کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو جەبرەی چارەسەری پرسی کوردی پێ بەستراوەتەوە

18:13 - 16 خەرمانان 2720

لە دوایی کۆتایی هاتن بە سەردەمی هەر دوو ئیمپەراتۆریی عوسمانی و سەفەوییەوە هەتا ئێستاش سەرکوت و ئاسیمیلە کردنی نەتەوەی کورد وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لانیکەم لەلایەن میراتگرانی ئەم دوو ئیمپراتورییەوە درێژەی هەیە. ڕێکەوتننامەی زەهاو، سیڤەر و لۆزان و لە دواجار ڕێکەوتنی ئەلجزایر نێوەڕۆکی هەموو ئەو ڕێککەوتنانە لە نێوان ئەو دەوڵەتانەیە کە کوردستان بەشێک لە جوغرافیایی سیاسی وڵاتەکەیانە و، هەمیشە بەشێکی بەرچاو لە ئەو ڕێککەوتنانە لە سەر پرسی کورد بووە. ئەو دەوڵەتانەی کە هەرکام بەشێک لە نیشتمانی کوردستانیان بە چوارچێوی جوغرافیایی وڵاتەکەیانەوە لکاندوە، ڕێککەوتنی نێوانیان لەسەر زۆر پرس و بابەتی سیاسی و ژئۆپۆلۆتیک بەبێ حسێبی کورد بە ئاکام نەگەشتوە و ئەوەی دواجار وەک پرسی ستراتیژی ماوەتەوە، هەر چارسەرنەکرانی کێشەی کورد بووە. لە ئاخردا دوایی دەیان ساڵ خەباتی نەتەوەی کورد و قوربانیی بێ ئەندازەی یەکەمین چەخماغی هیوا، لە کوردستانی عێراق (باشووری کوردستان) لێ درا، ئەویش ستاتۆ و حکوومەتێک بوو لەژێر ناوی هەرێمی کوردستان. لە عێراق کورد وەکوو نەتەوەیەک سەیر دەکرێ و لە یاسای بنەڕەتیی ئەم وڵاتەدا وەک نەتەوە بەڕەسمی ناسراوە، نەک هاووڵاتیی پلە دوو. دیارە ڕەنگە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک گیروگرفتی سیاسیی هەبێ، کە بەپێی سروشتی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە و نێونەتەوەییش ئاسایی دێتە بەرچاو. هاوکات تێپەڕین لە قۆناخەکانی دێموکراسی و داڕشتنی بناخەی سیستمێکی سیاسی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ لەسەر ئەساسی ئینتیمای نەتەوەیی لە کوردستان عێراق و ترس لە سەرهەڵدانی دەوڵەتێکی نوێ لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە ناوی کوردستان لە لایەن دەوڵەتانی ناوچەوە بە هەستیاریی زۆرەوە سەیر دەکرێ و بەشێک لەو کێشە و گرفتانەی لە بەردەم گەشەی هەرێمی کوردستاندا بووە، بۆ ئەو بنەڕەتە دەگەڕێتەوە. سەرەڕای ئەوەش لە ئێستادا ئەمری واقعێک بە ناوی هەرێمی کوردستان هەیە کە ڕەواییەتی پێ دراوە کە دەبێ لە قۆناخەکانی تێپەڕینی سیاسی چ لە بواری دێموکراسیخوازی و چ داڕشتنی بناخەی سیستمێکی سیاسی و هەنگاونان بەرەو دەوڵەتێکی سەربەخۆ و مانەوەی وەکوو دەوڵەتێکی خودموختار پێویستە بەفەرمی بناسرێ. ئەگەر بمانەوێ باس لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد لە تورکیەش بکەین، دەبینین ئەو خەباتە ڕەوا و خوێناوییەوە کە لەسەر پاشخانی مێژوویەکی شوناسخوازی دەستی پێ کردوە، لە ئێستادا بەشێوەی مەدەنییانە و چەکدارانە ئەمری واقیكی دیکەی سیاسییە لە ناوچەدا کە بەبێ چارەسەر کردنی ئەم پرسەش تورکیە ناتوانێ بە ئەرخەیانی پاڵ داتەوە. ئەو میکانیزم و ماتەوزەیەی لە بواری سیاسەت و دیپلۆماسییەوە پێویستە، لە لایەن کوردەکانی ئەو بەشە لە کوردستان لە تورکیە بە شێوەیەکی گونجاو ڕەچاو کراوە و لە هەموو بوارەکاندا؛ لە خەباتی چەکدارانەوە بگرە تا خەباتی مەدەنی و پارلمانی و... لە لایەن ڕەوتە سیاسییەکانی کوردستانەوە کەلکی لێ وەرگیراوە.  ئەگەر لەو ڕوانگەیەوە سەیری سیاسەت و زەرف و زەرفییەتەکانی تایبەت بە خۆی بکەین، بەو ئاکامە دەگەین کە بە سەرنجدان بە دانوستانەکانی ئاشتی و چالاکیی سیاسی لە نێوخۆ و چوونی کورد بۆ نێو پارلەمانی تورکیە و بە دەستەوەگرتنی بەرپرسایەتیی ئیداری لە بەشێک ناوچە کوردنشینەکان لە لایەن کەسایەتییە سیاسیەکانەوە؛ ئاسۆی چوونەپێشی دۆزی کورد لەو وڵاتە ڕوونە. لەم وڵاتە چیدی ڕێگایک بۆ حاشاکردن لە بوونی کورد و پرسی مافەکانیان لە ئارادا نییە و کورد لە تورکیە ڕێگایەکی گرتووەتە بەر کە گەڕانەوەی بۆ نییە و ئەگەر لە دەیەی داهاتووشدا مەسەلەی کورد لە تورکیە بەتەواویش چارەسەر نەکرێ؛ بەڵام دەستکەوتی سیاسیی زۆر بەنرخی بۆ کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی دەستەبەر دەکا. لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد لە کوردستانی سووریەش، لە دوایی هێرشی داعش ئەو بەرگرییەی لە کۆبانی کرا و، هەروەها ناکارامەیی و لاوازیی دەسەڵاتی ناوەندیی سووریە لە ناوچە کوردنیشنەکان و هاوکات بۆشایی نفووزی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە لە ناوچەکانی کوردستانی ئەم وڵاتە ئەم دەرفەتەی بۆ کورد پێک هێنا کە سیستمێکی ئیداری بۆ خۆیان پێک بێنن و بە پێکهێنانی سوپایەکی ناوچەیی و گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیی (هەرچەندە لاواز و خاوەنی گیروگرفت) ناوچەکەی خۆیان ببنە ئەمری واقعێکی دیکە لە ناوچەدا. ئەو ستاتویەی کورد لە خۆراوای کوردستان لە ئێستادا هیچ کەس و لایەنێک ناتوانی نەیبینێ و تەنانەت هەر دەسەڵاتێک کە لە دەمیشق بێتە سەر کار ناتوانێ دان بەو ڕاستییە دانەنێ و بۆی ناکرێ جارێکی دیکە شیر و تیر لە کورد بسوێ. ئەمەش ڕوون و ئاکرایە کە لە سەردەمی ئێستادا هەر دەوڵەتێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان باشتر بڵێن لە جیهانی سێهەم لەنێو چووبێ، یان هەڵوەشا بێ و بەرەو داڕمان چووبێ، ئیدی نەیتوانیوە خۆی بگرێتەوە و دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێزی هاوشێوەی پێشووی هاتبێتەوە سەر کار. نموونەی بەرچاوی وەها ئیدیعایەک بریتین لە دەوڵەتانی عێراق و ئەفغانستان و لیبی و... بە وەها بۆچوونێک لەو سێ وڵاتەی کوردستانیان بە خۆیانەوە لکاندوە و، لە هەمووان گرینگتر تورکیە کە ئەندامی ڕێکخراوی ناتۆیە و وەکوو دەروازی ڕۆژهەڵات بۆ ئووروپا سەیری دەکرێ و چەندین ساڵە خوازیاری ئەندامەتی لە یەکیەتیی ئووروپایە، چیدی بۆ ئەم دەوڵەتانە ناکرێ حاشا لە پرسی کورد بکەن و پرسی کورد لەم وڵاتانە چیدی بە هەڵواسراوی نامێنێتەوە. پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە ڕوانگەی جیهانییشەوە پرسێکی ڕەوایە، بە تایبەت