کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەکوزی و کەرەستەکانی شەڕی ناتوندوتیژ

11:38 - 1 خەرمانان 2720

هەڵەیەکی هەمیشەیی خەباتی سیاسی لە ڕابردوودا کە زۆربەی کات بەبێ پلان دەستیان پێ کرابوو، ئەمە بوو کە پێیان وابوو دەکرێ بە پشت‌بەستن بە یەک یان دوو شێواز، وکوو مانگرتن و خۆپیشاندانەکان بە ئامانج بگەن. لە ڕاستیدا ڕێگا و شێوازی زۆر هەیە کە دەستی ستراتیژیستەکانی بەرگری (مقاومت) ئاوەڵا دەکەن کە لە کاتی پێویستدا بەرگرییەکە لە سەر شتێک چڕ یان بەربەرینی بکەنەوە. نزیکەی دووسەد شێوازی ناتوندوتیژ تا ئێستا ناسێنراون و بێگومان زۆر شێوازی دیکەش هەن. ئەم شێوازانە لە سێ دەستەی سەرەکیدا پۆلێنبەندی کراون: "ناڕەزایەتی و هاندان"، "هاوکاری نەکردن" و "هێرش".  شێوازەکانی ناڕەزایەتی و هاندان زیاتر خۆپیشاندانە سیمبۆلیکەکان لە خۆ دەگرن کە بریتین لە، ڕێژە و مەشقە سەربازییەکان، ڕێپێوانەکان و شەوبێدارییەکان. ئەمانە ٥٤ شێواز لە خۆ دەگرن.  هاوکاری نەکردن کە خۆی بە سێ دەستە دابەش دەبێ؛ ئەلف- هاوکاری نەکردنی کۆمەڵایەتی،( ١٦ شێواز.) ب- هاوکاری نەکردنی ئابووری کە بریتیە لە بایکۆتەکان،(٢٦ شێواز) و مانگرتنەکان،(٢٣ شێواز) ج- هاوکاری نەکردنی سیاسی، (٣٨ شێواز)   هێرشە ناتوندوتیژەکانیش کە بەشێوازەکانی فیزیکی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و سیاسی وەکوو ڕۆژوو، دەست بەسەر داگرتنی ناتوندوتیژ و دەوڵەتی هاوتەریب بەڕێوە دەچن، ٤١ شێواز لە خۆ دەگرن. ئەگەر بەشێکی زۆر لەم شێوازانە  بە وردی هەڵبژێردرێن و بە شێوەیەکی بەردەوام لە لایەن خەڵکی سێڤیلەوە و لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی ژیرانەوە بە تاکتیکی جۆراوجۆر کاریان پێ بکرێ، هەموو ڕێژیمێکی ناڕەوا تووشی کێشەی جیددی دەکا. ئەم بابەتە هەموو حکوومەتە دیکتاتۆرەکان لە خۆ دەگرێ. بە پێچەوانەی شێوازی چەکداری، شێوازەکانی ناتوندوتیژ دەتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە سەر ئامانجە دیاریکراوەکان چڕ بکرێنەوە. بۆ وێنە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بابەتی دیکتاتۆری بەتەواوی باسێکی سیاسییە، دەکرێ کەڵک لە شێوازەکانی ناتوندوتیژ وەربگیرێ. ئەم شێوازانە بریتین لە خۆبواردن لە قبووڵ کردنی ڕەوایی ڕێژیم و دیکتاتۆر و هاوکاری نەکردن لە گەڵیان. هاوکاری نەکردن هەروەها دەکرێ تەنیا لە سەرهەندێ سیاسەتی تایبەت بەڕێوە بچێ. جاری وایە دەکرێ بە وەدواخستن و گوێنەدان و بێدەنگە لێکردن و تەنانەت بەنهێنی کارێک بکرێ. جاری واشە هاوکاری نەکردنەکە بەئاشکرا خۆی نیشان دەدا، وەکوو خۆپیشاندان و مانگرتنەکان کە هەمووان دەیبینن. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر دیکتاتۆرەکان لە بەرانبەر فشاری ئابووریدا لاواز بن، یان زۆربەی سکاڵای خەڵک پێوەندیی بە کێشەی ئابوورییەوە بێ، ئەو کاتە کردەوە ئابوورییەکان وەکوو بایکۆت و مانگرتنەکان دەکرێ ڕێگایەکی باش بن بۆ خەبات. هەوڵی دیکتاتۆر بۆ کەلک وەرگرتن لە سیستەمی ئابووری لەوانەیە بە مانگرتنە گشتیە چکۆلەکان، خاوەخاو کردن لە کار و خۆبواردنی پسپۆڕان لە کار، پێشی پێ بگیرێ. بەکار بردنی شێوازەکانی مانگرتن دەتوانێ لە بەستێنەکانی بەرهەم‌هێنان و گواستنەوە و دابین‌کردنی مەوادی خاو و دابەش‌کردنی شتومەکەکاندا، کاری پێ بکرێ. هەندێ لە شێوەکانی خەباتی ناتوندوتیژ پێویستیان بە هەندێ کارە کە بەدەر لە ژیانی ئاسایی خەڵکە، وەکوو بڵاوکردنەوەی گۆڤارەکان، بەڕێوەبردنی بڵاوکراوە نهێنیەکان، مانگرتن لە خواردن یان دانیشتن لە سەر شەقامەکان. جگە لە هەندێ شتی تایبەت جێبەجێ کردنی ئەمانە ڕەنگە بە هەموو کەسێک نەکرێ. لە لایەکی دیکەوە هەندێ شێوازی خەباتی ناتوندوتیژ پێویستی بە ڕەوتی ئاسایی ژیانی خەڵک هەیە. بۆ وێنە لەوانەیە خەڵک لە جیاتی مانگرتن بڕۆنە سەر کارەکانیان بەڵام زۆر لە سەرەخۆتر لە هەمیشە و بە کاری زۆر کەمتر. " هەڵەکردن لە کاردا " کە دەکرێ بە قەستی و زۆر دوبارە بکرێتەوە. یان کەسێک خۆی لە نەخۆشی بدا و نەتوانێ لە هەندێ کاتی تایبەتدا لە سەر کارەکەی ئامادە بێ. یان کەسێکی تر خۆی لە کارێکی تایبەت ببوێرێ. لەوانەیە کەسێک بچێتە ڕێوڕەسمێکی ئایینی کە نەتەنیا بابەتی ئایینی بەڵکوو شتی سیاسیشی تێدا بێ. لەوانەیە کەسێک لە ماڵەوە دەرس بە مناڵەکانی خۆی بڵێ یان بیاننێرێتە کلاسی نایاسایی بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر تەوژمی بانگەشەکانی ڕێژیم. وێکچوونی ئەم جۆرە کارانە لەگەڵ ژیانی ئاسایی خەڵک و لادانێکی کەم بەنیسبەت ژیانی ئاسایی ئەوان، لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆرتر بتوانن لەو خەباتەدا بەشداری بکەن. لەبەر ئەوەی کە شێوەی کاری خەباتی توندوتیژ و ناتوندوتیژ لە بنەڕەت‌ڕا لێک جیاوازن، لە ڕەوتی زنجیرە خەباتێکی سیاسیدا تەنانەت توندوتیژییەکی زۆر کەمیش باش نییە، چونکە چالاکییەکان بەرەو لایەک دەڕۆن کە دیکتاتۆرەکان تێیدا باڵادەستن، ئەویش تێکهەڵچوونی چەکداری. ڕێکوپێکی ڕەمزی بنەڕەتیی سەرکەوتنە کە نابێ تەنانەت بە دڕندەیی و هاندانی دیکتاتۆرەکان ئەوە فەرامۆش بکرێ. پاراستنی ڕێکوپێکیی ناتوندوتیژ لە بەرانبەر توندوتیژیی لایەنی بەرانبەر ئاسانکاری بۆ چوار جۆر کار و ئاڵوگۆڕ دەکا کە دواتر و بەشەکانی دیکەدا باسی دەکەین. ڕێکوپێکی تەنانەت دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێزی لایەنی بەرانبەر بگێڕیتەوە بۆ خۆت. لەم بوارەدا وەحشیگەری و دڕندەیی دیکتاتۆر بەدژی چالاکانی بواری ناتوندوتیژ، بە چالاکییەکی سیاسی بۆ خۆی هەڵدەگەڕێتەوە، کە ئەمە دەبێتە هۆی ناکۆکی لە نێو دامودەزگای دیکتاتۆریدا و پشتیوانیی خەڵک و لایەنگرانی ڕێژیم و کەسایەتی و دەوڵەتانی دیکە بۆ لای ئازادیخوازان. بەهەرحاڵ لەوانەشە هەندێ کات توندوتیژییەکی کەمیش بەدژی دیکتاتۆر ڕوو بدا و نەکرێ پێشی پێ بگیرێ. لەوانەیە هەژاری و بێبەشی و ڕق و قینەکان بە شێوەیەکی توندوتیژ بتەقێنەوە. یا تەنانەت هەندێ گرووپی تایبەت سەرەڕای زانیارییان لە سەر ڕۆڵی گرینگی خەباتی ناتوندوتیژ، زۆر ڕێگری لە توندوتیژی نەکەن. لەم کاتانەشدا نابێ خەباتی سیاسی بخرێتە پەراوێزەوە. بەهەرحاڵ پێویستە تا ئەو جێگایەی دەکرێ کاری توندوتیژ لە کاری ناتوندوتیژ جیا بکرێتەوە. دەنا بە پێچەوانەی ئەمە ئاکامی توندوتیژی بۆ خەباتی سیاسی هەرچەندە بەهێز و سەرکەوتووش بێ، کارەساتی بەدواوە دەبێ. بەڵگە مێژووییەکان وا نیشان دەدەن سەرەڕای ئەوەی خەباتی ناتوندوتیژ لەوانەیە زەرەر و زیانی ماڵی و گیانیی بەدواوە بێ بەڵام ڕادەی ئەم زەرەرانە زۆر کەمترە لە زەرەروزیانی شەڕی چەکداری. جیا لەوە ئەم شێوازە لە خەبات نابێتە هۆی ئەوەی کە کوشت و کوشتار و دڕندەیی کۆتاییان پێ نەیە. خەباتی ناتوندوتیژیش خۆی پێویستی بە کەمکردنەوەی ترسی خەڵک لە حکوومەت و سەرکوتەکانیەتی و هەم بۆ ئەوەش تێدەکۆشێ. نەترسان و لە کۆڵکردنەوەی ترس خۆی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لە بەین بردنی هێز و دەسەڵات دیکتاتۆرەکان بەسەر خەڵکدا.   ڕوونبێژی (شفافیت)، نهێنی‌کاری و ستانداردە باڵاکان نهێنی‌کاری، فێڵ و حیلە شاراوەکان کێشەی زۆر جیددی بۆ ئەو بزووتنەوانە دروست دەکا کە کەلک لە خەباتی ناتوندوتیژ وەردەگرن. زۆر جار ناکرێ کە پێش بە پولیس و ڕێکخراوە جاسوسییەکان بگیرێ کە زانیارییان لە سەر ئامانج و بەرنامەکان نەبێ. لە ڕوانگەی بزووتنەوەکەوە نهێنی‌کاری نەتەنیا لە ترسەوە سەرچاوە دەگرێ بەڵکوو خۆی هۆکاری ترسە. ترسێک کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕووحی مقاومەت کەمڕەنگ ببێتەوە و ڕێژەی ئەو کەسانەی کە دەتوانن لە کارێکی تایبەتیدا هاوکارییان هەبێ کەم دەبێتەوە. هەروەها نهێنی‌کاری ڕەنگە ببێتە هۆی دروست بوونی شک و گومان و بوختان کە ئاخۆ کێ ئەو زانیارییانەی بۆ لایەنی بەرانبەر کۆ کردۆتەوە و لە سەر کاروباری بزووتنەوەکە زانیاریی پێ داون. نهێنی‌کاری لەوانەشە تەنانەت کار لەسەر توانایی مانەوەی خەباتی ناتوندوتیژی بزووتنەوەکە بکا. لەبەرانبەردا شەفافییەت و ڕوونبێژی لە ئامانج و بەرنامەکان، جگە لە کاریگەریی پێچەوانەی نهێنی‌کاری، دەبێتە هۆی ئەوەی کە وێنەیەکی زۆر بەهێزتر لە بزووتنەوەی بەرگری پیشان بدرێ. ئەڵبەتە ئەم باسە هەروا سادەش نییە کە باس دەکرێ و زۆر لایەنی چالاکییەکان پێویستیان بە نهێنیکاری هەیە و لە هەندێ کاتی تایبەتیدا لە لایەن کەسانی شارەزا لە بردنە پێشی خەباتەکە و هاوکات شارەزا لە سەر شێوازەکانی چاوەدێرێی دیکتاتۆرەوە، بەڕێوە دەبرێن. پێداچوونەوە، چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤارە نهێنییەکان، کەلک وەرگرتن لە ڕادیۆ نایاساییەکانی نێوخۆیی و وەدەست هێنانی زانیاری لە سەر کاروچالاکییەکانی دیکتاتۆر لەو کارانەن کە پێویستیان بە نهێنی‌کارییەکی زۆر هەیە. ڕاگرتنی ستانداردەکانی بەرزی هەڵسوکەتەکان لە خەباتی ناتوندوتیژدا لە هەموو قۆناغەکانی ململانێیەکەدا زۆر گرینگە. هەندێ فاکتەری وەکوو نەترسان و پاراستنی ڕێکوپێکی لەم خەباتەدا هەمیشە پێویستن. گرینگە ئەوەمان لەبیر بێ کە جارجارە بۆ هەندێ گۆڕانکاریی تایبەت پێویستمان بە خەڵکێکی زۆرە. بەشداری کردن و هاوکاری کردنی ئەو خەڵکە زۆرەش تەنیا کاتێک مسۆگەر دەبێ کە ستانداردە باڵاکانی بزووتنەوەکەمان پاراستبێ.