کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قازانجی دابەزینی تمەن و گرانی لە ئێران دەچێتە گیرفانی کێ؟

18:02 - 16 خەرمانان 2720

بە درێژایی ٤٠ ساڵ دەستەڵاتدارەتیی کۆماری ئێسلامی، بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران بە بەردەوامی ڕوو بە دابەزین بووە و نرخی شتومەک و پێداویستییەکان ڕوو بە بەرزبونەوە بووە. واتا هەڵاوسانی ئابووری کە لە ئێستا بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان سەرووی سەروی ٣٥٪ە، زۆر جاران گەیوەتە سەتا ٤٩. واتا گرانییەکی زۆر لە وڵاتدا هەیە و خەڵک ناتوانن بەو داهاتەی هەیانە پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکەن. بۆ وێنە ئەگەر لە ساڵی ١٣٥٧ قیمەتی شتێک ١٠٠ قڕان بووبێ، ئێستا هەر ئەو کاڵایە ١٣٢٠٠٠ هەزار قڕانە . داڕمانی ئابووریی واتە هەڵاوسانی ئابووری بۆ ماوەیەکی دیاری‌نەکراو، ڕووبەڕووی کەرتی ئابووریی وڵات دەبێتەوە، بەوەش لە لایەک بەهای شتومەک بەرز دەبێتەوە و لە لایەکی دیکە، بەهای دراوی نیشتمانیی وڵات دادەبەزێ. هەڵاوسانی ئابووریی لە هەر وڵاتێک دوو هۆکاری سەرەکیی لەپشتە: یەکەم، ئابلۆقەی ئابووریی وڵات کە بە هۆکاری دەرەکی دادەنرێ. لەم دۆخەدا وڵاتی گۆرین بە ئامانجی ملکەچ بوونی سیاسی و ئابووری، ڕووبەڕووی تەنگژەی ڕامیاری و ئابووری دەکرێ. هۆکاری دووهەمیش بریتییە لە تەنگژەی ئابووریی نێوخۆیی. واتە داڕمانی کەرتی ئابووریی و ڕامیاریی نێوخۆی وڵات. ئەم دۆخەش لە کاتێکدا ڕوو دەدا، کە دەسەڵاتدارانی وڵات دەست بە سەر سەروەت و سامانی گشتییدا دەگرن و لە پێناو ویستی شەخسی و مەرامە تایبەتییەکاندا بەکاری دێنن. هەر دوو هۆکاری هەڵاوسان، بارتەقای خۆیان کار دەکەنە سەر چۆنیەتی و گوزەرانی ژیانی خەڵک و دەکرێ بڵێین تاکە لایەنی زەرەرمەندی کاریگەریهەکانی هەردووک هۆکاری داڕمانی ئابووری خەڵک و کۆمەلگەن. لە هەردووک جۆری هەڵاوساندا، داخوازی بۆ پێداویستیەکان ڕۆژ دەگەڵ رۆژ لە هەڵکەشان‌دایە، بێ‌ئەوەی توانا و هێزی دابینکردن لە لایەن داخوازەوە هەبێت! خۆ ئەگەر توانای کڕینیش هەبێ، دامەزراوە بەرهەمهێنەرەکانی نێوخۆیی، وەڵامدەری دابین کردنی خواستی کۆمەڵگە نابن. ئەوەش لە کاتێک‌دایە کە، لە ژێر تەوژمی ئابلۆقەی ئابووریی دەرەکیدا، ڕێگای هاوردەی کاڵا بەستراوە کە ئەمەش کەم کردنی وەبەرهێنانی نێوخۆییلی دەکەوێتەوە. هاوکات کەم بوونەوەی وەبەرهێنان کار دەکاتە سەر ڕێژەی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی، کە ئەوەش لە ژێر تەوژمی ڕێگای داخراوی هەناردەی کاڵای نێوخۆیی ڕوو بە وڵاتانی دەرەوە دێتە ئاراوە. لەم دۆخەدا، بەرهەمهێنان لە وڵاتدا کەم دەبێتەوە. واتا خستنەڕوو کەم دەبێتەوە و خواست زیاد دەکا، کە ئەوەش دەبێتە هۆی نەبوونی کاڵای لەقەدەر پێویست و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا.  