کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرسووڕانی سیاسەتی ئیسڕائیل بەرانبەر بە ئێران

17:00 - 16 خەرمانان 2720

وەرسووڕانی سیاسەتی ئیسڕائیل بەرانبەر بە ئێران (بژاردەی نیزامیی و سیاسەتی هەنووکەیی ئیسڕائیل) (بەشی دووهەم و کۆتایی) نیگەرانییە هەنووکەییەکانی ئیسڕائیل لەبارەی ورووژاندنە ناوچەییەکانی ئێران بەباشی لەگەڵ سکاڵاکانی بەرێوەبەرایەتی ترامپ لەبارەی شکستهێنانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لە ئاماژە بەو گیروگرفتانە هاوتەریبن. لیستەی سکاڵا ١٢ خاڵەکەی وەزیری کاروباری دەرەوە، مایک پۆمپێئۆ دژی ئێران جەخت دەکاتەوە کە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ، پرسی ئەتۆمی و ناوچەیی چیدیکە ناتوانن لێک جیا بکرێنەوە، هەڵوێستێک کە نەتانیاهو دەمێکە هەیەتی. پێوەندی نێوان هەڵمەتی ئیسڕائیل لە کاتی شەڕی سووریە و هەڵوێستی ئەوپەڕی زەختی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ دژی ئێران لەو دوو ساڵەی دوای کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە بەرجام ئاشکراتر بووە. بێگومان، تا نێوەڕاستی ٢٠١٨، ئیسڕائیل ڕاستەوخۆ هێرشی نەدەکردە سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە سووریە، و لەجیاتان تا ڕاددەیەکی زۆر جەختی لەسەر هێرشکردنە سەر ئەو چەکوچۆڵە دەکرد کە ئێران بۆ حیزبوڵڵای دەنارد. بەڵام بەو کارە ئیسڕائیل دیتی شێوەی هەڵسوکەوتی ئێران لە سووریە گۆڕاوە و لەژێر ڕووناکایی کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتنی ناوکی و ئەوپەڕی زەخت، هێرشەکانی ئیسڕائیل بەربڵاوتر بوون تا ڕاستەوخۆ کاربەدەستان و سامانەکانی ئێران لە سووریە بکاتە ئامانج. هەڵوێستی باوی ئیسڕائیل لەمەڕ ددانپێدانەنانی هێرش لەنێو سووریە بە هەمان شێوە ڕێگای بۆ باس کردن لە هەنگاوی سەربازیی دژی ئێران لەوێ بە شێوەیەکی ئاشکراتر کردەوە. بە ڕووڕاستییەکی دەگمەنەوە، ئایزەنکۆت بە نیویۆرک تایمزی گوت کە تەنیا لە ٢٠١٨، هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل ٢٠٠٠ بۆمبیان لە سووریە بەرداوەتەوە. لە ٢٠١٨، نەفتالی بێنێت، کە ئەوکاتی وەزیری خوێندنی ئیسڕائیل بوو، هەڕەشەی کرد کە ئاڵۆگۆڕ بەڕێوەیە. ئەو بەڵێنی دا کە ئیسڕائیل ئیزن نادا سووریە ببێتە بەرەیەکی دیکەی ئێران تا بەکرێگیراوەکانی هێرش بکەنە سەر ئیسڕائیل و ئیددیعای کرد کە ئەوە سەلماوە کە هەلسوکەوتی ئیسڕائیل تەنیا بەرانبەر بە بەکرێگیراوەکان کاریگەر نەبووە. بە ئاماژە بە ئێران وەک هەشت پێیەک، بێنێت دەستەواژەی ‘دۆکترینی هەشت پێی’ دروست کرد و گوتی لێرە بەولاوە ئیسڕائیل لە تۆڵەی هێرشی بەکرێگیراوان، هێرش دەکاتە سەر سەری دەعبایەکە. ئەو بە هەمان شێوە مەسەلەی ناوچەیی بە پرسی ناکییەوە گرێ دا. تا ٢٠١٩، ئیسڕائیل لیستەی ئامانجەکەی تا ئەولای سووریە بۆ ئامانجە ئێرانییەکان لە عێراق درێژ کردبۆوە. ئیسڕائیل نیگەرانی تەشەنە کردنی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق بوو، لە کاتێکدا کە تاران تووشی سنوورداریی زۆرتر لە گۆڕەپانی سووریە بە هۆی زەختی ڕوسیە، هێرەشەکانی ئیسڕائیل، و ویستی ئەسەد و حیزبوڵڵا بۆ خۆ پاراستن لە قووڵبوونەوەی گرژییەکان لە گەڵ ئیسڕائیل، ببۆوە. لە کاتێکدا کە ئێران چووە نێو عێراق، ئیسڕائیلیش هەمان کاری کرد. بە گوێرەی کاربەدەستێکی پێشووی ئیسڕائیل، وڵاتە یەکگرتووەکان لەسەرەتاکان پێشوازیی لە تەشەنە کردنی هێرشەکانی ئیسڕائیل لە عێراق نەکرد، بەڵام کاتێک بەڕێوەبەرایەتی ترامپ گرینگیی کاری هاوتەریبی ئیسڕائیلی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران دیت، ڕوانگەکان لە کۆشکی سپی ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هات. بە گوتەی کاربەدەستێکی پلەبەرزی بەرگریی پێشووی وڵاتە یەکگرتووەکان، لە کاتێکدا کە پێنتاگۆن هێرشەکانی ئیسڕائیلیان لە سووریە وەک شان وەبەرنانی قورسایی پاشەکشە بە دەستڕۆیشتوویی ئێران سەیر دەکرد، لە سەرەتادا ناوەندی فەرماندەیی وڵاتە یەکگرتووەکان دژی هێرشەکانی ئیسڕائیل لە عێراق بوو، چونکە لەوە دەترسان ئەوان ببنە هۆی لە مەترسی کەوتنی گیانی ئەمریکاییان. ئەو سیاسەتانە لێک جیاکردنەوەی نێوان ڕێککەوتنی ناوەکی و ناکۆکی ناوچەییان لێڵ کرد، بە تایبەتی کاتێک ئێران بۆخۆی دەستی کرد بە هێرشکردنە سەر ئامانجی ناوچەیی لە کەنداوی فارس و تێچووەکانی کەمپەینی زەختی ئەمریکا و گەڕاندنەوەی ئابلۆقەکانی بەرز کردەوە. لە کاتێکدا کە ئاشکرا نییە تا چ ڕاددەیەک ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکان هێرشەکانیان لە سووریە و عێراق دژی ئامانجە ئێرانییەکان هاوئاهەنگ دەکەن، بێگومان تێگەیشتنێکی دوولایەنەی مەزنتر لە بارەی پێوەندی هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسڕائیل و ئەمریکا دژی ئێران هەیە. ئەگەرچی یەکێک لە ئامانجە باسکراوەکانی سیاسەتی ئەمریکا بۆ زەختەکەی، هێنانە ئارای ڕێککەوتنێکی نوێیە، ڕوانگەیەک کە نەتانیاهو بە توندی دژایەتیی دەکا. زۆر ئیسڕائیلی پێیان وایە کە ئامانجی کۆتایی ئەمریکا گۆڕینی ڕێژیم لە تارانە، و لەو بارەوە هاوکارییەکی نزیک لە نێوان ڕاوێژکارە پلەبەرزەکانی ترامپ (بە تایبەتی پۆمپێئۆ) و ئاڵقەی نزیک لە نەتانیاهو دەبینن. کاربەدەستانی پێشوو پێیان وایە نەتانیاهو بە گۆڕینی ڕێژیم زۆر گەشبینە، و هەر جار لەسەر شەقامەکان خۆپیشاندان دەکرێ ئەو پێی وایە ڕێژیم هەرەس دێنێ، وەک چۆن زۆر کەس لە واشینگتۆن وا بیر دەکەنەوە. سەرەڕای سەرلێشێواوی لەبارەی ئامانجی سیاسەت و چوونە سەری تێچووی ئەوپەڕی زەخت و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئەمریکا-ئێران، ئیسڕائیلی لە هەموو لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی لە هەڵوێستی بەرێوەبەرایەتی ترامپ بەرانبەر بە ئێران دەکەن. زۆر ئیسڕائیلی بڕیاری وڵاتە یەکگرتووەکان لە بارەی کوشتنی سولەیمانیان پێ سەیر بوو، ئەویان بە دیارییەکی