کە خەبات و حەماسەی هێزی بەرگریی کورد، واتە هێزی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی هێزە تێرۆریستییەکانی وەک داعش کە دوو دەوڵەتی ناوەندیی بەهێزی بەغدا و دیمشقی بەزاندبوو؛ شەرعییەتێکی نێونەتەوەییشی بۆ کورد دەستەبەر کردوە. لە ئێرانیش هەر دوو سیستمی پاشایەتی و ویلایەتی فەقیهـ هەموو ڕێکارێکیان بۆ سەرکوت و لە نێوبردنی نەتەوەی کورد لەو وڵاتە بەکار هێنا، بەڵام هیچ دەسکەوتێکی بۆ ئەوان نەبوو و پرسی کورد و شوناس ویستی لە ئێران تا هاتوە پتر گەشەی کردوە. نیزامی سیاسیی ئێران بە هەموو فڕتوفێڵ و هەوڵی بەلاڕێدا بردنی پرسی کورد و بزرکردنی ئادرەسی چارەسەری ئەم پرسە ڕوایە کە حیزب و لایەن سیاسییەکانی کورد بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانن، نەیتوانیوە ئاکامی بەرهەستی لێ وەربگرێ. باقی تاکتیکەکانی دیکەی ڕێژیمیش لە کوردستان وەک سپاردنی بەشەکەمێک لە ئیدارەی نێوخۆیی بە خەڵکی خۆجێیی نەیتوانیوە بنەڕەتی بابەتەکە کە پرسی شوناس و مافی نەتەوایەتییە، کاڵ و بەلاڕێدا ببا. پێشتر و زۆر جاران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەریتی دیپلۆماسی یان پێوەندی دەگەڵ بەردەنگەکان و لایەنی سەرەکیی پرس و بابەتەکان لە نێوخۆی وڵاتاندا، دەکارکردنی چەک و هێزی نیزامی گۆڕانکاری بەسەر هاوکێشە سیاسییەکاندا دەهێنا. یان لایەنەکانی شەڕ لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هێزی نیزامی و یان لە لاوازی و تێداچوونی دەسەڵات ناوەندی، ناچار بە دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی دەبوون. هەرچەند وەها ئەسڵێک لە پێوەندیی نێو دەوڵەتیشدا جێگیرە، بەڵام دوای سەرهەڵدانی دەسەڵاتێک بە ناوی ڕوکنی چوارەم و هاتنی مێدیای بێسنوور و هەروەها سووڕانەوەی بەلەزی زانیاری و هەواڵ و بەهێزبوونی توانای سۆسیال مێدیا تا ڕادەیەک هێزی نیزامیی لە فاکتەری یەکەمی دانوستانەوە بەرەو ئەسڵی دابەزین گۆڕیوە. ئەگەر لەگەڵ وەها بۆچوونێک هاودەنگ بین، کەوایە پێگەیەک بۆ بوونی هاوسەنگی هێزی نیزامی و پێداگری کردن لەسەر وەها مەسەلەیەک، ناتوانێ چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی، تەنانەت ئایینیش بێ. چ بگا بە ئەوەی کە پڕوسەیەک وەکوو مەسەلەی کورد لە ئێستادا ڕەهەندەکانی جیهانی بە خۆوە گرتوە و حاشاکردن و چاو بەستن لەمەڕ دۆزی کورد ناتوانێ هیچ دەروویەکی ڕوون بەڕووی ئەم وڵاتانەدا بکاتەوە. لێرەدایە کە پێویستە عەقڵانییەتێک لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە بێتە کایەوە و لەو گۆشە نیگایەوە بۆ بابەتەکان بڕوانێ و بەپێی ئەم هەلومەرج و ڕاستییانە بەدوای چارەسەری ژیرانەوە بێ. هەرچەند نیزامی سیاسیی ئێران بەرپرس و دێموکراتیک نییە، بە هەموو شێوەیەک دەیەوێ پرسەکان بە ڕوانینێکی ئەمنیەتی سەیر بکا. بەڵام ئەمە جەبری سیاسی و مێژووییە کە هەر سیستمێک لە ناوەند دەسەڵاتی هەبێ و لە داهاتووشدا دەسەڵات بگرێتە دەست، دەبێ دۆزی کورد لە ئێران چارەسەر بکا.