هاوکات گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان قورسایی زیاتر دەبێ لەسەر شانی تاکی کۆمەڵگە، بەتایەت، کە داهاتی تاکەکەس بە پێی هاوکێشەی دابەزینی بەهای دراوی وڵات، زۆر کەمتر بێ لەوەی کە دەبێ ببێ. هەر وەک ڕوونە، لە وڵاتی ئێران، نرخی پێداویستییەکانی خەڵکی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە هەڵکشان‌دایە، بەڵام داهاتی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی نەک هەر زیادی نەکردوە، بەڵکوو کەمییشی کردوە. بەپێی ئامارەکانی ساڵانی ڕابردووی حکوومەت، لەو بەشانەش، کە زیادی کردوە، زیادبوونەکان نزیکەی سەتا ٢١٪ بووە و ئەم ڕێژە لە بەرزبوونەوەیە، ناتوانێ نیوەی بۆشاییەکان لە ئەنجامی هەڵاوسانی ئابووریی پرکاتەوە. لەو نێوەدا بارودۆخەکە بە زیانی خەڵکی تەواو دەبێت، بە تایبەت چینی هەژار و کەم داهات و ئەوەی قازانج دەکا دەوڵەت، خەڵکی قەرزدار و دامەزراوە حکوومەتییەکانە. قەرزدار ئەو بڕە پارەی کە پێشتر وەری گرتوە، بە پارەی ڕۆژ دەیگەڕێنێتەوە. هەرچی حکومەتیشە، هەم قەرزدارە و هەم بەرهەمهێنەر. واتا هەم هەناسەی بازاڕ دەگرێ و هەم هەناسە دەبەخشێ بە بازاڕ. بە واتایەکی دی، سێکوچکەی بازاڕی قۆرخ کردوە و دەتوانێ بە پارەیەکی زۆر کەمتر، مووچەی خەڵک بدا. لە دۆخی ئەمڕۆی ئابووریی ئێراندا، مووچەی مووچەخۆر ٥ تا ٦ جار هەرزانتر، لەسەر حکومەت دەکەوێ. هەروەها لە بەر ئەوەی دەسەڵات و کاربەدەستانی، دەستیان بە سەر هەموو شادەمارە ئابووریەکانی وڵاتدا گرتوە و مۆنۆپۆلی سیاسیی و ئابووریی وڵاتیان کردوە، هیچ ڕکەبەرێکیان لە بازاڕدا نییە. واتا خۆیان چارەنووسی بازاڕ دیاری دەکەن، خۆیان کەرتی بەرهەمهێنان، هاوردە، هەناردە و وەبەرهێنانیان گرتووەتە دەست و بە پێی ویستی خۆیان بازاڕ دەجووڵێنن و خەڵک و وڵات تاڵان دەکەن. بە پێی ئەم دۆخەی باڵی کێشاوە بە سەر وڵاتدا دوو پرسیار دەخووڵقێن: یەکەم: مادام وایە، ئەدی چۆنە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی پارەی پێویستی لەبەردەست نییە بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی؟! دووهەم: گریمان ئەو بۆچونە ڕاستە کە گرانی و هەڵاوسانی ئابووری بە قازانجی دەسەڵاتە، کەوابوو دەبی سەرجەم حکومەت و دەسەڵاتەکان پێیان خۆش بێ، کە دامەزراوە ئابوورییەکانیان ڕووبەڕووی گرانی و هەڵاوسان بێتەوە. بۆ ئەم بابەتە پێویستە حکومەت و دەسەڵاتی حاکم لە ئێران لەو حکومەتانە جیا بکەینەوە کە لە لایەن خەڵکەوە هەڵ‌دەبژێردرێن و خزمەتی خەڵک دەکەن و لە هەمان کاتدا وڵات لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەرەو پێش دەبەن. دەسەڵاتی ئەمڕۆی وڵاتی ئێران، دەسەڵاتێکی داسەپاو و خۆسەپێن و دەستەوەستان و گەندەڵە کە هیچ شەرعییەتێکی لای خەڵک نییە و بناوانی دەسەڵاتدارییەکەی ڕێژیم بە هێزی چەکە. بێجگە لەوەش دەوڵەت بووکەڵەی دەستی دەسەڵاتێکی شاراوەی باڵاترە، کە بریتییە لە بەیتی ڕێبەریی کۆماری ئێسڵامی و ویلایەتی فەقیهـ.  هەروەک ئاماژەی پێ کرا، حکوومەتێک، کە بەوپەڕی مڵهوڕی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی وڵاتی داگیر کردبێ و وەک باندێکی مافیا بەسەر دانیشتواونی وڵاتدا حوکم بکات، گرانی و داڕمانی ئابووری بە قازانجیەتی، بەڵام حکومەتێکی خەڵکی، کە بۆ درێژەدانی دەسەڵات پێویستی بە دووبارە هەڵبژاردنەوە و متمانەی کۆمەڵانی خەڵکە و، بە پێی یاسا دەبێ وڵامدەر بێ، ئەو بارودۆخەی گران لەسەر دەکەوێ و لە لایەن خەڵکەوە لە دەسەڵات دەخرێ. لە ئێران دزیی و بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی گەلانی ئێران، بەشێکی زۆری دەکەوێتە ژێر دەستی تاقمی دەسەڵاتدار، کە بە ویست و مەیلی خۆیان، خەرجی دەکەن. هاوکات بەشێکیی بەرچاویشی بۆ پاراستی دەسەڵاتی