کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەتا لوتکە کەمی ماوە

18:54 - 16 خەرمانان 2720

قەیرانی کۆرۆنا چ لە ئاستی نێودەوڵەتی و چ لە ئاستی نێوخۆیی وڵاتاندا ئەگەرچی بەشێکی زۆری کات و وزەی کاریی حکوومەتەکانی بەخۆیەوە خەریک کردوە، بەڵام لە حەوزەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا گۆڕانکارییەکان هەر وا ڕوو دەدەن. کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەندەی ئەم پەتا جیهان‌داگرە لە نێوخۆی وڵاتدا دەفریای کەوتوە و نەرمە ستۆپی بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییە ناوچەیی و سەراسەرییەکان کردوە، بەڵام لە سیاسەتی دەرەکیدا ئەوەندەی بە قازانج نەشکاوەتەوە. درێژنەکردنەوەی ماوەی سزاکانی پێوەندیدار بە سەودای چەکوچۆڵیش لەژێر تەوژمی ئەمریکا و هەڕەشەکانی بۆ چالاک کردنی میکانیزمی پەلاپیتکە جارێ زووە بە دەسکەوتێکی سیاسیی گرینگ بۆ کۆماری ئیسلامی دابندرێ. بەڵام ئاسایی کردنەوەی پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەڕەبی لەگەڵ ئیسرائیل ئیدی شتێک نییە ڕێژیمی پێ هەراسان نەبووبێ، چونکی ئەوەندەی دێ کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا زیاتر دەخاتە پەراوێزەوە و پتر تەنگی پێ هەڵدەچنێ. ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ دەوڵەتی جوولەکە کە لە ئێستادا ڕێگەپێدانی ئاسمانیی وڵاتانی بەحرەین، عەمان و عەڕەبستانیشی بەدوودا هاتوە و وێدەچێ لە ماوەیەکی نیزیکی داهاتوودا هەواڵی ئاسایی کردنی پێوەندییەکانی ئەو وڵاتانەش لەگەڵ ئیسرائیل ببیستین، ئۆقرەی لە کۆماری ئیسلامی هەڵ‌گرتوە. ئەم گۆڕانکارییانە . لە ڕەوتی ئاشتی و سەقامگیریی سیاسی لە ناوچە وەرزێکی نوێ و دۆخێکی دی لە پێوەندی و هاوکێشەکانی ناوچەدا دێنێتە ئاراوە، دۆخێک کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی تەواوەتی‌خواز بە ئایدۆلۆژیی ئیسلام‌گەرایی فێندەمینتاڵی دیکەش ناتوانن خۆیانی تێدا ببیننەوە. کۆماری ئیسلامی پتر لە چوار دەیەیە دروشمی سڕینەوەی ئیسڕائیل و لەو ڕێگەیەوە هەوڵی هەڵخڕاندنی هەست و سۆزی ئایینی خەڵکی موسوڵمانی ناوچەکە دەدا. بەڵام هەم لە پێوەندیی ژێربەژێری لەگەڵ ئیسڕائیل -بەتایبەت لە کاتی شەڕی عێڕاق- قازانجی کردوە، هەم لە پشت ئەو ڕوخسارە داکۆکیکارەی خەڵکی فەلەستین کە لە خۆی دروستی کردوە؛ ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەی بەبارمتە گرتوە و هەمیش ویستوویەتی بەو پاوانخوازییە پرسی ڕەوا و گرینگی مافەکانی خەڵکی فەلەستین بە گەمە سیاسییەکانی خۆی ببەستێتەوە. وەرزێک کە وێدەچێ بەو گۆڕانکارییانەی لە لوبنان، سووریە، عێڕاق و وڵاتانی دیکەی کەنداو دەیبینین، بەرەو ئاوابوون بێ. چونکی ئیدی بۆ هەموو خەڵکی ناوچە و دنیا ڕوون و ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سیاسەتی فراوانخوازیی چ خەسار و زیانێکی بە ناوچە گەیاندوە و ئەو ڕێککەوتنە سێ قۆڵییەش (ئەمریکا-ئیمارات-ئیسرائیل) لە ڕاستیدا بەگژداچوونەوەی «هیلالی شیعە»ی ڕێژیمی ئێرانە کە لە ڕوانگەی ڕۆژاوا و وڵاتانی عەڕەبییشەوە -وێڕای پەرەسەندنی ئیسلامگەرایی پاشکەوتووانەی تورکیە-، بە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری لە ناوچەدا دادەنرێ. ئەم شکستە گەورەیە ئەوەندە هاسان بۆ ڕێژیم هەرس نابێ. مەیدانەکانی تەڕاتێنی ڕێژیم لە ناوچە جار بە جار لێی بەرتەسکتر دەبێتەوە و ئەمەش بە مانای بەفیڕو چۆنی سەدان میلیارد دۆلار سامانی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوو دێ کە کۆماری ئیسلامی لەپێناو دروست کردنی خەونی ئیمپراتۆرییەکەی لە ناوچەدا بێرەوبەوێی دادا. گۆڕانکارییەکانی دیکەی ئەم دواییانەش لە ناوچە هەم گرینگن و هەم بۆ ڕێژیم تاڵ و ناخۆش. دوابەدوای گوشارە سیاسی و ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان لە دژی حیزبوڵلا و، بەهۆی ئەم شەپۆلە تووڕەییەش کە پاش تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت لە دژی حیزبوڵلا وەڕێ کەوتوە؛ حیزبوڵڵا بەرەبەرە و بەئارامی خەریکە هێزەکانی لە سووریە دەکێشێتەوە؛ ئەمەش دوای هێرشە وێرانکەرەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر بنکە و شوێنە سەربازییەکانی ئێران و حیزبوڵڵا شکستێکی چاوەڕوان‌نەکراوە بۆ کۆماری ئیسلامی. ئەمریکاش لە سیاسەتی «ئەوپەڕی زەخت»ی خۆی بەردەوامە و چەند ڕۆژ پێش ئێستا بوو کە ١٤ کەس و کۆمپانیای دیکە لە ئێران، چین و ئیمارات سەبارەت بە پێشێل کردنی سزا سەپێندراوەکانی دژی پیشەسازیی نەوتی ئێران خستە لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە. ئەویش لە کاتێکدا کە بەردەوامیی ئەم گوشارانە هەناردەی نەوتی ئێرانی لە کردەوەدا بەتەواوی ئیفلیج کردوە و، سەرۆکی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندوە کە لە بارودۆخی سزاکانی ئەمریکا حکوومەتەکەی ناتوانێ دڵۆپێک نەوت بفرۆشێ. ئێران هاوکات گوشاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتومییشی لەسەرە. ئاژانس ماوەیەکە لە ئێرانی هەڵ‌پێچاوەتەوە و ڕایگەیاندوە کە چالاکیی شاراوەی پێچەوانەی بەڵێنە ئیمزاکراوەکانی هەیە. ئاژانس ڕایگەیاندوە کە بڕی پاشکەوتی ئۆرانیۆمی ئێران ١٠ ئەوەندەی ئەو بڕە ڕێگەپێدراوەیە کە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام (٢٠١٥)دا لەسەری ساغ بوونەوە و ئێرانیش پێملی بووە. ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لێبوردن و جاوید ڕەحمان، رێپۆرتێری تایبەتیی شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ماوەی چەند ڕۆژدا و لە دوو ڕاپۆرتدا بەردەوامیی پێشێلکرانی مافەکانی خەڵک بەهۆی کۆماری ئیسلامییان داوەتە بەر ڕەخنە و داوایان لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان – کە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان- دەگیرێ کردوە، لەمپەری جیدی لە بەردەم سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامییدا دروست بکەن. پاپۆڕی بەختی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵات چەند هیندەی دەرەوەی سنوورەکانی لە قوڕ چەقیوە. قەیرانی ئابووری و کێشەی بژیوی خەڵکی ئێران لە ئێستادا و بەهۆی پەتای کۆرۆناوە چەند قات زیادی کردوە. لە سۆنگەی چوونەسەرێی ئاوسانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵان و قەیران لە کەرتی بەرهەمهێناندا ئابووریی ئێران لە چوار ساڵی ڕابردوودا یەک لە چوار و خوانی بنەماڵەکان تەنیا لە یەک ساڵی ڕابردوودا یەک لە پێنج چووکە بۆتەوە. بەدەر لە بابەتی ئابووری پرسی مافە سیاسی و مەدەنییەکانی خەڵکی وڵاتیش لە جێی خۆیەتی کە سیستماتیک لەلایەن رێژیمەوە سەرکوت دەکرێ. لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی پتر لە هەر کاتێک بێزراوی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو جۆراوجۆرییە سیاسی و نەتەوەییەکانە و ئەوەی تا ئێستا ئەم دەسەڵاتەی لەسەر پێ ڕاگرتوە، سیاسەتی زەبروزەنگ و سەرکوت بەپێی سروشتی هەموو ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بووە کە ئەویش ناکرێ و نەکراوە هەتا سەر بێ. بێگومان چارەسەری بارودۆخی سیاسی، ئابووری و قەیرانەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێران تەنیا بە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بە سیاسەتەکان، بنەما و پێکهاتە ئابووری و غەیرە ئابوورییەکان ئەویش لە توێی بەرنامەیەکی درێژمەودا و چەند بەرنامەیەکی کورت‌مەودادا دەکرێ. وەها ئەرکێکیش لە توانای کۆماری ئیسلامی بەدەرە و حکوومەتێکی نیشتمانیی هەڵقوڵاو لە ویست و ئیرادەی خەڵکی دەوێ.