کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاکتاو کردن بە ناوی ئایین

17:31 - 16 خەرمانان 2720

زۆر نین ئەو کەسانەی (موسوڵمان یان ناموسوڵمان) کە گوێبیستی زاراوەی “جیهاد” نەبووبن و، بە جۆرێک ئاشنایەتییان لەگەڵدا نەبێ، کۆڕیادێک سەبارەت بە خۆی یان بنەماڵەکەی، نەتەوەیەکی دیکە، یان نیشتمان و گەلی خۆی بە یادگار بۆ بەجێ نەمابێ. ئەگەر بمانەوێ بەوردی بچینە نێو مژاری “فیقهی”، “کەلامی” و “شەرعی”ـی چەمکی “جیهاد”، ڕاستە بە سەدان جار لە قورئاندا ئاماژەی پێ کراوە، حەدیسگەلێکی زۆر لەم پێوەندییەدا لە لایەن پێغەمبەری ئیسلام، هەڤاڵەکانی و ئیمامەکان گوتراوە. دواتر بە دوای ئەو پرسەدا بگەڕێین کە چەند جۆر جیهاد هەیە، جگە لە جیهاد کە بە واتای شەڕ لە ڕێگای دیندایە، “جیهادی ئەکبەر”، “جیهادی ئەسغەر”، جیهاد لەگەڵ نەفس، هەوەس، جیهادی ماڵی و زمانییش هەیە. بەڵام بۆ ئەوەی باسەکەمان درێژ نەکردبێتەوە و لە چوارچێوەی بابەتەکەدا بمێنینەوە، خۆمان لەو باسە فیقهی و شەرعییە دەبوێرین، ئەوی لێرەدا مەبەستە باسی نەتەوەیەکە کە سەردەمێک لە ڕیزی موسوڵماناندا سەرباز و پارێزەری ئیسلام بوون و، هەتا ئەمڕۆش پێبەندن بە باوەڕە دینییەکانیان و یەکێکن لە نەتەوە هەرە خواناسەکان و ڕۆژانە ژمارەی مزگەوت و خانەقا و تەکیە و حوجرە دینییەکانیان ڕوو لە زیادبوونە. کەچی هەر لە لایەن ئەو موسوڵمان و دەسەڵاتدار، موفتی، موجتەهید، ئایەتوڵڵا ئیسلامییەکانی سەدەی هاوچەرخدا کەوتوونەتە بەر شاڵاوی جیهاد، ئەوە بۆ خۆی مەتەڵێکە و مانایەکی پێکەنیناوی و هەڵبەتە ناخهەژێنی هەیە. پرسیار ئەوەیە ئایا پێویستە پاش لێکدانەوەی ئایە و حەدیسەکان، بەراورد و پەسەندکردنیان دەگەڵ شارەزایانی دینییدا، پرۆسەی “انفال”ـی سەددام بەرینە ژێر پرسیار؟ کە سەدان هەزار کوردی زیندە بە چاڵ و ئێعدام کردوە، یان خنکاندن و کوشتنی دەیان هەزار کوردی زازاکی لە ژن و منداڵ و پیر و لاو لە ئەشکەوتەکاندا، لە لایەن تورکە گەنجە موسوڵمانەکانەوە؟ یان بە تاڵان بردنی ژنانی کورد لە لایەن داعش لە شەنگال کە زۆر ناخ هەژێنتر لە هەڕاجی گیانی “ئەرشالویس ماردیگانیان”ـی بە ڕەگەز ئەرمەنی بوو؟ یان هێرشە خوێناوییەکەی عەفرین لە لایەن ئەردۆغان بە ناوی عەمەلیاتی زەیتون؟ هەروەها فتوای ڕوحوڵڵا خومەینی و خوێنخۆرەکانی بۆ قڕان و سەربڕینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هێشتا قەیتانی پۆتینەکانیان نەکردوەتەوە؟! نەخێر! بەڵکوو دەبێ لە بابەتێکی دیکەدا بە دوای هۆکارەکانی ئەم تاوانە گەورە و ترسناکانەدا بگەڕێین، بەڵام دەسەڵاتداران هەمیشە لە دین وەکوو ئامراز و تاکتیک بۆ پاساوی کردەوەکانیان کەلکیان وەرگرتوە. هەڵبەت کوردەکانیش وەکوو “مرجئە”کانی کەلامی بە بیانووی حاوانەوە و چاوپۆشی کردن، ئەوەندە