کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. قاسملوو؛ هێندەی دەیناسم، دەنووسم

11:41 - 1 خەرمانان 2720

سوپاس بۆ لێژنەی یووبیلی ئەڵماسی کە بۆ ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی حیزبی دێموکرات، لە منیان ڕابینی، بەشدارییەکی بچووک لەم یادەدا بکەم. هەوڵیش بدەم، ڕۆڵی د. قاسملوو، هێندەی دەیناسم، باس بکەم. پێش هەموو باسێک ئومیدەوارم، ئەم ساڵڕۆژی پیاهەڵدانی ئەڵماسی نەبێ، لە باسکردنی حیزبی دێموکرات و ڕابەرە هەڵکەوتووەکانی لەو مێژوویەدا، هەڵوێستەی هەڵسەنگاندن بێ بە لایەنە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکانەوە! خەسڵەتی گرنگ گرنگترین خەسڵەتی دێموکرات، کە جیای دەکاتەوە لە زەمینەی دامەزراندنی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکە، هاوزا لەدایک‌ بوونێتی، لەگەڵ دامەزراندنی کۆمارە کۆرپەکەی کوردستان، کە بە کۆرپەیی، دۆشاودۆش لەبەر بەرژەوندیی زلهێزەکان و کۆنەپەرستیی ئەو سەردەمە، سەریان بڕی. لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا، دەیان حیزب و گرووپ و ڕێکخراوی سیاسی دامەزراون. زۆربەیان تیا چوون، ئێستا مەگەر توێژەران لە گۆشەی توێژینەوەدا، ئاماژەیەکی پێ بکەن. بەڵام کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حوکمڕانییەکەی شێخ مەحموودی حەفید، لە باشووری کوردستان، لە ویژدانی هاوبەشی نەتەوەی کورددا، زیندوو ماونەتەوە. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە حەسرەتی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، کەرامەتی نەتەوایەتیی کورد و کوردستانە. وەچە دوای وەچە ئەم حەسرەتە وەکوو هاوخەم و خەباتی نەتەوایەتی لە نێو نەوەکانماندا، بەشێکە لە کولتووری سیاسییمان . حیزبی دێموکرات، لەو سۆنگەیەوە، ئۆرگانیک گرێدراوی کۆماری کوردستانە. کۆمار و دێموکراتیش، هەژمونییان لەسەر کێشەی نەتەوایەتیمان تا ئێستاش، بویسترێ و نەویسترێ، ماوە! ڕووخاندنی کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان، هاوکات لەنێو چوونی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کۆمۆنیستەکانی ئیسپانیا و یونان، لە ڕۆژهەڵاتی نیزیک و ئۆرووپادا، یەکەمین خیانەتی ئینتەرناسیۆنالیستی شۆڕەوی و ستالین بوو، دەرهەق بە مافە دێموکراسییەکان. بێگومان بڕیاری یەکەم و کۆتاییش هەر ستالینی دیکتاتۆر، داویەتی. جێی داخیشە ئەو خیانەتە، لەو سەروبەندەدا، نەک لە لایەن کۆمۆنیستەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، ڕەخنەی لێ نەگیرا، بەڵکوو بە پاساوی سەرکەوتنی لەشکری سووری شۆڕەوی، بەسەر نازیزمدا، کۆمۆنیستەکان، بە سەرمەستیی سەرکەوتن، دۆخەکەیان هەڵسەنگاند و ستالینیشیان لەسەر بەرزترین لووتکەی سیاسەتی نێونەتەوەییدا، دانا. هەمیشە سەرکەتن، لۆژیکی ڕەخنەی سیاسیی لاواز دەکات. چاوپۆشین