کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وانەکانی مافی مرۆڤ (هیندێک ڕاستی لەسەر دین)

17:33 - 16 خەرمانان 2720

لەسەر بنەمای ئایینی و بۆچوونی مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ کۆمەڵێک ڕاستی بەرەوڕوو دەبین: ١. خەڵکی سەرتاسەری ئەم جیهانە لە بواری ئایینییەوە یەکدەست نین و ئایینێکی دیاریکراو دەسەڵاتی بەسەر ئەو هەمووە خەڵکەدا نییە، جیا لەمە سەرجەم خەڵکی گەردوون، ناکەونە بازنەی باوەڕمەندان بە ئایین و ئۆلەکان، کەوابوو بۆچونی دینی مافەیلی مرۆڤ لە باشترین ڕەوشدا کە شیلەی هەموو دینەکانی سەرزەوی بێ، ناتوانێ بەتەواوی جیهانداگر بێ. ٢. هەموو دینێک کۆمەڵێک دەقی پیرۆز لەخۆ دەگرێ کە شرۆڤەی و هەڵسەنگاندنیان لە نێوان لایەنگرەکانیان دەبێتە هۆی کێشە و بیروڕای جیاواز و دژبەیەک، کەوابوو دەستەبەرکردنی شرۆڤەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنە کارێکی هاسان نییە، هەڵبەت دەتوانی ئەو داخوازییەت هەبێ کە لە بنەمای سەرەکی مافەیلی مرۆڤ، هاوبۆچوونی دەستەبەرە؛ لێ، ئەم بنەما سەرەکییانە بۆ نواندنی کۆمەڵەیەکی تەواو و ڕێکخراو لە مافەیلی مرۆڤ کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر و تێكچڕژاوتری لێ دێ، زۆر ڕێگەخۆشکەر نییە و هیچ گرێیەک ناکاتەوە. جا بێ لەوەش، لەهەمبەر هەندێ لەو بنەما سەرەکییانەش گومان و دوودڵی لەمەڕ بەڕێوەچوون و چۆنیەتیی ڕوانینی باوەڕمەندان بە ئۆلگەلی جیاواز هەیە. بۆ میناک بنەمای بەرابەری کە هۆکاری پێویست و سەرەتایی خولقانی مرۆڤ لەلایەن خودایە- کە بناخەیی هەموو دینەکانی لەسەر دامەزراوە- بەو جیاوازییانەی کە لە کۆمەڵگەی ئایینی لە نێوان دینداران و بێدینان، ژنان و پیاوان، بەرقەرار بووە و هەیە و ئەو سنووردانانەی کە بۆ کۆیلەکان داندراون و بەڕێوەچووە، لاواز دەکا. ئەگە بکرێ بە هەوڵ و تێکۆشانی باوەڕمەندان بە ئایینە زیندووکانی ئەمڕۆ، بنەما و مافەکانی هاوبەش، وەک بناخەی دینی مافەکانی مرۆڤ وێنا بکرێ، ئەم دەستە لە مافانە لەبەر بەربڵابوونی ڕوانینی ئایینی ئۆگرییەکی زۆری بۆ پەیدا دەبێ و ڕەنگ و بۆنی دینی و خوایی بەخۆوە دەگرێ و مرۆڤی باوەڕمەند بە ئایینە جۆراوجۆرەکان، بە ئەرکێکی دەروونی و دینی کە زەمانەت بەڕێوەچوونی یەکجار زۆر لەسەرێیە و وەک ئەمرێکی پڕبایەخ و گرینگ چاوی لێ دەکەن، بۆ پاراستن و گەشەی هەرچی زیاتری هەوڵ دەدەن. جاڕنامەی سی بڕگەیی مافەکانی مرۆڤ دەگەڵ ڕوانینی هەرسێ دینی ئیبراهیمی بەراورد کراوە (ئیسلام، کریستییان، جوولەکە)، پیوەندی ئۆل و مافگەلی مرۆڤ بەتایبەتی لەتەک ئیسلام بەسەر سێ ڕوانین دابەش کراوە؛ بەشێک پێیان وایە کە لە نێوان ئیسلام و مافی مرۆڤ، ڕێکەوتنێکی تەواو و کەماڵ هەیە و ئەوەی کە ئیسلام لە ئامۆژگارییەکانی باسیان دەکا ڕێک ئەو شتەیە کە لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤدا باسیان دەکرێ. گروپی دووهەم بەپێچەوانەی دەستەی یەکەم لەسەر ئەو باوەڕەن کە مافەکانی مرۆڤ و ئیسلام سەتاسەد دەگەڵ یەکتر دژایەتییان هەیە، ئەم تاقمە پێیان وایە کە ئیسلام و بە گشتی دینە ئیبراهیمییەکان (سامییەکان) خواتەوەرن، ڕێک بە پێچەوانەی یاسا و ڕێسای مافەکانی مرۆڤ کە ئینسان تەوەرە و لەسەر بناخەی مرۆڤ و پرەنسیپە ئینسانییەکان ڕۆنراوە. دەستەی سێهەمیش پێی وایە، لە نێوان دوو مژاری مافەکانی مرۆڤ و ئۆلە سامییەکان بە تایبەت ئایینی ئیسلام هاوبەشی و وێکچوونی زۆر دەبینرێ و لە بەستێنی پراگماتیکدا دەتوانن دەگەڵ یەکتر تەعامولیان هەبێ و پێکەوە تەبا بن. ڕەنگبێ ڕوانگەی سێهەم زۆرتر لە ڕاستی نزیک بێ، جا نەک هەر ئیسلام بەڵکوو سەرجەم ئایینەکان کە تێیدا خوای تاک ڕۆڵی سەرەکیی هەیە، کاریگەرییان لەسەر جێکەوتنی بایەخەکانی مافەکانی مرۆڤ هەیە، هەروەها مافەکانی مرۆڤ بەرهەمی ژیار و شارستانیەتی مرۆڤایەتییە و ناکرێ تەنیا بۆ کولتوورێکی تایبەت نزم و بچووکی بکەیەوە. هەڵبەت لە هیندێک شوێن درووشم جێگای بایەخە دینییەکان دەگرێتەوە و تەنانەت کەون بوونی ڕوانینی دوگم و چەقبەستوو دەبێتە سنووری نێوان مافەکانی مرۆڤە سەردەم و ڕوانینە ئایینییەکان، بۆ میناک، یاسای سزای ئیسلامی، یان هەر سزایەک کە بە نێرینی ئۆلەکان ڕۆنرابێ، گرتن، سێدارە، ئەشکەنجە، کوشتن و… بەشێکن لەو تەوفیرییانەی نێوان ڕوانینی هیومانیستی و دینی. لە هەندێک سیستەمە حقوقییەکان بەتایبەت لە وڵاتانی ئیسلامی بە ڕوانینێکی گشتی، ڕەهاگەری و پاوانکاری ئایینی، بەبێ نرخی دەڕوانێتە دینە نافەرمییەکان، بەجۆرێکی تر لە مافە جیهانییەکانی مرۆڤدا، بنەما لەسەر ڕێکەوتن و چارەسەری کێشەکان بە دان پێدانانی هەڵوێستی جوداوازە، بەڵام لە سیستەمی ئۆلی پاوانکار بنەما لەسەر سەپاندنی بیروبۆچوون یان زۆرەملی هەڵچندراوە. لەم نێوەدا حەوت ئایینی مەزنی دنیا (ئایینی هیندوویی، بوودایی، کۆنفۆسیووس، تائۆ، جوولەکە، کریستیان و ئیسلام) گرنگیی زیاتریان هەیە و لەم نێوە ئایینی ئیسلام و کریستیان بە درێژایی مێژوو وەک دوو دینی جیهانداگر زیاتر لەوانەی دیکە قۆرغخواز و پاوانکار بوون. لە چاخی ڕێنسانسدا هەتا ڕادەیەکی زۆر کریستیان خۆی لەو ڕەوشە دەرباز کرد و بە کەلکوەرگرتن لە بیر و ئەندێشەی پڕ کاریگەری زانایان خۆی مەڵاس دا و تەنانەت مافە جیهانییەکانی مرۆڤ لەنێو ئاپۆڕەی لایەنگرانی کریستیان سەری هەڵدا و لە بەرامبەریشدا لە ولاتێکی وەکوو ئێران بە جێگای کردنەوەی دەرگا بەرەوڕووی جیهانی کراوەی مافی مرۆڤ تێرمی «مافی مرۆڤی ئیسلامی» وەک چەمکێکی ناشاز دەرکەوت.