کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوە شێوە دەوڵەتییەکان و ئابووریی تاڵان‌کراو

17:52 - 16 خەرمانان 2720

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم‌و تۆتالیتاریزم‌دا

(دامەزراوە شێوە دەوڵەتییەکان و ئابووریی تاڵان‌کراو)

  پێناسەیەکی دەستووری‌ و یاسایی بۆ دامەزراوە “شێوە دەوڵەتی”یەکان لە ئێران نییە، بەڵام بەپێی گوتەی بەرپرسان ‌و شارەزایانی ئابووریی ئێران، بریتین لە دامەزراوە‌ و ڕێکخراو و‌ ناوەندگەلێک کە نە سەر بە کەرتی گشتین، نە سەر بە کەرتی تایبەت. ئەو دامەزراوانە هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ لە کار و چالاکییەکانیان لەبەر دەستدا نییە‌ و لە هەر سێ دەسەڵاتەکەی یاسادانان، جێبەجێ‌کردن‌ و دادوەری بەهێزترن‌ و تەنیا لە بەرامبەر ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدا بەرپرسن. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٣٩٣دا یاسایەک لە مەجلیس دەرچوو بۆ ئەوەی دامەزراوە “شێوە دەوڵەتی”یەکان سەرمایە و داهاتی خۆیان ڕابگەیەنن، دەیان هەزار لەو دامەزراوانە شناسایی کران. ئەو دامەزراوانە بە گشتی بە سەر شەش دەستەدا دابەش دەبن: دامەزراوەی گشتی، دامەزراوەی نیزامی، دامەزراوەی خێرخوازی، زیارەتگاکان، ناوەندەکانی خانەنشینی ‌و هەروەها دامەزراوەکانی شۆڕشی ئیسلامی. زۆرێک لەو دامەزراوانە کە لە چەشنی ڕێکخراوگەلی ناحکوومی یان سەر بە دامەزراوەکانی شۆڕشن، خاوەن داهات ‌و سامانێکی زۆرن ‌و پەیوەندییەکی بەهێزی سیاسی ‌و ئابورییان هەیە. دامەزراوە شێوە دەوڵەتییەکان بوونە بە ئەکتەرێکی ئابووری زۆر بەهێزتر لە حکوومەت. ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی پەیمانکاری، بازاڕی بورس، بانک‌ و کۆمپانیا هەن کە حکوومەت هیچ جۆرە چاودێرییەکی بە سەر ڕێژەی داهاتیانەوە نییە. کەرتی تایبەت بە کردەوە چووەتە ژێر دەستی دامەزراوە “شێوە دەوڵەتی”یەکان ‌و ئەو دامەزراوانەی سەر بە سوپای پاسداران یان ڕێبەری کۆماری ئیسلامین. زۆرێک لەو کۆمپانیایانەی خۆیان ‌وەکوو کەرتی تایبەت دەناسێنن، سەر بە سوپای پاسدارانن کە بە کەڵک وەرگرتن لە پشتیوانی دارایی دامەزراوە “شێوە دەوڵەتی”یەکان، پشکەکانی کەرتی گشتی‌ و دامەزراوە حکوومییەکان دەکڕنەوە. بۆ نموونە، ساڵی ١٣٨٨، کۆمپانیایەکی سەر بە سوپای پاسداران، نیوەی پشکەکانی کۆمپانیای پەیوەندییەکانی ئێران (شرکت مخابرات)ی کڕییەوە. هەروەها، بەشێکی گەورە لە چالاکییە ئابوورییەکان لە لایەن هەندێک دامەزراوەی وەکوو زیارەتگای ئیمام ڕەزا (آستان قدس ڕضوی)‌ و ئەو دامەزراوانەی سەر بە باڵی بناژۆخوازن، دەستی بەسەردا گیراوە. ئەو دامەزراوانە، یان لە پێدانی ماڵیات بە حکوومەت بەخشراون، یان بە هۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەنێو دەسەڵاتدا هەیانە، بە ئەنقەست ماڵیات نادەن.  یەکێکی دیکە لەو دامەزراوانە، دامەزراوەی هەژاران (بنیاد مستضعفان)ـە کە نە لە کەرتی گشتی‌دایە نە لە کەرتی تایبەت. ئەو دامەزراوەیە ساڵی ١٣٥٨ بە مەبەستی دەست بەسەردا گرتنی مڵک ‌و سامانی  بنەماڵەی پەهلەوی ‌و کەسانی دیکەی سەر بە ڕێژیمی پاشایەتی ‌و دانەوەی ئەو سامانە بە خەڵکی هەژار، لە لایەن خومەینیەوە دامەزرا، ئەم بنیاتە ئەوڕۆکە لە ٢٠٠ هەتا ٣٥٠ کۆمپانیای بازرگانی پێک هاتووە ‌و هەمووشیان لە پێدانی ماڵیات بە حکوومەت بەخشراون. لەوەش کە داهاتی ئەو دامەزراوە پڕ داهاتە دەدرێتە خەڵکی هەژار یان نا، هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نییە‌ و جگە لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامییش لە بەرامبەر هیچ کەس ‌و لایەنێکیتری دەوڵەتی ‌و غەیرەدەوڵەتیدا بەرپرسیار نییە. لە ئەنجامدا، دەتوانین سیستەمی ئابووری ئێران لە فۆڕمی وێنەی A دا وێنا بکەین: بە پێی توێژینەوەی ناوەندی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست (FEMO)، پڕۆسەیەکی زاڵبوونی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە سەر ئابووریی ئێران لەئارا دایە، ئەویش بە دروستکردنی ١٤ جەمسەری دارایی، پیشەسازی ‌و بازرگانی کە پێک هاتووە لە سێکتەرە ستراتێژییەکانی وەکوو نەوت، پێترۆشیمی، کانگا، بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، بیناسازی، ڕێگاوبان، هەڵبەستنی بەنداو، پەیوەندییەکان، بیمە ‌و بانکداری (بڕوانە لیستەی خوارەوە). ١- ناوەندی جێبەجێ‌کردنی فەرمانی ئیمام، ٢- دامەزراوەی هەژاران ٣- زیارەتگای ئیمام ڕەزا، ٤- دامەزراوەی شەهیدان، ٥- کۆمیتەی یارمەتی، ٦- سوپای پاسداران، ٧- قەرارگای خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسداران، ٨- ڕێکخراوی بەسیج، ٩- دامەزراوەی وەبەرهێنانی غدیر سەر بە وەزارەتی بەرگری، ١٠- ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی هێزە چەکدارەکان، ١١- دامەزراوەی خاتەمولئەوسیای سەر بە وەزارەتی بەرگری، ١٢- ناوەندی سەرەکیی هێزە چەکدارەکان، ١٣- هێزەکانی ئاسایش – ناجا، ١٤- هێزە وشکانییەکان.   دەستێوەردانی لایەنە ئایینی ‌و نیزامی ‌و سیاسییەکانی سەر بە وەلیی فەقیهـ لە کاروباری ئابووری، دەست بردنیان بۆ سامانی گشتی وڵات ‌و بەکار هێنانی بۆ مەبەستی تایبەتی‌ و ئامانجی کەسیی، نیشانەی کەرستەیی بوونی سیستەمی دادوەریی وڵاتە. چونکە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران خۆی بەشێکە لە تۆڕی وەلیی فەقیهـ. ئیبڕاهیم ڕەئیسی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، تا ساڵی ١٣٩٨، سەرۆکی دامەزراوەی زیارەتگای ئیمام ڕەزا بوو کە یەکێکە لە دامەزراوە هەرە دەوڵەمەندەکانی “شێوە دەوڵەتی”یە. دوای ئاشکرا بوونی هەندێک بەڵگە، دەرکەوتوە کە سادق لاریجانی سەڕۆکی پێشووی دەسەڵاتی دادوەری کە ‌وەکوو کەسێکی دەوڵەمەند ناسراوە، خاوەن ٦٣  ژمارە بانکی بە بڕی ٣١٢ میلیۆن دۆڵارە (کۆی پارەی نێو ژمارە بانکییەکان نزیکەی ٢٠ میلیارد دۆڵاڕە). بە پێی ئەو بەڵگانە، نزیک بە ٢٣٠ ژمارەی بانکی کە زۆربەیان دادوەرن، ئاڵوگۆڕی پارەیان لەگەڵ ٦٣ ژمارە بانکییەکەی سادق لاریجانی کردوە. بوارەکانی گەندەڵی لە ئێران جۆراوجۆرن، وەکوو: کڕین ‌و فرۆشتنی زەوی‌و زار، هەناردە‌ و هاوردە کردن، فرۆشی نەوت، وەرگرتنی قەرزی دەوڵەتی، کڕین ‌و دەستبەسەرداگرتنی پشکەکانی دامەزراوە‌ و کۆمپانیا حکوومی‌یەکان‌ و کۆمەڵیک بواری دیکە لە بەرژەوەندی دامەزراوەکانی سەر بە وەلیی فەقیهـ ‌‌و سوپای پاسداران لە دەرەوەی پڕۆسە یاساییەکان. *** لە ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکاندا، ئازادی ‌و پلۆڕاڵیزم سنووردارن، ئایدۆلۆژیای حیزبی دەسەڵاتدار یان حکوومەت بە سەر تەواوی کۆمەڵگەدا ناسەپێندرێ. سەبارەت بە ئێران، ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی کە تایبەتمەندییەکی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکانە لەگەڵ شێوەیەکی زۆر لاواز لە پلۆڕاڵیزم کە دەکرێ ناوی بنێین باڵبەندی، بوونیان هەیە. هەر بۆیە ژوان لەنز پێی وایە کە پلۆڕاڵیزم لەگەڵ ئەوەشدا کە تایبەتمەندیی ئۆتۆریتاریزمە، بەڵام جۆرێک لەو پلۆڕاڵیزمە دوای لەنێوبردنی ڕکەبەرە سیاسییەکانی لایەنی دەسەڵاتدار، لە هەندێک لە ڕێژیمە تۆتالیتەرەکانیشدا هەیە. لە ڕێژیمی سیاسیی ئێراندا، پلۆڕاڵیزم تەنیا بۆ لایەنەکانی نزیک لە دەسەڵات ڕێگەی پێدراوە نەک هەموو حیزب ‌و لایەنەکان. بە وردبوونەوە لە نێوەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەردەکەوێ  کە قەبووڵ ‌کردنی سیستەمی چەندحیزبی‌ و فرەڕەنگی لە لایەن دەوڵەتەوە ئەستەمە، چونکە بە پێی ئایدۆلۆژیای دەوڵەتیی (ویلایەتی فەقیهـ)، “تەنیا یەک حیزب، ئەویش حیزبی خودا” هەیە کە وەلی فەقیهـ ڕێبەرایەتیی دەکا. ئەو ڕوانگە ئایدۆلۆژییە لە لایەن دەوڵەتەوە بە کردەوە جێبەجێ کراوە. پلۆڕالیزم ‌و فرەحیزبی ‌و فرەڕەنگی تەنیا ئەو لایەنانە دەگرێتە خۆ کە لە سەر یەک هێڵی ئایدۆلۆژین. ئەو لایەنانە زۆر جار بەئاسانی لێک جیا ناکرێنەوە، چونکە هەر کامیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە باشتر ڕێگا و ڕێبازی خومەینی درێژە پێ دەدەن. هیچ هێزێک، ڕێکخراوێک یان مێدیایەکی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی ئەو دوو باڵە لە نێوخۆی ئێران نییە. لە بواری ئابووریدا، چەشنێک لە تاڵانکردنی سامانی گشتی لە لایەن گرووپی دەسەڵاتدار‌ و دامەزراوە ئایینیەکانەوە دەبینرێ کە هەموویان سەر بە وەلی فەقیهن. لەگەڵ ئەوەشدا کە سیستەمی ئابووریی ئێران سیستەمێکی دەوڵەتییە‌ و زیاتر لە ٨٠ لە سەدی ئابووری ئێران لە ژێر دەسەڵاتی کەرتی گشتی‌دایە، بەڵام دامەزراوە‌ و لایەنی بەهێزی ئابووری‌ و سیاسی هاوتەریب هەن کە نەتەنیا لە کەرتی گشتی بەهێزترن، بەڵکوو خۆ لە دانی ماڵیات بە حکوومەتیش دەبوێرن‌ و حکوومەتیش زانیارییەکی ئەوتۆی لە سەر کار وچالاکی‌ و داهاتی ئەو دامەزراوانە نییە. داهاتی ئەو دامەزراوە “شێوە دەوڵەتی”یانە لە لایەن ڕیبەری کۆماری ئیسلامی‌ و دامەزراوە ئایینی‌ و نیزامییەکانەوە بۆ مەبەستی سیاسی ‌و پەرەپێدانی ئایدۆلۆژیا‌ و هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکان خەرج دەکرێتەوە. سەرۆکی بەهێز ‌و ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی، دوو لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکانن.