کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵوگۆڕ و جێگۆڕکێ لە ڕەوتی خەباتدا

18:26 - 16 خەرمانان 2720

لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی ئاڵوگۆڕ و جێگۆڕکێ لە ڕەوتی خەباتدا   ستراتیژیستەکان دەبێ ئەوەیان لە بیر بمێنێ کە ئەو کێشمەکێش و ململانێیانەی کە تێیدا کەلک لە خەباتی سیاسی وەردەگیرێ، لە بەر ئەو کردەوە و دژکردەوانەی کە تێیدا دەکرێ، بەتەواوی لە ئاڵوگۆڕدایە و هیچ شتێک نەگۆڕ نییە. دەسەڵاتەکان بەخێرایی ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێ. بەڵام ئەمە بە بەشداریی خەڵکانێک کە پێداگری لەسەر خەباتی ناتوندوتیژ دەکەن وەدی دێ. هێز و دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکانی هەر دوو لای ئەم جۆرە خەباتە لەبەر خێرایی ڕووداوەکان و لێکەوتە گرینگە سیاسیەکانی، زۆر ئاڵۆزتر لە خەباتی توندوتیژە. بەم هۆکارە وا دیارە چالاکییەکانی ئازادیخوازەکان ئاکامەکانی زۆر بەربڵاوتر لە کات و شوێنی ئەو ڕووداوانەیە کە لەوێ ڕوو دەدەن. ئاکامی ئەم چالاکییانە لە بەهێز کردن یا بێهێز کردنی گرووپێک یا لایەنەکەی بەرانبەری دەردەکەوێ. جگە لەمە، گرووپی ناتوندوتیژ لە ڕێگای چالاکییەکانیەوە دەتوانێ کاریگەریی زۆر زیاتر لە خەباتی توندوتیژ لەسەر لایەنی بەرانبەری دابنێ. بۆ وێنە بەرگریی ناتوندوتیژی ڕێکوپێک و نەترسانە لە بەرانبەر دڕندەییەکانی دیکتاتۆردا، لەوانەیە هەستی ناڕەحەتی، بێ‌مەیلی و بێ‌متمانەیی و تەنانەت ڕاپەڕین لە نێو سەربازەکانی دیکتاتۆر و خەڵکدا دروست بکا. ئەم ئەم ڕاوەستانە لە بەرانبەر دیکتاتۆردا هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی شەرمەزارکردنی دیکتاتۆر زیاد دەکا. جیا لەوە کەلک وەرگرتنی بەردەوام و ڕێکوپێک و شارەزایانە لە خەباتی سیاسیی ناتوندوتیژ دەبێتە هۆی بەشداریی زیاتری خەڵکانێک کە لە حاڵەتی ئاساییدا پشگیریی دیکتاتۆر دەکەن یا بێلایەنی هەڵدەبژێرن.   چوار میکانیزمی ئاڵوگۆڕ خەباتی ناتوندوتیژ لە چوار ڕێگاوە ئاڵوگۆڕ دروست دەکا. یەکەم میکانیزم ئەگەری کەمترە هەرچەند لە هەندێ شوێن ڕووی داوە. ئەویش ئەوەیە کە ئەندامانی لایەنی بەرانبەر بە دیتنی ئەو ئازار و ئەزیەتانەی کە بە هۆی سەرکوتەکانەوە بە سەر خەڵکی ئازادیخوازدا دێ، هەستیان دەبزوێ و بەو ئاکامە دەگەن کە ئامانجی ئازادیخوازەکان ڕەوایە و ویست و ئامانجەکانیان قەبووڵ دەکەن. ئەم مکانیزمە گۆڕینی ڕێبازی پێ دەڵێن. چەند جارێ لە ئاکامی خەباتی ناتوندوتیژدا گۆڕینی ڕێباز ڕووی داوە بەڵام زۆر بە کەمی. لە زۆربەی کێشەکاندا شتی وا یا هەر ڕوو نادا یا ئەگەریش ڕوو بدا زۆر بە کەمی و بەربڵاو نابێ. ئەوەی کە زۆرتر ڕوو دەدا ئەوەیە کە خەباتی ناتوندوتیژ بەو ئاڵوگۆڕەی لە ڕەوتی خەباتەکەی لە کۆمەڵگەدا دەیکا، لایەنی بەرانبەری ناتوانێ بەئاسانی هەر کارێک کە دەیەوێ بیکا. هەر ئەم ئاڵوگۆڕەیە کە سێ میکانیزمەکەی دیکە دروست دەکا: پێکەوە سازان، ملدان بە ناتوندوتیژی و لێک هەڵوەشان. ئەوەی کە کام یەک لەمانە ڕوو بدا، پێوەندیی بە ڕادەی ئاڵوگۆڕ لە ڕێژەی دەسەڵات و هێزدا هەیە. ئەگەر هۆکاری ناکۆکیەکان زۆر بنەڕەتی نەبن. خواستەکانی ئۆپۆزیسیۆن و چالاکیەکانیان نابێتە هەڕەشەیەک بۆ دەسەڵات و تا ڕاددەیەک ئاڵوگۆڕێک دروست دەکا. لەم حاڵەتەدا کێشمەکێشەکە لەوانەیە ببێتە هۆی ڕێکەوتن و ئاشتەوایی. ئەم شێوازە پێکەوسازانی پێ دەڵێن. بۆ وێنە زۆربەی مانگرتنەکان بەم شێوازە کۆتاییان پێ دێ. هەر کام لە لایەنەکان بە بەشێک لە خواستەکانیان دەگەن نە هەموو ئەوەی کە دەیانەوێ. دەوڵەت لەوانەیە لە بەر هەندێ مەبەستی تایبەتی وەکوو چاک نیشاندانی خۆی لە دنیای دەرەوە، وەدووی ئەم جۆرە ڕێکەوتنانەیە. هەر بۆیە پێویستە زۆر بەوردی بیر لەمە بکرێتەوە. چونکە ئەمە شێوازی بە چۆکدا هێنانی دیکتاتۆر نییە. خەباتی ناتوندوتیژ لەوانەیە زۆر لە میکانیزمەکانی گۆڕینی ڕێباز و پێکەوە سازان بەهێزتر بێ. هاوکاری نەکردن و خەباتی بەربڵاوی خەڵک دەتوانێ دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جمکەکانی دەسەڵات بەتەواوی بگۆڕێ. بە جۆرێک کە دیکتاتۆر توانایی کۆنترۆڵی لێکەوتەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی دەوڵەت و کۆمەڵگەی نامێنێ. هێزە چەکدارەکان لەوانەیە ئیتر گوێ بە فەرمانی سەرەوەی خۆیان بۆ سەرکوتی خەڵک نەدەن. بەڵام ڕێبەرانی ئازادیخوازان لە جێگای خۆیان دەمێننەوە و بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانیان تێ دەکۆشن. ئەم دۆخە ئیجباری ناتوندتیژی پێ دەڵێن. لە هەندێ حاڵەتی جیددتردا ئیجباری ناتوندوتیژ هێندە بەربڵاو دەبێ کە دیکتاتۆر توانایی خۆی لە دەست دەدا و دەسەڵات تێک دەڕووخێ. خۆبەڕێوەبەریی ئازادیخوازان، هاوکاری نەکردنی ئەوان و خەباتی سیاسی وەها پەرە دەستێنێ کە لایەنی بەرانبەریان تەنانەت بەڕواڵەتیش کۆنترۆڵیان نامێنێ. بە جۆرێک کە ڕکەبەرە نێوخۆییەکانیشی بە ڕێبەر قەبووڵی ناکەن. پۆلیس و هێزە چەکدارەکانیش شۆڕش دەکەن، و خەڵک و تەنانەت پشتیوانەکانیشی ئیتر پشتی تێ دەکەن و هەموو دەسەڵاتێکی لێ وەردەگرنەوە. هەربۆیە هاکاری و گوێڕایەڵییەکانی جاران نامێنێ. چوارەمین میکانیزمی ئاڵوگۆڕ واتە تێکڕووخانی سیستم تا ئەو ڕاددەیە کاریگەرە کە دیکتاتۆر تەنانەت هێزی تەسلیم بوونیشی نامێنێ و ڕێژیم بە ئاسانی تێک دەڕووخێ و لەبەین دەچێ. لە گەڵاڵەکردنی ستراتیژییە ئازادیخوازانەکان دەبێ بەردەوام ئەم چوار میکانیزمە لە بیر نەکرێ. ئەم میکانیزمانە جاری وایە هەر بە هەڵکەوت سەردەکەون. بەهەرحاڵ هەڵبژاردنی یەکێک یا چەند دانە لەم شێوازانە دەبێتە هۆی داڕشتنی چەند ستراتیژییەکی تایبەت بۆ بەهێزتر کردنی خەبات. جا چ مکانیزمێک هەڵبژێردرێ، ئەوە پێوەندیی بە هەندێ فاکتەری پێوەندیدار بە هێزی گرووپە خەباتکارەکان و ئامانجەکانی ئەوانەوە هەیە.   