چاوەڕواننەکراو دەشوبهاند. لە ڕوانگەی ئیسڕائیلییانەوە، ئەوان زۆر نائومێد بوون کاتێک وڵاتە یەکگرتووەکان وەڵامی هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای دەوڵەتیی ئارامکۆی عەڕەبستانی لە سێپتامبری ٢٠١٩ کە دەگوترا کاری ئێرانە، نەداوە. کاربەدەستانی ئیسرائیلی و لێکۆڵەرەوان لەوە دەترسان ددان بەخۆداگرتنی ئەمریکا کاردانەوەی ویستی کشانەوە لە ناوچە بێ، و هێرش بۆ سەر سولەیمانییان وەک گەڕاندنەوەی ویستی چاوترسێن کردن لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە سەیر کرد. سەرەڕای هێندێک نیگەرانی کە کوژرانی ناوبراو لەوانەیە دۆخەکە بۆ پراگماتیستەکان لە ئێران خراپتر بکا و زەختەکان بۆ سەر عێراق بۆ وەدەرنانی وڵاتە یەکگرتووەکان زیاتر بکا، زۆربەی لێکۆڵەرەوانی ئیسڕائیلی پێیان وایە کوشتنی سولەیمانی و هەڵمەتی زەختی بەربڵاوتر، کاریگەرە، لانیکەم تا ئەو جێیە کە تواناییەکانی ئێران لە کورتماوەدا لاواز دەکا. وەک کاربەدەستێکی پێشووی بەرگریی ئیسڕائیل گوتی، هەڵوێستی دوای سولەیمانی لە ئیسڕائیل لەبارەی سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە ئێران ئەوەیە کە ‘تا ئێستا باش بووە’ و ‘چ شتێکی تێدا کە بەکەیفێی نەبێ؟’ لە لێکدانەوەکانی ئیسڕائیل، کوژرانی سولەیمانی باوەڕبەخۆبوونی لە ڕاددە بەدەری ئێرانی لێک پچڕاند و ئێرانییەکان ناچار دەکا زۆرتر وشیار بن، چونکە چیدیکە ناتوانن پێشبینی وڵامی ئەمریکا بکەن. ستراتێژیی ئیسڕائیل ئەوەیە کە ‘شتان دەست پێ بکا’ و ئێران ناچار بکا هەڵوێست بگرێ، وەک دەست پێکردنەوەی بەرنامە ناوەکییەکەی، کە لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵوێستی توندوتۆڵتری ئەمریکا دژی ئەو وڵاتە. دوای ترس لە بێ هەڵوێستیی ئەمریکا، هێندێک ئیسڕائیلی تەنانەت پێیان وایە کە هەنگاوی ئەقڵانی داهاتووی وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانی هێرش بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بێ. بژاردەی نیزامیی و سیاسەتی هەنووکەیی ئیسڕائیل باسەکان لە بارەی بژاردەی سەربازیی ئیسڕائیل دژی ئێران لە کۆتاییەکانی ٢٠١٢ لە ئارا دابوون. بە گوێرەی لێکۆڵەرەوەیەکی پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسڕائیل، تا ئەو کاتی ئەرتەشی ئیسڕائیل ئامادەی کردار بوو، کاتێک نەتانیاهو و وەزیری بەرگریی ئەوکاتی ئێهود باراک پشتگیرییان لە هێرشی سەربازیی دژی ئێران دەکرد، ئەگەرچی کاربەدەستە ئاسایشییەکان تا ڕاددەیەکی زۆر دژی بوون. ڕوون نییە ئاخۆ ئەرتەشی ئیسرائیل خەریکی ئامادەکاریی پلانی سەربازیی بوو بۆ کەڵک لێ وەرگرتنی یا تەنیا بۆ دەسەڵاتی سیاسی بوو؟ کاتێک ئاشکرا بوو کە هێڵی دیپلۆماتیک لەگەڵ ئێران جیددیە، بژاردەی سەربازیی کاڵ بۆوە. کاتێک بەرجام لە ٢٠١٥ کۆتایی هات، هەڵوێستی زاڵ لەنێو لێکۆڵەرەوانی ئیسڕائیلی ئەوە بوو کە تا ئەو کاتەی ئێران ملکەچی ڕێککەوتنەکە بێ، بژاردەی سەربازیی لەسەر مێز نەماوە. وەک ڕۆژنامەنووسێکی بەرگریی گوتی، ‘ئێستا کە سەرجەم کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە پشت ڕێککەوتنەکەیە، وێناچێ تەنانەت تاکە کەسێک لە پلەبەرزەکانی کۆمەڵگەی بەرگریی، لە نێویاندا سەرۆکی موساد، سەرۆکی خزمەتگوزاریی هەواڵگریی، شین بێت و فەرماندەی هێزی ئاسمانی، لایەنگری هێرش بۆ سەر ئێران بێ.’ بە کشانەوەی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لە بەرجام، لە چوارچێوەی گەشبینیی ئیسڕائیل لە بارەی زەختی ئەمریکا و ئەو لێکدانەوەیە کە لەرزۆکیی ئێران لە زیادبوونە، بژاردەی سەربازیی بۆ چارەسەریی بەرنامەی ناوەکی ئێران جارێکی دیکە قوت بۆتەوە. لە هاوینی ٢٠١٩، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسڕائیل ئاکۆڤ ئەمیدرۆر لە کۆنفڕانسێکی گشتییدا گوتی کە ئیسڕائیل هێشتا پێویستی بە نەخشەی لێدانی ئێرانە، و ئیسڕائیل ناتوانێ متمانە بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بکا تا پێش بە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوەکی بگرێ. لە دێسامبری ٢٠١٩، ئیسڕائیل کاتز، کە ئەو کاتی وەزیری کاروباری دەرەوە بوو، گوتی هێرشێکی ئیسڕائیلی بۆ سەر ئێران شتێکی مومکینە، و ئیددیعای کرد لە کاتێکدا کە زەختی وڵاتە یەکگرتووەکان کاریگەرە، هێرشی پێشکەوتوو بۆ سەر ئارامکۆی سعوودی ئاشکرای دەکا ئێران بەهێزە و تەنیا بە هەڕەشەی سەربازی چاوترسێن دەکرێ. هەمان حەوتوو، هێزە بەرگرییەکانی ئیسڕائیل ڕایگەیاند دوایین ‘سیستەمی پاڵپێوەنەری موشەکیی’، کە بەشێک لە موشەکی بالیستیکی زەوی بۆ زەوی جێریکۆیە، مەودای ٤٠٠٠ کیلۆمیتر دەبڕێ و توانایی هەڵگرتنی کڵاوی ناوەکی هەیە. تاقیکارییەکە چەند ڕۆژ دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی کەلکوەرگرتنی ئێران لە موشەک لە عێراق و یەمەن بەڕێوە چوو، کە پێشێلکاریی کۆنترۆڵی تەکنەلۆژی موشەکییە ، و بۆیە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بەرانبەر بە تاران هەڵسەنگێندرا. هەمان مانگ، سەرۆکی گشتی هێزە بەرگرییەکانی ئیسڕائیل، ئاڤیڤ کۆچاوی ڕایگەیاند کە بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە نێوان ئیسڕائیل و ئێران خۆ لێ لادانی نییە و دەتوانێ ببێتە هۆی جەنگ. لە سەرەتای ٢٠٢٠، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی هێزە بەرگرییەکانی ئیسڕائیل هەڵسەنگاندنێکی بڵاو کردەوە کە پێشنیاری دەکرد بۆ کەلکوەرگرتن لە کوژرانی سولەیمانی، هێزە بەرگرییەکانی ئیسڕائیل دەبێ هێرشەکانی دژی هێزەکانی ئێرانی لە سووریە زیاتر بکا تا ئەوان لەو وڵاتە وەدەر نێ. هێندێک کەس پێیان وایە کە ستراتێژیی نەتانیاهو پشتیوانی لە بەرزکردنەوەی گرژییەکانە تا ببێتە هۆی ڕوبەڕووبوونەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئێران، لە ناویاندا هێرش بۆ سەر ئامانجە ئەتۆمییەکانی ئێران. چەند لێکۆڵەرەوەی ئیسڕائیلی لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئیسڕائیل دەتوانێ لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکان بەرانبەر بە ئێران هەلسوکەوت بکا و تۆڵەکردنەوەی ئێران قبووڵ بکا ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران. هەواڵەکانی دووپات بوونەوی مشتومڕ لە نێوان خاوەن دەسەڵاتەکانی سیاسی و بەرگریی لە بارەی باشییەکانی بژاردەی سەربازیی دژی لایەنە ناوکییەکانی ئێران وێدەچێ زێدەڕۆیانە بێ. ئێستا بەرهەڵستکارییەکی زۆر کەمتری بەرگریی و هەواڵگریی لە بەراورد لەگەڵ پێش ٢٠١٢ بە هۆی پشتگیریی گشتی واشینگتۆن بۆ سیاسەتی هێرشبەرانەی ئیسڕائیل لەئارا دایە، کە بە هۆی چالاکییە ناوچەیی و دەستپێکردنەوەی بەرنامە ناوکییەکەی ئێران نیگەرانییەکان قووڵتر بوونەوە و ڕێبەریی ئاسایشی ئیسڕائیل هاوڕاییەکی زۆر زیاتری لەگەڵ نەتانیاهو هەیە. مشتومڕە گشتییەکان لە ئیسڕائیل لەبارەی سیاسەت بەرانبەر بە ئێران تا ڕاددەیەکی زۆر کۆتاییان پێ هاتوە. کاتێک بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بڕیاری دا لە بەرجام بکشێتەوە و ئەوپەڕی زەخت بەکار بێنێ، ئیسڕائیلییەکان گشت دامەزراوە سیاسی و ئاسایشییەکان باوەشیان بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا کردەوە. هەڵمەتی سەربازیی خودی ئیسڕائیل لە سووریە و ئەولاتر، زەختەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران زیاتر دەکا و ڕوانگەی ڕێبەرانی سیاسی هەر دوو وڵات لە هەموو کاتێک لێک نزیکترە. لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل پێی خۆش نییە ترامپ لەگەڵ ئێران لە مەڕ ڕێککەوتنێکی نوێ وتووێژ بکا، ئەوان نایانهەوێ باوەڕ بکەن کە ئەگەری سێناریۆیەکی ئەوتۆ هەیە، و زۆر کەس هێشتا پێیان وایە ئاکامی کۆتایی ئەوپەڕی زەخت گۆڕینی ڕێژیم لە تارانە. بەڵام لە ڕوانگەی ئیسڕائیلەوە، ئاکامی ئەوپەڕی زەخت گرینگیی کەمتری لە درێژە کێشانی پرۆسەی سەپاندنی ئەو هەیە. لە ڕاستیدا، سیاسەتی هەنووکەیی ئیسڕائیل بەرانبەر بە ئێران زۆرتر لە بیری دەستکەوتی کورتخایەنە و کەمتر سەرنج دەداتە درێژ خایەن. زۆر لە ستراتێژیستە ئیسڕائیلییەکان سوودەکانی پلانی کورتخایەن و قازانجەکانی ئەو هەڵمەتانەی کە دۆخی بەرایی لێک هەڵتەکێنن، دەبینن. جگە لەوە، نەتانیاهو لەوانەیە بیهەوێ کەڵک لە کاتی دەسەڵاتداریی ترامپ بۆ ‘تێکوەردانی شتەکان’ وەرگرێ بەو هیوایە کە شتێکی باشتر سەرهەڵدا، چونکە ئەو دڵنیایە کە ئێستا کاتی خۆ یەکلا کردنەوە لەگەڵ ئێرانە و ئەوە ئەرکی مێژوویی ناوبراوە کە ئەو کارە بکا. لانیکەم بە فەرمیی، وێدەچێ ئیسڕائیلیش دڵنیا بێ کە زەختی هەنووکەیی ئێران لاواز دەکا و پێش بە دەستڕۆیشتوویەکەی دەگرێ. قەیرانی کۆڤید-١٩ نە تەنیا باوەڕ بەخۆبوونی ئیسڕائیل بەهێز دەکا بەڵکوو ڕێبەرانی ئێران زۆرتر لەرزۆک دەکا. ئەو ڕاستییە لە جێی خۆیەتی کە ئاکارە نەخوازراوەکانی ئیسڕائیل درێژەیان هەبووە. بۆیە، باوەڕ بەخۆیی ئیسڕائیل دەتوانێ مەترسیدار بێ. شێوەی بیرکردنەوەی کاربەدەستانی ئێستای