەهای لە دوژمن داوە کە تاساوە، بۆ نموونە خومەینی بەر لەوەی جامە ژارە بەناوبانگەکەی لە ساڵی 67ی هەتاویدا هەڵ‌بدا، ئەم جامە ژارەی لە هاوینی ٥٨ دا و لە شەڕی سێ مانگە و لە سۆنگەی ئازایەتیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا فڕ کردبوو. شانازییەکانی ئەم حیزبە لە رەوتی بەرگریی ڕەوای‌ و قۆناغەکانی مێژووی خوێناوییدا گەلێک زۆرن. حیزبی دێموکرات پێشتر و لە ساڵەکانی ٤٦ و٤٧دا بە فیداکاری و لەخۆبوردوویی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی، گۆمی مەندی دەسەڵاتدارەتیی پاشایەتیی ئیران شڵەقاندبوو. ئەم حیزبە لە سەر یەک ٣٣ ساڵ خەباتی بێوچان بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی تۆمار کردبوو کە بە نرخی ئێعدامی ڕێبەرانی و زیندان و ئەشکنجە و ئاوارەیی و دوورەوڵاتیی کادر و پێشمەرگە و ئەندامەکانی وەسەر یەکی نابوو. حیزبی دێموکرات دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و لە کاتێکدا بە سیاسەتی واقعبینانە و هەڵوێستە ڕوون و بوێرەکانی بەشداریی چالاکانەی لە ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتیدا کردبوو، بە نیازپاکییەوە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ لە ناوەند کەوتە مامەڵەوە. حیزبی دێموکرات کە هەرچەند مانگ دوای ئاشکراکردنەوەی تێکۆشانی لە نێوخۆی وڵات لە حیزێکی سەدان کەسییەوە ببووە خاوەنی هەزاران پێشمەرگە و سەدان هەزار ئەندام و لایەنگر لە کوردستاندا، بەنیسبەت چارەنووسی خەڵکی کوردستانەوە ئەرک و بەرپرسایەتییەکی زۆری لەسەر شانی خۆی هەست پێ‌دەکرد. هاوکات کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش هەر هەمان چاوەڕوانییان لە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بوو. حیزبی دێموکرات سەرەتا پێی‌وابوو ڕێژیمی نوێ کە بەرهەمی ڕاپەڕین و فیداکاری و خوێندانی خەڵکی ئێران دژی رێژیمێکی سەرکوتگەر و داپڵۆسێنەرە، بێ‌شک دان بە مافەکانی گەلی کورد کە خەباتێکی دوورودرێژی لەدژی رێژیمی پاشایەتی کردوە و دەیان ساڵ بە دەستی ئەم ڕێژیمە غەددارەوە چەوساوەتەوە، دادەنێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کە بەهۆی تیژبینیی ڕێبەرانی حیزبەوە زۆر زوو جەوهەری ئینتیما و بیرکردنەوەکانی ڕێژیمی بۆ دەرکەوتبوو و ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامیی بایکۆت کردبوو؛ بەڵام دیسانەکەش هەموو هەوڵی ئەوە بوو بە سیاسەتی سازان و مەدارا پێش بە هەڵگیرسانی شەڕ لە کوردستان بگرێ و لە کەشێکی سیاسی و ناتوندوتیژدا بۆ مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لە ئێرانی نوێدا تێ‌بکۆشێ. هەڵبەت سیاسەتی وتووێژ وەک پڕەنسیپێک زۆر پێشتر لەو سەردەمە و لە کاتی کۆماری کوردستاندا لە حیزبی دێموکرات و لای ڕێبەرانی ئەم حیزبە نهادینە بوو، وەک چۆن کاتی خۆی پێشەوای شەهید چەند جار سەردانی تاران کرد و لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیمی پاشایەتی کەوتبووە دانوستانەوە، بۆوەی ناکۆکییەکان دوور گرژی و شەڕ و لێکدان چارەسەر بن. لەو بارودۆخەشدا حیزبی دێموکرات لە ڕێگەی سەردان و ناردنی شاندی دانوستانکار، لە ڕێگەی نووسینی نامەی سەرئاوەڵا و نامەی نهێنی بۆ کاربەدەستانی ڕێژیمی نوێ، هەموو هەوڵی ئەوە بوو ڕێگە لە ڕوودانی شەڕ و میلیتاریزە کردنی کوردستان بگرێ، تا ئەو ڕادەیەی کە د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری چەپ و مارکسیستی حیزب "لبیک" بۆ خومەینی، ڕێبەری ئایینی و دوگمی ڕێژیم بنێرێ. یان تا ئەو جێیە لە مەدارا و ددان بە جەرگداگرتن بۆ دوورخستنەوەی شەڕ لە کوردستان چووە پێش کە لەلایەن هیندێک ڕێکخراوە سیاسیی کەم‌ئەزموونی کرچ‌وکاڵەوە بە "سازشکار"ی دابندرێ و دروشمی "بمرێ"ی لەدژی بەرز بکرێتەوە! بەڵام کاتێک شەڕ دەرگای بە کوردستان گرت و زۆر لەو ڕێکخراوانەی هەتا پێش ئەوە حیزبی دێموکراتیان بە سازشکار دەزانی و خەڵکیان بۆ ڕاپەڕین و شەڕ لەدژی ڕێژیم هان دەدا لەپڕ لە مەیداندا نەمان، ئەمە دیسان حیزبی دێموکرات بوو کە باری قورسی بەرگریی چەکداری لە پێناو پاراستنی مان و شوناسی کورد لە ئێرانی گرتە ئەستۆ. تەنانەت لەو کاتەشدا کە بست بە بست و شوێن‌شوێنی کوردستان مەیدانی بەرگری و خۆڕاگریی ئازایانەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوو، دیسان ڕێبەریی حیزب وازی لە پرەنسیپی وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکانی نێوان کورد و ناوەند نەهێنا. بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی چواری حیزبی دێموکرات ئاوێنەی باڵانوێنی هەموو ئەم ڕاستییانەن کە پڕەنسیپ و بایەخەکانی خەباتی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ مافی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە ئێران و سیاسەت و هەڵوێست و شێوەی ڕەفتاری حیزب بەنیسبەت دەسەڵاتی ناوەند دەردەخەن. وەک لە بەڵگەنامەکانی دیکەی حیزب لە کۆنگرەکانی دواتریشدا دەردەکەوێ، حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرەڕای تێگەیشتن و باوەڕی قووڵی بەوەی کەمترین مافەکانی گەلی کورد لە چوارچیوەی ئەم ڕێژیمەدا وەدی نایەن؛ بەڵام چونکی وتووێژ وەک ڕەهەندێک لە خەباتی سیاسیی کورددا دەبینێ، ئەو مافە بە خۆی دەدا لە کاتی گونجاو و لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلی کورددا لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندەی بکەوێتە دانوستانەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دەستیشی بۆ چەک برد، بەرگریی چەکدارانەی ئەگەر لەلایەک لەپێناو وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد و دیفاع لە کەرامەت و هۆوییەتی گەل بوو، هاوکات چەکێک بوو بە مەبەستی ناچارکردنی ڕێژیم بۆ وتووێژ. بە واتایەکی دی "شەڕ"یشی هەر بۆ "ئاشتی" کردوە. وەک چۆن د. قاسملوو لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی ٥ دا بەڕوونی دەڵێ: "شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە شەرە بۆ دیفاع لە ئازادی، شەڕە لە پێناو مافێکی ڕەوادا و دواجار شەڕە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی سەربەرزانە." ئەم شەڕە (لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران) کە تا ئێستاش لە فۆڕم و شێوەی جۆراوجۆردا درێژەی هەیە، تێچووی قورسی بۆ حیزبی دێموکرات بووە. لە ڕەوتی ئەم شەڕەدا زیاتر لە ٥ هەزار پێشمەرگەی حیزب لە مەیدانی ڕاستەوخۆی بەرەنگاریدا شەهید بوون. جێی سەرنج ئەوە کە لە نێو شەهیدەکاندا ٤٤ کەسیان ئەندامی ڕێبەری و ٣٦ کەسیان لە فەرماندەرانی هێزەکانی پێشمەرگە و ١٦٠ کەسیان فەرماندەر و جێگری لک و زیاتر لە ٤٥٠ شەهیدیان کادری سیاسی بوون. بەو مانایە کە هیچ حیزبێکی کوردی نییە ئەوەندە ڕێبەر و کەسایەتیی ئاست‌بەرزی لە مەیدانی ڕاستەوخۆی بەرەنگاری لەگەڵ ڕێژیمدا لەدەست دابێ. لە لایەکی دیکەوە زیاتر لە ٣٦٠ ئەندامی ئەم حیزبە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە دار دراون، و زیاتر لە ٣٢٠ کادر و پێشمەرگەی حیزب لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات تێرۆر کراون. بەڵام لەگەڵ ئەم هەمووە خەسارە گیانییە قورسەدا، حیزبی دێموکرات ئێعدامی بە ئێعدام و تێرۆری