لە هەڵە و خیانەتیش، دەبێتە بەشێکی سیاسەتی ئەو لایەنانەی لە ئایدیۆلۆژیەتدا دۆگمن. پاشکۆیەتی! ئەوەی مایەی سەرنجی بەندەیە، تەنانەت حیزبە دێموکراتەکانی ڕۆژهەڵات و باشووریش، هەر وەکوو کۆماریان نەڕووخێندرابێ... دوای ئەو خیانەتە گەورەیە لە کورد و کۆماری کوردستان، بە شان‌وباڵی شۆڕەوی و ستالیندا، هەڵیان دەدا. بەڵکوو دێموکرات زیاتر لە سێ دەیە، لە لایەن هەندێک سەرکردەی دێموکراتەوە، کە لە تێکۆشاندا درێغییان نەبوو، بەڵام لە تێگەیشتنی سیاسی و ئایدێولۆژییدا، بەبێ بەرامبەر، دێموکراتیان کردبووە پاشکۆی حیزبی توودە کە ڕاست‌ڕەوترین حیزبی کۆمۆنیستی ناوچەکە بوو! حیزبی توودە کە لە بزووتنەوەی موسەدیقەوە (١٩٥٣-١٩٤٩) ماهییەتی ڕاست‌ڕەوێتیی دەرکەوت و ماڵی خەباتی دێموکراسی و نیشتیمانی ئێرانی وێران کرد؛ هەم دژی بزووتنەوەی موسەدیق و هەم دژی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان بوو. حیزبێک تا ئێستەش ئامادە نەبوو مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی کورد بسەلمێنێ، کەچی بەشێکی بەرچاوی سەرکردایەتیی دێموکرات، حیزبی دێموکراتیان کردبووە پاشکۆی خۆبەخشی توودە! تەنانەت، هەتا دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، گرووهی (٧) نەفەری، لەو پاشکۆیەتییە دەستیان بەر نەدەبوو. لێرەدا... ڕۆڵی کاریزما ئیتر ڕۆڵی سەرکردەی هەڵکەوتوو، دەر دەکەوێ و ڕابەری بەتوانا و ڕابەری بێ‌توانا، لەو بوارە سیاسییانەی قۆناغ کە دەپەڕنەوە، لێک جودا دەبنەوە! د. قاسملوو، یەکێک لە بڕیارە مێژووییەکانی ئەوە بوو، بێ‌دوودڵی بەبێ ئەوەی گوێ بداتە تەواوی پڕوپاگەندەکانی پێشتر بۆ توودە و سەرووی توودەش، لێبڕاوانە ڕەگی گولیی ئایدیۆلۆژییەتی پاشکۆیەتی بۆ توودەی ناتوودە، هەڵکێشا و هەڵکشا بۆ پاراستنی سەربەخۆیی دێموکرات؛ لە سەردەمێکیشدا هێشتا هەژمونگەری پرۆ شۆڕەوییەکان لە تەواوی جیهاندا لە جەنگی ساردیشدا بەهێز بوو؛ بە ڕای من قۆناغی وەرچەرخانی سیاسی - ئایدیۆلۆژیی حیزبی دێموکرات، لەو کاتەوە دەست پێ‌دەکا کە د. قاسملوو، دێموکراتی ڕاچڵەکاند و لەسەر پایەکانی سەربەخۆیی، دایمەزراندەوە. شەوارەی تیۆری زۆرجار، ئەوانەی بەر شەوارەی تیۆری کەوتوون، لەو ڕاستییە تێناگەن کە کاریزما، چ کاریگەرییەکی چارەنووسسازی لە نێو ڕووداوەکاندا هەیە. هەمیشەش کاریزما، ڕابەرێکە نەک ڕابەرایەتیی بەکۆمەڵ. هەڵبەتە لە دوائاکامدا ڕابەری کاریزما دەبێ لە ڕێگەی ڕابەرایەتییەوە بێ؛ ڕابەرێتیی کارامەی خۆی بسەلمێنێ و بەرنامەکانی سەر بخات. ئەگەر وا نەکات بە چەمکە زانستییەکەی نابێتە کاریزما، بەڵکوو دەبێتە ملهۆڕ! لەدوای شەهید پێشەواوە، دێموکرات لە سەردەمی د. قاسملوو کرایەوە ئەو حیزبە دێموکراتەی لە نێوهاوکێشە سیاسییەکانی ئێران و کوردستاندا، بەڵکوو لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی سۆسیال-دێموکراتیشدا، فرەڕەهەند کاریگەر بێ. پێشتر لەنێو بازنەیەکی داخراودا، دێموکرات گیری حیزبایەتی لە دۆخی نالەباری پەنجاکان هەتا حەفتاکان خواردبوو بەڵام بەو حاڵەش، لەو دۆخەدا، لە نێوان بەرداشی فشاری (ئێران-‌ شۆڕشی ئەیلول-حکوومەتە دژەدێموکراسییەکانی عێراق)ـدا لە کاتێکدا ئاسان نەبوو کومیتەی ناوەندیی حیزبەکە و سکرتێرەکەی دانیشتنێکی ئاسایی بێ‌ئاستەنگ بکەن، پاراستنی دێموکرات خۆی لە خۆیدا بایەخ و بەهای مێژوویی هەیە. مایەی ئەو بەها و نرخە بوو، دێموکرات ئامادە بوو لە دۆخی ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا وەکوو یەکێک لە حیزبە سیاسییە ڕەسەن و ئازادی‌خوازەکان، دابەزییە مەیدان. لە ژێرزەمینەوە بۆ سەرزەمین ڕاپەڕینی گەلانی ئێران (١٩٧٩_١٩٧٨) دوو ڕووداوی گەورەی مێژوویی خولقاند: یەکەمیان: ڕووخانی ڕێژیم و سیستمی سەڵتەنەتی بوو. دووەمیشیان: سەرکەوتنی تەوژمی ئیسلامی–شیعەگەرایە. یەکەمیان، نەک پێشبینی‌کراو بوو بەڵکوو ئامانجی سەرەکیی لایەنە سیاسییەکانیش بوو، هاتیشە دی. دووەمیشیان، نەک پێشبینی‌کراو نەبوو، بەڵکوو پێچەوانەی ئامانجی تەواوی چەپ و دێموکراتەکانی ئێران وکوردستانیش بوو؛ ئەمیش هاتە دی. ئەمەیە، دۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵکوو تەواوی کیشوەری ئاسیاش زۆر جار ئامانجە چاوەڕوان‌نەکراوەکان هاتوونەتە دی، بە پێچەوانەوە ئامانجە خەبات لە پێناوداکراوەکان نەهاتوونەتە دی! ئەگەر مێژووی خەبات و ئەرشیڤی ئەدەبیاتی سیاسیی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی ئێران لە دوای بزووتنەوەی مەشرووتەوە، بۆ بزووتنەوەی موسەدیق، هەتا  سەرەتاکانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، لێک بدرێنەوە، دەر دەکەوێ کە تەواوی حیزبە چەپ-دێموکرات، نیشتمانپەروەر-ناسیۆنالیست و پان‌ئێرانییش لە هاتنە سەر کاری ئەلتەرناتیڤی شادا بە هەڵەدا چووبوون نە دێموکراتەکانی ئێران نە لیبڕالەکان، نە ناسیۆنالیست و چەپەکان، هیچیان نەهاتنە سەر کار تەنانەت لە هەڵبژاردنی یەکەمین پەرلەمان. سەرۆکایەتیی ئێران و پەسەندکردنی دەستووری ویلایەتی فەقیهییشدا، کاریگەریی ئەوتۆیان نەبوو. تێزە سیاسییەکانی قاسملوو لەم دەورانەدا، کە ئەدەبیاتی دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەخوێنمەوە، لەناو جەنجاڵی ئەو دۆخەدا، لە گەرمەی خرۆشانی هەست و هەڵوێستی خەفەکراوەکاندا، تێزە سیاسییەکانی د. قاسملوو، بە ڕیالیستی دەبێنم. تەرحەکانی بۆ چارەسەری سیاسی، لۆژیکی و ئەقڵانی بوون، بەڵام بە داخەوە بزووتنەوەی بەرینی خۆڕسکی خەڵک و ئامانجی سەرووی تواناکان ئەوکاتە بەسەر شەقامی سیاسییدا زاڵ بووە. کە دەخوێنمەوە د. قاسملوو نامە بۆ ئیمام خومەینی بە ناوی "حەزرەتی ئیمام" دەنووسێ، ئەمە لای من ئازایەتیی ئەقڵانییەتی سیاسیی د. قاسملوو بووە، کە لە نێو