ناڕەوایان، لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات تەرخان دەکرێ. ئەم رێژیمە لە دەرەوەی سنوورەکان هاوکاریی هێزە تێرۆریستەکان دەکا بۆ دروستکردنی شەڕ و نانەوەی ئاژاوە لە دنیادا و لە نێوخۆی ئێرانیش بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی بەکاریان دێنێ. دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە بە زۆری چەک، حوکم دەکا لە هەر قەیران و هەر هەلومەرجێک کەڵک وەردەگرێ بۆ بەتاڵان بردنی سەرچاوە سەرزەوی و ژێرزەوییەکانی وڵات و دانیشتووانی. ئاژاوە و بشێوی، داڕمانی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و بێ‌یاسایی، واتا هەرج و مەرجی لەڕادەبەدەر و پێشێل کردنی یاسا، بە قازانجی تاقمی مافیای سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی تەواو دەبێ و مێژوو سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە، کە بە درێژایی ٤٠ ساڵ دەستەڵاتی مافیاوێنە، تەنها لایەنی دەسەڵات و دارودەستەکەی قازانجیان بەر کەوتوە و ئەوەی زەرەمەند بووە خەڵک، بە گشتی و بەتایبەت نەتەوە بندەستەکان بووە. بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستیە ئەوەیە کە بەرزبونەوەی نرخی پێداویستییەکانی ژیان لە کوردستان بە بەراوەرد بە شوێنەکانی دیکەی ئێران لە نێوان سەتا ٤-٥  زیاتر بووە ئەوە، لە حاڵێکدا ڕێژەی بێکاریی لە کوردستان، بەردەوام لە ناوەندی ئێران زیاترە. ئەم هەلومەرجە تایبەتەی کوردستانی پێ گیرۆدە کراوە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە حاکمانی ئێران وەک داگیرکەر دەرواننە کوردستان. لە لایەک سەروەت و سامانی ئەو هەرێمە تاڵان دەکەن و لە لایەکی دیکەوە ناهێڵن هیچ پڕۆژەیەکی پیشەسازیی لە کوردستان دابمەزرێ یان ئەگەر دامەزرا ڕێگە نادەن سەرکەوتوو بێ و دەرفەتی کار بۆ خەڵکی بڕەخسێنێ. لە لایەکی دیکەوە بەرهەمە نێوخۆییەکانی ئێران و هەم ئەو کەلوپەلانەی هاوردە دەکرێن، دوای تێپەڕاندنی چەندین دەست و قۆناغ دەگەنە کوردستان، هەر بۆیەش لە ڕووی نرخەوە، لە سەر خەڵکی کوردستان بە گرانتر تەواو دەبن. ئەوەش فشارێکی زۆر زیاتری خستۆتە سەر خەڵکی کوردستان. ڕوون و ئاشكرایە کە دەسەڵات و جۆری دامەزراوەی بەڕێوەبردنی وڵات وەک چۆن دەتوانێ سەرچاوەی هەموو قەیرانێک بێ، دەشتوانێ وڵات بەرەو سەقامگیریی ئابووریی و ڕامیاری ببا کە دواجار سەقامگیریی کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی ئاشتەوایی و بەرزبوونەوەی ئاستی ژیانی کۆمەڵایەتی و بەهادان بە مافی تاک و هاوسەنگیی بوار و ئاستی ژیان لە کۆمەڵگەدا. بەڵام ئەوە تەنیا بەرهەمی حکومەت و دەسەڵاتێکە، کە هەڵبژێردراوی کۆمەڵگە بێ و ئیرادەی تاک بە تاکی کۆمەڵگەیتێیدا ڕەنگی دابێتەوە. واتا حکومەتێکی خەڵکی، کە خەڵک حکومەت دەکا و دامەزراوەکان تەنیا ئامڕازی بەڕێوەردنی وڵاتن، نەک حکومەتێکی ئایدۆلۆژیک، کە خەڵکی بە ئامڕاز گرتبێ بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و پاوانی دەسەڵات. ڕوون و ئاشکراشە دەسەڵاتێک کە کاراکتەری نائەمنی و هۆکاری هەڵگیرانی ئاسایش و ئارامی لە ناوچە و دنیا بێ، ڕووبەڕووی ئابلۆقە و سزای نێودەوڵەتی دەبێتەوە هەم لە ڕووی سیاسیی، هەم ئابووری. کەوابوو ئەوە خەڵکی ئێرانن کە بە پشتیوانیی مەعنەویی دەرەکی دەبێ ئەم ڕێژیمە لەکۆڵ خۆیان و کۆمەڵگەی جیهانی بکەنەوە.