ترسەنۆک نەبوون کە ملکەچی دەسەڵاتدارانی جینایەتکار و خوێنڕێژ بن و دەسەڵاتەکەیان وەک چارەنووسێک کە خوا بۆی دیاری کردوون قەبووڵ بکەن، هەرچەند زانایانی ئاینییان لەو پێوەندییەدا پشت بە هیندێک لە ئایاتی قورئان دەبەستن. بۆ نموونە لە سەر ستاندنەوەی ویست و توانای مرۆڤ ئایەکانی (٧٦،٧٥،٧١)ـی سووڕەتی “نحل” کە پیشاندەری سەروەری پێدانی کەسانێک لە بەرانبەر بەشێکی دیکەدایە، یان ئایەتی (٥٩)ی سووڕەتی “نساء” لە پێوەندی لەگەڵ گوێڕایەڵی لە خاوەن دەسەڵاتدار باسیان کردوە. لەوانەیە کوردەکان زیاتر پشتیان بە ئایاتی “مکی” بەستبێ، هەر بۆیە نە خەلیفەکانی عوسمانیان بە جێگرەوەی خودا زانیوە، نە سەددام و ئەردۆغان، وەکوو نوێنەری موسوڵمانان قەبووڵ کردوە، نە ئایەتوڵڵاشیان وەک ڕۆحی خودا لە سەر زەوی ناسیوە. دیارە لێرەدا بابەتەکە لە پێوەندی لەگەڵ داعش و گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەکاندا جیاوازە بۆیە ناچارین بە کورتی ڕوونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بدەین. بناژۆخوازیی ئیسلامی کە خوازیاری گەڕانەوە بۆ بنەما و سەرەتای ئیسلامن، بە وەهابی و سەلەفی دەناسرێن و بە ڕواڵەت خاوەن ڕێباز و حەدیسن، نەک خاوەن ڕاوبۆچوون، کە بۆ “ئەحمەدی کوڕی حەنبەل” دەگەڕێتەوە و دواتر “ئەحمەدی کوڕی تەیمییە” لە سەدەی سێزدە و چواردەی زایینییدا، گەشەی پێدا و دواجار لە سەدەی هەژدە لە لایەن “محەممەدی کوڕی عەبدولوەهاب”ـەوە بوو بە قوتابخانەیەک هەتا ئەمڕۆش لە تەواوی وڵاتانی ئیسلامی پەرەیان سەندوە و کارتێکەرییان هەیە، لە سەردەمی ئێستادا سەلەفییەت بۆتە فکر و ڕێبازی گرووپە توندڕەوەکانی وەک داعش، قاعیدە، تاڵیبان، بوکۆحەرام و تەواوی بناژۆخواز و توندڕەوە ئیسلامییەکان. بەڵام نابێ بە تەنیا وەهابییەت و سەلەفیگەری وەکوو باوکی فکریی داعش و گرووپەکانی دیکە دابنێین، بەڵکوو دەبێ زیاتر لە نێو جووڵانەوەی مەزهەبی هاوچەرخ واتە “ئیخوانولموسلمین”ـدا بە دوایدا بگەڕێین. “حەسەن بەننا” و هاوڕێیانی لە سەرەتای سەدەی بیستەم بە مەبەستی پێشگیری لە کاریگەریی ڕۆژئاوا لە سەر کۆمەڵگەی ئیسلامی دەستیان بە بانگەشەی بناژۆخوازیی ئیسلامی کرد و ئیخوانولموسلمینیان دامەزراند. ئەو ڕێکخراوە پێش هەموو کەس لە گەشەسەندنی فکرەکەیان هەتا ئەمڕۆ منەتباری هزر و بیرکردنەوەکانی “سەید قوتب”ـە (مامۆستای گوتاری تەکفیریی سەدەی بیستەم). سەید قوتب بە پێداچوونەوە بە هەندێک لە چەمکەکانی ئیسلام، وەکوو جیهاد، تەکفیر، حکوومەتی ئیسلامی بە حەق شیاوی ناونیشانی بڕەو پێدەری توندڕەویی ئیسلامی بووە، کە ئەمڕۆ لە هەناوی ئەودا داعشەکان و تاڵیبانەکان هاتونەتە دەر. کاتێک کە سەید قوتب لێکدانەوەیەکی دیکەی بۆ چەمکی “جاهلیەت” کرد هەموو جیهانی ئیسلامی بە لە دین لادراو و جاهیل