ئاکامەکانی دێموکراتیزە کردنی کۆمەڵگە بە خەباتی سیاسی بە پێچەوانەی یەک لایەنە بوونی خەباتی توندوتیژ، کەلک وەرگرتن لە تکنیکەکانی خەباتی ناتوندوتیژ دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگە لە چەند ڕێگاوە بەرەو دێموکراسی بڕوا. بەشێک لە ئاکامەکانی دێموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە ئەوەیە کە بە پێچەوانەی شێوازی چەکداری، ئەم تیکنیکە پێش بە دروست بوونی هێزێکی سەرکوتگەر دەگرێ کە لە ژێر فەرمانی چەند کەسێکدا بن بۆ دروست کردنی دیکتاتۆر یا درێژەدانی دەسەڵاتی دیکتاتۆرێی تازە. ڕێبەرانی بزووتنەوە سیاسییەکان دەتوانن لەسەر لایەنگرانی خۆیان کاریگەرییان هەبێ یا تەنانەت فشاریشیان بۆ بێنن، بەڵام ئەگەر دژایەتیشیان بکرێ توانایی زیندانی کردن و لە سێدارەدانی خەڵکیان نییە. بەشێکی دیکەی کاریگەریی دێموکراتیک ئەوەیە کە خەباتی ناتوندوتیژ هەندێ ڕێگا پیشانی خەڵک دەدا کە لەو ڕێگایەوە بتوانن دەستیان بە هەندێ ئازادی ڕابگا و لە بەرانبەر دیکتاتۆردا پارێزگاری لە خۆیان لێ بکەن. هەندێ لەوانە بریتین لە: - ئەزموونی کەلک وەرگرتن لە خەباتی ناتوندوتیژ دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵک لە بەرانبەر هەڕەشە و سەرکوتەکانی ڕێژیمدا هەستی متمانە بە خۆیان زیاتر بێ. - خەباتی ناتوندوتیژ هەندێ ڕێگا بۆ هاوکاری نەکردن و خەبات پیشانی خەڵک دەدا کە لەو ڕێگایەوە دەتوانن لە بەرانبەر هەرچەشنە چاوەدێرییەکی نادێموکراتیک لە لایەن دیکتاتۆرەوە بەرگری لە خۆیان بکەن. - لە بەرانبەر چاوەدێرییە سەرکوتکەرانەکاندا دەکرێ لە ڕێگای خەباتی ناتوندوتیژەوە بەرگری لە ئازادییە دێموکراتیکەکانی وەکوو ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادی چاپەمەنییەکان و ڕێکخراوە سەربەخۆکان بکرێ. - هەروا کە پێشتر باس کرا خەباتی ناتوندوتیژ لە لە هێشتنەوە و ژیاندنەوە و بەهێزکردنی گرووپە سەربەخۆ و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیەکان ڕۆڵێکی گرینگی هەیە. ئەم گرووپانە لە ڕێکخستنی خەڵک و پێشگرتن لە دیکتاتۆری زۆر کاریگەرن و بۆ دێموکراسی زۆر پێویستن. - خەباتی ناتوندوتیژ هەندێ ڕێگا پیشانی خەڵک دەدا تا لەو ڕێگایەوە بتوانن هێزی خۆیان لە بەرانبەر پۆلیس و هێزەکانی دیکتاتۆردا وەگەڕ بخەن. - خەباتی ناتوندوتیژ هەندێ ڕێگا پیشان دەدا کە لەو ڕێگایەوە خەڵک و ڕێکخراوەکان دەتوانن پێش بە دەست پێڕاگەییشتنی دەسەڵات بە سەرچاوەکانی هێز بگرن و لەم ڕێگایەوە توانایی دەسەڵات بۆ درێژەدانی ڕێژیمەکەی کەم بکەنەوە.   ئاڵۆزی و پێچەڵپێچیی خەباتی ناتوندوتیژ هەروا کە لەم باسەدا دیتمان خەباتی ناتوندوتیژ تیکنیکێکی ئاڵۆز و پێچەڵپێچ لە چالاکییە کۆمەڵایەتیەکانە کە چەندین شێواز و میکانیزمی ئاڵوگۆڕ لە خۆ دەگرێ کە بۆ شوێندانەر بوون لە بەرانبەر دیکتاتۆردا پێویستیان بە ئامادەیی و بەرنامەڕێژی ورد هەیە. بەشداران دەبێ بزانن چ چاوەڕوانییەک لەوان هەیە، سەرچاوەکان دەبێ پێشتر ئامادە کرابێتن، و ستراتیژیستەکان دەبێ چۆنیەتیی پێکهێنانی کاریگەرترین ئاڵوگۆڕیان لە ڕێگای ناتوندوتیژەوە بەتەواوی لێک دابێتەوە. لە بەشەکانی دواییدا باس لە بابەتێکی گرینگ دەکەین، ئەویش پێویستیی داڕشتنی ستراتیژییە...