ئیسڕائیل، بەبێ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دەنگی ناڕەزایەتی لە ئیسڕائیل یا وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ دەستنیشان کردنی بژاردەی جێگرەوە، لەوانەیە تەنیا ببێتە هۆی هاندانی بەرزکردنەوەی ئاستی سەربازیی و پشتگیریی بۆ کردەی سەربازیی هێرشبەرانەتری وڵاتە یەکگرتووەکان دژی ئێران، بە ئاکامی نەزانراو یا زۆر کەم بیر لێ کراوەوە. *** هەڵبەت، کارتی جۆکەر لێرەدا هەڕەشەی هەڵبژاردنی وڵاتە یەکگرتووەکانە. ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە واشینگتۆن، لە کۆشکی سپی کۆماریخوازان بە هەڵوێستی شاهین ئاسا بەرانبەر بە ئێران بۆ کەسێک لە ڕێبەرایەتیی دێموکڕاتەکان و تا ڕاددەیەکی زۆر دامەزراندنی ئەو کەسانە کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکدا خزمەتیان دەکرد کە بەرجامی بە ئاکام گەیاند، بێگومان بژاردەکانی ئیسڕائیل بۆ وەڕاست گەڕانی پلانەکانی سنووردار دەکا. بۆیە دەوڵەتی نەتانیاهو هێندە خۆ ماندوو دەکا کە ئێستا سوودەکان وەدەست بێنێ، پێش هەڵبژاردنی وڵاتە یەکگرتووەکان، پشتگیریی لە سیاسەتی دژی ئێران دەکا کە لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ بەرجام و هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێران دژوارتر بکا، ئەگەر نەڵێین نامومکین، بەبێ لەبەر چاو گرتنی ئەوەی کە کێ لە کۆشکی سپییە. لە بەهاری ٢٠٢٠، ئیسڕائیل دەوڵەتێکی یەکگرتووی پێک هێنا کە نەتانیاهو لە ١٨ مانگی یەکەمدا سەرۆک وەزیرانە. فەرماندەی گشتی پێشووی هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل، گانتز و ئەشکەنازی بوونە وەزیری بەرگریی و وەزیری کاروباری دەرەوە. هەردوو دژی هەڵمەتی سەربازی لە ئێڕان بەبێ هاوئاهەنگیی لەگەڵ واشینگتۆنن. لە سەردەمی نەتانیاهودا، شێوەی سیاسەتی ئیسڕائیل بەرانبەر بە ئێران لە کورتماوە و ماوەی مامناوەند دەبەسترێتەوە بە دۆخی ئاسایی خودی نەتانیاهو، لە کاتێکدا کە ئەو بەرەوڕووی داداگایی بە هۆی تۆمەتی گەندەڵیی دەبێتەوە، و هەروەها چۆنیەتیی ئاکامی هەڵبژاردنی وڵاتە یەکگرتووەکان. نەتانیاهو دەتوانێ هەڕەشەکان بەرز بکاتەوە ئەگەر گیرگرفتە یاساییەکانی خەفەتبارانە بن و پێی وابێ بەرێوەبەرایەتی وڵاتە یەکگرتووەکان پێشترێتی نادا بە ئێران. ئەگەر جۆ بایدن ببێتە سەرۆک کۆمار و هەوڵ بدا ئەمریکا بباتەوە نێو ڕێککەوتنی بەرجام و لەوانەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران هەڵسوکەوت بکا، شتێک وەک ئەوەی سەردەمی ئۆباما دووپات دەبێتەوە. نەتانیاهو دەیهەوێ خۆنەویستانە بەرانبەر ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ لە واشینگتۆن بوەستێتەوە، بە هەمان شێوە کە ئەو لە سەرەتادا بەتووندی دژایەتی سیاسەتەکانی ئۆبامای بەرانبەر بە ئێران دەکرد. زۆر وێدەچێ نەتانیاهو، هەر وەک جاری پێشوو، ڕاستەوخۆ ڕوو لە گرووپە جوولەکەکان و ئەندامە دۆستەکانی کۆنگرە لە وڵاتە یەکگرتووەکان بکا تا ڕەوتی سووک کردنی ئابلۆقەکان یا هەر چەشنە هەنگاوێک کە وەک پاشەکشە لە بەرانبەر تاران سەیر دەکرێ، هێور بکاتەوە. بە لەبەر چاو گرتنی گرژییە سیاسییەکان، گانتز و ئەشەکانزی لەوانەیە دژی هەنگاوی ئەوتۆ نەوەستنەوە، لانیکەم بە فەرمیی ئەو کارە نەکەن. لە هەمان کاتدا، ئیسڕائیل درێژە بە هەڵمەتە سەربازییەکانی دژی ئێران لە سووریە دەدا، کە لە لایەن واشینگتۆنەوە پێشی پێ ناگیرێ، ئەگەرچی هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل لەوانەیە ناچار بن ئاستی زەبر وەشاندنەکانی لە عێراق کەم بکاتەوە. ئەگەر ئەو هەنگاوانە بێ ئاکام بن، دەوڵەتی نەتانیاهو لەوانەیە ئێران بورووژێنێ. کلیلەکەی پاراستنی ئاستی هەڕەشە و لیستەی ئامانجەکان بە شێوەیەک کە کارمەندانی ئەمریکایی نەخاتە مەترسییەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وا بکا تا وڵاتە یەکگرتووەکان بەرپەرچی بەرز کردنەوەی گرژییەکان لە لایەن ئێرانەوە بداتەوە. ئەوە دەتوانێ هێرشی شاراوەی ئیسڕائیل لە نێوخۆی ئێران بێ، لە ناویاندا تەقینەوە لە بنکە هەستیارەکان، کە لەوانەیە ببێتە هۆی وەڵام دانەوەی ئێرانییەکان بەڵام سامانە ئەمریکاییەکان نەخاتە مەترسییەوە. تەنیا ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو لە سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان، بە شێوەیەک کە ئیسڕائیل بە ئاشکرا بۆ تێکدانی هەوڵەکان بۆ زیندوو کردنەوەی ڕێککەوتنی ناوەکی سزا بدا کە ببێتە هۆی زەرەری دێژخایەن لە پیوەندی دوولایەنە، دەتوانێ ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی دووبارەی مشتومڕ لەسەر شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێران. لە دۆخی هەنووکەییدا، سیاسەتی بەرز کردنەوەی ئاستی گرژییەکان وێدەچێ تاکتیکی جێگەی پەسەندی گشت لایەک بێ، کە دەبێتە هۆی تێچوویەکی کەم بۆ ئیسڕائیل و میراتی درێژ مەوداترین سەرۆک وەزیرانی مێژووی ئیسڕائیل دەپارێزێ. ئەگەر ئیسڕائیل نەگاتە ئەو ئاکامە کە وڵاتە یەکگرتووەکان بڕیاری داوە کە لە گەڵ ئێران ڕێککەوێ، زۆر وێدەچێ جەختی خۆی لە هەوڵ بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕێککەوتنێکی ئەوتۆ بۆ ڕێککەوتنێک کە ئەوان داڕێژەری بن بگوێزیتەوە. ئیسڕائیل لەوانەیە لەگەڵ وڵاتانی عەڕەبی کەنداو کار بۆ زەخت خستنە سەر واشینگتۆن بکا تا سووک کردنی ئابلۆقەکان و پرسە ئەتۆمییەکان بە پاشەکشەی ئێران لە چالاکییە مووشەکی و ناوچەییەکانی گرێ بدا. بە لەبەر چاو گرتنی وەرسووڕانی سیاسەتەکانی ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکان لە مەڕ ئێران لە دوای بەرجام، بایدن لەوانەیە لە ئۆباما زۆرتر بیهەوێ ئەو شتانە بە یەکەوە گرێ بدا، بە تایبەتی ئەگەر ئەوە پشتیوانی ئوروپاییەکانیشی بەدواوە بێ. بە هەمان شێوە، ڕێبەریی ئێران لەوانەیە کەمتر بیهەوێ ئەو کارە بکا. *** تێبینی: ئەو وتارە کورتکراوەی لێکۆڵینەوەیەکی ٢٤ لاپەڕییە.(وەرگێڕ(