ناوزەد کرد و ڕایگەیاند؛ خەڵک و موسوڵمانان لە بنەما و سەرەتای ئیسلام دوور کەوتوونەتەوە و دەبێ هەموو کەس ڕووبە ڕووی ئەو بارودۆخە ببێتەوە، سروشتییە کە داعش و گرووپە ئیسلامگەرا توندڕەوەکانی دیکە شمشێرەکانیان بە ڕووی خودی موسوڵمانەکاندا ڕاگرن و بە ناوی جیهاد لە سەرە بڕاوەکان تەپۆڵکە ساز بکەن و کچان و ژنان بکەنە کۆیلە و قەرەواش، کە هیچکام لە کۆمەڵگەی ئیسلامی لەو بارەیەوە بە قەرا کوردەکان نەبوونەتە قوربانی. بەڵام کوشتاری کوردەکان بە دەستی سەددامەکان، ئاتاتورکەکان، ئەردۆغانەکان و ئایەتوڵڵاکان، کە بە ناوی ئیسلام و قورئان ڕووی داوە، تایبەتمەندیی سیاسی و هەستیاری ژێئۆپۆلیتیکی هەبووە. حکوومەتە فاشیست و دیکتاتۆر و پاوانخوازەکانی بەعس، تورک، ئێران بۆ یەکدەست کردن و نەهێشتنی کەمینە مەزهەبی و نەتەوەییەکان، دەستیان بە کوشتار، زیندەبەچاڵ و دەرکردن و ڕاگواستنی زۆرەملی کرد. ئەو پڕۆژە یەکدەست کردنە کە هەموو کات نەسڵکوژیی لەگەڵدا بووە، پێشینەیەکی دوور و درێژی میژوویی هەیە، دەکرێ وەکوو یەکەمین قوربانییەکان ئاماژە بە یەهودییەکان بکەین کە لە سەدەی شەشەمی پێش زایین لە لایەن “بخت النصر” بە زۆرەملی بۆ بابل ڕاگوێزران. لە سەدەی بیستەمدا، دیارترین ژینۆساید لە لایەن عوسمانییەکان لەسەر ئەرمەنییەکان و ئاشوورییەکان ڕووی داوە کە تەنیا لە ئەرمەنییەکان نیزیک بە یەک میلیۆن و پێنسەد هەزار کەس بوونە قوربانی. بە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی کەماڵیستەکان کە کوردەکانیش ڕۆڵیان لە بە دەسەڵات گەیشتنیاندا بوو، دوای بەتاڵ کردن و تێپەڕاندنی پەیمانی سێڤەر و دواتر ڕێکەوتنی لۆزان، مستەفا کەماڵ بە پشت بەستن بەو پەیمانە کە یەکێک لە خاڵەکانی دەستەبەرکردنی مافی کەمینە مەزهەبییەکان بوو، بە بیانووی ئەوەیکە کوردەکان لەگەڵ ئێمە برای دینیین لەو خاڵە پاشگەز بۆوە و کوردەکانی بە تورکی کێوی ناو برد، دواتر لە پێناو یەکدەست کردنی تورکیە دەستی کرد بە پاکتاو کردنیان لەژێر ناوی یەک زمان، یەک ناو، یەک ڕەچەڵەک (یەک دەوڵەت-یەک نەتەوە) کە هەتا ئێستاش هەر درێژەی هەیە. لە لایەکی دیکەوە بە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی “سەددام حوسێن” هەر لە درێژەی ئەو سیاسەتە و بە قسەی خۆیان پێشگیری لە پارچەبوون و لێک بڵاوبوونی ناوچەی ستراتێژیکی کوردستان نکۆڵییان لە شوناسی کوردەکان کرد و بە شیمیایی و زیندە بە چاڵ کردن هەوڵی پاکتاو یان هەر نەبێ ملکەچ و گوێڕایەڵ کردنیان دا. لە ئێرانیش بە دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی کە کوردەکان وەکوو هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران ڕۆلیان هەبووە و هاودەنگ بوون لە ڕووبە ڕوو بوونەوە و پاشان ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی، زۆر