کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم‌ و تۆتالیتاریزم‌دا

11:46 - 1 خەرمانان 2720

(دەوڵەتی ڕانتی ‌و ئابووریی تاڵانکردن) لە نێوان ئۆتۆریتاریزم‌ و سەرچاوە سروشتییەکانی هەر وڵاتێکدا، پەیوەندییەکی بەهێز هەیە کە پێی دەگوترێ "بەڵای سەرچاوە سروشتییەکان"، مۆدێلێک لە گەشەی ئابووری لەسەر بنەمای دەرهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان، کە کاریگەریی کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، دارایی‌ و دامەزراوەیی نەرێنی هەیە. ئەو دەوڵەتانەی کە ئابوورییەکەیان لەسەر ئەو مۆدێلە دامەزراوە، پێیان دەگوترێ "دەوڵەتی ڕانتی".  "دەوڵەتی ڕانتی"، دەوڵەتێکە کە بەشێکی گرینگ لە بودجەی وڵاتەکەی، لە سەرچاوەی دەرەکی وەکوو سەرچاوە سروشتییەکان دابین دەکا. ئەو سەرچاوە سروشتییانەی داهات، وا لە حکوومەت دەکەن کە دۆخی ئێستای بپارێزی، چونکە پێویستیی بە گەشە کردنی بیرۆکراسییەکی دارایی نییە. لە کاتی بەرزبوونەوەی سامانە سروشتییەکانی وەکوو نەوت‌ و گاز، دەوڵەتی ڕانتی هەوڵ دەدا بە کڕینی ڕەوایی، ئۆتۆریتاریزم جێگیر بکا. بودجەی ئەو جۆرە دەوڵەتە جێگیر نییە و پەیوەستە بە بەرزی ‌و نزمیی نرخی سەرچاوە سروشتییەکانەوە. هەروەها، دەوڵەتی ڕانتی گیرۆدەی نەخۆشییەکی ئابوورییە بە ناوی "نەخۆشیی هۆڵەندی" یان "سەندرۆمی هۆڵەندی"، وەکوو دیاردەیەک کە لەودا، ئاستی دەرهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان‌ و دابەزین‌ و گەشەنەکردنی پیشەسازی پەیوەندییان پێکەوە هەیە. چەمکەکە بۆ ئەو وڵاتانە بە کار دێ کە پشت بە داهاتی سەرچاوە سروشتییەکان بە تایبەت نەوت‌ و گاز دەبەستن. لەو دیاردەیەدا، داهاتی سەرچاوە سروشتییەکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی پارەی وڵات. ئەوەش ڕێگە لە ڕکەبەریی نێوان سێکتەرەکانی دیکە بە تایبەت پیشەسازی دەگرێ، چونکە کاتێک دەوڵەت تەنیا گرینگی بە سێکتەری  وەکوو نەوت ‌و گاز دەدا‌ و داهاتێکی زۆر‌ و کەم‌خەرجی دەست دەکەوێ، گرینگی بە سێکتەرەکانی دیکە نادا. هەر بۆیەش سێکتەرەکانی دیکە بە تایبەت پیشەسازی، کشتوکاڵ، زانست‌ و بەرهەمهێنان پەڕاوێز دەخرێن‌ و لە ئەنجامدا پەکیان دەکەوێ‌ و دەبەسترێنەوە بە سێکتەری نەوت ‌و گاز، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی پاسیڤ‌بوونی کۆمەڵگە بە تایبەت لە بواری زانستییەوە. هەروەها، قازانجی سەرچاوە سروشتییەکان دەوڵەت هان دەدا کە هەرچی زیاتر بە دوای ئەو داهاتەوە بێ تا داهاتی دیکە. بە پێچەوانەوە، لەو وڵاتانەی کە پشت بە سەرچاوە سروشتییەکان نابەستن، هەر سێکتەرێک بەشێک لە داهاتی وڵات دابین دەکا و بەتەواوی سەربەخۆش نییە و گەشەکردنی هەر سێکتەرێک پەیوەستە بە سێکتەرەکانی دیکەوە. ئەوەش وا دەکا وڵات لە هەموو بوارەکاندا گەشە بکا. بۆ نموونە بواری بەرهەمهێنان پێویستی بە بواری وەکوو کشتوکاڵە، کشتوکاڵیش پێویستی بە بواری پیشەسازییە، پیشەسازیش پێویستی بە بواری زانستییە‌ و لە ئەنجامدا هەمووشیان پێویستییان بە هێزی مرۆیی هەیە. ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی چالاک. جگە لە کێشەی ئابووری، حکوومەتێک کە پشت بە سەرچاوە سروشتییەکان دەبەستێ، پێویستیی بە پارەی خەڵک نامێنێ ‌و سەربەخۆ دەبێ ‌و داهاتەکەی خەرجی کڕینی ڕەوایی‌ و ئاسایشی نێوخۆیی دەکا. لە ڕێگەی ئەو داهاتە زۆرەوە، حکوومەت لە لایەکەوە، هاووڵاتییان بە پارە گوێڕایەڵی خۆی دەکا و پێویستیی بە پارەی خەڵک نییە، لە لایەکیتریش، هەر بەو پارەیە ناڕازییان سەرکوت دەکا. بە پێچەوانەوە، لە وڵاتێک کە حکوومەت لە جیاتی سەرچاوە سروشتییەکان، پشت بە ماڵیات‌ و پارەی هاوڵاتییان دەبەستێ، دەبێ گوێڕایەڵی هاوڵاتیان بێ‌ و خواستی هاوڵاتییان جێبەجێ بکا و لە کاروباری حکومەتدا بەشدارییان پێ بکا. دەوڵەتی ڕانتی سەربەخۆییەکی بەهێزی دارایی هەیە و هەوڵ دەدا هاوڵاتییانی لە سیاسەت دوور بخاتەوە و سەربەخۆیی سیاسیی مسۆگەر بکا. حیزب‌ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە وەکوو پێداویستییە سەرەکییەکانی دێمۆکراسین، خۆیان لە بەرامبەر چەشنێک لە مشتەریگەریدا دەبیننەوە کە ڕێگرە لە ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵک‌ و وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و سەربەخۆبوونیان. داهاتی سەرچاوە سروشتییەکان فاکتەرێکی سەرەکیی بەردەوامی ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکانە. لە دەوڵەتی ڕانتیدا، کۆبوونەوەی داهات ‌و پارە و سامانی وڵات لە دەستی چەند کەسێک‌دایە و خەرجکردنەوەی بە مەبەستی سیاسی ‌و کەسی، چەشنێک لە مشتەریگەری دێنێتە کایەوە. دەوڵەتێک کە سامان ‌و خزمەتگوزارییەکانی بەبێ بەرامبەر پێشکەش بە هاوڵاتییانی دەکا، پێویستی بە ڕەواییەکی دێموکراتیک نییە. خواستی خەڵک بۆ دێمۆکراسی لەو وڵاتانە زۆر لاوازه. تەنانەت گرووپ ‌و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش خەبات بۆ ئەوە ناکەن کە نۆرمە دێمۆکراتیکەکان جێگیر بکەن‌ و ببنە هۆی بەشداریی زیاتری خەڵک لە سیاسەتدا، بەڵکوو ئەوانیش بە دوای بەشی خۆیان لە داهات ‌و سامانی وڵات‌دان. کێشەی دارایی‌ و ئابووری لەو جۆرە وڵاتانەدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خواست بۆ دێمۆکراسی، لەبەر ئەوەی بەرنامە و پلانی بەخشینی سامان ‌و پارەی وڵات بە هاوڵاتییان کێشەی تێ‌دەکەوێ ‌و ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییە گشتییەکان. ئابوورییەک لە بەرژەوەندیی چەند لایەنێک ئێران وڵاتێکی نەوتییە کە دووهەم پاشکەوت گاز و چوارەم پاشکەوتی نەوتی جیهانی هەیە. ئابووریی ئێران بەتوندی پشتی بە داهاتی نەوت‌ و گاز بەستوە. لە لایەک، نرخی ناجێگیری نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان‌ و لە لایەکی دیکەشەوە، گەمارۆ ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی‌ و ئەمریکا لە دوای ساڵی ١٣٥٧ـەوە، سێکتەرەکانی ئابووریی ئێرانی ناجێگیر کردوە. بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان، ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا کە لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە پشتیوانیی داراییان لێ‌دەکرا، بە ناوی جۆراوجۆرەوە هاتنە نێو بازاڕە جیهانییەکان، بە تایبەت لە بواری نەوت‌ و تێکنۆلۆژیاوە. بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو کۆمپانیایانە، زۆر جار بەبێ تۆمارکردنیان لەنێو ئێران یان بە ناوی هەندێک بازرگانی نەهێنی‌ و نادیارەوە، بووە هۆی بەرز بوونەوەی گەندەڵی لەنێو دەسەڵات ‌و دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا، بە چەشنێک کە، نە تەنیا سنوورەکانی نێوان کەرتی گشتی‌ و کەرتی تایبەت بە ئاسانی دیار نییە، بەڵکوو هەندێک لایەنی ئابووری نادیار هەن کە نە لە کەرتی گشتی‌دان نە لە کەرتی تایبەتدا. ئەو لایەنانە سەر بە هەندێک دەستە ‌و کەسایەتی سیاسیی نێو دەسەڵاتن ‌و نەتەنیا بە سەر ئابووری وڵاتدا زاڵن، بەڵکوو بە خەرجکردنەوەی ئەو سامانە گشتییانەی وڵات، بە سەر مەیدانی سیاسیشدا زاڵن، ئەوەش لە ڕێگەی ئەو ناوەند ‌و دامەزراوانەی سەر بە وەلی فەقیهن. دەستەواژەی "سەربەخۆیی ئابووری" لە نێو زۆربەی گوتارەکانی خومەینی ‌و کاربەدەستە باڵاکانی ئێراندا هەیە. مادەی ٤٣، بڕگەی ٢٨ی قانوونی بنەڕەتیی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێ ڕێگە لە زاڵبوونی ئابووریی دەرەکی بە سەر ئابووری ئێراندا بگیرێ. لە ئێران، جگە لە کەرتی گشتی‌ و کەرتی تایبەت، کەرتێکی دیکەش بوونی هەیە بە ناوی کەرتی سنفی.   مادەی ٤٤ی قانوونی بنەڕەتی: "سیستەمی ئابووریی کۆماری ئیسلامی لە سێ کەرتی گشتی، سنفی‌ و تایبەت بە پلانێکی ورد‌ و دروست پێک هاتووە. _کەرتی گشتی پێک هاتوە لە پیشەسازیی گشتی، پیشەسازی دایک، بازرگانی دەرەکی، کانگا گەورەکان، بانکداری، بیمە، دابینکردنی وزە، بەنداو‌ و تۆڕە گەورەکانی گەیاندنی ئاو، ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن، پۆست‌ و تێلێگڕاف ‌و تەلەفوون، فڕۆکە، کەشتیوانی، ڕێگاوبان، ڕێگای ئاسن ‌و شتی دیکەی لەو بابەتەیە کە بە شێوەی خاوەندرێتی گشتی لە دەستی دەوڵەت‌دایە. _کەرتی سینفی پێک هاتوە لە دامەزراوە سنفییەکانی بەرهەم‌ و دابەشکردن کە لە شار ‌و گوندەکان بەپێی ڕێسا ئیسلامییەکان پێک دێ. _کەرتی تایبەت پێک هاتوە لەو بەشە لە کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، پیشەسازی، بازرگانی‌ و خزمەتگوزاری کە تەواوکەری چالاکییەکانی ئابووریی دەوڵەتی ‌و سنفی‌یە. [...]." ئامارێکی ڕاست‌ و دروست لەسەر سیستەمی ئابووری ئێران لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بە ڕای شارەزایانی ئابووری، زیاتر لە ٨٠ لەسەدی ئابووریی ئێران سەر بە کەرتی گشتییە، تەنانەت لەنێو کەرتی تایبەتیشدا جێ پێی کەرتی گشتی دیارە. بازنەی کەرتی گشتی ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبێتەوە‌ و بازنەی کەرتی تایبەت ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی سەرچاوە مرۆییەکانی کەرتی تایبەت بەهۆی ئەو مووچە کەمەی کە دەستیان دەکەوێ ناچارن ڕوو لە کەرتی گشتی بکەن. بەڕای شارەزایانی ئابووری، هەر کەسێک کە بتوانێ بچێتە نێو کەرتی گشتییەوە و، پلەکانی گەیشتن بە سەرەوە تێپەڕ دەکا و هەندێک پوان‌ و مافی تایبەت وەدەست دێنێ کە ڕێگای گەیشتن بە پۆستە حکوومییەکانی بۆ ئاسان دەکا.  مووچەی کەرتی تایبەت کەمە و کارەکانی جێگیر نین، چونکە بە گشتی، کەرتی تایبەت لە ئێران زۆر لاوازە. پشتبەستنی ئابووریی ئێران بە نەوت ‌و داهاتەوەکەی وای کردوە کە کەرتی تایبەت پەڕاوێز بخرێ. حکوومەتی ئێران پێویستی بەو داهاتە نییە کە لە چالاکییە ئابوورییەکانی کەرتی تایبەت دەستی دەکەوێ. هەر لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ـەوە بە تایبەت دوای شەڕی نێوان ئێران ‌و عێڕاق، ناوەندە ئایینی ‌و نیزامییەکان بە دروستکردنی ژمارەیەک بانکی ناحکوومی، هاتنە نێو سیستەمی بانکیی وڵاتەوە. هەندێک لەو بانکە ناحکوومییانە بە مەبەستی دەورلێدانەوە و ڕاکردن لە گەمارۆکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان ‌و یەکیەتیی ئورووپا، لە لایەن حکوومەتەوە دروست کران. بانکەکانی دیکەش، یان لە لایەن دامەزراوە و ناوەندە ئایینییەکانەوە دروست کران، یان لە لایەن ئۆرگانە نیزامییەکانی وەک سوپای پاسداران، کە هەردووکیان لەژێر کۆنتڕۆڵی وەلی فەقیهن، ئەوەش بە دوو هۆکار: یەکەم، بۆ نوێکردنەوە و بە سیستەمکردنی ئەو داهاتەی کە لە خێر‌وخێرات‌ و مزگەوتەکان ‌و شوێنە ئایینییەکانی دیکەی وەکوو ئیمامزادە‌ و پەرستگاکان کۆ دەکرێتەوە‌ و هەروەها بە مەبەستی سیاسی‌ و بۆ کڕینی ڕەوایی بۆ کۆماری ئیسلامی ‌و ناردنە دەرەوەی شۆڕش، لە لایەن دامەزراوە و ناوەندەکانی سەر بە وەلی فەقیهەوە لە نێوەوە و دەرەوەی ئێران خەرج دەکرێتەوە. دووهەم هۆکاری دروستکردنی ئەو بانکانە، بۆ خۆدزینەوە و خۆشاردنەوە لە هەر جۆرە کۆنتڕۆڵێکی نێوخۆیی‌ و دەرەکی‌ هاتوچۆی پارەیە، بۆ ئەوەی ئاسانتر لە بواری ماڵییەوە پشتیوانیی لایەنە نێوخۆیی‌ و دەرەکییەکان بکرێ، بە تایبەت گرووپە توندڕەوەکانی دەرەوەی ئێران (بە گوتەی چاودێرانی سیاسی‌و ئابووری، ساڵانە بڕی ٨ میلیارد دۆڵار لە لایەن ئێرانەوە بۆ پاڵپشتیکردنی لایەنە دەرەکی‌یەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی دەنێردرێتە دەرەوە). بە گوتەی مستەفا پوورمحەممەدی وەزیری پێشووی دادی ئێران، "٥٠ میلیۆن ژمارەی بانکی بێ ناونیشان لە ئێران هەیە [...]". ئەو ژمارەیە دەتوانێ سیستەمی بانکی ئێران تێک بدا. سنوورەکانی نێوان کەرتی گشتی ‌و کەرتی تایبەت لە ئێران ڕوون نین، لەبەر ئەوەی هەندێک دیاردەی تایبەت لە سیستەمی ئابووری ئێراندا بوونیان هەیە. یەکێک لەو دیاردانە بەناوی "خصولتی"(واتە نیوە گشتی‌و نیوە تایبەت)، بریتییە لەو کۆمپانیا دوو ڕەهەندییانە کە کاتێک سوودمەند بوون، خۆیان بە کەرتی تایبەت دەزانن ‌و کاتێکیش زەرەرمەند بوون، خۆیان دەخزێننە نێو کەرتی گشتی. لەو ساڵانەی دواییدا، کۆمپانیا "خصولتی"یەکان تەنیا ئەوانە نین کە سەر بە دامەزراوە دەوڵەتییەکانن، بەڵکوو کۆمەڵێکی دیکەش هەن کە حکوومەت چاودێریی بە سەریانەوە نییە وەکوو "بنیاتی موستەزعەفان"، "زیارەتگای ئیمام ڕەزا"، "ناوەندی جێبەجێ‌کردنی فەرمانی ئیمام‌" و هەندێک دامەزراوەی سەر بە سوپای پاسداران. دیاردەیەکی دیکەی سیستەمی ئابووریی ئێران، هەبوونی ژمارەیکی زۆر دامەزراوەیە بە ناوی شبه دولتی ("شێوە دەوڵەتی") کە نە سەر بە کەرتی گشتین نە سەر بە کەرتی تایبەت ‌و، حکوومەت هیچ جۆرە کۆنتڕۆڵێکی بە سەریانەوە نییە. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە لەگەڵ ئەوەشدا کە داهاتێکی زۆریان هەیە، بەئاسانی خۆیان لە ماڵیاتدان بە حکوومەت بدزنەوە. عەلی تەیب نیا، وەزیری ئابووریی پێشووی ئێران لە وتوێژێکدا ڕەخنە لە زیادبوونی دامەزراوە "شێوە دەوڵەت"یەکان دەگرێ ‌و ڕایدەگەیەنێ کە ئەگەر تاکوو دوێنێ دوو کەرتی گشتی‌ و تایبەت لە ئێران هەبوون، ئێستا جگە لەو دوو کەرتە، کەرتی "شێوە دەوڵەتی"یش هەیە کە لە ژێر چاودێریی دەوڵەتدا نییە.