بە تێرۆر وەڵام نەداوەتەوە. پێچەوانە لە ڕەوتی بەرگریی چەکداریی حیزبدا بە هەزاران دیلی شەڕی ئازاد کردوە. ئەم حیزبە لەگەڵ ئەوەی قوربانیی سەرەکیی دەستی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بووە، لەگەڵ ئەوەدا کە خاوەنی تۆکمەترین هێزی نیزامی و پێشمەرگە لە کوردستان بووە، بەڵام نەک هەر دەستی بۆ کردەوەی هاوشێوە لە دژی ڕێژیم نەبردوە؛ بەڵکوو ئەم کردەوەیەی لە هەر فۆڕم و شکلێک و لە هەر شوێنێکی دنیا و بۆ هەر مەبەستێکیش کرابێ، مەحکووم کردوە. ئەمەش لە خەباتی ڕەوای گەلی کورد و ئەو ژێرخانە فیکرییە دەوڵەمەندەوە سەرچاوە دەگرێ کە ڕێبەرانی ئاست بەرزی حیزب وەک سامانێکی مەعنەوەی بۆ جووڵانەوەی کورد چێ‌یان کردوە. وەک چۆن د. قاسملووی نەمر لەو پێوەندییەدا دەڵێ: "ئەم بزووتنەوانەی بە ڕێگای دێموکراتیدا دەڕۆن و لایەنگری و پشتیوانیی خەڵکیان لەگەڵە، پێویستییەکیان بە پەنابردن بۆ تێرۆر نییە [...] تێرۆریزم سیاسەتی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامییە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەم ڕێژیمە بەرامبەر بە داوای ڕەوای خەڵک هیچ وەڵامێکی پێ نییە جیا لە سەرکوت". وەک لە دێڕەکانی پێشوودا بە کورتی باس کرا، حیزبی دیموکراتی کوردستان هیچ هەل و دەرفەتێکی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێران لە کیس نەداوە، بەڵام ئەوە دەسەڵاتدارانی رێژیم بوون کە قەت گوێیان بە نیازپاکیی حیزبی دێموکرات نەبزووت.  ئەمەش وایکرد کە ئەم حیزبە ناچار بێ لە فۆڕمەکانی دیکەی خەباتدا بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان بەردەوام بێ. بەڵام ئەم حیزبە نەیدەتوانی ماوەی پتر لە حەوت دەیە لەو مەیدانەدا بمێنێتەوە ئەگەر پشتیوانیی هەموو چین و توێژەکانی کوردستانی لەگەڵ نەبا. ئەم خەڵکەی کە لەگەڵ ئەوەدا زۆرترین فشار و توندوتیژی و سەرکوتی خوێناویی ڕێژیمیان لەسەر بووە، بەڵام پشتی حیزبەکەی خۆیان چۆڵ نەکردوە. هۆکاری ئەمەش بۆ باوەڕی قووڵ و متمانەیەی خەڵک بۆ حیزبی دێموکرات و سیاسەتە واقعبینانەکانی دەگەڕێتەوە. ئەم حیزبەی کە ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ باوه‌ڕی به ‌مافی دیاریکردنی چاره‌نووس بووە‌ بەڵام، ژیرانە و بەپرسانە هه‌لومه‌رجی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌ڵسه‌نگاندوه ‌و سیاسەت و دروشمەکانی لاقیان لەسەر عەرز بووە. حیزبێک کە بایەخی بە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵ داوە و تێکۆشانی فیکری‌ و سیاسی ‌و کۆمه‌ڵایه‌تیی هەموو جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵگەی وەک سەرمایەی بەنرخی خەبات و تێکۆشان سەیر کردوە. لە گشتییەتی خۆیدا ئەمەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کردووەتە حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک هەر بەتەنیا باوەڕی ئەم حیزبە بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد هاوکات لەگەڵ مانەوە لە سەنگەری خەباتی بەرگری و چەکداری بۆ بەخاوەن‌کردنی پرسی کورد و پشتیوانیی هەمەلایەنە لە خەڵکی کوردستان نییە؛ بەڵکوو بۆ کۆمەڵێک دەسکەوت و پڕەنسیپی بەنرخی دیکەی ئەم حیزبە دەگەڕێتەوە. وەک ئەوەی گرینگترین ڕووداوی مێژووی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی کورد، واتە دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م حیزبه‌ پێک‌هاتوه و پێشەواکەی لەو پێناوەدا سەری چۆتە سەر دار. وەک خەڵکی‌بوون و لەپێناو خەڵکدا تێکۆشان لە هەموو ماوەی تەمەنیدا. وەک سەربەخۆیی سیاسیی حیزبی دێموکرات لە هەڵوێست و بڕیاردان لە هەرە کاتە ناسکەکاندا. وەک باوەڕمەندبوون و جێگیرکردنی ئەخلاقی سیاسی لە سیاسەت‌کردن و بڕیاردان و کاری بەکردەوەدا. وەک پشتیوانیی بەکردەوەی لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان. وەک باوەڕ و ئیمانی قووڵی بە دێموکراسی و پلۆرالیزم و بایەخە مرۆیی و جیهانگیرەکانی دی. وەک لە سەروودانانی بەرژەوەندیی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئاستی کوردستانی گەورەشدا، وەک ناساندنی پرسی کورد بە کۆمەڵگەی جیهانی لە ڕێگەی دیپلۆماسی، و وەک خۆ بەخاوەن‌کردنی پرسی مێژوو، زمان، شوناس، کولتوور و جوغرافیای کوردستان لە ئێران و ... هتد. لەولاش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەو ماوەیەدا چ به‌ زبری سەرکوت و سه‌رنێزه‌ و چ لە ڕێگەی شەڕی نەرم و سایبێریی ئامبازی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی كورد بووە و لەو به‌ربه‌ره‌كانییەدا له‌ هیچ كرده‌وه‌یه‌كی دژەمرۆیی به‌رامبه‌ر به‌ كورد خۆی نه‌بواردوه‌. بەڵام تەنیا ئاسنی ساردکوتانی بۆ ماوەتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە باوەڕی نەتەوەیی و پرەنسیپە مۆدێڕنە جیهانییەکانی وەها ئاوێتەی بیر و زەین و نەستی کۆمەڵگەی کوردی بووە کە دابڕاندنیان لە یەکتر ئەمری مەحاڵە. حیزبی دێموکرات کارەساتی زۆری بەسەر هاتوە. پێشەوای دامەزرێنەری لەدار دراوە، د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی، دوو سکرتێری هەرە بەوەجی ئەم حیزبە تێرۆر کراوە، ڕێبەرییەکەی لە زێدی خۆی هەڵقەندراوە و تەنانەت لەو شوێنەش بە مووشک لێی دراوە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەدا هەتا ئێستاش هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیی دیکە لە هیچکام لە بەشەکانی کوردستان نەیتوانیوە هاوشێوەی ئەم بجووڵێتەوە و دەسکەوتەکانی دووپات بکاتەوە. بۆ دوا وتە و ئاکامگیری لەو باسە باشترین شت گەڕانەوە بۆ چەند بڕیارێکی گۆنگرەی ١٧، تازەترین کۆنگرەی حیزب وەک بەرزترین ئۆرگانی بڕیاردەری حیزبە. لەو جێگایەی دەڵێ باوه‌ڕ به ڕێگاچاره‌ی ئاشتیخوازانه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران پره‌نسیپێکی هه‌میشه‌یی حیزبی دێموکڕاته. ئەگەرچی ڕه‌فتاری کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستان و حیزبی ئێمه و ئه‌زموونمان له‌بواری وتووێژدا به ئێمه ده‌ڵێ که ڕێژیم هه‌میشه وتووێژی بۆ مه‌به‌ستی به‌دخوازانه و خراپکارانه‌ی خۆی به‌کار بردوه. یان کە باسی دێموکڕاسی وەک یەکێک لە بایەخە گرینگەکانی نهادینەکراو لە حیزبدا دەکرێ، هاتوە کە دێموکراسی هه‌م وه‌ک ئیده‌ئالێكی کارپێکراوی ژیانی سیاسی و ڕێكخراوه‌یی حیزبی دێموکڕات و هه‌م وه‌ک گونجاوترین به‌ستێن بۆ گفتگۆ و چاره‌سه‌ری کێشه‌کان، له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئامانج و به‌هاکانی حیزبی ئێمه‌‌یه. هه‌رله‌وکاته‌دا ئه‌وله‌ویه‌تی خه‌باتی ئێمه مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و پرسی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستانه. هه‌ربۆیه جۆری مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ سیاسییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و ئاینده‌ی ئێران پێش هه‌موو شتێك له‌سه‌ر بنه‌مای تایبه‌تمه‌ندیی کوردستان و پرسی کورده. هاوکات خه‌بات بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ئێراندا نابێ ئه‌و ڕاستییه‌مان لێ بشارێته‌وه که کورد یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه و کوردستان یه‌ک نیشتمانه دابه‌ش کراوه.