زوو لە ئامانجە شووم و نگریسەکانی کۆماری ئیسلامی و ئاخوندەکان تێگەیشتن کە پێبەند نین بە جێبەجێ کردنی هیچ یەک لەو وەعدە و بەڵێنانەی کە بە کوردەکان و کەمینەکانی دیکە لە مەڕ دابەش بوونی دەسەڵات دابوویان، دەبووایە گەلانی ئێران بچنە ژێر باری دیکتاتۆرییەکی قورستر و ترسناکتر لە ڕێژیمی پەهلەوی، کە نەتەنیا باسێک لە مافی کەمینەکان نییە، بەڵکوو سیستمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بەرهەڵستی هەر جۆرە سێکۆلاریزم، ئازادییە مەدەنییەکان و تەنانەت نکۆڵی لە جیابیران دەکا. شەهید دوکتور قاسملوو کە بە نوێنەری خەڵکی پارێزگای ورمێ بۆ مەجلیسی خوبرەگان پاڵێورا بوو (١٢ی گەلاوێژی ١٣٥٨) بە ١١٣ هەزار و ٧٧٣ دەنگ براوە بوو، بەڵام دوای شەڕی پاوە لە ٢٦ـی گەلاوێژ، خومەینی گوتی: “کوردەکان گەورەترین کافرەکانن و کردەوەکانیان بێوڵام ناهێڵینەوە.” هەر ئەو لێدوانە، دکتور قاسملووی لە ڕۆیشتن بۆ قوم و بەشداری لە مەجلیسی خوبرەگان پاشگەز کردەوە، هەڵبەتە نەچوونی بێجێ نەبوو چونکە دواتر دەرکەوت کە خومەینی گوتبوی: “ئەو بەد ڕەوشتە لێرەیە؟! جێی داخە نەهاتوە، دەنا نەماندەهێشت بڕواتەوە.” “مستەفا چەمران” لەگەڵ “وەلییوڵڵا فەلاحی” کە پێشتر بە ڕەزامەندیی خومەینی توانیبووی ئەرتەش و سپای پاسداران بۆ شەڕی کوردستان پەلکێش بکا، کاتێک لە پاوە لەژێر گەمارۆی پێشمەرگەکاندا بوو، بیانوویەکی باشی دا دەست خومەینی کە ئەرتەش و سپا بە تەواوی هێزەوە بۆ شەڕی کوردستان بنێرێ، پەیامی خومەینی لە ڕۆژی ٢٧ـی گەلاوێژ بەم جۆرە بوو: “بسم اللە الرحمن الرحیم لێرە و لەوێی ئێران گرووپە جۆراوجۆرەکانی ئەرتەش و پاسداران و خەڵکی بە غیرەت تکایان کردوە کە من بڕیار بدەم بەرەو پاوە بڕۆن و کۆتایی بە فیتنە و ئاژاوە بێنن. من سپاسیان دەکەم و دەوڵەت و ئەرتەش و ژاندارمەری ئاگادار دەکەمەوە، ئەگەر بە تۆپ و تانگ و هێزی پۆشتە و پەرداخ هەتا ٢٤ کاتژمێری دیکە بەرەو پاوە وەڕێ نەکەون، من هەمووان بە بەرپرس دەزانم. من وەکوو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەستوور بە فەرماندەی ناوەندیی ئەرتەش دەدەم بێ چاوەڕوانی و هەدەر دانی کات بە هەموو کەلوپەلی شەڕەوە بەرەو پاوە بەڕێ بکەون، هەتا بڕیاری دواتر، من هێزەکانی چاودێری (قوای انتظامی) بە بەرپرسی ئەو کوشتارە دڕندانەیە دەزانم و لە کاتێکدا هەوڵ بدرێ سەرپێچی لەو بڕیارە بکەن ڕەفتاری شۆڕشگێڕانەیان لەگەڵ دەکەم. پەیتاپەیتا لە ناوچەکە زانیاری دەنێرن کە دەوڵەت و ئەرتەش هیچ بەرەو پێش چوونێکیان نەبووە، ئەگەر هەتا ٢٤ کاتژمێری دیکە بەرەو پێش چوون و کارێکی ئەرێنی نەکرێ، من بەرپرسانی ئەرتەش و ژاندارمەری بە هۆکار دەزانم. والسلام. روح اللە الموسوی الخمینی’” بەڵام فیتنە و ئاژاوە لێرەدا کۆتایی