ورووژان و خرۆشانی خەڵكدا لە بەردەم لافاوی دروشم‌بازییدا بوێرانە نامەیەکی ئاوەها دەنووسێ و داکۆکی لە مافی خودموختاریی ڕیالیستی دەکا، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە لە ڕەگەزە هەستیارەکانی دۆخەکە و قۆناغەکە و ئەرکە سیاسییەکە، تێگەیشتبوو بۆیە: - پێم‌وایە دوو ساڵی دوای ڕووخاندنی شا، هێشتا لە هەموو بارێکەوە لێک نەدراوەتەوە. - جارێ قووڵتر نەزانراوە ئایا سیاسەتی کوردایەتیی چەکدارانە ڕاست بوو یان نا؟ - ئایا شەڕی سەنگەربەندیی نێو شاری سنە ڕاست بوو؟ یان ڕێپێوانی هێمنانەی خەڵکی سنە بۆ مەریوان؟ - ئاخۆ ساڵەهای دیکە بە بەرەوە نەمابوو دۆخی دانوستان و خەباتی مەدەنی لەگەڵ کۆماری ئێسلامیی ئێران بەردەوام بێ؟ - لە دوای ڕووخاندنی کۆماری مەهاباد ەوە (٣٢) ساڵی ڕەبەق دێموکرات پشووی درێژ بوو و خەباتی چەکداریی نەکرد (جگە لە بزووتنەوەی کومیتەی شۆڕشگێڕیی دێموکرات) ئەی بۆ لە دوای ڕووخاندنی شادا تەنها دوو ساڵ خۆی گرت و خەباتی چەکداریی دەست پێ‌کرد؟ ڕوانگەی دوور لە گۆشەگیری ئەو پرسیارگەلە دەبێ دوور لە ڕوانگەی گۆشەگیریی حیزبایەتییەوە وڵام بدرێنەوە. ئێستا، کە (٧٥) ساڵ بەسەر دامەزراندنی حیزبی دێموکراتدا تێ‌دەپەڕێ، دەرکەوتوە کە کۆماری ئێسلامیی ئێران، نە بە خەباتی چەکداریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناچار کراوە داخوازییە دێموکراسییەکانی گەلانی ئێران جێبەجێ بکا، نە جەنگی ٨ ساڵەی عێراقیش دژی ئێران، حکوومەتی شیعەی ئێرانی ڕووخاند. ئەوەتانێ ساڵەهایە گەمارۆ سەپێنراوەکانیش دژی ئێران، ئێرانی وەکوو دۆخی گەمارۆدانی عێراقی سەردەمی سەددامیش لێ نەکردوە. وای دەبینم ئێران کەوتۆتە بەردەم دوو ڕێیانێک : - یان گۆڕینی حکوومەتی ئێستای ئێرانە. - یاخود چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کورد و گەلانی دیکەشە. ئەگەر بە هەڵە نەچووبم، سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ئێرانی وا دەخوێنمەوە سازشێکی نێودەوڵەتی-ئیقلیمی بەڕێوەیە، بۆ ڕێکەوتنێکی ستراتیژیی نوێ‌چەشن. جەخت دەکەمەوە ئەگەر بەڵێ -ئەگەر- پڕۆژەیەکی وا بێتە پێشەوە (وەکوو ئێستای سووریە-ڕۆژئاوای کوردستان) هەق وایە هێزە سیاسییە کوردستانییەکان دەستخەڕۆی دروشمی دوورکوژە نەبن بە پڕۆژەیەکی ڕیالیستیی خۆیان بۆ ئەگەرێکی ئاوها ئامادە بکەن بەرپرسیارێتییەکە پێکەوە بخەنە ئەستۆ! من دڵنیام د. قاسملوو بمابا هەموو توانای خۆی بۆ پڕۆژەیەکی ئاوهای هاوبەش، بۆ چارەسەری ئاشتییانە دەخستە گەڕ. پیرۆزتان بێت ساڵڕۆژە ئەڵماسییەکەتان بە هیوام لەم ساڵڕۆژەدا هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنە، بۆ خەبات و فۆرمیلاکردنی سیاسەتی حیزبی دێموکرات، لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونی ٧٥ ساڵەتان بە ڕەخنە لەخۆ گرتنیشەوە، بکەنە خەڵات و بەراتی یادەکە.