نەهات کێشەکە زیاتر کاتێک دەستی پێکرد کە پاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ لە فتوایەکی دیکەیدا ئەم جارە بە ڕەنگ و بۆنی دینی هەموو کوردەکانی بە کافر و بە لاڕێداچوو ناو برد و، جیهادی بە دژیان بە واجب دانا. نێوەرۆکی تەواوی پەیامی خومەینی ڕۆژی دواتر واتە لە ٢٨ـی گەلاوێژ لە ڕۆژنامەی “کەیهان” و “ئیتلاعات”ـدا بڵاو کرایەوە. ئیتر ئەو پەیامە ئیزن و ڕەوایی بە موجاهیدانی جەهل و جەنایەت دەدا کە نە تەنیا ڕوبە ڕووی خەڵکی چەکدار (پێشمەرگە) ببنەوە، بەڵکوو تەقە لە خەڵکی بێگوناح و بێچەک، ژن، منداڵ، پیر و لاو بکەن. چونکە بە گشتی نەتەوەی کورد تێکدەر و گەندەڵ (مفسد فی الارض)ـن. هۆلۆکاست ڕووی دا، لە ماوەی سێ مانگدا تەنیا لە گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان، دووئاوان و سۆفیانیان لە ناوچەی شنۆ و نەغەدە سەدان کەس لە خەڵکی بێگوناحیان قەتڵ و عام کرد و تەرمەکانیان لە مەزرا و چۆڵەوانییەکاندا فڕێ دا، تەنانەت لە هەندێک شوێن پارچە پارچەیان کردن، زۆربەی گوندەکانیان سووتاند و ڕوحمیان بە منداڵی سەر پشتی لانکیش نەکرد. لەو نێوەشدا نوێنەری ولایەتی فەقیهـ لە پارێزگای ورمێ ’’حجت الاسلام حسنی” بە دنەدان و فتواکانی، تورک و کوردەکانی دە گیانی یەکتر بەر دا و کوشتارێکی زۆریان لە یەکدی کرد کە هەتا ئەمڕۆش ئاوری ئەم دووبەرەکی و ڕق و کینەیە نەکوژاوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە خەڵخاڵی نوێنەری خومەینی و قازیی شەرع، بۆ تەواوکردنی ئەو سێناریۆیە بە موحاکمەی چەند خولەکی و ڕواڵەتی، حوکمی بەسەر سەدان گەنجی کورددا سەپاند و ئێعدام کران. هەروەها بە دوای فتوای دینیی خومەینییدا، «بەنی سەدر» سەرۆک کۆماری ئەو کات بە بڕیارێکی یاسایی فەرمانی بە موجاهیدانی ئیسلام کرد کە «قەیتانی پۆتینەکانتان مەکەنەوە هەتا کوردستان پاک نەکەنەوە.»! بە واتایەکی تر هەتا ئێستاش کۆماری ئیسلامی بۆ قەڵاچۆ و نەسڵکوژی و سەرکوتی کوردەکان قەیتانی پۆتینەکانیان نەکردوەتەوە، بە تێرۆری ڕێبەران، کادر و پێشمەرگەکانی کورد چ لە ئورووپا چ لە عێراق، بە کوشتنی کۆڵبەرەکانمان، بە ئێعدامی لاوەکانمان، بە بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان ل نێو خەڵکدا، بە دروست کردنی هەژاری و بەدبەختی لە کوردستان، بە گواستنەوەی ئاوەکانمان بۆ ناوچەکانی دیکە بە بیانووی بەنداو لێدان و هەزاران فێڵ و تەڵەکەی دیکە لە پاکتاوکردنمان بەردەوامن. بەڵام کۆماری ئیسلامی باش بزانێ ئێمە نەتەوەیەکین کە سەدان ساڵە خراپتر لەو جەنایەت و کوشتارانەمان دیتوە و بە گۆشت و خوێن هەستمان پێ کردوە، هەر ماوین و هەمیشە بەهێزتر لە جاران دەر دەکەوینەوە. *** * نووسینی «ژیلەمۆ» لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە